خوان میرۆ؛ ژنه ده‌نگ ئۆپیرا‌كه‌ - ١٩٣٤ Miro; Woman (Opera Singer), 1934

Loading

لە پۆل ڕادەکەمە دەرێ و زللەیەک لەسەر ڕوومەتم تا دێت سوور و سوورتر دەبێتەوە. هەر دەڵێی پشکۆیە لەسەر ڕوخسارم داگیرساوە و هێواش هێواش دەگەشێتەوە. دەڵێی هەموو دونیا لەناو گوێمدا دەزڕنگێتەوە. ئای خودایە زللە و زللە و زللە، زللە بۆ لە دونیای من نابڕێتەوە. ززززز … چەندە لە پیتی ززززززززی تۆقیووم … زززز … دەڵێی شارە زەردەواڵەیە و هەموو دونیایان لێ تەنیووم. لە گوێمدا، لە ناخمدا، لەناو قەفەزەی مێشکما دەنگ دەداتەوە. ئیستا بۆ کوێ دەچم. بۆ خۆشم نازانم. ئەوەتا لە پۆل ڕادەکەمە دەرێ و وەکو ئەوەی لە دۆزەخێک هەڵبێم، هەنگاوەکانم ئۆقرە بە خۆ ناگرن و ئەو جەستە بچکۆلەیەیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووم کە هەر دەڵێی جەستەی پاسارییەکی لانەوازی تۆقیوە. هەمیشە هەڵدێم و هەمیشە بەڕێوەم. من ئەزمونێکی گەورەم لەگەڵ زللەدا هەیە، ئەزمونێکی نەبڕاوە. هیچ کەس هێندەی من لەپی دەستی مامۆستا ساڵح ناناسێتەوە. ئەو لەپانەی هەر لە خاکەناس دەچوون. بڕوا ناکەم ژنەکەشی کە شەو و ڕۆژ لەگەڵی دەنوێ هێندەی من هەستی بە زەبەللاحی ئەو لەپانەی دەستی ئەو پیاوە کردبێت. ئەو لەپانە ئەگەر بۆ ئەو سۆز و چێژ و ناسکی بوو بێت، بۆ من زام و سوێ و گرییەن. هەڵدێم و بڕیاردەدەم جارێکی دی نەگەڕێمەوە بۆ پۆل. چ دەبێ با ببێ، لەم دونیایە وەکو نەخوێندەوارێک گەورە بم و شێوەی گوێدرێژێک بەبار بێم و زللە ناو ڕۆحم نەخوات. جارێکی دی ناچمەوە پێش ئەو پیاوە زل و زەبەلاحەی وەکو فیلەتەنێک لەبەردەم تەختە ڕەشێک دا وەستاوە. هەر کاتێک لە پێشی پۆلەکە دا ڕادەوەستێت هەموو تەختە ڕەشەکە دەشارێتەوە.

 

