له ئه‌ڵمانیه‌وه : به‌کر عه‌لی
1.
له‌وه‌ته‌ی مرۆڤگه‌ل له‌کۆمه‌ڵگای مۆدێرندا ده‌ژین، به‌مانایه‌کی زۆر ورد به‌وه‌یان زانیوه که‌وا ئه‌وان چیتر له‌ژێر بانیژه‌ی کڵێسه‌کاندا پێکه‌وه ناژین. چونکه باندی کۆمه‌ڵایه‌تی که هه‌موو ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رده‌می نوێ له‌نێو یه‌کدا پێکهوهکۆدهکاتهوه، پتر له ڕێی توخمه ئابوری و کولتوریهکانهوه خۆی گرێچن ده‌کات نه‌ک له‌ڕێی توخمه ئاینی و ئاینزاکانه‌وه. به‌لای کۆمه‌ڵگا بازاڕیهکانیشهوه ئه‌م گرفته وه‌ها خۆی ده‌خاته پێش وه‌ک چۆن ئه‌ندامه بێشوماره‌کانی خۆی که له‌نێوان یه‌کتریدا زۆر به‌زه‌حمه‌ت پێکه‌وه گرێدراون ده‌گلێن به یاریه‌کی ته‌واو هاوبه‌شه‌وه. گه‌ر له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆشدا به‌شێکی زۆرینه‌ی مرۆڤ وه‌کو کۆمه‌ڵگایه‌کی هاوچه‌رخ ده‌ربکه‌وێت، واته وه‌ک فه‌زایه‌کی گشتی دانوستاندن بکه‌ن یاخود وه‌ک خه‌ڵکانێک شت وه‌ربگرن، ئه‌وا بۆ یه‌که‌میان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی بێگانه‌کان یاخود نیمچهبێگانهکان ده‌مێنێته‌وه ، که خۆیان به‌یارمه‌تی قه‌رزی به‌رامبه‌ره‌که‌یان بۆ نیاز و ویستێکی باش به‌رامبه‌ر به نه‌ناسراوه‌یی بنه‌چه‌که‌یان بێ‌ئاگا ده‌که‌ن . کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵی له‌و جۆره‌ش ده‌بێت سه‌ره‌تا په‌یوه‌ستداری و ئینتمای خۆی بسه‌لمێنێت _ به‌جۆرێکی تر بابڵێین وه‌کو کۆمه‌ڵگای باوه‌ڕ یاخود کۆمه‌ڵگای کولت _ ده‌ربکه‌وێت .
بۆ که‌ره‌سه‌کانی سه‌لماندنی ئه‌م پهیوهستداریه جیهانیه حسابی کرده‌ی سه‌لمێنراوی سیڤیلی ده‌کرێت، ئه‌م کرده‌یه‌ش جۆرێک سرووتی هاونیشتمانیانه به‌رپا ده‌کات که تیایدا کۆمه‌ڵگا جارێکی‌تر خۆی وه‌کو پێکهوهبوویهک داده‌مه‌زرێنێته‌وه. که‌واته ئه‌گه‌ر هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بریتی بێت له دامه‌زراندن ئه‌وا له‌م نێوه‌نده‌دا مه‌سه‌له‌که له‌پێناوی ڕێساکانی یارییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا ده‌بێت له باڵاترین جۆریدا : واته گردبوونه‌وه ، یارییه کۆمه‌ڵگاییه دامه‌زرێنه‌ره‌کان ، به‌و جۆره‌ی که هه‌ن ، ده‌کاته تێمای خۆی.
ئه‌و مانایه‌شی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراتی له‌ڕووی فیزیکییه‌وه ده‌یگه‌یه‌نێت ئه‌وه‌یه که‌وا ئێمه له‌نێوان دوو جه‌مسه‌ردا ده‌ژین : یه‌کێکیان بریتییه له‌و هێڵی جیاکردنه‌وه‌یه‌ی ماوه‌ی نێوان کابینه‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌یکێشێت ، که تیایاندا ئازادی وه‌کو مافێک بۆ خۆجیاکردنه‌وه مانیفێست ده‌بێت ، ئه‌وه‌ی تریشیان گشتێتی ساڵه و هۆڵی بۆنه‌کانه، که‌تیایاندا ئازادی کۆبوونه‌وه جۆرێک له گه‌رمکردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ییانه‌ی هاونیشتمانی دروست ده‌کات. با بڵێین که‌شێکی ئاسمانیانه‌ی( ئهتیری Aether) ی دیموکراتیانه که ئه‌گه‌ر شته‌کان باش به‌ڕێوه‌بچن، ئه‌وا تیایدا ئه‌و هاوبه‌شییه خۆی به‌رفراوان ده‌کات، وه له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆنه‌ی وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌کان زۆر ده‌گمه‌ن ڕووده‌ده‌ن ئه‌وا به‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌بێت که‌وا گردبوونه‌وه له کۆمه‌ڵگادا بۆ خودی کۆمه‌ڵگا خۆی بریتیه له دۆخی نائاسایی Ausnahmezustand . کۆمه‌ڵگا مۆدێرنه‌کان به‌و جۆره‌ی هه‌ن خۆیان له‌ناو ڕێسادا نابیننه‌وه. به‌ڵکو ئه‌وان له ڕێسا لاده‌ده‌ن ته‌نیاش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆنه‌یه‌کی زۆر تایبه‌تیان بینیوه‌ته‌وه که له‌پێشده‌می خودی خۆیاندا ده‌ربکه‌ون. شتی وه‌هاشمان ئه‌و ساته له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌ندامه به‌سووده تایبه‌تمه‌نده‌کانی کۆمه‌ڵگای مرۆیی ئاهه‌نگ به‌یادی بۆنه‌کانه‌وه بگێڕن. ئه‌گه‌ر ڕۆژێکیش تیۆریه‌کی بۆنه یادکردنه‌وه دابهێنرێت ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وه پیشانبدات که چۆن ئه‌و شته خڕانه‌ی له نهێنی ژماره سفره‌وه ژماره‌ی ساڵه‌کانیان نووسیوه‌ته‌وه ده‌توانن له‌وه‌دا سوود به ئێمه بگه‌یه‌نن، که ڕێسای یارییه‌کان، به‌ها بنه‌ماییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی به جه‌غد لێکردنه‌وه‌یه‌کی سروتئاراییهوه یه‌كڕاست (( له‌پێش تیپه کۆبۆوهکهدا)) بکاته شتێکی ڕابوردوو. جه‌وهه‌ری بۆنهیادکردنهوهش ئه‌وه‌یه وا‌بکات ده‌رفه‌تی خوددیداری له‌ناو بۆنه‌که‌دا بۆ به‌شداربووانی ئاهه‌نگه‌که واڵابکاته‌وه.
