مایکڵ پاڵمێر[1] لە کتێبی « پرسە ئەخلاقیەکان[2] »دا کە بە شێوەی ڕێکەوت ساڵی چاپ و بڵاوبوونەوەی لە زانکۆی تۆرنتۆ هاوکات بوو لەگەڵ ساڵی کۆچی دوایی لێڤیناس ، فەلسەفەی ئەخلاقی بە سەر دوو ڕەوتی سەرەکیدا واتا ئەخلاقی نۆڕماتیک[3] و بان ئەخلاق[4] دابەش دەکات (پالمر، 1388، ص 16) . ئەم دوو ڕەوتە هیچ جێگە و پێگەیەک بۆ فەلسەفەی ئەخلاقی لێڤیناس لە خۆیاندا بەدیناکەن ؛ تەنانەت لە سەرلەبەری کتێبەکەدا کە ئاواڵناوی « فێرکاری»یشی خستوەتە پاڵ خۆی ، تەنانەت باسێکی کورتیش لە لێڤیناس ناکات .
کالن دیوویس[5] لە سەر ئەمە جەختدەکاتەوە کە ، لە زۆربەی ئەو پێشەکیانەی کە بە زمانی ئینگلیزی لە سەر فەلسەفەی ئەخلاق دەنووسرێن بە شێوەیەکی ئاسایی ئاماژەیەک بە لێڤیناس ناکەن (دیویس، 1386، ص 235). ئەم پشتگوێ خرانەی فەلسەفەی ئەخڵاقی لێڤیناس لە جیاوازی بنەڕەتی نێوان فەلسەفەی کانتینێنتاڵ[6] (کیشوەری ئەورووپا جگە لە وڵاتی بریتانیا) لەگەڵ فەلسەفەی ئەنگلۆساکسۆن[7] یان ئینگلیزی- ئەمەریکی سەرچاوەی گرتوە ؛ لە بەر ئەوەیکە لێڤیناس نە خۆی لە مشتومڕی نەریتیانەی نێوان ئەزموونخوازەکان[8] و ئەرکخوازەکان[9] وەردەدا ، نە بە دوای دۆزینەوەی ماناکانی «چاکە» و« خراپە»وەبوو وە نە خولیای ئەرستۆشی بۆ گەیشتن بە « بەختەوەری» لە مێشکدا بەخێو دەکرد .
کێشەی سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەلسەفەی ئەخلاقی لێڤیناس لەوەدایە کە ئەو بنەما و ڕێسایەک بۆ ئەخلاق بەدەستەوە نادات ، وە فەزیلەتەکان و ئەرکە ئەخلاقیەکان دراسە ناکات وە تەنانەت شیکاری و وەسفکاریەکیش سەبارەت بە زمان و لۆژیکی تۆژینەوەی ئەخلاقی ڕانانێت . کالین دیوویس پێیوایە کە لێڤیناس سەرقاڵی ئەمری ئەخلاقیە[10] تا ئەوەیکە ئەخلاق[11] (دیویس، 1386، ص 97) . ئەمری ئەخلاقی پانتاییەکی بەربڵاوترە ، کە لە ئەودا ئەزموونەکان و پەیوەندیەکانی ئەخلاقی پێش دامەزرانی ئەخلاق بە واتای پرنسیب و ڕێسا یان کۆمەڵە یاسایەک کە بە شێوەی فەلسەفی دیاریکراون ، ڕوودەدەن .
مەسعوودی عۆلیا پێیوایە ئەگەر هەر لە سەر ئەوە سوور بین کە لە ئاواڵناوێکی نەریتیانە بۆ وەسفکردنی کاری لێڤیناس لە بواری ئەخلاقدا کەڵک وەرگرین ، ئەوە دەبێ بوترێت کە کاری لێڤیناس بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکەوێتە خانەی ئەخلاقی «وەسفکارانە[12]»ەوە ئەویش لە بەرامبەر ئەخلاقی «ڕاسپاردەگەرایانە[13]»دا (علیا ، 1386، ص 18) . واتا ئەو لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو باگراوەند و پرینسیپانە دەکات کە سیستمە ئەخلاقیەکانی لە سەر دامەزراون .
بێرناسکوونی[14] کە یەکێک لە شەرحکارانی فەلسەفەی لێڤیناسە لە سەر ئەو بڕوایەیە کە لێڤیناس باس لە « مەرجی دەستدانی ئەخلاق » دەکات ؛ ئەو مەرجانەی کە بۆ دەستدانی لەخۆبوردوویی ، لێبووردەیی ، بەزەیی وە لێخۆشبوون دەبێ لە ئارادابن ؛ ئەم مەرجانە بە تێکڕایی « لە پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیدا » دەردەکەون کە بە شێوەیەکی گشتی فەلسفەی ئەخڵاقی ئەو دەکاتە بە ڕەگەزێکی دیکە (علیا ، 1388، ص 69) . لێڤیناس لە سەر ئەو باوەڕەبوو کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدی ، خۆسەرپشکێتی[15] سوژە دەخاتە ژێر پرسیارەوە ، یانی ئەو ناتوانێت «ئەویدی» کورتبکاتەوە بۆ خودی خۆی ، وە هەر ئەم لە ژێر پرسیارکەوتنەی خۆسەرپشکێتی سوژە لە میانەی ئامادەبوونی ئەودیەوە ،بۆخۆی خودی «ئەخلاق»ە . بە زمانێکی بێگرێوگۆڵ پێداگری لێڤیناس لە سەر ئەخلاق ، وەکوو جۆرێک لە خرانە ژێر پرسیاری سوژیە ، نەک ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەکانی سوژە (دیویس، 1386، ص 277) . لێرەدا ئەخلاق ئەزموونێکە کە ژیانی پێدەکرێت ، ئەزموونێکە کە سوژە تێیدەپەڕێنێت .
هەر بەم هۆیەشەوە ئەم بەشە لە ئەخلاق لایەنی تیۆریانەی ئەوتۆی نیە وە هەموو مرۆڤێک لە ساتەوەختی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەویدیدا سەرقاڵی دەبێت . لێڤیناس لە وتووێژەکانیدا لەگەڵ فلیپ نێمۆ[16] ڕاشکاوانە ئەرکی فەلسەفی خۆی ئاوها باس دەکات : «ئەرکی من بریتی نیە لە دامەزراندنی زانستی ئەخلاق ، من بەس هەوڵ دەدەم کە لە مانای ئەو تێبگەم » (لویناس، 1387، ص 106).
سەرچاوەکان :
١- پالمر، مایکل. (1388). مسائل اخلاقی: متن آموزشی فلسفه اخلاق. ترجمه علی رضا آل بویه. تهران : سمت.
٢-دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.
٣- علیا، مسعود. (1386). «حضور دیگری، شرط امکان اخلاق». کتاب ماه فلسفه. ش 2. صفحات 17تا 27.
٤- علیا، مسعود.(1388). کشف دیگری همراه با لویناس. تهران: نشر نی
٥- لویناس ، امانوئل.(1387). اخلاق و نامتناهی. ترجمه مراد فرهاد پور و صالح نجفی. تهران: فرهنگ صبا.
[1] Michael Palmer(1942)
[2] Moral problems
[3] Normatire ethics
[4] Meta- ethics
[5] Colin Davis
[6] Continental
[7] Anglo – Saxons
[8] consequentialists
[9] deontologists
[10] The ethical
[11] ethics
[12] Descriptive ethics
[13] Prescriptive ethics
[14] Robert Bernasconi
[15] Spontaneity
[16] Philippe Nemo