من هێشتا نەگەیشتومەتەوە ماڵێ و سورایی زللەکەی مامۆستا ساڵح لەسەر ڕوومەتم کاڵ نەبۆتەوە لەبەرامبەر باوکم خۆم دەبینمەوە. ئەویش هەردوو چاوی لێدەرپەڕاندووم و دەمی وەکو دەمی ئەژدیهایه‌ک لێ کردوومەتەوە … بببببب … بۆچی ئەمڕۆ لە قوتابخانە ڕاتکردووە. ببببب … بڵێ بۆچی؟ بببببڵی ببببزانم بببۆچی؟ نازانم کێ هەواڵی ڕاکردنی منی لە قوتابخانە پێڕاگەیاندووە. من گومانم لە خاڵم هەبوو و ئاخر کاری ئەو لە قوتابخانە تەنیا چاودێریکردنی من بوو. ڕۆژ نەبوو دەیان ڕاپۆرتم لێنەدات بە ماڵەوە. کاڵزۆ ئەمڕۆ لە وانەی ئینگلیزی نەیزانی پیتی ئۆ، بنوسێت. کاڵزۆ کتێبی بیرکارییەکەی بەرگ تێنەگرتبوو و مامۆستا پێیگووت گەر بەیانی بەرگی تێنەگرێت با نەیەتەوە. کالزۆ دوێنی لە وانەی جوگرافیە زمانی بوو بە تەڵەی تەقیوو و نەیزانی شاری بەغداد دەکەوێتە کوێوە. مامۆستای ئایین، تا فێری قول ئەعوزوی کرد خەریک بوو قژ بەسەری خۆیەوە نەهێڵیت. کاڵزۆ ئەمڕۆ سێجار شەڕی لەگەڵ منداڵەکانی هاوڕێی دا کردووە. کاڵزۆۆۆۆۆ. کاڵزۆۆۆۆ. سەیر نییە لە دواجار دا خاڵم دەبێت بە پۆلیس. ئەو هەر لە منداڵییەوە لەسەر من خۆی فێره‌ کاری پۆلیسی کردبوو.

 

باوکم گوێچکەم دەگرێ و ڕووخساری رەش ڕەش دادەگەرێ و بەسەرما دەنەڕێنێ. ئای کە لەو ڕوخسارە تۆقیووم. من بە ئاسمانەوە هەڵواسراوم و سوور سوور هەڵدەگەڕێم و هیچم بۆ ناگوترێ. جارێکی دی گوێچکەم. ئیستاش کە لێرە دانیشتووم و ئەو چیرۆکەم بۆ تۆ دەگێڕمەوە دڵنیا نیم لەوەی گوێچکەم هەر لەئەزەلەوە بەشێکە لەجەستەی خۆم یان ئەوانیدی. لەسەر نووکی پێم ڕادەوەستم و کەمێک خۆم بەرزتر دەکەمەوە. ئێستا لە شوێنێکم لە نێوان ئاسمان و زەوی. تاوێک لە ئاسمانم و تاوێک لەسەر زەوی. ئەو زیاتر گوێچکەم دەگرێ و پڕ بە خۆی بەرزمدەکاتەوە. ئیدی هەستدەکەم ووردە ووردە لەسەر زەوی نیم و دادەبڕێم. بە ئاسمانەوە خۆم دەبینم. بۆ ماوەیێک لەگەڵ ئازار و زریکە دا بەئاسمانەوە دەمێنمەوە. ئەوجا کەمێک نووکی پێم دەگاتەوە سەر زەوی و هەناسەیێکی شادی دامدەگرێ. زۆر ناخایەنێت جارێکی دی بەرز دەبمەوە و جارێکی دی دەگەڕێمەوە سەر زەوی. زللەیێک بۆ سەر ڕوومەتم و ئیدی هەڵدێم. بەرەو دەرەوە هەڵدێم و زللەیەک وا بەسەر ڕوخسارمەوە گەرم گەرم وەکو تەنوور هەناوم دەسوتێنێ. هەڵدێم و خۆم وەک ڕەشەبا دەبینم. بەناو ژوور و دەرگا و داڵان و حەوشەدا هەڵدەکەم. هەڵدەکەم و دەگەمە کۆڵان و لەوێش ڕاناوەستم و تا دەتوانم دوور و دوورتر دەکەومەوە. نازانم گوێچکەم لەگەڵ خۆم هێناوە یاوەخوود لەوێ لە ماڵەوە بەدەستی باوکمەوە بەجێماوە. تەنیا سڕبوون و هیچی دی. سڕبوونێک بەسەر لایەکی سەرمەوە دەتەنێتەوە.

