ئارسەر ڕامبۆ و کۆمۆنەی پاریس

شۆڕش و گەڕەیدەیی، گەڕانی ڕۆمانسیەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە بەدووی بۆهمیەتدا 


Loading

ئیسماعیل حەمەئەمین

شۆڕش و گەڕەیدەیی

ئارسەر ڕامبۆ و گەڕانی ڕۆمانسیەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە بەدووی بۆهمیەتدا 

 

 ئیسماعیل حەمەئەمین

 

ڕۆشنگەری منداڵانی خۆی دەخوات،  ئەمە گووتەیەکی بەناوبانگە لە شۆڕشی فەڕەنسیەوە، ئەو ساتە  گوترا کە شۆڕش یەک لەدوای یەک ڕۆڵەکانی خۆی دەخوارد، کاتێک (مارا) دەبێتە یەکەم کەس (ڕۆپسپێر) بە ( سەپەڕێنەر)  کە بە گیلۆتین ( Guillotin) ناسراوە، سەری دەچێتە نێو سەبەتەکانی شۆڕشی فەڕەنسیەوە. لەدوای ئەوە، دیارە (ڕۆپسپیر) و چەندانی دیکە سەریان دەپەڕێنرێت، نەوەی نوێی کۆتایی سەدەی هەژدە و  سەدەی نۆزدە  لەنێو ئەم هەرایەدا، لەنێو ئەم هەموو سەرەپەڕێندراو و خەونە نوێیانەدا بەدووی ماناکانی ژیاندا دەگەڕان… (ئارسەر ڕامبۆ) کە نەوەی دووهەمی شۆڕشی فەڕەنسیە لەم فەوزایەدا و لەبەردەم ڕۆحی سەدەیەکی نوێی پڕ خوێن و جەنگی ڕۆشنگەرە سیاسیەکانەوە خەونی بەنوسینی شیعرەوە دەبینی…

گیولۆتین – guillotine

لەم ساتە وەختەدا دووفیگوری شیعریمان دێتەوە یاد، کەئەویش هەردوو شاعیری فەڕەنسین، یەکەمیان (ئارسەر ڕامبۆ ١٨٥٤ـ١٨٩١)  دووهەمیان (پاول ڤرلین١٨٤٤ـ١٨٩٦ )، ئەم دووفیگورە بەڕای من نوێنەری گەڕان بوون بەدووی شوناسێکی ئیندیڤیدوالیدا. هەرچەندە هەردوو شاعیرەکە، بەتایبەت (ئارسەر ڕامبۆ) لە تەمەندا گەنجێکی هەرزەکاری داهێنەر بوو، بەڵام (پاول ڤێرلین) لەشاعیرە کامڵ و ناودارەکان بوو. هەردووکیان پەیوەندیەکی سێکسوالی هۆمۆیی کۆی دەکردنەوە وەک چۆن لە هەڵاتنیان لەفەڕەنسا و ژیانی لەندەنیان ئەم پەیوەندییە پڕ دەبێت لە نیگەرانی و ئیرەیی و ئازاردانی یەکیتری… بەڵام جگە لەم پەیوەندییە هۆمۆسێکسوالە  هەردووکیان بانگەشە بوون بۆ ژیانی (بۆهیمی) وگەڕیدەیی لەدژی مانەوە لەشوێنێکدا، کە ئەمەش ئەقڵیەتی گوند وئۆرۆستوکراتیەتی فەڕەنسی چەسپاندبووی.

لەشێوە ژیانی ڕامبۆییدا خەوتن لەکێڵگە تەڕ و شێدارەکاندا دەبێتە نەریتی مرۆڤێک، کە چیتر وابەستە نییە بەگوندەکەیەوە، بەجڤاتەوە، بەشاری بچوک و بنەماڵەوە، بەخوا و پاشاوە، بەڵکو وابەستەیە بەسروشتی جیهانەوە، بەخۆیەوە، بەتەنهایی خۆیەوە وەک تاکێک لەنێو جیهاندا. سەفەر لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە بەبێ مەبەست، بۆ گەڕان وگەڕیدەیی و گەڕان بوو بەدووی مانای نوێ لەجیهاندا، ڕامبۆ لەم گەڕانەیدا بەنێو شارەکاندا، سەرەڕای ئازاری گەورەی بێپارەیی و ئازاری دەروونی، جوانترین شاکارە شیعری پێشکەش بەجیهان کرد،  گەڕەیدەیی و بۆهیمیەت لەگەڵ ڕامبۆدا بوو بەڕیتوالێکی شیعری.

(ئارسەر ڕامبۆ) داهێنەرێکی گەورەی شیعری فەڕەنسی بوو، ژیانی شیعری ئەو لەچەند ساڵێکدا پڕ بەرهەم بوو، بەڵام ئەم چەند ساڵە تەواوی دەموچاوی شیعر لە فەڕەنسادا دەگۆڕێت. گەر ڕەخنەگرەکان (ڕامبۆ و مارلامێ و پاول ڤرلین) بەداهێنەری (سومبولیزم) لەشیعردا کاتیگۆریزە و دەستنیشان بکەن، یان خانەبەندیان بکەن لەو قوتابخانەیەدا، ئەوا من پێموایە (شێوازی ژیانی) ئەوان وەک (شاعیرێک لەجیهاندا) یان وەک (نوسەرێک لەجیهاندا)  خاڵێکی سێنتراڵە. بۆ نموونە؛  یەکێک لەسیفەتە دیارەکانی (ئارسەر ڕامبۆ) ئەوەبوو کە نەیدەتوانی پابەند بێت بەشوێنێکی دیاریکراو. ئەم شاعیرە لە زەمەنێکی پڕ فەوزای سیاسیدا دەژیا، زەمەنێک ئەوروپا لەبەردەم خەونی نوێی خۆیدا بوو، لە دوای شۆڕشی فەڕەنسی لە( ١٧٨٩ـ١٧٩٩) لەبەردەم جەنگی نێوان نۆرمەکانی ڕۆشنگەری و نۆرمەکانی کڵێسا و قەیسەرەکاندا بوو. ئەم جەنگە پابەند بوو بەخەونی نەوەی نوێ بەدونیایەکی دیکەی پڕ “یەکسانی و برایەتی و دادپەروەری“ دەبینی، هەر ئەم خەونەیە کە (ڕۆمانسیەت) وەک تەوژمێکی سیاسی و فەلسەفی و هونەری و شیعری دەخوڵقێنێت، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەمان نۆرم و بەهای نوێن کە ئەوروپا جارێکیتر لەخوێندا نقوم دەکات. ئەوروپا جەنگی نوێ دەبینێت بەخۆیەوە کە جەنگی میرەکان نییە لەنێو خۆیاندا، بەڵکو جەنگی (ڕۆشنگەرە سیاسیەکانە) لەگەڵ میرو قەیسەرەکاندا، لەگەڵ جەنگی نوێی نێوان (ناپلیۆن پۆناپارت) و قەیسەرەکاندا،  گەڕان بەدووی (ڕۆشنگەری ڕۆمانسیدا) لەڕۆحی شیعردا لەدایکدەبێت.

