فلیمی شیرین - ٢٠١٢ -بەرھەمی سینارێست و دەرھێنەر حەسەن عەلی بوو کە لە فیستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی دھۆک نمایشکرا، ئەم فیڵمە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر بوو، ھونەرمەندان (شوان عەتوف ، بەیان عوسمان و نەرمین کاوانی)

ژن-نیگایی و ئارەزووی قەرزکراو


Loading

ئەوەی کە کورد وەک سینەما پێی سەرسامە، شتێکە دوور لە کۆنتێکست و کولتورەکەی خۆی، بەو مانایەی کە حەزەکانی، ئارەزوو و چێژەکانی هی خۆی نین، ئارەزووی قەرزکراون: حەزەکانی کورد ئەمریکین، چێژی فەڕەنسی و ئارەزووی هیندیین، خواست و خولیای تورکی، عەرەبی و فارسی و … هتدن. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە کورد خاوەنی سینەمای خۆی نییە، بەو مەبەستە نییە کە دەرهێنەرێکی وەک یەڵماز گۆنای، بەهمەنی قوبادی یان هونەر سەلیم پشتگوێ بخەین. بەڵکو قسەکردنی من زیاتر لە سەر سینەمایە وەک داهێنەر و خوڵقێنەری ئارەزوو.

بۆ نمونە هەموو ئەو حەز و ئارەزووانەی کە گوزارشتن لە خۆشەویستی، جەستە، ماچ و تەنانەت باوەشکردنیش، هەر هەموویان قەرزکراون، ئەکتەرەکانیان بێگانەن، واقیعەکەیان نامۆیە بە واقیعی کورد، هەر بۆیە شتێکی سەیر نییه‌ کاتێک لە کۆنتێکست و واقیعەکەی خۆتدا بە هەمان ئارەزوو دەگەیت، هەستدەکەیت ئەوە نییه‌ کە چاوەڕوانی بوویت و تۆی پێ گۆشکراویت. بۆ نمونە لە سینەمای ئەمریکیەوە فێربوویت کە جەستەی ژن وەک سێکسوالیتێ یەکسانە بە مارلین مۆنرۆی ئەمریکی، برجید باردۆی فەرەنسی، هۆلیا ئەفشەر یا بانۆلکانی تورکی، نەبیلە عوبەید و سوهێر ڕەمزی میسری …هتد.

 

به‌دیووه‌ نێرسالاریەکەیشیدا، پاڵەوانە پیاوە ئارەزووکراوەکانمان؛ ئالان دیلۆن، جەیمس بۆند، براد پیت، جۆن دیب، ئەمیتا باباچان، ئەحمەد زەکی یا ئیبراهیم تاتلیس و هەموو ئەو ئەکتەرە تازانەی تریش کە لە زنجیرە سووری و تورکیە دۆبلاژکراوەکاندا بوونیان هەیە و بوونەتە ئیدیاڵ. هەربۆیە، تەنانەت لە فیلمیشدا و لە ناو کۆنتێکستە کوردیەکەدا بوارێك  بۆ چێژ نەماوەتەوە، وەک ئەوەی پێمان بڵێن؛ بۆ ئەوەی ئاشق بیت دەبێت خۆت نەبیت، تا ماچێک بکەیت یا بکرێیت دەبێت وەک ئەوی تری بێگانە بە خۆت بیت.

سلاڤۆی ژیژاك

وەک هەوڵێک بۆ نزێکبوونەوە لەو دۆخە سایکۆلۆژییەی  تاکی کورد وەک قەرزارباری چێژ و ئارەزووی ئەوانی تری بێگانە بە خۆی و کۆنتێکستەکەی، ئەو تێزەیەی (سلاڤۆی ژیژەک)  بۆ سینەما بەکاردەهێنم کە دەڵێت: ((سینەما ترۆپکی ئەو هونەرە پێرڤیش (لادانی سێکسی)ەیە کە بەتەنها ئەوەمان ناداتێ کە ئارەزووی دەکەین، بەڵکو فێریشمان دەکات ئارەزووی چی بکەین و چۆن بیکەین)).

