کورد و موسڵمان و تێوری پیلانگێڕیی

Loading

تیوری پیلانگێریی

شێرکۆ کرمانج

١

مەبەست لەم بابەتە کە لە دوو بەش پێکدێت قسەکردنە لەسەر تیوری پیلانگێڕیی لە جیهان‌ بەگشتی‌و لەنێو کۆمەڵگەی کوردی‌و ئیسلامی بەتایبەتی. لەبەشی یەکەمدا هەوڵدەدەین قسەو باسێک لەسەر تیوری پیلانگێڕیی بەگشتی بکەین‌و لەبەشی دووەمیش هەوڵدەدەین سەرچاوەکانی تیوری پیلانگێریی دیار‌و تاوتوێ بکەین.

ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ هاوڕێیەکم باسی ڕووداوەکەی سێپتێمبەر ١١ (تەقاندنەوەی دوو باڵەخانەکەی نیۆیۆرک لە ٢٠٠١) ـم دەکرد. ئەو هاوڕێیەم دەیگوت من باوەڕم بەوە نییە کە ڕێکخراوی قاعیدە ئەم کارەی ئەنجامدابێت. منیش گوتم بۆ؟ گوتی چونکە نزیکەی  ٤٠٠ جولەکە لەو دوو باڵەخانەیەو باڵەخانەکانی دەوروبەر کاریان دەکرد بەڵام ئەو ڕۆژە هیچ کامیان نەچووبوون بۆ سەر کار! منیش گوتم چۆن ئەوەت زانی؟

گوتی کاکە هەموو خەڵک وادەڵێن. منیش گوتم دەی باشە با بەدواداچوونێک بکەین بزانین ئەم قسەیە هیچ

فۆتۆی فۆتۆگراف ڕیتچارد دۆرتی کەلەئەمریکا و ڕۆژنامەکانی دونیادا بڵاوناکرێتەوە! فۆتۆی چرکەساتی بەربوونەوەی ئەم پیاوە لەیازدەی سێپتمبەری 2001 و لەکاتژمێر 9:41:15
فۆتۆی فۆتۆگراف ڕیتچارد دۆرتی کەلەئەمریکا و ڕۆژنامەکانی دونیادا بڵاوناکرێتەوە!
فۆتۆی چرکەساتی بەربوونەوەی ئەم پیاوە لەیازدەی سێپتمبەری 2001 و لەکاتژمێر 9:41:15

راستیی تێدایە، گوتی باشە. من لەسەر ئینتەرنێت بەدواداچوونێکم کردو لە چەندین ماڵپەڕ ناوی هەموو ئەو جولەکانە دەستدەکەوتن کە لەو ڕۆژەدا لە دوو باڵەخانەکە کوژرابوون. ناوەکان‌و سەرچاوەکانم نیشانی هاوڕێکەم دا، گوتی جا کێ دەڵێ ئەو ناوانە ڕاستن!

ئەو هاوڕێیەم تاکە کەس نییە لەنێو کۆمەڵگەی کوردی کە باوەڕی بە تیوری پیلانگێڕیی هەبێت. ئەو هاوڕێیەم‌و هەموو ئەوانەی کە باوەڕ بە تیورە پیلانگێڕییەکان دەکەن بەخۆیان پێیانوانییە کە ئەوەی ئەوان باوەڕیان پێیەتی تیوری پیلانگێڕییە بەڵکو ئەوان ئەو تێگەیشتنانە وەک حەقیقەتێک یان ئارگیومێنتێکی بەڵگەدار تەماشادەکەن.