(شتێڤان تسڤایک- Stefan Zweig ) نوسەری  ئەڵمانی لە کتێبی (شەڕکردن لەگەڵ خێودا؛ هۆڵدرلین، کلایست نیتچە*) ئاماژە بەو  فەوزا سیاسیە دەکات، کە ڕۆمانسیەت بەخۆیەوە بینیویەتی. ڕۆشنبیران و فەیلەسوفان لەم جەنگەدا هەندێک جار لایەنگر و هەندێک جاریش پڕخەون و هەندێک جار نائومێد دەبن لەڕۆشنگەری خۆی.  بۆ نموونە؛ فەیلەسوفیکی گەورەی وەک  (هێگڵ) لەم فەوزایەدا ناپلیۆنی لێدەبێتە ( ڕۆحی جیهان لەسەر ئەسپێک ) هەروەها  (شیلەر و گۆتە)  خەون بە ڕۆشنگەریەکی ئەڵمانیەوە  دەبینین لەسەر شێوازی مۆدێلە فەڕەنسیەکە، بەڵام بە بێ گیلۆتین و سەرپەڕاندن و توندوتیژی. ئەوان   لەنێو ڕووداوەکاندا خەونی نوێ بەرهەمدێنن کە خەونی ڕۆمانسیەکانی نەوەی دووهەمی شۆڕشی فەڕەنسیە…  لای (تسڤایک) کە باسی شاعیری ئەڵمانی (هۆڵدرلین) دەکات، باس لەو ئاژاوە سیاسیە ڕۆشنگەرییە دەکات، کە ئەم هەموو خەونە سیاسیە بە داهاتوویەکی نوێ، فەوزایەکی گەورەی لە ڕۆحی ئەوروپادا بەرپاکرد بوو. بەڕای (تسڤایک) سەدەی هەژدە “سەدەی پیرەکان بوو، سەدەی ڕۆسۆ و هایدن و لایبنز و کانت بوو … ١. ل٢٢“  بەڵام سەدەی نۆزەدە لای نوسەر و ئیسایست و چیرۆکنوسیکی وەک (تسڤایک) سەدەی نائومێدی گەنجان بوو، لەمبارەیەوە دەڵێت؛ “سەدەی نوێ ، سەدەی نوزدە، گەنجەکانی خۆی خۆشناوێت …١. ٢١ “.

دیارە لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە (ئارسەر ڕامبۆ) و (پاوڵ ڤێرلین) کوڕی سەدەی نۆزدە بوون، ئەم سەدەیە بەدەست فەوزا سیاسی و زۆرانبازیەکانی ناپلیۆن پۆناپارتەوە  دەیناڵاند، ڕۆحێکی تازە لە ئەوروپادا لەدایکبوو، کە دەبوایە سیاسەت و ململانێیەکانی بەزۆرملێی ڕابکێشتە نێو جیهانەوە. بەڵی ئازیزان زۆرجار قۆناغێکی نوێی ژیان لەئارادایە، لەبەردەماندا خۆی ڕادەکێشیت، بەڵام جەستەیەکی قورسە و دەبێت لە نادیارەوە ڕایکێشینە نێو دیار و  ئامادەی بکەین لەنێو خۆماندا. زۆرجار قۆناغە تازەکانی ژیانی خۆشمان بەقورسی وهەنگاوی خاوەوە جێگە بەژیانی کۆنینە دەگرێتەوە، هەربۆیە دەبێت ئێمە ڕۆحی سەدەیەکی نوێ، قۆناغێکی نوێ وەها بناسینەوە کە سەرەتا بێزارمان دەکات، چونکە شتە کۆنینەکان لە شوێنی خۆیان نامێنن، چیتر ڕۆژ لەو کەلەوە هەڵنایەت کە سەدەی ڕابوردوو لێوەی هەڵهاتووە. ئاوەها ڕۆحی قۆناغە نوێیەکانی ژیان، خاوەنی خۆری خۆیەتی، خاوەنی هەناسەی خۆیەتی، خاوەنی جوڵەو ژیانی خۆیەتی… کاری ڕۆشنبیر ئەوەیە ئەم سەدەیە بانگەشە پێبکات و بیکاتە دیار، بەڵام لەگەڵیشیدا هەموو هێزەکانی دونیای کۆنیە تێکدەچێت، لەبەرئەوە سەدەی هەژدە ڕاستە سەدەی (پیرە لەسەرخۆکان) بوون، وەک ( شتێڤان تسڤایک) ڕەخنەی لێدەگرێت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەم ڕایە من پێموایە؛  ئەو فەوزایەی لە ئیدیای پیرە لەسەرخۆکانی وەک (ڕۆسۆ و ڤۆلتێر و مۆنسیکیۆ و  کانت و هێگڵ و بۆدلێر و هۆگۆ..هتد) درەوشایەوە، ڕۆمانسیەتی خوڵقاند، ڕۆمانسیەت وەک مژدەیەک بەمرۆڤیکی نوێی پڕ نیگەرانی. لەسەدەی نۆزدەوە شاعیران وبیرمەندانی  وەک (شیلەر و بایرۆن و گۆتە و شۆبنهاوەر و پۆشکین و ڕامبۆ و ڤرلین و مارلامێ) و زۆری دیکە، لەنێوان ڕۆمانسیەتی شۆڕشگێڕانە و خەونەکانی ڕۆشنگەراندا بێ ئۆقرەیی و نائارامی هەڵدەبژێرن. بەڵام لەم بێئۆقرەییەوە مرۆڤیکی نوێی بە کێشەبەندیەکانیەوە لەدایکدەبێت، بەجۆریک، کە چیتر وێنەی مرۆڤی سەدەکانی ناوەڕاست توانای گەڕانەوەی نییە بۆ نێو ژیان. ئاوەها دونیا بۆئەبەد ماڵئاوایی لەتارماییەکانی سەدەی ناوەڕاست دەکات، مرۆڤی نوێ بەنیگەرانی گەورەوە لەدایکدەبێت، ئەمجارەیان مرۆڤیک بێ پەناگەی خواوەند و بێ ئاین و بێ پاشا و بێ گوند، بەتەنها وەک بۆهیمیەک بەنێو کیشوەرەکاندا گەشتی خۆی دەستپێدەکات، ئەم بۆهیمیە، ئەم گەڕیدەیە، ڕۆحی ڕۆمانسیەتێکی نیگەرانە، بانگەشەی سەدەیەکی نوێ دەکات، کەسەدەی بیستە، ئەم سەدەیەش وەک هەمووان دەزانین پڕبوو لەخەون و داهێنان و جەنگی ترسناک.

