سەلمان ڕوشدی ١٩٩٢ ڕۆمانەکەی ئایەتە شەیتانیەکان نیشانی ڕۆژنامەنوسان دەدات.

نوێترین دیدار لەگەڵ سەلمان ڕوشدی


Loading

دوای هەگبەی “ئایاتە شەیتانیەکان”

نوێترین دیدار لەگەڵ سەلمان روشدی

سازدانی چاوپێکەتن: کریستۆف باربیی

وەرگێران لە عەرەبیەوە: ئالان پەری

 

پیاوێک لەسەدەی بیستەهەم بێ ئەوەی درک بە خۆی بکات ئامادەبوونی خۆی هەبووە لەناومان. ساڵی ١٩٨٩، کاتێک دیواری بەرلێن دەڕوخێنرێت، یەکێتی سۆڤییەت پارچەپارچە دەبێت، وڵاتی چین خەڵتانی خوێن دەکرێت لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی “تیانانمین”. لەسەرەتاکانی ئەو ساڵە “سەلمان ڕوشدی” بە تەنها بەرەنگاری هەموانی دەکرد،  تووشی توندوتیژەیەکی بێ ئەوتۆ بوو لە ڕۆژئاوا، بووە بابەتی سەرەکی فەتواکان.

 ئێستا داعش بارمتەکانی سەردەبڕێت و لەسەر یوتوب بڵاوی دەکاتەوە، جیهاد بەرەو وڵاتە ڕۆژئاوایەکان پەرەی سەندووە، تیرۆری ئیسلامی لە شێوەی قاڵبە عیلەتێک تەشەینەسەندووە. ساڵی ١٩٨٩ بە سەردەمی داواکاری بۆ ئازادی و دیموکراسی بۆ هەندێک لە وڵاتان دێتە هەژمارکردن، بەڵام لەگەڵ مەلا ئێرانیەکان سەردەمێکی تر سەریهەڵدا، چونکە بەهانەیەکی شەرعیی فەتوادان بە دین  گۆشکرا. مەلاکان “سەلمان روشدی” یان بەوە تۆمەتبار کرد، کار بۆ شێواندنی گوتاری پیرۆزیەکان دەکات، ئەوەش بە حاشاکردنی پێغەمبەر لە ڕۆمانەکەی، بەوپێیەی لەسەرەتا دا لە پەرەستنی خوداکانی تر خۆش بوو، تا دواتر پەشیمان ببێتەوە و باس لە تاک ڕەهایی و تەنهاییەکی ڕادەبەدەر بکات.

پێناسەی یەکەم و بەناوبانگەکەی “ئایاتە شەیتانیەکان” لە ڕاستیدا چرپەی شەیتانێکە، کە ناکرێ بە خەیاڵی مرۆڤ گرێ بدرێت، تەنانەت ئەگەر خاڵە سەرەکیەکەی باس لە ڕوداوی مێژوویی دەکات.

بەو شێوەیە، ڕۆمانێکی ئینگلیزی، لە دەزگایەکی پەخشی ئینگلیزی لەچاپ درابێت، لەلایەن نوسەرێکی بەڕەگ موسڵمان نوسرابێت، لایەنگری هیچ دینێک ناکات، و هێرشێکی تەواو لەسەر ئیسلام دەکات.

گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو، وێنە کاریکاتۆریەکانی پێغەمبەر محەمەد بە شێوەیەک لەشێوەکان دەبێتە هاوشێوەی “ئایەتە شەیتانیەکان” دەچێتە هەمان باری لەناوبردن و فەتوادان. ئەو فەتوایەی کە لە دژی “سەلمان روشدی” دەرکرا ڕێگایەکی کردەوە بۆ ئەنجامدانی کردەوە تیرۆسریتیەکەی “شارلی ئەبیدو”. ئەمە ڕێکەوت نییە کە لەساڵی ١٩٨٩ لە پایتەختی توندوو تیژی ئیسلامیەوە نوسەرێکی ئینگلیزی بەڕەگەز موسڵمان دەکاتە ئامانجی خۆی، ڕۆشنبیرێک بە فەرموودە قورئانیەکان گەورە دەبێت و دواتر دەبێتە هەڵگری ماناو بەها ئینگلیزەکان. هەموو کاتێک و پێس هەموو شتێک ڕادیکاڵی ئیسلامی هێرشێکی زۆر دەکەنە ئەو موسڵمانانەی کە بیریان یەکسان و کراوەیە و تۆمەتی کافربونیان دەدرێتە پاڵ.

