ڕوونکردنەوەیەک

Loading

بەختیار عەلی

ئازیزان ڕەنگە زۆربەتان بزانن، چەند ڕۆژێک لە مەوبەر لە یەکێک لە سایتەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە من چەند جارێک چاوم بە مەسرور بەرزانی کەوتووە. جگە لەم تۆمەتە، بە خەیاڵێک کە دیارە عومرێکی درێژی لە دروستکردنی درۆ دا بردۆتەسەر، کۆمەڵێک قسەی منداڵانە و داتاشراوی تریشی خستۆتە پاڵ من کە دیارە نوسەری نادیارمان فەنتازیایەکی زۆری لە هۆنینەوە و دانانیاندا سەرفکردوە. دیارە ئەمە یەکەمجار نییە ئەم درۆ و دەلەسە سەیر و سەمەرانە هەڵدەبەسترێن. ئەم مەکینەی درۆ و ئاشی فیشاڵە هەر جارەی بە ناوێک و بە تۆمەتێکەوە کە لەویدی ناچێت دەکەوێتە کار. خوێنەران دەزانن من هەمیشە ئەمجۆرە قسانەم پشت گوێ خستووە و بە شایەنی ئەوەم نەزانیون وەڵامیان بدەمەوە. هەمیشە گووتوومە گەر یەکێک بەوە دڵی خۆشدەبێت یان بەوە ئاسوودە دەبێت من بشکێنێت یان تانە لە من بدات، لێیگەڕێن با دڵخۆش بێت و ئاسوودە بێت. ئەوەی من هەمە بە خەڵک و بە دونیا و بە پاشەڕۆژی بڵێم لە ناو نووسینەکانمدایە، لە ناو وتار و ڕۆمان و شیعرەکانمدایە، من جگە لە کەرەستەی نوسین هیچ جۆرە کەرەستەیەکی ترم نییە بۆ نزیکبوونەوە لە دونیا. ئاساییە وەک چۆن خەڵکێک خۆشیان دەوێم، خەڵکێکیش دڵ بە قین و کیناوی بن و درۆ و دەلەسەی پوچم بۆ هەڵبەستن، ئەوە بەشێکە لە ژیان و بەشێکیشە لە مێژووی هەموو نوسەرە ڕاستەقینەکانی سەر زەوی. دیارە ئەمجارەش هەر بە نیازبووم هیچ نەڵێم، چونکە گەر هێز و ئارەزوویەکم هەبێت، دەمەوێت لە شتێکی بە سوودا بیخەمەگەڕ، نەوەک لە وەڵامدانەوەی ئەم و ئەودا، من دەیان جار لەو مافە گوزەراوم کە وەڵامبدەمەوە. بەڵام ئەمجارە لە زۆر هاوڕێ و لە هەندێک خوێنەرانەوە بە من گووترا، بۆ ڕێگری لە هەر چەواشەکارییەک باشترە ڕوونکردنەوەیەک بدرێت.

من بە خوێنەرانی ئازیزی خۆم و بە هەموو ئەو کەسانە دەڵێم کە دەیانەوێت ڕاستی بزانن. لێرەدا دوو ڕێگا هەیە، ڕێگایەکی کورت بۆ ئەو خوێنەرانەی حەوسەڵەی خوێندنەوەی زۆریان نییە، لەگەڵ ڕێگایەکی درێژ بە تەواوی وردەکارییە پێویستەکانەوە. بۆ هاوڕێیانێک کە تاقەتی خوێندنەوەی درێژیان نییە دەڵێم (تاکە ڕستەیەکی ڕاست لەو نوسینەدا یەک شتە ئەویش ئەوەیە کە من لە ڕۆژنامەی باس دەنوسم، لەوە بترازێت هەر چییەک لەو نوسینەدا هاتووە پێکڕا لەمسەر بۆ ئەوسەری درۆی موتڵەقە و هەتا وشەیەکیشی راست نییە). بەڵام بۆ خوێنەرانێک کە دەیانەوێت زیاتر بزانن، دەبێت بە جۆرێکی تر بدوێم. من لە ژیانمدا نە چاوم بە مەسرور بەرزانی کەوتووە و نەدەزانم ڕەنگی چۆنە و نە لە دوور و نە لە نزیک ئەم کەسەم نەبینیوە. وەک هەر یەکێک لە ئێوە مەسرور بەرزانیم تەنیا لە وێنەدا بەرچاوکەوتووە. نەک هەر ئەوە من هیچ کەسێکم لە بنەماڵەی بەرزانی نەدیوە و لە ژیانمدا لەگەڵ هیچ کەسێکی ئەو بنەماڵەیە، دانەنیشتووم. ئەو کەسە ئازیزەی نوسینەکەی داناوە خەیاڵی خستۆتە کار گوایە من دڵشاد بەرزانیم بینیوە و ئەو نەخشەی بۆ داناوم. با من بەو هاوڕێ ئازیزە بڵێم، ئێستا کە من ئەم دێڕانە دەنوسم دڵشاد بەرزانی بێتە بەردەمم ناتوانم بیناسم و بزانم کێیە. تاکە شتێک لەسەر دڵشاد بەرزانی دەیزانم ئەوەیە کە زەلامێک لەم دنیایەدا هەیە ناوی دڵشاد بەرزانییە، ئەوە هەموو زانیاری منە لەسەر ئەو پیاوە، نە خۆیم بینیوە، نە وێنەشی، نەدەزانم ڕەنگی چۆنە و لە چی دەچێت. ئیتر ئەم هاوڕێیە بە چ هوش و بە چ ویژدانێکەوە ئەو درۆیانە دەکات… ئەوەیان نازانم. دوائەوە ئازیزی من، نوسەری بەڕێز کە تۆ ئەوەندە شارەزای کون و کەلەبەری پاراستنی، خۆ عەزیزم دەبێت بزانیت، من قاچاغاچی یۆرانیۆم نیم و بازرگانی چەک نیم تا مەسرور بەرزانی بە دزییەوە لە تەکمدا کۆبێتەوە، گەر مەسرور بەرزانی لەگەڵ مندا دانشێت بۆئەوەیە بە خەڵک بڵێت «ئەها فڵانە نوسەر لەگەڵ ئێمەدایە»، من نەوەک لەگەڵ مەسرور بەرزانی، لەگەڵ ئەندام لقێکیش دانیشم، پێویست بە هیچ جیمس بۆندێکی وەک بەڕێزت ناکات کەشفیبکات، چونکە هەر پارتی خۆی کۆمەڵێک وێنەی جیاوازی دەگرێت و بڵاوی دەکاتەوە.

