ڕەبیع جابر؛ ڕاوچى جوانییە شاراوەکان

Loading

“سنوورەکانى لێکدانەوە و ڕاڤەکردنى تێکستەکان، لەوێدا تەواو دەبن کە مافەکانى تێکست دەستپێدەکات.”
(ئەمبێرتۆ ئیکۆ)

هەمیشە کە کتێبێک دەگرم بەدەستمەوە و پێش ئەوەى دەستبکەم بە خوێندەوەى، لەبەردەم پرسیاری ئەوەدا خۆم دەبینمەوە کە بۆ ئەم کتێبە بخوێنمەوە؟ ئەم کتێبە چۆن بۆ ژیانى من گرنگە و دەتوانێت چى لە دونیابینى من بۆ ژیان و ئەو واقیعەى منى تێدام، بگۆڕێت. پێموایە چۆن هەموو کەس خاوەنى دونیایەکى تایبەت بە خۆیەتى، ئاوهاش هەموو کەس ئەو کتێبانە دەخوێنێتەوە کە کۆمەکێکی بچوک بەو دونیا تایبەتەى ئەو بکات. وەک (ڕالف ولدۆ ئێمرسۆن) دەڵێت “هەندێک کتێب هەن، ڕۆڵیان لە ژیانمدا لە ڕۆڵى دایک و باوک، لە ڕۆڵى دۆستان، خۆشەویستان و ئەزموونە پڕ عەشقەکانمان کەمتر نییە.” چونکە کتێب ناچارمان دەکات بیربکەینەوە و لە خۆمان و دەوروبەر ڕابمینین، پرسیاربکەین و ئاسان بڕوا بە هەموو شتەکان نەکەین. هەرکتێبیشە وا دەکات مرۆڤ لە ژوورەکەى خۆیەوە و هەر لەو شوێنەوە کە کتێبێکى پێیە و سەرقاڵى خوێندنەوەیەتی، بێ مۆڵەت و بێ فیزا، گەشتێکى دوورودرێژبکات، گەشتێک بە درێژاىی گۆى زەوى، بە چەندین وڵات و خاک و نیشتماندا، بە دەریا و دارستان و پانتاىی بیابانەکاندا، بەناو چەندین شارستانیەتى و شار و گوندا بگەڕێت و بە مرۆڤى نەتەوەجیاوازەکان ئاشناببێت و هەمیشە لە گەڕانێکى بەردەوامدابێت. بۆیە ناکرێت مرۆڤ دواى خوێندنەوەى هەر کتێبێک، بەشێکى گەورە لە تێڕوانینەکانى نەگۆڕێت.

هەروەک (عەتا محەمەد) لە ڕۆمانى (ڕێبەرى کتێبسازە کوژراوەکان)دا دەڵێت “مرۆڤ بریتییە لە کەڵەکەبوونى کتیب و دەستنووسەکان، ئەوەى بیردەکاتەوە، کتێبەکانن، هەرچۆن ئەوەى مرۆڤ و دونیا دەگۆڕێت هەر کتێبەکانن، ئەمەش واملێدەکات بڵێم هەموو شتێک کۆتاىی هەیە، تەنها کتێبەکان نەبێت کە بێکۆتان.” ئەگەرچى کەمیش نین ئەو کتێبانەى کە مەترسى گەورەن لەسەر ژیانى تاک و کۆمەڵگا و بە خوێندنەوەیان دەکرێت نەوەیەک توشى گرفتارى بکەن و بەرەو هەڵدیاریان بەرێت، کە لاپەڕەکانى مێژوو پڕن لەم نموونانە. مادامێکیش کتێب ئەم هەموو گرنگییەى هەیە کەواتە دەبێت لە ئێستادا بزانین بۆ دەخوێنینەوە، چى دەخوێنینەوە. چونکە (چالس دیکنز) وتەنى “زۆر کتێب هەن باشترین شت تیایاندا، تەنیا بەرگەکانیانە.” بۆیە ئێستاکە دەمەوێت کەمێک دەربارەى نوسەرێکى ورد و بە ئەزمون و بەتوانا بدوێم، کە وەک ڕاوچییەک هەمیشە لەناو لاپەڕەى کتێبەکاندا، ڕاوى جوانییە شاراوەکان دەکات، نوسەرێک کە زۆر دەخوێنێتەوە و کەم دەدوێت، گۆشەگیرە و هەمیشە خۆى لە میدیاکان دەدزێتەوە، ئەو بەتەمەنێکى کورتەوە وەک مرۆڤى چاخى کۆن بەردەوام لەناو بەرگى کتێبە کلاسیکییەکاندا ون بووە، ئەو نوسەرەش (ڕەبیع جابر)ى لوبنانییە، تەمەنى سى و نۆ ساڵە و دەرچوى بەشى فیزیاى زانکۆى ئەمرکییە لە بەیروت. بۆ ماوەیەک سەرپەرشتیارى پاشکۆى (افاق) بووە لە ڕۆژنامەى (الحیاە)، ئەو لە ئێستادا خاوەنى حەڤدە ڕۆمانە لەوانە: (پادشاى تاریکى، چاپى ڕەش، پەپوولەى شین، یوسفى ئینگلیزى و دەروازەکانى بولگراد و بەیروت، شارى دونیا و چەند ڕۆمانى تر … ئەم نوسەرە لاوە، سەبارەت بە بەرهەمەکانى خاوەنى چەندین خەڵاتە، لەوانە: (خەڵاتى ڕەخنەگران بۆ ڕۆمان) لەسەر ڕۆمانى (پادشاى تاریکى) ساڵى (1992)، خەڵاتى بەناوبانگى (پۆکەرى عەرەبى) بۆ ڕۆمانى (دەروازەکانى بوڵگراد) ساڵى (2012).

