escape_artist_pink_and_red_2008-567x709

«وتن»: بەخێرهاتنکردنی ئەویدی


Loading

بەشی هەشتەم

 

١. دەروازە

ئیمانوێل لێڤیناس، «سوژە» لەڕێگەی بەرکەوتنی لەگەڵ ئەویدیدا وەسفدەکات، بە جۆرێک کە لەمیانەی «کەوتنە بەردەم ئەویدی»یەدا بەرهەمدێت. بەبڕوای لێڤیناس ئەوەی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیدا ڕۆڵی دیاریکەری هەیە، ئەخلاقە نەک مەعریفە؛ کەوایە لە بنەڕەتدا سوژە بەرەو ئەویدی کراوەیە وە خاوەنی خەسڵەتی «بەرەو ئەیدییەتی» جەوهەری یە؛ بە چەشنێک کە تەنانەت سەقامگیری و مانەوەی سوژەش گرێدراوی ئامادەبوونی ئەویدی یە. لەڕوانگەی لێڤیناسەوە هەر ئەم کرانەوە زاتییەی سوژە بەرەوە ئەویدی، مەرجی ئیمکان و دەستدانی کردەوەی ئەویدی خوازانەی وەک: لەخۆبردوویی، فیداکاری و لێبووردەی یە. لە دەرەنجامدا دەتوانین بڵێین کە سوژەی ئەخلاقیی لێڤیناس، مرۆڤێکی ئەبستراکت و تراسندێنتاڵ نیە، بەڵکو خاوەن گۆشت و خوێنە وە تەنیا لە جەرگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا مانا پەیدا دەکات.

لێڤیناس دەڵێ وەرن با وێنای ئەو دۆخە بکەین کە لە ئەودا هەموو بوونەوەران و کەسەکان و شتەکان، بگەڕێنەوە بۆ قووڵایی نەبوون؛ ئەوەی دوای ئەم لە ناوچوونە خەیاڵیانەی هەموو شتێک، دەمێنێتەوە، هیچ شتێک نیە جگە لەم واقعییەتە کە “هەیە”؛ شتێک کە نە سوژەیە وە نە جەوهەر. کاتێک کە ئیتر هیچ شتێک بوونی نیە، واقعییەتی هەبوون خۆی دادەسەپێنێت. «هەیە» یانی هەبوون بە بێ بوونەوەرەکان؛ کە لەم قۆناغەدا ئاگامەندی لە ئارادانیە وە بە وتەیەکی تر یانی ئامادەبوون لە نێو جەرگەی غایببوون دایە؛ بەڵام دواجار سوژە یان مرۆڤ لە هەناوی هەر ئەم «هەیە» وەدیاردەکەوێت .

لێڤیناس لە کتێبی کات و ئەویدیدا دەڵێت :«مەرگ پەیامی ڕووداوێک دەهێنێت کە سوژە زاڵبوون و دەستهەڵاتێکی بەسەرەوە نیە، ڕووداوێک کە لە پەیوەست بە ئەودا، سوژە ئیتر سوژە نیە». داهاتوویەک کە مەرگ دەیدا بە ئێمە، هێشتا نەبووە بە کات ودەم. ئەم داهاتووە هی هیچ کەس نیە وە هیچ تاکێک توانای وێناکردنی نیە؛ کەوایە بۆ ئەوەیکە ئەم داهاتووە ببێتە بە توخمێک لە کات، دەبێت لەگەڵ کات ودەمی ئێستادا پەیوەندی سازبکا، وە ئامادەبوونی داهاتوو لە کاتی ئێستادا تەنیا و بەس لەڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا دەستدەدات و مومکینە.

لێڤیناس تێڕامانی سێهەمی دێکارت دەکاتە بە هەوێنی تێگەییشتنی خۆی لە ئەویدی وە لەباتی خوا، «ئەویدی» وەکو ناکۆتا دادەنێت؛ چونکە ئەویدی بەنسبەت سوژەوە، بەردەوام تراسندێنتاڵبوون و دەرەوەیەتییبوونی خۆی دەپارێزێت.