سەبارەت بە ڕای منیش لەسەر پارتی و لەسەر حیزبە کوردییەکان، من ئەوەندە ئەو قسەیەم دووپاتکردۆتەوە ئیتر تامی نەماوە. من پیاوێکی پۆپۆلیست نیم تا هەموو ڕۆژێک دەسڕێک بگرم بەدەستمەوە و بەخەڵک بڵێم، ئەی جەماوەر بڕوانن من چ کەسێکی بە هەڵوێستم. هەڵوێستی ڕاستەقینەی نوسەر لای من داهێنانە فیکری و ئەدەبییەکەیەتی، نەوەک ئەو دروشمە سیاسیانەی کە بەرزیاندەکاتەوە، هەموو نەفامێک دەتوانێت دروشم و هوتافی بژی و بڕوخێت بەرزبکاتەوە. لەهەر جێگایەک شوێنی خۆی بووبێت و پێویست بوو بێت، من ئەوەم گووتوە، کە چ پارتی و چ هێزە سیاسییەکانی تری کوردستانیش، هێزگەلی تاریکن و سەرچاوەی دیکتاتۆرییەتن و بەرپرسی گەورەن لە داگەڕانی وڵاتدا بۆ ناو زەلکاوی گەندەڵی. چەکی من لەم کایەیەدا تەنیا نوسینە و بەو چەکە هەموو شتێکم کردوە کە لە توانامدا بێت تا کۆمەڵگا بتوانێت ئەمجۆرە هێزانە تێپەڕێنێت. ئەوەی نوسینی منی خوێندبێتەوە دەزانێت من لە مێژە دەستم لەوە شتووە لەم کایە سیاسییەی ئێستای کوردستاندا هێزی پۆزەتیڤ و ئیرادەی گۆڕانکار دروست ببێت. بیست و پێنج ساڵە من دژی ئەم هێزە سیاسیانە دەنوسم، گەر ئەمە بەس نییە هەندێ کەس تێبگەن من چۆن بیردەکەمەوە، ئەوا کێشە لە مندا نییە، بەڵکو لە توانای عەقڵی ئەوانەدایە. من لە مەرگی تاقانەوە تا هەورەکانی دانیال لەسەر کۆمەڵگایەک دەنوسم، کە دروشمی درۆزن و وێرانکار، کە هێزی دڵرەق و مرۆڤ کوژ، ئادەمیزادی قین لە دڵ و هێزی سیاسی تێکشکێنەر بەرهەمدەهێنێت. قسەی من لە فاشیزمی خۆرهەڵاتی هەم پارتی و هەم غەیری پارتیش لە کوردستاندا دەگرێتەوە. هیچ شتێک فیکری من و بۆچوونی من لەگەڵ پارتیدا کۆناکاتەوە. گەر عەقڵییەتی پارتی لە خۆرهەڵات بووبێت عەقڵییەتی من لە خۆرئاوابووە، ڕۆژێک نەبووە هەڵوێست و بیرکردنەوەی سیاسی من لەگەل تێڕوانین و عەقڵییەتی پارتیدا یەکیگرتبێتەوە. بەڵام بیرکردنەوەی من لەگەڵ هیچ هێز و تاقمێکی سیاسی تریشدا تەبانەبووە. من کە ئەم ڕاستییانە دەنوسم، لە هەمان کاتدا دەزانم من کوڕی کۆمەڵگایەکم، هەندێک لە مرۆڤەکانی بۆئەوەی بوغزن و کینە لە دڵ بن، بۆئەوەی بەسەر جوانی و ڕاستیدا بڕشێنەوە، بۆ پڕوپوچترین بەهانە دەگەڕێن. ئەوانە کەسانێکن هیچ کات ناتوانن بەرزببنەوە بۆ ئەوەی فیکری نوسەرێک وەک خۆی بخوێننەوە و تێیبگەن، بۆیە هەمیشە لە دوای دروستکردنی تەپوتۆزی سیاسی و ئەخلاقین تا دەنگی وشەکان و مانای ڕستەکانی تێدا بشێوێنن.