14030953_1070061353049697_751591721_n 14.46.32

ئەگەرچی بەداخەوە تا ئێستا هیچ یەکێک لە ڕۆمانەکانى وەرنەگێردراون بۆ سەر زمانى کوردى و کتێبخانەى کوردى و خوێنەران لە خوێندنەوەى بەرهەمەکانى ئەم نوسەرە بێبەشن، بەڵام هەر دوو کتێبى (پارادۆکسى نوسین و نوسین و بێدەنگى) ئەم نوسەرە، لەلایان وەرگێڕى بەتوانا (شوان ئەحمەد)وە کراون بە کوردى، کە ئەم دوو کتێبە پێکهاتوون لە کۆمەڵێک وتار و لێکۆلینەوەى ئەدەبى، کە تیایاندا نوسەر زۆر شارەزایانە و بە وردى، چەندین پرسیارى جدى دەربارەى ئەدەب و نوسین و خوێندنەوە دەخاتە ڕوو، بەجۆرێک پرسیار و سەرنجەکانى، قسەى دڵى هەموومانن لەمەڕ ئەدەب و پەنجە لەسەر هەموو ئەو جوانییە شاراوانەش دادەنێت، کە ئەستەمە هەریەکێک لە ئێمە بە چەندینجار خوێندنەوەى ئەو ڕۆمانانە، بەو شێوەیە بیانبینێت. (شوان ئەحمەد)ى وەرگێڕ دەڵێت “سەروەختێک دەستم بە وەرگێڕانى کتێبى (پارادۆکسى نووسین) کرد، دەمزانى کەمێکى کەمى خوێنەرانى کورد ئاشنایەتیان بە (ڕەبیع جابر) هەیە، بەڵام دڵنیابووم کە کارى نوسەرێکى بەهرەمەند و موعتەبەر دەکەم. دڵنیابووم لەبەردەم نوسەرێکى جدى و پڕ بەرهەم و بەسەلیقەدام.” ئەم کتێبانە لەلایەن ناوەندى ئەندێشە و دەزگاى جەمال عیرفانەوە، چاپ و بڵاو کراونەتەوە، لە هەریەکێکیاندا، نووسەر، خوێنەر لەبەردەم وەڵامی چەندین پرسیاردا ڕادەگرێت. لەوانەش: نوسین چییە؟ مرۆڤ بۆ دەبێت بنوسێت؟ نوسین گرنگە یان خوێندنەوە؟ نوسین چى لە دونیاى خوێنەر دەگۆڕێت؟ نوسەر تا کوێ گرنگە بنوسێت و خوێنەر پێویستە چى بخوێنێتەوە؟ هەر لەبەر گرنگى تەوەرى ئەم گفتوگۆیانە، لە ئێستادا (شوان ئەحمەد) کتێبێکى دیکەى ئەم نوسەرەى وەرگێڕاوە بۆ کوردى بەناوى (هێزى ئەدەب) کە بڕیارە بەم زوانە لە ناوەندى ئەندێشە چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