له‌باری نائاساییانه‌ی جه‌ژنه‌کاندا تای ته‌رازووی ((پێکهوهخوازی)) سه‌نگینتر ده‌بێت له تای ته‌رازووی ((جیاخوازی)) وه له ساته‌وه‌خته ناباوهکاندا، له‌وانه‌دا که ده‌شێت قسه‌کردن له‌باره‌ی مه‌ده‌نیه‌تێکی به‌واقیعی لهئارادابووهوه بێت ، ئه‌وه‌ی شیاوی بیرلێکردنه‌وه نیه ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی پێکه‌وه‌یی شیاو ده‌رده‌که‌وێت، و ده‌چنه سه‌روو ئهوهشهوهی که مرۆڤ ده‌یبه‌خشێت به بیرکردنه‌وه کاتێک ئه‌وان دێنه جیهانه‌وه و سه‌نگ و کێشی هه‌قیقه‌ت دابه‌شده‌که‌ن. من ده‌پرسم ئایا باندی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ چه‌ند ساتێکیش بێت ده‌شێت گرێ بدرێته‌وه به بیرلێکردنه‌وه‌وه،که لهناوگشتێتی دوورترین دۆخیکۆمهڵایهتیه هه‌ره بزر و هه‌ره تهنیاکهماندایه. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بناسێنم داخۆ ده‌کرێت له‌م سه‌رده‌مه‌ماندا بهتێڕامانکردن له‌ناو کایه‌یه‌کی گشتیدا ده‌ست له ستره‌کتوره بنه‌ڕه‌تیه‌کانی دازاین بده‌ین. ئه‌م دۆخهنائاساییه ڕاماناویه ده‌کرێت خۆی له‌وه‌دا ده‌ربخات که‌وا کۆمه‌ڵگا ، وه‌کو کۆبۆوهیهک ، جارێکی‌تر خۆی داده‌مه‌زرێنێته‌وه تاوه‌کو دۆخی هه‌نووکه‌ییانه‌ی یارییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆی و جیهان دا باشتر تێبگات.
2.
له‌م ڕامانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا من چ شتێکی ئه‌وتۆم له‌سه‌ر تێمای ئه‌م گوتاره
نه‌گوتووه ، به‌ڵکو شتێکم له‌سه‌ر جۆری ئه‌و ئاواز و ده‌نگه درکاندووه که ده‌بێت له‌ناو ئه‌م گوتاره‌دا بژه‌نرێت. لێره‌شدا من که‌شی ئه‌م ڕامانه بۆنه ئامێزیه بۆ ئه‌وه به‌کارده‌هێنم که چه‌ند بیرۆکه‌یه‌ک له‌سه‌ر یاری و یارییه‌کان بخه‌مه‌ڕوو، به‌وپێیه‌ی ده‌شێت ئه‌مه بکه‌وێته ناو بواری شاره‌زایی و لێهاتوویی Kompetenz فه‌یله‌سوفانه‌وه که‌وا ئه‌م وشه‌یه بۆ شتێکی له‌وجۆره وه‌ربگرین. ئاماژه‌دان به گرفتێکی شیاوی شاره‌زاییش له بۆشاییه‌وه وه‌رنه‌گیراوه، چونکهکهرتێکی گه‌وره‌ی مێژووی ڕۆحی خۆرئاوا له‌ڕێی په‌یوه‌ندییه‌کی توندی لهیهکتردوورکهوتنهوهی نێوان ڕۆحی فه‌لسه‌فه و جیهانی یاریدا نیشانه ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش پێویستی به وه‌رچه‌رخانی گه‌وره هه‌بووه له‌ناو ماڵی بیرکردنه‌وه‌دا ، به‌رله‌وه‌ی گوتاری فه‌لسه‌فی بتوانێت له‌لایه‌ن شتێکی ئاوا نافهلسهفیهوه ڕووناکی دنیا ببینێت. له‌ڕه‌فتار و هابیتۆسی میتافیزیکی کۆندا وابووه که ئه‌و ده‌یویست ((یاری ده‌رکه‌وتن)) بچه‌قێنێته ناو هه‌قیقه‌تێکی قووڵ و جێگیره‌وه و دواتریش له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه به‌رزه ئارامیهیدا ده‌بێت ڕۆحی مرۆیی هه‌ڵبچنرێت. به‌ڕاده‌یه‌ک شته هه‌ڵهاتووه‌که ، شته کاتیه‌که ، شته بزێوه‌که‌ی جیهانی ده‌رکه‌وته‌یی و فینۆمینال نه‌توانرێت ببینرێت یاخود بگره بیانه‌وێت چاوپۆشی لێ بکه‌ن. ئا له‌وێدا تاکلایهنییهکی قه‌شه‌نگی ڕۆحی فه‌لسه‌فی پاڵکه‌وتووه، کاتێکیش ئه‌و بۆ ڕووکه‌شه بزۆکیهکهی جیهان خۆی کوێر ده‌نوێنێت بۆ ئه‌وه‌یه تاوه‌کو هێزی بینینه‌که‌ی گلبداته‌وه بۆ دیتنی بیرۆکه‌و ئیدیهکان ، بۆ چمکه‌کان ، بۆ سترهکتورهکان، بۆ ئه‌وانه‌ی جیهانه تێگهیهنراوهکان ئاوه‌دان ده‌که‌نه‌وه. شتی ((ئه‌ودیو))یش که شیاوی تێگه‌یشتنه به‌رده‌وامبوونی په‌تی ته‌نیا له‌ناو خودی خۆیدا ده‌ناسێت، شێوازی هه‌بوونی ئه‌و بریتی نیه له‌هی یاریه زهوقلییهکان به‌ڵکو بریتییه له‌هی به‌رده‌وامیه‌کی جه‌وهه‌ری. له‌ناو ئه‌ودا چ سه‌مایه‌ک نیه ، چ ههڵبهزودابهزێک نیه ، چ گۆڕانێکی کتوپڕی نیه ، به‌ڵکو ته‌نیا ئارامی دواهه‌مین بنه‌ما هه‌یه. تیشکێکی ئه‌به‌دیش ، که وه‌ک مه‌عریفه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه توانا فریشته‌ییه‌کانی مرۆڤ له ژیاندا چالاک ده‌کات، به‌سه‌روو ئه‌و عه‌قله‌وه داگیرساوه که نیگای خۆی گرتووه‌ته هه‌ر شتێکی (( ئه‌وبه‌ر )) که‌شیاوی تێگه‌یشتن بێت. ئه‌و ده‌رپه‌ڕینه وهرچهرخێنهرهشی میتافیزیکی کلاسیک ده‌یبه‌خشێت به‌سه‌رده‌می خۆی بریتییه له هه‌ستێکی ههرهبڵندی ئه‌م هه‌واڵه لۆگیکیانهی سه‌رکه‌وتن: واته ئه‌و په‌یامی شادمانی سه‌رکه‌وتنی ((جه‌وهه‌ر/ ئارابوون)) به‌سه‌ر (( ڕێکه‌وت ))دا و، ((هۆکار)) به‌سه‌ر ((ده‌ره‌نجام))دا و، ((شتهبنهڕتیهکه)) به‌سه‌ر ((شته ده‌رهاویشته‌که))دا ڕاده‌گه‌یه‌نێت. ئاینی فه‌یله‌سوف له بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕی به هیچ نیه جگه له (( ڕزگاربوون له ڕێکه‌وت )) . چالاکی و کاری میتافیزیکیانهو بنه‌ڕه‌تیانه‌ی مرۆڤ قه‌ناعه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ڵده‌چنێت که‌وا شته‌کانی جیهانی ده‌رکه‌وته‌یی هه‌ستپێکراو ته‌واو هێنده به‌س نین تاوه‌کو خزمه‌ت به ئاگایی فه‌لسه‌فیانه بگه‌یه‌نن. له‌به‌رئه‌وه‌یه ڕزگاربوون له ئه‌زموونی په‌تی له‌ناو ڕزگاربوون له ڕێکه‌وته‌کان دا ده‌چه‌سپێت.