دیارە نابێت ئەوە لەبیر بکەین وەک (شتێڤان تسڤایک ) باسی لێوەدەکات، زۆربەی ئەم نوسەر و شاعیرانەی ناوەڕاستی سەدەی هەژدە، کە لەدوای شۆڕشی فەڕەنسیەوە دێن و لە ڕۆحی سەدەی نۆزدەدا جێگیردەبن، لەنێو فەوزای ئەم بەجێهێشتنی ڕۆحی سەدەی پیر و سەدەی نوێ تووشی تراوما و نەخۆشی دەروونی دەبن. بۆ نموونە (پۆشکین) لە شەڕە دەمانچەیەکدا دەکوژرێت، (لۆرد بایرۆن) خەونی ڕزگارکردنی (یۆنان) لە ژێر دەست (تورکی عوسمانی) دەکاتە ئامانجی و بەگەنجی لەسەر دوورگەی(Mesolongion) دەمرێت. بێگومان دوای ئەوەی  ئەم شاعیرە (لۆرد بایرۆن ) بەخۆی و  دووهەزارو پێنج سەد پیاوەوە دەگاتە یۆنان بۆ خەبات لەپێناو ڕزگارکردنی یۆناندا.

 

بایرۆنی شاعیری گەنج لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک، لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، لەڕاکردنیەوە لەخێزانە هەرە دەوڵەمەندەکەی (بایرۆنەکان) بەدووی خەونێکدا دەگەڕێت، پارە و هێزو توانای خۆی بۆ خەونی ئازادی تەرخاندەکات. ئاوەها ئازیزانم ڕۆشنگەری فەوزایەکی گەورەی لەڕۆحی نەوەی نوێدا دروستکردبوو، کەئەمسەر تائەو سەری ئەوروپای لەدەست حوکمی ئۆرستۆکراتیەت و لەدواجاریشدا یۆنانی لەدەست (خیلافەتی عوسمانی) ئازادکرد. بەمشێوەیە شاعیرەکان  کوڕی سەدەی خۆیان بوون،  لەنێوان خەونی ڕۆشنگەرانەی (پیرە لەسەرخۆکان ) و ( گەنجە نائومێدەکان) دا شێوازی ژیانی بۆهیمی و گەڕیدەیی بەدووی ماناکانی ژیاندا دەبێتە بازنەکانی ژیانی کولتوری سەدەی نۆزدە، کە مێرمنداڵێکی وەک (ئارسەر ڕامبۆ)ی تێدا گەورە بوو.

شۆڕش شەمەندەفەرێکی هیلاک

شۆڕشەکان هەرگیز ناگانە ئامانجی خۆیان، شۆڕش شەمەندەفەرێکە هەرگیز ناگاتە وێستگەی خۆی، بەڵکو تاوەکو پیردەبێت لە وێستگەی ترسنۆک و شێت و دزەکاندا دەگیرسێتەوە. لەواگۆنی شۆڕشدا، لەواگۆنی پێشەوەی شۆڕشدا خەوبینەرەکان دەبینین بەگەرم و گوڕیەکی گەورەوە لە دواوێستگە دەڕوانن. لە واگۆنەکانی دیکەدا؛ سیخورەکان، دەستبڕەکان، دزەکان، ترسنۆکەکان، لەشفرۆشەکان،  زمان لێدرەکان، ڕاپۆڕتنوسەکان، کاسە لێسەکان، قۆشمەکان، دەمپانکەرەوکان، مەسینەهەڵگرەکان، تەنیشت مەنجەڵەکان،  بێدەنگ و کڕ داینشتوون، چاوەڕێی گەیشتنی شۆڕشن بەدوا وێستگەی سەرکەوتنی سیاسی و دەسەڵاتخوازی… لەهەمانکاتیشدا، وەک کرمی مشەخۆر لەوە دەڕوانن لەکوێدا شۆڕش پەکیدەکەوێت و خاودەبێتەوە، بۆئەوەی ئەوان بەدزیەوە یەک لە دوای یەک دابەزن وبچنە بەرەی دژە شۆڕشەوە، یاخود کەی  شۆڕش سەردەکەوێت بۆئەوەی ئەوان بەورووژم بەرەو فارگۆنی خەوبینەر و نوسەر و شۆڕشگێڕەکان بڕۆن. بەستایش و شێوازە ناشرینەکانیان جێگەیان پێ لێژبکەن، ئەمانە هەمیشە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکان ترسنۆکانە بەری ڕەنجی شۆڕش بۆ خۆیان دەبەن. مێژووی  شۆڕش  هەروابووە، هەمیشە لەکاتی هەڵایسانیدا ژن و پیاوە ئازاکان پەروەردەی دەکەن و ترسنۆکەکان بەرەی دەخۆن. لەوەتەی مێژووی مرۆڤایەتی هەبووە شۆڕش ئەکتێک بووە  بۆ خەونبینین، بەڵام هەرگیز ئەکتێک نەبووە بۆ بەدیهێنانی خەون.

