خودا لەسەری مرۆڤدا کەوتە کتێبخانەکانەوە


Loading

 ئەم کتێبە  لەبارەی (خودا)وەیە ، لەئامادەکردن و کۆکردنەوەی  نوسەر و چیرۆکنوس (توانا ئەمین) ؛

قسەکردن لەسەر (خودا) کێشەیەکی گەورەی هزرییە بەدرێژای مێژووی مرۆڤایەتی و سەرەنجام چەمکی (خودا)ی کردووە بە پرسیارێکی گەورەی ترسناک؛ ئایا (خودا) لە دەرەوەی تێگەیشتنی بیری مرۆڤدايە؟ يەزدانناسە مەسیحی و ئیسلامیەکانیش بە نزیکیی کۆکن لەسەر ئەوەی؛ کە بوونی خودا لە دەرەوەی سنووری تێگەیشتنی مرۆڤ نییە، بەڵکو لە ناو ئەو تێگەیشتنەدایە. ئەی ئەگەر (خودا) لە گۆڕێ نەبێ؟!

چی دەبێت؟! مرۆڤبوون سەخت تر دەبێ لە ئێستا؟ پرسیاری جەوهەریى ئەم کتێبە ئەوەیە؛ ئێمە بە بێ (خودا)ش

دەتوانین؛ ئەخلاقیانە مامەڵەی یەکتر و مامەڵەی جیهان بکەین؟ پرسياری (خودا) ڕێگایەکی بەردەڵانی ڕووت و عاسییە، دەبێ پێیەکت لە ئاین و پێیەکت لە فەلسەفەدا دانێی، ئەوکات دەتوانی هەنگاو بنێیت.. لەوانەیە تێگەیشتن لە (خودا) هەموو ڕێساکان بگۆڕێت، لەوانەیە ڕیتمی ژیان لەسەر زەوی تێک بدات، لەوانەیە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شتەکان، مرۆڤ و مرۆڤ، بشێوێنێ.. جیهان هەڵگێڕێتەوە و دونیا ژێرەوژوور بکات. بەڵام ئەگەر خودا دادپەروەرە، بۆ ڕێگە دەدات مناڵانی زۆر بچوک بمرن؟

چی لە پشت هێنانە دنیای ئەوان و کوشتنیانەوە هەیە،چۆن (خودا)یەکی دادپەروەر؛ دەتوانێ بینەری نمایشی کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵکی سادە و بێ تاوان بێ و هیچ نەڵێ و هیچ نەکات؟

ئەگەر سەرچاوەی زانینی ئێمە تەنها سێنسەکان{هەستەکان} بن، ئەوان بە تەنیا توانای تێگەیشتنیان هەیە؛ لە چەمکێکی ئاڵۆزی وەک (خودا)؟ ئایا هەستەکان لەم بابەتە قورسانەدا هەموو جارێک ڕاست دەپێکن و بە هەڵەماندا نابەن؟ ئەی هەڵە خۆی چییە؟

کام ستاندارد؛ تێگەیشتنی ئێمە بۆ ڕاست و هەڵە دەستنیشان دەکات..؟ ئەمڕۆ فەلسەفە دەتوانێ وجودی (خودا) بسەلمێنێت، یان ڕەتی بکاتەوە؟

ئایا (خودا) هێزێکی ڕەهایە.. ئەگەر وایە؛ ڕۆڵی ئەو لە ژیانی مرۆڤدا چییە..؟ ئایا (خودا) فینۆمینایەکە لەناو سروشتدا؟ یان بوونێکە لە دەرەوەی سروشتدا؟ یان وەک سپێنۆزا دەڵێت؛ هەر خۆی خودی سروشتە؟

مرۆڤ ناتوانێ ئەندێشەی ئەوەبکات؛ (خودا)یەک بە بێ بونەوەر و بەتایبەتیيش بەبێ مرۆڤ چی دەکات و لە کوێیە؟

(خودا) چییە کە هەموومان لە دڵی خۆماندا شوێنێکمان بۆ داناوە و هەموومان بەشێک دەیناسین و کەچی هێشتا ناتوانین بڵێین (خودا) کێیە (خودا) لە کوێیە و (خودا) چۆنە..؟ ئەم کتێبە کۆمەڵێ گفتوگۆی فیکریی (توانا ئەمین)ـە بە زمانێکی سادە، لەگەڵ دەستەیەک توێژەر و فەلسەفەکار و فیزیککار و ڕوناکبیری ئاینی و نائاینی کورد و بیانی و تەنانەت قەشە و مەلاش. لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە نوسراوە: “ئەم کتێبە ناتوانێ ئیمانی کەس بە بوونی (خودا) دامەزرێنێ یان ڕەتی بکاتەوە، ئەمە کتێبی دوودڵییە و کۆمەکی ‌دڵنیایی بە کەس ناکات.. هەرکەسێک پێی وا بێت؛ دەتوانێت لەناو ئەم کاغەزانەی بەردەستیدا؛ (خودا) بدۆزێتەوە یان ونی بکات، باشتر وایە زەحمەتى خوێندنەوەی ئەم کتێبە نەخاتە بەرخۆی!”

 پێنجشەممە 10/9/2015 کاتژمێر: 3.30 لە کتێبفرۆشی غەزەلنووس لە سلێمانی ئەم کتێبە بڵاودەبێتەوە

(خودا لەسەری مرۆڤدا) لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی یۆگایە.