جه‌نگیز وسو؛ چه‌پ و به‌ڵێ و نه‌خێره‌كانی ڕیفراندۆم


Loading

لەنێو سەروبەندی نزیكبوونەوە لە وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، گوتارە دژبەیه‌كە پۆپۆلیستیەكانی نێوان لایەنگرانی ”بەڵێ” و ”نەخێر” تا دێت توندتر دەبێت. لەم سەروبەندە هەموو دەیانەوێت شتێك بۆ مێژوو بڵێن، لایەنگرانی ”نەخێر” ئەیانەوێت بڵێن؛ سبەی ئەگەر دەوڵەتی كوردی دروست بوو توشی هەر دەرد و پەتایه‌كی سیاسی كوشندە هاتن، ئه‌وا ئێمە لێی بەرپسیار نین، هەر نەهامەتیه‌ك تووشی ئەم میللەتە هات ئێمە لێی بێبەرین.

لایه‌نگرانی ”بەڵی” دەیانەوێت وەكو دەستكەوتێك ئەگەر سبەی دەوڵەتی كوردی دروست بوو بڵێن: ئێمە پێشەنگین لە دروستكردنی دەوڵەت بۆ كورد و هەموو ئەو دەستكەوتانەش بكەنە بیانوویه‌ك بۆ مانەوە و خۆ بەهێزكردن لەو دەوڵەتە، وەكو چۆن بە خوێنی هەزاران لاوی شۆڕشگێڕ ئەو شتەیان كرد لەدوای ڕاپەڕین.

یه‌كێك لەو كێشانەی ئێمە تووشی دەبین لە سەروبەندی نزیكبونەوەی ڕیفراندۆم، توندتربوونی ئەو دوو گوتارە دژبەیه‌كەیە، لە هەمانكاتدا دوو گوتاری تەواو پۆپۆلیستین. لەكاتێكدا  هه‌ردوو گروپه‌كه‌  ده‌یانه‌وێت  بەشداری پڕۆسەكە بكەن، ئا لێرەدا ئەوەی هەستی پێ دەكرێ غیابێكی قووڵی فیكریە لەنێوان  ئه‌م دوو گروپه‌ نەیاره‌دا. هەر وه‌ك چۆن  ئەم دوو گوتارە دژبەیەكە تازە نین، ڕەگ و ڕیشەیان دەگڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی بیسته‌م.

 

دیاره‌ ئەوەی له‌سه‌ر شانۆی سیاسی باشووری كوردستان و بە درێژایی شۆڕشە یەك لە دوای یه‌كەكان بوونی نییه‌ یان بوونێكی لاوازی هه‌یه‌ ، گوتاری چه‌پگه‌رایانه‌یه‌. ئەوەی لێرە دەمەوێت ئاماژه‌ی پێبدەم ئەوەیە؛ ئایا بەڕوونی لەنیوان ”بەڵی” و ”نەخێر” هیچ ئەلتەرناتیڤێكی دیكە هەیە ئێمە وەكو چەپ پەیڕەوی بكه‌ین لەو سەروبەندە؟

ئاشكرایه‌ هەمیشە ماركسیزم بەدوای پراكتیكدا گەڕاوە، هەرچەند شیكاریەكان بەشێكن لە فەلسەفەی چەپ و ماركسیزم بەڵام هەموو شیكارێك بۆ بەرهەمهێنانی ئەكت و جوڵەیە لە واقیعدا! بێگومان ئەكتی شۆڕش كە هەمیشە وەكو ئەلتەرناتیڤێك ئامادەیە چۆن ئەتوانێن لێرەدا یارمەتیمان بدات؟

 خودی شۆڕشیش بە مانە ماركسیزمیەكەی لە دۆخێكی وەكو ئێستای باشوور كەمێك لە مەحاڵ دەچێت، (مەبەستم ئەوەیە شۆڕش لە چەند مانگێكدا وەكو مەحاڵ دێتە پێش چاو) بەتایبەت (گوتارێكی پۆپۆلیستی پەتی)  لەكۆمەڵگه‌ی ئێمە ئاماده‌یه‌ و باڵی كێشاوە بەسەر هەموو جومگەكانی ”ڕۆشنبیری”.

بۆیە دەبێت ئێمە جارێكی دیكە وەكو چەپ ئەو پرسیارەی ”لینین” لەخۆمان بكین و ئەبێت بڵێین ”چی بكه‌ین؟”

ئایا ”بەڵی” یان ”نەخێر” لە كوێی هاوكێشەی بیركردنەوەی ئێمەیە؟

یان وەكو ئالان بادیۆ پێیوایە؛ بەشداری نەكردن لەو پڕۆسە دیموكراسیە پۆپۆلیستانە دوا پڕنسیب  و ئەلتەرناتیڤی ئێمەیە؟

 

ته‌واو

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین