شکۆفە

Loading

 

پەنجەرەیەك بكەرەوە بۆ ڕوانینم
تا شكۆفەی بەهارێكی نوێ‌ ببینم
پایز زوو تەمەنی كوشتم، ئەندێشەی ئاڵم بیرچۆوە
شەوگار بەرگی تەنیاییم بوو،
بۆ هەمیشە ڕژایە نێو ڕۆژگارمەوە

پەنجەرەیەك ڕۆشنتر بێ‌
لە نیگای پاكی منداڵیی
دەلاقەیەك واڵاتر بێ‌
لە هەناسەی دایكایەتی، لە چاوی گەشی ئازادی

ئەی شكۆفەی میهرەبانیی
كە تۆ بۆنی گوڵەكان بیت
بە خەونی باخچەم ئاشنا كە
كە ئاسودەیی فڕین بیت
بە زمانی پاسارییەكان خۆشنودم كە
بە تنۆكەی جاویدانی نەرمە باران

پەنجەرەیەك بكەرەوە بۆ ڕوانینم
تا شكۆفەی بەهارێكی نوێ‌ ببینم
ببە بە خۆر بۆ درەختی نائومێدیم
بە ئامێزێك بۆ ساڵانی وشكە لاویم
بەو چاوانەی ڕابردووم بیربەرێتەوە
بە سەدایەك ژیانم بەبەر بێتەوە

 

پەنجەرەیەك بكەرەوە بۆ ڕوانینم
تا شكۆفەی بەهارێكی نوێ‌ ببینم
ئەو بەهارەی شێوەی هەتاوی گرتووە
پەلكەزێڕینەی هیوایە و نیشتمانمی هەڵگرتووە

 

پەنجەرەیەك بكەرەوە بۆ ڕوانینم
تا شكۆفەی بەهارێكی نوێ‌ ببینم
پەلم بگرە بەرەو خەونێ‌
سپێدە بێ‌ دێڕەكانی
بەرەو دڵێ‌، بەهەشتی بێ‌ ترپەكانی