دالی وه‌ك سور‌یالیه‌كی یاخی - كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان

فەهرەستی کات و یادی خوداکان، کە چیدی یاریمان لەگەڵدا ناکەن


Loading

 

 – داخۆ من چیتر ئەو کەسە نیم؟ دەستێک، ڕەوتێک و ڕوخسارێکی گۆڕاوم هەیە؟ 

ئەی من چیم- هاوڕێیان، بۆ ئێوە من ئەو کەسە نیم؟” …نیتچه‌.

 

سلڤادۆر دالی؛ پێكهاته‌یه‌كی نه‌رمی قه‌ده‌غه‌كراوێكی كوڵاو – پێشبینی شه‌ڕی ناوخۆ – ١٩٣٦

بە هەردوو دەست مەمکێکی خۆی هەڵگرتبوو، بە ڕێگادا دەڕۆیشت.  لێم پرسی ئەو هەموو فریشتەیە چی لێ دەکەیت؟ ئەو هەموو شەیتانە لە چیدا بەکار دەهێنیت؟ خوداکانی هاوڕێمان لەکوێ نیشتنەوە؟

ڕەنگە تۆ یادت نەبێت، بەڵام سەردەمێک ژیان هەبوو، سەردەمێک دەمارەکان پڕ وزەی ژیان بوون … تۆ لە نزماییەوە مەڕوانە، کە ئێستا کەوتوینەتە ڕۆژگارەوە؛ دەبێت لە بنبەستی دۆزەخیشدا پرد هەر گۆرانی بۆ ژیان بڵێت، گۆرانی بۆ ئومێد بڵێت، گۆرانیی مەستیی بچڕێت.

خوداکان لە دەستمدا یەک یەک هەڵوەرین، فریشتەکان شیی بوونەوە، پولەکەی شەیتانەکان هیچ ڕەونەقێکیان نەما؛ ڕاستت پێ بڵێم، من تووشی دەردێکی ترسناک بووم، هەر ڕۆژێک و زمانم جۆرێک بەخۆی نامۆ دەبێت، شەوانەش خۆم وشەکانی خۆی ناناسێتەوە. بە هەردوو دەست مەمکێکی خۆتت هەڵگرتبوو، بە ڕێگادا دەڕۆیشتیت، لە پشتەوە چاوم لێت بوو. شوێن خۆی گەواهی دەدات کە دونیا بە دەورتدا دەسوڕایەوە، شوێن خۆی گەواهی دەدات کە من و مەنزووریش بەدەورتدا دەسووڕاینەوە؛ ئەمە شتێکە پەیوەندی بە سەپێنراوەکانی کاتەوە نییە، دەزانم شوێنیش تەنها لەناو کاتدا پۆلێن دەکرێت، باس دەکرێت؛ دەزانم کە کات خۆیەتی شوێن دەگێڕێتەوە، بەڵام زمانم ماوەیەکە خەریکی شتێکی ترە، بەڵام زمانم ماوەیەکە دەیەوێت کات فەهرەست بکات…

 

 

ئەزەل

 تەمی بەرپێی گیلگامێش،

ئەی ڕوحکێشێک بە هەڵە قولابەکانت لە ڕوحی ئێستا گیر بوون، ئیزرائیلی مێژوو

ئەی سەرەتایەک کە ڕۆیشتیت و دەستپێکەکانت لەجێی خۆت بەجێهێشت

ئەی ئەو بتەی کە لە دیرۆکەوە بەربوویتەوە و بە درێژایی سەدان ئەبەدیەت نەشکایت

کڕێشی بنباڵی فریشتە، تەپوتۆزەکەی شەیتان، مستیلەکەی قامکی خالیق

ئێمە کۆچی خوداکان دەژین،

ئێمە ئەو خوێنەین کە لە برینی خودای هەرە نەمرەوە فیچقەمان کرد

لەکوێ تۆمان لێکەوت؟

 

 

سلڤادۆر دالی؛ زه‌ڕافه‌ی سووتاو ١٩٣٧
Slvador Dali, The Burning Giraffe 1937

بەهار

 دەشتێک باوەشی بۆ ئاسمان کردووەتەوە

خۆرێک گاڵتە بە خوشکە قەیرەکانی دەکات، کە مەغریەبەکانی ئایندەین

گەواڵەکانی هەور بەیازن و شانازیی بە خاڵیبوونی خۆیانەوە دەکەن

لە پڕێتیی ئەوەی شلە: باران ؛

گیایەک حاشا لە هاوتای وشک و زەردی خۆی دەکات

جۆبار کە نەفرەت لە وەستان دەکات، ڕوبار کە نەفرەت لە هەڵنەقوڵان دەکات

جۆبار کە نەوازشی ڕۆیین دەکات، ڕوبار کە ماچی کەف و ماچی گوژم دەکات

گابەردێک ڕەقیی خۆی بە نەرماوی شەبەنگ دەشواتەوە.

