هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی - ١٥١٣ - مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌ Hieronymus Bosch, The Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

Loading

1

خوێنێكى زۆر لەم چەند ساڵانەى دوایی ڕژابوو، به‌ڵام ئەو ئێوارەیەى دوو چەكدارەكەى دوژمن كەوتنە بۆسەكەى ئێمەوە، لە ڕۆژانى كۆتایی شەڕ نزیك دەبووینەوە، خاك پێویستى بە خوێنی تر نەبوو، بەڵام  دوژمن وەك باڵندەیەكى نەفام خۆى هاتبووە بەر سێرەى تفەنگەكانمان. ئەوان لە نزیك ڕووبارەكەو بێئاگا لەو مەترسییەى دەوریداون بە هەنگاوى دڵنیاوە دەهاتنە پێش و  نەیاندەزانى ئێمە وەك كۆمەڵێ چەتە، لەپشت ئەم تەپۆلكە نزمانەوە بۆیان لە بۆسەداین.

من پێموایە ئەگەر كەمین تاكیكى شەڕیش بێت، بەڵام دەستوەشاندنێكى نامەردانەیە، ئەوەى پەلاماردەدرێت هیچ دەرفەتى بەرگرى و خۆئامادەكردنى نیيە. شەڕ ئەوەیە بەرامبەر یەكترى بوەستین و سەیرى ناوچاوى یەكتر بكەین، نەك غافڵگیر بكرێیت و هەتا فریاى ئەوە نەكەویت چەكەكە لەشانت دابگرى. ئەو ئێوارەیە ئێمە وامان لەو دوو چەكدارە سامگرتییە كرد. فریاى هیچ شتێك نەكەوتن، وەك جووتەكەوێكى نەفرەتى بەداوەوە بووبن، بێهودە پەڕوباڵیان لێكدەداو نەیاندەزانى دەبێ چیبكەن.

كە فەرماندەكەمان بە ئاماژە وتى تەقە بكەن، من گوێڕایەڵ نەبووم، نەك لەبەر ئەوەى مرۆڤكوژ نیم، بەڵكو لەبەر ئەوەى باوەڕم بەم پەلاماردانە نەفرەتییە ترسنۆكانەیە نەبوو. چ شانازییەك لەوەدایە بە شەش كەسەوە دەستڕێژ لە دوو چەكدارى منداڵكار بكەى كە نازانن ئێمە بۆیان لە بۆسەداین.

دواى ئاگربارانەكە، یەكێكیان هەر زۆرخێرا كەوتە ناو ڕووبارە ساردەكەوە، ئەوەیتریان گوللەیەكى

لە ڕانى چەپیداو بە ناڵینێكى غەمگینەوە لە قەراغ ڕووبارەكە بێهودە هەوڵى دەدا هەڵسێتە سەر پێ. كەس دڵنیانەبوو ئاخۆ ئەوەى كەوتە ڕووبارەكەوە پێكرا یان خۆى هەڵداوەتە ناوى. هەر پێنجیان دەیانگووت؛ بە دڵنیاییەوە فیشەكەكەى من پێكاى ئینجا كەوتە ئاوەكەوە…كە لێى نزیكبووینەوە، دیلەكەمان بەدەستێك برینەكەى ڕانی گرتبوو، بەئه‌ویتریشیان لێماندەپاڕایەوە تا نەیكوژین. هەرگیز ئەو نیگا نەفرەتییانەیم بیرناچێت كە لە نیگاى بزنەكێویەكى بێچارەى بریندارى نێو گەمارۆی كۆمەڵێ پڵنگ دەچوو. وەك ئەوەى مەرگ دوژمن بێت نەك زەلیلی، دەپاڕایەوە بۆ ئەم ژیانە نەفرەتییە.

هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The Temptation of St. Anthony (detail, left panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

 

 

 

2

تا گەردنى لە ئاوەكەدا بوو، شەپۆلە بەرزونزمەكانى ڕووبارەكە جارجار دەیدا لە دەموچاوى و تەزوویەكى سارد لەرزێكى دەخستە كۆى بەدەنى. ئەو دەوەن و گیا سەوزو دڕكاویانەى قەراغ ڕووبارەكە كەرەستەیەك بوو بۆ خۆحەشاردان، بەڵام كە سەیرى ڕووشاوى و پەڵە خوێنە تەڕەكانى سەر سنگى دەكرد، هێندەى دى مایەى ئازار بوو…