دێکارت لەڕێگەی «وێناکردن»ی ناکۆتا، «هەبوون»ی ناکۆتای سەلماند؛ لێڤیناسیش «ڕوو» یان «ڕووخسار» بەنیشانەی هەبوونی ئەویدی وەکو ناکۆتایی دەزانێت. سوژە لە بەژنی «ڕووخسار»دا چاوی بە «ئەویدی» دەکەوێت.لێڤیناس دەڵێ: «ئەویدی ڕووخسارە، وە ڕووخسار مانای تایبەتی ئەویدیە. هەربەم هۆیەوە باشترین شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا لەڕێگەی ڕووخسارەوەیە». لێڤیناس پێیوایە: «باشترین ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا ئەوەیە کە تەنانەت سەرنجمان نەچێتە سەر ڕەنگی چاوەکانی ئەویدیش؛ کاتێک مرۆڤ ڕەنگی چاوەکان سەیردەکات، ناکەوێتە نێو پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەویدیدا». بەم شێوەیە ڕووخسار ئەوشتەیە کە بە بەرچاو ناکەوێت، کەچی بەردەوام بە جۆرێک وەسفدەکرێ کە دەڵێی بیندراوە؛ لێڤیناس وەبیرماندێنێتەوە کە:«مرۆڤکوژی ڕاستیەکی سوک و ساکارە، مرۆڤ دەتوانێ ئەویدی بکوژێت. چونکە زەروورەتی ئەخلاقی، زەروورەتێکی ئۆنتۆلۆجیک نیە».هەربۆیە یەکەمین وتەی ڕووخسار «مەکوژە»یە؛ ئەم وتەیە فەرمانپێدانە. فەرمانێک کە ئەویدی لەگەڵ سوژە دەخاتە ناو پەیوەندیەکی ئەخلاقیەوە. بە بڕوای لێڤیناس فەرمان پێدانی «مەکوژە» هەتا ئەو ڕادەیەی بنەڕەتیە کە سەرجەم فەرمانە ئەخلاقیەکانی دیکە لە ئەوەوە سەرچاوە دەگرن. هەربەم هۆیەوە ڕەنگە بتواندرێت بانگهێشتی ڕووخسار بەم شێوەیە دەرببڕین کە: «دەتوانین بکوژین بەڵام “باشتر”ە کە نەکوژین، ئەویش ڕێک بەو مانایەی کە ئەخلاق “باشتر”ە لە ئۆنتۆلۆجی». ئەم بە باشتر زانینە، مەعریفە هەڵنەگرە وە ناناسرێت، مەگەر لەڕێگەی کرانەوە بەرەوە دەرکەوتنی ڕووخساری ئەویدی، کە همان «قسەکردن»ە.

٢. پانتایی ئەخلاقی زمان

ئەویدی، لە بەژنی «ڕووخسار»دا بۆ سوژە دەردەکەوێت؛ بەڵام ڕووخسار خۆی چۆنچۆنی ئاشکرا دەکات؟ ڕووخسار لەڕێگەی «قسەکردن»ەوە خوویا دەبێت، وە قسەدەکات و دەدوێت. لێڤیناس پەیوەندی ڕەسەن لەگەڵ ئەویدیدا، بە «ئاخاوتن» یان «قسەکردن» وەسفدەکات. ئەو بێ پێچ و پەنا دەڵێت: «ڕووخسار و قسەکردن پێک بەستراونەوە، [وە] ڕووخسار دەدوێت» (لویناس، 1387، ص 102). لەم ئانووساتە بەولاوە لەگەڵ ئاڕاستەیەکی جیاواز لە نەریتی فەلسەفەی شیکاری بۆ زمان، ڕووبەڕووین. لە فەلسەفەی لێڤیناسدا زمان شوێنی دیدارە، دیداری سوژە لەگەڵ ئەویدیدا. ئەو زمان وەکوو قسەیەک کە بەرەوڕووی ئەویدی دەکرێتەوە لێکدەداتەوە، کە لە ئەودا زمان نەک تەنیا وەکوو «وتە[1]» بەڵکوو لە پێگەی خودی «وتن[2]» دایە (فرهادپور، 1387،ص 12). ڕەچاوکردنی ئەم چەشنە لەیەکتر جیاکردنەوەیە لەپانتایی زماندا، کە بە تازەگەریەکانی فەلسەفەی لێڤیناس لە بواری ئەخلاقی زماندا ئەژماردەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە هەموو قسەیەک یان دەربڕینێک خاوەنی دوو ڕەهەندە: یەکەمیان ئەو شتەی کە «دەوترێت» وە ئەویدیکەش خودی کردەوەی «وتن»ە، کە «وتە» لەناو ئەودایە. ئەم دووانە لەڕاستیدا وێڕای یەک وە هاوکات لەگەڵ یەکن، بەڵام لێڤیناس بۆ جەختکردنەوە لەسەر «پانتایی ئەخلاقی زمان» لەڕووی چەمکەوە بڕوای بە جودایی نێوان ئەم دووانە هەیە (علیا، 1388، ص 141).