با ئەو کەسانەش باش بزانن ئەوە من نیم بچم بۆ لای سیاسییەکان، وە ئەوە من نیم دەرگای ماڵم لە هیچ سیاسییەک بکەمەوە «لەگەڵ ڕێزمدا بۆ هەموو سیاسییەک وەک ئینسان، وەک بوونەوەرێک کە ژیان و کەسایەتییەکی تریشی هەیە لە دەرەوەی سیاسەت ». من خراپترین نوسەری کوردم لە باشترین سیاسی کورد پێ چاکترە، ڕەنگە هەڵەبم، بەڵام ئەوە قەناعەتی منە. نوسەرێکی خراپ تەنیا تێکستێک وێراندەکات، بەڵام باشترین سیاسی شکۆ و هەیبەتی خۆی لە سەر حیسابی ئازار و خوێنی سەدان کەسی تر دروستدەکات. زۆربەی سیاسییەکانی کوردیش لای من لە م خاڵەدا وەک یەکن، نوسەری ئەو درۆیانەش لای من خۆی نمونەی ڕاستەقینەی سیاسی کوردە بە هەموو توانایەوە لەسەر فریودان و خەڵەتاندن و چەواشەکردن . فیکر و بۆچوونی من شتێک نەبووە هیچ کات لە سیاسەتدا جێگای ببێتەوە. من لەو نوسەرانە نیم کە خۆشحاڵ بم، فیکرم ڕەهەندێکی حیزبی یان پراکتیکی وەربگرێت. غەمی من هیچ کات ئەوە نەبووە چی لە کایەی سیاسیدا ڕوودەدات، غەمی من ئەوە بووە لە بواری عەقڵ و بیرکردنەوە و مەعریفەدا چی ڕوودەدات، ئەوەی من بۆی دەنوسم و بۆی دەدوێم مرۆڤە وەک تاکێکی ئازاد، نەوەک هێزێکی سیاسی یان گروپێک یاخود تاقم و دەستەیەکی ئایدۆلۆژی دیاریکراو.

دوا ئەوە ئەم کەسانەی ئەمجۆرە درۆ و دەلەسانە بڵاودەکەنەوە، ئایا هێندە بێئاگان وادەزانن گەر یەکێک ببێت بە پارتی دەچێت ستوونێک لە ڕۆژنامەی باس وەردەگرێت؟ ئەمە ئاستی خەیاڵ و تێفکرینیانە؟ ئەمە مستەوای تێگەیشتنیانە ؟ ئاخر ستوونێک لە ڕۆژنامەی باس چ ئیمتیازێکە کەس بۆی ببێت بە پارتی. ئازیزم، یەکێک ببێت بە پارتی دەچێت دەبێت بە وەزیر، بە بەڕیوەبەری گشتی، بە سەفیر، بە پەرلەمانتار، بە ڕاوێژکار. لەگەڵ داوای لێبوردندا لەو کەسانە، من کە زۆرجار وەڵام نادەمەوە، لەبەرئەوەیە کە پێکەنینم بەو عەقڵە بەستەزمانەیان دێت، کە لەسەریاندا خەسار بووە.

*******

لە خاڵێکی تردا ئەو نوسەرە ئازیزە نوسیوێتی، کە گوایە دەزگای پاراستن دەیانەوێت کتێبەکانی من بکەن بە کرمانجی و تورکی بۆیە من شل بووم و بووم بە پاراستن. بەڕاستی شتێکی گرنگە. دەزگای پاراستن کە هەموو دەزانین دەزگایەکی پۆلیسی سەرکووتکەرە، لە ناکاو «بە قودرەتی قادر» بواری ئیشی خۆی گواستۆتەوە بۆ کایەی «تەرجەمە» و «نەشر». دیارە موعجیزەیەک لەسەر زەوی ڕوویداوە و ئێمە نەمانزانیوە. خۆزگە وابووایە، سەد بریا دەزگای پاراستن لە بری گرتن و چاودێری ئەم گەنج و ئەو خوێندکار، خەریکی کاری وابووایە. بەڵام بەداخەوە برای ئازیز ئەوە شتێکە نە لەخەونی مندا دێتەدی و نە لە وەهم و درۆی تۆدا. ئەوەی کارەکانی منی وەرگێڕاوە بۆ کرمانجی، گەنجێکی کوردی خۆرئاوایە بە ناوی بەسام مستەفاوە، ئەم کوڕە جگە لە سێ رۆمانی من چەندین کاری دیکەی برایانی وەک کاک عەتای نەهایی و مامۆستا شێرزاد و کاک فەرهاد پیرباڵی کردوە بە کرمانجی. ئەم کوڕە هەموو ئەم کارانە بەرامبەر بە پارەیەکی زۆر کەم و ڕەمزی دەکات. ئەم مرۆڤە نادیارە، ئەم سەربازە ونە، بە تەنیا بووە بە پردێکی گەورە، بە کەناڵێکی هێمن و بێدەنگ لە نێوان ئێمە و باکووردا، لە بری ئەوەی دەستی ماچ بکەین و سەری ڕێزی بۆ دانەوێنین، شوێنی تایبەتی بۆ سازبکەین تا ئیشی زیاتر بکات … کەچی تۆمەتی بۆ دەتاشین. ئاخر هاوڕێی بە ویژدان، ئەوە ڕەنجی بەسام مستەفایە یان ڕەنجی پاراستنە کە کتێبی من کراون بە کرمانجی ؟.