یەكێك بوو لە ڕۆژە ساردەكانى بەهارێكى زوو، هەوا پڕبوو لە شێ، ڕووبارەكە یەك پارچە بەفرى تواوە بوو كە لە شاخەكانەوە بێ هەدا لە لرفەى خۆى بەردەوام بوو. هەر ماوەیەكى كەم بەرگەى تەزووى دڵڕەقانەى ئاوەكە دەگیرا. لەم كاتەى ساڵدا ڕووبارەكان وا سارد نین، بەڵام لەوەدەچێ بەفر زووتر لەوادەى خۆى دەستیكردبێت بە تووانەوە. هەرچەندە هاژەى ڕووبارەكە یەك ڕیتمى بەرزى گوێئازاردەرە، بەڵام هەر گوێى لە تەقەیەك بوو، دەنگێك كە دڵنیابوو كڵاشینكۆف نییە، مكوڕتر بوو لەسەر ئەوەى كە خۆى بەدەستەوە نەدا، دەیەوێ زیاتر بەرگە بگرێ و نەیەتە دەرەوە.

گوێى لە دەنگیانە، وه‌ها مەزەندە دەكات  كە یەكێك سەرزەنشت یان دەستخۆشانەى لێدەكرێت. بڕواى تەواوى بە گوێیەكانى هەبوو، زۆر دڵنیابوو كە ئەو دەنگەى كەمێك پێش ئێستا گوێى لێبوو هى كڵاشینكۆف نەبوو، دەبێ قەناس یان هەر چەكێكیتر بێ، بەڵام ئەگەر بۆ كوشتنى براكەى بێت بۆ چەكێكى گەورەتر لە كڵاشینكۆف بەكار دەهێنن؟…ئەزموونى لەگەڵ چەكدا فێرى كردبوو كە بزانێ ئەم تاكە فیشەكە مەودایەكى زۆرى بڕیوە، گوللەیەكى تەنها، كە دەكرێ لەو ماوە درێژەدا كەمێك سارد بووبێتەوە، ئینجا ئامانجەكەى پێكابێت… نەخێر براكەى لەبەردەستیانەو وا بەسەریدا هاواردەكەن و هێشتا نەیانكوشتووە. وا مەزەندەدەكات ئەو تەقەیە بەمەبەستى ترساندن و پێڕابواردنى براكەى بووبێت، ئەم دەنگە دەنگە ئومێدێكى پێدەدات كە ئەگەر لە ڕووبارەكە بێتە دەرەوەو خۆى ڕادەست بكات، دەتوانێت برابچووكەى بپارێزێت و خراپترین ئەگەرى چەند ساڵێك زیندانییە. دەشێ خراپترین و ماوەدرێژترین زیندان هەر هێندەى ئەو چەند خولەكەى ناو ئەم بەفراوە پڕ ئازار بێت.

ئەو با-یەى لە شاخەكانەوە دێت، هەڵگرى ساردیی بەفرى لوتكەكانە، ئەوەك ئەوەى هەزاران دەرزى لەیەككاتدا بە پشت و سنگ و ڕووخساریدا ڕۆبچن، هەست بە تەزووى بێڕەحمى هەواكە دەكات. بەدرێژایی یەك هەفتە، هێندەى ئەم چەند خولەكەى ناو ڕووبارەكە میزى نەكردووە. هەست بە شەرمەزارى دەكات و پێى وایە كە لە ترسى مردن ئەم هەموو میزەى كردووە بە خۆیدا، نەك لەبەر سەرما و ئەو تەزووە بەردەوامانەى سەرتاپێى دەگرێتەوە.

هەوڵدەدات بە بیرهێنانەوەى ڕووداوێكى خۆشى رابردوو، سەرماكە لەبیرخۆى بباتەوە. هەموو بیرهێنانەوەیەكى چەند چركەیەك دەخایەنێت و دیسان تەزووە ساردەكان دەستپێدەكەنەوە. بەڵێن بەخۆى دەدات؛ ئەگەر ئەمڕۆ ڕزگاری بێت، هەر ئەمشەو چەكەكەى (ئەوەى هێشتا لەناو ڕووبارەكەیەو لەژێر قاچى هەست بە لوولەكەى دەكات) فڕێبدات، ماڵێك پێكەوەبنێت و لە ئاواییەكەیان بە چاندن و مەڕوماڵاتەوە خەریك بێت. ژیانێكى بێدەنگ بژى و لە باخچەكەدا یارمەتى براكەى بدات. بەڵێنێك كە زۆر پێشتر دەبوو بیدات.