3
ئه‌مڕۆ له‌هه‌رکوێیه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌کی یاری ڕابگه‌یه‌ندرێت، له‌وێدا ئه‌و له‌ڕێی خۆیه‌وه ((eo ipso)) وه‌ها خۆی پیشانده‌دات که‌وا چیدی بناغه‌کانی میتافیزیکی کلاسیکی خۆرئاوا تێپه‌ڕێنراوه . گۆڕانێکی له‌و چه‌شنه‌ش به بێ وه‌رچه‌رخاندن له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و به‌هایانه‌ی که دژیار و ناکۆکی شته ههندگیرو ناههندگیرهکان ده‌چه‌سپێنن ناشێت بێته ئاراوه. به‌وه‌شدا که ئێمه خۆمان له‌نێوه‌ندی شۆڕشێکی له‌و چه‌شنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی نرخه‌کاندا ده‌بینینه‌وه ،واته ئهمدیواودیو گۆڕینی تێکهڵوپێکهڵانهی نێوان ئه‌و شتانه‌ی ههندگیرن و ئه‌وانه‌شی هێنده ههندگیر نین ، ده‌بێته ئه‌و تێزه‌یه‌ی که من ده‌خوازم لێره به‌دواوه که‌مێک ڕۆشنی بکه‌مه‌وه. تێزهیهک که حه‌ز ده‌کات نزیکمان بخاته‌وه له‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆچی ته‌نیا فه‌لسه‌فه‌یه‌کی یاری ده‌شێت وه‌کو تێۆریهک بۆ فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ شیاو بێت.
ئه‌و میتامۆرفۆسه گه‌ورانه‌ی له‌بیری مۆدێرنه‌وه به‌سه‌ر دیسپلینه کۆنینه‌کانی حیکمه‌تی خۆشویستندا (( واته فه‌لسه‌فه / ب . ع.)) سه‌پێنراون ، زۆر به دروستی گۆڕدراون بۆ گوزاره‌یه‌کی زۆرئاشکرا که بریتیه له وێنه‌ی: وه‌رچه‌رخانی کۆپه‌رنیکۆسی. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر که‌متر بێت له به‌راوردکردن به ههڵگهڕاندنهوهیهکی وێنه‌ی جیهان به‌س نیه بۆئه‌وه‌ی قووڵی ئه‌و شۆڕشه هاوچه‌رخ بکرێت ، که له ڕه‌وتی ئه‌م دوو سه‌ده‌یه‌ی دواییدا بووه‌ته مایه‌ی پێدانه‌وه‌ی ئیعتبارێکی فه‌لسه‌فی به بیرۆکه‌ی ڕێکه‌وت.
میتافیزیکی کۆن عاشقی بیرۆکه‌ی هه‌میشه‌گی Das Ewige و بیرۆکه‌ی زه‌روره‌ت Das Notwendigeبوو ، که له‌ڕێی بیرۆکه‌ی هه‌ڵکه‌وت(( واقیعه‌وه Das Wirkliche)) هه‌ر وه‌کو تێپه‌ڕینی تیشکێکی پوخت به‌ناو میدیۆمێکی ته‌ڵخدا گوزه‌ر بکات وه‌ها ده‌رکه‌وتبوو. که‌چی به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه بیری مۆدێرن ته‌واو خۆی داوه به‌ده‌ست بیرۆکه‌ی خولیابوون بۆ واقیع. که‌ئێستاش ئه‌مه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ سه‌ر پاشخانێکی ده‌رفه‌ته بێکۆتاکانی ((هه‌روه‌ها_ توانینی _ ئه‌ویتربوون)).
ئه‌و داخوازیه نوێیه‌ی که‌داوامان لێده‌کات ڕۆح له دامێنی پێی واقیعدا تێگه‌یه‌نراو بێت ، جگه له پاڵهێزه پسایکۆلۆگیهکانی هه‌روه‌ها هۆکاری تیۆریشی هه‌یه. چونکه سوبیه‌کتی زانین ، به‌لای مرۆڤێکه‌وه که هه‌ست به‌خۆی ده‌کات ، له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا پتر وا خۆی ده‌بینێته‌وه که وه‌کو ئۆبیه‌کتی زانین له‌پێش خودی خۆیدا ده‌رده‌که‌وێت. مۆدێرنیته و خۆپابهندی ، له‌ڕووی مرۆییه‌وه بێت یاخود له‌ڕووی سیسته‌مه‌وه ، بریتین له دووڕووی هه‌مان مه‌سه‌له. له‌وکاته‌وه فه‌لسه‌فه ده‌بێت هه‌موو گوزاره‌کانی له‌سه‌ر بوون و بوونه‌وه‌ر بشکێنێته‌وه سه‌ر گوزاره‌ی مرۆڤ. ئه‌مه‌ش ده‌ستپێکی ئاماژه‌دانه به وه‌رچه‌رخانێکی پڕئهنجام،که‌ناشێت چاوپۆشی لێ بکرێت، به‌ره‌و ئه‌و سوبیه‌کته‌ی که خۆی گرێده‌داته‌وه به کاره‌کانی ئیمانۆیل کانته‌وه ، و به چه‌مکی فه‌لسه‌فه‌ی ترانسێندێنتال و به هه‌ڵکشانێکی نه‌به‌زی unwiderstehlichen Aufstieg دیسپلینێکی نوێی فه‌لسه‌فی، که پێی ده‌وترێت ئه‌نترۆپۆلۆگی. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه ئه‌نجامه ئاشکرا‌کانی له‌ناو ماڵدارێتی ڕۆحیانه‌ی جیهانی مۆدێرندا پیشان ده‌دات. که پێداویستی میتافیزیکیانه له‌و کاته‌وه هه‌ڵفڕینی سافیلکانهی بۆ ناو جیهانه باڵاکان به‌توندی سه‌خت کردووه. هه‌ڵهاتنی ئه‌م ئاڵایه بۆ ناو ڕه‌هاگه‌رێتی چیتر به‌ئاسانی سه‌رناگرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤی مۆدێرن چیتر ناتوانێت یه‌کڕاست مه‌شقی ئۆنتۆلۆگی بکات وه‌کو له‌کاتی ئه‌کادیمیه پلاتۆنیهکهدا و له لایه‌ن ئاینزا ئاسمانیه‌کانه‌وه ده‌کرا ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی له‌باشترین حاڵه‌تدا ده‌توانێت پێشکه‌شی بکات ته‌نیا بریتیه له زانست له‌لایه‌ن ئه‌و ئاژه‌ڵه ئۆنتۆلۆگیهوه ، که بریتیه له خودی خۆی. ئه‌وه‌شی که هێشتا مرۆڤ له سه‌رده‌می دوای ئیدیالیزمهوه حه‌ز ده‌کات بیر له‌سه‌ر خودا و جیهان بکاته‌وه ، ئه‌وه له‌وه پتریان پێ ناکرێت که چاویلکه‌ی ئه‌نترۆپۆلۆگی بکه‌نه به‌رچاویان ، ئه‌مه‌ش به‌به‌رده‌وامی ئه‌وه‌یان بیرده‌خاته‌وه که‌وا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خۆیان له‌پێش نیگایه‌کی ڕۆحیانه‌وه واڵادهکهنهوه ، سه‌ره‌تا به‌ناو پریسمای(( بڵاوکراوه))ی مرۆڤ دا تێپه‌ڕیون. له‌ئه‌نجامیشدا ناتوانێت چ بوونه‌وه‌رێک پتر وه‌ک (( شت له خۆیدا)) یه‌کی په‌تی مانیفێست بکات.