ئەو برادەرە نوسیوێتی کۆمەڵێک کوردی خۆفرۆش لە باکووری کوردستان بەیارمەتی پاراستن ئەم پڕۆژەیە دەبەن بەڕێوە. ئەو کوردە خۆفرۆشەش بنکەی بڵاوکردنەوەی ئاڤێستایە. ئەم بنکەیە یست ساڵە لە ناوەڕاستی ئەستەمبوڵدا، لەسەردەمێکەوە کە لەسەر وشەیەکی کوردی و لەسەر ناوی کورد مرۆڤ دەسووتێنرا. گەمارۆی تورکە فاشیستەکان لەسەر زمانی ئێمە دەشکێنن و کتێبی کوردی چاپدەکەن و بەرگری لە زیندوو ڕاگرتنی زمانی کوردی دەکەن، تا ئێستا سەدان کتێبیان بە کوردی و تورکی چاپکردوە و نەوەیەکیان لە خوێنەر بە زمانی کوردیی دروستکردوە، ئێستا ئەوان خۆفرۆشن و ئەم برادەرەمان کە ڕەنگە تاکە هونەرێک لە ژیانیدا بیزانێت درۆ ڕیزکردن بێت، بۆتە کوردپەروەر و نیشتیمان پەروەرە !!. ئیتر «سەردەمێکی سەیرە گوڵم».

دەبێت بەو هاوڕێ ئازیزەمان بڵێم، بە هەموو ئەوانەش کە دەیانگووت ئەدەبی بەختیار عەلی لە سەرچنار ناچێت بەودیودا. بەڵێ کتێبەکانی من ئەمڕۆ تەنیا پڕ خوێنەرترین کتێبی باشوور نین، بەڵکو پڕ خوێنەرترین کتێبی باکووریشن. ئەمڕۆ هێندەی لە باکوور جەمشید خان و سەوسەن فیکرەت و خەندانی بچکۆلە دەناسن لە باشوور نایانناسن. بەڵام جێگای خۆیەتی پرسیارێک لەو برادەرە ئازیزانە بکەم: گەر پاراستن لە پشت وەرگێڕانە کرمانجی و تورکییەکانی منەوەیە، ئەی کێ لە پشت وەرگێڕانە فارسییەکانەوەیە. ئایا ئەوانیش دەزگای زانیاری یەکێتی و ئیتلاعاتی ئێرانیان لە پشتە؟ ئێستا دواهەمین هەناری دونیا تەنیا لە یەکێک لە وەرگێڕانەکانیدا چاپی حەوتەمی تێپەڕاندوە، واتە ژمارەی چاپەکانی وەرگێڕانە فارسییەکە لە ژمارەی چاپەکانی تێکستە کوردییەکەی زۆرترە. بۆ ئەم مرۆڤە بەستەزمانەی ئەو نوسینە پڕ درۆیەی نوسیوە ( بۆ ئەو کەسانەش کە دڵیان خۆش دەبێت باوەڕ بە جۆرە درۆی وا هەرزان بکەن) دەبێت ڕێک و ڕاست و بە هەموو غرور و ئیفتیخارێکەوە پێیان بڵێم ئەوە بەرزیی و ئاستی بڵند و ئینسانی ئەو ئەدەبیاتەیە کە وایکردوە لە هەموو جێگایەک هەزاران خوێنەر بۆ خۆی دروستبکات. هەموو دەزگا هەواڵگر و موخابەرات و سیخوڕییەکانی دونیا ناتوانن کتێبێکی جوان بکەن بە کتێبێکی خراپ و کتێبێکی خراپ بکەن بە کتێبێکی جوان. گەر کتێبێک خۆی نەچێتە ناو خەیاڵ و هۆشی خەڵکەوە، گەر بە توانای خۆی نەبێت بە بەشێک لە هەست و لە خەیاڵیان، هیچ هێزێکی دونیا ناتوانێت ئەو کارە بکات.

