پێشەکی
شوناس چوارچێوەیەکی چەمکییە خودی تاک خۆی و ئەزموونەکانی خۆی ڕاڤه دەکاتەوە وهەم دووباره ڕاڤه دەکرێتەوە، دەشێ شوناس وەک وڵامی ئەو پرسیارە فام بکرێت: ئەلف: تاک وەک خۆیەکی سەربەخۆ یان وەک ئەوێکی تر دەتوانی کێ بێت؟
شوناس لە مانای پسیکۆلۆژیکیدا وڵامی پرسیاری ( هەل ومەرج) دەداتەوە، ئەو هەلومەرجەی کە لە دەورەیەکی ژیان یان لە دۆخێکی دوولایەنەی بەرابەردا بواری تێگەیشتن لەخۆو لەوێکیتر دەڕهەخسێنێت (هاوئاهەنگی دەروونی لەگەڵ بوونی ئاڵوگۆری لەدەرەوەی مرۆڤ). دەشێت بگوترێت کە شوناس جگە لەوە ، کە بەرهەمی (خودێکی سەربەخۆیە) لەهەمان کاتدا شوناس ساخت و سازێکی کۆمەڵایەتیە، کە تاک وەک خود یان وەک (ئەوێکی تر) لەناو ڕایەڵیکی گرنگدا فام دەکرێت. شوناس وەک بابەتێکی مرۆیی لە هەڕەتی گەشە و ڕسکانی مرۆڤە لەناو کۆمەڵگەدا بەدیدێت. کەواتە دەشێ بگوترێت کە؛ شوناس بابەتێکی مرۆیی وکۆمەڵایەتییە کەهیچ پێوەندێکی بە ڕهگەز، ڕەنگ و زمان نییە.
پرسیار لە شوناس لەگەڵ ئەوەدا لایەنگەلێکی بەربڵاوی هەیە بەڵام لایەنیکی کولتوری- تایبەتیشی هەیە، کە هەموو کات دەڕوا هەتا گونجاویەک لەنێوان زەین ” دەروون” و کۆمەڵگه ” دەرەوە” ساز بکات، واتە ساز کردنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ تاک وەک (خودێکی خود تەفسیركراو) . بەڵام خودیکی بەرهەمهاتوو لەناو کۆمەڵگه نەک خودیکی ڕەها و دابڕاولە کۆمەڵگا.
گرنگی باسکردن لە ساخت و سازی شوناسی تاک، ئاماژەیەکە بە پیداویستیکی بنەڕەتی تاک، ئەویش بەفەرمی ناسینە، بەفەرمی ناسین لەلایەن ئەوانی تر و پێوەندی و لیکگرێدانەوە لەگەڵ ئەوان. بەوپێیە شوناس زایەڵەی خودێکی گرێدراوە لە نێوان جیهانی دەروون و جیهانی دەرەوەیە.[1]
شوناسی نەتەوەیی
لەتەنیشت بوونی شوناسی تاک، مرۆڤ بە هۆی بوون لەناو کۆمەڵگەدا هەڵگری شوناسێکی کۆمەڵایەتیشە، کە بەرهەمی لێکتێگەیشتن و قەبوڵکردنی خودەکانە، کە وەک شوناسی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێت. ڕەهەندی سیاسی ئەو شوناسە وەک شوناسی نەتەوەیی پێناسە دەکرێت. شوناسی نەتەوەیی وەک شوناسی کەسی کە لە( گێرانەوەیەکی خود) پێكدێت، لە گێڕانەوەیەکی هاوبەشی خودەکان ساز دەبێت، هاوکات لەگەڵ ئەو گێرانەوەیە، ئهو حیكایهتهیه كه کەسایەتیەک بەرهەم دێت کە درێژەدەر و تەواوکەری کەسایەتی بەرهەمهاتووه ، دەشێ بگوترێت کە بنەما و بنچینەی بەدیهاتنی شوناسی نەتەوەیی لێکتێگەیشتنی شوناسەکانە وەک تاک و بەفەرمی ناسینی یەکترە. بێگومان ئەگەر شوناسی نەتەوەیی بەرهەمی لێک تێگەیشتن و فامی هاوبەش لە (خودێکی گشتی) لەلایەن تاکەکانەوە بێت، ئەوا بەردەوام و مسۆگەر دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەو خودە گشتیە بە جەبر و گوشار و هێز ههوڵی بەدیهێنانی بدرێت، ئەوا تووشی قەیران دەبێت.
