پێشەکی
مەسعوود محەمەد (١٩١٩-٢٠٠٢) فەیلەسوف، زمان‌زان، و ڕەخنەگرێکی کوردە. ئەو لە سەردەمێکدا دەینووسی و دەیفەلسەفاند کە ئیدیۆلۆژییەکانی وەک مارکسیزم، کۆمۆنیزم، ناسیۆنالیزم و بەعسیزم بەتەواوی بەسەر کۆمەڵگەی کوردی و عێراقیدا زاڵبوون. لەو سەردەمەدا ئەگەر نووسەرێک، ڕۆشنبیرێک یان هزرڤانێک ئەندام یان لایەنگری یەکێک لەم ئایدیۆلۆژییانە نەبوایە، ئەوا ئەو کەسە بە ڕۆشنبیر دانەدەنرا، بەڵکو وەک کەسێکی کۆنخواز و دواکەوتوو لێیان دەڕوانی. هەموو کەسێک لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیاکەیەوە خۆی دەناساند و شوناسی خۆی دیاری دەکرد، هاوکات هەوڵی بڵاوکردنەوە و پەرەدان بە ئایدۆلۆژیاکەی خۆی دەدا و هەوڵی بەشەیتانکردنی ئەوانی دیکەی دەدا. هاڤڕکێیەکی توند لە نێوان ناسیۆنالیستەکان و کۆمۆنیستەکاندا هەبوو. سەرەڕای هەموو ئەوانە مەسعوود محەمەد بەتوندی ڕەخنەی ئەم ئایدیۆلۆژییانە دەکات، ڕەخنەی توندڕەوییەکانیان دەکات، بەڵام بەتایبەتی سەرنجی دەخاتە سەر مارکسیزم/کۆمۆنیزم.
سەرجەم ئایدیۆلۆژییەکانی وەک مارکسیزم/کۆمۆنیزم، ناسیۆنالیزم و بەعسیزم لە عێراقدا ئیشیان لەسەر نامرۆڤاندن و بەئامرازکردنی مرۆڤی عێراقی دەکرد، هەوڵیان دەدا کۆمەڵگەی عێراقی بۆ ئاپۆرەیەکی بێ شێوە بگۆڕن بۆ ئەوەی بەسەر کۆمەڵگە و مرۆڤەکاندا زاڵببن، وەهایان لێبکەن کە لە هەموو شت زیاتر بۆ ئایدیۆلۆژییەکانیان دڵسۆزبن، تەنانەت لە ژیان و بەرژەوەندییەکانی خۆشیان زیاتر. ململانێ و هاڤڕکێی نێوان ئەم ئایدیۆلۆژییانە بووە هۆی چەندین شەڕ و کوشتار و سەرەنجام جینۆسایدکردن، وەک ئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی کورد لە ساڵی ١٩٨٨دا.
مەسعوود محەمەد لەنێو دۆخی ململانێی ئایدیۆلۆژیاکاندا ژیا، ئەگەر لەو سەردەمەدا کەسێک سەر بە یەکێک لە ئایدیۆلۆژیاکان نەبووایە، ئەوا ڕووبەڕووی زۆر هەڕەشە و مەترسی دەبوەوە. مەسعوود محەمەد بەڕێی گەشەدان بە فەلسەفەیەکی مرۆڤ-سەنتەرییەوە ڕووبەڕووی ئەو ئایدیۆلۆژیانە دەبووەوە. ئەو هەوڵی بەمرۆڤکردنەوەی (rehumanisation) کۆمەڵگەی ئێراقی دەدا، بەتایبەتی کۆمەڵگەی کوردی و مرۆڤی کورد چونکە مرۆڤی کورد لەلایەن ئەو ئایدیۆلۆژییانەوە بەتایبەتی بەعسیزم لە مرۆڤبوون خرابوو، تێکشکێندرا بوو و بێئیرادە کرابوو.هەروەها ئێمە لە ئێستاشدا لەنێو پرۆسەیەکی مەترسیدارداین: پرۆسەی نامرۆڤاندن.
مرۆڤی کورد لە مرۆڤبوون دەخرێ، مرۆڤبوونی لێدادەماڵرێ، بەهاکانی، ویست و ئیرادەی، مافەکانی لێدەسەندرێتەوە. هەروەها لە ڕووی مۆڕاڵیییەوە، مرۆڤی کورد توانستی هەڵبژاردن (چاکە و خراپە)ی لێ دەسەندرێتەوە. ئەو شکۆمەندی و مەزنییەی کە وەک مرۆڤ هەیەتی لێ دادەڕنرێ، ئەو ڕێزمەندییەی وەک مرۆڤ هەیەتی لێی دادەماڵرێ. واتا سووکایەتی، بێ ڕێزی بە مرۆڤی کورد دەکرێ. برسیدەکرێ، بێ ئیرادە دەکرێ، دەکرێ بە ئامڕاز و دەسوێژ، وەک ڕۆبۆت هەڵدەسوڕێندرێ.
مەسعوود محەمەد بۆیە گرنگە بۆ ئێستامان، چونکە ئەو ڕێک پێچەوانەی ئەو ڕەوتە ئیش دەکا، سەرجەم هەوڵ و خەبتینەکانی ئەو لەپێناو مرۆڤدایە، فەلسەفەی مەسعوود محەمەد دژی (پرۆسەی نامرۆڤاندن) دەوەستێتەوە و ڕەخنەی دەکات. ئەو دەیەوێ مرۆڤی تێکشکێنراوی کورد، جارێکی دیکە سەرلەنوێ بونیادبنێتەوە، ئەو دەیەوێ ویست و ئیرادە بە مرۆڤی کورد بداتەوە. ئازادی، شکۆمەندی، ڕێزمەندی و مەزنێتی بۆ مرۆڤی کورد بگێڕێتەوە. ئاخر مەسعوود محەمەد سەرجەم فەلسەفەکەی لەسەر بنەمای ویستی ئازادی مرۆڤ بناغەدەڕێژێ.
مەسعوود محەمەد ڕەخنەی مارکسیزم، ماتریالیزم، کۆمۆنیزم، ناسیۆنالیزم و بەعسیزم دەکات لەبەرئەوەی ئەم ئایدیۆلۆژییانە مرۆڤ وەک ئامراز بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. مەسعوود محەمەد دژی ئەو ئایدیۆلۆژییانە دەوەستێتەوە و هەوڵدەدات گڕوتین و هێز بەمرۆڤی ئێراقی و بەتایبەتی مرۆڤی کورد بداتەوە و توانستی ئەوەی پێبداتەوە کە بتوانن خۆیان بڕیار بدەن، بەرپرسیارێتی مۆڕالی لە ئەستۆبگرن و خاوەن ئیرادە و ویستی ئازادی خۆیان بن، کە لەلایەن ئەو ئایدیۆلۆژیایانەوە لێیان سەندراوەتەوە.
فەلسەفەی مەسعوود محەمەد بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای (سەروەری مرۆڤ) دامەزراوە، ئەو مرۆڤ وەک ب(ونەوەرێکی هۆشەکی) دەبینێت کە ئیرادە و ویستی ئازادی هەیە و بەرپرسیارێتی مۆڕاڵی لە بڕیاردان و هەڵبژاردنەکانیدا هەیە. ئەو (لێرەبوونی مرۆڤ ) بە پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆژی دادەنێت بۆ لێرەبوون و بونیادنانی سەرخان و ژێرخان. بۆیە لە ڕوانگەی ئەوەوە مرۆڤ خاوەن و داهێنەری هونەر، ئەدەب، ئاین، فەلسەفە، زانست، کشتکاری، تەلارسازی، ڕێگەوبانە. بۆیە مرۆڤ لە فەلسەفەی مەسعوود محەمەددا شوێنێکی ناوەندی هەیە.
مرۆڤ و سروشت
مه‌سعوود محه‌مه‌د به‌ڕێى په‌یوه‌ندى مرۆڤ له‌ته‌ك سروشت، كه بنه‌ماى هه‌موو ژیان و به‌ره‌وپێشچوونێكه ده‌یه‌وێ ئه‌وه ئاوه‌ڵا بكات، داخۆ له هاوكێشه‌ى (مرۆڤ+سروشت)دا كاریگه‌رى یه‌كه‌م مرۆڤه یان سروشت؟ ئه‌و پرسیاره ده‌هێنێته‌گۆڕێ ئایا ده‌وروبه‌ر و ماته‌ر سه‌روه‌رن، مرۆڤیش كۆیله‌یه؟ سروشت مرۆڤ ئاڕاسته ده‌كات و مرۆڤ ته‌نیا ئامرازێكه بۆ به‌دیهێنانى مه‌به‌سته‌كانى، یان به پێچه‌وانه‌وه‌یه؟ مرۆڤ چه‌ندان كردارى چاك و خراپ، نه چاك نه خراپ ده‌نوێنێ، داخۆ خۆى كاریگه‌ر و خاوەن ئیراده‌یه یان ئه‌وان كاریگه‌ر و مرۆڤیش كارتێكراو و بێ ئیراده‌یە؟
مه‌سعوود محه‌مه‌د ده‌بێژێ: جیهان له‌وپه‌ڕى بۆ ئه‌وپه‌ڕى، به خۆى و هه‌رچى تێیدا هه‌یه، یه‌ك پارچه‌ى به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوى تێكهه‌ڵكێشراوى ئاڵقه‌به‌ندكراوى تێكه‌ڵ به‌یه‌كدی بووى ئاوێته‌یه. هه‌رچه‌ند ناوه‌ڕۆكى جیهان ملیاران شتى سه‌ربه‌خۆى تێدایه، هه‌ر یه‌كێكیان خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندى، پێكهاته و ئه‌دگارى خۆیه‌تى، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هیچ كامێك له تاكه‌كانى ئه‌و ناوه‌ڕۆكه له تێكڕاى ئه‌وانی دیكه نه‌پچڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌ده‌وران ده‌ورییه‌وه چه‌ندین ده‌مارى په‌یوه‌ندى به دراوسێكانییه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه، ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌و به‌ولاتره‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه، به‌شێوه‌ى زنجیره‌یى ئاڵقه‌به‌ند تا كۆتایى جیهانى بێدوایه‌كى. كه‌واته له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سروشت و مرۆڤیش په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه و له په‌یوه‌ندیدان، به‌ڵام داخۆ په‌یوه‌ندییه‌كه چۆنه، ئه‌مه پرسیاره‌كه‌یه؟