به‌مگوێره‌یه مرۆڤ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی وه‌کو فه‌یله‌سوفان ده‌فه‌لسه‌فێنن ، مه‌حکومه به‌خودی خۆی له‌ناو کرده‌وه‌و چالاکیه‌کانیدا. ئه‌و ده‌بێت خۆی وه‌کو خودان و هه‌ڵگرێکی ڕێکه‌وتی دیدگا ناڕههاکان بۆ له‌ئه‌ستۆ هه‌ڵبگیرێت، ئه‌و ده‌بێت خۆی وه‌کو هه‌ڵکه‌وته‌یه‌کی ناپوختی شتێک بناسێنێت که چیتر به عه‌قلێکی پوخت ناو نابرێت. هه‌روه‌ها ڕۆڵی ئه‌و ڕۆحه‌ی ڕێکه‌وتیشی یاری کردووه که جیهانی ئه‌فراندووه ، ئه‌و ڕۆحه‌ی زووتر ناوه قه‌شه‌نگه‌که‌ی ئه‌فراندنی هه‌ڵگرتبوو، ماوه‌یه‌کی درێژ به‌رله‌وه‌ی ئه‌مه میتافیزیکیانه وه‌ڵام بداته‌وه ، هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا خۆی له‌م یاریه به‌ده‌ی گۆڕانبوون لابدات. لهوکاتهوهشی ڕۆح بووه به شتێکی مرۆیی و مێژوویی، بگره ئه‌وپه‌ڕی مرۆیی و ئه‌وپه‌ڕی مێژوویی، و له تێوهگلانیشی به گۆڕانبوونهکانهوه ئه‌م تێبینیه‌ی وه‌رگرتووه که‌وا دیسانه‌وه که‌وتووه‌ته‌وه ناوه‌ڕاستی یاریه‌که: گاه وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌میشه یاری پێکراوه ، و گاه وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌خۆی یارییه‌که ده‌باته ناو ده‌ستی خۆیه‌وه.
مرۆڤ ، که به‌یارییه‌کانی ڕێکه‌وت ئه‌فرێنراوه ، پێویسته له ئێستا به‌دواوه وه‌کو ئه‌فرێنه‌رێک یاری نوێ بهێنێته‌وه ناو چه‌قی ئاگایی فه‌لسه‌فیه‌وه. له‌گه‌ڵ وه‌رچه‌رخانه ئهنترۆپۆلۆگیهکاندا هه‌موو ئه‌و بهربهندانه درز ده‌به‌ن که ده‌بوو ((ڕێکه‌وت))یان له پشته‌وه‌ی ((جه‌وهه‌ر/ئارابوون))ه‌وه کۆبکردایهتهوهو گلبدایهتهوه ، ئیدی سوبیه‌کتی مرۆییانه‌ی مۆدێرنه‌ش وه‌ها خۆی ده‌بینێته‌وه که نقووم بووه به فره‌ییه‌کی نوێی شاره‌زایی و تایبه‌تکاری بۆ شتهڕێکهوتهکان و ، فاکته‌کان و ، مێژووییه‌کان و ، لۆکالیه‌کان و یه‌کجارییه‌کان. له‌نێوانی ئه‌م شاره‌زایی و تایبهتکاریهوه (( كۆمپیتێنس_ Kompetenz)) که به یه‌کجار به‌شێوه‌یه‌کی گه‌وره زه‌ق ده‌بێته‌وه و هێڵێکی به‌ژێردا ده‌کێشرێت، شتێک وه‌کو نائارامکهرهوهیهکی قووڵ و بهرپهرچدهرهوهیهکی به‌توانا ده‌رده‌په‌ڕێت و به‌رزده‌بێته‌وه که بریتیه له: تایبه‌تکاری و شارهزاکاریهکی پههلهوانیانه، واته ئه‌فراندنی کاری هونه‌ری. کاری هونه‌ری له‌پێشده‌می هۆشیاری مرۆڤی هاوچه‌رخدا وه‌کو دوا ڕێکه‌وته‌ی به‌ڕاستی دروستکراو له‌ئارادا هه‌یه. له‌ناو کاری هونه‌ریدا(( نا – زه‌روره‌ت)) نه‌ک هه‌ر شتێکی ڕاستیه ، به‌ڵکو له‌هه‌ندێک شێوه‌شدا بووه به شتێکی ((زه‌ڕور)) . ئه‌وه‌شی هه‌ر له‌یه‌که‌مین ئه‌فراندنه‌وه له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه فه‌رامۆش کراوه‌و له‌یادکراوه ، ئێستا له‌لایه‌ن کاری هونه‌ریه‌وه هێزی ده‌سته‌ڵاتی کاری مرۆیی هێنراوه‌ته‌وه و له‌ڕێی چالاکیه ئهفرێنهرهکانیشهوه مانه‌وه و به‌رده‌وامی بوونه‌وه‌ران خۆیان فره ده‌که‌ن. مرۆڤیش وه‌کو دانه‌ری کاره هونه‌رییه‌کان و یاری جۆرهبهرزهکان ، خۆی له‌گه‌ڵ شته نازهرورهکانیشدا به‌شێوه‌یه‌کی نموونه‌یی ئاشتکردۆتهوه. له‌ناو هونه‌ردا ((شتی ڕێکه‌وته‌یی)) وه‌کو زه‌روره‌تێکی ڕزگارکه‌ری لێهاتووه. ئه‌و سوبیه‌کته‌ی که هونه‌ر ئه‌فراندوویه‌تی هه‌مان شتی به‌سه‌ردا دێت که خودی یه‌زدان خۆی ئه‌فراندوویه‌تی، واته ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی نه‌خوازراوانه ده‌بێت دروست بکرێت، به‌هۆی پڕاوپڕی جیهانه شیاوهکانهوه هیچ شتێکی تری وه‌کو ئه‌مه‌ی به‌ره‌و هه‌قیقه‌ت به‌رز نه‌کردۆته‌وه. کهلهتهماشاکردنێکی نزیکه‌وه جیهانه‌که‌مان هێشتا سه‌رنجێکی ئیرتیجالی و بهسهریهکداتێکهڵاو چێ ده‌کات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش له‌ناو کایه‌ی تیۆلۆگیدا هێشتا باشترین وتووێژی هه‌یه. پسووله‌ی ئه‌مه‌ش هێنده‌ی خودی چیرۆکی ئه‌فراندنی جیهان کۆنه : واته ، ئه‌وه‌ی شتێک بخاته دنیاوه ده‌بێت ئه‌وه‌ش ببینێت چۆن ئه‌و ڕه‌خنه لهخۆگرتنێک بڵاوده‌کاته‌وه که به متمانه‌وه ئه‌وه‌ی مسۆگه‌ر کردووه ، که ئه‌و شته باش بووه.
وه‌رچه‌رخانی مۆدێرنه به‌ره‌و سوبیه‌کت ناچاری وه‌رچه‌رخاندن به‌ره‌و مرۆڤ وه‌کو ئه‌فرێنه‌ری هونه‌ر ده‌کات : واته ، هونه‌رمه‌ند وه‌کو مانا پێده‌ری شته بێماناکان بریتیه له ڕزگارکه‌ری ڕێکه‌وته‌کان.
5 .
داخۆ یارییه‌کان جگه له ئامۆزا بچووکه‌کانی هونه‌ره‌کان ده‌بێت چیتر بن؟ بێگومان ده‌بێت ئه‌وانیش له وه‌رچه‌خانه هاوچه‌رخه‌کانی بیرکردنه‌وه به‌ره‌و مرۆڤ سود وه‌ربگرن. لهپهسنکردنی هونه‌ره‌وه به‌ره‌و په‌سنکردنی یاری ته‌نیا یه‌ک هه‌نگاو هه‌یه. ئه‌وه‌ش ده‌بێت ئه‌نترۆپۆلۆگی به‌رپای بکات ، چونکه ئه‌نترۆپۆلۆگی لێره‌دا خاڵێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه.