بەڵام ئایا کێشەکە هەر ئەوەیە کە ئارەزووەکانمان دێنەدی یا نا، یان لەوە گرنگتر ئەوەیە کە بزانین ئارەزووی چی دەکەین و چۆن دەیکەین؟ چونکە ئارەزووی مرۆڤ شتێکی سروشتی و خۆوەکییانە نییه‌ کە پێوەی لە دایک بووبێت، بەڵکو ئارەزوو شتێکی دەستکردە و دەبێت فێریببیت؟

لە دیدی دەروونشیکاریەوە ئارەزوو خۆی کاڵایەکی بەرهەمێنراوە، زادەی ئەوەیە کە نیمانە و کەموکوڕیە، ئارەزوو بە بێ ڕەتکردنەوە و نەفیکردن بوونی نییه‌. بەمانایەکی تر، بەبێ هەبوونی نەرێنییه‌ک (نێگەتیڤ) لە دایک نابێت. ئێمە تەنها ئارەزووی ئەو شتانە دەکەین کە نیمانن. ووردتر بڵێین؛ ئارەزوو بریتیە لە پەیوەندی نێوان دوو چەمک، ئەوانیش بریتین لە: سوبێکتێکی ئارەزوودار(ئارەزووخواز) لەگەڵ ئۆبێکتێکی (خواست- لەسەر) یان  ئارەزووکراو.

دەرونشیکاری وایدەبینێت، کە بەبێ بوونی ئارەزوویەک بۆ ئەو شتەی کە نیمانە، من یان ئەوەی پێدەڵێن سوبێکت، دروستنابێت. ئەوەی کە نیمانە و تامەزۆین ئەو شتەیە کە جیاوازە، کە لە خۆمان ناچێت: ئەو شتەیە کە نیمانە و وێڵی بەدەستهێنانین. هەر بۆیە بە گەیشتنیش بەو شتەی کە ئارەزووکراوە و بەدەستی دەهێنیت، ئیدی ئارەزووەکە دەکوژیت و دەیمرێنیت. پاش تێربوون/مردنی ئەو ئارەزووەیش، مرۆڤ دیسانەوە بە دوای ئارەزوویەکی تردا دەگەڕێت: ئارەزوویەک کە خۆی نییه‌تی!

 

ئەم سەرەتا تیۆریەم وەک کلیلێک بۆ خوێندنەوەی فیلمی کوردی (شیرین و فەرهاد) ە کە لە دەرهێنانی (حەسەن عەلی) و نواندنی (شوان عەتووف) و (بەیان عوسمان) ە وەک پاڵەوانە سەرەکیەکانی ئیشەکە.  من ئەم فیلمە وەک هەوڵێکی سادەی سینەمای کوردی بۆ بەرجەستەکردنی پەیوەندی خۆشەویستی نێوان کوڕو کچێکی کورد دەبینم لە کۆنتێکستێکی فەڕەنسی- کوردیدا، هاوکات ئەو دژوواریی و ئاستەنگە کەلتورییانەی کە دەبێتە هۆی شکستی پەیوەندیەکەیان. 

 

ئەگەر بە پوختی قسە لە سەر کۆی فیلمەکە بکەین ئەوا دەڵێین کە تەواوی گرێچن و ڕووداوەکانی ئەم فیلمە دەربارەی چیرۆکی پێکگەیشتن و جیابوونەوەی دوو گەنجە، کە تا ڕادەیەک لە کەلتورەکەی خۆیان جیاوزان.  ئەوەی کە زیاتر بەرجەستەکەری ئەم جیاوازی و هەڵتۆقینەیە کارەکتەر و زمانی کچەکەیە کە فەڕەنسیزانە و زۆر کراوەیە. هاوکات کەسێتی فەرهادیش وەک ئەکتەری پیاوی بەرامبەر کە لەفەڕەنساوە گەڕاوەتەوە خولیای پرۆژەیەکی بازرگانییە. زمانی فەڕەنسی دەبێتە خاڵی سەرسامبوون و لێکنزیکبونەوەی هەردووکیان لە یەکتری. هەردووکیان لە زمانێکەوە کە زمانی خۆیان نییە، وەک دەربڕی هەست و ئارەزوو دەبنە ئۆبێکتێک بۆ سەرنجڕاكێشانی یەکتری، سەرباری ئیشکردنێکی زۆر کلاسیکیانە لە سەر ناوەکانیان (شیرین و فەرهاد) کە دەرهێنەر هیچ فرسەتێکی بۆ فانتازی و خەیاڵی بینەر نەهێشتۆتەوە و ناچارمان دەکات بەر لە دەستپێکردنی فیلەکە چاوەڕێی بوونی خۆشەویستییەکی ناوازە و هاوکات تراژیدیش بکەین. بە مانایەکی تر، ئەم فیلمە بەر لە دەستپێکردنی تەواو دەبێت.