 لە پشتی ماڵەوەمانشیوێک هەبوو. دەچمە سەر شیوەکە و بەناویا شۆڕدەبمەوە خوارێ. لەوێ تێر تێر دەگریم. دەگریم و قووڵ قووڵ هەنسکدەدەم. لەپڕ لە نزیکی خۆمەوە بێچوە پشیلەیەک دەبینم. هێواش هێواش دەمیاوێنی. کەمێک ژیر دەبمەوە و لە پشیلە دەڕوانم. میاوانی پشیلە لەناو گواو و گەند و گووی ئه‌و شیوه‌دا هەناوم پڕدەکات لەتۆقین . تاوێک دەسرەوێم و تاوێک دەبزوێم. پەلاماری پشیلە دەدەم و فڕێیدەدەمە ناو گواووەکەوە. پشیلە بەهەڵەداوان هەوڵدەدات بێتە دەرەوە و من فڕێی دەدەمەوە ناو گواووەکە. ئەو یارییە زۆری خایاند. بەڵام تەواو بە بیرمدێتەوە پشیلەم کوشت. پشیلەی بەدبەخت بەحەوت ڕۆحەوە لەناو گواووەکە بۆی نەکرا لە دەستی من دەربازی بێت. ئەوە یەکەمین گوناهی من بوو لەدونیا کە بۆ ساتێکیش ئاسودەییم پێ نابەخشێت.

 

من لەگەڵ لەپی دەست و زللەدا گەورەبووم. لە شارێک پڕی یادەوەری زللە و گوێچکە ڕاکێشان … خوێندنم تەواو کرد و بووم بە مامۆستا و لەجێی ئەوەی ڕەوانەی قوتابخانەیەکم بکەن ناردیانم بۆ بەرەی جەنگ و بووم بە سەرباز … لەبەرەی جەنگ هەڵاتم. لەو ڕۆژگارە قێزەونەی دونیای پڕ کردبوو لە مەرگ و تۆقین هەڵاتم. من دەمویست لەم خاکە بپەڕمەوە و هەتا دەتوانم لە دەستی هەڵبێم . بۆ هەر لایەک ڕامدەکرد بە زللە فڕێیان دەدامەوە ناوەوە. خۆم بە هەموو سنوورەکاندا کێشاوە. سنوورەکانی باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات. جەستەم خوێناوی دڕگەزی و تەلی ژاراوی سەر سنوورەکانی لێ دەچۆڕێتەوە. بیرەوەریم لەگەڵ زللەی سەربازێکی ئێراقی و تورکی و ئێرانیش لەسەر ڕوومەتم هەیە و هەموویان دەناسمەوە. زۆر بە دڵنیاییەوە زللەی سەربازێکی ئێراقی وەکو هەر زللەیەکی دی دەناسمەوە و زۆر بە چاکی لە زللەی سەربازێکی ئێرانی جوێدەکەمەوە. بەڵام هیچ زللەیەک وەکو زللەی جەلادێکی کورد سوێی نەخستۆتە ناو جەرگمەوە کە ڕۆژێک لە شاری هەولێر لێیدام. ئەو زللەیە تا مردن لەگەڵ خۆمی هەڵدەگرم و لەو دونیاش نیشانی خودای دەدەم. پێشمەرگەی ئازادیخواز، لەناو زیندانی هەولێر هەردوو دەستمی بە جامخانەی زیندانەکەوە بەستمەوە و سەرم لەنێوان باڵەکانمەوە هاتبووە دەرێ. ئەو دوو دەستی هێند زەبەڵاحی هەبوو من لە ژیانمدا لە هیچ شوێنێک نەمدیبوو. یەکەم زللە کە لە ڕوومەتی ڕاستمی سرەواند بێ لەوەی پەردەی گوێی ڕاستم تەقی و سەرم بەرەو لای چەپ فڕی، ددانێکیشم کەوتە ناو دەممەوە . خوێن بە لێوەکانما دەهاتە خوارێ.