مەسعوود محەمەد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، هیچ لاری له گرنگى ده‌وروبه‌ر و هه‌ڵكه‌وت و ڕووداو له ژیانى مرۆڤ و به‌ره‌وپێشچوونى كۆمه‌ڵایه‌تى و بزووتنه‌وه‌ى مێژوو و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌دا نییه، كه په‌یوه‌ندییان به مرۆڤه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ڕه‌خنه له‌و تێڕوانینه ده‌گرێ، كه كاریگه‌رى ڕه‌ها به ماته‌ر (مادە) ده‌دات، به‌مه‌ش توانستى ئافرێنه‌رانه‌ى مرۆڤ بۆ ماته‌ر وه‌لاوه ده‌نێت. له كاتێكدا مرۆڤ سه‌ره‌ڕاى ماته‌ربوونى له‌ش و ئه‌ندامه‌كانى، هۆش و ئیراده‌شى هه‌یه، كه ئه‌مانه له ماته‌رى مردوو و ده‌وروبه‌رى شه‌خته‌كردوودا په‌یدانین.
له زه‌مینه‌ى به یه‌كدى گرتنى مرۆڤ و ماته‌ردا، مرۆڤ یان هزر ناتوانێ له بۆشاییدا هیچ به‌رهه‌مێكى هه‌بێت، نه ماته‌ریى و نه هۆشەکی. بێگومان بێ ماته‌ر، هۆش و مرۆڤیش هیچیان په‌یدا نابن، تاكو باس له به‌رهه‌م و ده‌وریان بكه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌بێ بزانین، كه گۆته‌ى وه‌ها به واتاى كۆیله‌یى و بێئیراده‌یى مرۆڤ نایه‌ت به‌رانبه‌ر به ماته‌ر و ده‌وروبه‌ر. هه‌روه‌ك له ڤاڵایی (بۆشایی)دا هۆش كارناكات، به‌بێ هۆشیش هه‌رچى سروشت (ماته‌ر) هه‌یه به ده‌ستوور و هێزه نهێنیه‌كانیه‌وه، ناتوانن یه‌ك پنت بنوسن، یه‌ك وشه ده‌رببڕن. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى په‌كیان له‌سه‌ر هۆش كه‌وتووه و بێ بوونى ئه‌و په‌یدا نابن، سروشت له هه‌موویاندا بێده‌سه‌ڵاته، نه‌ك هه‌ر ناتوانێ بیانكات، بگره له شێوه‌ى شیمانه‌یى (پۆتێنسیال)یشدا ئه‌و شتانه له سروشت (ماته‌ر) په‌یدا نابن و به‌بێ مرۆڤ نایه‌نه‌گۆڕێ.
له هاڤڕكێى نێوان (هۆش و ماته‌ر) دا له‌به‌ر تیشكى بوونى لایه‌كیان و نه‌بوونى ئه‌ویدیكه‌دا، هه‌ریه‌كه‌یان له مه‌یدانى خۆیدا “سه‌روه‌ره” به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین، كه‌وا په‌ككه‌وتنى هۆش له‌سه‌ر هه‌بوونى ماته‌ر به خواهشتى (خواستی) ماته‌ره‌كه نییه، ماته‌ر ئاگاى له خۆی و له هۆشیش نییه تاكو بیه‌وێ په‌كی بخات. هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ماته‌ر هیچ خواهشتى نییه. ئه‌وه‌ى به‌گوێره‌ى ده‌ستووره‌كانى ماته‌ر ڕووده‌ده‌ن، له‌خۆوه بێ ته‌دبیر و بێ خوازى ئه‌و ڕووده‌ده‌ن، كه هۆى ڕوودانیشیان په‌یدابوو هه‌ر ده‌بێ ڕووبده‌ن، به‌ڵام مرۆڤ له‌ته‌ك سروشتدا و له‌ته‌ك ئه‌وه‌ى بۆ خۆشى ده‌یكات، وه‌ها ناچار و بێده‌سه‌ڵات و بێئیراده نییه. مرۆڤ ده‌توانێ بكات، ده‌شتوانێ نه‌كات، ڕه‌تبكاته‌وه و قبوڵ بكات، به‌ڵێ و نه‌خێر ببێژێ. هۆشى مرۆڤ به‌رهه‌مێكى میكانیكى و ماته‌رى ڕووت نییه، وه‌ك سه‌ئاتى كۆككراو به‌شێوه‌یه‌كى ئالیى مرۆڤه‌كه بخولێنێته‌وه و بیوه‌ستێنێ.