13989616_1070061359716363_1453902150_n

من لەم نوسینەمدا کە زیاتر مەبەستم لە ناساندنى دونیاى نوسین و گوفتوگۆکردنە دەربارەى تیڕوانینەکانى ئەم نوسەرە، بۆ هەندێک چەمک و پرسیار، لەسەر سێ پرسی گرنگى ناو ئەم کتێبانەى (ڕەبیع جابر) دەوەستم، کە برتین لە (نوسین، نەنوسین، نوسین و خوێندنەوە) و هەوڵدەدەم کەمێک دەربارەیان بدوێم.

نوسین
ڕەنگە بەدرێژاىی مێژوو یەکێک لە گەورەترین داهێنانەکانى مرۆڤ بریتى بێت لە دۆزینەوەى نوسین، چونکە دەتوانین بڵێین مێژوى نوسراوى مرۆڤ لەو ڕۆژەوە دەسپێدەکات کە نوسین دەدۆزرێتەوە، بۆیە نوسین گرنگە و هەموو شارستانیەتە گرنگەکانى مرۆڤیش هەر بەرهەمى نوسینن. بۆیە بۆ تیگەیشتن لە خۆت و دونیا، نوسین وەسیلەیەکى گرنگە هەروەک (ڕۆلان بارت)یش دەڵێت “ئێمە ناتوانین بەشێوەیەکى دیکە بنوسین، ئەگەر بەشێوەیەکى دیکە بیرنەکەینەوە، چونکە نووسین ماناى ڕێکخستنى دونیایە.” نوسەربوونیش یەکێکە لە ئەرکە هەرە قورسەکانى مرۆڤ، هەرکەس پێیوابێت نوسین کارێکە تەنها بۆ کات بەسەربردنە هەڵەیەکى گەورە دەکات. ئەوەى بەدرێژاى مێژوو، نوسەر لە ڕێگەى نوسینەوە کردویەتى هیچ نەبووە جگە لە ڕووناککردنەوەى ئەشکەوتە تاریکەکانى مرۆڤ، (نیچە) زۆرجار وتویەتى “من بەخوێنى خۆم دەنوسم” ئەڵبەتە هەموو نوسینێکى جدى هیچ نییە جگە لە نوسینى پیتەکانى بەخوێنى نوسەرەکەى، هەروەک ئەوەى (عەتا محەمەد)یش دەڵێت “گەورەترین بڕیار بۆ نوسەر، بڕیارى دانیشتنە لەبەردەم مێزى نووسیندا.” لە کتێبى (نوسین و بێدەنگی)یشدا، (ڕەبیع جابر) لەبەردەم پرسیارى نوسەر کێیە و بۆ دەنوسێتدا، ڕاماندەگرێت ئەو لە پێشەکى وتارى (نوسین)دا دەڵێت “نوسەرى ڕاستەقینە بۆ خاترى شکۆ و نێوبانگ پەیداکردن نانوسێت، نوسەرى ڕاستەقینە لەپێناو نوسیندا دەنوسێت. دەنوسێت لەبەر ئەوەى ناتوانێت نەنوسێت، تۆ ئەگەر دەتوانیت بژیت، بەبێ ئەوەى پێویستت بەوە بێت بنوسیت، مەنوسە. خزمەتێک بەم دونیایە بکە. کتێبخانەکان پڕپڕن لە کتێب. کەس پێویستى بە ڕۆمان و قەسیدە و لێکۆڵینەوەى زیاتر و دووبارە نیە.” لێرەشەوە تێدەگەین کە خەمى ئەم نوسەرە چەند پەیوەستە بە خوێنەرەوە، ئەوەندەش پەیوەستە بەنوسەرەوە و پێىوایە مرۆڤ پێش ئەوەى بڕیار بدات ببێتە نوسەر، دەبێت هەمیشە لە خۆى بپرسێت بۆ دەیەوێت بنوسێت و دەیەوێت چى بنوسێت؟ و ئەوەى ئەو دەیەوێت بینوسێت تا چەند گرنگە.