فیلمەکە بە گەڕانەوەی هەردوو کارەکتەرە سەرەکیەکە بۆ زێدی خۆیان لە هەورامان دەستپێدەکات کە شیرین لە شارەوە بۆی دێتەوە و فەرهاد لە پاریسەوە. دیمەنی دەرکەوتنی یەکەمی شیرین بریتیە لە کچێکی دڵخۆش، پڕ ووزە و هایپەر کە بە فەڕەنسی گۆرانی دەڵێت، فەرهادیش زۆر نامۆ، پاسیڤ و غەمگین گەڕاوەتەوە تا سەردانی گۆڕی دایکی بکات. بەڕێکەوت شیرین گوێبیستی فەرهادە کە بە تەلەفون، فەرەنسی (زمانی بێگانە) دەئاخڤێت، هەر ئەوەیشە کە دەبێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی و دروستبوونی نیمچە پەیوەندیەکی خێرای نێوانیان.

زانینی ئەو زمانی بێگانەیە، زمان وەک ساتی لەدایکببونی ئارەزوو بە مانا لاکانییەکەی (وەک سیمبول بۆ حەزی بێگانە) وا دەکات کە زۆر خێرا لەیەک نزیکببنەوە و ئاشقی یەک ببن.

ئەوەی کە پتر سەرەنجی من لەم کارەدا ڕادەکێشێت، بوونی ئەو ڕۆمانتیزمە خێرایە نییه،‌ کە بە بۆچوونی من زۆر لاواز داڕێژراوە، بە چەشنێک کە بەو هەموو قەرزکردن و خواستنەی ئارەزوو وە زمان و جیۆگرافی ئەوی تری بێگانە بە ئێمە (فەرەنسا و کولتوری پاریس) هێشتا هەر زۆر لەوە لاوازترە کە ئەو وێنەیە بە منی بینەر ببەخشێت کە لە سەدەی بیستویەکدا لە چیرۆکێکی خۆشەویستی سینەمایی چاوەڕانیدەکەم! بەڵکو بریتیە لە گۆڕینەوەی ڕۆڵەکان: گۆڕینەوەی پیاو- نیگاییە بە ژن- نیگایی کە لە تەواوی بونیادی کارەکتەرەکاندا (بەتایبەتی ژنەکان) دەردەکەوێت.

 

Laura Mulvey (born August 15, 1941)

بەڵام بۆئەوەی شیکاری هەژموونی (ژن-نیگایی) لە فیلمەکەدا بکەین، سەرەتا دەگەڕێینەوە بۆ لاورا مەڵڤی (Laura Mulvey) و تێزە گرنگەکەی سەبارەت بە دەروونشیکاریکردنی پیاو-نیگایی (Male Gaze) یان ئەوەی کە پێی دەڵین سکۆپۆفیلیا، بەتایبەتی لە سینەمادا.

یەکێک لەو خەسلەتانەی کە سینەمای هۆلێودی و بۆلیۆدی، تا ڕادەیەکی زۆر عەرەبی، تورکی و فارسیشی پێدەناسرێتەوە بریتیە لە سکۆپۆفیلیا کە بە مانا فرۆیدییەکەی واتای بینینی ئەوی ترە وەک بابەت/ ئۆبێکتێکی سێکسوێل.

فرۆید باس لە مناڵی بچوک دەکات کە چۆن ئارەزوو و خولیای بینینی ئەو بەشە نەبینراوانەی جەستە دەکات کە نابێت ببینرێن، چونکە قەدەغە و تابون. بە ڕای فرۆید بوونی حەز و خولیایش بۆ بینینی ئەو شتەی کە نابێت ببینرێت، خەسڵەتێکی ئیرۆتیکین کە بە درێژایی ژیانی مرۆڤ بەردەوام دەبن بۆ بینین و چێژوەرگرتن لە ئەوی تر وەک ئۆبێکتێک بۆ سێکس. ئەم خەسڵەتە ئیرۆتیکیەیش کەلە سینەمادا بە نیگای پیاو (پیاو-نیگایی) ناسراوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی سەرکەوتن و گەشەسەندنی سینەمای هۆڵیودی وەک پانتایەک بۆ پیشاندانی نەبوونی هارمۆنی و هەژموونی نایەکسانی سێکسوالیتێ لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێینەدا.