ئەو جۆرە کەسانە، یان ئەو لایەنانەی لەپشت دروستکردنی تیورەکانی پێلانگێڕیین، پێیانوایە هەر چی ئێستا لە کوردستان‌و عێراق دەگوزەرێ، بە سەرهەڵدان‌و هاتن‌و گەشەی ‘داعش’یشەوە، ئەوە دەستکردی ‘قاسم سلێمان’ی ئێرانی‌ یان سی ئای ئەی (CIA) ئەمریکییە، یان هەردووکیان بەسەریەکەوە. لەوەش سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە کە کەسانێکی زۆر وەک هاوڕێکەم سی ئای ئەی و موساد دەبینن لەپشت ڕووداوەکەی سێپتێمبەر ١١. ئەوان لەکاتێکدا ئەو باوەڕەیان لادروستبووە کە ڕێکخراوی قاعیدە چەندینجار بەفەرمی ڕایگەیاندوە کە ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوە هەستاون بە ئەنجامدانی ئەو کردارە “جیهادییە”. ئەگەر پێشیانبڵێیت ئەوە نییە قاعیدە بەپرسیارییەتی خۆی لەم کردارە ڕاگەیاندوە، ئەوکات دەڵێن ئاخر قاعیدەش دروستکراوی ئەمریکاو ئیسرائیلە! ئیدی چیرۆکە دەبێتە حیکایەتی مێشە.

پرسەکەو ترسەکە لەوە نییە کە کۆمەڵە کەسێک باوەڕیان بە کۆمەڵێک تیوری بێبنەماو بێبەڵگە هەبێت بەڵکو گەورەیی پرسەکەو ترسەکە لەوەدایە کە ئەمجۆرە باوەڕانە، یەکەم، زۆر باون. دووەم، سەرچاوەی دەرکەوتی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی مەترسیدارن، لەوانە تیرۆریزم.

تیوری پیلانگێڕیی شتێک نییە کە تایبەت بێت بە کۆمەڵگەی کوردی یان کۆمەڵگە ئیسلامییەکان بەڵکو، کەم تا زۆر، دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکان زیاتر تەشەنەیکردوە.

لە ڕاپرسییەکەدا کە ئەنجامەکەی لە ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٤ ی گۆڤاری دیدە ئابورییەکان “Economic Perspectives” بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە ٧٨% ی خەڵکی وڵاتە ئیسلامییەکان پێیانوابوو کە ئەوانەی باڵەخانەکانی ‘نیۆیۆرک’یان تەقاندەوە عەرەب نەبوون‌و زۆربەشیان پێیانوابووە کە ئەمریکاو ئیسرائیل لە پشت کردەوەکە بوون. ئەمە بەڕاستی ڕێژەیەکی زۆرە.

بەڕادەیەکی تۆزێک کەمتر، تیوری پیلانگێڕیی لەنێو کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانیش باوە. بۆنمونە، لە ڕاپرسییەکدا کە دەزگای زوغبی نێودەوڵەتیی (Zogby International) لە ٢٠٠٤ دا لەنێو خەڵکی نیۆیۆرک‌ دا ئەنجامی دابوو ٤٩% ی بەشداربوون لە ڕاپرسییەکە پێیانوابوو کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا پێشتر ئاگایان لە پلانی هێرشەکانی سێپتێمبەر ١١ هەبووە بەڵام بەئانقەست بێدەنگیان لێکردوە. لە ٢٠٠٦ یشدا لە ڕاپرسییەک کە لە کەنەدا ئەنجامدرابوو ٢٢% ی بەشداربووان پێیانوابوو کە ئوسامە بن لادن هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکەی سێپتێمبەر ١١ ـەوە نییە بەڵکو ئەوە پلانی گروپێکی دەستڕۆیشتوی نێو حکومەتی ئەمریکا بووە.

کاس سەنستاین (Cass R. Sunstein) لە زانکۆی شیکاگۆ و ئەدریان ڤێرمیول (Adrian Vermeule) لە زانکۆی هارڤەرد لەبابەتێکد بەناوی “تیوری پیلانگێڕیی” دەڵێن تیوری پیلانگێڕیی “هەوڵێکە بۆ ڕونکردنەوەو لێکدانەوەو شرۆڤەکردنی ڕووداوێک یان پراکتیزێک [بەڵام] بەگەڕانەوە بۆ مەکرو تەڵەو پیلانگێڕیی خەڵکانێک یان لایەنگەلێکی بەهێزو دەسەڵاتدار، کە توانای شاردنەوەی ڕۆڵی خۆیان هەبێت لە ڕووداوەکە.” بۆنمونە، قاسم سلێمان‌و سی ئای ئەی کەسێک یان لایەنێکی بەهێزو دەسەڵاتدارن، هاوکات توانای شاردنەوەی ڕۆڵی خۆیان لە “دروستکردنی” داعش دا هەیە.