لەدوای شۆڕشی فەڕەنسی، لەدوای ئەوەی پیاوە بچوکەکەی شۆڕشی فەڕەنسی کە ناوی (ناپلیۆن پۆناپارت) بوو، شۆڕشی فەڕەنسی بۆ قازانجی خۆی بەکارهێنا، لەشۆڕشێکەوە کە دژی دەسەڵاتی پادشاهی و کڵێسا بناغەی خۆی دامەزراندبوو، لە شۆڕشێکەوە کە (ژان ژاک ڕۆسۆ) و( ڤۆلتێر) و (کانت) و (مۆنتیسیکۆ) و چەندانی دیکە، بەڕۆشنایی بیری خۆیان تێزبەندیان کردبوو. چەندەها ژن و پیاوی ئازا پەلاماری حوکمی تاریکی لویسی شازدە و پادشایەتی و بەگزادەیی ناشرینیاندا و قەشەیان لەچەقی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەرکرد، کە تاوەکو ئەو کاتە پسوڵەی بەهەشت و پاکبوونەوەیان بەهەژاران دەفرۆشتەوە. شۆڕش سەردەکەوێت، بەڵام زۆر نابات ترسنۆکەکانی وەک (مارا و ڕۆپسپێر) چەندانی تر، لەواگۆنەکانی پشتەوە دێن و شۆڕش بەئاڕاستەی گەورەکردنی هێزی خۆیان ئاڕاستە دەکەن. لەدوایدا تیرۆر بەرهەمدێنن و سەری یەکتری  دەپەڕێنن، (مارا) یەکمجار سەری دەپەڕێنرێت و لەدواجاریشدا (ڕۆپسپێر). لەم نێوەندەشدا ئەو ئەفسەرە باڵا کورتە پڕ گرێ دەروونیەی کە ناوی (پۆناپارت)ە،  دێتە سەر حوکم و لەپێچێکدا دەیەوێت  شۆڕش بەرەو وێستگەی بەرژەوەندیەکانی خۆی ئاڕاستە بکات، خۆی دەکات بە قەیسەر و ڕۆشنگەران دەخاتە بەندیخانەوە و سەریان دەپەڕێنێت و لەدواجاریشدا لەلایەن پاشا و میرەکانی ئەوروپاوە بەدووی دانپێاندا دەگەڕا . دوای دۆڕاندنی لەشەڕی (واتەرلۆ) لەسەر دوورگەیەکی ئینگلیزیدا بەنەفیکراوی دەمرێت…ئاوەها جەهەنەمێک لەفەڕەنسا باڵدەکێشیت بەسەر ئاسمانیدا کەپڕێتی لەنائومێدی، وەک لەوەو پێش ئاماژەماندا بەقسەیەکی فەیلەسوفی ئەڵمانی (پێتەر سڵۆتەردایک) دەربارەی ناپلیۆن، بەوەی؛   (پۆناپارت ) لەدوورگەیەکی بچوکەوە دێتە نێو شۆڕشەی فەڕەنسی و لەسەر دوورگەیەکی بچوکیش بەنەفیکراوی دەمرێت.

 بۆهیمەت لەنێو شۆڕشدا 

لەنێو ئەم هەرایەدا (ئارسەر ڕامبۆ) ی گەنج و مێرمنداڵ بەدووی شیعردا دەگەڕا، بەدووی شاری گەورەو و (ژیانی پاریسی) بۆئەوی مێرد منداڵ کەتازە دەبێت بەشانزە ساڵ،  شارێکی بچوکی وەک شارڤێل (Charleville) کە تێدا  گەورە بووە و خانەوادەکەی تێدا دەژین، لای ئەو بچوک و بچوکتر دەبێتەوە، دەبێت بەدەمی بوتڵە شوشەیەکی تەسک… من پێموایە لای (ئارسەر ڕامبۆی) مێرد منداڵ، هەرزەکار،  هەموو ئەو خەونانەی لە دوای شکستی شۆڕشی فەڕەنسی کەشی دونیا پڕدەکەن، هەموو ئەو (زارەترەکیە سیاسیە ) و تیرۆرەی پراکتیزە دەکرێت،  هەموو ئەو (خەونە بەدواڕۆژی یەکسان)  و هەموو خەونەکان بەئازادی هەڵدەگەڕێنێتەوە بۆ جۆرێک لە گەڕان بەدووی  ئارامی، هێوریی تاکڕەویی و ئیندیڤیدوالی. ئەم پەناگە سوبێکتیڤە لە گەڕان بەدووی بەختەوەری  شیعریدا دەۆزێتەوە و خۆی لەبۆهیمیەتدا دەبینێتەوە، کە گەڕانە بەدووی مانایەکی نوێ لەنێو خەراباتێکی پڕ شکستی شۆڕشدا. لێرەوە (ئارسەر ڕامبۆ) ئەم پەناگایە لە سمبۆلیزمدا دەبینێتەوە، بەمەش (ئارسەر ڕامبۆ) بەم بۆهمیەتیەوە، دەبێتە یەکێک لەدامەزرێنەرانی سمبۆلیزم لە شیعردا…