*******

ئەو برادەرە نوسیوێتی گوایە من پێیان گووتووم بچم بۆ مێد تیڤی، نەچووم و گووتوومە گەر پرسیارم لەسەر پکک لێ بکەن ئەوا هەڵدەستم و ڕادەکەم. ئەمە جگە لە درۆی موتڵەق هیچی تر نییە، نە کەس منی داوەت کردوە و نە وەڵامی لەو جۆرەم بە هیچ کەس داوەتەوە. یەکەم من چەندین جار چوومەتە مێد تیڤی و لەوێ هەموو پرسیارێکیشم لێ کراوە و زۆریان لە ئەرشیفی شەخسی خۆم و هاوڕێیاندا پارێزراون. دواتر ئەم برایە نوسیوێتی کە گوایە من گووتوومە، من هاتوچۆی تورکیادەکەم و پرسیاری وام لێ مەکەن. بۆ ئازیزم تۆ وادەزانی ئێستا ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانە خەڵک نەوێرێت بچێت بۆ مێد تی ڤی نەبا بیگرن، من نەوەک ئێستا بەڵکو چوار ساڵ لەوەوبەر، لە ناوەڕاستی دیاربەکردا و لە ستودیۆیەکی ئاشکرادا، دوو ئەڵقە بەرنامەم بۆ میدیاکانی پکەکە لەگەڵ برای شاعیرم کاک ئەحمد حوسەینیدا تۆمارکردوە. بۆ زانیاریشت لەم سەفەرەی دواییمدا بۆ ئامەد، سەردانی هەمان سەنتەرم کردەوە کە برایانی نزیک لە پکک دەیبەن بەڕێوە و هەڤاڵانی بەرپرس لەو سەنتەر هەمان ستۆدیۆیان پیشانداینەوە «واتە ئەو ستۆدیۆیانە تا ئەمڕۆش هەر چالاکن و ئیشدەکەن». کورد ئەمڕۆ لە تورکیا کاندیدی بۆ سەرۆک کۆماریی هەیە، دەیان پەرلەمانتاریی کورد لەوێ لە پەرلەماندان و دەیان شاری گەورە تەواو بە دەست ئیدارەیەکی کوردییەوەیە. بۆ ڕاستی و درۆش گەر ئەم برادەرە سەیری رۆژنامە و میدیاکانی بکردایە دەیزانی من لە ئامەد مەسرور بەرزانیم نەبینیوە، بەڵکو تاکە سیاسییەک بینیبێتم بەڕێز فورات ئانلی بوو کە دانیشتنێکی کورت و دۆستانەمان هەبوو و داوایکرد گەر بتوانم ئەمساڵ لە پێشانگای کتێبی دیاربەکردا ئامادەبم. فورات ئانلی هاوشانی گوڵتەن کشاناک بەڕێوەری شارەوانی دیاربەکرە. من هەتا کاک فوراتم بەسیفەتی سیاسەتمەدار و سیاسی نەبنیوە، بەڵکو وەک کەسێکی دڵسۆز و عاشق بە مەسەلەی کولتوور و ڕۆشنبیریی چاوم پێیکەوتووە. من لە تورکیا جگە لە پانێلێکی تایبەت بە سایکس پیکۆ، داوەتی زانکۆی ماردین و داوەتی وەقفی ئیسماعیل بێشکچی بووم و لە هەر دوو جێگاکە دوو کۆڕم پێشکەشکرد و گفتوگۆی درێژم لەگەڵ خوێنەران کرد و خۆشحاڵانە تێگەیشتم کە بە چ وریایی و خۆشەویستییەکەوە بەرهەمەکانی من دەخوێننەوە. ئێوارەیەکیش داوەتی یەکێتی نوسەرانی کورد بووم لە باکوور. لەو سەفەرەشدا لەگەڵ بنکەی «پەیوەند» کە مامۆستا و نوسەری فرە ئازیز کاک رەمەزان ئالان دەیبات بەڕێوە قسەمان لەسەر پڕۆژەی وەرگێڕانی کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی من بۆ کرمانجی کرد، کە دەبێت لە داهاتویەکی زۆر نزیکدا دەست پێ بکات. ئەوە چالاکییەکانی من بوون لە ئامەد … ئیتر نازانم باسی مەسرور بارزانی و مێد تی ڤی و پکک لە چ فەنتازیایەکی نەخۆشەوە هاتووە.

سەبارەت بە لێدوان بۆ تەرەتە، من چەندین جار داوام لێکراوە بچمە تەرەتە، بەڵام نەچووم. من نزیکی سێ ساڵ و نیوە نەچوومەتە هیچ کەناڵێک تەلەفزیۆنی، دوا چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیم لە کەناڵی ئێن ئار تی بوو لەوە بەدوا نەچوومەتە هیچ بەرنامە و هیچ ستۆدیۆیەک. بەڵام لە کاتی کۆڕێکدا، یان سەروەختی ئیمزاکردنی کتێبەکان، بە مەبەستی ڕووماڵکردنی ئەو چالاکیانە زۆرینەی کەناڵەکان دێن و زۆربەی پەیامنێرەکانیان هاوڕێ و دۆست و برادەرن و داوای لێدوانێکی کورتی دوو دەقیقەیی لەسەر چالاکییەکە دەکەن، من قەت نەبووە دڵی هیچ یەکێکیان بشکێنم، یان لێیان بپرسم ئەرێ برا تۆ بیروبۆچوونی سیاسی خۆت و کەناڵەکەت چییە بۆم ڕوونبکەرەوە ئەوسا من کەرەم دەکەم و لێدوانت بۆ دەدەم، ئەمە نە عەقڵ قەبووڵی دەکات و نە مەنتیق. من ساڵی پار لە پێنج شاری کوردستان کتێبەکانی خۆمم بۆ خوێنەران ئیمزاکرد، لە هەر جێگایەک چووبم چەندین کەناڵ هاتوون و ڕووماڵی چالاکییەکەیان کردوە، من لێدوانم بۆ هەر هەموو ئەو کەناڵانە داوە کە لەوێ بوون، بێئەوەی ڕێگا بە خۆم بدەم لایەنێک بە هۆی بیروڕای سیاسییەوە بایکۆت بکەم. لە ڕۆژانی ڕابوردووشدا لە ئەنکەرە کە هەم کۆڕێکم لەسەر ئەدەبیات و توندڕەویی هەبوو، هەم بۆنەیەکی ئیمزاکردنی کتێب، چەندین کەناڵ هاتبوون بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییەکە، من لێدوانم بۆ هەموویان دا، یەکێکیش لەو کەناڵانە تەرەتە بوو، لێدوانەکەی من بەسەر یەکەوە دەقیقە و نیوێک نابێت، گووتومە کۆڕەکەم باسی توندڕەوی بووە لە مێژووی ئەدەبیاتدا لە هۆمیرۆسەوە بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخ… یەعنی بەڕای ئەو برادەرە ، لە کاتێکدا من خەریکی سەرقاڵی ئیمزاکردنی کتێبم و دەیان خوێنەر لە ڕیزدا وەستاون، دەبوو من هەستم پەیامنێرەکەی تەرەتە بکەمە دەرەوە، ئینجا بگەڕێمەوە بۆ سەر مێزەکەم و خەریکی ئیمزاکردن بم ؟. ئەمە ئەو ڕەوشت و کولتوور و دیموکراسییەتەیە کە باسیدەکەین ؟. کابرا خۆ نەهاتووە داوا لە من بکات جنێو بە ئوجالان بدەم، لە منی پرسیوە کۆڕەکەتان باسی چی بووە و لەسەر چی دواون. ئیتر من چونکە وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە بووم بە خائین؟.