لەڕاستیدا کۆمەڵگەکان شوناسی نەتەوەیی خۆیان لەڕێگای گێڕانەوەکان بەرهەمدەهێنن، گێڕانەوەیەک کە ڕیشەی لە گێرانەوەی تاکەکان دایە و دەگەنە خاڵی هاوبەش. لەو گێرانەوەیەدا بیرەوەریی هاوبەش لەگەڵ پهیوەندی نەتەوەیی تێکەڵ دەبن. لەدەلاقەی وەها گێڕانەوەدا بەسەرهات و کارەساتە مێژووییەکان دەبنە ناوبژیوان. واتە مێژوو وەک ڕووداو، کارەسات و بەسەرهاتەکان، دەبنە ناوبژیوان و ئهڵقەیەک کە خودەکان پێكهوهدهبهستێتهوه و خودێکی گشتی ساز دهبێت بەناوی نەتەوە كه خاوەنی چوارچیوە و فۆرماسیونێکی مانایی و زەینی بەناوی شوناسی نەتەوەیی دروستدهبێت.
شوناسی نەتەوەیی پێناسەی کۆی گشتی باوەرگەلێکی هاوشێوە، کردەوەگەلێک و ئاکامەکانی هەستیاری پێوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگایەکی یەکگرتووە. بەباوەڕی (بندیکت ئەندێرسۆن) ئەوان هەڵسوکەوت دەکەن لەناو وڵاتێكدا کە وەک کۆمەڵگهیەکی خەیاڵی ناسێندراوە، چوونکە یەکگرتن لە وەها کۆمەڵگەیەکدا نەتەنیا ئەزموون و بەرهەمی ناسیاوبوونی تاکەکان بەڵکە بەرهەمی دابڕاوی لە دۆخ و شوێنی تاکەکانە، کە دەبێتە هۆی لێک کۆبوونەوەیان. واتە دابڕاوی لە دۆخ، کەس و شوێنێک یان کۆمەڵگهیەکهوە کۆکردنەوەیان لە دۆخ، کەسو شوێن وەک کۆمەڵگهیەکی تر.
بەپێچەوانەی بەشێکی زۆر لە توێژەرانی ئەنترناسیونال، کە هێرشیان دەکردە سەر ناسیونالیسم و قامکیان لەسەر تایبەتمەندیە دزێوەکانی ناسیونالیسم دادەنا و پێداگریان لەسەر تایبەتمەندیە ڕاسیستیەکانی ناسیونالیسم دهكرد، کە سەرچاوەی ترس و دڵەراوکێ بوون. ئهوا ئەندێرسۆن لەو باوەڕەیهدا بوو کە نەتەوە سەرچاوەی ئەشق و گیان بەختکردنە. ئەندێرسۆن بەپێچەوانەی کۆنینە باوەڕانی کە لەسەر ئەو باوەڕە بوون، نەتەوە دەرکەوتەیەکی ئەزەلی و زاتیە، کە وەک میرات بە تاکەکان دەگات و بۆپێناسەکردنی نەتەوە و پۆزتهڤیستانە پێداگریان دەکرد لەسەردەرکەوتە ئۆبژێکتیڤەکانی وەک ؛ زمان، ئایین، کولتور و جوگرافیایەکی هاوبەش w لە باوەڕەدا بوو، کە نەتەوە کەرەستەیەکی دەستکردە و جگە لەهەستی هاوسۆزی و پێوەندی نێوان تاکەکان شتێکی تر نییە، واتە نەتەوە جگە لە خەیاڵی کۆمەلگایەک لەناو زەین