مه‌سعوود محه‌مه‌د، ڕۆڵى ئافرێنه‌رانه و كارتێكه‌رى و ئیراده‌مه‌ندى بۆ مرۆڤ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، كه له فه‌لسه‌فه‌ى ماتریالیزمیدا ئه‌و ڕۆڵه له مرۆڤ داماڵێنراوه و ماته‌ر كراوه به یه‌كه‌م كاریگه‌ر. لێره‌وه ڕه‌خنه‌ی فه‌لسه‌فه‌ى ماتریالیزم ده‌كات له‌وه‌دا كه ده‌وروبه‌ر و ماته‌ر ده‌كه‌نه سه‌روه‌رى مرۆڤ، بزوێنه‌رى مێژوو و گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى. له ڕوانگه‌ى مه‌سعوود محه‌مه‌د، ئه‌وه لێكدانه‌وه‌یه‌كى ڕواڵه‌تى و سه‌ره‌تایییه. له ده‌وروبه‌رى ماته‌رییدا ده‌بێ ژمێره بۆ شتێكى گرنگ بكرێ، كه به‌شێكى زۆرى ده‌وروبه‌رى ماته‌ریى ئافرێنراوى مرۆڤ خۆیه‌تى، ئاخر هه‌رچى زانست، هونه‌ر، زمان، داد و سته‌م هه‌یه له مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرن و به‌رهه‌مى ئه‌ون. وه‌ك دامه‌زراوه پۆله‌تیكی، جڤاكى، زانستیی، ئاینى، هه‌روه‌ها خانوو، كارگه، ته‌لارسازى، به‌رهه‌مه پیشه‌سازییه‌كان، كشتكارى و پاره، هه‌رچى سامانى مێژوویى نه‌ته‌وایه‌تى هه‌یه، سەرجەمیان بەرهەمی هۆشی مرۆڤن.
ماتریالیسته‌كان له نێوان دوو جۆر گۆڕاندا جیاوازى ناكه‌ن، گۆڕ‌انى بیۆلۆگى(یەکەم)، كه هه‌موو ژینه‌وه‌رێك به ڕووه‌ك و ئاژه‌ڵه‌وه ده‌گرێته‌وه و مرۆڤیش تێیدا به‌شداره. ده‌شێ ئه‌م گۆڕانه پێى بڵێین ماته‌ریى سروشتى، چونكه گۆڕانێكى میكانیكى ناچارییه، به‌گوێره‌ى داخوازى ئه‌و ده‌ستووره ماته‌رییانه ڕووده‌دا، كه بێ خواهشت و پلان كارده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى (دووەم)، كه سه‌ر به مرۆڤه و له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له‌وى دیكه‌یان جوداوازه، چونكه هۆكارێكى نوێى بێ پێشینه‌ى له‌گه‌ڵدایه، ئه‌دگاره‌كانى مرۆڤ، كه له پێش هه‌موویانه‌وه “هۆش” دێت. ماتریالیسته‌كان گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تیش به هه‌مان پێودانگى بیۆلۆگى ده‌پێون، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆى سه‌روه‌ربوونى ماته‌ر به‌سه‌ر هۆشدا.
مرۆڤ له گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى، مێژوویى، ئابوریى و ژیاریدا به‌نده‌ى سروشت و ماته‌ر نییه، به‌ڵكو تاكه سه‌روه‌رێك له گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌بێت، هه‌ر مرۆڤه، ئه‌وجا به‌هێز بێت یان بەبێ هێز. تاكه هۆكارى ئه‌رێیى له گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى مرۆڤه، سروشتیش هۆكارى بێلایه‌نه. مرۆڤ بكه‌ر و كارایه و سروشت به‌ركاره، مرۆڤ كارتێكه‌ره و سروشت كارتێكراوه. مرۆڤ داهێنه‌ر و په‌یداكه‌ر و خاوه‌ن گۆڕانه. له سروشتدا ته‌نیا گۆڕ‌انى بیۆلۆگى به‌جۆرێكى عه‌فه‌وى له‌سه‌ر یاساكانى تێكڕاى زینده‌وه‌ر، په‌یدا ده‌بێ و ده‌شێ پێى بگۆترێ گۆڕ‌انى سروشتى. ماته‌ر له‌خۆوه یه‌ك ملیمه‌تر ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ره‌وپێشه‌وه نابات.