نەنوسین
ئەگەر ڕەوابێت، بۆ نوسەر، نوسین کارێکى پڕچێژبێت، ئەوا بەدیوێکى تریشدا و لە یەکێک لە قۆناغەکاندا، (نەنوسین) و دەستبەرداربوون لە نوسین هەمان ئەو چێژ و ئارامیەى هەیە، مەرج نییە هەموو نوسەرێک تا مردن دەستبەردارى نوسین نەبێت، چونکە مرۆڤ کە بڕیاردەدات ببێتە نوسەر، بۆ چەند ئامانجێکى دیاریکراو دەنوسێت، کە دەشنوسێت دەیەوێت کۆمەڵێک شت بگێڕێتەوە، هەرکاتێکیش هەستى کرد ئەوەى ویستویەتى گێڕاوێتیەوە و نوسیوێتى، ئیتر پێویستە قەڵەمەکەى دانێت و چیتر نەنوسێت و ئەمەش بۆ هیچ نوسەرێک لەنگى نەبووە و نابێت، هەروەک (ژان دولا پیرۆبیر) دەڵێت “شکۆ و شایەن بۆ هەندێک کەس پەیوەستە بە باش نوسینەوە، بەڵام بۆ هەندێکی تر پەیوەستە بە نەنوسینەوە.” هەر بۆیە هەندێکجار خوێنەربوون زۆر زیاتر چێژى لە نوسەربوون هەیە، چونکە نوسەر تەنها ئەوە دەنوسێت کە دەىزانێت، بەڵام خوێنەر ئەوە دەخوێنێتەوە کە خۆى دەیەوێت و هەمیشە دەرگاى هەڵبژاردنەکان لەبەردەمیدا واڵاترن. چى واى لە نوسەرانێکى وەک (خوان ڕۆلفۆو پاتریک زۆسکێند) کرد کە دەسبەردارى نوسین بن، ئایا نەنوسین لە هەیبەت و نابانگى ئەوانى کەمکردەوە؟ بەپێچەوانەوە نەخیر، ئەو بێدەنگیەى نوسەر پاش دەستبەرداربوون لە نوسین دەستى دەکەوێت چێژێکى باوەڕپێنەکراوە، وەستانى (محەمەد عومەر عوسمان) لە کتێبى (لەغوربەتا)دا و مامۆستا (ئەحمەد هەردى)لە کتێبى (ڕازى تەنیاى)دا چیان لە شکۆ و ناوبانگى ئەوان و دونیاى نوسینیان کەمکردەوە؟ بۆیە لە هەردوو کتێبى (پارادۆکسى نوسین و نوسین و بێدەنگى)یشدا، (جابر) تەئکید لە شکۆ و ناوبانگ و تواناى ئەو نوسەرانە دەکاتەوە کە پاش ماوەیەک لە نوسین بڕیاریاندا نەنوسن و بێدەنگبوون، ئەوەتا لە وتارى (نەنوسین)دا دەڵێت “نوسەر لە هەندێک حاڵەتدا بۆى دەردەکەوێت کە ئیتر ئەوەى دەیەوێت بینوسیت هیچ گرنگ و کاریگەر نییە. بوێرانە ڕووبەڕووى دۆخى خۆى دەبێتەوە و بڕیار دەدات دەستبەردارى نوسین بێت. دونیا پڕیەتى لە کتێبى ناشیرین و ڕەزا قورس، ئیتر بۆچى ئەمیش کتێب گەلێکى لەو جۆرە زیاد بکات.”