دوای ئه‌وه‌شی ئه‌نترۆپۆلۆگی مرۆڤی وه‌کو ئه‌فرێنه‌رێک برده ناو گفتوگۆوه ، ئه‌وا لهوێکاتیشهوه نه‌یتوانیوه له‌وه بێده‌نگ بێت که‌وا مرۆڤ هه‌روه‌ها یاریکهرێکیشه. ئایا مرۆڤی homo artifex بێت یاخود مرۆڤی یاریکه‌ر homo ludens بێت، ئه‌وه‌شی مرۆڤ به‌پێی ڕێکه‌وته‌کان به شێوه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ ڕیز بکات، ئه‌وه ده‌بێت شته‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بگۆڕێت وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌زووه‌وه ((یاری)) باشترین دۆستی مرۆڤ بوو بێت. له‌مه‌شدا(( یاری )) هه‌روه‌کو (( سروشت )) هه‌مان چاره‌نوسی تیۆری دۆزیوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌ناو ئه‌نترۆپۆلۆگی ڕۆمانتیکدا له‌لایه‌ن کۆنترین دوژمنی مرۆڤه‌وه بووه به هاوکارێکی دڵسۆزی، به‌ڵکو بووه به باشترین خودی خۆی ، که به‌پێی ئه‌م تێگه‌یه‌ش بێت ئه‌وا ده‌شێت سروشت په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه پتر بێت وه‌ک له ئێمه به خودی خۆمانه‌وه. له‌هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌شدا ، ئه‌و هێزه به‌سه‌ر یاریدا سه‌پێنراوه که ده‌بێت سوودی ئه‌وه‌مان بۆ فراوانتر بکات باز بده‌ین به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی خۆ و به‌رژه‌وه‌ندی خۆ ده‌یکه‌ین .
ئه‌وه‌ش ده‌که‌وێته سه‌ر هێڵی ئه‌و شێوازی بیرکردنه‌وه ڕۆمانتیکیانهی یاری ، کاتێک یۆهان هویتسینگا له کتێبه کلاسیهکهیدا دڵنیامان ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی که : هه‌موو کولتوری مرۆیی بریتیه له دیارییه‌ک له‌لایه‌ن (( یاری ))یه‌و پێی به‌خشراوه . به‌لای ئه‌وه‌وه (( یاری )) مانای ئیشکردنێکی سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی سروشت ده‌گه‌یه‌نێت. له یاریدا شتی سروشتی به‌شێوه‌یه‌کی خۆڕسکییانه به‌سه‌رخۆیدا ده‌چێته ده‌ره‌وه به ئاراسته‌ی ڕۆح ، و به پاڵهێزی خۆنواندن.
(( یاری )) بریتییه له ئۆرگانێکی شانۆئامێزیانهی سروشت. مرۆڤیش ته‌نیا به‌وه خۆی پێناس ده‌کات که بریتییه له به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و وزه‌ی یارییه‌ی له بیۆلۆگیاوه سه‌رده‌ر ده‌کات. له‌مه‌شدا هه‌میشه فاکتۆرێکی زیاده له کاردایه و سروشتیش له‌به‌ر تیشکی شیکردنه‌وه‌ی ڕۆمانتیکیانهی یاریدا وه‌کو که‌یبانوویه‌کی ماڵبهڕێوهبهر ده‌رناکه‌وێت که حسابی قووڵ بکات ، به‌ڵکو وه‌کو دیڤایهک Diva (( گۆرانیبێژ یاخود ئه‌کته‌ر )) که به‌لایه‌وه به‌س ، به‌س نییه.
بیرۆکه‌ی هویتسینگا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌وا پرینیسیپی یاری به‌ناو مرۆڤدا گوزه‌ر ده‌کات له‌پێناوی ئه‌وه‌ی کولتوری پێ ببه‌خشێت هه‌روه‌ک به‌رته‌کێکی مه‌ده‌نیانه‌ی هۆڵه‌ندی وایه بۆ ڕێبازه دیۆنیزیکهی نیتچه .
(( یاری )) له شێوه‌ی خودایه‌ک له خواره‌وه به‌ناو کایه‌ی مرۆڤدا گوزه‌ر ده‌کات تاوه‌کو به قاقایه‌ک، به خولانه‌وه و سه‌مایه‌ک، به پارادۆکسێک مرۆڤ هه‌ڵبڕێت بۆ سه‌ره‌وه. لێره‌دا ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێت که تیۆره گه‌وره‌کانی یاری له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا ناتوانن له‌وه پتر هیچ شتێکی تر بکه‌ن که خۆیان بگه‌یه‌ننه نزیکی پرینسیپهکانهوه، که ئه‌مه‌ش له‌سه‌رده‌می میتافیزیکدا پێی ده‌وترا ((خودایی)). ئه‌مه‌ش هێشتاکه کاریگه‌ری خۆی هه‌یه ، چونکه له‌و جێگه‌یه‌ی ئه‌نترۆپۆلۆگی پیاده ده‌کرێت تیۆلۆگیش ناتوانێت تیایدا خۆی دوور ڕابگرێت. هه‌ڵبه‌ت له‌و جێگه‌یه‌شدا به‌شێوه‌یه‌کی ڕێک و به‌رده‌وام ئه‌و شڵه‌ژان و ته‌نگژه‌یه سه‌رده‌ر ده‌کات که مرۆڤی خۆرئاوایی تائێستاش هه‌روه‌کو ئه‌وسا له بنه‌ڕه‌تی هه‌موو شته‌کاندا ده‌توانێت ته‌نیا جدیه‌تی خودایی هزر بکات ،که پێیوایه جیهان ده‌بێت بنه‌مایه‌کی جیدی هه‌بێت ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکانی جیدی به‌دوای سه‌ره‌تاکه‌یدا بگه‌ڕێن. ئه‌فرێنه‌رێکی دنیا که هه‌مووشتێک ده‌زانێت ده‌شێت ته‌واو ئه‌مه بگرێته‌وه .
به‌ڵام ئه‌رێ ئێمه چۆن باوه‌ڕ به یه‌که‌مین یاریکه‌ر بهێنین؟
6.
ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌بووایه، له‌وانه بوو ئه‌نترۆپۆلۆگی زانستێکی جیدی بووایه . به‌ڵام ئه‌وه ناتوانێت خۆی بچه‌سپێنێت ، چونکه ئه‌و به بابه‌ته‌که‌ی خۆیه‌وه دێت و ده‌چێت و هاموشۆ ده‌کات. واته مرۆڤ وه‌ک ئاواره‌یه‌کی ئۆنتۆلۆگی تاوه‌کو ئه‌وپه‌ڕی ئاستی قوڵایی جه‌وهه‌ریانه ناڕوونییه‌کی به‌رچاو چوارده‌وری ته‌نیوه. پێده‌چێت ئه‌مه‌ش له‌هه‌ر پێناسێکی تر زیاتر جێی متمانه بێت . به‌ڵام هه‌موو ناڕوونیه‌کان له تیۆری مرۆڤدا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و نهشیاویهی ، ئاخۆ مرۆڤ (( له بنه‌ڕه‌تدا )) بوونه‌وه‌رێکی هه‌ژاره یاخود ده‌وڵه‌مه‌ند . ئه‌مه ئه‌گه‌ر به‌پێی پێوه‌ره ئۆبیهکتیڤیهکان بڕیار بدرێت ئه‌وا هه‌ردوو ئه‌و دۆخه‌ش هه‌ر له‌وه‌ته‌ی مێژووی شارستانیه‌ت هه‌یه ، له ئاست و پله‌ی جۆراوجۆردا له‌ئارادا هه‌بوون . ئه‌و تێزه باوه‌ش ماوه‌ی هه‌زاران ساڵه له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه ده‌دوێت وه‌ک ئه‌وه‌ی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی که‌موکورت و نوقسان بێت ، یان وه‌ک ئه‌وه‌ی گوناهبارێک بێت و به‌سه‌ر خۆیدا چه‌مابێته‌وه ، یان وه‌کئه‌وه‌ی قامیشێکی بیرکه‌ره‌وه بێت ، یان وه‌کئه‌وه‌ی به‌رهه‌می که‌لێنه‌که‌ی گه‌شه‌کردن بێت ،یان وه‌کئه‌وه‌ی فهرامۆشکراوێکی Paria غهریزهفهرامۆشکراوی گه‌ردوون بێت، یان وه‌کئه‌وه‌ی کۆیله‌ی غه‌ریزه‌ی خودپارێزخوازی بێت ، یان وه‌کئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێکی به‌خیلی بهزیندووییمانهوه بێت ، یان وه‌کئه‌وه‌ی پاشهکهوتکهرێکی مۆن بێت.