ئەم دوو ئەکادیمییە لەو باوەڕەدان کە “ناعەقڵانییەت (irrationality) یان نەخۆشییە دەرونییەکان، [وەک ئەوەی هەندێک ئەکادیمی دیکە پێداگری لەسەر دەکەن]، سەرچاوەو هۆکاری سەرەکی پشت تیوری پیلانگێڕیی نین، بەڵکو تیوری پیلانگێڕیی لە شەلەلی مەعریفەتناسی (crippled epistemology) یەوە سەرچاوە دەگرێت، کە خۆی لە کەمیی‌و سنورداریی سەرچاوەکانی زانیارییەوە دەبینێتەوە. سەنستاین و ڤێرمیول پێیانوایە لەو کۆمەڵگایانەی ماف‌و ئازادییە مەدەنییەکان غیابیان هەیە، یان لاوازن، خەڵک سەرچاوەکانی زانیارییان دیاریکراو دەبن، یان سەرچاوەکان هەر بەتەواوی ون دەبن، ئەمەش وادەکات لەو کۆمەڵگایانە تیوری پیلانگێڕیی تەشەنەبکات‌و موریدی زۆری هەبێت.

لە غیابی سەرچاوەی دروستی زانیاری‌و سنورداری ماف‌و ئازادییە مەدەنییەکان خەڵک پشت بە سەرچاوە نادروستەکان‌و زانیارییە دروستکراوەکان دەبەستن بۆ تێگەیشتن‌و شرۆڤەکردنی ڕووداو و پێشهاتەکان. بەواتایەکی دیکە کەسەکان لە هاوڵاتییەکی بەئاگا (informed) دەبن بە هاوڵاتییەکی بێئاگا (ill-informed)، ئەمەش وادەکات ئەو کەسانەی تەنیا یەک سەرچاوە یان سەرچاوە نادروستەکان سەرچاوەی زانیارییەکانیان بن بڕیاری نادروست‌ بدەن‌و باوەڕی نادروستیان لادروستبێت.

زۆربەی ئەوانەی کە باوەڕیان بە تیوری پیلانگێڕیی هەیە کۆکن لەسەر کۆمەڵێک باوەڕ، لەوانە: یەکەم، هەموویان پێیانوایە کە “پیلانگێڕەکان” (موئامەرەچییەکان) کەسانێکن یان لایەنگەلێکن کە تواناو شارەزاییەکی لەڕادەبەدەریان هەیە لە ئەنجامدانی پیلان‌و کارەکانیان. لەوەش گرنگتر باوەڕبوونیانە بە توانا هەمەلایەنەکانی “پیلانگێڕەکان” لە شاردنەوەی ڕاستییەکان‌و بزرکردنی سەرەداوەکان.

دووەم، ئەوانەی باوەڕ بە تیورەکانی پیلانگێڕیی دەکەن بەگشتی نە گوێ لەو کەسانە دەگرن نە گفتوگۆش لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە تیورەکانی پیلانگێڕیی دەخەنەژێر پرسیار یان هەڵیاندەوەشێننەوە. لەوەش سەیروسەمەرەتر، ئەو کەسانەی کە تیورەکانی پیلانگێڕیی دەخەنەژێر پرسیارەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە باوەڕ بە تیوری پیلانگێڕیی دەکەن وەک بەکرێگێراوی “پیلانگێڕەکان” دەبینرێن‌ یان وەک گەمژە دادەنرێن!

لەبەشی دووەمی ئەم بابەتە لەژێر تیشكی پێناسەو تێگەیشتنەکانی سەنستاین و ڤێرمیول خوێندنەوەکانی خۆمان بۆ کۆمەڵگەی کوردی تاوتوێی باویی دیاردەی تیوری پیلانگێڕیی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی دا دەکەین‌و هەوڵدەدەین کە سەرچاوەکانی تیوری پیلانگێڕییش دیاریبکەین‌‌و بخەینە بەر باس‌و لێکۆڵینەوە.