 

 

3

بینیم، تا سەرووى سنگە نەفرەتییەكەى لە ڕووبارەكەدابوو. پڕوشكى ئاوە بەخووڕەكە دەیدا لە ڕووخسارى و بەئەستەم دەیتوانى چاوەكانى بكاتەوە. بەبێئەوەى هیچ قسەیەك بكات و بپاڕێتەوە بۆ گیانى خۆى، بەبێدەنگى تەماشاى دەكردم، شتێك لە نیگایدابوو هەمان پووچى بێمانایی نیگاى چەكدارەكەیترى بیردەهینامەوە و وایلێدەكرم نەتوانم بیكوژم…ماوەیەك ئاوا لە تەماشاكردنى یەكترى بەردەوام بووین، كەسم لێى ئاگادار نەكردەوە، ئەگەر لەدەرەوەبووایەو رووبەڕوو، دەستم لێى نەپاراست، بەڵام وەك مراوییەكى لاوازو بێهێز، لەناو ئەو ڕووبارە نەفرەتییە كە خەریكبوو ڕەق بێتەوە، كوشتنى هیچ شانازییەكى تیا نەبوو. هەر لەوێدا جێمهێشت و بەبێدەنگى بە قەراغى ڕووبارەكەدا چەند هەنگاوێك چوومە خوارترو دەوروخولى ئەونام دەدا، وامدەردەخست كە هێشتا بەدوایدا دەگەڕێم. ئەوە ئەركى من بوو كە دواى سۆراغى ئەو بكەوم و دڵنیاببمەوە لە چارەنووسى. ڕزگاركردنى ژیانى دوژمن خیانەتێكى گەورەیە و سزایەكى قورس پاداشتەكەیەتى. لە هەموو تەمەنما تەنها ئەو چاكە نەفرەتییەم كردووە، ئەویش تەواوى ئەم ژیانەى شێواندم. ئاشكرام نەكرد، بەڵام ئەو دواتر هەموو شتێكى تێكدا، منیش و خۆیشى تووشى چارەنووسێكى خراپ كرد.

ئەوان دوو كەس بوون، ئاگادارى بۆسەى ئێمە نەبوون، زۆر بێباكانە و بەهێواشى لەو گردەى بەرانبەر دەهاتنە خوارەوە، دەیانوست شوێنێك لە ڕووبارەكە بدۆزنەوە بۆ پەڕینەوە. كەمێك لە ئێمە دوور بوون و لەوە دەچوو زیاتر نزیك ببنەوە، شوێنێكى دووریان هەڵبژاردبوو بۆ پەڕینەوە. كە دەسڕێژمان لێكردن یەكێكیان لەوێدا كەوت و ئەویتر كەوتە ناو ڕووبارەكەوە. ئەوكات هەموو دڵنیابوون كە بە دەستى خۆیان پیاوى ناو ڕووبارەكەیان كوشتووە. هەركامیان زاری هەڵدێنا دەیگووت؛ بەرلەوەى بكەوێتە ناو ڕووبارەكە من كوشتم و گوللەكەش بەر فڵانە شوێنى كەوت…هەموو دڵنیابوون كە ئێستا ڕووبارەكە تەرمە نەفرەتییەكەى دەباتەوە بۆ دایكى. ئەوه‌یتریان كە دواتر زانیم برایەتى، گوللەیەك لە نەرمایی ڕانى چەپى جێگاى خۆى كردبووەوە و خوێنێكى زۆرى لەبەر ڕۆشتبوو، كە چووینە سەرى وەك لاسكەگیاى بەر ڕەشەبا دەلەرزى. دەتگووت مەیمون یا باڵندەیەكى دەگمەنە، هەموومان لەسەر سەرى بازنەیەكمان پێك هێنابوو. وەك هیندییە سوورەكان كە بۆ یەكەمینجار سپى پێستێكى نەفرەتى جل لەبەر دەبینن، بەدەوریدا هەڵدەسوڕاین و نەماندەزانى چى لێبكەین. ئەو حەیوانە نەفرەتییە نەیدەزانى سەیرى كاممان بكاو لەكێ بپاڕێتەوە بۆ ڕزگاركردنى ژیانى.

بۆ زیاتر دڵنیابوون منیان كرد بە چاودێر لەسەر ڕووبارەكە، نازانم بۆچى لە ناو هەموویان منیان كرد بە ئێشكگرى ئەو ڕووبارە ساردو بێڕەحمە. فەرمانى كوشتنى بریندارەكەیان پێدابام، بۆ من و پیاوى ناو ڕووبارەكەش زۆر باشتر دەبوو، نەك ببم بە شایەدى ئەو ڕووداوانەى دواى ئەوە ڕوویاندا…