کاتێک (ناپۆلیۆنی سێهەم) لە ساڵی ١٨٧٠ دا بڕیاری جەنگ دەدا لە دژی ئەڵمانیای پڕۆیسی، هەر خێرا (ئارسەر ڕامبۆ) زێدەی لەدایکبوونی بەجێدەهێڵێت. ئەڵمانەکان دێنە نێو فەڕەنساوە و نێزیک دەبنەوە لە پاریس، لەدواجاریشدا پاریس داگیردەکەن و بەڕێکەوتنامەیەک دەکشێنە دەرەوەی پاریس، لەوێ دەمێننەوە. (ناپلیۆنی سێهەم) زۆر زوو ملدەدات بۆ ئەڵمانەکان و لەو ساتەوەختەدا (کۆمۆنەی پاریس) دەبێتە لانکەی بەرگی و لە مارسی  ١٨٧١ دا لە پاریس (کۆمۆنەی پاریس) دەرئەنجامی دۆڕاندنی (ناپلیۆنی سیهەم) و ملکەچی خۆی بۆ ئەڵمان و قەیسەرانی ئەوروپا پێکدێت،  بێگومان وەک ئەکتێک بۆ بەرگریکردن لەنۆرمەکانی شۆڕشی فەڕەنسی، لەدروشمەکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتی. بەمجۆرە، (کۆمۆنەی پاریس)  شاری پاریس دەکاتە شاری مەتەرێزەکان، لەهەموو شوێنێک سەنگەر لێدەدرێت و مەترێز هەڵدەچنرێت. شۆڕشگێڕەکان حکومەتی خۆیان بەناوی (کۆمۆنەی پاریس) پێکدێنن، دیسانەوە دونیا پڕدەبێتەوە لە خەون بەدواڕۆژیکی یەکسان، دیسانەوە جادەکانی پاریس پڕدەبێت لە ڕۆشنگەری و دڵگەرمی. هەرچەندە (ئارسەر ڕامبۆ) لەو تەمەنە هەرزەییەدا بەشدارە لە کۆمۆنەدا، بەڵام ئەم بەشداربوونەی ئەو، هیچیتر نییە جگە لە گەڕانی ئەو نەبێت بەدووی بەختەوەری و ئارامیدا، بەدووی شیعردا. ئەم کۆمۆنەیە زۆر زوو سەرکوت دەکرێت و لەبەردەم هێزی گەورەی ئەڵمانە پرۆیسیەکان و جاشە فەڕەنسیەکانیاندا خۆی ناگرێت. جادەکانی پاریس دیسانەوە خۆێنی نوێیان لێ دەچۆڕیتەوە… دوای دوومانگ ئەم کۆمۆنەیە، (کۆمۆنەی پاریس)  دەڕووخێت، جادەکانی پاریس سوور دەبن بەخوێنی شۆڕشگێڕانی کۆمۆنە.

 

 

كۆمۆنه‌كانی پاریس دوای گولله‌بارناكردنیان له‌ تابوتدا ١٨٧١
Erschossene Kommunarden vom 28. Mai 1871 in Särgen

 

ڕاستە  خەون بە ڕۆشنگەریەوە،  لەڕوی سیاسی و دەسەڵاتەوە شکست دەخوات، بەڵام وەک خێوێک بەئاسمانی ئەوروپادا دەسوڕێتەوە و ئەوروپای سەدەی ناوەڕواست  بۆ ئەبەد دەگۆڕێت بۆ ئەوروپایەکی دیکە… بەڕای من بەشداری (ئارسەر ڕامبۆ) لەکۆمۆنەی پاریس  لەخولیایەکی گەورەی شیعرەوە بووە، نەک سیاسەت و شۆڕسگێڕی، هەرچەندە شۆڕسگێڕی خۆی لەخۆیدا شاعیرێتیە لەفۆرمێکی دیکەدا. بەڵام بۆ ڕامبۆ شۆڕشگێڕی   مانای گەڕان بوو بەدووی مانایەکی نوێی بەختەوەری، بێگومان لەڕێگەی بۆهمیەتی، گەڕیدەیی ئەو  بەدووی مانای نوێ لە قەسیدەی شیعریدا.  هەموو ئەمانە هەوڵدان بوون بۆ دەرچوون لە کڵێشە گوندییەکانی شێوازی ژیان، ئەو دەیویست لەسەر زەویەک بێت دوور لەدایکی و مامۆستا و ڕاوێژکار و هاوڕێی (ئیزەمبارد  – Izambard  کە بڕوای بەتوانا شیعریەکانی ڕامبۆ هەبوو. ئاوەها ئارسەر ڕامبۆ ئەم هەرایە  دەقۆزێتەوە لەژێر حونجەتی ئەوەی کە (شارڤێل) شاریکی بچوکە و ڕۆژنامە و دیوانەکانی (پاوڵ ڤرلین)ی پێ ناگات سواری شەمەندەفەر دەبێت بەرەو پاریس. لەوێ لەبەرئەوەی تەمەنی منداڵە و بلیتی پێ نییە، دەستگیردەکرێت تاوەکو (ئیزەمبارد)ی مامۆستای بەهانایەوە دێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ شارە بچوکەکەی. بەڵام دووبارە ئۆقرە ناگرێت و دیسانەوە هەوڵدەدات دوور لەو شارە بچوکە بژی و سەفەرێکی کورت دەکات بۆ بەلجیکا، بەنیازی  ئەوەی لەوێ کاری ڕۆژنامەوانی بکات، بەڵام لەوێ لەبەر تەمەنی هەزرەیی لە هیچ شوێنێک وەرناگیرێت. هەرچەندە (ڕامبۆ) بەتوانا بوو لەبواری نوسیندا، بەڵام کۆنزەڤاتیزم لە تەمەن و خانەدانی تێدەگات، نەک لە توانا و بەهرەمەندی، ئاوەها سەرکەتوو نابێت لەوەی کاری لە ڕۆژنامەیەکدا دەستبکەوێت، بەدڵشکاوی دەگەڕێتەوە بۆ شارڤێل.

 

 

قەسیدە بۆهیمیەکان 

ڕامبۆی مێرد منداڵ  لەوماوەیەدا جوانترین دیوانە شیعر لەدەفتەرەکانیدا دەنوسێت، هەرچەندە ئەم دوو دەفتەرە لەکاتی خۆیدا لەلایەن دەزگای چاپێکی بچوکەوە کە (دیمێنی – Demen) خاوەنێتی، فەرامۆش دەکرێت، بەڵام کۆی دەفتەرەکانی نزیکەی بیست و دوو ٢٢ قەسیدەی شیعری لەخۆدەگرن. ئەم قەسیدانە لەژیانی شیعری ڕامبۆدا جێگەی ئاماژەکردنە، بۆ نموونە؛   لە قەسیدەی (لە کابارێیەکی سەوزدا ) باس لە بۆهمیەتی و گەڕانی بێهودەیی خۆی دەکات لە نێوان شوێن و ناشوێندا. لەم قەسیدەیەدا ئەم گەنجە هیلاکە بەدەست پیاسەکردن و نائارامیەوە، لەم قەسیدەیەدا بەدووی جێگیریدا دەگەڕێت، هەرچەندە لەدەستیشی ڕادەکات، بەڵام بەدووی ئارامیدا دەگەڕیت، هەرچەندە نائارامی شێوازی ژیانێتی.