مرۆڤ له لایه‌كه‌وه هاوبه‌شى سروشته له‌وه‌دا، كه له‌شى ماته‌ره. له لایه‌كى دیكه‌شه‌وه له‌گه‌ڵ زینده‌وه‌ران، كه له‌شى ماته‌رى زینده‌ڵه. دیاره زینده‌وه‌ریش وه‌ك مرۆڤ هاوبه‌شى ئه‌دگاره سروشتییه‌كانه، ئاخر ئه‌ویش هه‌ر ماته‌ره. له‌وه به‌ولاوه مرۆڤ هیچ هاوبه‌شێكى دیكه‌ى له‌م جیهانه‌دا نییه، نه سروشت نه زینده‌وه‌ر، چونكه هه‌روه‌ك هێزى زیندووه‌تى هه‌موو زیندوویه‌كى له سروشت جوداكرده‌وه، هه‌ر وه‌هاش هێزى هۆش و لكه‌كانى دى، كه تێكڕایان ئه‌دگاره‌كانى مرۆڤایه‌تى پێكده‌هێنن مرۆڤى له سه‌رجه‌م جیهان دابڕى. زیندووه‌تى گۆڕ‌انى بیۆلۆگى و هۆش گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى داهێنا.
مه‌سعوود محه‌مه‌د، ده‌بێژێ: لێره به‌پێشه‌وه گه‌لێك له نووسه‌رانى ماتریالیستى (یه‌كێك له‌وان پێلخانۆڤ) ئه‌و ڕاستییانه‌ى، كه بزووتنه‌وه‌یان تێدایه جودایانكردۆو‌ته‌وه له‌و ڕاستییانه‌ى بزووتنه‌وه و گۆڕانیان تێدا نییه و له هه‌موو كات و شوێنێكدا وه‌ك خۆیانن. من ئه‌و ڕاستییانه‌ى ژیانیشیان تێدایه جودایان ده‌كه‌مه‌وه له‌وانه‌ى بێ ژیان ده‌بزوون. جارێكى دیش ئه‌و ژیانه‌ى هۆشى له‌گه‌ڵه (كه هى مرۆڤه) جوداى ده‌كه‌مه‌وه له ژیان و بزووتنه‌وه‌ى ژینه‌وه‌رى بێهۆش. به‌گوێره‌ى ئه‌وه له‌به‌ر چاوى مندا هه‌روه‌ك هێزى ژیان ئه‌م جیهانه گرده‌بڕ ده‌كاته دوو كه‌رتى له یه‌كدى جودا له‌و ڕووه‌وه، كه ژینه‌وه‌ر له بزووتنه‌وه‌ى ئالییه‌وه هه‌ڵده‌كشێ بۆ بزووتنه‌وه‌ى به هه‌ست و خوایشت، هێزى “هۆش”یش سه‌رله‌نوێ جیهانى ژینه‌وه‌ران گرده‌بڕ ده‌كاته‌وه به دوو كه‌رتى له یه‌كدى جودا له‌و ڕووه‌وه، كه لێكدانه‌وه، تێگه‌یشتن، هه‌ڵه‌كردن و لایه‌نگیرى له‌گه‌ڵ هۆشدا ڕۆڵده‌گێڕن و سه‌رله‌به‌رى دیارده‌ى “كۆمه‌ڵایه‌تى” و بزووتنه‌وه‌ى “مێژوو”یان لێ په‌یدا ده‌بێت. له‌و ده‌مه‌وه ماكى “هۆش” تێكه‌ڵ به ژیان و ماته‌ر بوو، مێژوو و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌نێو بووندا ڕسكان، پێشتر هه‌رچى (پێویستى ماته‌رى) ژیان هه‌یه وه‌ك خواردن، نوا، خۆپاراستن و زایه‌ند (سێكس) تێكڕایان له نوخته‌ى دروستكردنى “كۆمه‌ڵایه‌تى”یه‌وه ناكاریگه‌ربوون. ئه‌م جوداوازییه‌ى مرۆڤ و ژینه‌وه‌رانى دى هێنده بنجى و جوداكه‌ره‌وه‌یه ڕێ نادا هه‌ردووكیان بچنه ژێر حوكمى یاسا زۆر به‌ناوبانگه‌كه‌ى “گۆڕ‌انى چه‌ند بۆ چۆن” ماته‌رگه‌لى مردوو جگه له مرۆڤ به‌ر ئه‌م یاسایه ده‌كه‌ون. مرۆڤ به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه بۆ ئاكامى هه‌مه‌چه‌شنه‌ى ئه‌و یاسایه له كایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
سه‌یرى ده‌ستووره به ناوبانگه‌كه‌ى “گۆڕ‌انى چه‌ند بۆ چۆن” بكه و به‌سه‌ر مرۆڤ و سروشتی‌دا جێبه‌جێ بكه، له ماته‌رى مردوودا گۆڕ‌انى “چه‌ند” گۆڕانێكى حه‌تمى “چۆن” پێكدێنێ وه‌ك ئه‌وه‌ى، كه ئاوت ساردكرد و گه‌یاندته پله‌ى (سفر) ئاوه‌كه ده‌بێته شه‌خته، ئه‌مه گۆڕانێكى ناچارییه، هه‌ر ده‌بێ ببێت. به‌ڵام له جیهانى مرۆڤدا كاره‌كه ئه‌و وێنه ئالییه‌ى تێدا نییه، له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه له جیهانى ماته‌رى مردوو جودا ده‌بێته‌وه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ى یه‌كدى ناگرنه‌وه:
١. له گۆڕ‌انى “چه‌ند بۆ چۆن”ى مرۆڤایه‌تیدا هێنده هۆكارى كاریگه‌ر و بێ ئه‌ژمار و جودا هه‌ن به كه‌س ناكرێ بزانێ چه‌ندیان له گۆڕانه‌كه به‌شدارده‌بن، چه‌ندیان بێلایه‌نن و چه‌ندیشیان پێچه‌وانه‌ى ده‌بن، له‌به‌ر زۆربوونى هۆكاره نه‌زانراوه‌كان و نه‌زانینى چۆنیه‌تى ڕه‌فتارى مرۆڤ به‌رانبه‌ر ئه‌و هۆكارانه، چونكه گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى ئاكامى هاوكێشه‌یه‌كه هه‌زاران (نادیارى) تێدایه یه‌ك له‌وان و له هه‌مووشیان كاریگه‌رتر بڕیارى مرۆڤه.