بریندارەكەیان وەك فەردە پەتاتەیەك بەدواى خۆدا ڕاكێشاو جلەكانیان لەبەرى داكەند، بۆ ئەوەى زوو نەمرێ، فەرماندەكەمان فەرمانى كرد برینەكەى بۆ ببەستین. دەترسا، چاوەكانى لە چاوى ئاسكێك دەچوو كە شەش پڵنگ گەمارۆیاندابێ. بایەخى پێنەدرا، كەس لە ئەرك و ناو و پلەكەى نەپرسی. ئەو گەنجە بۆ ئێمە لە دوژمنێكى بێنرخ زیاتر هیچ شتێكیتر نەبوو، هەموو حەزیاندەكرد فەرماندە كوشتنەكەیان پێ بسپێرێ. بۆ سەرسامى هەموومان فەرمانى ئازادكردنى دا

-بڕۆ…

كوڕەى بێچارە لە شوێنى خۆى نەجوڵا، تا جارێكیتر بەسەریدا نەڕاندى و ئەویش بەترسەوە كەوتە جوڵە. وەك ئەوەى حەزنەكا بە ڕووتى بچێتەوە ماڵێ، نیگایەكى جلەكانى كردو لە سیماى هەموومان ڕاماو دواى قەیرێ بە شەلەشەل كەوتە ڕێ. بۆچەند چركەیەك ئاوڕێكى دایەوە و بە نیگایەكى بێماناوە سەیرىكردم، دوایی وەك ئەوەى هەواڵى هاوڕێكەیم لێبپرسێ، نیگاى بۆ لاى ڕووبارەكە گواستەوە. من هیچم لەدەست نەدەهات، نە بۆ ئەو نە بۆئەوەى لە ڕووبارەكەدابوو. تەنها دەمتوانى بێدەنگ بم، ئەمەش بەس بوو تا لایەنى كەم ژیانى یەكێكیان ڕزگار بكەم، هەرچەندە پێموابوو ئەگەر ئێمەش نەیدۆزینەوە، ئەوا ڕووبارەكە بە دڵنیاییەوە دەیكوژێت.

فەرماندە جگەرەیەكى داگیرساندن، بەدەم دانەوەى یەكەمین هەناسەى پڕ لە دوكەڵەوە سەیرى لووتكەى چیاكان و ڕەنگى زەردى هەتاوى ئێوارەى دەكرد لەسەر بەفرەكە، گەنجەكە بە ئاستەم دەیتوانى بە ڕێدا بڕوات، خوێنى  برینەكەى ڕانى لە نێوان پەنجەكانى پێیەوە تێكەڵ بە نەرمەگیا كورتەكان و خوناوی سەر بەردەكان دەبوو.

 

 

4

ئێستا چیتر هەست نە بە قاچەكانى و نە چەكەكەى ژێر پێیەكانى ناكات، ئاوێكى ڕەنگ سوور لە قژى دەتكێ و بەسەر لوت و گۆناكانى دێتە خوارەوە، لەوە دەچێ تا بەرەو ئێوارە تاریكیی بڕوا ئاستى ڕووبارەكەش بەرزتر ببێتەوە. هەوڵدەدات بەردێك بدۆزێتەوەو لەسەرى بوەستێت، دەكەوێت و شڵپەیەكى بچووك و خێرا سەرى دێنێتەوە دەرەوە. هەردوو پێیەكانى لەسەر بەردێك دەگیرسێنەوەو گوێ هەڵدەخا، بەڵام هاژەى ئاوەكە مەحاڵە ڕێبدا گوێى لە شتێكیتر ببێت، سەر دەنێتە سەر قوڕو وردە زیخى قەراغ ئاوەكەو فرمێسكەكانى لەگەڵ وردەشەپۆلەكانى ڕووبارەكە تێكەڵ دەبێت، بێهودە چاوەڕوانى تاریكى دەكات.