قەسیدەی (  نوستووی نێو دۆڵەکە  ( له‌م قه‌سیده‌یه‌دا فیگوری نوستوو یان خه‌وبینه‌ر، ئه‌و فیگوره‌ شیعرییه‌ پڕ لەکەفوکوڵی شۆڕشگێڕانەیه‌، کە دڵگەرمە بۆ دواڕۆژ،  بەڵام وەک گووتمان کەفوکوڵێکی بەسەرچووە، درۆزنانەیە، هەڵخەڵەتێنەرە بەدۆزەکانی دەسەڵات. ئەم شۆڕشگێڕییە دڵگەرمە وەک هەموو ئەو حەماسە وەهایە  کە دواجار بەرەو تیرۆر و نائومێدی ڕێگەدەبڕێت.

لە قەسیدەی (ژووری زستانە)دا  ژوورێکە پڕە لەسمبۆلی ئیرۆتیکی، پڕێتی لە هیوا بەجەستە و چیژی ڕاستەقینەی جەستە، ڕاکردنێکی شیعریانەی  ڕامبۆیە بەرەو سێکسوالێتی وەک ئارامیەکی، وەک جوگرافیایەکی ونبوو لە تیرۆرێک کەهەڕەشەی لەژیان دەکرد…

ئاوەها (ئارسەر ڕامبۆ) لەم قۆناغە شیرینەدا لەنێوان ئەزمونی خۆی بۆ گەڕان بەدووی شاری گەورەدا و جێهێشتنی شوێن و کەشوهەوای سیاسی دوای شۆڕشی فەڕەنسی، و زۆرانبازیەکانی لەنێوان پاریس و شارە بچوک و بەلجیکادا، وەرزەکانی بەدووی خۆیدا ڕادەکێشا.

 

ئارسەر ڕامبۆ – شاعیری بۆهمی فەڕەنسی – قوتابخانەی سومبولیزم ١٨٥٤ -١٨٩١
Arthur Rimbaud (; 20 October 1854 – 10 November 1891

هۆمۆسیکسوالیەت و نائارامی شیعری 

 لەدوای قەسیدەی  (نوستووی نێو دۆڵه‌که‌)  کە ئارسەر ڕامبۆی  شاعیری گەنج لە دەفتەرەکانیدا ئەزموونیدەکات، لەم قەسیدەیەدا ئارسەر ڕامبۆ بەدڵگەرمیەوە بەرگری لە شۆڕشی فەڕەنسی و نۆرمەکانی دەکات. لێرەوە قۆناغێکی دیکە لە ڕۆحیدا دەستپێدەکات کە دەتوانم بەقۆناغی (دوای دۆڵەکە)  ناوی بنێم، چونکە قۆناغی (دوای دۆڵه‌که‌) گەڕانە بەدووی  سوبێکتێکی ڕۆمانسی و بۆهیمی. لە ئەزموونی بەلجیکادا  هێشتا  ڕۆحی ئەم شاعیرەمان   پڕێتی  لەهاوارەکانی شۆڕش، لەتیرۆری شۆڕش، و ئەو تیرۆرەی لەزاری پاڵەوانی قەسیدەی نوستوی نێو دۆڵەکە  گوزارشی لەخۆی کرد بوو…بەڵام قۆناغی  دوای دۆڵەکە، قۆناغی بەجێهێشتنی فشەی شۆڕشگێڕەکانە  بۆ گەڕان بەدووی کێشەکانی  خود یان بابڵێین؛ خود    لەگەڵ جیهاندا.

لەدوای (نوستووی نێو دۆڵەکە) و کۆمەڵە قەسیدەیەکی دیکە، ئارسەر ڕامبۆ دەیەوێت قوتاری بێت لە هاتوهاواری شۆڕشگێڕە درۆزنەکان و دۆڵی شۆڕشگێڕەکان جێدێڵێت.  ئەم بەجێهێشتنە دۆزینەوەی ڕەمزیەتە (سومبولیزم) لە شیعردا،  لە فۆرمی گەڕان بەدووی  شێوازە ژیانێکی نوێدا، کە ژیانی  گەڕیدەیی و بۆهیمیەتە، چونکە ڕۆحی شیعر لەهاتوهاواری درۆزنانەی شۆڕشگێڕەکان بێزار بوو، کە جگە لەتیرۆر  و خوێن و درۆ هیچیتری بەمیراتی بۆ نەوەی دوای شۆڕشی بەجێنەهێشتبوو.

 

ئارسەر ڕامبۆ هەوڵدەدات  ئەمجارە وەک شاعیرێک  بێباکانە بەلای دڵگەرمی و  خەونی شۆڕشگێڕەکاندا تێپەڕبێت، چونکە دەیزانی چوونە ناو ئەم گێژاوە، مانای دوورکەوتنەوەیە لە خودی خۆی، لە ڕۆحی شیعر، دوورکەوتنەوەیە لەئازادیە گەورەکە کە ئازادی سوبێکت یان ڕۆحە… بەمجۆرە  ئارسەر ڕامبۆ  بەتەنیشت خەونی ڕۆشنگەراندا ڕێیکرد، بەڵام وەک بۆهمییەکی ئەبەدی،  وەک گەڕیدەیەکی پڕ خەون. لە دوایشدا کە دەبێتە هاوڕێی نێزیکی پاوڵ ڤرلینی شاعیر،  پێکەوە دوول ە نۆرمە کۆنزەڤاتیڤەکان، ژیانێکی هۆمۆسێکوالی و  گەڕان بەدووی نادیار و ناجێگیری و ناشوێن  ئەزمووندەکەن.