 

ژنە تیۆریستی (ئاڤان-گاردی) سینەمای بەریتانیی (لاورا مەلڤی) لە بەناوبانگترین توێژینەوەیدا (چێژی بینراو و سینەمای گێڕانەوە)، باس لە سکۆپۆفیلیا دەکات و سینەما بە سکۆپۆفیلیا بەروارد دەکات. مەلڤی ڕای وایە کە جیاوازی سێکسوالیتی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا، لە سینەمدا تەواو بەرجەستە دەبێت، ئەویش بە نیشاندانی پیاو وەک پاڵەوانێکی ئاکتیڤی خاوەن دەسەڵات کە نیگا و گێسچەرەکانی بەرهەمهێنەری وێنەی مێینە و ژنن.

مەلڤی باس لە سێ جۆر بینین یان نیگای جیاواز لە سینەمادا، دەکات:

یەکەم:  نیگا و زومی کامێرا کە لە لایەن پیاوە کۆنترۆڵدەکرێت جا چ لە ڕێگەی دەرهێنەرەوە بێت یا لە ڕێگەی وێنەگر/کامێرامانەوە.

دووەم:  نیگای و تەماشاکردنی ئەکتەرەکان بۆ یەکتر و لە نێوان خۆیاندا لەو پانتاییە وەهمیەی کە زوومی کامێرا و سکرین بۆیان دروستدەکات.

سێهەم: نیگای بینەران و تەماشاکارانە، کە ئەمانیش بۆ خۆیان لە ژێر کارێگەری نیگا و بینینی زوومی کامێرا و ئەکتەرەکاندان. بە مانایەکی تر، لە ژێر کاریگەری نەست و ئارەزووی پیاودان.

بە ڕای مەلڤی؛  لە ناو هەموو ئەو نیگایانەدا؛

  • ژن وەک بونەرێکی پاسیڤ، ناکارا،  وەرگری نیگای پیاو خۆی نمایشدەکات. پیاویش وەک بینەرێکی ئاکتیڤی نیگابەخش.

  • ژن وەک سیمبۆلیک بۆ خەساندن دەبێتە ئەنگێزە و هێزێک بۆ پیاو تا بگات بە ئامانجی خۆی: ژن وەک جەستەیەکی ئیرۆتیکی سێکسوێل بۆ نیگای پاڵەوانەکەی، هاوکات دەیشبێتەوە بە ئۆبێکتێکی سێکسوێل بۆ دزە نیگای بینەرە پیاوەکانیشی.

  • ژن دەتوانیت سروش بێت و دنەی پیاو بدات تا ئاکت بکات، بەڵام خۆی بە پاسیڤی وەک ئۆبێکتێک بۆ سێکس دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا ئەوەی ئاکت دەکات و پاڵەوانە، تەنها پیاوە.

  • ژن دەبێتە هەڵگری ماناکان بەڵام بۆ خۆی ناتوانێت مانا دروستبکات.

مەلڤی بە پشتبەستن بە دەرونشیکاری باس لە (هەژموونی فالوسێنتریزم)  دەکات لە دونیای سینەمادا و پێیوایە کە (کولتوری نێرگەرایی)  بۆ خۆی پەیوەستە و دەوەستێتە سەر وێنای ژن وەک ئۆبێکتێکی خەسێنراو، کە هەم مانایە و هەمیش ڕێکخەری سیستم و نۆرمەکانی پیاوە. بە مانایەکی تر؛ بوون و مانەوەی ژن بەو شێوەیەی کە هەیە، تاکە گەرانتیە بۆ هێشتنەوەی جیهانی پیاو. ڕوونتر بڵێین؛ ئەوە کەم و کورتییەکانی ژنە کە بەردەوامی بە  فالوس وەک بوونێکی سیمبولی دەدات.

بە ڕای مەلڤی ئەرک و فەرمانی ژن لە نەست و بونیادی نێرگەرایی و فالوسێنتریزمدا دووفاقە و بە دوو لادا ئیشدەکات:

یەکەمیان: ژن خۆی دەبێتەوە بە هەڕەشەیەک بۆ فالوس چونکە لە بنەڕەتدا خاوەنی یین[1](penis) ی نییە.

 

دووەمیشیان: مناڵەکەی، بە تایبەتی کوڕەکەی بە چەشنێک گۆشدەکات کە ئەو فالوسەی خۆی نییەتی، لەودا بەرجەستەی دەکات، تا ئەمیش(مناڵەکەی) بتوانێت وەک فالوسێک لە سیمبولیکدا بەردەوام بێت. بەتەواوبوونی ئەم پرۆسەیەش ئارەزوو و ئەرکی ژن تەواو دەبێت.