ئه‌و ئه‌نتی تێزهیهشی به‌رانبه‌ر به‌مه له هه‌موولایه‌کدا خۆی متکردووه ، نوێنه‌رایه‌تی تیۆریه‌کی تری مرۆڤ ده‌کات ، که پێیوایه مرۆڤ ده‌شێت گاه وه‌ک بونه‌وه‌رێکی لوکسوسخواز بێت ، گاه وه‌ک دهمهقاچانی بوون بێت، گاه وه‌ک گۆڕه‌پانی جه‌ژن و بۆنه‌کانی بههۆشیاربوونی گه‌ردوونیانه ، گاه وه‌ک خودایه‌کی کۆتادار ، گاه وه‌ک شاعیری جیهانی خۆی ، گاه وه‌ک خولقێنه‌رێکی ڕوخۆش و گاه وه‌ک مهسرهفکهرێکی کۆڵنه‌ده‌ر بێت.
له‌هه‌ردوو ئه‌م تێگهیهشدا ، که به‌ئاسانی ناگه‌ڕێنه‌وه لای یه‌کتری ، ئه‌تیک و میزاجێکی جیاواز ڕه‌نگده‌ده‌نه‌وه ، بگره له‌مه‌ش پتر ، لۆگیکی جیاواز ، ڕاسیۆنالیتێتی جیاواز ، جۆری جیاوازی هاوتاکردنه‌وه‌ی دازاین خۆیان ئاوێنهدهکهنهوه . به‌پێی سروشتیش بێت پێویسته که‌لێنێکی وه‌ها قووڵی بنه‌ما ئهنترۆپۆلۆگیهکان ، له‌ناو تێگه‌کانی یاری دا وێک‌چوونی خۆیان ببیننه‌وه. له‌کوێ مرۆڤ وه‌کو هه‌ژارێک بیری لێبکرێته‌وه ، له‌وێدا ئه‌و به‌و بوونه‌وه‌ره داده‌نرێت که سه‌رباری ئه‌وه‌ی یاری ده‌کات ، بوونه‌وه‌رێکه ئه‌رکی له‌کۆڵ ده‌کرێته‌وه و به شتێکی‌تر جێگه‌ی ده‌گیرێته‌وه ، به ئاسوده ده‌کرێت و سه‌ری سووک ده‌کرێت . لێره‌دا گریمانه‌ی که‌موکورتی یاخود کێماسی له‌ڕێی چوار دژواریه‌وه ڕاڤه ده‌کرێت : له‌ڕێی له‌دایکبوونه‌وه ، له‌ڕێی کارکردنه‌وه ، له‌ڕێی جه‌نگه‌وه ، وه له‌ڕێی مه‌رگه‌وه. له‌به‌رامبه‌ر ((یاری)) دا ئه‌و جێگه تایبه‌تمه‌ندانه‌ی ((جیدیه‌ت)) هه‌ن که تیایاندا سه‌ختی و توندی جیهان خۆیان ده‌خزێننه ناو یه‌کترییه‌وه.
له هه‌ریه‌کێک له‌و جارانه‌شدا یاری ته‌نیا بریتییه له خستنهبرییهک له‌جیاتی خۆحه‌شاردان، وه هه‌روه‌ها یارییه‌کی نێوهندیانهی ئاسانی نێوان ئهرکهگرانهکانیشه. مرۆڤی گه‌مه‌که‌ر مرۆیه‌کی هه‌ژاره . له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌و گه‌مه ده‌کات چونکه ئه‌و پێویستی به‌وه هه‌یه. به‌رامبه‌ر به‌مه‌ش له‌کوێ مرۆڤی ده‌وڵه‌مه‌ند ڕابگه‌یه‌نرێت، له‌وێدا ئه‌و به مرۆڤێک داده‌نرێت که له بناغهوهڕا یاری ده‌کات. ئه‌وانه‌ش له‌به‌رئه‌وه ده‌کات ، چونکه ئه‌و له‌خۆیدا شتی چاکه‌ی گه‌لێک هه‌ن ، وهچونکه ئه‌و له زیاد ههڵچوونیشیدا هێشتا هه‌ر لای خۆی ده‌مێنێته‌وه ، هه‌روه‌ها چونکه مرۆڤ لهخۆبهدیهێناندا پێویستی به خۆبهفیڕۆدانه. دیاره ڕه‌هاکردنی گه‌مه سهربهگریمانهی دهوڵهمهندییهکهیه. واته ئه‌گه‌ر مرۆڤگه‌ل بوونه‌وه‌ری ده‌ڵه‌مه‌ند بن، ئه‌وسا ئه‌وان به‌م پێیه ڕاڤه‌ی گه‌مه له‌ڕێی دژه‌که‌یه‌وه ناکه‌ن. له گه‌مه‌ی ڕه‌هادا گه‌وره‌یی جیدیه‌تی ژیان به‌رامبه‌ر به ڕووی گه‌مه ناوه‌ستێته‌وه ، به‌ڵکو هاوشان و ئیمانێنتی ئه‌ون. ئه‌وان هانی یاری ده‌ده‌ن، ههرئهوانیشن قه‌باره، و به‌های دنیا و ، مرۆڤایه‌تیشی پێده‌به‌خشن .
ئیگۆن فریدل جارێکیان گوتی : (( کولتور بریتییه له ده‌وڵه‌مه‌ندبوون له گرفته‌کاندا)). له‌هاوشێوه‌ی ئه‌مەدا ئهنترۆپۆلۆگیای فرهههبوونی ده‌بێت بڵێت : گه‌مه بریتییه له ده‌وڵه‌مه‌ندبوون له به‌رگرییه‌کاندا .
ئه‌گه‌ر ژیانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی باوه‌ڕی به‌خودی خۆی هه‌بێت ئه‌وا به گێچه‌ڵه‌کانی خۆیشی شادمان ده‌بێت. لێره‌وه‌یه ئاینی لهئهستۆههڵگرتن له بهربادیدا سه‌ر به دنیای مۆدێرنه‌یه.
7.
بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه گوترا، به ده‌ستنیشانکردنێکی تێڕامانی سه‌رده‌م کۆتایی پێ دههێنیم.