نوسین و خوێندنەوە
لە پێشەکى وتارى (نوسین و خوێندنەوە) دا، (ڕەبیع جابر) بەم جۆرە دەربارەى ئەم بابەتە دەدوێت؛ تۆ بەرلەوەى تێکستێکى ئەدەبى بنوسیت، پێویستە بخوێنیتەوە، هیچ شتێک لە هەوانتە دروست نابێت، نوسەر سەروەختێک دەنگى تایبەتى خۆى دەدۆزێتەوە کە کتێبى ئەوانى دى دەخوێنێتەوە، ئەوکاتەشى دەنگى خۆى دەدۆزێتەوە، ڕەهەندێکى نوێ لەو کتێبانەدا کەشف دەکات کە خوێندونیەتەوە. دەست دەکات بەخوێندنەوەى ئەو کتێبانە و شتگەلێک دەبینێت کە لە کاتى خوێندنەوەى یەکەمجاردا نەىبینیون. گەر گوێت بۆ جیهان ڕادێڕا، ئەوا گوآ بیستى ترپەى دڵى خۆت دەبیت، ئەو نوسەرەى ناخوێنێتەوە، نوسەر نییە. ئەگەر سەرنج لەم بەشە بچوکەى ئەم وتارە بدەین خەمى سەرەکى ئەم نوسەرەمان لە پرسى نوسین و خوێنەوەدا بە ڕوونى بۆ دەردەکەوێت، کە بەلاى ئەوەوە مەسەلەى خوێندنەوە هیچى کەمتر نییە لە نوسین و پێى وایە مرۆڤ بۆئەوەى لە خۆى و دونیاى نوسینى خۆى تێبگات، دەبێت ئەزموونى ئەوانى تر بخوێنێتەوە، هەروەک ئەوەش کە (بەختیار عەلى) دەڵێت “هیچ نوسەرێک لە جەوهەردا نابێتە نوسەر، ئەگەر لاسایى نوسەرێکى تر نەکاتەوە.” کەواتە چەند جار بخوێننەوە پێش ئەوەى بڕیار بدەن بنوسن، بخوێننەوە بۆ ئەوەى ئەزمونى ئەوانیتر بناسن و تاقیبکەنەوە، دواتر بنوسن بۆ ئەوەى بتوانن بگێرنەوە.

سەرەنجام
ئەوەى من لەم نوسینەمدا مەبەستم بوو، تەنها ناساندنێکى کەمى ئەم نوسەرە و کتێبەکانى بوو، ئەگەرچى بۆ ئەوەى ئەم نوسەرە بناسیت، دەبێت خۆت بیخوێنیتەوە، (ڕەبیع جابر) لە نەسلى ئەو نوسەرانەیە کە دەبێت چەند جارێک وتارەکانى بخوێنیتەوە، چونکە لەگەڵ هەرجارێک لە خوێندنەوەیدا، بەر دونیایەک لە زانیارى نوێ لەمەڕ نوسەرانى دونیا و بەرهەمەکانیان دەکەویت، (جابر) ئەوەندە قوڵ دەنوسێت کە لەگەڵ خوێندنەوەى هەر وتارێکیدا مرۆڤ پەلکێشى ناو دونیا تایەبەتەکەى خۆى دەکات. بۆیە بە بڕواى من خوێندنەوەى ئەم نوسەرە لاوە بۆ ئێستاى دونیاى نوسینى ئێمە گرنگە و هیوادارم هاوڕێ زمانزانە عەرەبییەکانمان لە داهاتوودا ڕۆمانەکانى ئەم نوسەرە وەربگێڕنە سەر زمانى کوردى، تا ئێمەى خوێنەرى کورد بێبەش نەبین لە بەرهەمەکانى ئەم نوسەرە و زیاتر و باشتریش بیناسین. چونکە وەک ( مەریوانى وریا قانع) دەڵێت “کتێب ئینسان دەکاتە بوونەوەرێکى خەیاڵکراوە، عەقڵانى ڕەخنەى و پرسیارکەر.” واتە دەىکاتە کەسێک فێرببێت خۆى باشە لە خراپە، ڕاست لە هەڵە، جوان لە ناشیرین جیابکاتەوە، خۆى ببێت بە سەردار و چاوساغى خۆى و پێویستییەکى ئەوتۆى بە چاوساغە دەرەکییەکان نەبێت. سوپاسى زۆر بۆ (شوان ئەحمەد)ى وەرگێڕ کە بە زمانە پاراوە کوردییەکەی بەم نوسەرە و ئەم بەرهەمە ناوازانەى ئاشناکردین. چاوەڕێین لە ئایندەدا کتێبى زیاترى ئەم نوسەرە بخوێنینەوە.

 

بۆ ئەم نوسینە، سودم لەم کتێبانە وەرگرتووە:
پارادۆکسى نوسین و نوسین و بێدەنگى_کۆمەڵێک وتار_ ڕەبیح جابر_ وەرگێڕانى شوان ئەحمەد.
کتێب و دونیا_ کۆمەڵێک وتار_ مەریوان وریا قانع.
ڕێبەرى کتێبسازە کوژراوەکان_ڕۆمان_عەتا محەمەد.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