و هەناوی مرۆڤدا شتێکی تر نییە. لەڕاستیدا (خەیاڵی نەتەوە) وەک رایەڵێک بۆ لێک گرێدانی فاکتەرەکانی نێو کۆمەڵگه وەک ناوەندی پێوەندی هاوبەش بۆ پێناسە کردنی کردەوەکانی گشتی کۆمەڵگا ئەرک دەنوێنێت. لەو پێوەندیەدا دەکرێت شوناسی نەتەوەیی وەک هۆشیاری و هەستی پێوەندی لەناو کۆمەڵگهیەک بناسێندرێت، کە وەک پێشەکییەک بۆ بەدیهاتنی نەتەوە سەرهەڵدەدا.[2]
گرنگی شوێندانانی شوناسی نەتەوەیی کاتێک دەردەکەوێ، کە نكوڵی گشتی لەسەر بنەما و بنجینهی ههندێک تایبەتمەندی وێكچوو لەگەڵ تاقمێک، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جیاوازی و لێکدابڕان لەگەڵ تاقمێکی تر! شوناسی نەتەوەیی دۆخێکی وەهادا دەبێتە هۆی ئەوەی، کە شوناسی گشتی وەک بەشێکی تایبەت لە شوناسی نەتەوەیی، نە ك تەنیا ببێتەهۆی سنووربەندی و لێکجیابوونەوە و بهڵكو ببێتە هۆی لێکگرێدانەوە لەگەڵ گرووپەکانی تر. واتە ئەگەر (شوناسی گشتی) وەک بەشیک لە (شوناسی نەتەوەیی) بەهۆی جیاوازی تاکەکان لەگەڵ یەکتر ببێتە هۆی دابڕان لە تاقم و کۆمەڵگه و گروپگەلێک، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی پێکهاتن، ڕێککەوتن و یەکگرتن لەگەڵ تاقم، کۆمەڵگا و گروپگەلێکی تر.
له پێوەندیەکی وههادا (شوناسی نەتەوەیی) کارتێکردنێکی بێ وێنەی هەیە و دەتوانێت ئاسەوارگەلێکی هاوشێوەی وەک (لایەنگرانی یانەیەکی تۆپی پێ) یان ئایدۆلۆژێکی سیاسی هەبێت. بەوحاڵەشەوە هەستیاریی و ههستی بوونی شوناسە گشتیهکان و یەک لەوان، شوناسی نەتەوەیی هەر بەو جۆرەی کە دەشێت لەسەر تایبەتمەندێکانی جیاوازی نەتەوە لەبەرامبەر گرووپە ڕێکخراوە تایبەتەکانی دیكه پێداگری بکرێت و بکرێتە بیانووی ئامانج گەلێکی سیاسی. لهههمانكاتیشدا دەکرێت ببێتە هۆی (بەفەرمی ناسینی شوناس و نەتەوە) لە ناو گوتاری ناسیونالیسمدا، بهمانای دەتوانێت هۆکارێک بێت تاوهكو ئهو كاتهی تاکەکان خۆیان جگە لە شوناس گەلێکی نەتەوەیی، لەگەڵ شوناس گەلێکی فرەنەتەوە یان فۆرم گەلێکی جیاوازی شوناسی کولتوری رێکبخەن.[3] بۆ وێنە دەکرێ بە پهیوەندی گەلێکی دێرینی فەڕانساوی – ئەلجەزاییری یاوهكو ئاڵمانی – ئەمریکی و ئاماژە بکرێت.