مرۆی هاوچه‌رخ خۆی له‌سه‌ر باڵه‌کانی کۆمه‌ڵگای پیشه‌سازی ، له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌د ساڵێکی ئه‌زموونکردندا به سه‌رکێشی و پڕکێشیهکانی مۆدێرنیزه‌کردن ، گرد کردۆته‌وه. ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م ماوهکاتیهدا بێ هیچ گوێپێدانێک، سه‌رباری پێکادانی پشته‌وه و ته‌نگژه و قه‌یرانه‌کانیشی ، هێشتا به‌رده‌وامییه‌کی دینامیکی ژیانی ته‌کنیکیانه و، سه‌رمایه دروستکردن و ژیانخێراکردنی ده‌سته‌به‌ر کردووه. له تێکڕای ئه‌م هه‌موو مۆدێرنیزهکردنانهشدا مۆبیلهکردنێکی ههرهسئاسایانهی پرۆسێسی جیهان ده‌ره‌نجام ده‌کرێت. ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی سوبیهکتیڤی وه‌ک زۆربوونی ده‌وڵه‌مه‌ندێتی و وه‌ک زۆربوونی ئاسانکارییه‌کان ده‌ناسرێت که تا پێش ماوه‌یه‌کی کورتیش هزری شتی وه‌ها نه‌ده‌کرا ، به‌ڵام وه‌نه‌بێ هه‌ڵاوسانی ڕیسک و مه‌ترسییه‌کان له‌م پرۆسێسه‌دا به‌ده‌ر بووبێتن. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا،که ئێمه هێشتا له دۆخی لاوازییدا ده‌ژین ، سه‌رده‌مه‌که‌مان نه‌یتوانیوه به‌شێوه‌یه‌کی توند و هه‌ستپێکراو چاوبخشێنێته‌وه به ههستهبنهڕهتییهکانی خۆیدا . نموونه‌کانی بیرکردنه‌وه یاخود هه‌ستکردن له ئهنترۆپۆلۆگیای کێماسی دا ئێستاش هه‌روه‌کو ئه‌وسا ئاماده‌ن. به‌لایه‌کدا ئه‌وه‌ی له‌وسا زۆرتری ده‌به‌خشی ، که‌چی له‌لایه‌کی تره‌وه سه‌دانی تر دێن که زیاتر له هی جاران داوا ده‌که‌ن . ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جاریش وه‌ها ده‌رده‌که‌وێت وه‌ک ئه‌وه‌ی مرۆڤی ئه‌رک سووککهر و مرۆڤی سوودبه‌خش بن که له هه‌مووان هه‌ژارتر و ماندووترن ، چونکه ئه‌وان له‌پێناوی ماناکانی خۆیان له مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ سه‌ختییه‌کاندا براونه‌ته ئه‌وێ. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای فه‌لسه‌فه‌ی وجودیهتیشهوه ئه‌مه بووه به شوێن و به تۆپۆسی ڕه‌خنه گرتن له مۆدێرنه ، کیرکیگارد ده‌ڵێت : ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له‌ناوه‌ندی پێشکه‌وتن و ئاسانکاری دا ببێته خۆشنودسازی مرۆڤ ئه‌وه ده‌بێت سه‌ختی و گێچه‌ڵ بخوڵقێنێت.
ئه‌م بیرۆکه‌یه له بنه‌وه‌ڕا سه‌ده‌ی 19ی ته‌نی و تا لای نیتچه گه‌وره‌و سامناک ده‌بێت. ئه‌وه نیتچەیە په‌لاماری دواهه‌مین مرۆڤه‌کان، و وه‌رزێره‌کانی پێشکه‌وتن ده‌دات ، به‌ڵام لای هایدێگه‌ر ده‌گوێزرێته‌وه بۆ بوێری و ئازایه‌تی، ئنجا گوتاره‌که ده‌بێته گوتاری(( زه‌روره‌تی نازهرورهت)). به‌راورد به‌مه‌ش له‌ناو گوتاری ئه‌مڕۆی هه‌ستان له‌دژی جیهانی دووه‌مدا دووباره ده‌بێته‌وه. ئیلیش Illich له ئاستی ئابووریه‌وه له‌باره‌ی به مۆدێرنهکردنێکی ڕووتی هه‌ژارییه‌وه دوواوه . ئه‌وه‌شی دۆخی شته‌کانی ئه‌مڕۆ قووڵ ده‌ستنیشان بکات ، ناچار ده‌بێت بکه‌وێته نووسینه‌وه‌ی نیشانه‌کانی دنیا بهمۆدێرنیزهکراوهکهی کێماسی. کۆمه‌ڵگا ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانیش وه‌ها ده‌رده‌که‌ون وه‌کئه‌وه‌ی ئهنترۆپۆلۆگیای هه‌ژاری کۆن زیاتر له‌وێدا سه‌رکه‌وتوتر بوو بێت وه‌ک له هه‌ر جێیه‌کی تر.
له‌م پارادۆکسهشدا شتێک خۆی مانیفێست ده‌کات که من ده‌خوازم ناوی بنێم ترسی به‌رفراوانبوون له ده‌وڵه‌مه‌ندی. ئه‌مه‌ش شتێکی که‌متر ناسه‌لمێنێت له ترسی مۆدێرنه لهپرینسیپه تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی له چرکه‌ساتی سه‌رکه‌وتندا. دیاره مارکس به‌شێوه‌یه‌کی بنبڕ لە چیه‌تی سه‌رده‌مه‌که‌مان تێگه‌یشتبوو کاتێک ئه‌و شۆڕشی جیهانیانه‌ی خواستی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی بۆ هه‌موو لایه‌ک ڕاگه‌یاند. ئه‌وه جیهانی خۆرئاوا بوو که به‌شێوه‌یه‌کی ڕادیکالانه ئه‌م دروشم و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ی بۆ خۆی نووسییه‌وه ، نه‌ک خۆرهه‌ڵات که نوقمی ناچیزێتی و دۆخی نهویبوونێکی به‌رده‌وام بووه. هه‌ڵبه‌ت له‌ناو وه‌ڕسی و هه‌راسانی هه‌نوکه‌ییانه‌ی ژیانی ده‌وڵه‌مه‌ندیدا ترسێکی قووڵی مرۆڤی خۆرئاواییانه‌ی هاوچه‌رخ له تێڕامانکردنی له دۆخی مێژووی شارستانیه‌ته بێوێنه‌که‌ی خۆیدا خۆی مانیفێست ده‌کات : که بریتیه له په‌شۆکان و حهپهسانبوون له‌پێش ئه‌و سه‌رکه‌وتنه له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌ی به‌ده‌ستی هێناوه. وه‌ک ده‌ریشده‌که‌وێت به‌رپابوون و وروژاندنی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌هه‌ڵکشان و ههڵزنانێکی زۆرتردایه به‌سه‌ر فراوانبوونی هێزه‌کانی سوبیه‌کتی مۆدێرنه‌دا. ته‌واو به‌وشێوه‌یه‌ی که ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌مه‌ندییان هه‌بێت که‌چی خۆیان لێی گێل ده‌که‌ن و نکوڵی لێ ده‌که‌ن ، ئه‌وان نایانه‌وێت ده‌ستبه‌رداری ده‌وڵه‌مه‌ندی بن ، له‌هه‌مانکاتیشدا ناخوازن به‌ته‌واویش له‌ده‌ستیاندا بێت. ئه‌وان ده‌خوازن وا بهدهوڵهمهندییهوه ئازاربچێژن ههروهکئهوهی به نه‌خۆشیه‌کی ئاسوودههێنهوه ئازار بچێژن. واته هیچ که‌س نایه‌وێت خۆی بهدهوڵهمهندیهکهی خۆی تاوانبار بکات. له‌ڕاستیشدا لای سوبیه‌کته هه‌ستیاره‌کانیش جۆره شه‌رمێکی مۆرالیانه هه‌یه که ئه‌و گواستنه‌وه شیاوه مێژووییه له کێماسیهوه بۆ تهواوپڕی وه‌ک دیاریکردنێکی به‌راییانه‌ی ژیانی مرۆڤ به کراوه‌یی به‌رپا ده‌کات. به‌ڵام ئایا ئه‌مه نه‌ده‌بوو وه‌ک ناپاکییه‌ک له به‌ڵگه گرانبه‌هاکانی تیۆری هه‌ژاری ده‌ربکه‌وتایه؟