” کوڕی قەحبە، دژی سەرۆک دەجوڵێیتەوە ” جەللادە کوردەکە گووتی، ” هەر ئیستا نیشانتی دەدەم چۆن دایکت دەگێم ”

من هێشتا سەرم لە لای چەپی جەستەم کاس و کپ شۆڕبووبۆوە خوارێ و لەپڕ زللەیەکی دی بەوپەڕی گوڕەوە بەرەو لای ڕاستی هێنامەوە. پەردەی گوێی چەپیشم تەقی و ددانێکی دی کەوتە ناو دەممەوە. من ئیدی لەوێدا تەنیا دەنگداوەیەک لەناو گیانما دەزرنگایەوە و بۆم نەدەکرا گوێم لە هیچ شتێک ببێت. دوایین ڕستەیه‌ک کە بەبیرم دەهاتەوە، ڕستەی جەللادە کوردەکە بوو دەیگووت:

” تۆ دەتەوێت سەرۆکمان لەناوبەری، ها کوڕی قەحبە، ئیستا نیشانتی دەدەم سەرۆک کێیە؟ ”

من سەرم لەناو جەستەم و لەنێوان دوو دەستی هەڵواسراوما شۆڕببۆوە خوارێ و زللە لە دوای زللە ئاگر لەهەناوم بەردەبوو. بۆ یەکەمجارم بوو هەستم دەکرد شتێک لەناو مندا دەمرێ. مانای نیشتیمان و گەورەیی نیشتیمان وەکو مۆمێک لەپێش چاوەکانما هێواش هێواش دەتوایەوە. من تا ئیستاش لەناو هەزاران زللەی ناو یادەوەریما هیچ زللەیەک وەکو زللەی ئەو پێشمەرگە ئازادیخوازەی کورد لەسەر ڕوومەت و ڕوخسارم، ئازار و سوێیەکەی درێژ نەبۆتەوە. هەموو زللەکان بیر دەچنەوە، زللەی باوک و زللەی مامۆستا و زللەی سەربازی ئێراقی و سەربازی ئێرانی و سەربازی تورکی، بەڵام زللەی کوردی هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. کورد دەبوو زللەی نەبوا، چونکە بە درێژایی ژیانی لەپێناوی نەمانی زەبروزەنگ و چەوسانەوەدا تێکۆشابوو.

لە شاری قامیشلی لە تەرمیناڵی پاس تاک و تەنیا ڕاوەستابووم و لە ئاسمانم دەڕوانی. دەمەوێ چی دی غەمگین نەبم. بۆ یەکەمجارم بوو لە ژیانما دەمزانی بەرەو کوێ دەڕۆم. هەستمدەکرد ئیدی ڕێگەیەک هەیە بەرەو خۆیم دەبات. ڕێگەی هەڵاتن و دوورکەوتنەوە لە نیشتیمان. من لە ژیانمدا بەردەوام لەناو بازنەیێکی داخراودا ڕامکردووە و بەردەوام گەڕاومەتەوە ئەو شوێنەی لێوەی هاتووم. گەڕانەوە بۆ ماڵ. کەچی ئێستا ئیدی ڕێگەیێک بەرەو شوێنێکم دەبات کە چی دی بازنەیێک نییە و ڕاستە ڕێیە و لەگەڵ خۆیم دەبات. دەڕۆم و چی دی ناگەڕێمەوە بۆ نیشتیمان. نیشتیمان چییە به‌بێ سەرەنوێڵکێک بۆ ئازادی و ڕەهایی ئینسان. لەناو هەزاران خەڵکی نەناسراودا لەتەرمیناڵ ڕاوەستابووم و هەر یەک بەرەو شوێنێک دەچوون. بەرەو حەلەب. بەرەو قوبانی. بەرەو شام. منیش بەرەو شام دەڕۆم. هێشتا لە تەرمیناڵی پاس ڕاوەستاوم و بیر لە نیشتیمان دەکەمەوە. کونوقوژبنی ناو یادەوەریم دەپشکنم و لە ژیانی ڕابردووم دەپێچمەوە. بەدووی ژندا دەگەڕێم. من سی ساڵی تەمەنم ڕابووردووە و ژنێک لەناو یادەوریما نییە. چ بۆشاییەکی گەورەیە ژیان بەبێ ژن. جارێک بە کامی دڵ ژنێکم خۆشنەویستووە، لەگەڵ کیژۆڵەیێک نەگەڕاوم و ماچێکم لە لێوێکی سوور نەستاندووە و گوڵێکم نەداوەتە دەستی. خودایە من چەند تەنیام، چەند غەریبم بەم دونیایە. لەم نیشتیمانە دەڕۆمە دەرێ و سەدان برینم لەگەڵ خۆم هەڵگرتووە، سەدان برین و ژنێکی میهرەبانی تیا نییە.