 

بە مانا فرۆیدیەکەی، ژن ئەو کاتە بوونی هەیە کە تەواو ملکەچی ئەو وێنایەی خۆی بێت وەک هەڵگری برین و زامێکی ئەزەلی خوێن لێچۆڕاو، برینی خەساندن و نەبوونی (یین). واتە بۆ ئەوەی ژن بتوانێت بێتە سیمبولیک، یا ئەوەتا دەبێت ملکەچی زمان و نۆرمەکانی پیاو بێت، باوەڕ بەو هەقیقەتە بێنێت کە ئەو ناتوانێت سنوورەکانی ئەو خەساندنە ببەزێنێت، یان ئەوەتا بە بێدەنگی مناڵەکەی ئامادە و گۆشدەکات تا بیکاتەوە فالوسێکی کارا.

بەکارهێنانی دەروونشیکاری و گەڕانەوە بۆ فرۆید لەم ڕوانگەیەوەیە کە زۆر جێگه‌ی سەرنجی زۆرێک لە فێمێنیستەکانه‌،  تاوه‌كو بتوانن لە ڕێگەیه‌وە ئەو بونیاد و نەستە پاترییارکییەی پشت پیشەسازی فیلمسازیی پێ ڕەخنە بکەن.

ئەوەی لێرەدا بۆ من گرنگە ئەوەیە کە فیلمی (شیرین و فەرهاد)  پێچەوانەی ئەم دیدە باوە بۆ سکۆپۆفیلیا و نێر-نیگایی خۆی نمایشدەکات.

شیرین وەک پاڵەوانێکی ژنی بە توانا و ئاکتیڤ و دڵخۆش ئاکت دەکات، ئەو هەڵگری ماناکان نییە بە تەنها، بەڵکو خۆیشی دەبێتەوە بە دروستکەرو خوڵقێنەری مانا و ڕووداوەکان. هەر لەسەرەتای فیلمەکەوە زوومی کامێرا دەچێتە سەر شیرین، نەک وەک جەستەی ژنێک و ئۆبێکتێک بۆ سێکس بە مانا سکۆپۆفیلییەکەی،  بەڵکو وەک سوبێکتێک کە تەواوی ڕووداوەکان لە دەوری ئەو دەخولێنەوە و دەهاژێن. لەملایشەوە فەرهاد وەک ئۆبێکتێکی پاسیڤ، لاواز، بێ بڕیار و دنەدروای چێژ و ئارەزووەکانی شیرین دەردەکەوێت، واتە ئەوە فەرهادە کە هەڵگری ماناکانە بێئەوەی خۆی بتوانێت هیچ ڕووداوێک یان ئاکتێک بکات تا ببێتەوە بە خوڵقینەری مانا. ئەوەی کە دەیکات ملکەچبوون یان هەڵهاتنە لە ڕووداوەکان.

ژن لەم فیلمەدا بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە واقیع و سیمبولیکدا هەیە خاوەن بڕیاڕن، کارا و ئاکتیڤن. ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە دایکی شیرین لە باوکی زیاتر خاوەن فالوسە، ئەوە دایکەکەیە کە نۆرم و سیستمە پاتریارکیەکە دەپارێزێت. دیسان باوک وەک فیگەرێکی پیاو پاسیڤ، لاواز بێ کارەکتەرە. وەک چۆن براکەی شیرینیش نێرێکە بی فالوس و زیاتر جەوهەر و سیمای خوشکێکی هەیە.

هەژموون و نیگای ژن لەم فیلمەدا بە تەنها هەر لە کۆنێکستە کوردیەکەدا نییە، بەڵکو ئەم نیگایە درێژ دەبێتەوە تا پاریس، تا لەوێیش ژنێكی فەڕەنسی (هاوڕێ کچەکەی براکەی شیرین)، دەبێتەوە بە نیگایەکی تری فێمینە کە ئاکتیڤانە چاودێری دۆخەکە دەکات بە ڕادەیەک چالاک و خاوەن ئیرادەیە کە دێتەوە کوردستان، لەوێیش لە شاییەکەدا وەک فریادڕەسێک، بە زمانی فەڕەنسی کە هیچ کام لە ئامادەبووەکان لێتێناگەن، باس لە ژن و ئازادی ژن و بژاردەکانی بۆ ئازادی دەکات. وەک ئەوەی دەر‌هێنەر بیەوێت پێمان بڵێت ئازادی و ئارەزوو لە دەرەوەی خۆمانن و دەبێت لەوانەوە بۆمان هاوردە بکرێت.

