(1)
/ پەڵە هەورێك / لە شكۆفەی گریانی من پەیدابوو / ڕۆیی /
/ بەسەر / كێڵگەی تردا / باری / ئەو / بێ ئاگا / نوقمی /
/ شەقامە بەژاوە ژاوەكانی لەزەت بوو / من / لە كۆڵیتە /
/ هێمنەكانی ڕۆحەوە / گڕوگاڵی / پەپوولە ڕەنگاوڕەنگەكانم /
/ دەدی / نوكتەم بۆ ئەفسانە دەگێڕایەوە / (با)م پۆشتە /
/ دەكرد / گەردانەم لە باران دەهۆنیەوە ... /
سترانی ڕۆحی دەچڕی
هەناسەی لە لێواران شین بوو
لووتكەی لە بەفر یاخی
شكۆی لەسەر جادان كەوتوو …
(2)
/ دڵی / دوور لە خۆشەویستی / دوور لە مەیل / نزیك لە /
/ پیاڵە، لەكەیل بوون / بەڵام تیشكێك بە پەیكانی بێ /
ئامانی شەهلاوە / ئەوەتا لەدوورڕا دیارە / ڕووبارێكی /
خەواڵووە / لەڕازێكی ئاشكراو خەیاڵێكی نوستوو دەچێ … /
/ دڵی دوور لە خۆشەویستی … / تاسەی ئاڵۆدەیی /
گریانێك لەچاوی هەڵوەدای ڕۆژپەڕ
دەڵێی هەوری هاوینانە،
نە پەرت دەبێ، نە دەبارێ …
شازادەی قامیشەڵان
نەشئەی سایە فێنكەكان …
بەفر دەیلاوێنێتەوە …
بەهار سڵاوی لێ دەكا …
شازادەی قامیشەڵان،
قژی لە هەور دەسوێ
مەمكی لە نوور …
(3)
/ ئەو كانییە / بەختی لێ قووتداین/ ڕۆحمان/
/ نوزەی / لێبڕاوە / بەدوامانەوەیە / بە ئاستەم / هەناسە /
/ دەدا / درەخشانە / بەر ئاستانەی خەراباتان / درەخشانە .. /
/ ئەو بەفرە تەنپۆڵایە / ناتوێتەوە / بەببار بەببار بەببارانی …/
ئەو شۆستانەی،
خۆزگە ناكامەكانی نیشتمانیان لێ كەوتبوو …
كەس بەلایان دا ناڕوا
تەنیا،
بێ ئاودەنگ …
سەركز … چاوەڕوان …
لە كێڵگەیەكی بەردراو
لە گوندێكی وێران ئەچن …
ناوی لە هیچ لیستێكی ئاوەدانكردنەوەدا نییە
ئەو سبەیەی لە خەونا دەیبووت
ئاڵ بردیەوە …
ئەو بێ مەیلییەی لە كۆخەكاندا دەژی و
لە تارمایی كازیوەدا دەردەكەوێ
بەڕوومەتی چرچ و لۆچی لێڕەواردا دێتە خوارێ …
سرووشت، سەرچاوەی پاكیزەیی
ئەو ڕێیە بەسامە نەبوو
ئاگردز نائومێدی و ڕەنجبەخەساری بۆ هێنا
ئاگردز …
ئاگر … دز …
(4)
/ لەڕەوتی باران بێزار نەبووم / بزانە / من / لەڕەوتی باران /
/ بێزارنەبووم / ئەو ڕەخشەی / شەوانە دەیدایە كێو / شەیدا ... /
/ درەوشاوە … / ڕێگای / ون / كردووە / لە شەتاوان دەخوولێتەوە /
/ شینگێڕ / دیسان / بۆچی كۆبوونەتەوە؟ / ئەو گیانلەبەرە /
/ خەمبارانە / بەم نیوەشەوە / بەدوای چیدا دەگەڕێن؟ / بڵێی /
/ ڕێگایان بدەن / پەیژەیەك / بە خەونەكانیان هەڵبنێن؟ /
هەست … بە تەسلیم بوونی نیگا.
خەون … بە ئاوازی سەقەت.
ژیان … بە پێناویی و بێدەنگی …
نەوت … بە خۆراك …
(5)
/ بیرت چۆن بۆ دروست كردنی ئەو هاڕمۆرنیایە چوو؟ / ئای لە
سەداێی پایزێ / ئای لە جواناوی شیعرە كەزی درێژەكان /
/ ئای لە ورشەی كوانوو/ لە زەردەخەنەی هیوابڕاو/ لە پەنجەی
لە گۆچوو / لەزرینگانەوەی كەژاوە / ئای لە چی نا؟ /
گریانێك لە چاوی هەڵوەدای ڕۆژپەڕ،
دەڵێی هەوری هاوینانە
نەپەرت دەبێ، نە دەبارێ.
خوایە بە دوعای چ هەتیوێك،
بە سوجدەی چ عابدێك
بەنركه و ناڵهی چ نەخۆشێك
بە شەبەقی چ خوێنێكی بە ناهەق ڕژاو
ئەو دەسەڵاتە (بێدیماهی)ـهت بەعهشق داوە؟
شەختەبهندان چرۆ دەكا و
بەهاران دەیوەرێنێ.
خوایە ئەوە چ بەڵایەكە
بۆ عەبدی خۆتت ناردووە؟
ختووكەی ڕههێڵە دەدا و
چیا دادێنێ؟
چ بەڵایەكە
لە ڕۆشناییدا زوڵمەت و
لە زوڵمەتدا ڕۆشنایی بەرپا دەكا…؟
خوایە … ئەوە … چ … بەڵایەكە …
بۆ عەبدی خۆتت ناردووە؟
حوزەیرانی 2003