لە شام بۆ یەکەمجار ژنم دۆزییەوە. پێت سەیر نەبێ لە غەریبی هەمیشە پیاوی ئاوارە لە دووی ژن دەگەڕێ. هەمیشە بەدووی ئەو بەشەدا وێڵە کە لە منداڵییەوە لێی جودا بۆتەوە. لەبەر دەمی دەرگەی ئوتێلێکەوە هەنگاو هەنگاو بەسەر قاڵدرمەکاندا سەردەکەم و دەڕۆمە سەرەوە. من و (مالیکی قژلوول)،  مالیکی هاوڕێم باسی ئێرەی بۆ کردبووم، ئەو ئەزمونێکی گەورەی دەربارەی ژن هەبوو، باسی شوێنیک کە پڕێتی لە ژن. چۆن باوەشی دەکەیت و ڕووتی دەکەیتەوە. ئەو گەلێک ژنی لەژێر خۆی دا گەوزاندبوو، ئەو لە پێشەوە و منیش لە پشتییەوە  هەستم دەکرد تا دێت بەرەو ناو هەناوی ژن دەڕۆمە ژوورەوە، تونێلێک بەرەو ناو دڵی ژن. بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە پاک خۆم شتبوو، ئەو گووتی پارە کۆبکەرەوە و دەرۆین بۆ لای ژن. پێنج سەد لیرەم کۆکردبۆوە و لە بەرۆکم هاویشتبوو، گوڵێکی سووریشم لەناو سنگما شاردبۆوە، لە باخێک لە بازاری ئەمەوی لێم کردبۆوە. نزیک گۆڕی سەلاحەدینی ئەیوبی.