دوا بەشی نوسینەکەم تەرخاندەکەم بۆ باسکردنی ڕۆژنامەی باس و نوسینەکانی من لەو ڕۆژنامەیەدا. ئەوە ماوەیەکی درێژە هەندێک خەڵک ئەمەیان کردوە بە بابەت، هەندێکیان لە دڵسۆزیانەوەیە بۆ من و لە ترس و ڕقیانەوەیە لە پارتی، هەندێکیشیان لەوانەن لە سەر لەوحی مەلەکوتیش بنوسیت هەر بە دڵیان نییە و هەر بۆ بەهانەیەکی پوچ دەگەڕێن بۆ دەربڕینی کینە و ڕقی خۆیان. لێرەدا ئیشی من نییە بەرگری لە ڕۆژنامەی باس بکەم، ئەوەی من لێرەدا دەینوسم کۆمەڵێک بڕوا و سەرەنج و قەناعەتی خۆمە، کە دڵنیام ئەوەی تۆزێک مەنتیق لەسەریدا بێت دەزانێت دەڵێم چی و ئەوەشی بڕیاریدابێت تێنەگات، کاری من نییە کاتی خۆم لەوەدا سەرفبکەم تێیبگەێنم.

یەکەم: من نازانم بۆ دەبێت دەزگای پاراستن ڕۆژنامە دەربکات ؟ ئایا سی ئای ئەی و میتی تورکی و ئیتلاعاتی ئێران و موخابەراتی عێراقی ڕۆژنامە دەردەکەن ؟ ئیشی هەموو دەزگایەکی موخابەراتی لە دونیادا، وە ئیشی دەزگای پاراستن و دەزگای زانیاریی و دەزگا نهێنییەکانی تر لە کوردستان ئەوەیە گەر ڕۆژنامەیەک دەربچێت پیاو و سیخوڕی خۆیان بنێرنە ناو ئەم جێگایانە، هەڵبەت ئەم کارەشیانکردوە و لە هەموو جێگایەک و لە ناو هەموو کەناڵێکی میدیایی و لە تەواوی کون و کەلەبەری کۆمەڵگای ئێمەدا جاسوسی خۆیان چاندوە. من لە ڕۆمانی کەشتیی فریشتەکان بەرگی دووەمدا بەدرێژایی قسەم لە دروستکردن و ستراکتور و نیازی سایکۆلۆژی پشت ئەم جۆرە دەزگایانە کردوە. هیچ نوسەرێکی کوردی تریش نییە وەک من ئەدەبیاتی خۆی بۆ ئاشکراکردنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو دەزگایانە و ئەو مرۆڤانە تەرخانکردبێت کە لەو جۆرە دەزگایانە کاردەکەن، وە جگە لە ئەدەبیاتی من هیچ ئەدەبیاتێکی تر نییە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی باسکردنی پەیوەندی ئەمجۆرە دەزگایانە بێت بە کایەی میدیاوە، وە هیچ نوسەرێکی تریش نییە وەک من دەنگی بڵندی دژ بەمە بەرزکردبێتەوە. بۆیە ئەو کەسانەی ئەمجۆرە موزایەدە هەرزانانە دەکەن، خەڵکانێکن دێڕێکی منیان بە دروستی نەخوێندۆتەوە، نازانن و هەرگیزیش ناتوانن بزانن لە نوسین و ئەدەبیاتی مندا چ باسە. ئەمە نە کێشەی ڕۆژنامەی باسە بە تەنیا و نە کێشەی کەناڵێکی دیاریکراوە، بەڵکو کێشەی هەموو دونیای کورد و هەموو میدیای کوردییە. ستراتیژی پاراستن و دەزگای زانیاریی ئەوە نییە ڕۆژنامە دەربکەن ئەوەیە لە هەموو جێگایەک و سوچێکی کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەبن و پیاوی نهێنی خۆیان بچێنن و دەستی ژێرەوانکێیان خۆیان بخەنەکار .