ئەو کە لەناو ترپە بۆش و خاڵییەکانی یادەوەریمدا بۆ خۆی دەگەڕێت

من کە لەناو هەرا و جەنجاڵیی هێڵە ئاسنینەکانی داهاتوویدا بۆ شوێن دەگەڕێم

/ماچ ڕوودەدات؛ هەنگوین، کە کەستان تامتان نەکردووە/

چۆن میتاڵی ئێستامان لێ بوو بە تراویلکەی ئەبەدیەت؟

 

 

 

 

سەدە

کلیۆ!

میسۆپۆتامیەکان، میسریەکان، خەڵکەکەی خۆت،

سەکسۆنیەکان، ئەوروپیەکان، سێبەری ئەوروپیەکان

عوسمانی، سەفەوی و عەرەب …

سوریالیزم \ سلڤادۆر دالی؛ فالوس – كاری ئاوی و لیتۆگراف- ١٩٧٢
Phallus Familier by Salvador Dali, 1972. Watercolour, gouache and felt-tip pen on a lithograph

زەقورە، هیرا، هەرەم، کڵێسا و مزگەوت: هەموویانت تاقی کردەوە.

کلیۆ!

ئەم هەموو گالیسکەی جەنگەت لەکوێی ستیانەکەتدا هەڵگرتووە؟

کە جەنگاوەرە مەستەکانت دەبردە ناو جێگەکەتەوە، بۆ ئێمەت یاد نەبوو؟

کە پێغەمبەرەکان سوجدەیان بۆ ئالوشی سەرمەدت دەبرد، بۆ ئێمەت یاد نەبوو؟

کلیۆ!

ئەی ژنێک کە هەرگیز لە ژنێتی خۆی ناگات؛ ئەی ژنێک قەت لە ژنێتیی خۆی تێرنابێت

ئەی ژنێک کە هەرگیز لە پیاوەکانی ناو خۆی تێرنابێت،

بۆ ئێمەت لەیادکرد؟

تۆش هەر لە ئاهەنگی منداڵەکانتدا سەما دەکەیت؛ تۆش دواجار دەبیتە تۆپەڵێک چرچی پیر

خوداکان حاشات لێ دەکەن، وەک چۆن ئێمەیان وەلا نا

وەک چۆن لەم بنکی زوڵمەتەدا ئێمەیان جێهێشت.

 

 

هاوین

 زەوییەک فەزای لەرزۆکی خۆی بەرز دەکاتەوە

بۆ چاوی تێشکنی هەرە گەرم، بۆ سووربوونەوەی خۆر ؛

خۆرێک مۆڕەی ئاگرین لە ئەرزێک دەکات ئەبەد داکوتراو بە لۆیە جێگیرەکانی زەمەنەوە

هەورێک کەللەی پڕە لە عەدەمەکانی ئێستا و کەڵکەڵەکانی بارینی داهاتوو،

شەهوەتەکانی دڵۆپەی سبەی ؛

گیایەک کە تەنها تینووە، زۆر بە سادەیی تینوە و هیچی تر

ئاو کە ڕوحی خۆی بە هەتاودا هەڵدەخات: یان هەڵم

گابەردێک کە پابەندە بە پنتەکانی شوێن و لەنگەرەکانی کاتەوە ؛

لەکوێن خوداکانی هاوڕێمان، خودایانی ڕابوردوو، ئێمە کە هەر مرۆڤەکەی جارانین؟

 

مانگ

 تۆ کە هەم ئاسمانت نیشانە کردووە و هەم ساڵیش لەتدەکەیت

تۆ کە هەم چەشنی ڕەنگ و هەم وەچەی زەمەنیشیت

عەبەسی ئەم ڕۆژە ڕەش و شەوە بێڕەنگانەمان بۆ کوێ دەبەیت؟

لەکوێیە خەزێنە بەرینەکەی پووچییت، خەزێنە مایل بە ناکۆتاکەی تێپەڕینت؟

ئەم هەموو بیرکردنەی ئێمە چۆن دەتوانیت؟

نەفرینی ئێمە لە دابڕان، یادگەی پڕ لە خودای ئێمە، برینی پڕ لە ڕەمەکی ئێمە

ئەم هەموو ئەستەمە چۆن دەگریت؟

 

 

دالی وه‌ك سور‌یالیه‌كی یاخی – كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان

پاییز 

ڕەخشێک بە سەبکی زێڕ نیگای ئاراستەی ڕوخساری بەهەشتە: بڵێم ئاسمان

پژمەی خۆرێک

هەورێک کە تەنیا میزی دێت، میزی دێت و هیچی تر

تابووتی سەوزێک

مەچەکی ڕەسەنترین خێوی چڕبوونەوە: گابەردێک وەک خۆی

زریکەی جۆگەلەیەک لەو هەموو تەرمە هەڵوەریوەی کەنار … من هیچم نییە بۆ گوتن

خوداکان چیدی یارییمان لەگەڵ ناکەن، ئەوان جێیانهێشتین

فڕێدراینە توناوتونی ڕۆتینەوە و

ئەوەی لەدەستمان چوو، لەدەستمان چوو؛ ئەوەیش کە دێت لەدەست دەچێت.