٢. گۆڕ‌انى “چه‌ند بۆ چۆن” له مرۆڤایه‌تیدا، سه‌ره‌ڕاى زۆربوونى هۆكارى نه‌زانراو تێیدا، دیسانه‌وه به‌به‌ر حوكمى (نه‌زانراوى) ده‌كه‌وێته‌وه له‌وه‌دا، كه گۆڕانه‌كه ئالى نییه و ڕووى ناچارى له یه‌ك لا ناكات، وه‌ك هایدرۆجین هه‌ر به‌رز ده‌بێته‌وه و ئاویش هه‌ر سه‌ره‌وژێر ده‌ڕوا. گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌وانه‌یه به پێچه‌وانه‌ى هه‌موو لێهزرینێك و چاوه‌ڕوانییه‌ك به‌ره‌و ڕاست، چه‌پ، دواوه یان سه‌ره‌وژوور بڕوات.
٣. گۆڕ‌انى “چه‌ند بۆ چۆن”ى مرۆڤ وه‌ك هى ماته‌رى مردوو نییه له شوێنێ گینگڵ بێ و به‌درێژایى كات تا بێدوایه‌كى دووپات بێته‌وه. گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى به هه‌مان ڕێگه‌ى به‌ره‌وپێشچوونى به‌ره‌ودوا ناگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان نوخته‌ى یه‌كه‌م، وه‌ك گۆڕ‌انى ئاو نییه، له ساردیدا ده‌بێته شه‌خته و به گه‌رمكردن ده‌بێته‌وه ئاو. ئاخر كۆمه‌ڵایه‌تى مرۆڤ، كه پاشه‌كشه ده‌كا ناگه‌ڕێته‌وه هه‌مان پنتى لێوه‌ده‌رچوون، به‌ڵكو به‌شێكى ئه‌دگاره‌كانى به‌ره‌وپێشچوونى له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ره‌ودوا ده‌كێشێته‌وه.
٤. گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و حه‌تمییه‌ته‌ى تێدا نییه، كه له گۆڕ‌انى ماته‌رى مردوودا هه‌یه. ده‌شێ له هه‌موو هۆیه‌كى ماته‌رى گۆڕان په‌یدا بێت، به‌ڵام گۆڕانه‌كه ڕوونه‌دا، چونكه هۆكارى هه‌ره بنجى و كاریگه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى، كه مرۆڤه نایه‌وێ یان ناتوانێ، نازانێ، بۆینالوێ یان ناوێرێ بگۆڕێ. “گۆڕ‌انى چه‌ند بۆ چۆن” كه شرۆڤه‌ى ماته‌ریى وه‌ك ده‌ستوورێكى بنجى دایده‌نێ، ته‌نیا له دوو جیهانى ماته‌رى مردوو و مرۆڤدا ده‌بینرێ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو جوداوازییه بێ ئه‌ژمارانه‌ى له نێوانیادا هه‌یه. به‌ڵام جیهانى ڕووه‌ك و ژینه‌وه‌ران هه‌رگیز به‌ر ئه‌و ده‌ستووره ناكه‌ون. ئاخر ئه‌وان چ نوخته‌ى وه‌هایان نییه به وه‌سفى (ژینه‌وه‌رى) تێیدا بگۆڕێن، مه‌گه‌ر ئه‌و گۆڕانه بیۆلۆگییه‌ى، كه مرۆڤیش تێیدا به‌شداره. گۆڕ‌انى “چه‌ند”ى ڕووه‌ك و ژینه‌وه‌ر هه‌ر له سنوورى “چه‌ندایه‌تى”دا ده‌مێنێته‌وه و نابێ به گۆڕ‌انى “چۆن”.