 

دیارە دەبێت لێرەدا ئەوەش بڵێین کە (پاوڵ ڤرلین)ی شاعیر  خاوەن پێگەی ئۆرستۆکراتی ڕۆشنبیرانەی خۆی بوو، بەتەمەن لە (ئارسەر ڕامبۆ) گەورەتر بوو، لە خێزانێکی دەوڵەمەند بوو، پیاوێکی ئۆرستۆکراتی بوو بەمانای وشە، بەڵام لە پێچێکدا وەک ئاشقێکی جەستەیی و ڕۆحی هەموو ئەمانە لە بیردەکات و دوای ڕامبۆ  دەکەوێت. بەجۆرێك کە ڤرلین  ئاشقی ڕامبۆ دەبێت و شار بەشار دوای دەکەوێت و هاوسەرەکەی  لە پێناویدا بۆ بەجێدەهیڵێت، بەڵام دیارە لە پلەی یەکەمدا ئەم شاعیرە سەرسام بوو بەو توانا گەورەیەی ئارسەر ڕامبۆی گەنج هەیبوو. گەڕانێک بوو هەردووکیان لەنێو شیعردا بەرەو جیهانی دەرەوەی خۆیان، گەڕانێک بوو بەنێو جەستە و هۆمۆسێکسوالیەتدا لە دژی هیترۆسێکوالی، گەڕانێکی بۆهیمی پڕ حەشیش و ئۆپۆیوم بوو  لەسەر تۆبۆگرافیای جەستە و  بۆ دۆزینەوەی چێژی دیکە لە دونیای شۆڕش و جەنگەکانی ئەوروپادا، کە  هیچ چێژێکی وەک خۆی نەهێشتبۆوە. لەدوایدا، ئەم گەڕانەیان بەدووی بەختەوەری بەوە تێکدەچێت، کە ڤرلین هەوڵدەدات ئارسەر ڕامبۆ  بکوژێت و ڕامبۆ  بریندار دەبێت، ئەمەش بۆئەبەد هاوڕێیەتی ئەم دووانە دەترازێنێت. ئارسەر  ڕامبۆ  تەنها چەند ساڵێک دەنوسێت،  چەند ساڵێک  خەوندەبینێت،  لە هەژدە یان بەهەڵەدا نەچووبێتم  لە نۆزدە ساڵیەوە واز لەشیعر دێنێت.

ئاوەها ڕۆشنگەری (بۆهمییەت) بەرهەمهێنا، کەب ەڕای من جارێکیتر لە بزوتنەوەی ١٩٦٨ خوێندکارانی پاریسدا سەرهەڵدەداتەوە. لە ساڵی  ١٩٦٨ دا  بزوتنەوەی هیپیەکان دروستدەبێت کە گەنجان، نێر ومێینەکانی ئەوروپا، لەدژی سوستێمی کۆنەپارێزی هەبووی دوای جەنگی جیهانی دووهەم، لەدژی جەنگی ڤێتنام  شار وشار دەگەڕێن و حەشیش کێشان  و سێکسی ئازاد و  خەوتن لەژێر ئاسمانی سافدا دەبێتە ژیان و دروشمیان. بێگومان نەک وەک ئەکتێکی بەڕەڵایی ئەخلاقی، بەڵکو وەک فۆرمیک لەف ۆرمەکانی مۆڕاڵ و ئەخلاقێکی نوێی، وەک  ئازادیەکی ڕۆشنگەرانە لەدژی دونیایەکی پڕ جەنگ و چەوسانەوە.

لێرەوە من پێموایە شۆڕشە مێژوویەکان دەوستن  و دەمرن، بەڵام خێوەکانیان بەردەوام وێستگەی نوێ بۆ خۆیان و خەوبینەرەکانیان  دەدەۆزنەوە. هەربۆیە ئەم دووشاعیرە (ئارسەر ڕامبۆ و پاوڵ ڤرلین) دەبنە دامەزرێنەری سمبولیزمی شیعرین، هەردووکیان دەبنە ڕەمزی قوتابخانەی سمبولیزم (ڕەمزیەت) لە شیعردا. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵیین؛ کە پەیدابوونی ئەم سمبولیزمە لەشیعردا، لەجیاتی ڕۆمانسیەتی شیعری، نیشانەکانی لەدایکبوونی مرۆڤی سەدەی نۆزدە بوون. هەستکردن بەمانەوە لە گوندێکی بچوکدا، هەستکردن بەجێگیربوون  کولت و کولتوری بچوکی ئەقڵیەتی گوندن.  هەموو  ئەمانە هەڵدەگەڕێنەوە  بۆ خەیاڵی مرۆڤێکی تەنیا، لەم شار بۆ ئەو شار گەڕیدەیە و بانگەشەی ئیندیڤیدوالیەتی خۆی دەکات. وەک گوتمان لەتیرۆری دۆڵەکەوە بەرەو  گەڕان بەدووی ڕەمزەکانی ئازادی تاک، لە دۆڵەکەوە  بەرەو شارە گەورەکان و بۆ هیمیەت و شیعر و ئازادی ڕاستەقینە.

ئارسەر ڕامبۆ چەند ساڵێک داهێنانی گەورەی کردو جێگە پەنجەی خۆی لەسەر کۆی شیعری فەڕەنسی بەجێهێشت، (پاول ڤرلین) بوو بەڕەمزێکی دیاری قوتابخانەی سومبولیزم لە شیعردا، بێگومان هەردووکیان کاریگەر بوون بەشاعیری گەورە (بۆدلێر) بە (ڤیکتۆر هۆگۆ) و نوسەرانی سەردەمی ڕۆشنگەری و دوای ڕۆشنگەری. بەمانای ڕۆمانسیەت هیوای گەورەی بەمیللەتانی ئەوروپا بەخشی، بەوەی دەبێت لەژێر تاریکایی سەدەکان ئازاد دەبن. ئاوەها لەڕۆشنگەریەوە بانگەشە پەیدادەبێت بۆ بەجێهێشتنی خێزانە خانەدان  وگەورەکان، بەجێهێشتنی ئارامگیری گوندی و ڕاکردن بەرەو شارەگەورەکان، بەرەو سروشتی مرۆڤ وەک تاکێک دوور لەخواوەند، وەک خۆی لەنێو جیهاندا، لەهەمانکاتیشدا بانگەشەیەک پەیدا بێت بۆ بەجێهێشتنی تیرۆری شۆڕشگێڕە ڕۆشنگەرەکان بۆ دۆزینەوەی خود لەبۆ هیمیەتدا.

 

 

 

By the table, an 1872
تابلۆ؛ لای مێزەکە – لای چەپ ڤرلین و لەهەموویان گەنجتر ڕامبۆ – تابلۆی هێنری لاتۆر ١٨٧٢
painting by Henri Fantin-Latour. Verlaine is on the far left and Rimbaud is at the second to left.

