کاری زاموئا داراغا ـ پڕۆژەی جەستەی بینراو _ جەستەی نە بینراو

پڕۆژەی جەستەی بینراو _ جەستەی نە بینراو ٦


Loading

هونەرمەند؛ زاموئا داراغا

زاموئا داراغا ناونیشانی (پاش مردن)ی بۆ کارەکەی داناوە. هونەرمەند بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارەی 11 فۆتۆ و مادەی سلیکۆن و چەند تەختەدارێکی بە کارهێناوە.
فۆتۆکان رەش و سپین و وێنەی دەموچاو و بە شی سەرەوەی مرۆڤ نیشان ئەدەن لە شێوەی وێنەی ناو ناسنامە رەسمیەکاندان، واتا گشتیان لەوەپێش خۆیان بۆ وێنەگردن ئامادەکردووە و هیچیان لەحاڵەتی ئیشکردن یان جولانەوەدا نین. یە کێ لە کەسەکان باوکی هونەرمەندەکەیە و ئەوانیدیان ئاشنا نین بە هونەرمەند و تا کاتی کردنەوەی پێشانگاکە 19.11.2016 تەنیا یەک کەسیان لەژیاندا ماوە.

لەم کارەی زامۆئا داراغادا بینەر راستەوخۆ وێنەکان نابینێت، لەبەر ئەوەی هونەرمەند فۆتۆکانی لەناو مادەی سلیکۆندا پاراستووە کە مادەیەکی سپی و ئاویە، رێگا بەبینینی شتەپارێزراوەکانی ناوەوی ئەدات بەڵام بە تەڵخی، وەکو بینینی شتێک لە ئاسمان و لەناو هەوردا.

هونەرمەند کارەکانی بە جۆرێکی ئاسایی هەڵنەواسیوە، وەکو نیشاندانی تابلۆ یان فۆتۆ لە پیشانگایەکی تەقلیدیدا واتا کارەکانی زاموئا لە ناو شووشەدا نین و چوارچێوەیشیان پێوە نییە، بەڵکو هەر یەک لە کارەکان لە سەر تەختەدارێکی ئەستوور و بێ چوارچێوە لە تەنیشتی یەکەوە دانراون و بەمجۆرەش رەهەندێکی ئۆبجەکتیان بەخۆوە گردووە.

هونەرمەند بایەخێکی تایبەتی بۆ سلیکۆنەکە دائەنێ بەجۆرێ کە بینەر ئەتوانێ دەستی پێوە بدات و درک بە نەرمیەکەی بکا و تەماشای قەراغەکانیشی بکا کە (سێ تا چوار سانتیمەتر) ئەستوورن و ئەشێ بپرسێت: بۆچی وێنەکان نەخراونەتە ناو جام و چوارچێوەوە؟ بۆجی لەناو سلیکۆندان؟

وێنەی کەسەکان لەنەو سلیکۆنەکەدا لە هەمان کاتدا ئەشێ وەکو هەوڵدانێ ببینرێ بۆ پاراستنی خودی کەسەکان. ئەمەیش کولتوری فیرعەونەکان دەخاتەوە یادمان لەبەرئەوەی بیرۆکەی پاراستن هاوبەشە لە نێوانیاندا، بێگومان لەگەڵ جیاوازیەکی زۆر چ لەلایەن مەتریاڵی بەکارهێنراوەوە و چ شتە پارێزراوەکان کە لای زاموئا داراغا وێنەی کەسەکانە نەک جەستەی کەسەکان.

لەم کارەدا هونەرمەند جەغت لەسەر ماناکانی سلیکۆنەکە دەکات، چ وەکو مادەیەکی کیمیاوی پێش بەکارهێنانی بۆ ئەم کارە هونەرییە وچ وەکو مادەیەکی هونەری کاتێ کە دەبێت بە بەشێ لەم کارەهونەرییە.

سلیکۆن مادە یەکی سروشتی نییە، بەڵکو بەرهەمی کارگەیە و ئەمەیش ماناکانی کارەهونەریەکە و رەهەندەکانی دیاری دەکەن، هونەرمەند ئەو مادەیەی لەچەندین کاری دیکەیدا بەکارهێناوە و بەپێی زانیاری خۆی، مادەی سلیکۆن توانای مانەوەی زیاد لە 2000 ساڵی هەیە و پاشان دەبێت بە خۆڵ. زاموئا داراغا ئەم مادەیەی بۆ پاراستنی وێنەی مرۆڤەکان بە کارهێناوە و بروایشی وایە پاشان ئەم پاراستنەش کۆتایی پێدێت، ئەگەر زۆریش بخایەنێت. لەوانەشە مەبەستی هونەرمەند لەمەدا هەوڵدانێک بێت بۆ زیاتر مانەوەی وێنەکان، هەرچەندە ئەو خۆی ئەوە دەزانێت کە لە کۆتاییدا گشتیان لەگەڵ سلیکۆنەکەدا کۆتاییان پێدێت.

سەبارەت بە ژمارەی وێنەکان و هەڵبژاردنی هونەرمەند بۆ ژمارە یانزە ئەو ویستوێتی لە نێوان ئەو ژمارەیەوە هەندێ مانای دیکە بە بینەر ببەخشێت، هەرجەندە ژمارە بەگشتی ئامادەیی هەبووە لە هەندێ کاری هونەری شێوەکاریدا بەڵام بەمانای جیاواز، مەبەستی زاموئا داراغا لە هە لبژاردنی ژمارە (11) ئەوەیە کە ئەم ژمارەیە هەستی نا ئارامی و نا جێگیری بە بینە ر دەبەخشێت، لەو بارەیەوە هونەرمەند خۆی دەڵێت: هۆکارێکی ئەوەیە کە ئەم ژمارەیە تاکە، واتە ژمارەیەکە نائارام و ناجێگیرە. لەکاتێکدا بە رای هونەرمەند ژمارە جووتەکان مانای ئارامی و جێگیری دەبەخشن.

ئەم کارەی زاموئا داراغا کارێکی هونەرمەندی ئەڵمانی هاوجەرخ (ۆزێف بۆیس Joseph Beuys)مان دێنیتەوە یاد کە نۆ پرتەقاڵی بەکارهێناوە و بە بروای بۆیز ژمارە 9 ماناکەی کراوەیە و ئەگەر بوو بە 10 داخراو دەبێت. بەڵام هەلبژاردنی زاموئا داراغا بۆ ژمارە یانزە مانا و تایبەتمەندێتی خۆی هەیە و ئەو لە کۆنتێکستێکی تردا بەکاریهێناوە.

کاری زاموئا داراغا ـ پڕۆژەی جەستەی بینراو _ جەستەی نە بینراو
کاری زاموئا داراغا ـ پڕۆژەی جەستەی بینراو _ جەستەی نە بینراو
کاری زاموئا داراغا ـ پڕۆژەی جەستەی بینراو _ جەستەی نە بینراو

پێشانگای: جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو.
پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت.
خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری پێشانگا: ئاڤان سدیق.
هونەرمەندەکان: ئە حمەد نەبەز. ئاڤان سدیق. بەهجەت عومەر. گەیلان عەبدوللە.
رەنج حیکمەت. زاموئا داراغا.
جێگای پێشانگا: ژێرزەمینی ئە منە سوورەکە/سلیمانی.
کاتەکەی: لە 19 وە تاکو 25 ی مانگی 11ی 2016.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.