 

٢

لەبەشی یەکەمی ئەم بابەتە گوتمان تیوری پیلانگێڕیی هەوڵێکە بۆ ڕونکردنەوەو لێکدانەوەو شرۆڤەکردنی ڕووداوێک، ئەویش بەگەڕانەوە بۆ مەکرو پیلانگێڕیی کەسانێکی بەهێزو دەسەڵاتدار، کە توانای شاردنەوەی ڕۆڵی خۆیان لە ڕووداوەکەدا هەبێت. گوتیشمان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت تیوری پیلانگێڕیی شەلەلی مەعریفەتناسییە کە خۆی لە کەمیی‌و سنورداریی سەرچاوەکانی زانیاری‌و ماف‌و ئازادییە سیاسییەکانەوە دەبینێتەوە. لەم بەشەدا هەوڵدەدەین سەرچاوەکانی تیوری پیلانگێڕیی لەنێو کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان‌ بەگشتی‌و کۆمەڵگەی کوردی بەتایبەتی دیاریبکەین‌.

لەم بابەتە زیاتر تەرکیز لەسەر ئەو سەرچاوانە کراوە کە بوون بەمایەی بینینی ڕۆژئاوا وەک پیلانگێڕ. دیارە لە دنیای کوردی‌‌و ڕۆژهەڵاتی ئەوە تەنیا ڕۆژئاوا نییە کە وەک پیلانگێڕ دەبینرێت بەڵکو زۆرجار بکەرە ناوخۆییەکانیش وەک پیلانگێڕ وێنادەکرێن، بەڵام ئێمە باس لەو بکەرانە ناکەین. دەبێت ئەوەش بڵێین کاتێک ئێمە باس لەوە دەکەین کە کوردو ڕۆژهەڵاتییەکان ڕۆژئاوا وەک پیلانگێڕ دەبینن، ئەوە مەبەستمان ئەوە نییە کە ڕۆژئاواییەکان‌و دەوڵەت‌و دامەزراوەکانیان تەواو پاکیزەن‌و دوورن لە پیلانگێڕیی، بەڵکو مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە بۆچی زۆرجار بێبەڵگەو بێهۆکارو بێپاڵنەر خەڵکانێک هەن ڕۆژئاواو ڕۆژئاواییەکان لەپشت ڕووداو پێشهاتەکانی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان دەبینن.

بەئیزافەی کەمیی‌و سنورداریی سەرچاوەکانی زانیاری‌و ماف‌و ئازادییە سیاسییەکان کۆمەڵێک هۆکارو سەرچاوەی دیکە بۆ تیوری پیلانگێڕیی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی‌و کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەن، لەوانە:

یەکەم، زاڵیی گوتاری ئیسلامیی. دنیای موسڵمانان بەگشتی‌و ئیسلامییەکان بەتایبەتی دنیایەکە کە بەسەر ڕەش‌و سپی، بەهەشت‌و جەهەنەم، حەلال‌و حەرامدا دابەشکراوە. واتە هەر شتێک ئیسلامیی نەبێت وەک ڕەش‌و حەرام‌و جەهەنەمی وێنادەکرێت وەک پیلانگێڕیی تەماشادەکرێت. بۆنمونە، داواکردنی یەکسانی‌ ژن‌و پیاو ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان وەک پیلانگێڕیی ڕۆژئاوا بۆ تێکدانی شیرازەو بەهاکانی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان دەبینرێن. گوتاری ئیسلامیی جیهانی بەسەر دوو دنیادا دابەشکردوە، دار السلم ودار الحرب، واتە ماڵی ئاشتی و ماڵی شەڕ. ماڵی ئاشتی ئەو ناوچەو شوێنانەیە کە ئیسلام‌و شەریعەتەکەی تێیاندا بەرقەرارو حاکمن، ماڵی شەڕیش ئەو شوێنانەن کە موسڵمانان سوڵتان نین بەسەریاندا. ئەم دابەشکردنەی دنیا بەسەر دوو ماڵدا، ماڵی ئاشتی و ماڵی شەڕ، بووە بە زادەی عەقڵیەتێک کە پێیوابێت دنیای دەرەوەی ئیسلام دنیای شەیتان‌و شەڕانگێزییە. دنیایەکە کە هەمیشە لە پیلانگێڕییدایە لەدژی دنیای ئیسلام‌و موسڵمانان.