ئایا ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه که‌وا له‌وه به‌دواوه هاریکاری له‌گه‌ڵ باره سه‌خته‌کان و گرانه‌کاندا ببڕێت؟ له‌وه‌ش به‌ده‌ر ، ئایا گره‌وی کراوه له‌سه‌ر ژیانی ده‌وڵه‌مه‌ندی نابێت به خودگومڕابوونێک کۆتایی بێت؟ دیاره هێشتاکه‌ش مۆرالی تهواوپڕی له‌لایه‌ن سۆزه دهستبهسهراگیراوهکانی هه‌ژاریه‌وه له کۆمه‌ڵگا ده‌وڵه‌مه‌نده‌کاندا وه‌ک نامۆرال ده‌بینرێته‌وه. له‌م هۆکاره‌وه‌یه ئێمه خۆمان له‌به‌رده‌م ئه‌م شته دیاروئاشکرایهدا کوێر ده‌بینینه‌وه ، که‌وا پاساو و پۆزشهبۆماوهکان و تهعویزهکانی ژیانی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ ئه‌م که‌رته‌ی جیهانه‌که‌مان چیتر کاریان پێناکرێت. شته‌که بۆ مه‌سه‌له‌ی ئهنترۆپۆلۆگیای هه‌ژاریش هێشتا خراپ ده‌که‌وێته‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش ئه‌و به‌هیچ جۆرێکیش ژیانی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌ده‌ست نه‌هێنێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆگه‌لی نوێکات که تازهدهولهمهندبوون ، واته ئێمه ، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌ڵگه‌کانه‌وه هێشتا به‌ته‌واوه‌تی نایانه‌وێت باوه‌ڕ بهێنن به به‌راییه گۆڕاوه‌کانی هه‌بوون له‌م چرکه‌ساته‌ی جیهانه‌که‌ماندا. هێشتاکه‌ش ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی له‌سه‌ر دۆخی هه‌زارساڵه‌ی هه‌ژاری دانراون زۆر به‌رزن ، هێشتا ڕاهاتن له‌سه‌ر ئه‌و فۆرمه گچکه‌یه‌ی ده‌روون ، که به تهعویزهکان ده‌ژی ، زۆر قووڵ ڕۆچووه . هه‌ژارانه بیر له‌خۆت بکه‌یته‌وه هه‌میشه ده‌ستکه‌وتی وه‌همی به‌ده‌ست ده‌هێنیت ، بگره که‌مترین شتێک به‌ده‌ستی بهێنیت ،ته‌نیا بریتییه له مافی وه‌همی له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کان . له‌کاتێکدا به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندی پابه‌ندت ده‌کات حه‌زبکه‌یت له نهجیبزادهکی ئاسایی زیاترت هه‌بێت . بگره ده‌وڵه‌مه‌ندی پابه‌ندت ناکات به‌ڵکو ئازادت ده‌کات ، ده‌وڵه‌مه‌ندی ئاسووده‌ت ده‌کات. ژیانی ده‌وڵه‌مه‌ندی لهزۆرههبوونیدا ناپاکی له‌خۆی ده‌کات. واته ئه‌و هێشتا شتێکی ماوه ، ئه‌و لێده‌گه‌ڕێت له‌گه‌ڵ خۆیدا یاری بکات ، ئه‌و یارییه‌کان سانا ده‌کات و ئه‌وه‌ش ده‌خوازێت که ژیانه‌کانی تریش ژیانێکی نوێ بۆ خۆیان له‌م جیهانه‌دا و له جیهانهنوێکاندا بسازێنن . له کوێشدا ده‌وڵه‌مه‌ندی باڵاده‌ست بێت له‌وێدا لافاومان به‌دوادا نایه‌ت ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی شوێنمان ده‌که‌وێت بریتییه له بانگهێشتکردنمان بۆ یارییه‌کی به‌رفراوان. ئه‌مه‌ش دواهه‌مین ئه‌و شته نه‌بوو که گواستنه‌وه‌ی ئه‌وروپا بۆناو مۆدێرنیتێت مه‌به‌ستی بوو بیڵێت.
جیهانی مۆدێرن به‌شێوه‌یه‌کی جه‌وهه‌ری بریتی بوو، وه هێشتا هه‌ر بریتیشه، له‌پرۆژه‌ی تێپه‌ڕاندنی هه‌ژاریی و که‌مده‌رامه‌تی. ئه‌م کرداره‌ش ستره‌کتوری گره‌وێکی هه‌یه که جه‌وهه‌ری مرۆڤ ده‌خاته به‌ر گه‌مه و مه‌ترسییه‌وه. ئه‌وه‌شی بچێته‌ناو جۆره گره‌وێکی وه‌هاوه ، دواجار له‌سه‌ر ئه‌و قبوڵکردنه ڕۆده‌نیشێت که‌وا له‌ژێر ئاماژه‌ی هه‌ژاریدا ئه‌و هێشتا نه‌یتوانیوه له‌و جێگه‌یه‌دا خۆی ده‌ربخات که مرۆڤ له‌گه‌ڵ مرۆڤدایه. له‌کوێشدا به‌م مانایه هه‌وڵی مۆدێرنیتێتی جه‌وهه‌ری بدرێت له‌وێدا خاوه‌نکارێک ده‌ستبه‌کار ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ش کۆتایی پێ بێت که تیایاندا ده‌توانرێت مرۆڤ له‌ڕێی ئه‌و شته‌وه‌ی که کێماسی بۆ هه‌یه ڕوون بکرێته‌وه و پۆزشی بۆ بهێنرێته‌وه. ڕه‌نگه ئه‌وه‌ش شتێکی زیاده نه‌بێت له‌ناو چرکه‌یه‌کی تێڕامانلێکراوی وه‌ک ئه‌مه‌دا بیر له دۆخ و ده‌ستپێکی شۆڕشگێڕییانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان بکه‌ینه‌وه. لهوکاتهوهشی بزووتنه‌وه نوێ کۆنزێرڤاتیڤهکهی پاره‌ی که‌مخوازی و کەمدەرامەتی Miserabilismus له پێشڕهویکردندایه ، ئیدی مووچه بهرفرهکهی سه‌رده‌می نوێ،که بریتییه له تێپه‌ڕاندنی ڕه‌وشتی کێماسی به ئاراسته‌ی به‌ره‌و ڕه‌وشتی پڕاوپڕی، لهههموولایهکدا که‌م و زۆر به‌نهێنی پاشه‌کشێ ده‌کات. ئه‌مه‌ش ته‌وژمێکی قووڵی په‌رچه‌کردارانه‌ی سه‌رده‌می هاوچه‌رخ ده‌ره‌نجام ده‌کات. سیاسه‌تی ده‌روونیانه‌ی (( پاشماوهت نه‌بێت )) به‌شێوه‌یه‌کی به‌رز کۆمه‌ڵگا خۆشنودهکانی سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه ژه‌هراوی ده‌کات. به‌ڵام داخۆ ئه‌م ڕه‌وته باوه به‌ری پێ ده‌گیرێت؟ ئه‌مه زانراو نییه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌وته ببڕین به‌لای که‌مه‌وه دوو پنتمان پێویست ده‌بێت: یه‌که‌میان دووباره‌کردنه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وام و نه‌گۆڕی پرسیاری ئایا ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی مرۆییانه و ماتهریالیانه له‌کوێوه ڕیشه‌ی گرتووه ، وه به‌دوای ئه‌وه‌شدا دهستپێشخهریکردنی ئه‌م یارییه به‌رفراوان و سه‌راپاگیره به‌بۆنه‌ی ئه‌و به‌یه‌کگه‌یشتن و کۆبوونه‌وانه‌وه که تیایاندا مرۆڤی سه‌رده‌می هاوچه‌رخ ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و خۆیان ئاشکرا ده‌که‌ن.
سه‌رچاوه :
Peter Sloterdijk
Der ästhetische Imperativ 2007
Seite von 167-181