ناسیونالیزم بەمەبەستی دیاری کردنی ئامانج گەلێکی سیاسی جیاواز، دەتوانێرێت بکرێتە دەلاقەی دەرخستن و بەعەینیکردنی شوناس گەلێکی نەتەوەیی جیاواز. واتە ئامانجگەلێکی سیاسی لە دەلاقەی ناسیونالیزمەوە شوناس گەلێکی نەتەوەیی جیاواز دەربخەن. ڕەنگه وەک دەوڵهتێکی مسۆگەر دهركهوێت، کە زۆرجار هاوڕێیە لەگەڵ فۆرمێکی بەهێز لە جیاوازی نێوان گروپ و ڕیکخراوەکان. لە زۆرکاتیشدا لەگەڵ بوونی شێوەیەکی بەهێزی سنووربەندی لەنێوان ڕیکخراوە جیاوازەکاند دهردهكهوێت. بەڵام گروپ ورێکخراوە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر شان بەشان دەڕۆن بەرەو ئامانجێکی گشتی هاوبەش، بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە شەرعییەتدان بە شەڕێک یان سیاسەتێکی دەرەوەی بەهێز ،لەلایەن هەموو گرووپە جیاوازەکانەوە بکرێت. ەرچەند پێوەندی نێوان شوناسەکانی نەتەوەیی و دەرکەوتەکانی سیاسی_ ئادیدۆلۆژیکی ناسیونالیست زۆرجار ئاسۆیەکی روونیشی نییە.[4]
ڕۆڵی زمان(زمانی دایکی) لە پێکهاتن و پەرەپێدانی شوناسی نەتەوەیی
بێگومان زمان ناوەندی سەرکەوتنی بنەڕەتی کولتور و کەرەسەی سەرەکی فام و تێگەیشتن لە کرداری مرۆڤەکانە، بە هۆی زمانەوەیه، لهڕێگهی زمانهوه دەکرێت بزانین کە مرۆڤەکان چۆن دەڕواننە ڕووداوەکانی دەوروبەر و ژیانی چۆن شرۆڤە دەکەن، هەر بۆیەش لهبنهڕتدا بۆ تیگەیشتن و فامکردنی کولتور و ڕوانگەکانی مرۆڤ، زمانی ئەو کۆمەڵگهیە شرۆڤە دەکەن. بە واتایەکی تر بە شرۆڤە و لێکۆڵینەوە لە زمانی هەر کۆمەڵگهیەک دەکرێت، زانیاری لەمهڕ کولتور و هزر و گوتارەکان و پێکهاتە ماناییەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە کۆ بکرێتەوە.
زمانناسان لەسەر ئەو باوەرەن، کە بەهۆی ئەوە کە هەر کۆمەڵگهیەک بە زمانیکی تایبەت دەدوێت، ئاساییە کە فام و دەرکی ئهوان، له جیهانی دەرەوە جیاوازتر بێت ڤیتگنشتاین دەڵێت ” سنووری زمانی من سنووری جیهانی منە” ئەو بەو ڕستەیە ئاماژەدکات بە پهیوەندی نزیکی زمان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، واتە ئاماژە دەکات بە جیاوازی زمان نەتەنیا لە ئاستی وشە و نهریتدا، بهڵكو ئاماژەدکات بە پێکهاتەی جیاوازی فیکر و هزری مرۆڤەکان، كه بههۆیهوه جیاوازی زمانیان لهنێوانیاندا ههیه، هەر بۆیە پێویسته بۆ ناسینی جیهان بینی و هزری هەر کۆمەڵگهیەک زمانی ئەو کۆمەڵگهیە شرۆڤە بکرێت.[5]
دی سۆسۆر لەسەر ئەو بڕوایەیه، کە زمان کۆگشتیەکه لە نیشانەکانه، ب گەیەنەری مانا و فیکرە،. كلۆد لیڤی شترواس لەو باوەڕەیەدایه کە زمان گرنگترین دەرکەوتەی کولتوری هەر کۆمەڵگهیەکە. زمان بە هۆی پەرەپێدانی سوستێمهوه، پێکهاتەی مانایی، و مامهڵهی کۆمەڵایەتی پەرە پێدهدات و مسۆگەری دەکات، واتە زمان جگە لەوەی، کە بنیادنەری نۆرم، بەها و کولتوری هاوبەشی کۆمەڵایەتیە، کە بەربڵاوترین کەرەسەی پێوەندی و سەرکەوتووترین توخمی هاوبەشی شوناسی کۆمەڵگهیە. بهجۆرێك کە بەدەر لە شوێن و كات دەتوانێت ببێتە پردی ڕاگواستنی باوەڕگەلێکی هاوبەش، نۆرم و بەها کۆمەڵایەتیهکان لەبەرەیەک بۆ بەرەیەکی تر. [6]
هەر بەو پێیە زمان و شوناس دووبەشی لێکدانەبڕاوی پێکهێنەری ژێرخانەکانی کۆمەڵگهی مرۆیین . زانایانی زمان لەو باوەڕهدان کە زمان ڕۆڵ نەخشێکی گرنگی هەیە لە پێکهێنان و پەرەی شوناسدا،. شۆهامی لەو باوەڕەدایه کە زمان تەنیا کەرەسەی پێوەندیگرتنی نێوان مرۆڤەکانە، کە کەرەسەی پێکهێنانی شوناسە. [7]
ئەگەر قەبوڵ بکەین کە شوناس بریتیە لە مانا، نۆرم، خەیاڵ و بەها هاوبەشەکانی مرۆڤ کە ناسێنەر و دەرخەری چیبوونی مرۆڤە، ئەوا زمان کەرەسەی دەرخەر و بهرجهسته گەیاندنی ئەو شوناسەیە.