سەلمان ڕوشدی ١٩٩٢ ڕۆمانەکەی ئایەتە شەیتانیەکان نیشانی ڕۆژنامەنوسان دەدات.

 

لەو ڕوانگەیەوە “سەلمان روشدی” دەبێتە نمونەی نێچیرێکی ڕاونراو: لەناخی دا هەڵگری فەرهەنگێکی هیندیە، کە متمانەی گەلێکە بە ئیمپراتۆرەیتی بەریتانی،  توندڕەوەکان دەیانەوێت ئەو ڕەهەندە ڕەخنە ئامێزە بۆ هەتا هەتا لەناوبەرن، بۆ ئەوەی “ئیسلام” ێک لە ژێر ڕەوتی ڕۆژئاوایی دروست نەبێت.

شرۆڤەی مەسەلەی “سەلمان روشدی” بەم شێوەیە دەبینرێت: ئازایەتی هەنگاوێکی ژیرانە نیە، لە نێو دیموکراسیەکی پارچەکراو. پێش ساڵی ١٩٨٩ بیرۆکەیەک هەبوو کە ئێران تەنگی پێهەڵنەچنرێ، ئەگەر بە دیبلۆماسیەتێکی ترسنۆک بووبێت یان هەست کردن بە نەنگێتی بووبێت لە دوای ئیستیعمار.

بێگومان “سەلمان روشدی” دەپارێزرێت، دەبێتە هێمایەک کە هیچ لە گەورەیی ئەو کەم نابێتەوە، سوور بوون لەسەر مانەوەی خۆی لەبەردەم ڕاونێرە بیرتەسکەکانی. بەڵام هەمیشە گوێمان لە دەنگێک دەبێت کە دەیەوێت ئازادی ڕادەربڕین بخاتە خانەیەکی نزمەوە، دەنگێک بیری جیاواز قبوڵ ناکات و دژی هەر بەرهەمێک دەبێت لە هاوشێوەی “ئایاتە شەیتانیەکان”، ئەوانەی بێ باکن لە مانەوەیان و دوچاری بێ ئابڕوویی دەبنەوە، هەمیشە ڕێکخراوی قاعیدە و داعش بۆیان دەوستنەوە.

١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ و ٧ ی جانیوەری ،٢٠١٥ ئەو ڕێکخراوانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تا دێن  چالاکتر دەبن، وا دەزانن کە چەوتییەکی هاوبەش هەیە لە نێوان ئیسلامیەکان و دیموکراسیەکان! ئەوان ئامادەن بە مایەپووچی بمێننەوە، بگەڕێنە دواوە، بیرکرندەوەیان لەگەڵ عیلمانیەت ڕێک ناکەوێت.

ئێران دوای فەتواکەی خومەینی؛ ئێمە ئامەدەین سەلمان ڕوشدی لەسێدارە بدەین !
ئێران دوای فەتواکەی خومەینی؛ ئێمە ئامادەین سەلمان ڕوشدی لەسێدارە بدەین !

یەکێک لەو مایەپووچانە ئەوانە بوون کە لە کۆمەڵەی نووسەرانی جیهانی Pen Club کە مەڵبەندەکەی دەکەوێتە نیوۆرک، کاتێک کۆمەڵێک لە نووسەر ڕەتیان کردەوە خەڵاتی ئازایەتی و ئازادی ڕادەربڕین بدرێتە “شارلی ئەبیدوو” ڕێک بە بیرم هات کە تەواو ئەو نەخۆشیە پەرەی سەندووە. بەو شێوەیە ڕووی ئەو جۆرە عەقڵە دەرکەوت، بەڵام خۆشبەختانە لەبەرامبەردا بوونی چەند کەسێکی وەک سەلمان روشدی دڵی دامەوە، کە هەردەم بەرپەرچیان دەداتەوە.

کەواتە دوای تێپەڕبوونی چارەکە سەدەیەک دیسانەوە سەلمان روشدی دێتەوە گۆ، بۆچوونی خۆی هەیە بەرامبەر داعش، پەردە لەسەر وێڵبوونی جیۆپۆڵۆتیکی ڕۆژئاوا لا دەدات، بەڵام قسەکانی بەدەر نین لە ئەدەب و خەیاڵ و سروش.