«وتە» تێکەڵەیەکە لە دەستەواژەکان و حوکمەکان و ناوەڕۆکە داڕێژراوەکان، لە بوارە جۆراوجۆرەکانی مەعریفە و بووندا. لێڤیناس پێیوایە کە فەلسەفە بە شێوەیەکی نەریتی تەنیا بە «وتە»وە سەرقاڵ بووە (دیویس، 1386، ص150). بەڵام «وتن» ژێرخانی هەموو قسەیەکە، واتا دۆخ و ستراکتورێکە کە من لە پێگەی قسەکەر یا بەردەنگ، دەکەومە بەردەم ئەویدییەوە. بەم هۆیەوەیە کە لێڤیناس جەختدەکاتەوە کە «بۆ من ئەو شتەی کە دەوترێت هێندەی خودی وتن گرنگایەتی نیە. وتن بۆ من لەڕێگەی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنیانە یان ئاگامەندی زیادکەریەوە، گرنگ نابێت؛ وتن لەم ڕوویەوە گرنگایەتی هەیە کە بەرەوڕووی بەردەنگێک دەکرێتەوە» (لویناس، 1387،ص 57). بەم پێیە دەتوانین بڵێین کە «وتن» لە دۆخێکی لەپێشدایانە بەنسبەت «وتە» دایە؛ وە بەشێوەی جۆرەیەک لە دانپێدانان بە بوونی ئەویدی، پێش ئەوەیکە شتێک «بوترێت» دەردەکەوێت. کەوایە بە پێچەوانەی «وتە»، «وتن» شیکاری هەڵنەگرە، لەبەرئەوەیکە ڕێک هەر ئەو شتەیە کە ناکرێ لەنێو «وتە»دا جێگا بکرێتەوە؛ واتا ناکرێ لەمەڕ «وتن» تیۆری داڕێژی و چەمکسازی بکەین. هەربۆیە لێڤیناس «وتن» بە شێوازێک بۆ «بەخێرهاتنکردن»ی ئەویدی دادەنێت؛ بەخێرهاتنکردن بەو مانایەی کە من لەپێشداوە وەڵامدەرەوەی ئەوم(لویناس، 1387، ص 103). بە زمانێکی سادە و ساکار «وتن» واتا نەبوونی کەمتەرخەمی بەنسبەت ئامادەبوونی «ئەویدی»یەوە وە ئەستەم بوونی بێدەنگبوون لە ساتەوەختی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا. هەر وەک لێڤیناس دەڵێت: «[لە بەردەم ئامادەبوونی ئەوانیدیدا] قسە وتن زەڕووڕە. لەبارەی کەش، باران، یان هەر بابەتێکی دیکەوە، گرنگ قسەکردنە واتا وەڵامدانەوە بە ئەو وە لەپێشداوە وەڵامدەرەوەبوون بە ئەو»(لویناس، 1387، ص 103).

ئەم حوکمەی کە دەڵێت «وتن» دەبێت «وتە»یەک لەخۆبگرێت، زەڕووڕەتێکە لەڕووی لۆژیکەوە، کە هاوپلە لەگەڵ ئەو زەڕووڕەتەیە کە هەبوونی یاساکان، دامەزراوەکان و پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان بەسەر کۆمەڵگایەکدا دادەسەپێنێت. بەڵام «وتن» پێنیشاندەری ئەم ڕاستییە یە، کە من بەس لە بەرامبەر ڕووخساری ئەویدیەوە ڕاناوەستم وە لەکاتی قووڵبوونەوە لە ئەودا چاوی تێنابڕم، بەڵکوو وەڵامی پێدەدەمەوە یان کاردانەوەم دەبێت(لویناس، 1387، ص 103). ئەم کاردانەوەیە هەمان قەبووڵکردنی  «بەرپرسیارێتی» سوژە یە لە بەرامبەر ئەویدیدا؛ بەرپرسیارێتییەکی «لەپێشدایانە» و «بێ ڕادە و سنوور»!

سەرچاوەکان:

١- لویناس، امانوئل. (1387). اخلاق و نامتناهی. ترجمه مراد فرهاد پور و صالح نجفی. تهران: فرهنگ صبا.

٢- فرهاد پور، مراد. (1387). «یادداشت مترجمان». کتاب اخلاق و نامتناهی. تهران: فرهنگ صبا.

٣- علیا، مسعود. (1388). کشف دیگری همراه با لویناس. تهران: نشر نی

٤-دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.

[1] The said

[2] saying