دهرئهنجام
شوناسی نەتەوەیی ڕەوتی بە هاوبهشکردنی شوناسی تاکەکانە لەناو چوارچیوەیەکی گەورەتر لە جیهانی زەینی و پێکهاتەیی تاکدا، کە ئەویش کۆمەڵگهیە. بهمانای شوناسی نەتەوەیی ڕەوتی بەهاوبەش کردنی ئهقڵیهتهكان، خوێندنەوەکان و پێکهاتە ماناییەکانی نێوان تاکەکانە لە كایهكی گەورەتر لە تاک، کە کۆمەڵگهیه.
ئەو هاوبەشکردنە بەهۆی پهیوەندی گرتنی مرۆڤەکانەوە دهڕهخسێت و لە ونبوونی پهیوەندیگرتندا هیچ کات پێک نایەت. تەنیا کەرەسەی پێوەندیگرتن و بههاوبەش کردنی شوناسی تاکەکان لەناو بازنەی کۆمەڵگهدا زمانە. واتە زمان ئەو ڕایەڵ و تانوپۆیهیە، کەدەبێتە هۆی لێکگرێدانەوەی تانوپۆی شوناسەکان، جیهانە ماناییەکان، نۆرمەکان و بەهاکان و ئەمەش دەبێتە هۆی پێکهاتن و بونیادنانی شوناسی نەتەوەیی.
بەواتایەکی تر، زمان شوناسی تاکەکان كه بریتین لە ئەزموون و هزر، ڕوانگەکانی تاک دەگوێزینەوە بۆ ناو کۆمەڵگه. ئەو زمانە هاوبەشەش دەبێتە هۆکار بۆ سازبوونی خوێندنەوەیەکی هاوبەشی؛ ڕووداوەکان، مێژوو و خودی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی.دەتوانین بڵیین؛ کە زمان بە هۆی توانای خوڵقاندن و ڕاگواستنی نیزامی مانایی تێگهیشتن لەنێوان تاکەکان بینادهكات، بێگومان وەک کاناڵێکی گرنگ و سەرەکی ڕاگوازتنی شوناس. بێرگێر و لۆکمان لەو باوەڕەدان، کە زمان بە هۆی توانای بڕینی كات و شوێنهكاندا دەتوانێت ئەمڕۆ و ئێستاكێ و مێژووی مرۆڤەکان لێک گرێبداتەوە، دهتوانێت ڕابوردوو، ئەمڕۆ و داهاتووی مرۆڤەکان لەناو جوغری گشتێکی هاوبەشدا کۆبکاتەوە، ببێتە هۆکاری پێکهاتنی شوناسی نەتەوەیی.
تهواو
سهرچاوه و پهراوێزهكان
[1] _ Erikson, E.H. (1966). Identität und Lebenszyklus. Frankfurt: Suhrkamp.
[2] -Schweiger, Viktoria, Nation“ und „Nationalismus“ in der Theorie gemäß Benedict Anderson und Abigail Green sowie die praktische Anwendung auf den Hermannsmythos im Deutschland des 19. Jahrhundert.
[3] – Bernhard Giesen, Robert Seyfert, Kollektive Identität
[4] – Pierre Nora: Zwischen Geschichte und Gedächtnis: Die Gedächtnisorte .Berlin 1990
[5] _ Taylor, Charles 2001: Die Formen des Religiösen in der Gegenwart. Suhrkamp, Frankfurt a.M
[6] _ http://www.ssoar.info/ssoar/bitstream/handle/document/2442/ssoar-journpsycho-1995-41995_11996-brockmeier_et_al-saussure.pdf?sequence=1
[7] _ Shohamy، E. (2006). Language policy: Hidden agendas and approaches. New York: Routledge.