پرسیاری یەکەم ؛  کۆبوونەوەی ئەدەبی ئەمریکی لە کۆمەڵەی نووسەرانی جیهانی کە بە Pen Club ناسراوە، وەک من بزانم بڕیاری خەڵاتی باشترین مەدالیاکانی داوە بە “شارلی ئەبیدوو” بەڵام لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کاردانەوەیەکی لێکەوتەوە کاتێک ٢٠٠ نوسەر واژۆیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی خەڵاتی ئازایەتی و ئازادی ڕادربڕین نەدرێتە ڕۆژنامەی ناوبراو، بە بیانوی ڕەتکردنەوەی دروستبوونی دەروازەیەک بۆ ڕەخنەگرتن لە ئیسلام، دواتر ئەو واژۆیانە لە شەوە ئاهەنگی خەڵات بەخشینەکە بڵاویان کردەوە کە بەڕێزت لە ٥ ی مارس سەرپەرشتیت دەکرد. ئایا ئەم کاردانەوەیە کاریگەریی هەبوو لە تێکچونی باری ئەو شەوە؟

سەلمان روشدی:  نابێت ئەو کاردانەوەیانە گەورە بکرێت، تۆ باسی واژۆی ٢٠٠ کەس دەکەیت، بەڵام کۆبونەوەی وێژەوانانی ئەمریکا پێکهاتوە لە ٥ هەزار ئەندام، بەم شێوەیە ئەو ژمارەیە هیچ نیە. “جیرار پییر” و “باتیست توری” ئەو دوو کاسیەتیەی کە هاتبون بۆ نیوۆرک بۆ ئەوەی مەسەلەی شارلی ئەبیدوو باس بکەن، لەلایەن زۆربەی نووسەرە ئامادەبووەکان پێشوازیەکی بێهاوتا کران. پێم خۆش بوو کە نووسەر “ئالان مابونکو” خەڵاتی ئازایەتی و ئازادی ڕادەڕبڕینی بەخشیە ڕۆژنامەکە، هەست بە ئاسودەیی دەکەم لەگەڵ ئەو بیرمەندە فرانکۆ ـ کۆنگۆلیە، چونکە لەنێو فەرهەنگگەلێکی جیاواز ژیاوە و ئێستا نیشتەجێی نیوۆرک ە. سەرسام بووم بە نووسینێکی کە لە گۆڤاری “لیکسپریس” بڵاویکردبووە، بۆیە داوام لێکرد جارێکی تر بە ئینگلیزی لەو شەوە بیخوێنێتەوە. هەروەها سوپاسی سەرۆکی ڕێکخراوی نەهێشتنی نەژادی  “دومینیک سوبو” دەکەم لەبەرئەوەی بانگهێشتکەی قبوڵ کرد و هاتە نیوۆرک، بۆئەوەی یادی تیرۆرکردنی وێنەکێشەکانی ڕۆژنامەکە بکات، بەمەش کۆتایی بێنێت بەو هەموو هێرەشە ناشایستەیەی ڕووبەڕووی خەڵاتەکە هاتبەوە ئارا.

 

 

فۆتۆ؛ موسوڵمانانی برادفۆرد لەبریتانیا ١٩٨٩ ڕۆمانەکەی سەلمان ڕوشدی (ئایەتە شەیتانیەکان) دەسوتێنن. Sipa Press / Rex Feature
فۆتۆ؛ موسوڵمانانی برادفۆرد لەبریتانیا ١٩٨٩ ڕۆمانەکەی سەلمان ڕوشدی (ئایەتە شەیتانیەکان) دەسوتێنن.
Sipa Press / Rex Feature