دووەم، زاڵیی گوتاری کۆمۆنیزم. لە چلەکانی سەدەی ڕابردوەوە تا کۆتایی هەشتاکانی هەمان سەدە کۆمۆنیستەکان‌و چەپە ڕادیکاڵەکان‌و گوتارەکانیان کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبوو لەسەر ئەدەبیات‌و جیهانبینیی خەڵك لە وڵاتانی عەرەبییدا.

تاڕادەیەکی زۆر کۆمۆنیستەکان وەک ئیسلامییەکان جیهانیان بەسەر دوو دنیادا دابەشکردبوو، دنیای کۆمۆنیزم‌و دنیای سەرمایەداریی. دنیای کۆمۆنیزم وەک دنیایەکی بێچین‌و بێدەوڵەت‌و بێچەواسانەوەو بێخەوش‌ وێنادەکرا. لەبەرابەردا دنیای سەرمایەداری ڕۆژئاوا وەک دنیایەک پڕ لە چەوساندنەوەو پڕ لە ناعەدالەتی‌ وەسفدەکرا. ئەم تێگەیشتنە وایکردبوو کە دنیای سەرمایەداری وەک دنیایەکی شەڕانگێزو پیلانگێڕ ببینرێت. دنیایەک کە هەمیشە خۆی مەڵاسداوە تا زەفەر بە کۆمۆنیستەکان‌و دنیاو دەوڵەت‌و حزبەکانیان ببات. ژمارەیەکی بەرچاو کوردو ڕۆژهەڵاتی تائێستاش کەتونەتە ژێر کاریگەریی ئەو عەقڵیەت‌و تێگەیشتنە. بۆنمونە، ئەم تێگەیشتنە وایکردوە کە دوای ٢٥ ساڵ لە کۆتایهاتنی شەڕی سارد کەسانێک هەبن بەگەڕانەوە بۆ تێگەیشتنەکانی سەردەمی شەڕی سارد ڕووداوەکان شیکاربکەن.

سێیەم، کاریگەریی پڕوپاگەندەو تێگەیشتنەکانی بەعس. حزبی بەعس نزیکەی ٣٥ ساڵ لە عێراق‌ حوکمبەدەست‌ بوو، ئەوە ٥٠ ساڵیشە لە سوریا هەر حاکمە.

بەعس بەردەوام خۆی وەک دوژمنێکی سەرسەختی ڕۆژئاوا لەقەڵەمدەداو مەکینە زەبەلاحەکانی میدیاکانیشی خستبووەگەڕ بۆ پڕوپاگەندەکردن لەدژی ڕۆژئاواو دامەزراوەکانی‌. بەردەوامیش نەک هەر تابلۆیەکی نێگەتیڤی بۆ ڕۆژئاوا لە زهنیەتی ڕۆژهەڵاتییەکان دەنەخشاند بەڵکو ڕۆژئاوای لەپشت هەموو نەهامەتییەکانی دنیای عەرەبیدا ناوزەددەکرد. زاڵیی‌و باویی تێگەیشتن‌و عەقڵیەتیی بەعس دەیان ساڵە بەزەقی لەنێو کوردو لە دنیای عەرەبیدا هەستیپێدەکرێت.

چوارەم، سیستەمی پەروەردەو بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.

پەروەردە لە کوردستان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی کار لەسەر دروستکردنی ئینسانێک ناکات کە ئازادانەو داهێنەرانە بیربکاتەوەو بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ببێتە ڕێنیشاندەری لە تێگەیشتنی پرس‌و دیاردەو ڕووداوەکان. بەپێچەوانەوە پەروەردە لەو بەشەی دنیادا، سەرەڕای هەندێک هەوڵی سەرەتایی بۆ ڕیفۆرم، هێشتان پەروەردەیەکە کە ڕۆحی گومان‌و پرسیار لە ناخی منداڵ‌و هەرزەکارو خوێندکار دەکوژێت. خوێندکاری ڕۆژهەڵاتی لۆجیکانە بیرناکاتەوەو لەسەر بنەمای بەڵگەو هۆوهۆکار ئارگیومێنت‌و بیرکردنەوەکانی داناڕێژێت. بەواتایەکی دیکە پەروەردە نەبووە بە هۆکارێک بۆ شکاندن‌و دەربازبوون لەو هەژموونانەی کە گوتارە دینی‌و ئایدیۆلۆجییەکان دروستیانکردون.