 

 

 

هاینە و خەونی بچوک  

هاینریخ هاینەی شاعیری ئەڵمانی یەکێک بوو لە ڕۆشنگەرە گەورەکان، بڕوای ئەو بە ڕۆشنگەری ئەوەندە توند بوو، بەجۆرێک  کە بڕیاڕدەدات لەپاریس بژی. لەبەرئەوەی پاریس ئەو زەمەنە لانکەی نۆرمەکانی ڕۆشنگەرە شۆڕشگێڕەکان بوو. (هاینە) ئەو پیاوە بوو تامردن دڵسۆز بوو بۆ خەونە گەورەکانی مرۆڤ  بەئازادی و یەکسانی و دادپەروەری. لای (هاینریخ هاینە)  ئەو نۆرمانە ئیلهامبەخش و سەرچاوەی ڕۆحی داهێنان بوون. (هاینە) خۆی بەخەونە گشتیە گەورەکانەوە پابەند کردبوو، بەپێچەوانەی (هاینە)، مێردمنداڵێکی داهێنەری وەک (ئارسەر ڕامبۆ) سەرچاوەی داهێنانی خۆی لەگەڕان بەدووی ڕۆحی خۆیدا دەبینیەوە، چیتر بەلایەوە گرنگ نەمابوو کێ ڕۆشنگەرە و کێهاش دژە ڕۆشنگەر، مادامەکی ئەمانە ڕۆحی ئەو وەک تاکێک هێور ناکەنەوە، لەبەرئەوە بەڕای من قۆناغێکی دیکە دەستپێدەکات لەدوای نەوەی یەکەمی شۆڕشی فەڕەنسی،  ئەویش وازهێنانە لەخەونی گەورەی شۆڕشگێڕەکان و گەڕانە بەدووی   خەونە سوبێکتیڤە بچوکەکان، کەپڕن لەڕاستگۆیی.

 

هاینریخ هاینە شاعیری ئەڵمانی ١٧٩٧ – ١٨٥٦ –
تابلۆی هاینە لەلایەن دانیال مۆریس ١٨٣١
Heinrich Heine (Gemälde von Moritz Daniel Oppenheim, 1831)

جیاوازی (ڕامبۆ وڤرلین) لەشاعیری ئەڵمانی (هاینریخ هاینە) ئەوەیە، ئەوان وەک (هاینە) خەونی گەورەی سیاسیان نەبوو، بەڵکو دەگەڕێنەوە بۆ سوبێکتزم، خود دەبێتە چەقی جیهان.  (هاینە) لە ساڵی ١٨٥٦ لەپاریس دەمرێت و یەکێکە لەدواشاعیرەکانی ڕۆمانسیەت، (هاینە) ئەو هیوابەخشە بوو بەکۆتایی سەدەی تاریکایی ئۆرستۆکرات وسەرەتای ڕیفۆرمی گەورە لەئەڵمانیا و ئەوروپادا بەرەو کۆمەڵگەی هاوڵاتی ویەکسانی. بەڵام ئەوەی  (ڕامبۆ و ڤرلین) جیادەکەتەوە لەڕۆمانسیەکان ئەوە بوو، کە هیچیان ئەو خەمە قورسەیان هەڵنەگرتبوو؛ خەمی ئازادی گشتی، خەمی ڕزگاربون لەئۆرستوکرات، خەمی ڕیفۆرم لەخوێندن بۆ هەمووان، خەمی ماڵئاوایی لە کڵێسای ڕۆمانی… نەخێر، ئەم دوو شاعیرە (ڕامبۆ و ڤرلین) خەمیان پەرتکردنەوەی خودی خۆیان بوو لە گەڕیدەیی و بۆهمیەتدا. خۆخەریکردن   بوو لەگەڵ خودی خۆیان، لەگەڵ بەلەشی خۆیان.  ئەشقیان بۆ خۆیان بوو، چونکە ئەوان تەنها دەیانەویست خۆیان بن ودوور لەهەموو کڵێشە باوەکانی کۆلێکتیڤیزم و مێگەلی سیاسی و کولتوری باو،  بژین. ئەوان جۆرێک شیعر بەرهەمدێنن کە چیتر خەمی گەورەی دەرەوەی مرۆڤ نییە، بەڵکو مرۆڤ خۆیەتی لەگەڵ خۆیدا.

 

سومبولیزم “  ڕەمزیەت“ لە شیعرەکانی (ڤرلین و ڕامبۆ)  ڕوونمای دیاری  ئەمجۆرە ئەدەبەیە،  ئەم جۆرە فیگورە شیعریە بەڕای من لەدایکبوونی مرۆڤیکی نوێی (شارییە).  لە ژیان و ئەدەبی ئەوانەوە شارێک مرۆڤی تێدا ون بێت دێتە نێو هۆشمەندی شیعرییەوە. ئیدی  مرۆڤی شار بەتەواوەتی لە (ڕامبۆ و ڤرلینەوە) لەدایکدەبێت. لێرەوە لە دوای ڕۆمانسیەتی ڕۆشنگەری، لەدوای ڕۆمانسیەتی شۆڕشگێڕی کە سەری هاوڕی ڕۆشنگەرەکانی خۆیان دەپەڕێنن، جۆریکی دیکەی شیعر دێتە ئەدەبەوە، کە سمبولیزمە.  سومبولیزمێک  دەبێتە ئاماژە بۆ لەدایکبوونی ئەو مرۆڤە نوێیەی کە ناوی مرۆڤی شاریی تاک و تەنهایە. ئەم مرۆڤە  لە دیوانی شیعرەوە لەدایکدەبێت، لە وشەی نوسراوەوە لەدایکدەبێت و لە کەنار تەنهایشیدا دەمرێت.

 

 

سه‌رچاوه‌کان

  1. 1.Stefan Zweig, Der Kampf mit dem Dämon, 1925, freebooks.

  1. Ulrich Greinger, Die Verzauberung der Welt, Rüdiger Safranski macht uns glanzvoll mit der Romantik und dem Romantischen vertraut, Zeit 7 septmber 2007 .

  1. Rüdiger Safranski, Romantik: Eine deutsche Affäre, Fischer Verlag 2009

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