چووینە نهۆمی سەرەوەی ئوتێل و گەیشتنە ناو هۆڵێک. هۆڵێکی ڕۆشن لەناو ئاسماندا. دەتگووت ڕۆژگارێکە بەڕێوەم، ڕێگەی گەیشتن بە ژن چەند دوورودرێژە، دەتگووت لەوەتەی هەم بەڕێوەم. لەوێ گەلێک ژن بە مایۆ و کراسێکی کورتەوە دانیشتبوون، مالیک بە سرپەوە گووتی؛ ئاگاداربە پەلاماریان نەدەی  وەکو کێویی مامەڵەیان لەگەڵ نه‌كه‌یت. تۆ هیچ مەکە و ژنەکە بۆ خۆی هەموو شتێکت فێردەکات. مالیک لەوێ دا جێیهێشتم و پەلی کیژۆڵەیەکی گرت و پێکەوە ڕۆیشتنە ژورێکەوە. منیش بەحەپەساوییەوە ڕاوەستابووم و لە ژن وورد دەبوومەوە. نەمدەزانی چیبکەم، لەو بوونەوەرە سەیرە وورد دەبوومەوە کە دەتگووت لە دونیای ئێمەدا بوونی نەبووە. کیژۆڵەکان لێیان دەڕوانیم و منیش هەر چوار پەلم شکابوو و هەردوو قاچم دەلەرزین. ئەوان زوو تێگەیشتن کە پیاوێکی کێویی و بێ ئەزموون ڕێی کەوتۆتە لایان. یەکێک لە کیژۆڵەکان پەلی گرتم و بەرەو ژوورێکی بردم. ژوورێک تەنیا چرپایێک و ئاوێنەیێکی دیواری تیا بوو. ژنەکە گووتی؛ پێنج سەد لیرەکەتم بەرێ … منیش پێنج سەد لیرەم دایە دەستی، من لە دەروویەک دەگەڕام چۆن گوڵە سوورەکەی پێشکەش بکەم، بیدەم لە قژی یاوەخوود لە سنگی. بەڵام ئەو ڕووت و قووت بوو. هەر ئەوەندەی پارەکەی وەرگرت خۆشییەک لە دڵی گەڕا. چووە سەر چرپاکە و ڕاکشا. هەردوو قاچی هەڵبڕین و لەناو هەردوو ڕانی سپی دا ڕەشاییەک هاتە بەرچاوم. ڕەشایی دەتگووت باینجانێکی قڵیشاوە. ئەو گووتی؛ هەرچیییەک دەکەیت خێرا بیکە. بۆت نییە ماچم بکەیت و دەم بخەیتە ناو دەممەوە … من لە شوێنی خۆم سەرسام وێستابووم و لەو جەستە ڕووتە ووردبوومەوە. هەموو ژیانم لە دووی ژن دەگەڕام و کاتێک پێیگەیشتم دەمەوێ لە دەستی هەڵبێم. ئەو گووتی؛ خێرا بکە و کاتم نییە … من تێگەیشتم کە ئاسان نییە بە ژن بگەیت. ڕێگەی گەیشتن بە ژن لێرە نییە. دەرگام کردەوە و وەکو ڕەشەبا بەسەر قاڵدرمەکان دا وەکو با هاتمە خوارێ.

ئەمجارەش بەوە دەچوو زللەیێکی تووند لە ڕوومەتم درا بێت. شتێک لە هەناوما هەڵدەچوو و تا دەهات سەری دەکرد. ڕشانەوەیێک سەردەکەوت و هەرچیم دەکرد نەهێڵم بێتە دەرەوە. بەناو بازاری مەرجەدا هەڵدەهاتم و بەخێرایی بەرەو لای گۆڕی سەلاحەدین ڕامدەکرد لە بازاری (ئەمەویی)  لەڕێگە دەیان پیاو بەقاتی چاکەت و پانتۆڵی ڕەشەوە ڕایاندەگرتم، گوێم لێبوو پێیان دەگووتم؛ ”عدنا خوش قوز. قوز سوریات. قوز لوبنانیات، ما تندم بحیاتک” … نەمدەزانی بۆ بەرەو لای گۆڕی سەلاحەدین ڕادەکەم. گەر ڕشانەوەکەم نەگرتایە نەک هەموو شام بەڵکو هەموو دونیام پڕ دەکرد لە ڕشانەوە … من ڕامدەکرد و لەوە تێدەگەیشتم کە چی دی سەختە بگەمە ژن، چەند سەختە بگەیتە دڵی ژن …

 