دووەم: لە هەموو دونیا و مێژووی بەشەرییەتدا نەمدیوە نوسەرێک کە لە ڕۆژنامەیەک بنوسێت، بەرپرس بێت لە سیاسەتی ڕۆژنامەکە. یان بگووترێت لە بەرئەوەی ڕۆژنامەکە ئەمجۆرە بیرکردنەوە سیساسییە زاڵە بەسەریدا، کەواتە نوسەرەکانیشی هەمان سیاسەتیان هەیە، یان بوون بە داردەستی ئەم سیاسەتە. مەگەر مرۆڤ هەموو هۆش و مەنتیقێکی لەدەست دابێت بکرێت وا لە نوسین و نوسەران بنواڕێت. نوسەر لە هەر کوێیەک بێت تەنیا بەرپرسە لە وشەی خۆی، کێ هەیە لەمسەر زەوییە نوسەرێک لەسەر نوسین یان هەڵوێستی کەسێکی تر دادگاییبکات. من لە دەیان ڕۆژنامە و کەناڵدا نوسیومە و چاوپێکەوتنم کردوە، کە هیچیان دوور و نزیک پەیوەندیان بە بیرکردنەوەی سیاسی منەوە نەبووە. نوسەران کۆپی یەکتری نین، هەر کەسێک و بە جۆرێک لە دونیا دەڕوانێت، بەڵام ناکرێت هەر نوسەرێک لە بەرئەوەی بیروبۆچوونی لەوانی تر ناچێت، ڕۆژنامەیەکی تایبەت بۆ خۆی دەربکات و بیکاتە زمانحاڵی خۆی. ڕۆژنامە ڕووبەرێکی کراوەیە، دەیان خەڵک و سەدان قەڵەمی جیاواز جیاواز تیا دەنوسن، کە نەوەک لە یەک ناچن، بەڵکو زۆرجار دوژمن و نەیاری یەکیشن. من بەو برایانە دەڵێم کە دەیانەوێت بە تەپوتۆز دروستکردن و و قیڕە قیڕ شتێک بسەلمێنن کە ناسەلمێنرێت: بۆ من کە لە ڕەهەنددا دەمنوسی وەک برادەرانی ڕەهەند بیرمدەکردەوە تا ئێستا کە لە باس دەنوسم وەک باس بیربکەمەوە ؟. بۆ من کە لە هاوڵاتی دەمنوسی وەک هاوڵاتی بیرمدەکردەوە تا ئێستا وەک باس بیربکەمەوە، بۆ من کە سەردەمێک بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژنامەیەکیان دەردەکرد و من شتم تێدا بڵاودەکردەوە وەک ئەوان بیرم دەکردەوە ؟ بۆ کە لە کوردسات و گەلی کوردستان چاوپێکەوتنم دەکرد داردەستی یەکێتی بووم؟. بۆ نوسەرەکانی ئاوێنە هەموو یەک عەقڵ و یەک سیاسەت و یەک بیرکردنەوە و یەک ئاڕاستەیان هەیە؟ گەر وایە دەبێت ئەوانە ڕۆبۆت بن نەک نوسەر. ئەوانەی لە ڕۆژنامەی باس دەنوسن بەشی هەرە زۆریان نە پارتین و نە داردەستی کەسن، ئەوانەی من لە باسدا بینیومن و نوسیویانە کەسانی وەک مامۆستا شێرزاد حەسەن و کاک ڕێبوار سیوەیلی و مامۆستا رەوف بێگەرد و کاک فازیل جاف و برای وەرگێڕم کاک بەکر شوانی و کاک سیروان ڕەحیم و خانمی بەفراو نوری و کاک عادل باغەوان و کاک ئازاد حەمە و کاک خەڵات عومەر و چەندانی تر بوون، کە هەموویان ناوی ناسراون و هیچ کەسێکیان پارتی نین و داردەستی هیچ کەسیش نین و نوسەری ئازادن و بۆچوونی خۆیان دەنوسن. ئەمانە لە پاڵ چەندەها قەڵەمدا کە سەر بە هێزی سیاسی دوژمن و نەیار بە پارتین، وەک عەلی حەمەساڵح و ئازاد جوندیانی و چەندانی تریش، کە هەموو لە قۆناغی جیاوازدا نوسەری ڕۆژنامەی باس بوون. ئەمە چ عەقڵییەتێکە وابزانیت کە لە ڕۆژنامەیەک شتت نوسی کەواتە کەوتوویتە ژێر کاریگەری ئەو حیزبە یان ئەو هێزەی تەمویلی ڕۆژنامەکە دەکات. ژیژیک کە گەورەترین فەیلەسوفی زیندووە لە ڕۆژنامەی گاردیان دەنوسێت، گاردیان ڕۆژنامەیەکی لیبراڵی میانەڕەوە کە ساڵەهای ساڵ تۆنی بلیر پشتگیری دەکرد، لە کاتێکدا هەموو دەزانین گەورەترین دوژمنی لیبرالییەت لەم سەردەمەدا سلافۆ ژیژیکە، گەر بەم عەقڵیەتە پوچ و بازاڕییە بێت دەبێت بڵێین گاردیان لیبراڵە کەواتە ژیژیکیش هەر لیبراڵە و داردەستی لیبراڵەکان. هەموو دەزانین کە ڕۆژنامەی الحیاة خاوەنەکەی یەکێکە لە ئەمیرەکانی بنەماڵەی ئال سعود و موڵکی خالد بن سلطانە، سیاسەتی ڕەسمی ڕۆژنامەکەش بەرگرییەکی بەرچاوی تێدایە لە سعودیە. گەر وابێت نوسەرەکانی حەیات پیاو و داردەستی سعودیە بن، دەبێت بڵێین نوسەرانی گەورەی وەک «ئەدۆنیس» «سەلیم برکات» «جورج طرابیشی» «جابری» «عەفیف ئەخزەر» «هاشم صالح» و دەیانی تر کە چەندین ساڵە لە حەیات دەیاننوسی، پیاو و داردەستەی ئال سعودن، لە کاتێکدا هەموو دەزانین ئەمانە لوتکەی عەقڵی ڕوناکبیری عەرەبین و گەر ڕۆشناییەک لە دونیای عەرەب و خۆرهەڵاتدا هەبێت ئەمانە نوێنەرایەتی دەکەن. عەرەب بە هەموو دۆخی دژوار و بە هەموو دواکەوتوویی سەپێنراوی سەرسەریان، نەمانبیست ڕۆژێک تانەی وا نابەجێ و قسەی وا پڕوپوچ دوای نوسەرانی خۆیان بخەن. دوائەوە چەندەها ساڵ، نوسەرانی کورد بابەتیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک «هاوکاری» و «ڕۆشنبیر» و «بەیان» و «پاشکۆی عێراق» بڵاودەکردەوە کە هەمووی لە ئۆرگانەکانی دەوڵەتی بەعس دەردەچوون و سەرنوسەرەکانیان پیاوانی دەزگا جاسوسییەکانی دەوڵەت بوون. هیچ نوسەرێکی نەوەی پێشوو نییە لەو ڕۆژنامانەدا نەینوسیبێت، بەم عەقڵییەتە پوچە بێت دەبێت هەموو نوسەرانی نەوەی پێش ئێمە پیاوی موخابەراتی عێراقی بووبن… ئەمە چ عەقڵییەتێکی پوچە کە بە زۆر دەیەوێت ئەم جۆرە ژەهرە بکات بە قوڕگی خەڵکدا، بە خائینکردن و بە پاراستنکردن و ناوزڕاندن بکات بە کولتوورێکی نۆرماڵ.