بیر لە هاوینێك دەكاتەوە كە نۆ ساڵان بوو، لە ڕۆژێكى گەرمى ئەو هاوینەدا بڕیاریدا بوو ماڵەوە بەجێبهێڵێت و ئیتر نەگەڕێتەوە. بێ ئاو و خواردن ڕێگەى دەشتە فراوانەكەو خۆرە سوتێنەرەكەى گرتبووەبەر. هێندەى پێناچێ هەست بە تینوویەتى و قورسایی هەتاوەكە دەكات لەسەر قۆڵى ڕووت و سەرە بێ كڵاوەكەى، چوارهەنگاویترو دەبوورێتەوە، شوانێكى ناسیاو ئێوارە دەیهێنێتەوە، كە دێتەوە هۆش خۆى ئەوەى دەتوانێ بیری بكەوێتەوە؛ تەنها، تۆپەڵێ گڕ لە ئاسمان و ئاوێك لەسەر ڕووی دەشتە فراوانەكە كە هەرگیز نایگاتێ…بەڵام ئەم ڕووبارە ساردە وادەكات هەموو چركەیەكى هەستى پێبكەىت، نە خەوتن هەیە نە بوورانەوە، ئەوەى هەیە ئاگاییەكى ئازاردەرى بێ كۆتاییە. ناتوانێ مەزەندەى ئەوە بكات، ئاخۆ ئەو بەشەى لەناو ئاوەكەیە زیاتر سڕبووە یان ئەوەى لەدەرەوەیە…ئیتر پەنجەكانیشى ناتوانن چیتر چڵ و لقى ئەو دەوەنە بچووكانە بگرن. بڕیارى كۆتایی دەدات، دێتە دەرەوەو خۆى ڕادەست دەكات…ئەو چەكدارانەى براكەیان پێكاو دەشێ هێشتا لەم ناوە بن، ڕەنگە ڕێگەى بدەن بژى، نیگاى ئاسوودەبەخشى ئەو پیاوەى كە ئەمى لە ڕووبارەكەدا بینى و بەبێدەنگى ڕۆیشت، ئاماژەیە كە هێشتا مرۆڤ لەم سرووشتە، لەم ڕووبارە میهرەبانترە. هەناسەیەك هەڵدەكێشێت و دەست دەكا بە جووڵە، هێشتا بەتەواوى لەنێو ڕووبارەكە نەهاتۆتە دەرەوەو چەكدارەكان دەبینێ، لە ماوەى چوار چركەدا دڵنیا دەبێتەوە كە براكەى لەنێو ئەواندا نیيە.

 

هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The
Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

 

 

5

تا فەرماندە داواى قەناسەكەى نەكرد، هەر بەڕاستى پێم وابوو دیلە تۆقیوەكەى ئازاد كردووە. لەو گردە ڕووتەنەى بەرامبەرمان بە چنگەكڕێ و برینێكى گەورە لە ڕانى چەپیدا سەردەكەوت، خۆئەگەر دەنگەدەنگى ئەوانەى چواردەورم نەبوایە، گومانم نەبوو لەو دوورەوە گوێم لە هەناسەو ئەو جنێو و نەفرەتانە دەبوو كە لەبەرخۆیەوە دەیبڵماندان. وەك كیسەڵێكى پیر بەردەوامبوو لە هەڵگەڕان، هەمووى چەند هەنگاوێكیتر بەردەوامبووایەو لەو گردە ئاودیو ببووایە، دەكرا ئێستا لە ژیاندا بمێنێت،  ئیدی لەپشتى ئەو گردەوە ئیدى لە چاوان ون دەبوو، بۆ ئێمەش مەترسی بوو، دەكرا لەوێوە دوژمن بمانبینێ و تەقەمان لێبكەن یان بۆسەیەك لەودیوەوە لە دامێنى گردەكەدا هەبێت. دەستەكانمم دەگووشى و لەبەر خۆمەوە لە ئاسمانەكان دەپاڕامەوە تا ئەو گردە نەفرەتییە ببڕێ و ڕزگارى ببێت، بەڵام فەرماندە زۆر لەسەرخۆ دواهەمین مژى لە جگەرەكەیداو بە ژێرى كالە ئەدیداسە زەردەكەى كوژاندییەوە. زۆر بە ئارامى وەك ئەوەى لە ڕاوى بزنەكێوی بێت، لەسەر سك و گیا شێدارەكە خۆى بڵاوكردەوە، كیسەڵە پیرە زامدارەكەى خستە ناو دووربینە رووسییەكەى سەر قەنناسەكەوە. دەمزانى كەمجار هەیە فەرماندە نیشانەكەى نەپێكێ، تا ئێستاش نەمبینیووە هیچ كەس وەك ئەم دێوە نەفرەتییە ئامانج بپێكێت، بەڵام لەدڵەوە خۆزگەم دەخواست دەستى بلەرزێ و خەیاڵى پەرت بێت. بەدەنگێكى كەمێك بەرز قسەمدەكرد و دەمویست سەرنجى پەرتبكەم، دەمویست نوكتەیەك بگێڕمەوەو پێبكەنێ، لەگەڵ لەرزى پێكەنین گوللەكان بەملاوئەولاى نێچیرەكەى بكەون و ئەویش لەترسی مەرگ هەنگاو هەڵێنێ و ئەو گردە نزمە ببڕێ، یان بەگاڵتەوە بڵێم؛ ئەرێ وەڵا ئەوەتا مراوییە كێوییەكە لە ڕووبارەكە هاتە دەرەوە، بەڵام ئەوكات هەموو دەیانزانى لەهەوڵى ڕزگاركردنى ژیانى دوژمندام، ڕه‌نگه‌ ئەوكاتیش هەر ئەو چارەنووسەم هەبووايه‌ كە ئێستا هەمە.