له‌ڕوانگەی مه‌سعوود محه‌مه‌ده‌وه، ناشێ هه‌رگیز گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ته‌ك گۆڕ‌انى ماته‌رى مردوودا ناوى بێت، چونكه له هیچ ڕوویه‌كه‌وه خزمایه‌تى له نێوانیاندا نییه و نابێت. مرۆڤ لێره‌بوونێكه به ته‌واوى له هه‌موو لێره‌بوونێكى دى جودایه و جیهانى ئه‌و جیهانێكى تازه‌ى بێهاوتایه.
ستاندنه‌وه‌ى ڕۆڵى هه‌ره گرنگى مرۆڤ له گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندندا و به‌خشینى به ماته‌رى مردوو، سته‌مێكى گه‌وره‌یه دژى مرۆڤ و ڕاسته‌وخۆ پایه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى داده‌به‌زێنێ و هێنده‌ى لێكه‌م ده‌كاته‌وه به جۆرێ ده‌بێ به كۆیله‌ى شتێك (ماته‌ر) كه ده‌بوایه ئه‌و كۆیله‌ى بێت. به‌گوێره‌ى هێنانه خواره‌وه‌ى پایه‌شى، به زه‌رووره ماف و پاداشتى كه‌م ده‌بێته‌وه. لێره‌وه‌ش مرۆڤ ده‌بێ به ئامراز و به‌شت ده‌كرێ، ئه‌م شتاندنه‌ش ده‌بێته هۆى داماڵینى مۆركه ڕه‌سه‌نه‌كانى مرۆڤ و كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌ها و ڕۆڵى له ژیاندا. ئاخر مرۆڤ هاوتاى ته‌رمۆمه‌تر نییه به‌گوێره‌ى ساردبوون و گه‌رمبوونى ده‌وروبه‌ر جیوه‌كه‌ى دابكشێ و هه‌ڵبكشێ. به‌ڵام گه‌ر ویستت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى وه‌ها دروست بكه‌ى، كه بڕیارى ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكه‌ى و ڕاست ده‌رچێ، ئه‌وا ئیراده له تاكه‌كانى بستێنه‌وه و بیانكه به “شت”، واتا لە مرۆڤبوونیان بخە.
كۆمۆنیسته‌كان ڕۆڵى تاك فه‌رامۆش ده‌كه‌ن و پتر بایه‌خ به چینى پڕۆلیتاریا و هاڤڕكێى چینایه‌تى ده‌ده‌ن. مه‌سعوود محه‌مه‌د ڕه‌خنه له‌و هزره ده‌گرێ، كه ڕۆڵى تاك فه‌رامۆش ده‌كات و گرنگى به توانسته جیاوازه‌كانى تاكه‌كان نادات و ده‌یه‌وێ سه‌رجه‌م مرۆڤان لێكچوو و بێجیاوازى بن و سه‌ربه ئاپۆره بن. تاك ڕۆڵێكى سه‌ره‌كى له گۆڕان و بزووتنى مێژوودا هه‌یه، ده‌بینى سه‌دان ساڵ تێ ده‌په‌ڕێ بێ ئه‌وه‌ى یه‌ك بزووتنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى گشتى ڕووبدا، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین (تاك) شۆڕشى هه‌ست و هزر یان كرده‌وه و به‌رپاده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵ ده‌هه‌ژێنن، ڕه‌نگه دواى ئه‌وه‌ش، سه‌رله‌نوێ كۆمه‌ڵ بكه‌وێته‌وه بێ ئاگایى و خه‌وێكى درێژى حه‌په‌سانه‌وه، جوڵه‌یه‌كى ئاشكرا نه‌كات له جوڵه‌ى ئاسایى ڕۆژانه‌ى گوزه‌ران به‌ولاوه، كه ئه‌مه‌ش مێژوو دروست ناكات.
مرۆڤ نابێ هۆشڕایه‌ڵى كه‌سانى دیكه بێ و له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ڕابه‌رایه‌تى بكرێ. ئاخر ئه‌وان له‌به‌ر بچوكى ئێمه مه‌زنن، ئه‌و ساته‌ى من و تۆ خۆ به كه‌م ناگرین، ئیدى ئه‌وان ده‌بنه‌وه هیچ. گه‌ر مرۆڤ تواناى نه‌ما و ئیراده‌ى له‌ده‌ستدا و نه‌یتوانى باوه‌ڕێكى تایبه‌ت به خۆى دابمه‌زرێنێ، ئه‌وا له‌نێو مرۆڤه ئازاده‌كاندا، كه توانستى هه‌ڵبژاردنیان هه‌یه جێى نابێته‌وه.