خوان میرۆ؛ ژنه ده‌نگ ئۆپیرا‌كه‌ – ١٩٣٤
Miro; Woman (Opera Singer), 1934

لەپایینی گۆڕی سەلاحەدین دانیشتم و دڵە کوتێ خەریکبوو دەیخواردم، زۆرم ویست تاوەکو هێور ببمەوە. ئەوەی من لێیدەگەڕام خۆشەویستی بوو کە بەژیانم لەناو خاکی دڵی مندا نەڕوابوو. ئەوەی من بەدووی دەگەڕام ژنبوو بتوانم لە پاڵیەوە ڕابوەستم و تێر تێر بە قووڵی باوەشی پێدابکەم و بگەمە ناو دڵی. ژنێک هەر بەچاو هەموو خۆشەویستی و ڕوانینی ئینسانیم بخوێنیتەوە. دەستمبرد و ئەو گوڵەی لەناو سنگما شاردبوومەوە هەڵوەراند و فڕێمدا. هەنسک هێواش هێواش دادەساکا و خەریکبوو هێور دەبوومەوە و بەئەندێشە دەگەڕامەوە بۆ ڕابوردوو. بۆ ئەو چرکەساتانەی تەمەنم یازده‌ ساڵان بووم و چووم بۆ سینەما. لێرە و لەوێ فلیمی ڕووتم دەکەوتە بەر گوێ و خەڵک باسیان لە ئافرەتی ڕووت و لەشی ڕووت و سنگ و مەمکی ڕووت دەکرد. من تا ئەو کاتە ڕوانینێکی تەندروستم بۆ سروشتی ژن و پیاو نەبوو، ژن تا ئەو کاتە لە دایکم و خوشکەکانم و ژنانی دراوسێ و دۆستان بترازێ چی دی نەبوون. من نەمدەزانی دەکرێ خۆشەویستی لە نێوان نێر و مێ دا بخوڵقێ و دەشێ پیاو و ژن پێکەوە ڕووت ببنەوە و یەکتری ماچ بکەن و دەست بۆ ئەندام و لەشی یەکتری ببەن. من کەمێک منداڵتربووم، منداڵانی گەڕەک باسیان لە دەستپەڕ کردبوو. ئەو وشەیەم لە کوڕوکاڵی گەڕەک بیستبوو و ئەوەشیان گێرابۆوە کە (ئازادە خڕە) ی گەڕەکی خۆمان بۆ یەکەمجار دەستپەڕی کردبوو و خوێن لە کێری هاتبوو. تا ئێستاش وێنەیەکی کێری ئازادم لەخەیاڵدانی خۆمدا خوڵقاندبوو کە چۆن خوێنی لێدێت. پارەم لە گیرفانی باوکم دزی و چووم بۆ سینەما. بەناو لێشاوی ئەو هەموو عەرەبانەی نۆک و شێڵم و چەرەساتانەی مەزادخانەی خوارەوەدا ڕۆیشتم و خۆم گەیاندە دەروازەی سینەما دڵشاد و بۆ یەکەمینجار تابلۆی سینەما و ژووری بلیت بڕین و ئەو خەڵکانەم دی کە ڕوویان دەکردە سینەما. بیرم دێ لە ڕیزی پێشی پێشەوە بەتەنیا دانیشتم و نەمدەزانی بۆچی لەو کاتەدا ڕێزی پێشەوە ئاوا چۆڵ وهۆڵ و کەسی لێ دانەدەنیشت. دواجار بەگەورەیی لە نهێنی ئەوە تێگەیشتم کە بۆچی هەموو خەڵکی شار لە ڕیزەکانی دواوە خۆیان لەناو کورسییەکان دا شاردبۆوە. گۆرانی برایانی زی زی و دەهوڵ و زوڕنا کەشێکی خۆش و سەرنجراکێشی خوڵقاندبوو. شاشەیێکی گەورە و بلاچکتۆری سوور و شین و سەوز چاویان بە شەوارە دەخستی. هێندەی نەبرد کارەبا کوژایەوە و تاریکی باوەشی بەدونیادا کرد … فلیم دەستیپێکرد و ئەوەندەی بەبیرمدێتەوە باسی لە دوو ئاشق دەکرد لەسەردەمی ڕۆژگاری دوو ئەڵمانیای لەبەریەک هەڵوەشاودا دەژیان. کیژۆڵە لە بەرەیەک و کوڕەی لاویش لە بەرەکەی دی بوون. دوای ڕۆژگارێکیش پێکەوە بوون، دەبوو کیژۆڵەکە بە نیازی سەردانی خێزانەکەی بگەڕایەتەوە بۆ بەرەی ئەودیوو و سەردانی خێزانەکەی بکردایەتەوە. وادەیان وابوو دوای ماوەیەک کیژۆڵەی شۆخ و شەنگ بگەڕایەتەوە بۆ سەردانی کوڕەی دەزگیرانی. کاتێک کوڕ کیژۆڵەی لە سنوور نزیکدەخستەوە، بۆ قەیرێک لەوێدا ئاوێزانی یەکدیبوون و ئەوجا کیژ ڕووی لە سنوور کرد و کوڕەی لاویش لە دوورەوە لێیدەڕوانی. هێندەی نەبرد کیژۆڵەی بەدبەخت کەوتە ناو خاکی مینڕێژکراوەوە و بە خوێن و گۆشتەوە بە ئاسماندا بەرزبۆوە.