سوودى نەبوو، زرمەیەك لێرەو قەوانى فیشەكەكە كەوتە بەر پێم، لەوبەریشەوە پیاوە ڕووتەكە وەك كۆتەرە دارێكى وشك بەگردە ڕووتەنەكەدا خلۆر دەبووەوە، خوێنى تێكەڵى ئەو وردە بەرد و زیخانە دەبوو كە لەگەڵ خلۆربوونەوەیدا لە شوێنى خۆیان دەترازان. چاوەكانم داخستن و دواهەمین چركەكانى تلدانەكانیم نەبینى، لەشەرم و ترسی سزا نەبووایە بەگریانەوە دەچووم گۆڕێكم هەڵدەكەندو بە رێزەوە دەمناشت. وامەزانن من لە پیاوە دڵنەرم و گرینۆكەكان و چاكەكارەكان بووم، نا، منیش دوژمنم كوشتووە و بەزەییم نەبووە، بەڵام بەم شێوە دڕندانەیە نا. من دوژمنەكەمم لە شەڕدا كوشتووە، ئەو دەمەى ئەویش چەكى پێیەو دەیەوێ من بكوژێ، نەك وەك ئەو مەیمونە ڕووتە بریندارەى سەر ئەو گردە.

دواى ئەوەى چیتر لەدامێنى گردەكەدا نەماندەتوانى لاشەكەى ببینین، چەند چركەیەك بێدەنگییەكى ئەوناوەى گرتەوە…دوایی یەك یەك دەستخۆشیان لە فەرماندە دەكرد. ئەویش لەژێر ڕیش و سمیڵە پڕە ڕەشەكەیەوە خەندەیەكى دەكردو هیچى نەدەگووت. هەموو شتێك تا ئەوكاتە باش بوو، دوژمن چیتر لەم ناوە نەمابوو، دانەیەكیان ئەوەتا لاشەكەى بە ڕووتى لە دامێنى ئەو گردە و چەند ڕۆژێكیتر وەك كەڵاكى سەگ، بۆگەنەكەى هەواى ئەم ناوچەیە پڕدەكات، ئەویتریشیان بە مردوویی كەوتە ڕووبارەكەو ئێستا گابەردەكانى ناو ڕووبارەكە كەللەیان كردووە بە هەویر. بڕیاڕ بوو بەمزووانە ئەمناوە چۆڵكەین و بگەڕێینەوە ڕەبایەكانمان، بەڵام لەوە دەچوو شانۆگەرییەكە هێشتا تەواو نەبووبێت و پەردەیی كۆتایی مابێت. لەودەمەى دەمانوویست بڕۆین و وابزانم چەند هانگاوێكیشمان هەڵێنا، چەكدارێك ئاوڕێكى دایەوە تا بزانێ هیچ شتێك جێنەماوە، ڕێك لەو كاتەدا پیاوە نەفرەتییەكەى ناو ڕووبارەكە هاتە دەرەوەو هەموو شتێكى تێكدا.

 

 

 

6

چیتر بەرگەى ساردیی ئاوەكە ناگرێ و دێتە دەرەوە، بە زەحمەتێكى زۆرەوە پەنجە لە بەردەكانى قەراغ ڕووبارەكە گیردەكا و چەند هەناسەیەك لەسەر پشت ڕادەكشێ، سەیرى ئاسمان دەكاو هەورەسپییەكانیش بە بەفرى شاخەكان تێدەگات. هەڵدەستێتە سەر پێ و ئاو لە جلە كوردییە خاكییەكانى دەتكێ، پێیەكانى لەناو ئەدیداسە كۆنەكانى شڵپەى دێت. دەستەكانى بە نیشانەى خۆبەدەستەوەدان بەرزدەكاتەوەو بەرەوڕووى چەكدارەكان دەڕوات. چاودەگێڕێ و براكەى لە هیچ شوێنێك دیارنییە، بەڵام لەدوورەوە ئەو پیاوە دەناسێتەوە كە ئەمى لە ڕووبارەكەدا بینى، وەك ئەوەى پێی بڵێت؛ بۆ هاتیتە دەرەوە دەست و قاچەكانى بە نیگەرانییەوە دەجوڵێنێ و سەر بادەدا.

هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The
Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

هێشتا هەنگاوى چوارەمى بەرەو ڕووى ئەوان هەڵنەهێناوە كە گوللەى یەكەم ناولەپى بە هەواوە گڕدەدات، ئازارێك لە ناوەوە دەستپێدەكاو وردەوردە گەورەدەبێ، یەك چركەیتر و دووەم گوللە، یەك دوو پەنجە خوار دڵى دەگرێ، كونێكى بچووك لەنێو دوو پەراسوودا دەكاتەوە، گۆشتى سنگى دێتەوە یەك و سەرەتا هەرهێندەى رێچكەیەكى باریكى خوێنى لێبێتە دەرەوە دەمێنێتەوە، بەڵام لە پشتیدا برینێك گەورەتر لە دەمى پیاڵەیەك، بە ئاراستەى ڕووبارەكە دەكرێتەوە…بۆ ساتێك هەموو شتێك بێدەنگ دەبێ، نە دەنگەدەنگى پیاوەكان نە باڵلێكدانى مەلەكان، ڕووبارەكەش لە هاژە كەوتووە، لەوە دەچێ دڵخۆشبێ كە ئیدى لە ڕووبارەكە ڕزگارى بووە، دواهەمین بزە دەیگرێ و دەكەوێتە سەرئەژنۆ، دەست بۆ برینەكە  سنگى دەبا، ئێستا خوێن بە لوزەو لە كونەكانەوە دێتە دەرەوە…باخەكەى خۆیانى دێتەبەرچاو كە لەگەڵ براكەیدا دارەكان ئاودەدەن و هەنارەكان دەڕنن، ئەكاتەى نۆ ساڵان بوو لە ماڵەوە ڕایكرد و لە دەشتەكە لەبەر گەرما بوورایەوە، ئەوكاتەى بۆیەكەمینجار لە ژیانیدا كچێكى ماچكرد، یەكەمین و دواهەمین ماچ لە ژیانیدا…

لەماوەیەكى كەمدا لەرزى سەرما و ترس نامینێ و لەشى گەرم دادێت، بە چاوانێكى تەواو كراوەوە سەیرى پیاوەكان دەكات، وەك ئەوەى بەدواى شتێكدا بگەڕێت نیگاى جێگیر نییە. بەلاى ڕاستدا دەكەوێتە سەر زەویە بەردەڵانەكە. بۆ چەند ساتێك گەرمییەك جێگەى تەزووە ساردەكە دەگرێتەوە، هەموو ئەوەى هەستى پێدەكات تەنها ئازارە، نە ساردیى و گەرمیی، نە تەڕیی و وشكى، نە براو دوژمن، نە ڕووبارو سەوزەگیا كورتەكە، نە ماچ و نە باخى هەنار، ئەوەى هەیە ئازاریكى بێكۆتاییە، دواى قەیرێ ناڵینێكى غەمگین تێكەڵ بە هاژەى ڕووبارەكە دەبێت. ناڵێنێك لەوەناچێ زۆر درێژە بكێشێ. بەبێئەوەى بگەڕێنەوە سەرى و لە مردنى دڵنیا ببنەوە، چەكدارەكان دەڕۆن، دواى دوو خولەك نە ناڵەى مرۆڤ، نە هاژەى ڕووبارەكە ناگاتە گوێیەكانیان.

 

 

 

 

7

هەمووشتێك باش بوو تا ئەو لە ڕووبارەكە نەهاتبووە دەرەوە، كەمێك پتر بەرگەى بگرتایە، نە ئەو بەو چارەنووسە دەگەیشت نە منیش بەم ڕۆژە نەفرەتییە دەگەیشتم، ئەو كارەى من كردبووم خیانەتێكى گەورەبوو، حەشاردان و پاراستنى دوژمن لێخۆشبوونى نیيە. هەر لەوێ چەكیانكردم، هاوڕێكانم دەستەكانمیان لە پشتمەوە شەتەكدان و بەدواى خۆیاندا ڕایانكێشام. لاشەى دوو چەكدارى دوژمن كە دواتر زانیم برابوون لەو چۆڵەوانیە بۆ سیسارك و باڵندە گۆشتخۆرەكان جێمان. نازانم لەكوێ نێژران و خەڵكى كوێ بوون و ناویان چی بوو، ئەگەر سۆراغێكم هەبوایە دەچوومە سەرگۆڕەكەى و هەقى خۆم لێوەردەگرتەوە، پێمدەگووت؛  ئاخر جەناب تۆ بۆچى لەوكاتە ناكاتەدا هاتیتە دەرەوە؟ نەدەكرا كەمێك زیاتر بەرگەى ڕووبارە نەفرەتییەكە بگری؟ بۆ خۆت و منیشت بەم ڕۆژە گەیاند؟