پرسیار:  ئایا کۆتایی بە کەیسی ڕووداوی واژۆکان هاتووە؟

سەلمان ڕوشدی: بێگومان شتێکی ڕواند، ئاقارێکی قوڵی لە دونیایی ئەدەب بەجێهێشت. چونکە بۆ من چاوەڕواننەکراوبوو، بەوشێوەیە کۆمەڵێک لە نوسەر کە زۆربەیان هاوڕێی نزیکم بوون ئەم خەڵاتە بۆ شارلی ئەبیدوو ڕەت بکەنەوە، بەهیچ شێوەیەک بیرم بۆ کاردانەوەی ئەوان نەدەچوو. من بۆ یەکێکیانم نووسی، ئەویش “تیگۆ کول” بوو کە بزوێنەری هەموویان بوو، هەر ئەویش وتاری ڕەتکردنەوەکەی نووسی بوو، وەڵامێکی سەیری بۆ نووسیبووم: “ئازیزم سەلمان  و برای گەورەم هەرچی فێری بووم وا لە ژێر پێتە” لەگەڵ چەند نووسینیکی گەمژانەی تر.

لە ڕێگەی ئەم جۆرە وەڵامدانەوەیە ئەوەم بۆ دەرکەوت کە ئەو هیچ هەڵوێستێکی نییە دژ بە ئایاتە شەیتانەکان مادام ئەمە هەڵگری بۆچوونەکانی خودی خۆمە، سەبارەت بە ڕۆژنامەی شارلی ئەبیدو ئەوا لەلای ئەو وایە کە ئەم ڕۆژنامەیە کار بۆ ووروژاندنی ڕەگەزپەرستی دەکات دژ بە کەمینەی ئیسلام، منیش لە وەڵام دا بۆم نووسی نەخێر ئەوانەی لەو کردەوەیە تیرۆر کران تەنها لەبەر ئەوەی گوزارشت لە بۆچونی خۆیانیان دەکرد بۆیە کوژران، بە ڕای من هەردوو مەسەلەکە  لەیەک نزیکن.

پێموایە ئەگەر ئێستا بە هەمان شێوە هێرش بکرێتە سەر ئایاتە شەیتانیەکان، ئەو جۆرە کەسانە هەرگیز بەرگریم لێ ناکەن، بگرە خەڵکانی تریشم لێ هان دەدەن و بە ئابڕوو بەری کەمینەیەکی فەرهەنگی تۆمەت بارم دەکەن. هەڵوێستی خوێنەرانی ئەم ڕۆژنامەیە سەبارەت بە کاریکاتێریستەکان هەر چیەک بێت، هەر ناوێکیان لێ بنێیت دەبێت، بێجگە لە نەژاد پەرستی. هەرچی ئەوەی دەوترێت کە ئەم ڕۆژنامەیە بەتەواوەتی تەشهیر بە ئیسلام دەکات ئەوا زۆر بە هەڵەدا چووە، بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی لوموند، ئەوەی دەرخستووە کە تەنها ٧ سەروو وتاری لە کۆی ٥٢٣ ژمارە و لەماوی ١٠ ساڵ دەستی بۆ ئامرازەکانی ئیسلام بردووە، هەرچی ماوە بابەتەکان زیاتر لەسەر پاپای ڤاتیکان و ئیسرائیل و سارکوزی و نەژاد پەرستی فەڕەنسایی و هەندێک لە بەرپرسانی دەسەڵات بووە. بەڕاستی لێرە ئەمە خاڵی ناوەڕۆکی ڕۆژنامەکە دەردەخات، چونکە ئازادی ڕادەربڕین، پەیوەستە بە فەراهام کردنی مافی ڕاو و بۆچوونەکانی تر. بیرت نەچێت ئەوانەی  کوژران تەنها لە سەر نیگارەکانیان تیرۆر کران.

پرسیار:  ئایا لە دوای “ئایەتە شەیتانیەکان”هیچ گۆڕانکاریەک لە جۆری بیرکرندەوە ڕوویداوە؟

سەلمان روشدی: دوای تێپەڕەبوونی ٢٥ ساڵ لەسەر مەسەلەی “ئایاتە شەیتانیەکان” پێم وایە ئێمە هێشتا  لە وانەکانی پێشوترمان هیچمان دەست نەکەوتووە. پێویستە لەگەڵ ڕاستیەکان هاوڕا بین، نەک هەر ئەوەش بەڵکو پێویستە بەگژ ئەو کەسانە بێینەوە کە لە دژی ئازادی رادەڕبڕین دەوەستن، واز لە بیرۆکەی هێوربوونەوە بهێنین لە بەرامبەر چەند بەدەستەوەدانێک.