مه‌سعوود محه‌مه‌د، ڕه‌خنه له‌و كه‌سانه ده‌گرێ، كه خودان دۆگمێكى پۆله‌تیكى، ئیدیۆلۆگى یان فه‌لسه‌فین و به‌ته‌واوى پابه‌ندن پێیانه‌وه، ده‌یانه‌وێ سه‌رجه‌م مرۆڤان بخه‌نه ژێر ڕكێفییه‌وه. مرۆڤ وه‌ها ڕابهێنن، خۆشه بكه‌ن و بجۆرێنن، تاكو له‌ته‌ك بنه‌ما و پێشمه‌رجه‌كانیاندا بگونجێن، بۆ ڕاستاندى تیۆرییه‌كانیان، نه‌ك سه‌لماندنى هه‌ر هه‌ڵه و كه‌مایه‌سییه‌ك، كه ده‌شێ له‌م دۆگم و ئیدیۆلۆگییانه‌دا هه‌بن. مرۆڤ له ئه‌زموونى چاكه نومره‌ى ده‌رچوون وه‌رگرێ باشتره نه‌ك مرۆڤ تێكبشكێ و فه‌لسه‌فه (ئیدیۆلۆگى) سه‌ربكه‌وێ. نابێ تیشكى فه‌لسه‌فه وه‌ك شه‌وقى گڵۆپى نیۆنى سه‌وز و سور ده‌وروبه‌رى خۆى به ڕه‌نگى خۆى ڕه‌نگین بكات، به‌ڵكو ده‌بێ فه‌لسه‌فه تیشكێكى بێلایه‌نانه بخاته سه‌ر ڕیالێتى تا ڕاستى و نهێنییه‌كانى ده‌رخات. ئه‌گه‌ر وا نه‌كات، به هه‌ڵه‌ماندا ده‌بات. هه‌زار فه‌لسه‌فه و ئیدیۆلۆگى به قوربانى یه‌ك مرۆڤ بێت. بۆ مه‌سعوود محه‌مه‌د مرۆڤ باڵاتر و به‌هادارتره له هه‌ر فه‌لسه‌فه (ئیدیۆلۆگی)یه‌ك، ئاخر گه‌ر مرۆڤ نه‌بێ، ئه‌وا هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌كیش له‌گۆڕێ نابێ، فه‌لسه‌فه (ئیدیۆلۆگى) داهێنراوى مرۆڤ خۆیه‌تى، كه‌واته چۆن ده‌شێ داهێنراو له داهێنه‌ر باڵاتر بێت و داهێنه‌ر كۆیله‌ى داهێنراوه‌كه‌ى بێت.
مه‌سعوود محه‌مه‌د، ڕه‌خنه له‌و نه‌ریت و ترادیسیۆن و هزره پیاوسالارییه ده‌گرێ، كه سته‌م له ژن ده‌كات، ده‌یچه‌وسێنێته‌وه و به مرۆڤى پله دووى داده‌نێت. ئه‌و سته‌مه به خراپتر و بێبنه‌ماتر له هى بێگانه داده‌نێت، چونكه ژن كه‌رتێكى دوو كه‌رتى مرۆڤه، ته‌واوكه‌رى پیاوه و ئافرێنه‌رى مرۆڤایه‌تییه.
دەرەنجام
لە دەرەنجامدا، بۆمان دەردەکەوێت کە مەسعوود محەمەد فەلسەفەکەی خۆی لەسەر بنەمای ویستی ئازادی مرۆڤ دامەزراندووە. هەروەها ڕەخنەی ئەو ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنەوەیە دەکات کە مرۆڤ وەک ئامراز بەکاردەهێنێت و لە مرۆڤبوونی دەخات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆی مرۆڤ بەکاردەهێنێت. ئەو ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیاکانی وەک مارکسیزم، کۆمۆنیزم، ماتریالیزم، ناسیۆنالیزم و بەعسیزم دەکات. هەوڵی گەڕاندنەوەی ئیرادە و ویستی ئازاد بۆ مرۆڤی کورد دەدات، کە لەژێر ڕکێفی ئەو ئایدیۆلۆژییانەدا لە مرۆڤبوون خراوە و بێئرادەکراوە. ئەو وەک بوونەوەرێکی هۆشەکی خاوەن ویست و ئیرادەی ئازاد لە مرۆڤ دەڕوانێت کە بەرپرسیارێتی مۆڕاڵی بەرانبەر کردار، هەڵبژاردن و بڕیارەکانی هەیە.
ته‌واو
سه‌رچاوه‌كان
١. مه‌سعوود محه‌مه‌د: مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر، به‌رگى یه‌كه‌م، چاپخانه‌ى كۆڕى زانیارى كورد، به‌غدا 1977.
٢.مه‌سعوود محه‌مه‌د:مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر، به‌رگى دووه‌م، چاپخانه‌ى كۆڕى زانیارى عێراق، به‌غدا 1984.
٣.-:
مه‌سعوود محه‌مه‌د: مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر، به‌رگى سێیه‌م، ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م، سلێمانى 1999.
٤. مه‌سعوود محه‌مه‌د: حاجى قادرى كۆیى، به‌شى 1 و 2 و 3، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاراس، چاپى دووه‌م، هه‌ولێر 2011.
٥.مه‌سعوود محه‌مه‌د:بۆ ئه‌میرى حه‌سه‌ن پوور له هه‌ر كوێیه‌ك بێت، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاراس، چاپى دووه‌م، هه‌ولێر 2011.