سزاكەم تاڕادەیەك سووك بوو، مانەوەى ڕۆژانە پێنج كاتژمێر لەناو لوولەیەكى پڕ لە سەهۆڵاو كە تا سنگمى داپۆشى بوو. نازانم چەندى خایەند ئەم سزایە، بەڵام كە بەفرى ئەم نزیكانە توایەوە، هاوڕێكانم دەچوونە كوێستانەكان و بەفرى لووتكەى شاخەكانیان دێنا، دەرفەتم نەبوو بیر لە پیاوى ناو ڕووبارەكە بكەمەوە، چارەنووسى خۆمم بەلاوە خراپتر بوو لە هى ئەو…كە سزاكەم تەواو بوو ئیدى من بە ماناى وشەكە پیاو نەمابووم، پیاو یەكجار دەمرێت و لەم دۆزەخە دەچێتە دەرەوە، بەڵام من ئێستا لەم سەردەمى جینزو فانیلە تەسكانەدا، لەناو ئەم هەموو ژنەى ناو ماشێن و تەلەفزیۆن و پاڕكەكان، ناو مۆڵ و سەر شۆستەكان، بەخۆیان و یەك دونیا جوانى و نازەوە دەردەكەون، كە منیش (خاوەن بچووكێكى مردووم) و  هەموو ڕۆژێك دەمرم. ئەوكاتانەى كورسییە چەرخدارەكەم بەدەست پاڵندەنێم و بۆ پیاسەیەك دەچمە دەرەوەو ژنێك بەم هەموو بەرامە ئیمانبەرەدا بەلامدا ڕەتدەبێت، هەزار نەفرەت بۆ پیاوى ناو ڕووبارەكە دەنێرم. نەخێر هەرگیز خۆزگە بەهاوڕێكانم ناخوازم، نە ئیرەیی بە ڤێلا و ماشێن و پێگە گرنگەكانیان دەبەم نە بە پارەو سامان و سەفەرەكانیان. ئەوەى خۆزگەى پێدەخوازم دوو قاچى سەلیم و كێرێكی بەكارەیە.

ئێستا بوومەتە مەزەى شەوانیان، لە باخەكانى دەرەوەى شار هەر جارەى یەكێكیان خوانەكە ڕێكدەخات، وەستایەكى خەڵكى سوریاى ئاوارەى حەلەب بۆ شەوێك بەكرێ دەگرن و هەموو ئیشەكان دەكات، بەبێ ئەوەى قوونیان بجوڵێن تەشریب و نیرگەلە و مەزەكان لەسەر مێزەكە لەچاوداخستنێكدا ئامادە دەبێت. پێكەكان زۆرجار ژنێكى نیپاڵى یان فلیپینى ئامادەیان دەكات. كە مەستیش دەبن هەموویان سەردەكەنە سەرم، یەكێكیان بە پەنجە سەهۆڵى ناو پەرداخەكەى دەسوڕێنێ و دەڵێت؛ جەماعەت ئەو پەنجەیەم لەكێ دەچێ لەناو ئەم سەهۆڵاوە؟ هەموو ڕوودەكەنە من و قاقا هیسترییەكانیان ژوورەكە پڕدەكات. لەوكاتانەدا زیاتر ڕقم لەو پیاوە نەفرەتیەى ناو ڕووبارەكە دەبێتەوە.

من ئیدى بەرگەى ئەم ئازارە ناگرم، ئازارى ئەوەى كە ئیتر ناتوانم وەك پیاوێكى ڕاستەقینە ژنێك لە باوەش بگرم. وا مەزانن من بۆ ئەو دوو برایە بەداخم، نا ئەوان هیچ ئازارو پەشیمانییەكان بۆ جێنەهێشتووم. ئێستاش زیندوو ببنەوەو لەشەڕدا ڕووبەڕووى يه‌كتر ببينه‌وه‌ دەمەوێ بیانكوژم. ئەوان لەو كاتەدا دوژمن بوون و دوژمنیش دەبێ بكوژرێت. ئەوەى من بەرەو پووكانەوە دەبا لە دەستچوونى پیاوەتییەكە كە بیست ساڵ پێش ئێستا خاوەنى بووم. پیاوەتییەك بە هۆی پاراستنى دوژمنێكەوە كە تا گەردنى لە ڕووبارێكى نەفرەتیی دابوو لەدەستمدا.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

تابلۆكان ؛ هیرۆنیمۆنی بوش؛ نیگاركێسی هۆڵه‌ندی ١٤٥٠ له‌دایكبووه‌ و له‌ نۆی ئاوگۆستی ١٥١٦ كۆچی دوایی كردووه‌. 

– Hieronymus Bosch Dutch  born Jheronimus van Aken 1450 – 9 August 1516

-Hieronymus Bosch, The Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.