 –   بۆچی؟

سەلمان روشدی: دەبێت ببورین، لە ئاست نەمانی سیاسەتێکی ڕووچاک لە نێو نێوەندە ڕۆشنبیریەکان. ترس، ئەو پاداشتەی کە کەس ناتوانێت باسی لێوەبکات. ئەگەر لەو پێناوەدا هیچ کەس نەدەکوژرا، یان دەنگی بۆمب و گولەی کڵاشنکۆفەکان کپ دەکران، ئەوا هاوکێشکە ڕووبەرێکی تری بەخۆی دەبینی.

پرسیار:  بەڕای تۆ هەندێکیان بێ هیوایان کردیت لە ساڵی ١٩٨٩

سەلمان ڕوشدی: هەندێک وتیان خۆم ئەوەم دەویست، بۆیە دەبێت خۆم بەرگەی ئاکامەکانی بگرم. لە ڕاستی دا هێرشەکان لە بارگەی ڕاستڕەوەکان و نێوەندە ڕەسمەیەکانی پارێزگاران و دەوروپشتی مارگریت تاتچەرەوە هاتن. بەڵام ئێستا سەرچاوەی هێرشەکان چەپەکانن. پێویستە لەسەرت کوێر بیت، تا نەکەویتە نێو کێشەکانی سوسیوـ ئابوری و نا دادپەروەریی و ئەو نەژاد پەرستیەی دژ بە کەمایەتیەکانی فەرەنسا هەیە، دەبێت لەوە دڵنیا بین کە بەشێکی زۆر لەو پێکهاتانە عەلمانیەتی پێ باشترە. ئیسلامەکان وەک فەڕەنسیەکی عیلامانی سەیردەکرێن، وەک لەوەی بە پێکهاتەیەکی دیندار سەیربکرێن.

 پرسیار:   دەتانەوێ چی بڵێن؟

سەلمان روشدی: دوو شت هەیە توانای تێگەیشتنی نیە. لەلایەک ئێستا لە هەگبەیەکی زۆر ڕەشبین دەژین کە هەرگیز لەمەو پێش بەدیم نەکردووە. ئەوەی ئێستا لەگەڵ داعش ڕوو دەدات  مەتەرسییەکی زۆر بۆ جیهان دروست کردووە. لە لایەکی ترەوە توندڕەویی هەڕەشەیەکە دژی ڕۆژئاوا و بگرە هەڕەشەیەکە بۆ خودی ئیسلام، بە هۆی دەستبەسەرگرتنی دەسەڵات و پەیڕەوکردنی سیستمێکی فاشیی لە نێو خودی سیستیمی ئیسلامی. قوربانیەکانی ئایەتوڵا لە ئێران و تاڵیبان لە ئەفغانستان کێن؟ کێ بەرپرسە لە نەهامەتیەکانی عێراق؟ ئەوان پێش هەموو شتێک موسڵمانن و سەرقاڵن بە پەڕاندنی ملی موسڵمانانی تر. دەکرێت زۆر بە ئاسانی تومەت بخەینە پاڵ فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا، بەڵام لە هاویشتنی موشەکێک، دەتوانین سەرژمێری  قوربانیەکی زۆر بکەیەن کە جیهادیەکان بە کوشتن و بڕینیان بەرپرسیارن، جا ئەو هێرشانە دژ بە مزگەوتەکان کرابێت یان دژ بە تاکەکەس.

لە سەرووبەندی هەگبەی “ئایاتە شەیتانیەکان” خێرا هەوادارنی ئایەتوڵا یەکەم جار لە لەندن و دواتر لە زۆر شوێنانی تر هەڕەشەی کەسانێکیان کرد کە دان نانێن بە فەتواکانی دژ بە من کرابوون، بەو مانایەی  ئەوانەی لە بەرەی توندڕەوەکاندایە مانای ئەوە نیە دژایەتی گروپێکی ئیسلامی بێت. پێویستە بزانین ئێمە بەرامبەر کێ دەجەنگێین؟ دووبارەی دەکەمەوە ئێمە ڕووبەڕووی جەنگێک بوینەتەوە دژی توندڕەوی نەک دژ بە ئیسلام.

سەرچاوە: گۆڤاری لئیکسپرێس ی فەڕەنسی L express ; numéro 3342 ;22 juillet 2015.pp ;24- 33