دوا قسەشم ئەوەیە سەبارەت بەوەی گوایە من مانگی دوو هەزار دۆلار لە باس وەردەگرم، ئەمە لە درۆیەکی گەورە زیاتر نییە. ئەوەش کە بنوسم و نەنوسم پارەم دەدەنێ، من فێرنەبووم لە ژیانمدا پارە بێ بەرامبەر و بێئیش لە هیچ کەس وەربگرم وەکو چۆن دژی ئەوەم نوسەر و هونەرمەندی کورد وەک کۆیلە بژی و مافی هیلاکی و نوسین و ڕەنج و شەونخونی خۆی وەرنەگرێت. وە هەموو کارێکیش دەکەم کە ئیشی نوسەران و هونەرمەندان وەک پیشە بناسرێت و نوسەران و هونەرمەندانی ئێمەش لەوە دەرچن کەسانی دوو پیشەبن، بە شەو نوسەر بن و بە ڕۆژ کرێکار و فەرمانبەر و شۆفێر. ئەوەش تەنیا بە دانانی نرخی ڕاستەقینە دەبێت لەسەر داهێنان و بەرهەمیان. ئەوەی بەدوای پول و پارەوە بێت نوسەریی هەڵ نابژێرێت، بۆ زانیاریی ئەو بەڕێزانەش، نەوەک من بەتەنیا، بەڵکو بڕی ئەو پاداشتەی کە هەموو نوسەرانی کورد لە بەرامبەر نوسیندا لە ڕۆژنامەکان لە ساڵێکدا وەریدەگرن، پێکڕای کۆبکەرەوە ناکاتە پارەی خانوویەک ، کە دزێک یان بازرگانێک یان سیاسییەک لە ماوەی چەند چرکەیەکدا پەیدایدەکات. ئەوەی بە دوای سامان و پارەوە بێت، هەموو کەس دەزانێت کە سامان و پارە لە نوسیندا نییە. من گەر ئەو پارەیە نەبێت کە لە فرۆشی کتێبەکانم وەریدەگرم، هیچ کات پاداشتی ڕۆژنامە بەشی کرێ خانوو و پارەی کارەبا و تەلەفونیشم ناکات. من بەو پارەیە دەژیم کە لە کتێبەکانم و لە ئەندێشە وەریدەگرم هەڵبەت لە پاڵ پاداشتی نوسین و چاوپێکەوتنەکان، بە هەر دووکیشیان تەنیا بەشی ئەوە دەکەن ژیانێکی ئاسایی بژیم، نان بخۆم، پارەی تەئمینی تەندروستی بدەم ، کتێب بکڕم و ساڵی دوو سەفەر بکەم.

لە دواجاردا سوپاسی زۆری ئەو هەموو خوێنەرە دەکەم کە ئەو چەند ڕۆژە بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە، بێئەوەی من بناسن، بێئەوەی من هیچ بڵێم خۆیان بە وریایی و زیرەکی خۆیان زانیویانە کە سەروکاریان لەگەڵ هەندێ درۆ و دەستەیەک درۆزنی بێ کار و بێ بەهرەدایە. دەبێت ئەو هاوڕێیانە بمبورن کە نەیاندەویست من هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەم، ئەم ڕوونکردنەوەیە تەنیا بۆ ئەو خوێنەرە دوودڵانەیە کە هەندێ جار دوبارەکردنەوەی هەندێ درۆ و بێدەنگی من ڕەنگە بیانخاتە گومانەوە، بە تایبەت مەکینەیەکی ناشیرینی درۆکردن و بڵاوکردنەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەوتۆتە گەڕ، کە جار جار ناچارین بچینە شەڕەوە لەگەڵیدا و بێ هیچ ترس و دوودڵییەک دەموچاوە قێزەونەکەی ئاشکرابکەین.

تەواو

کولتور مەگەزین: ئەم بابەتەمان لەئەدمینی نوسەری ئازیزمان (بەختیار عەلی)  پێگەیشتووە.

https://www.facebook.com/Bachtyar.ali2