فلیم لەوێدا تەواو بوو به‌ڵام بەدرێژایی ماوەی فلیمەکە کورسییەکانی دواوە دەجوڵانەوە و ئاخ و ئۆفی گەنجانی شارە خەساوەکەم دەهاتنە گوێ. بەدرێژایی فلیمەکە بێ لەنیشاندانی کەمێک لە نێوانی سنگ و مەمکی کیژۆڵە و قاچە ڕووتەکانی هیچی دیكه‌م نەدی، بەڵام خوشەویستییەکی قووڵم لە نێوان دوو دڵداردا دۆزییەوە کە من تا ئیستاش خۆمم لە شوێنی کوڕە لاوەکە دادەنا. نەمدەزانی ئەو هەموو جوڵانەوە و هاتووچوونی ڕیزی کورسییانە چی بوو. من لە شوێنی خۆم هەستام و دەمویست بڕۆمە دەرێ، چاوم پڕی بوو لە گریان و فرمێسک بە چاوما دەڕژایە خوارێ. تا ئیستاشی پێوە بێت ئەو فلیمە غەمگینە وێنەی فلیمی ڕووتی وەکو کارەساتێک لەلا جێهێشتم کە پڕی بوو لە تازیەباری و گریان. من بۆ فلیمی ڕووت چووم بەڵام لەوێ خۆشەویستیم ناسی. هەستمدەکرد دەست و پەنچەی خوێناوی کیژۆڵەی بەدبەخت وا بەسەر جەستەی منەوە. لێوم تامی لێوی کیژۆڵەی هەڵگرتبوو … من دەهاتمەدەرێ و لە پشتمەوە گڵوپە سەوز و سورەکان دەسوتان و برایانی زی زی بەردەوامبوون لە کوتانی دەهۆڵ و زۆرنای خۆیان و خەڵکانێکیش لەناو ڕیزی کورسییەکان خەریکی هەڵکێشانەوەی بەنەخوێنەکانیان بوون. ئەوە ئەو گەنجە دەروون خاپوورکراوانەبوون کە بەدرێژایی ژیانیان تامی خۆشەویستیان نەکرد و کیژۆڵەیەکیان بە کامی دڵ لە ئامێز نەگرتبوو. ئەوە من بووم کە دەمزانی چی دی ئەم دونیایە شوێنێکی بۆ خۆشەویستی تیا نەماوە. لەناو ئەو هەموو خوێن و کوشت و بڕینەی دونیای گرتبۆوە خۆشەویستی بێ لە ئەفسانەیێک چی دی نەبوو. گەیشتن بە ژن، بە ناو دڵی ڕووناکی ژن چی دی هەر وا ئاسان نییە و خەونێکە بەردەوام لەناوما وەکو کانی دەتەقێتەوە. لەناو حەشاماتی ڕەنگ سپی دا دەهاتمە دەرێ و بە خۆم دەگووت چی دی ژن لێرە نییە. چی دی خۆشەویستی لەم دونیایەی ئێمەدا بوونی نییە.

 

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كولتور مه‌گه‌زین – ژماره‌ یه‌ك ٢٠١٧ – بڵاوبۆته‌وه‌.