ڕۆژ

 شاسواری هەرە جەسووری خۆر، ئیلاهیترین منداڵی ساڵ

ئەی کاتژمێری وەفاداری حەوتەوانەکەی پەیدابوون،

کشانی ئەستێرەیەکی پیر، دەڕۆیت و ئاوڕت نییە ؛

لە تۆدان لەدەستدانەکان، دڵشکانەکان، بەفیڕۆچوونەکان، فریودانەکان

بۆ کوێ تەمەنی بوخچەکراومان هەڵدەگریت؟

ئەم هەموو ملپێچی مەرگە لە ئاوریشمی ئێمە بۆ کێ دەچنیت؟

 

 

 

زستان

 لەرزی دەشتێک کە بۆ هەڵمترین وەچەی ڕفێندراوی بەستەڵەک دەخلیسکێت: خووسار

خۆرێک کڵاوبۆرگەکەی لێ ونبووە

ڕژانی هەورێک

بەستن کە دروێنەی شەونم دەکات

دۆخی شلیی شەقاو کە بە شەختە دەگەڕێت: ڕوبار

بریسکەی زیپکەکانی زەوی: گابەردێک نەریتی تیشک دەگرێتەبەر …

بەڵام چۆن ئەم فریشتانەی سەر لەپی دەستمان ڕەقبوونەوە؟

ئای بۆ هەلهەلەی شادی، بۆ قاقای ژیان، سەهۆڵی ناو پێکی خوداکان

کە هەزارە دوای هەزارە بەر پێکی ئێمە دەکەوت.

 

 

 

 

دالی؛ مكوڕی بیره‌وه‌یه‌كان ١٩٣١
The Persistence of Memory,
1931

شەو

 گەوهەرەکەی سەر خەنجەری کات، ئەی پێکێک شەرابی ڕەش لەسەر مێزی ئولفەت

زۆرم هەیە گوتن لەسەر تۆ

ئەم هەموو شاعیرەت چۆن خستەوە؟

چییە وا لە برینەکانمان دەکات بەرەو تۆ باڵبگرن؟

تۆ کە زوڵمەتت داهێنا و بۆ خۆتت گێڕایەوە

تۆ کە لەدایکبوونی مەرگ و مەرگی مەرگیشیت

تۆ کە بوونت لێوە پەیدابوو

تۆ کە فەوزا بوویت و خۆتت ڕێکخست، تۆ کە بوویتە شێوە بۆ کایۆس ؛

ئەی دەستێک کە هەموو بوونەوەر دەخاتە بەردەم دژەکەی خۆی

ئەی لەدایکبوونەوەی هەموومان

ئێمە چی دەکەین لەناوتدا؟

 

 

 

 

 

شۆڕش

 کە چارۆکەوانی ژیار جەورێک بگرێتەبەر ڕەقتر لە تاوێری بەر شەپۆلە زەردەکانی هەتاو، کە سنووری نێوان زیندەگی و ژیان ئەستووربێت هێندەی ئەستووریی چیایەک لە تەم، کە ئەم مرۆڤە بووبێتە لغاوی خۆی: تۆ دەبیتە وەحشیترین ڕوودانی زەمەن؛ چرکەساتی تەقینەوەی خەون لە نەستی ئارەزوودا، داڕشتنەوەی هەبوون لە یەکتربڕێکی تاقانەی شوێن و کاتدا …

خورپەی دڵی مێژوو، ئەی مەحاڵی ڕۆشناییەک لە کۆتایی تونێلێکی مەحاڵدا، دەستێکمان بۆ درێژبکە لە ناڕێکیەکانی خۆتەوە، نیشانمان بدە شوێنەواری دەنگ لەم کپیە سامناکەی جیهاندا، شوێنەواری جووڵە لەم وەستانە کوشەندەیەی زەمیندا، شوێنەواری ڕەنگ لەم کوێریە پەرواشەی دونیادا، شوێنپێی خۆت لە شوێنەواری کۆچی خوداکاندا، شوێنپێی ژیان لە شوێنەواری ڕەوی خۆتدا، شوێنپێی خۆت لەم دێڕانەدا کە لە لۆچێکی سڕی زمانەوە دێن: کە ئێمە لێرە دڵشکاو ئازار دەدرێین، کە شۆڕشگێڕیش هەر جەستەیەک ئازارە بە دڵێکی شکاو و مشتێک هەنگاوەوە لە سەریدا.

 

جێنیوەری ٢٠١٩

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.

 

  • تابلۆكان؛ سلڤادۆر دالی.