پێنجەم، نەبوونی سەنتەری لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی زانستیی.

لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە، بەدەگمەن دەبینرێت کە سەنتەرێکی توێژینەوە هەبێت بۆ ڕۆژئاواناسی، ئەمریکاناسی یان جولەکەناسی. تائەوڕادەیەی من ئاگاداربم نە لە عێراق لە هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی توێژینەوە لەو بوارانەدا بوونیان نییە. لە ئیمارات‌و لە قەتەر هەندێک زانکۆی ڕۆژئاوایی سەنتەری توێژینەوەی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتناسی‌و ئیسلامناسییان دامەزراندوە. هاوکات، لە زانکۆ ڕۆژئاواییەکان سەنتەری ڕۆژهەڵاتناسی‌و ئیسلامناسی زۆر بەرچاودەکەون، بەڵام پێچەوانەکەیان ئەگەر هەشبن زۆر کەمن. لەغیابی سەنتەری توێژینەوەی زانستیی سەرچاوە نادروست‌و نازانستییەکان بوون بە سەرچاوەی تیگەیشتن لە ڕۆژئاواو ئەمریکاو ئیسرائیل، ئەمانەش وێنایەکی نەک هەر نادروست بەڵکو زۆرجار چەواشەکارییان بۆ کێشاون.

شەشەم، تەمبەڵی‌و تەوەزەلی.

لە دنیای ئینتەرنێت‌و سەتەلایت‌و پەیوەندییەکاندا ناکرێت کەمی سەرچاوەکان‌ وەک ئەوەی لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە ئاماژەی پێکرا وەک تاکە سەرچاوەیەک بۆ تیوری پیلانگێڕیی دابنرێت. بەڕای من تەمبەڵی‌و تەوەزەلی هەندێک کەس لە ڕۆژهەڵات هۆکارێکی دیکەیە لە پشت زاڵیی تیوری پیلانگێڕیی ئەگینا لە سەدەی بیست‌و یەکدا لەدەرەوەی سەرچاوە نادروستەکان بەدەستهێنانی زانیاری لە سەرچاوە دروستەکان ئەگەر سەختیش بێت ئەوە ئەستەم نییە.

باویی‌و زاڵیی‌ تیوری پیلانگێڕیی لەنێو خەڵکدا کاریگەریی ئێجگار زۆرە لەسەر کۆمەڵگەکان، کە لێرە جێگەی قسەکردن لەسەریان نابێتەوە. سەرەڕای ئەمە ناکرێت ئاماژە بە ترسناکترین کاریگەر نەکەین.

من پێموایە پشتبەستن بە تیوری پیلانگێڕیی، یان لۆمەکردنی ئەوی دیکە، وا لە کۆمەڵگەو ئەندامەکانی دەکات لەجیاتی ئەوەی ڕوو لە خۆیان بکەن‌و ڕەخنە لە خۆیان بگرن بۆ دیاریکردن‌و دۆزینەوەی سەرچاوەکانی کورتهێنان‌و نەهامەتی کۆمەڵگەکانیان لۆمەی کەس‌و لایەن‌و دامەزراوەو دەوڵەتانی دیکە بکەن. هەر کۆمەڵگەیەکیش بەمشێوەیە لە کێشەکانی نزیکبێتەوە ئاستەمە بتوانێت بەسەر کێشەو کورتهێنان‌و نەهامەتییەکانیدا زاڵبێت چونکە تیوری پیلانگێڕیی، واتە لۆمەکردنی ئەوانی دیکە، ناتوانێت بەتەنیا کێشەکان‌و هۆکاری کێشەکان دیاریبکات. تا کێشەو سەرچاوەکانی کێشەکانیش دیارینەکرێن ناکرێت‌و ناتوانرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

tewaw