فۆتۆی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر به‌مێرد مندالی كه‌ له‌ دوانزه‌ ساڵید خاڵی خۆی ده‌كوژێت

ڕه‌غدی سه‌دام با بیرت بهێنمه‌وه‌ باوكت چ خوێڕیه‌ك بوو‌‌


Loading

ڕه‌غدی سه‌دام با بیرت بهێنمه‌وه‌ باوكت چ خوێڕیه‌ك بوو‌‌

العقيد رياض ال شليبة

وەرگێڕان و پەراوزکاری: ئیسماعیل حەمەئەمین 

باوكه‌ میهره‌بانه هه‌تیوه‌كه‌‌ت ئاوا گه‌وره‌بوو، گه‌وره‌بوونێك پڕ شه‌رم له‌ خۆكردن و هه‌ستكردن به‌كه‌می و شووره‌یی به‌دوویه‌وه‌ بوو. جا كچی باش له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ ئاگات له‌ سه‌ره‌تاكانی ژیانی باوكت نییه‌،  خه‌ریكه‌ خۆتت لێ ده‌بێته‌ نه‌وه‌ی پاشا و خانه‌دانه‌كان و خه‌ڵكی ئێراقیش   به‌غه‌در و خیانه‌ت وه‌سفده‌كه‌یت و جنێویان پێده‌ده‌یت.  ده‌ڵێیت؛ سه‌ربازی ئێراقی یه‌كه‌مین بوون كه‌ هه‌ڵاتوون له‌شه‌ڕدا! به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ باوكت و براكانت بوون ترسنۆكانه‌  له‌پێش هه‌مووانه‌وه‌ هه‌ڵاتن و به‌غدادیان به‌جێهێشت. خۆ ‌ئه‌گه‌ر هه‌ر شوێنێك هه‌بوایه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێراق ئه‌وانی بگرتایه‌ خۆی، ئه‌وا ده‌مێك بوو له‌وێ بوون. كه‌چی ئه‌م قاره‌مانانه‌ی وه‌ك باوكت و براكانت  جاران  له ‌جه‌نگی (ئێران – ئێراق) دا  سه‌ربازێك  مه‌ترێك   له‌ سه‌نگه‌ره‌كه‌ی دووربكه‌وتایه‌ته‌وه،‌ به‌ ناوی خیانه‌ته‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ له‌شوێنی خۆی  ده‌یانكوشت. گه‌ر باوكت و براكانت و عه‌شیره‌ته‌كه‌تان یه‌ك مسقاڵ شه‌ره‌فیان هه‌بوایه،  ده‌بوایه‌ به‌رگریان له‌ كۆشكی كۆماری و به‌غدا بكردایه‌، نه‌تۆقینایه‌ و خۆیان نه‌كردایه‌ به‌قه‌شمه‌ر و له‌ماڵان  خۆیان بشاردایه‌ته‌وه،‌ تاوه‌كو بوون  به‌ كاڵای فرۆشراو و دواجار  خزمێكتان كه‌ناوی (زێدان)  ئێوه‌ی به‌ سی ملیۆن دۆلار  فرۆشتنیه‌وه‌  به‌ئه‌مریكیه‌كان.
بابگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر باسی باوكه‌ جوانه‌كه‌ت و ده‌ڵێم؛  نییه له سێگۆشه‌ی ‌تكریت و ڕومادی  ئه‌وه‌ نه‌زانێت كه‌ باپیرت (حسين المجيد)‌ ‌ كه‌ سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تی  ئه‌لبو ناسره‌ (البوناصر) باوكی ڕاسته‌قینه‌ی باوكت نییه‌…كه‌سیش نییه‌ له‌ ناوچه‌ی تكریت و ڕومادی ئه‌م چیرۆكه‌ نه‌زانێت. من   له‌ساڵی ١٩٧٨  له‌ سوریا له‌گه‌ڵ برای ئه‌زیزم (خضير مخلف الجوزة)  پێكه‌وه‌ كارمان ده‌كرد،  (خزه‌یر موخلف جۆزه‌)  كه‌ له‌ڕه‌چه‌ڵكدا  خه‌ڵكی ڕومادییه‌ باسی ئه‌وه‌ی بۆكردم كه‌ باوكی ئه‌و  له‌و ماوه‌ زه‌مه‌نیه‌ی له‌دایكبوونی سه‌دام  بازرگانی‌ ڕۆن و خورما  بووه‌، ئه‌و له‌نێوان تكریت و ڕومادیدا هاتوچۆی كردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ باش ئاگای له‌ چیرۆكی له‌دایكبوون و ئه‌سڵ و فه‌سڵی باوكته‌‌…ئه‌و براده‌ره‌م ئه‌و كاته‌ له‌ ساڵی ١٩٧٨ متمانه‌ی برایه‌تی به‌ من هه‌بوو بۆیه‌ ئه‌م چیرۆكه‌ی به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ بۆ گێڕامه‌وه‌، ئێستاش  بۆیه‌ ‌باسی ئه‌م چیرۆكه‌ت بۆ ده‌كه‌م چونكه‌ ڕژێمی سه‌دام نه‌ماوه‌ و خه‌ڵك هه‌ناسه‌یه‌كی ئازادیان هه‌یه، چ نه‌بێت بۆ باسكردنی ئه‌م چیرۆكانه‌.
جابۆیه‌ خانمی به‌ڕێز ئه‌و گرێ ده‌روونیه‌ی باوكت پێوه‌ی ده‌ناڵاند له‌هه‌موو ناوچه‌كه‌دا زانراو بوو، ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ دایكی سه‌دام (كه ‌ده‌كاته‌ نه‌نكی به‌ڕێزت) له‌ ماڵی بازرگانێكی هاوڕێیی  باپیرت (خيرالله طلفاح – خه‌یروڵا تولفاح )  وه‌ك كاره‌كه‌ر كاری كردووه‌. ده‌ڵێن گوایه‌ ئه‌م بازرگانه‌ جوله‌كه‌ بووه‌ و نه‌نكت چۆته‌ جێگه‌وه‌  له‌گه‌ڵیدا و ئه‌وه‌ی  ڕوویداوه‌، ڕوویدا.به ‌ناچاری ماڵی باپیره‌ت بۆ داپۆشتنی ئه‌م حه‌یاچوونه‌ نه‌نكتیان له‌ (حوسێن مه‌جید) حۆل و هه‌ژار ماره‌كرد. دوای ماوه‌یه‌ك   كه‌ هێشتا باوكت له‌سكی دایكتدا بووه‌،  ئه‌م نه‌گبه‌ته به‌ مه‌سه‌له‌كه‌ی زانی و  لێره‌و له‌وێ بۆڵه‌بۆڵی ده‌كرد و هه‌واڵه‌كه‌ی له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوكرده‌وه، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ برای (خه‌یروڵا تولفاح)  كه‌ خاڵێكی دیكه‌ی باوكت ده‌كات،  بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ  ئه‌م حه‌یاچوونه‌ دابنێت،  هات   (حوسه‌ین مه‌جید) ی نه‌گبه‌تی كوشت و زۆری نه‌برد دوای ئه‌م ڕووداوه‌ سه‌دامی باوكت له‌دایكبوو…دوای ماوه‌یه‌ك نه‌نكه‌ به‌ڕێزه‌كه‌تان شوویكرده‌وه‌ به‌ (ئیبراهیم حه‌سه‌ن)  كه‌ مه‌شهوره‌ (زكلبی)‌‌  و ئیدی سه‌دامی هه‌تیوكه‌توو له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م پیاوه‌ دڵڕه‌قه‌ ده‌ژیا و زۆری ڕق لێ بوو. له‌ڕاستیدا بۆیه‌ به‌  (زكلبی) به‌ناوبانگ بوو چونكه‌ شه‌ڕواڵ پیس و ژنباز بوو(١)

كاتێك سه‌دام ته‌مه‌نی دوانزه‌ ساڵ ده‌بێت و له‌ناو منداڵاندا ده‌بیستێت كه‌ خاڵی باوكی كوشتووه‌ و  چیرۆكه‌ حه‌یابه‌ره‌كه‌ ده‌بیستێت، به‌و ته‌مه‌نه‌یه‌وه‌ ده‌چێت  خاڵی خۆی  له‌ماڵی خۆیدا ده‌كوژێت، هه‌ر بۆیه‌ خێرا باپیره‌ت (خه‌یروڵاتولفاح ٢) سه‌دام دوورده‌خاته‌وه‌ بۆ به‌غدا. ئیدی ‌ قۆناغێكی  تر له‌ ژیانی ئه‌م هه‌تیوكه‌تووه‌ سه‌رسه‌رییه‌ ده‌ستپێده‌كات…ئه‌و قۆناغه‌ لای هه‌موو كه‌سێك ئاشكرایه‌ كه‌ باوكت به‌و ته‌مه‌نه‌ مێردمنداڵیه‌وه‌ چۆن له‌به‌غدا ژیاوه‌، به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی تكریتیه‌كان له‌به‌شی كه‌رخ له‌ به‌غدا باوكتیان باش له‌بیره‌، به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ گیرفانبڕی چه‌وره‌ و سه‌رسه‌ری و جه‌رده‌ و هه‌تیوبازه‌كاندا ده‌سوڕایه‌وه‌. ئه‌م بانده‌   پێكهاته‌ك بوون  له‌ هه‌تیوباز و دز و سه‌رسه‌ری چه‌وره‌، ‌ له‌ چایخانه‌یه‌كی  بچوك داده‌نیشتن نزیك (سینه‌ما به‌غداد) ی ‌‌ به‌رامبه‌ر دوكانی پاچه‌ی (ابو طوبان)ه‌.  سه‌دامی مێردمنداڵ وه‌ك سه‌كن له‌گه‌ڵ شۆفێرێكدا كاری ده‌كرد كه‌ناوی (كریم لعابه‌) بوو، ئه‌مه‌ش سایه‌قی  پاسی ته‌خته‌ی ‌خه‌تی عه‌لاوی حله‌ (علاوي الحلة) و ڕه‌حمانیه‌  و كازمیه‌ بوو. ئه‌م (كه‌ریم له‌عابه‌یه)‌ به‌دناوترین و به‌دئه‌خلاقترین كه‌س بوو له‌به‌غدا و حیكایه‌تی باوكه‌ هه‌تیوكه‌وتووه‌ مێردمنداڵه‌كه‌ت له‌ گه‌راج و چایخانه‌كانی به‌غدا له‌حیكایه‌ته‌ به‌ناوبانگه‌كانی كوچه‌ و شه‌قامه‌كانی به‌غدا بووه‌!

هه‌موو كه‌س ئه‌و  ڕووداوی جه‌رده‌ و ڕووتكردنه‌وه‌یه‌ی له‌ بیره‌ كه‌ ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ی باوكت یه‌كێك بوو له‌وان و  ڕۆژانه‌ ده‌یانكرد، یه‌كێك له‌و ڕووداوانه‌له‌نزیك سینه‌ما (ڕیجنت ) ی نزیكی (پردی ئه‌حرار) ی  (ناوچه‌ی ساڵحیه‌)  ڕوویدا. ئه‌وه‌ بوو به‌چه‌قۆ و لێدان هاوڵاتییه‌كیان ڕووتكرده‌وه‌ و جزدانی پاره‌كه‌ی و كاتژمێره‌ ده‌ستیه‌كه‌ی و ئه‌ڵقه‌كه‌ی ده‌ستی و چی پێ بوو  به‌ زۆر لێان سه‌ند. كابرا هاواریكردبوو و خه‌ڵك هاتبوون به‌ده‌نگیه‌وه‌ و دوایی خه‌ڵكی زانیان كێ بوون ئه‌و كاره‌ ناشرینه‌یان كردووه‌  و له‌ مه‌ركه‌زی پۆلیسی ڕه‌حمانیه‌ شكاتیان لێده‌كه‌ن. پۆلیس به‌دوویاندا گه‌ڕابوو تاوه‌كو له‌ قه‌برستانی (شێخ عومه‌ر) ئه‌م دز و جه‌رده‌ و هه‌تیوبازانه‌یان ده‌گرن‌…له‌وكاته‌دا كه‌ له‌م قه‌برستانه‌ به‌سه‌ریاندا ده‌ده‌ن  ئه‌مانه‌ خه‌ریكی كێشانی ماده‌ی هۆشبه‌ر و خواردنه‌وه‌ی كحول و كاری به‌دڕه‌وشتی تر بوون.  هه‌ر بۆیه‌ (قازی ته‌حقیق) ی  ناوچه‌ی كه‌رخ له‌به‌غدا له‌ رۆژی 12.01.1953  بڕیاری به‌ندكردن و ته‌حقیقكردن ده‌دا له‌تاوانی ئه‌م بانده‌‌ دز و جه‌رده‌ و سه‌رسه‌ریه كه‌ سه‌دامی باوكت له‌ته‌مه‌ندا له‌هه‌موویان منداڵتر بوو.

 دیاره‌ پێشتر له‌ناوچه‌ی ڕه‌حمانیه‌ و نێزیك (سینه‌ما زوبێده‌)  و گۆڕه‌پانی مه‌تحه‌ف و باخچه‌ی مه‌تاری كۆن چه‌نده‌ها دزی و گیرفانبڕین ڕوویدابوو. له‌سه‌ر ڕۆشنایی ئه‌م ڕووداوانه‌ (قازی ته‌حقیق) ئه‌م گروپه‌ به‌ تۆمه‌تی دزی و گیرفان بڕین و ته‌عداكردن له‌خه‌ڵك به‌ند ده‌كات. بۆ زانینت ڕاپۆڕته‌كه‌م له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌ی قازی ته‌حقیقی (كه‌رخ)  كه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی ئه‌م  گروپه‌ له‌جه‌رده‌ و شه‌لاتیه‌ ده‌رده‌كات  و له‌كاتی خۆیدا بڵاویده‌كه‌مه‌وه‌. تاوانباره‌كان وه‌ك له‌ فه‌رمانی دادگای كه‌رخدا هاتووه‌ ئه‌مانه‌ن؛

١.علي ماما (سه‌رۆكی بانده‌كه‌ )

٢. خالد دونكي. – (خالیده‌ كه‌ر)

٣. حمودي الأقجم. (حه‌مودی ئه‌قجه‌م – ئه‌قجه‌م به‌ لۆری بارهه‌ڵگر  ده‌گوترێت – وه‌رگێڕ

٤. طالب ابن ماهيه.

٥. قيس الجندي.

٦. باسم المعيدي

٧. محمد شعيطه (یاریكه‌ری تۆپی پێ )

٨. صدام حسين التكريتي (له‌هه‌موویان منداڵتره‌ )

دادگای كه‌رخ  به‌پێیی تاوانه‌كانیان حوكمی جۆراوجۆری به‌سه‌ردا سه‌پاندن، جا له‌به‌رئه‌وه‌ی  سه‌دامی باوكت ته‌مه‌نی له‌هه‌موویان منداڵتر بوو  و هێشتا نه‌وجه‌وان بوو به‌ساڵێك حوكمدرا. ماوه‌ی حوكمه‌كه‌ی له‌نێوان به‌ندیخانه‌ی نه‌وجه‌وانان و مه‌ركه‌زی پۆلیسی ڕه‌حمانیه‌ به‌سه‌ربرد. هه‌ر بۆئه‌وی زیاتر له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی باوكت ئاگادار بیت هێشتا (مفه‌وه‌ز ساڵح) كه‌‌ ئامری مه‌ركه‌زی پۆلیسی ڕه‌حمانیه‌ بوو باوكتی له‌بیره‌ و بچۆ لێیی بپرسه‌ با بۆت بگێڕێته‌وه‌ باوكت كێ بووه‌ و چیكردووه‌ له‌و كاته‌دا و هێشتا له‌ژیاندا ماوه‌ و له‌به‌غدا ده‌ژی.

ئاوا باوكه‌ نازداره‌كه‌ت له‌و ته‌مه‌نه‌ ناسكه‌یدا چووه‌ به‌ندیخانه‌ و له‌وێ تووشی چه‌نده‌ها داڕزانی ئه‌خلاقی بوو، به‌داخه‌وه‌ خانمی به‌ڕێز ئه‌م ڕاستیانه‌ ده‌ڵێم، هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانم ئه‌م ڕاستیانه‌  خاتوونه شازاده‌‌كانی  خانه‌خوێت بێزارده‌كات كه‌ داڵده‌یان داویت(٣)…به‌ڵام ئیتر ئه‌مه‌ هه‌قیقه‌تی باوكته‌ وه‌ك چۆن له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی پۆلیس و مه‌ركه‌زی پۆلیسدا تۆماركراوه‌. جا دوای ئه‌وه‌ی خاڵی گه‌وره‌ی سه‌دام (خه‌یروڵا توڵفاح)  حه‌یاچووانه‌كانی  ئه‌م خوشكه‌زا هه‌رزه‌كاره‌ی به‌رگوێ كه‌وت، به‌تایبه‌ت هه‌واڵی دزی و كاره‌ به‌د ئه‌خلاقیه‌كانی تری  له‌ناو تكریتیه‌كان بڵاوبۆوه‌، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن خاڵوانیه‌وه‌ له‌ عه‌شیره‌تی (البو ناصر)، ئیتر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ سه‌دامی هه‌رزه‌كاریان به‌ (دوحی ٤) ناوده‌برد… هه‌ربۆیه‌ خاڵی ده‌ریكرد له‌به‌غدا و ناردیه‌وه‌ بۆ لای دایكی بۆ تكریت و له‌وێ دیسانه‌وه‌ چووه‌ به‌رده‌م باوه‌پیاره‌كه‌ی (ئیبراهیم حه‌سه‌ن) كه ‌زۆر ڕقی لێی بوو. له‌وێش مێرده‌كه‌ی دایكی به‌رگه‌ی لاسارییه‌كانی نه‌گرت،  ده‌ریكرد و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌غداد و چوو له‌چایخانه‌یه‌ك كاری كرد كه‌  له‌وه‌پێش كاری لێ كردبوو.

 له‌و به‌ینه‌دا یه‌كێك له‌ بانده‌كه‌ی پێشوو كه‌ حوكمدرابوو، له‌به‌ندیخانه‌ ئازاد بوو، ئه‌ویش دووهه‌م ناوه‌ له‌ لیستی تاوانباره حوكمدراوه‌كان و ناوی (ابن ماهیه‌) یه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌دامدا یه‌كیانگرته‌وه‌. سه‌دام گه‌یشتبووه‌ ته‌مه‌نی پیاوه‌تی و له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیبن ماهیه سه‌رسه‌ریه‌دا چه‌نده‌ها جار ته‌عدای شه‌ره‌فیان كردبووه‌  سه‌ر ئافره‌تان و چه‌نده‌ها كه‌سیان كوشتبوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌رانه‌ سه‌ندن و دزی…یه‌كێك له‌هه‌ره‌ ڕووداوه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ته‌عداكردنه‌ سه‌ر ئافره‌تان  ڕووداوێكه كه‌ بێ ڕه‌وشتی سه‌دام ده‌سه‌لمێنێت، ڕووداوی (مه‌لهای فارابی)ه‌  كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی (له‌میعه‌ تۆفیق ) بوو، هه‌ر له‌وێ به‌به‌ر چاوی خه‌ڵكه‌وه‌  سه‌دام و ئیبن ماهیه‌ ته‌عدایان كرده‌ سه‌ر (به‌دریه‌ موحه‌مه‌د) و هه‌ر له‌وێش به‌شه‌ق له‌برایه‌كی (له‌میعه‌ تۆفیق)ی هونه‌رمه‌ندیان دا كه‌ناوی سه‌لمان تۆفیق  بوو. دوای ئه‌وه‌ی نه‌یانویستبوو  پاره‌ی بلیتی چوونه‌ ژووره‌وه‌ ببڕن،  سه‌لمانیان  چه‌ك كردبوو و به‌كورسیه‌كه‌وه‌ به‌ستبۆوه‌ و خه‌تی ته‌لفۆنیشیان بڕیبوو. یه‌كێك له‌ هۆڵه‌كه‌ توانیبووی هه‌ڵبێت و  مه‌ركه‌زی پۆلیسی ناوچه‌ی به‌تاوینی ئاگاداركردبۆوه‌ و دوایی ده‌ستگیركران، ئه‌وانه‌ به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی پۆلیس ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ بوون؛

١.طالب ابن ماهية.

٢.قيس الجندي.

٣.جبار الكردي.

٤.صدام التكريتي. (سه‌دام حوسێن)

٥. .محيي مرهون. ( ئه‌بو ته‌بری ڕاسته‌قینه‌)

٦..باسم المعيدي.

٧. .محمد فاضل الخشالي –  (الملقب ابو زكية – ناسرا و به‌باوكی زه‌كێ)

لێره‌وه‌ گۆڕانكاریه‌كی ترسناك ڕووده‌دات له‌كاری ئه‌م بانده‌،  ‌ به‌وه‌ی   پارێزه‌ره‌كی به‌دناو  (فيصل حبيب الخيزران)  ده‌بێته‌ پارێزه‌ریان و له‌وچركه‌ساته‌وه‌ كاری ئه‌م بانده‌ گۆڕانكاریه‌كی چۆنایه‌تی به‌سه‌ردادێت  و ده‌بێته‌ ڕێكخراوێكی تیرۆریستی كه‌ به‌ناوی (ڕێكخراوی حه‌نین )  ده‌ناسرێت و چه‌نده‌ها شه‌قاوه‌ و تاوانكار په‌یوه‌ندی پێوه‌ ده‌كه‌ن له‌وانه‌؛

١.ناظم كزار لازم  (ناسراو به‌ ساتوری ڕێكخراوه‌كه‌- ٥‌ )

٢. له‌هه‌موویان ترسناكتر یه‌كه‌ك بوو ناوی  ئه‌بو عۆره‌  (ابو العورة – كوێره‌موشه‌ )

٣. جبار محمد الكردي (ناسراو به‌جه‌بار كوردی و براكانی ستار و فه‌تاح كوردی بوون)

٤. سعدون شاكر العزاوي

٥. وهاب كريم .

٦. رزاق لفتة (ڕه‌زاق له‌فته‌)

٧.فاضل الشكرة – فازڵ شه‌كره‌

٨. .محمد فاضل الخشالي – موحه‌مه‌د فازڵ خشالی.

٩. محي مرهون؛ دوایی به‌ (ابو طبر) ئه‌بو ته‌ور ده‌ناسرێت، كه‌یه‌كێك ده‌بێت له‌ئه‌كته‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی شانۆگه‌ریه‌كی پڕ تاوانكاری موخابه‌راتی سه‌دام، تێدا هه‌موو ئه‌وانه‌یان كوشت كه‌ ده‌یانویست بیانكوژن. كه‌سانی بێتاوان و خاوه‌ن پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی له‌و ماوه‌یه‌دا پاكتاوكران. له‌م سیناریۆیه‌دا پارێزه‌ره‌كایان  فيصل الخيزران ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو (٦) 

١٠. علي رضا باوه – عه‌لی ڕه‌زا باوه‌

 
١١.صدام التكريتي – (سه‌دام حوسێن تكریتی)

جا خانمی خاوه‌ن حورمه‌ت پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانیت كه‌ (ڕێكخراوی حنین) كه ‌باوكت سه‌ره‌تای ژیانی سیاسی لێوه‌ ده‌ستپێكرد، به‌دناوترین ڕێكخراوی دزی و ماڵ بڕین و كوشتن و ته‌عداكردنه‌ سه‌ر شه‌ره‌فی خه‌ڵكی بوو. پڕی بوو له‌خه‌ڵكانێكی هه‌تیوباز و سه‌رسه‌ری و چه‌وره‌ و به‌د ئه‌خلاق و په‌روه‌رده‌ی سه‌قه‌تی گه‌راج و جاده‌كان. گه‌ر ناوی ئه‌وانه‌ت نیشانده‌م كه‌ ئه‌م بانده‌ی باوكت له‌و كاته‌دا زۆر ترسناكانه‌ كوشتوونی، ژماره‌یان له‌ژماره‌ی ڕووداوه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ئێراق زۆرتره‌، ئه‌وه‌نده‌ ژماره‌یان زۆره‌ و ئه‌وه‌نده‌ به‌ناشرینی خه‌ڵكیان كوشتووه‌، ئه‌وه‌ی  كاتی خۆی له‌و ڕووداوانه‌دا نه‌ژیابێت  هه‌رگیز بڕوا به‌و ژماره‌ زۆر و ناشرینیه‌  ناكات!

العقيد رياض ال شليبة
مشیگان –  وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا

           ‌   ‌

په‌راوێزه‌كانی وەرگێڕ: 

١.كچه‌كه‌ی سه‌دام حوسێنی  گۆڕ به‌گۆڕ ماوه‌یه‌ك بوو  خه‌ریكی جوانكردنی وێنه‌ی باوكی بوو  له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌لفیزیۆنیه‌كان و ئێراقییه‌كانی به‌ غه‌در و خیانه‌ت  و ترسنۆكی ‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد. گوایه ئێراقییه‌كان له‌دواجه‌نگدا هه‌ڵاتوون و ترسنۆك بوون و باوكی مه‌زنیان  له‌م جه‌نگه‌دا به‌جێهێشتووه! له‌ وه‌ڵامی ئه‌م جوانكردنی وێنه‌ی دیكتاتۆردا  عه‌قیدی خانه‌نشینی ئێراقی (ریاز ئال شلیبه‌)  نامه‌یه‌كی له‌ ڕێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و گۆڤاره‌ سیاسیه‌ ئۆنلاینه‌كان بۆ ڕه‌غدی كچی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر نارد و ئه‌م نامه‌یه‌ به‌فراوانی بڵاوبۆوه‌.

http://almasalah.com/ar/news/39235/عقيد-متقاعد-يبعث-برسالة-الى-رغد-ابنة-صدام-حسين

 به‌پێویستم زانی خوێنه‌ری كورد به‌تایبه‌ت نه‌وه‌یه‌ك سه‌دام و زه‌مه‌نه‌ خوێناویه‌كه‌ی ناناسن ئه‌م ڕاستیانه‌ بزانن، بێگومان له‌پاڵ ئه‌وه‌ی سه‌دام بۆته‌ هۆی وێرانكردن و سووتماكردن و كیمایاوبارانكردنی كوردستان و به‌درێژایی حوكمی زیاتر له‌ نیو ملیۆن كوردی كوشتووه‌، دووملیۆنی له‌ئێراقیه‌كان  له‌جه‌نگی ئێران ئێراق و كویه‌ت وجه‌نگی ئه‌مریكا به‌كوشتدا. زیاتر له‌ شه‌ست ملیۆن مینی له‌كوردستان چاندبوو، خاپوركردن و كوشتنی ته‌نانه‌ت مێروو و ڕووه‌ك به‌گازی سیانید و خه‌رده‌ل. جگه‌ له ‌قه‌ڵاچۆكردنی شیعه‌ له‌ كه‌ره‌به‌لا و نه‌جه‌ف و بڕینه‌وه‌ی زیاتر له‌سی ملیۆن دره‌ختی دارخورما  و وشكردنه‌وه‌ی ئه‌هواره‌كان و پیسكردنی ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌كاتی شه‌ڕی كوه‌یت و كوشتنی زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن ئێرانی له‌جه‌نگدا و سه‌ده‌ها زیندانی ترسناك و ده‌زگای ئه‌شكه‌نجه‌دان…

به‌كورتی سه‌دام له‌دوای خۆی وڵاتێكی وێران و ژنیگه‌یه‌كی پیس و بوغز و فیتنه‌ و دووبه‌ره‌كی ناشرینی و گه‌نده‌ڵیه‌كی به‌جێهێشتووه‌ كه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆ كۆی ناوچه‌كه‌ پێوه‌ی ده‌ناڵانێت، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه‌ له‌گه‌نده‌ڵی و سه‌قه‌تی په‌كهاته‌ی سیاسی له‌كۆی ئێراقدا  به‌رهه‌مه‌كانی سه‌دامن. به‌دیوێكی تردا به‌عسیه‌كان هه‌رگیز باس له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ سه‌دام خاڵی خۆی كوشتووه‌ و په‌رده‌پۆشی ده‌كه‌ن، باس له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ حسێن مه‌جیدی كوژراو باوكی سه‌دام نییه‌، باسی ئه‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ (صبحه‌ طلفاح) دوایی چه‌ند جارێكی تر شوویكردۆته‌وه‌ و ژنێكی به‌دناو بووه‌. باسی ئه‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ به‌رزان تكریتی و وه‌تبان و  عه‌لی حه‌سه‌ن  مه‌جید كاتی خۆی وه‌ك سه‌دام له‌سه‌ر تاوان له‌به‌ندیخانه‌ی نه‌وجه‌وانان  بوون و  به‌رزان و وه‌تبان  له‌شێتخانه‌دا (شه‌ماعیه‌) دا بوون. باس له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ سه‌دام زاواكه‌ی خۆی و نیوه‌ی تایه‌فه‌كه‌ی خۆی كوشتووه‌…تاوه‌كو ئه‌مڕۆش چیرۆكی درۆی و شاخداری بۆبڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ وه‌ك پیاوێكی شۆرشگێڕ، له‌ڕاستیدا جگه‌ له‌ دیكتاتۆرێكی نه‌خۆش نه‌بێت هیچتر نه‌بوو.

٢.  كۆی خانه‌واده‌ی سه‌دام  له‌ناوچه‌ی تكریت به‌ خانه‌واده‌یه‌كی نه‌خۆش و سایكۆبات و پیاوكوژ و جه‌رده‌ به‌ناوبانگن؛  بۆ نمونه‌  سه‌دام له‌گه‌نجیدا له‌گه‌ڵ باپیره‌یدا (خیرالله‌ طلفاح)  پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر پیاو كوشتن له‌ به‌ندیخانه‌دا ده‌بن، به‌ڵام له‌دوایدا ده‌ڵێن گوایه‌ له‌سه‌ر دژایه‌تی  حوكمی مه‌لیكی بووه‌!  خیرالله‌ طلفاح پیاوێكی دز و جه‌رده‌و ڕه‌گه‌ز په‌رست بوو، ڕقی له‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو له‌ده‌روه‌ی عه‌ره‌ب ده‌یگووت؛ عه‌جه‌م و جوله‌كه‌ و مێش، سێ شتن كه‌ نه‌ده‌بوایه‌ خوا خه‌ڵقی بكردنایه‌… دیاره‌ لێره‌دا عه‌جه‌م ناڕاسته‌وخۆش ئاماژه‌یه‌ بۆكورد.

له‌دوای ١٩٦٧ كه‌ به‌عسیه‌كان حوكم ده‌گرنه‌ ده‌ست سه‌دام خاڵی ده‌كات به‌ پارێزگاری به‌غدا، ئه‌وه‌نده‌ دزی ده‌كات كه‌ به‌غداییه‌كان  به‌  (حرامی بغداد – دزی به‌غدا) ناوی ده‌به‌ن. سه‌دام پانزه‌ ساڵ له‌ماڵی خاڵی گه‌وره‌ی ژیا بوو و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاڵه‌كه‌ی تری خۆی كوشتبوو. خیرالله‌ طلفاح ئه‌وه‌نده‌  نه‌خۆش بوو له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ سه‌رسام‌ بوو به‌‌ سه‌رسه‌رێتی سه‌دام، دێت و كچه‌كه‌ی خۆی ده‌داتێ  كه‌دایكی هه‌ردوو تاوانبار عوده‌ی و قوسه‌ین كه‌ دوایی له‌ موسڵ ئه‌مریكایه‌كان له‌ ٢٠٠٣ دا ده‌یانكوژن…به‌ڵام سه‌دام له‌مه‌شدا  نمه‌ك حه‌رام ده‌رده‌چێت، بێگومان یه‌كتر كوشتن له‌م خێزانه‌دا كه‌حوكمی ئێراقیان كردووه‌ وه‌ك نه‌ریت وه‌هابووه‌.  هه‌ر بۆیه‌ ڕقی  سه‌دام له‌ ماڵی خاڵوانی  (خیرالله‌ طلفاح) وایكرد له ساڵی ‌ ١٩٨٩  عه‌دنان خیروڵای خاڵۆزای خۆی  بكوژێت..عه‌دنان  وه‌زیری به‌رگری ئێراق بوو له جه‌نگی ئێران ئێراق له‌گه‌ڵ سه‌دامدا ‌سه‌ردانی كوردستانیان كرد و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی و سه‌ربازه‌كانی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی ته‌قیه‌وه‌ و له‌ناوچوو. هه‌واڵه‌كان گووتیان ڕه‌شه‌با و كه‌ش و هه‌وا هۆكاری كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی بووه‌. له‌ڕاستیدا ئه‌و ڕۆژه‌ جه‌ژنی قوربان بوو له‌كۆی ده‌شتی مه‌خمور و هه‌ولێر هیچ ڕه‌شه‌با و باوبۆرانێك نه‌بوو، له‌وێ هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌…

كۆی خێزانی سه‌دام له‌ خاڵی و باپیری و زڕبراكانی وه‌ك وه‌تبان و  عه‌لی حسێن مه‌جید كه‌ناسراوه‌ به (‌عه‌لی كیمیاوی) و ئه‌وانیتر له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ نه‌خۆش بوون…ته‌نانه‌ت (حسێن كامل) ی مێردی ڕه‌غد كه‌ باسی مێرده‌كه‌ی ده‌كات وه‌ك بێتاوان و باوكی وه‌ك فریشته‌ و براكانی وه‌ك پاڵه‌وان. كه‌چی هه‌ر عوده‌ی و قوسه‌ی برای بوون به‌ فه‌رمانی باوكیان حسێن كاملی مێردیی و سه‌دام كاملی برایان كوشت.

حسێن كامل پیاوێكی خوێنڕێژ بوو، جارێك ده‌چێت بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ و له‌ژووری عه‌مه‌لیاتی فه‌یله‌قی سێهه‌م  نه‌خشه‌یه‌ك داده‌نێت بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی ڕووباری جاسم (نهر جاسم). ‌ ئه‌فسه‌ره‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ فاشیله‌ و ده‌بێته‌ هۆی كوژرانی ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز و كۆی لیواكه‌. حسێن  كامل توڕهده‌بێت و ‌  بڕیاڕ ده‌دا  ئه‌فسه‌ره‌كان و به‌شێك له‌سه‌ربازه‌كان هه‌ر له‌وێ له‌پای ڕه‌خنه‌كانیان ئیعدامبكرێن، به‌وه‌ی به‌ زیندوویی بسوتێرێن…حسێن كامل نه‌ك هه‌ر گوێی له‌پاڕانه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌كان نه‌گرتبوو، به‌ڵكو تاوه‌كو بوون به‌قه‌ره‌برووت و خۆڵه‌مێش به‌دیار سووتاینیانه‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و پێكه‌نیووه‌ ؛ ئه‌م له‌به‌ڵگه‌كانی مزهر الدلیمی ئه‌فسه‌ری موخابه‌راتی ئێراقی ئه‌وسایه‌ كه‌ له‌زاری اللواء نايف كصب الجنديل بۆی گێڕاوه‌ته‌وه‌؛ بۆ زیاتر به‌زمانی عه‌ره‌بی؛

(https://iraqhouseinstitute.com/لماذا-قتل-صدام-حسين-عدنان-خير-الله-؟/)

  ٣. ره‌غدی كچی سه‌دام دوای ڕووخانی ڕژێمی خوێنڕێژ و چه‌په‌ڵی سه‌دام،  له‌لایه‌ن ئه‌میر عه‌بدوڵای ئوردون و خانه‌واده‌ی شای ئوردون داڵده‌دران. ڕه‌غد ئه‌وه‌نده‌ لێدوانی ناشرین و درۆی بڵاوكرده‌وه‌ له‌كه‌ناڵه‌كان له‌دژی ئێراقیه‌كان تاوه‌كو ئاگاداركرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن كۆشكه‌وه‌ كه‌ ئه‌و له‌دواجاردا په‌ناهه‌نده‌یه‌كه‌ و سنووری داڵدانی به‌زاندووه‌.

٤. دوحی له‌عه‌ره‌بی عامیه‌ و زمانی خه‌ڵكی ڕه‌شۆكی ئێراقی  مانای یه‌كێكه‌ بێ ئاست و سووك و چروك و گه‌ڕۆك و سه‌رسه‌ری و چه‌وره‌.

٥. نازم گوزار (ناظم كزار) له‌گه‌ڵ هاتنی به‌عسدا ده‌بێت به‌ مودیری ئه‌منی عامه‌ی ئێراق (به‌ڕێوبه‌ری ئاسایشی گشتی ئێراق)   لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم سروشتی وه‌حشی نازم گوزار بۆ خوێنه‌ری ئه‌م باسه‌ ڕوونبكه‌مه‌وه‌. نازام گوزار  یه‌كه‌مین كه‌س بوو ترسناكترین شێوازی ئه‌شكه‌نجه‌دانی هێنایه‌ به‌ندیخانه‌كانی ئێراقه‌وه‌، كه‌ ترسناكترینیان حه‌وزی تێزابی ئه‌سید بوو،  بۆ نمونه؛‌ زیندانیه‌كی ده‌هێنا كه‌ حوكمی ئیعدامی هه‌بوو له‌سه‌رخۆ هه‌رجاره‌ی به‌شێكی له‌شی له‌به‌رده‌م  زیندانیه‌كی تردا ده‌خسته‌ حه‌وزه‌كه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی وره‌ به‌ردبدات و زمانبدات له‌ هاوڕێكانی. یاخود  چاوی ده‌رده‌هێنان به‌زیندوویی وه‌ك چۆن سه‌ره‌تا چاوی  قاره‌مانێكی وه‌ك  ئه‌حمه‌دی حه‌لاقی قیاده‌ مه‌ركه‌زی ( به‌شێكی جیابۆوه‌ له‌ حزبی شیوعی ئێراقی )  ده‌رهێنا چونكه‌ ئیعترافی نه‌كرد له‌سه‌ر هاوڕێكانی و له‌ حه‌وزی تێزابدا به‌زیندوویی توانیه‌وه‌. ئێستا په‌یكه‌ره‌كه‌ی له‌دامێنی شاری جوانه‌، سه‌رێكه‌ له‌سه‌ر كورسیه‌ك و هونه‌رمه‌ند بالدین په‌یكه‌رسازه‌كه‌یه‌تی.

نازم گوزار  شێوازی دیكه‌ی هه‌بوو بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دان؛ ده‌هات قۆڵی زیندانیه‌كانی ‌ یان ئه‌ندامی نێرینه‌یان ده‌بڕینه‌وه‌ یان قۆڕی ده‌كردن یان ده‌ستدرێژی سێكسیان ده‌كرده‌ سه‌ریان، یان ده‌یدان له‌مه‌كینه‌ی گۆشتجنین به‌زیندوویی…ئاوه‌ها شێوازه‌كانی ئه‌م دڕنده‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ ترسناك بوو كه ‌سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر و جه‌لاد،  له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا ئه‌و ئیرهابه‌ی  نازام گوزار دروستیكردووه‌  ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پایه‌ی ئه‌و  كه‌مبكاته‌وه‌،  له‌ سیناریۆیه‌كی  خوێناویدا گوایه‌ هه‌وڵیداوه‌ كۆدێتا بكات به‌سه‌ر سه‌رۆكی ئه‌وسای ئێراق (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر) بكات له‌ ساڵی ١٩٧٣  ده‌ستگیركرا و له‌هه‌مان ژووری ئه‌شكه‌نجه‌كانی خۆیدا له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌داسه‌دام كوشتی.

٦. محي مرهون؛  دوایی به‌ (ابو طبر) ناسرابوو له‌ناو ڕێكخراوه‌كه‌ی سه‌دامدا.   له‌گه‌ڵ هاتنی به‌عسیه‌كان بۆ سه‌ر حوكم، و له‌نێوان ١٩٧٣ تاوه‌كو   ١٩٧٤ دا په‌یدابوو، به‌تایبه‌ت دوای كوشتنی نازم گزار و پیاوه‌كانی، سه‌دام ده‌یویست تۆقین له‌ناو خه‌ڵك بڵاوبكاته‌وه‌ و كه‌سانی ناودار و فه‌رامنبه‌ری گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌ت پاكتاو بكات! ئیدی  شه‌وانه‌ خه‌ڵك له‌ به‌غدا به‌بێ هۆ  به‌ته‌ور ده‌كوژران، چه‌نده‌ها خێزان له‌ناوچوون به‌ ژن و منداڵه‌وه. بێگومان لێره‌دا سه‌دام ئه‌و كاره‌ به‌ (محی مرهون) ده‌سپێرێت كه‌ كاتی  پێكه‌وه‌ له‌گه‌نجیدا ته‌عدایان كردۆته‌ سه‌ر چه‌نده‌ها ئافره‌ت و چه‌نده‌هایان كوشتووه‌ و پێكه‌وه‌ له‌به‌ندیخانه‌دا بوون.  دوای ئه‌وه‌ی ئه‌بو ته‌بر  به‌شێكی زۆر له‌كه‌سایه‌تی به‌ناوبانگی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كوژێت و كه‌ش و هه‌وایه‌كی پڕ تۆقین  له‌به‌غدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌. ئیدی  موخابه‌راتی سه‌دام  كه‌سێك ده‌گرن به‌ناوی  (حاتم كاظم الهضم)  و گوایه‌ ئه‌بو ته‌وره‌ و دوایی ئیعدامی ده‌كه‌ن.

(حاتم كاظم الهضم)   ئه‌م پیاوه له‌ڕاستیدا دووره‌ له‌هه‌موو تاوانكاریه‌وه‌، چونكه‌ ‌ ساڵانێك له‌ به‌لجیكا و ئه‌لمانیا ژیاوه‌ و كه‌سێك بووه‌ زمانه‌كانی ئه‌لمانی و ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی و یۆنانی و فارسی و  ته‌نانه‌ت كوردیشی زانیووه‌! ئه‌م پیاوه‌  كۆلیژی فڕۆكه‌وانی جه‌نگی  له‌ئێراق مه‌له‌كی  ته‌واو كردووه‌ و  ئه‌فسه‌ر بووه‌ و پاشان  خۆی خانه‌نشین كردووه‌.  بازرگانی كرووه‌ و له‌عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌یه‌كی زۆر به‌ڕێز بووه‌.  هه‌رگیز لۆجیك نییه‌ مرۆڤه‌ك له‌خێزانێكی وه‌ها ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بچێت فه‌ڕش بدزێت و خه‌ڵك له‌پێناو  فه‌ڕش دزین و شتی بچوك بكوژێت.

بۆنمونه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌كان خه‌ڵكانه‌ك بوون سه‌دام ترسی ئه‌وه‌ی  هه‌بوو له‌دواڕۆژدا مه‌ترسی بۆ سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی دروستبكه‌ن، بۆ نمونه‌    به‌ڕێوبه‌ڕی پێشووی ئه‌وسای پۆلیسی كه‌ركوك (به‌شیر ئه‌حمه‌د سه‌لمان) و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی به‌ته‌ور له‌یه‌ك شه‌ودا ده‌كوژرێن.‌ كوشتنی خێزانێك  كه‌ دووانیان پیاون و یه‌كێكیان ئه‌فسه‌ری باڵای پۆلیس بووه‌  كارێ‌كه‌ به‌یه‌ك كه‌س ناكرێت!

به‌عسیه‌كان به‌ درۆهه‌ڵبه‌ستن و چیرۆدروستكردن  به‌ناوبانگ بوون. تاوه‌كو ئه‌مڕۆش به‌عسیه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ژیاندا ماون یه‌كێكی وه‌ك  (حاتم كاظم الهضم) تاوانبار ده‌كه‌ن و چیرۆكی له‌سه‌ر دروستده‌كه‌ن،  ده‌مێك ده‌ڵێن بۆیه ده‌ستیكردووه‌ به‌كوشتن چونكه‌ جارێكیان حاتم كازم  له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی ده‌چێت بۆلای دكتۆر و دكتۆره‌كه‌ زۆر به‌ناشرینی داوا له‌حاتم ده‌كات بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی بپشكنێت و ئه‌م ده‌یكات به‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دكتۆره‌كه‌ و  دوای ماوه‌یه‌ك ده‌چێت دكتۆره‌كه‌ ده‌كوژێت! ده‌مێك ده‌ڵێن مفه‌وه‌ز بووه ده‌ركراوه‌! له‌چیرۆكێكی تردا ده‌ڵێن دوایی  ژمێریاربووه‌ له‌كه‌ركوك و له‌سه‌ر دزی ده‌كرداوه‌! یان ده‌ڵێن؛ نه‌خێر له‌ كۆلیژی جه‌نگی ئێراقی فڕۆكه‌وانی ده‌ركراوه‌. پاشان ده‌ڵێن؛ ده‌ڵێن له‌ئه‌ڵمانیا مافیا و قاچاخچی بووه‌… به‌ڵام ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ندامانی ڕێكخراوی (حنین) به‌تایبه‌ت (محی مرهون ) و چه‌نده‌ها هاوكاری به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌دام ئه‌م كارانه‌یان ده‌كرد.   هه‌موو  ئه‌م زانیاریانه‌ دژ به‌یه‌كن. ئاشكرایه‌  به‌عسیبوون  یه‌كسانه‌ به‌دووڕوویی و درۆزنی و به‌دئه‌خلاقی و مێژوویان له‌ئێرقدا دیاره‌.

 ‌

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.