بەڕای من، ئەوەی کە زۆر جێگه‌ی  سەرنجە ئەوەیە کە پیاو لەم فیلمەدا چ وەک دەر‌هێنەر چ وەک ئەکتەر وە چ وەک زومی کامێرایش، نیگا و فیگەرێکی پاسیڤ و نەکردەیە، نەک لە بەرئەوەی کە پیاو لە واقیع و سیمبولیکدا بەو شێوەیەیە، بەڵکو ئەم فیلمە ئیشی لەسەر فۆبیا و تۆقێنی پیاوە لەچێژ و ئارەزوو (سێکسوالیت) ی ژنە. چونکە پیاو دەزانێت بۆ ئەوەی جەستەی خۆی و زوومی کامێراکەی ئازاد دەربکەوێت،  ئەوا پێشوەخت دەبێت جەستەی ژن لە کۆت و پێوەندی ئەو شتە ئازاد بکات کە پێدەڵێن شەرەف.

با ئەوەشمان بیرنەچیت کە ئەم پاسیڤییەی پیاو لە سەر سکرین مانای ئەوە نییە کە پیاو کەڵکەلە و نیگا سکۆپۆفیللیەی نییە بۆ ژن، چونکە پێشتر لە چەندین نوسیندا باسم لە شاعیر(پیاو)ی کورد کردوە، کە چەند دەستکراوە و دەمڕووتە لە ڕووتکردنەوەی ژن، دەستبردن بۆ هەموو پنتە سێکسوالییەکانی. بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە سینەما هونەری وێنە و ئاکتکردنە نەک بە تەنها وشە! هەر بۆ ڕاگرتنی پێگەو ستاتوسی خۆی وەک جەستەیەکی یەزدانی پیرۆزکراو ئامادە نییە خۆی ڕووتکاتەوە لە بەردەم زوومی کامێرا وەک مەرجێکی پێشوەخت بۆ ڕووتکردنەوەی جەستەی ژن.

لە کۆتایشدا بۆ ئەوەی ڕۆڵەکان بچنەوە شوێنی خۆیان، پیاوەکان فالوسی خۆیان وەرگرنەوە کە بە قەرز لە فیلمەکەدا دابوویان بە ژنەکان، دەرهێنەر مەرگ وەک دوا ئەڵتەرناتیڤ بۆ پاڵەوانە کچەکە هەڵدەبژێرێت.

گەڕانەوە بۆ مەرگ وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤێک، مەرگ وەک ترۆپکی ئیرۆتیکا بە مانا باتاییەکەی: مەرگ وەک  دوا ئەڵتەرناتیڤی شیاو بۆ دەربازبوون لەو دۆخی بە ئۆبيکتبوونەی کە پیاو و نۆرمەکانی پیاو، وەک تاقە شانسێک بۆ ژنیان هيشتۆتەوە. واتە تەنها لەو کاتەدا ژن دەبێتەوە بە سوبێکتێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار و بژاردەی تایبەت بە خۆی، کە یان ئەوەتا دەبێت خۆی بکوژێت یا دەبێت خۆی فیدابکات و شەهیدبێت!

ڕوونتر بڵێین؛ هەڵبژرادنی مەرگ خۆی سیمپتۆم و نیشانه‌ی سنووره‌كانی  ئەو سیستمە پاتریاركیه‌یە وەک تاکە پلەوپایەی بەهادار و مانابەخشی شایستە بە ژن.‌

ژن کە نه‌یتوانی ملكه‌چی نۆرم و كۆده‌ مێینه‌ییەکانی خۆی بێت، ئه‌وا ده‌بێت مەرگ هه‌ڵبژێرێت و بمرێت.

ته‌واو

 

سەرچاوەكان:

  • – M u lv e y , L . , ” A f t e rt h o u g h t s o n ‘ V i s u al P l e a s u re a n d N a r r a t i ve C i n e m a ‘

– I n s p ir e d b y ‘ D u e l i n t h e S u n ‘ ” , i n Fr a me work – a f i lm j o u r n a l, L o n d o n ,S u m m e r 1 9 8 1

[1]  من لێرەدا و لە نوسینەکانمدا (یین) بەکاردەهێنم لە بری.

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین