دیداره مه‌زنه‌که‌ی بووكێ
ئاڤان عومه‌ر
بووكێ قسه‌كانی پێ بڕی و به توڕه‌ییه‌وه هاواریكرد “ تكایه بوه سته با قسه بكه‌م با ڤایرۆسه‌كان به ده‌نگم نه‌وێرن، من ئه‌زانم بۆ وات گووت ، چونكه دڵنیا نه‌بووی له‌وه‌ی كه من بتوانم ئه‌م ده‌نگه هه‌ڵبڕم، ئه‌زانم كه ئه‌م ده‌نگه بۆ تۆ زۆر نامۆیه، ژنێك باسی جه‌سته‌ی خۆی بكات به ده‌نگی به‌رز!“
زاوا سورهه‌ڵگه‌ڕاو ده‌نگی گۆڕا، به شڵهژاویهكهوه گووتی “من زۆرم پێخۆشه گوێم لێ بێت به‌س ویستم بێزارت نه‌كه‌م خۆت ده‌زانی ئه‌مشه‌و بۆ ئێمه تایبه‌ته هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه وام گووت“ بوكێ به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك كه شه‌رم و ڕق و توڕه‌یی و ترس و زۆر شتی تریشی له خۆ گرتبوو، به پێوه له‌به‌رده‌م زاوادا ڕاوه‌ستا وده‌سته‌كانی كه ده‌له‌رزین له سه‌رشانی كاكی زاوا دانا، چاوی بڕیه ناو چاوی و به‌هێمنی پێی گووت “به‌ڵێ ئه‌مشه‌و بۆ ئێمه تایبه‌ته! بۆ من زۆر زۆر تایبه‌ته… ده‌زانی چیرۆكی ئه‌مشه‌و له خه‌یاڵمدا به‌و شێوه‌یه دانه‌ڕێژرابوو كه به‌م باسه ده‌ست پێ بكات. ڕاستیت پێ بڵێم سه‌ره‌تا به داكه‌ندنی پانتۆڵه‌كه‌ت به خێرایی و ده‌ستكردن به باسه‌كه‌ت به‌وشێوه‌یه بێزارت كردم. تۆ نازانی كێر لار بێت، ڕێك بێت بۆ من وه‌ك یه‌ك بوو، به‌ڵام وا هه‌ستده‌كه‌م ئه‌وه گرێیه‌ك بوو له ناخی خۆت دا یا له‌وانه‌شه ترسێك بێت له‌وه‌ی من به دڵم نه‌بێت بۆیه به‌وه ده‌ستت پێكرد…“
زاوا ویستی قسه بكات به‌ڵام بووكێ نه‌یهێشت هیچ بڵیت، ده‌ستی له‌سه‌ر شانه‌كانی داگرت و به‌ره‌و لای ئاوێنه‌كه ڕۆشیت و پێی گووت “تكایه قسه‌كانم پێ مه‌بڕه، خۆ ده‌زانم كه گێڕانه‌وه وئه‌م باسانه بۆ تۆش ئاسان نییه، ئه‌وه‌تا ده‌بینم كه چه‌ند شپرزه‌و شه‌رمنی ،هه‌ر بۆیه له‌سه‌ر ده‌نگی من ڤایرۆسهكانت كرده بیانوو له دوا دێڕدا… هه‌رچه‌نده شه‌وه‌كه‌مان وه‌ك خه‌یاڵه‌كانی من و ئه‌و باسانه نه‌بوون كه هاوڕێكانم بۆیان باس كردبووم و له شه‌وی بوكێنی خۆیاندا به‌سه‌ریاندا هاتبوو، به‌ڵام د‌رك به گرنگی گێڕانه‌وه‌كه ده‌كه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا لام نامۆ و ناخۆش بوو به‌ڵام به په‌رۆشیه‌وه گوێم بۆ گرتیت وچێژم بینی به به‌ركه‌وتنم له‌گه‌ڵ ڕابوردووت دا . هه‌مووان بیره‌وه‌ری په‌نگ خواردووی زۆرمان هه‌یه، كه ته‌نها لێره‌و له‌وێ تۆزه تۆزه باسی ده‌كه‌ین یا هه‌رگیز ناوێرین و نامانه‌وێت كه‌س پێی بزانێت چیمان گوزهشتووه. سه‌یره ئێره‌و ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ تۆدا جێی ئهوباسانه بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا به باشترین و گونجاوترین كات و شوێن ده‌رده‌كه‌وێت…“
زاوا هه‌ر به بێده‌نگی له لێواری ته‌خته خهوهكهیاندا به كراسێكی شینه‌وه كه یه‌ك دوو قۆپچه‌ی كرابویه‌وه به گه‌ڵ و گوونی ڕووتی دانیشتبوو، ته‌نها چاوی بڕیبووه بووكێ كه به جله سپیهكانیهوه ئاوێزانی ژووره‌كه بوو. ڕه‌نگی ژووره‌كه بێجی بوو، قاوه‌ی بوو. گڵۆپ و سوورهیاكان له هه‌موو لایه‌كه‌وه داگیرسابوون. ته‌نانه‌ت بوك و زاوا له چاوی یهكیشدا ههرئهوانهیان ده‌بینی. سه‌رمێزه‌كه پڕبوو له میوه‌ی جۆراو جۆر و خواردنه‌وه، نیوه‌ی جله داكهنراوهكانی بوك و زاوا لهملاولایانهوه كه‌وتبوون و ئه‌وناوه‌یان شپرزه كردبوو.
بووكێ له ناوه‌ڕاستی ژووره‌كه‌دا ماوه‌یه‌ك به بێده‌نگی به كراسه سپی یه شۆڕهكهیهوه خشه‌خش به‌شانی داچهكاوهوه به‌سه‌ر فه‌رشه‌كه‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی بیربكاته‌وه ده‌هات و ده‌چوو. نیوه‌ی زنجیری كراسی بوكێنێكهی كرابویهوهو هێشتا كراسه‌كه‌ی لهبهردامابوو، زوو زوو لایه‌كی سه‌ر شانی كراسه‌كه‌ی ده‌هاته خواره‌وه‌و چاكی ده‌كرد و ده‌یخسته‌وه سه‌ر شانی. ئه‌و هێشتا به ته‌واوی ماكیاجه‌كه‌ی لێ نه‌كردبویه‌وه، ته‌وقه ڕه‌قه‌كان به قژیه‌وه مابوون و له هه‌ندێك شوێندا تیژولار ببونه‌وه و نهكهوتبوون.
پاش ماوه‌یه‌ك هاتوچۆكردن به‌بێده‌نگی، بووكێ له‌سه‌ر كورسیه‌ك دانیشت قاچی خسته سه‌رقاچ و سێوێكی گرت به‌ده‌ستیه‌وه و به‌ده‌م گازگرتن له سێوه‌كه وه سه‌یری زاوای كرد‌و گووتی “به‌ڕاستی نازانم له کوێوه ده‌ست پێ بکه‌م؟ وه‌ك تۆ له مناڵیه‌وه؟ سه‌یركه بۆ من قوزم كێشه‌یه‌كی گه‌وره بوو، بیرم نایه‌ت که‌ی و له‌که‌یه‌وه من ده‌بێت ئاگاداری ناوگه‌ڵم بم، باز هه‌ڵنه‌ده‌م، باش دابنیشم، ئاگاداری شتی ڕه‌ق بم، ته‌نانه‌ت خواردن و شتی ترش نه‌خۆم نه‌ك په‌رده‌ی كچێنیم جیڕ ببێته‌وه یاخود خوێنه‌كه‌ی ڕوون ببێته‌وه و زۆرشتی تریش. ئێ خۆ من له شاریشدا له دایك بووم و گه‌وره بووم. تۆ بیر بكه‌ره‌وه كه جه‌سته‌ی بچوكی مناڵێك ئه‌م هه‌موو ترس و دڵه‌ڕاوكێ و ئه‌ركه‌ی هه‌بێت ته‌نانه‌ت سه‌ما و جوڵه و یاریه‌كانیشی به ترس و دوودڵیه‌وه بكات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه شتێك نیه پشت گوێی بخه‌یت و بیرت بچێت یا له سه‌ری ڕابێیت. له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌به‌رده‌وامی ده‌نگێك له په‌نا گوێتایه و بیرت ده‌خاته‌وه، ده‌نگی خێزانه‌كه‌ت، مه‌لا، ده‌رودراوسێ و ناسیاو، هاوڕێكانت كوره له مه‌كته‌ب مامۆستا …. هه‌مووی له‌گه‌ڵت ده‌ڵێت، ئه‌م بیری بچێ ئه‌وی تر بیری ناچێ، به‌به‌رده‌وامی له دڵهڕاوكیدا ده‌تهێڵنه‌وه ناهێڵن هه‌رگیز بیرت بچێت…“
نیوه‌ی سێوه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه مابوو فرێی دایه سه‌ر قاپێك و هه‌ستایه سه‌رپێ و به هه‌ناسه هه‌ڵكێشانه به هه‌نگاوی بچوك و هێواش به‌ره‌و ڕووی زاوا ڕۆشت و گووتی “گوێی نه‌ده‌مێ و بیرم بچێت؟ بیرچوونی چی خۆ ئێمه هه‌موو ڕۆژێك هه‌واڵی مردن و كوشتنی ژنێكمان ده‌بیست و ده‌بیستیین كه له‌سه‌ر شه‌ره‌ف كوژراوه. بۆیهترساو تۆقاو به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌بوایه ئاگامان له قوزمان یا له شه‌ره‌فمان بوایه،( به پێكه‌نینێكه‌وه ) خێزان و كۆمه‌ڵگه و ئاین و نهتهوهكهشم قوزی من به موڵكی خۆیان ده‌زانن ئه‌ی چۆن!“
پاشان بووكێ له‌سه‌ر جێگه‌كه پاڵیدایه‌وه وهه‌ردوو ده‌ستی كرده‌وه و بێ ده‌نگ مایه‌وه. زاوا كه هێشتا قاچه‌كانی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه بوو، له‌سه‌ر جێگه‌كه ئه‌ویش به دانیشتنه‌وه پاڵی دایه‌وه و ده‌ستێكی خسته سه‌ر سكی بوكێ، هه‌ردووكیان به بێده‌نگی بۆ ماوه‌یه‌ك له بنمیچی ژووره‌كه‌یان ڕووانی. پاش كه‌مێك زاوا گووتی “هه‌رچه‌نده ئه‌ستێره زۆر له‌گه‌ڵ هۆنراوه‌و و ڕۆمانسیه‌ت و شتی وادا هاتووه و ئێستا من مه‌به‌ستم ئه‌وانه نییه به‌ڵام حه‌زم ده‌كرد له جیاتی ئه‌م بنمیچه گه‌چ وچیمهنتۆیه له سه‌ربانێك بووینایه‌و به‌ده‌م باسه‌كه‌مانه‌وه له ئه‌ستێره‌مان بڕوانیایه، بوك و زاوای جاران زۆربه‌یان ئه‌و به‌خته‌یان هه‌بووه“
بوكێ خۆی خسته سه‌رلا ڕووه‌و زاوا و پێی گووت “ڕاسته زۆر خۆش ده‌بوو، من ده‌مێكه له‌سه‌ربان نه‌خه‌وتووم زۆریشم حه‌ز لێیه‌تی، خۆش ده‌بوو گه‌ر ئه‌مشه‌و لهسهربانێك بوینایه بێ ده‌رپێ! ده‌زانی من حه‌زم له ده‌رپێ كورت نه‌بوو به تایبه‌ت له هاوین دا زۆربه‌ی كات له پێم نه‌ده‌كرد“
زاوا سه‌ری هه‌ڵبڕی و سه‌یرێكی كرد وبهسهرسوڕمانێكهوه گووتی “ئه‌ی نه‌ده‌ترسای؟“
بووكێ ده‌ستێكی هێنا به ده‌م و چاویدا و پێی گووت “خه‌مت نه‌بێت باش فێر ببوم ده‌متوانی بیشارمه‌وه ونهیهڵم هیچی لێبێت و كه‌س بیبینێت. دیسان پاڵی دایه‌وه و چاوی بڕی یه‌وه بنمیچه‌كه“ به‌ده‌م هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵه‌وه گووتی “هاوین و سه‌ربان، من زۆرم حه‌ز له نیوه‌ڕۆ خه‌و بوو، هه‌میشه دوا كهسبووم وه‌ئاگا ده‌هاتم، دره‌نگانێ هه‌تاوه‌که ده‌گه‌یشته سه‌رم وبه گه‌رمی و ڕووناكیه زۆره‌كه‌ی به خه‌به‌ری ده‌هێنام . ڕۆژێک له‌و ڕۆژانه‌ی هاوین، ته‌نها من و خوشكه گه‌وره‌كانم له ناو جێگه له‌سه‌ربان مابوینه‌وه، ئه‌م جاره‌یان جیاواز له ڕۆژانی تر له جیاتی تیشكی گه‌رمی خۆرههتاوهكه هه‌ر زوو ده‌نگه ده‌نگی مناڵ و قیژه‌قیژ به خه‌به‌ری هێناین… ئه‌وان یه‌كسه‌ر چونه خواره‌وه و من هێشتا زۆر به ئاگا نه‌هاتبووم به ته‌نها تۆزێك له ناو جێگه‌كه‌مدا حه‌په‌ساو مامه‌وه، به‌ڵام كه ده‌نگه‌كه هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌وه زیاتر خۆم پێ ڕانه‌گیراو به په‌له هه‌ستام بزانم چییه… ستاره‌ی سه‌ربانه‌که‌مان بلۆك بوو، قاچه بچوكه‌كانم له نێوان بلۆكهكاندا جێگیر كرد‌و به‌خێراتر له جاران خۆم به ستارهكادا هه‌ڵواسی و سه‌یری خواره‌وه‌م کرد. بینیم کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک مناڵ و ژن و ته‌نانه‌ت چه‌ند پیاوێکیش له به‌رده‌رگای ماڵێکی به‌رامبه‌رمان كۆبووبونه‌وه و هه‌ندێك ده‌هاتن و ده‌چوون. سه‌یرم ده‌كردن به‌ڵام هیچ تێندهگهشتم.
له پڕ له‌ناویاندا خوشکه‌که‌مم بینی به‌ده‌ستی دایکمه‌وه بوو، ئه‌وان له ناو ده‌رگای ماڵه‌که‌ی دراوسێمان ده‌هاتنه ده‌ره‌وه به‌ره‌و ماڵی خۆمان و دایکم پێی ده‌گووت؛ ئێستا ئازارت نامێنێ و چلورهشت بۆ ده‌کڕم، خوشكه‌كه‌م گوێی بۆ ڕاگرتبوو زۆر ئاسایی بوو نه ده‌گریا و نه هیچی ده‌گووت. هاتنه ژووره‌وه‌و منیش هێشتا هه‌ر سه‌یرم ده‌كرد. پاش كه‌مێك دایكم خوشكه بچوكهكهمانی به باوه‌ش برده هه‌مان ماڵه‌كه‌ی به‌رامبه‌رمان. ئه‌وكات ته‌مه‌نم هه‌شت نۆ ساڵانێک ده‌بوو، بۆیه هه‌ر تێندهگه یشتم كه چی ڕووده‌دات! بێزار بووم به په‌له هاتمه خواره‌وه و چووم بۆ لای خوشكه‌كه‌م، ئه‌و له من مناڵتر بوو، پێم گووت؛ چییه چیته بۆ نه‌خۆشی؟ گووتی؛ نا نه‌خۆش نیم ئه‌مڕۆ هه‌موومان خه‌ته‌نه ده‌كه‌ن و چلورهشمان بۆ ده‌كڕن… من زۆر نه‌مده‌زانی خه‌ته‌نه چییه، بیستبوم براكانم خه‌ته‌نه كرابوون، ده‌مزانی شتێك له ناوگه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌س چییه به ته‌واوی نه‌مده‌زانی ئیتر زیڕه‌م كرد ووتم منیش خه‌ته‌نه ده‌كه‌ن؟ بێ بیركردنه‌وه تا توانیم ڕامكرد. من ده‌بوایه خۆم ڕزگار بكردایه له‌و ڕوداوه نادیاره‌ی لێی تی نه‌ده‌گه‌شتم و چاوه‌ڕوانم بوو. زۆربه‌خێرای گه‌شتمه سه‌ر سووچی کۆڵانه‌که‌مان كه پێنچ شه‌ش ماڵێك له ماڵی ئێمه‌وه دوور بوو، له‌وێوه سه‌یری قهرهباڵهغیهکهم ده‌كرد. زۆر دڵم خۆش بوو چاوه‌ڕوان بووم بڵاوه‌ی لێ بكه‌ن پاشان بگه‌رێمه‌وه، سه‌یرم ده‌كردن و گوێم له هیچ نه‌بوو، جارجار ئیشاره‌ت و هاوارم بۆ هاورێكانم ده‌كرد ده‌مویست ئه‌وانیش ڕابكه‌ن. له‌پڕ یه‌کێک له دواوه توند گرتمی، سه‌رم هه‌ڵبڕی بینیم ژنێکی دراوسێمان بوو! نازانم له كوێوه بۆ من په‌یدا بوو یان چۆن زانی من ڕام كردوه؟ گرتمی وپێی گووتم؛ مه‌ترسه وه‌ره، به‌س من تا توانیم خۆم ڕادهتهكاند، ده‌ستمکرد به گریان و گووتم توخوا به‌رم بده من نایه‌م له‌گه‌ڵت بۆ كوێم ده‌به‌یت، به‌س ئه‌و گوێێ پێ نه‌دام. بینیم دایکم به‌ره‌و پیرمان هات و به ژنه‌كه‌ی گووت ئه‌وه له کوێ بوو، به‌ته‌مابوو ڕابكات؟ هات به پیكه‌نینه‌وه باڵه‌كه‌ی تری گرتم. ته‌واو ترسام و بێ هیوا بووم، هاوارم دهكردو ده‌مویست ڕابكه‌م، قاچه‌كانم گۆی نهدهكردو نه‌مده‌توانی له‌سه‌ر زه‌وی دایان بنێم، ئه‌وكات كۆڵانه‌كه وه‌ك ئێستا خۆ قیرتاو چیمه‌نتۆ و شت نه‌بوو، قوڕبوو ئینجا به گه‌رمی خۆره‌تاوه‌كه بوو بوو به خۆڵ و تۆز. ئه‌وان ڕایان ده‌کێشام وله‌گه‌ڵ خشانی قاچه‌كانم له‌زه‌وی تۆز به‌رز ده‌بویه‌وه و ئه‌وناوه ببووه خۆڵ باران. ههرهاوارم ده‌ركرد و ده‌گریام، ناوده‌مم پر بووبوو له تۆز، فرمێسكه‌كانم به ده‌موچاومدا له‌گه‌ڵ تۆزه‌كه بوونه قوڕاو به ڕووخسارمه‌وه. ئه‌وان ڕایاندهكێشام و منیش كۆڵم نه‌ده‌دا، ده‌مقیژاند و ده‌مگووت به‌رم بده‌ن ده‌ی نایه‌م، به‌س هیچ هه‌ر ڕایان ده‌كێشام. مناڵانی گه‌ڕه‌کیش به هاوڕێکانی خۆم وبه کوڕه‌کانی گهڕهكیشهوه که تازه خه‌ریك بوو شه‌رمێكی كوڕ‌و كچانه دروست ده‌بوو له‌نێوانماندا و هاوڕێیه‌تی یه‌كترمان نه‌ده‌كرد به‌دواماندا ده‌هاتن. ئێمه بووینه تۆپه‌ڵێك جه‌سته له ناوه‌ڕاستی كۆڵانه‌كه‌دا من ڕادهكێشرام له پێشه‌وه بووم ئه‌وانیتریش لهدوامانهوهو به‌ده‌ورماندا ده‌ڕۆشتن، زوو زوو به نیگا خۆڵاویهكهمهوه تێمدهڕوانین و سه‌یری كاردانهوهیانم ده‌كرد. هه‌موو پێده‌كه‌نین و بزه له‌سه‌ر لێوانیان بوو، نازانم گاڵته‌یان به من ده‌هات یاخود خۆشیان له‌و گریان و ئازار چهشتنهم وه‌رده‌گرت.
به‌رده‌وام و خێرا تر ڕایان ده‌كێشام، نه‌عله‌كان له پێم دا نه‌ماو قاچه‌كانم ئازاری ده‌هات، ده‌نگی گریان وقیژه و هاواره‌كانم ته‌واوی كۆڵانه‌كه‌ی ته‌نی بوو، فرمێسكی گه‌رمی ئه‌و به‌یانی یه له هی هیچ یه‌كێك له جاره‌كانی ترم نه‌ده‌چوو. فرمێسكی مناڵانه‌و بیانووگرتن نه‌بوو، هی بێ ده‌سه‌ڵاتی و ترس بوو، هی شه‌رمێكی بێ ئه‌ندازه له هه‌موو ئه‌وانی تر بوو به هاوڕێكانیشمهوه. هی بێ ئومێدی بوو، هی سه‌ره‌تای خۆناسین و بوونم بوو وه‌ك مێینه‌یه‌ك. بۆیه گریانێكی زۆر كوڵ بوو هاوارێك زۆر قوڵ بوو، تكام دهكردودهپاڕامهوه به‌به‌رده‌وامی به‌ڵام بێ سود بوو تا گه‌شتینه به‌رده‌می ماڵه‌که، بێده‌نگ بووم.
وه‌ك زۆربه‌ی ماڵی جاران خانویه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی بچوك بوو، ده‌رگایه‌كی شینی دوو تاكی هه‌بوو كه نیوه‌ی ژه‌نگ بوو. ئه‌و ڕۆژه هه‌ردوو ده‌رگاكه كرابوونه‌وه، كه ده‌چوویته ژووره‌وه حه‌وشه‌یه‌كی بچوكی چیمه‌نتۆ بوو جامخانه‌یه‌كی له‌سه‌ر بوو، له پشتی جامخانه‌كه ژوورێك هه‌بوو كه ئه‌و ڕۆژه پر بوو له خه‌ڵك… منیشیان برده ئه‌و ژووره‌وه، به ترس و سه‌رسوڕمان و پرسیاره‌وه سه‌یری هه‌موو سووچ وپه‌ناو كون و كه‌له‌به‌رو دیواو شتومهكاكان و كه‌سه‌كانی ناو ماڵه‌كه‌م ده‌كرد. چوارده‌ورم ژن بوو، له پشتی ئه‌وانه‌وه ته‌نها دیوارێكی چڵكنه په‌ڵه په‌ڵه هه‌بوو، دیار بوو وه‌ك ماڵی خۆمان و زۆرێكی تر به دوكه‌ڵی جگه‌ره‌ی پیاوه‌كان ڕه‌نگه سپیه‌كه‌ی گۆڕابوو بۆ ڕه‌ساسی یه‌كی دێز. له لاته‌نیشته‌وه كهنتۆرێكی لێ‌بوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك جێگا كه له‌سه‌ر دۆڵابێك هه‌ڵچنرابوون… من ئه‌مانه‌م له به‌ینی ژناكانهوه ده‌بینی، وه‌ك ئه‌وه وابوو یه‌كه‌م جارم بێت ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته ببینم، ئه‌وان هێشتا باڵه بچوكه‌كانی منیان توند گرتبوو منیش به‌ده‌م گریانه‌وه به بێده‌نگی له هه‌موو شتێكم ده‌ڕوانی. چه‌ند ژنێکی دراوسێمانی لێ بوو كه ده‌مناسین و ئه‌وانیتر هه‌ر نازانم كێ بوون. له نێوانیاندا ژنێكی پیرهات به‌ره‌و پیرم و ده‌ستی هێنا به‌سه‌رمدا و گووتی؛ به‌ساقه ئه‌مه سونه‌ته، گه‌ر نه‌یكه‌یت دوای چێشتی ده‌ستت حه‌رام ده‌بێت و ئنجا به حه‌یاو حورمه‌ت نابیت له‌ناو خه‌ڵك دا. گه‌ر ئه‌مه نه‌كه‌یت به‌سه‌ر شه‌یتان و نه‌فسی خۆت دا زاڵ نابیت. ئه‌وانیتریش كه هێشتا منیان گرتبوو به منیان گووت؛ ئێمه تۆمان خۆش ده‌وێت بۆیه خه‌ته‌نه‌ت ده‌كه‌ین. به‌ده‌م هه‌نسكه‌وه سه‌یرم ده‌كردن و زۆر باش گوێم بۆ گرتبوو، چونكه پێویستم بوو بزانم چی ڕووده‌دات، هیچ تێنه‌گه‌یشتم.زیاتر ترسام بۆیه بێدهنگیهكهم نه‌ماو ده‌ستمكرده‌وه به هاوارو قیژه، كه‌وتمه په‌له‌قاژه و به ده‌نگی به‌رز به‌رز پێم ده‌گووتن نامه‌وێت هیچم ناوێت به‌س به‌رم بده‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ سودی نه‌بوو. ئنجا ده‌ستم کرد به جنێودان.
ژنه‌که‌ی بانگیان کردبوو ئه‌و کاره خێره بکات ناوی فاته بوو باجی فاتهیان پێ ده‌گووت له‌ولاوه دانیشتبوو نازانم سه‌رقاڵی چی بوو، توڕه‌بوو گووتی؛ به‌سه کچێ له‌به‌یانیه‌وه کچ و کوڕی ئه‌م گه‌ڕه‌که هه‌مووی خۆی هاتونه‌ته به‌رده‌ستم تۆ بۆ وا ئه‌که‌ی، ئاده‌ی پاڵی بخه‌ن ده‌ی… ئه‌وانیش سێ چوار ژن بێگوێدانه هاواری من ده‌ست و قاچیان گرتم و پاڵیان خستم. بیرمه كه عه‌زیه‌كی زه‌ردی گوڵ گوڵی كودهریم له‌به‌ردا بوو، گوڵه‌كان سوری بچوك بچوك بوون و گه‌ڵای بچوكی سه‌وزی له گه‌ڵدا بوو، له هه‌مان قوماش ده‌رپێ كورتێكیان بۆ كردبووم كه له پێم‌دا بوو. ئه‌وكاته زۆر لاواز و بچوك بووم، خۆ هێشتا له كۆڵان یاریم ده‌كرد و گه‌وره نه‌بوو بووم، به‌ڵام بیرمه هه‌ستی خۆشاردنه‌وه و تایبه‌تمه‌ندی خۆمم هه‌بوو. پێم خۆش نه‌بوو كه كه‌س ئاگای لێبێت كاتێ ده‌چمه ته‌والێت، حه‌زم ده‌كرد به ته‌نها خۆم بشۆم ته‌نانه‌ت دایكم و خوشكه‌كانم له‌گه‌ڵ نه‌بێ بمشۆن. بۆیه له هه‌موو شتێكش قورس‌تر و ئازاراوی تر كه بیرم ناچێت ئه‌وه بوو كه دهرپێكهیان دادهكهندم، شه‌رم و ترس هه‌موو گیانمی گرتبوو. ماسولكه‌كانم ڕه‌ق ڕه‌ق كردبوو، قاچه‌كانم توند نوساندبوو به‌یه‌كه‌وه. چی ڕووده‌دات؟ چیم لێ ده‌كه‌ن؟ چیم به‌سه‌ر دێت؟ تۆ سه‌یری كه ئه‌و هه‌موو ژنه زله ده‌ستیان به توندی له جه‌سته‌ی بچوكم گیر كردبوو، ئێستا ده‌یبینم كه وه‌ك بووكه شوشه‌یه‌كی بێ گیان و هه‌ست مامه‌ڵه‌یان ده‌كردم. نه هاوار، نه ترس، نه بوونم بۆ ئه‌وان هیچ نه‌بوو. به‌ڵام من نه‌ده‌وه‌ستام له ململانێ. به‌ڕاستی خه‌می گه‌وره‌م ئه‌وه‌بوو كه هه‌موویان قوزم ده‌بینن، سه‌یری هه‌مویانم ده‌كرد یه‌ك به‌یه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ورم بوون، چاوم له‌سه‌ر چاویان بوو بزانم سه‌یری قوزم ده‌كه‌ن كه دهرپیكهم داكهندراوه، لێوی هه‌مویانم ده‌خوێنده‌وه بزانم چی ده‌ڵێن، ده‌یانه‌وێ چی بكه‌ن. خۆ هه‌موو شتێ ده‌رباره‌ی من بوو، وا نییه! من له‌به‌رده‌ستیاندا بووم و شه‌ڕم دهكردو خۆم ڕادهتهكاند، به ته‌نها له به‌ره‌یه‌ك و ئه‌وانیش له‌به‌ره‌یه‌ك بوون. هه‌رچه‌نده ئێستا كه باسیده‌كه‌م تیده‌گه‌م ئه‌وه به‌س من بووم وام ده‌بینی، من قه‌د به‌ره‌یه‌ك نه‌بووم بۆ ئه‌وان، ئێستا ئه‌و جه‌سته ماندووه بچوكه ده‌بینم له نێوانیاندا. ده‌بینم كه من ته‌نها كچێكی بچوكی بزێو بووم كه ده‌یانویست ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت به‌سه‌ر جه‌سته‌م دا بیسه‌پێنن و ته‌واو. نه‌مده‌زانی چی ده‌كه‌ن مه‌گه‌ر كه ناوی شته‌كانیان ده‌هێنا یا ده‌مبینی به‌ڵام چۆن به‌كاری ده‌هێنن؟ نازانم. ده‌ی بینیم كه تۆزێك خۆڵه مێشیان هێنا له‌سه‌ر كاغه‌زێك، خۆیان گووتیان خۆڵه‌مێشه، مه‌پرسه چه‌ند ده‌ترسام، ئه‌مایان بۆ چییه، به هه‌موو هێزم خۆم ڕاده‌ته‌کاند، جنێوم ده‌دا و ده‌مگووت؛ فاته ته‌ماته وازم لێ بێنه، هههههه…“
بووكێ به دڵی پره‌وه ده‌ستیكرد به پێكه‌نین وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌وتبێته‌وه ناو ئه‌و هه‌سته‌ی مناڵی، تۆزێك وه‌ستا و پاشان ده‌ستیكرد به چاو هه‌ڵگڵۆفین و به‌رده‌وام بوو له گێڕانه‌وه:
“وازیان نه‌ده‌هێنا، نه‌مده‌توانی هیچ بكه‌م، ته‌نانه‌ت بجوڵێم. هه‌ر په‌له‌م به‌ده‌ست یه‌كێكه‌وه بوو،توند توند منیان گرتبوو هه‌موو به پێكه‌نینه‌وه قسه‌یان ده‌كرد، ده‌م و چاویانم له‌بیره كه بزه له‌سه‌ر لێویان بوو به‌س قسهكانیانم بیرنییه. له كاتێكدا منیان گرتبوو، هه‌موو له‌گه‌ڵ فاته قسه‌یان ده‌كرد و ڕوویان له‌و بوو، ئه‌ویش له‌سووچێكی ژووره‌كه‌دا سه‌رقاڵ بوو له‌گه‌ڵ هه‌مووشیان قسه‌ی ده‌كرد. دوای تۆزێك هات و گوێزانێكی به ده‌سته‌وه بوو… سه‌یری ده‌كردم و نزیكتر و نزیكتر هاته به‌رده‌مم، ئهوژنێكی تۆزێك به ته‌مه‌نی ئه‌سمه‌ر بوو، له چكێكی سپی له‌سه‌ردا بوو ناوچه‌وانیشی به سركهییهك به‌ست بوو ، جلێكی كوردی نیلی تۆخی له‌به‌ردا بوو، ده‌م و چاوی چرچی زۆری تێدا بوو، ئاره‌ق به نێو چرچه‌كانی ده‌م وچاویه‌وه ده‌هاته خواره‌وه به له‌چكه سپیه‌كه‌ی ده‌یسڕی. ته‌واو گه‌یشته به‌ینی ڕانه‌كانم و دانیشت له به‌ینی ڕانهكانمدا دانیشت. ئای خوایه گوێزان، خۆڵه‌مێش چی ڕووده‌دات؟ به‌س كه‌س گوێی به‌وه نه‌ده‌دا و وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه. هه‌ناسه‌م له‌به‌ر بڕا، زیاتر لاقه‌كانم ڕه‌ق كرد، توندتر ڕانه‌كانم نوساند به‌یه‌كه‌وه، ئه‌وان هیلاك نه‌ده‌بوون له‌گه‌ڵم. من باش ده‌مزانی كه ده‌ستی ئه‌و له به‌ینی ڕانهكانمدایه ، بۆیه زیاتر خۆم ڕادهتهكاند وهه‌وڵم ده‌دا بۆ خۆ ڕزگاركردن به‌ڵام هیچ چۆن بتوانم؟به‌ته‌واوی قاچیان بڵاو كردمه‌وه.
ده‌نگی بیسملا الله‌ی فاته و گویزانكه هات، لهپڕههستم به ئازارێکی زۆر کرد، تف له قوڕگم گیر بوو به ته‌واوی بێده‌نگ بووم و به‌رچاوم زه‌رد بوو، ته‌واوی گیانم گرژ، گرژ، و سڕ بوو. ژووره‌كه هه‌مووی بێده‌نگ بوو، ئا ده‌نگ نه‌ما ، هه‌سته‌كه‌م گوێم له ده‌نگی كه‌سیان نه‌ما… ده‌رپێ كورتهكهیان كرده‌وه پێم و به‌ریان دام. ئنجا هه‌ستم كرد شل بوومه‌وه، بێ جوڵهوهێز كه‌وتمه سه‌ر زه‌وی. تۆزێك به ته‌نیا له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه مامه‌وه، خۆ من له كاتی ڕاكێش ڕاكێشهكهوه له‌سه‌ر زه‌وی نه‌مابووم، هه‌ستم به زه‌ویه‌كه ده‌كرد كه هه‌ڵیگرتبووم، به ته‌واوی نازانم ڕاكێشانی من به كۆڵانهكهداو ڕاكشانم له ماڵه‌كه‌دا چه‌ندی پێ چوو، به‌س وام ده‌زانم ساڵێكی خایاندووه ، هه‌سته‌كه‌م زۆر زۆری پێ چووبێ. بێده‌نگ بووم به‌س ده‌نگی ههنسكهكانم ده‌هات، به دڵشكاوی ته‌مه‌شای ئه‌وانی ترم ده‌كرد سه‌یری دایكمم كرد، زۆرێك پرسیارم لێی هه‌بوو به‌ڵام خۆ من نه‌مده‌زانی چۆن بیكه‌م. هه‌موو ده‌ست خۆشیان له فاته ده‌كرد. به شه‌رم و ترس و ئازاره‌وه وورده وورده‌و هه‌ر به ته‌نها هه‌ستامه سه‌رپێ، بینیم لای قاچمه‌وه سهتڵكی بچوكی سپی نایلۆنی لێ بوو كۆمه‌ڵێكی زۆر پارچه گۆشتی بچوك بچوكی تیا‌بوو، له ته‌نیشتیشیه‌وه پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆی دڕاوی لێ بوو كه گوێزانهكهی له‌سه‌ر دانرابوو. ده‌رگای ژووره‌كه ی منی لێبووم تا به‌رده‌رگای حه‌وشه‌كه‌یان خه‌ڵك وه‌ستا بوون قسه‌یان ده‌كرد. هه‌نگاوم ده‌ناو له‌گه‌ڵیدا هه‌موو گیانم ده‌له‌رزی و هه‌نسكم ده‌دا، كه‌س گرنگی به من نه‌داو هیچیان له‌گه‌ڵ نه‌گووتم. له پڕ تا توانیم به‌ناو خه‌ڵکه‌که‌دا ڕامکرده ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه. ژوور‌و هه‌یوان و حه‌وشه‌كه‌م بڕی و به ناو ده‌رگاكه‌دا به خێرای ڕامكرد…
هاوڕێكانم له‌به‌رده‌رگا وه‌ستابوون، كوڕه‌كانیش هه‌ر له‌وێ بوون، وێنه‌یانم له‌بیره ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌و خێراییه به ناویاندا ڕامكرد من ئه‌وانم بینی وهێشتا ده‌یانبینم، گوێم لێ بوو یه‌کێ له‌وان گووتی؛ ئه‌ره‌وه‌ڵا ڕای‌کرد. دڵم به‌و قسه‌یه زۆرخۆش بوو، وامده‌زانی هیچ نه‌بێ ئه‌وان وا ده‌زانن ڕزگارم بووه وهیچیان لێ نه‌کردووم ، ڕامكرد تا گه‌یشتمه ئهوبهربۆماڵی خۆمان… هه‌ر كه گه‌یشتمه ماڵه‌وه ده‌رگای حه‌وشه‌که‌مان كه ڕه‌ساسی یه‌كی ئاسنی بچوك بوو به توندی داخست و چووم بۆ ته‌والێته‌که، سه‌یرم کرد ده‌رپێ کورته‌که‌م هه‌مووی خوێن بوو. ئای که ترسام که ترسام، ته‌نانه‌ت گوڵی سوری سهركراسهكهشم وه‌ك خوێن ئه‌بینی. ده‌ستمكرده‌وه به گریان وهاوار… وه‌ک پێم گووتی بیرم نایه‌ت له‌که‌یه‌وه به منیان گوتووه؛ که ئاگادار بم نه‌یه‌ڵم ناوگه‌ڵم خوێنی لێ بێت، ئێستا که خوێنم بینی چیت بۆ باسکه‌م وا ئه‌زانم که تێ ئه‌گه‌یت یا هه‌ستم پێ ده‌که‌یت که ناتوانم به وشه باسی ئه‌وترسه‌ی ئه‌وته‌مه‌نه منداڵیهیهی خۆمت بۆ بکه‌م چونکه ووشه‌یه‌ک نادۆزمه‌وه گوزارشتی لێ بکات. هاتمه ده‌ره‌وه له تهوالیتهکه و ده‌رپێ كورتهكهم به پیسی به‌ده‌ستمه‌وه گرتبوو، هێشتا ده‌گریام، بینیم خوشکه‌کانم که له من بچوکتر بوون له حه‌وشه‌كه لهبهرسێبهرێك دانیشتبوون به ئاقڵی مۆتا یان ده‌خوارد، ئه‌وان گووتیان؛ هی ئێمه هیچ ئێشی نایه‌ت ئێمه خۆمان چوینه به‌رده‌ستی تۆ بۆچی واتکرد؟… خوشکه گه‌وره‌که‌م به توڕه‌بوونه‌وه هات و ده‌رپێكه‌ی لێوه‌رگرتم و گووتی؛ حه‌یای خۆت و ئێمه‌شت برد تازه خه‌ڵکی ئه‌م گه‌ڕه‌که قه‌د له‌بیریان ناچێته‌وه، گه‌وره بیت و شوو بکه‌ی هه‌ر بتبینن ئه‌وه‌یان بیرده‌که‌وێته‌وه، مۆتاکهشت له سه‌لاجه‌که‌دایه بڕۆ بیخۆ… هه‌ڵبه‌ت مۆتا زۆر تاسوق بوو له‌به‌ر ئه‌وه بۆ ئێمه‌یان کڕیبوو تا دوای ئه‌وه بێده‌نگ دانیشین و بیرمان بچێته‌وه. به‌س من دوای ئه‌وه، نه مۆتام بۆ خورا نه نان هه‌ر خه‌مم بوو چیان لێكردووم، كه حه‌یام چووه چۆن جارێكی‌تر بچمه‌وه ده‌ره‌وه، ده‌گریام ودهگریام. نه‌شمده‌زانی چی به‌سه‌ر جه‌سته‌مدا هاتووه…“
بووكێ به بێ ئومێدی یه‌كه‌وه به ده‌نگی نزم سه‌یری زاوای كرد‌و گووتی “بیرمه له‌و كاته‌دا هه‌ندێكجار بڕوام به قسه‌كانی ئه‌وان ده‌كرد كه شتێكی باشیان بۆ من كردووه“
زاوا كه ده‌ستێكی له ژێرسه‌ری دانابوو نیوه ڕ‌اكشاو له‌سه‌رلا ڕووی له بووكێ بوو، به توندی ده‌ستی گوشی و به هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵه‌وه گووتی “نه‌مده‌زانی كه تۆش خه‌ته‌نه كراویت و ئه‌م هه‌موو ناخۆشیهت بینیوه، نازانم بڵێم چی، به‌س پێم ناخۆشه زۆر، بمبوره ئه‌م شتانه‌م بیر خستیته‌وه، ده‌زانی من گه‌ر مناڵم ببێ كوڕ یا كچ قه‌د خه‌ته‌نه‌ی ناكه‌م، پارچه‌یه‌ك له جه‌سته‌ی ناكه‌مه‌وه به‌ناوی هیچ شتێكه‌وه قه‌د ئه‌و ڕێگایه به خۆم نایه‌م“
بووكێ كه ته‌واوی ده‌موچاوی به هۆی میكیاجهكه یه‌وه شێوابوو، قه‌ڵه‌م و مهسكاره ڕه‌شه‌كه به‌ده‌وری چاویدا بڵاو ببۆوه هه‌ستایه‌وه وله شوێنی خۆی به شانی داچهكاوهوه دانیشت، كه‌مێك وا مایه‌وه پاشان ڕووی كرده زاوا و پێی گووت“ده‌زانم له‌وانه‌یه پێویست بوایه زووتر ئه‌مه بزانیت، له خزمهكانمهوه بیستومه كه پیاو پێی خۆش نییه ژنه‌كه‌ی خه‌ته‌نه كرابێت له‌وانه‌یه تۆش…“ زاوا به په‌شۆكا و ویستی قسه بكات به‌ڵام… بووكێ نه‌یهێشت هیچ بڵێت و گووتی“ده‌زانم ده‌ته‌وێت بڵێیت من وانیم، جا كێ له ئێمه ده‌زانێ كه چۆنه و چۆن بیرده‌كاته‌وه! با وای دابنێین ده‌شزانین، ده‌توانین به ڕاشكاوی دان بنێین به هه‌موو كۆت وبه‌ند و سنوور و ژه‌هره‌ی له ناخماندا كه‌ڵه‌كه كراوه بهرامبهرخۆمان و ئه‌وانیتری ده‌وروبه‌رمان؟ به‌ڕاست كێ له ئێمه خۆی ده‌ناسێت و ده‌زانیت چۆنه و چی ده‌وێت؟ هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یزانین ئه‌وه‌یه ئه‌وانی تر چی‌یان لێمان ده‌وێت، ده‌یانه‌وێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین. كوا كاتمان داوه به خۆمان تا ئه‌و شتانه‌ی بڕوامان پێ نییه، له ناو خۆماندا تێكی بشكێنین و ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ین، پاشان به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه بوه‌ستینه‌وه‌و ڕه‌فتارێكی تر پیشان بده‌ین. بۆیه به‌داخه‌وه ده‌بێت ئه‌مه دابنێین بۆ كات و ڕۆژگاری پێكه‌وه بوونمان وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌ربگرین. به‌ڵام یه‌ك شت به‌دڵنیایی ده‌زانم، گه‌ر منداڵم هه‌بێت كچ بێت یا كوڕ هه‌رگیز ڕێگه به خۆم و كه‌س ناده‌م خه‌ته‌نه‌ی بكات، پارچه‌یه‌ك له جه‌سته‌ی ناكه‌مه‌وه به‌ناوی هیچ شتێك و هیچ بیانویه‌كه‌وه“
زاوا كه هێشتا له‌سه‌رلا ڕاكشابوو، هه‌ستایه‌وه و له ته‌نیشت بووكێ وه دانیشت. ئه‌وان ماوه‌یه‌كی زۆر به بێده‌نگ مانه‌وه و به خه‌یاڵه‌وه له زهویهكهیهیان ڕوانی. پاشان زاوا به هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ بێده‌نگی شكاند و ڕووی كرده بوكێ و گووتی “باشه دوایی ئازاره‌كه‌ت زوو نه‌ما ؟ زۆری وویست برینه‌كه ساڕێژبێت و بچیته‌وه یاری بكه‌یت“
بووكێ كه هێشتا قاچی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه بوو به پشتا پاڵی دایه‌وه سه‌ر جێگاكه‌و ڕووی له بنمیچی ژووره‌كه كرده‌وه‌و به ده‌نگێكی غه‌مباره‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه
“ ئا زوو باش بووم ده‌ترسام چونكه خوشكه بچوكه‌كه‌م نه‌خۆش كه‌وت، نازانم شوێنی خه‌ته‌نه‌كه بوو بوو به برین و كێماویی كردبوو، شتێكی وا بوو، ماوه‌یه‌كی زۆر له جێگا كه‌وت و ده‌یانبرد بۆ خه‌سته‌خانه‌و مه‌ڵحه‌م و شتیان بۆ به‌كارده‌هێنا تا چاك بوو. من هه‌ر ئه‌و ڕۆژه ئیتر وه‌ك جه‌سته هه‌ستم به ئازار نه‌كرد و خوێنم نه‌ما، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاك نه‌ده‌بوو، كه‌س نه‌یده‌بینی و دركی پێ نه ده‌كرد تا یارمه‌تیه‌كم بدات هه‌سته‌كانم بوو. ئه‌وان سه‌رقاڵی خوشكه بچوكه‌كه‌م بوون كه نه‌خۆش بوو به‌ڵام هه‌موو حاڵه‌ته‌كه‌یان ئاسایی وه‌رگرتبوو. ئێ بۆ ئه‌وان ئه‌وه چاكه بووله‌گه‌ڵ ئێمه كردیان، وا قسه‌یان ده‌كرد كه ده‌بێت سوپاسیان بكه‌ین بیرم نایه كه‌س له منی پرسیبێت چۆنی. شه‌رمم ده‌كرد، بڕوا بكه كاتێك كه‌سێك له ماڵه‌وه ده‌چووه ده‌ره‌وه نه‌مده‌هێشت ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌مان بكه‌وێته سه‌رپشت. ئه‌ها جاران وابوو زۆر به‌ی كات ده‌رگای ماڵان ئاسای كراوه بوو. به‌س ئه‌و ڕۆژانه بۆ من وانه‌بوو نه‌ك كه‌سێك بمبینێ، هه‌ر ده‌رگا بكرایه‌ته‌وه خێرا دامدهخستهوه. من وامده‌زانی كات وه‌ستاوه و هه‌موو كه‌س گاڵته به من ده‌كه‌ن له‌وانه‌شه له ڕاستی دا كه‌س بیری ئه‌وه‌ی نهمابووبێ كه به‌سه‌ر مندا هات و به‌لایانه‌وه ههرگرنگ نه بێ. فه‌تره‌یه‌كی باش من هه‌ر وا مامه‌وه، شه‌وان له‌سه‌ر جێگاكه‌م تا دره‌نگ خه‌یاڵم ده‌كرد. ڕووداوه‌كانم دروستدهكردهوه. له خه‌یاڵه‌كانمدا جارێك ده‌متوانی له ده‌ستیان ڕابكه‌م و نه‌جاتم ببێت، جارێكی تر وه‌ك خوشكه‌كانم خۆم به بێده‌نگی ده‌چوومه به‌رده‌ستیان و ترسی ئابڕووچونهكهم ده‌ڕه‌ویه‌وه. چه‌نده‌ها جار ئه‌و ڕووداوه‌م دا دهڕشتهوه به شێوه‌ی جۆراوجۆر و به‌و شێوه‌ی پێم خۆش ده‌بوو، ئینجا به‌دڵی ئاسووده وه خۆم ده‌خه‌واند. به‌ڵام كه ڕۆژ ده‌بۆوه به دڵی تهنگهوهو چاوه‌كانم ده‌كرده‌وه‌و ده‌مزانی كه به‌ڕاستی چی ڕوویدا. ئیتر وورده وورده له ماڵه‌وه دهستمكردوه به قسه و یاری له‌گه‌ڵ خوشكه‌كانم و جارجاریش له ده‌رگاكه‌وه سه‌ره تاتكێ یه‌كم ده‌كرد و سه‌یری ده‌ره‌وه و ئه‌وانیترم ده‌كرد… بیرمه، له‌و نزیكانه‌دا بوو ڕاپه‌ڕینه‌كه ڕوویدا، نه‌ك خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه كه‌مان یا سلێمانی، به‌ڵكو هه‌موو كورد‌و ئێراقیهك و بگره جیهانیش بهوبارودۆخهوه سه‌رقاڵ بوون. چه‌ند خۆش بوو هه‌موو پێكه‌وه گوێمان له هه‌واڵه‌كان ده‌گرت كه‌باسی ڕووخانی سه‌دام و سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه بوو. چه‌ند مناڵ بووین ئه‌وكاته به‌ڵام ئه‌وه خۆشیه‌ك بوو هه‌موو بوونه‌وه‌رێك له كوردستان هه‌ستی پێ ده‌كرد. ئیترله هه‌موو شاردا، ئاهه‌نگ و شایی بوو كه هه‌موو ئازار‌و ناخۆشیه‌كی بیر بردینه‌وه، ته‌نانه‌ت منی بچكۆله‌ش ترس و خه‌م و شه‌رمم ڕه‌ویه‌وه‌و چوومه‌وه ناو خه‌ڵك و ئاهه‌نگه‌كانی ناو كۆڵانه‌كان و سه‌رجاده‌كان. هێشتا هه‌ست به خۆشیه‌كه‌ی ده‌كه‌م، هه‌رچه‌نده به‌داخه‌وه زۆری نه‌برد. ئه‌وه‌بوو سه‌دام گه‌ڕایه‌وه‌و ڕاكردنه‌كه‌ی به‌سه‌ردا هات وهه‌مووان هه‌ڵهاتین. ماڵی ئێمه نه‌یانده‌ویست ماڵ و شارچۆڵ بكه‌ین، به‌ڵام به‌یانیه‌كه‌ی كه شار هه‌مووی تاك و ته‌را خه‌ڵكی تیا مابوو ناچار بڕیاریان دا‌و ئێمه‌ش ڕامانكرد و به پێ ڕۆیشتین. ئه‌زانی له سلێمانیه‌وه تا سه‌ید سادق وابزانم دوو ڕۆژوشهوێكمان پێ چوو، زۆر ئازا بووین به‌و پێ بچوكانهمان له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆشتین به بێ خه‌و و ئیسراحه‌ت، به‌س باش بوو بۆڕێگا هه‌ندێك نان وخواردنمان پێ بوو. ئای له‌و به‌هاره‌ش بۆ ئه‌ونده بێ ڕه‌حم بوو پڕ بوو له باران و هه‌وره بروسكه و ته‌رزه، زه‌وی كردبوو به قوڕو قه‌برسان بۆ ئێمه‌ی داماو و بێ ده‌ره‌تان، له‌و دوو ڕۆژه‌دا هه‌زاره‌ها نه‌گبه‌تی و مردن و كاره‌ساتمان بینی تا گه‌یشتینه ماڵێك له نزیك سه‌ید سادق،له‌وێ ماوه‌یه‌ك ماینه‌وه و له‌وه زیاتر نه‌ڕۆیشتین.
چیتر باس بكه‌م، ئیتر ئاوا هه‌موو جه‌نجاڵی سیاسه‌ت بووین وهه‌ر له‌بیرمان كرد چی به‌سه‌ر جه‌سته‌ماندا هاتووه یا دێت، ئێمه‌ی كورد ههروانهبووین؟ دواتر كه گه‌ڕاینه‌وه شار، شوكر ماڵمان له‌و گه‌ره‌كه باریكرد.
زاوا كه هێشتا به دانیشتنانه‌وه بوو گوێی له بوكێ ده‌گرت، به خێرای پاڵی دایه‌وه كه‌وته سه‌ر جێگاكه وبه بزه‌و هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی باسه‌كه‌ی بوكێ گه‌شتێكی بهخهیاڵدانیدا پێكردبێ گووتی“ ئای ئای له‌وڕۆژانه! چیمان به‌سه‌ردا نه‌هات، به‌س ده‌زانی ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه شتێكی باش بێت كه ڕووداوه‌كانی دنیای ئێمه زۆر خێرا‌و جیاوازن، نایه‌ڵن توشی دووباره‌بوونه‌وه و بێزاری ببین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ر ناخۆشیه‌ك دێت ئه‌وه‌ی ترمان بیر ده‌باته‌وه و هه‌میشه سه‌رقاڵیان كردووین. مه‌ودا نییه خه‌م بۆ شته‌كان بخۆین و تیدا بمێنینه‌وه“
كاتێ زاوا ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد، بووكێ كه‌وته سه‌رلا، له‌سه‌ر ده‌ستی به نیمچه دانیشتنانه‌وه ڕووی كرده زاوا و به ده‌موچاوێكی گوماناوی كه لێوی به بزه‌و برۆكانی له‌یه‌ك نابوو نیشانه‌ی پرسیارێكی گه‌وره‌ی بۆ زاوا ده‌ربڕی، به‌وشه پێی گووت “ئه‌وه به‌ڕاسته؟“ زاوا بهلاچاوێكهوه سه‌یرێكی كرد‌و به‌بزه‌یه‌كی شه‌رمنانه‌وه سه‌ری به‌م لاولایدا له‌قاند به مانای نه‌خێر…
بووكێ پاڵ كه‌وته‌وه‌و گووتی “وامزانی وا ده‌یبینی من ته‌واو جیاواز سه‌یری ده‌كه‌م. به‌ڕاستی ئه‌وه كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه‌یه. ده‌زانی چۆن، بۆ نموونه من له و حاڵه‌ته‌ی مندا ئه‌و بارودۆخه وای كرد تێكه‌ڵ به ئه‌وانیتر ببمه‌وه‌و ئه‌وه‌م به‌و شیوه‌یه تیپه‌ڕاند، به‌ڵام هه‌رگیز ساڕ‌ێژ نهبووتا ئێستاش لام ماوه‌ته‌وه. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه گه‌ر برینێك به‌هۆی برینێكی تره‌وه و ئه‌ویش به هۆی یه‌كێكی تره‌وه به‌جێبهێڵی وه‌ختێك ده‌زانی هه‌موو گیان و كیان و بوونت كۆڵه‌واره. كه‌سێكی ماندوو پر ئازار‌و كێشه و بێ توانات لێ ده‌مێنێته‌وه كه ده‌ستت گرتووه به برینه‌كانته‌وه و هیچیتر. ئه‌و هه‌موو ڕووداوه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه گه‌ورانه‌ی به‌سه‌ر ئیمه‌دا هاتووه هه‌رگیز تینهپهڕیون و هیچیان بیرنهبردوینهتهوه به‌ڵكو كه‌ڵه‌كه‌بوون. ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له جه‌نگی ئێران وعێراق گه‌وره بووین، له‌گه‌ڵ وێنه‌كانی جه‌نگ دا نانمان خواردووه و به‌ده‌نگی تۆپ و ته‌یاره نوستووین، باخچه وقوتابخانهكانمان به ده‌نگی ئاژێری جه‌نگ كۆتای ده‌هات و به‌ره‌و ماڵه‌وه‌و ژێر زه‌مینه‌كان ڕامان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ده‌ستی درێژی مێژووی كۆمهڵگاو عه‌یبه و مه‌كه، به‌سه‌ر جه‌سته‌ی هه‌ر تاكێكی ئه‌م ناوچه‌یه‌وه‌و یه‌ك دنیا كۆڵهواریه. سه‌یركه من گه‌ر له كه‌شێكی تردا ئه‌و ڕوداوه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌م به‌سه‌ر بهاتایه كه به‌و شێوه‌یه خه‌ته‌نه كرام، به‌رده‌وام بوومایه له‌و بارودۆخه‌ی تییدا بووم تا ئیتر نه‌مده‌توانی بێده‌نگ بم و بیشارمه‌وه، هیچ نه‌بوایه توڕه بوومایه له ئه‌وانیتر، له‌وانه‌یه ئێستا جیاواز بمگیڕایهتهوه بۆ تۆ. یا كاردانه‌وه‌ی جیاوازم هه‌بوایه به‌رامبه‌ر گۆرانكاریه‌كانی تر كه به‌سه‌ر جه‌سته‌مدا هاتن. به‌س ئه‌وه‌ی مایه‌وه ته‌نها ترس بوو، ترس و پرسیاری بێ وه‌ڵام و بێ ئاگایی به‌رامبه‌ر جه‌سته‌ی خۆت. من كه كه‌وتمه سوڕی مانگانه‌وه وام ده‌زانی دنیا وێران بووه، خۆ ئه‌وه گه‌شه‌ی ئاسایی جه‌سته‌یه“
زاوا به سه‌رسوڕمانه‌وه گووتی “ئه‌وه‌یان بۆ؟ به‌ڕاست بیرته یه‌كه‌م جار چۆن بوو؟“
بووكێ هێشتا ڕووی له بنمیچی ژووره‌كه بوو به‌ده‌م یاری كردن به په‌نجه‌كانی خۆیه‌وه به پیكهنینهكهوه گووتی “ئه‌ی چۆن بیرم نییه! زۆر باش له‌بیرمه، كاتی شه‌ڕی برا كوژیهكه بوو نازانم ئه‌وکاته سیانزه یا چوارده ساڵان بووم، ڕۆژێك زه‌ردو ڕۆژێك سه‌وز. خۆ نه كاره‌با هه‌بوو نه ئاو هه‌بوو به‌ته‌واوی، نه خواردن، ئیتر نه‌گبه‌تیه‌كی تر بوو. له حه‌وشه‌كه‌مان تهنكیهك هه‌بوو كه ته‌باخێكی نه‌وتمان له بنی دانابووئاوهكهی گه‌رم ده‌كرد، ڕۆژێکیان له‌وێ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی حهمامهكهمان دانیشتبووم قاپم ده‌شوشت، له پر هه‌ستم به گه‌رماییه‌ک کرد له گیانمدا، هه‌موو له‌شم قورس بوو و سه‌رم گێژی ده‌خوارد، ئازارێكی ناخۆش و سه‌یر هه‌بوو له‌سه‌ر میزه‌ڵان وله ناوگیانمدا . كه‌سیش له‌ماڵ نه‌بوو هه‌ر خۆم بووم، ئیتر چوومه حه‌مامه‌که دهرپێكهم داكه‌ند، بۆ دووه‌م جار خوێنم بینی…“
بووك تۆزێك بێده‌نگ بوو، پاشان به‌رده‌وام بوو له گێڕانه‌وه “خوێنێكی مه‌یله‌و ڕه‌ش، سه‌ره‌تا دڵنیا نه‌بووم كه خوێنه، به‌س ئیتر له تهمهنێكدام ده‌بێ خوێنی مانگانه بێت، ده‌مزانی هه‌موو ژنێ وایه له ناو ژنان وهاوڕێكانم زۆرم گوێ لێ بوو بوو، به‌س زانیاری زۆرم نه‌بوو. سه‌یربوو له مه‌كته‌ب ئهوبهشهمان نه‌ده‌خوێند كه باسی گه‌شه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ و زاوزێ بوو، ئه‌و كاته تهركمان ده‌كرد، چه‌ند وه‌ره‌قه‌یه‌ك بوو ده‌مان نوشتانده‌وه، هه‌رچه‌نده ههمووخوێندكارهكان ومامۆستاكهش ئافره‌ت بووین كه چی عه‌یب بووباسی بكه‌ین و نهماندهخوێند. ئاخر ئه‌وانه‌یه نه‌گبه‌تی، خۆ دایكم و خوشكه‌كانیشم كه له من گه‌وره‌تر بوون هه‌ر شه‌رمیان ده‌كرد قه‌د باسی ئه‌وه‌یان بۆ ئیمه نه‌ده‌كرد، بۆیه نه‌مده‌توانی به خۆشی و ئاسایی وه‌ریگرم، ئه‌وه‌ی ده‌مزانی ئه‌وه‌بوو كه ئه‌مه هه‌یه و مانای گه‌وره بوونمه و هێلكه دروست ده‌بێت له منداڵدانم به‌س نه‌مده‌زانی چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م، یا چۆن باسی بكه‌م… كه به ته‌واوی دڵنیا بووم سوڕی مانگانه‌م هه‌یه، دڵم توند بوو، هه‌ستێكی ناخۆشم هه‌بوو ده‌ستم كرد به گریانێكی زۆر به كوڵ، خۆشم نازانم ئهوگریانه بۆ گرتبومی، خۆ له‌وانه‌شه بۆ جێهێشتنی قۆناغی مناڵیم گریابێتم، نازانم چی بوو به‌ڵام مه‌پرسه چه‌ند بێتاقات بووم. چیم كرد، به‌گریانه‌وه به په‌له چومه ژووره‌وه له كهنتۆرهكهمدا ماکسیه‌کی کوده‌ری خۆم، بیرمه كه پرته‌قاڵی بوو گه‌ڵای بچوكی سه‌وزی تیا بوو، پارچه پارچه‌م كرد و پارچهیهكیم به جوانی قه‌د كرد‌و خستمه سه‌ر ده‌رپێ كورتێكی پاك و له پێم كرد. ئنجا وورده وورده ئازاره‌كه‌م زیاد ده‌بوو نه‌مده‌زانی چی باشه و چی بكه‌م. نه‌مده‌ویست که‌س پێم بزانێ، هه‌رچه‌نده شاردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده ئاسان نه‌بوو چونكه له ماڵه‌وه زۆر بووین و هه‌موو هه‌ر پێکه‌وه بووین و له ژوورێكدا ترنجا بووین. شوێنێکی تایبه‌تی نهبووخۆمی تیا بتلێنمهوه تا ئازاره‌كه‌م نامێنێ، بۆیه زۆر قورس بوو بۆم. ئه‌وه‌نده ئه‌و شه‌رمه زاڵ بوو به‌سه‌رمدا به‌و ئازاره‌وه دانم به خۆمدا ده‌گرت وام نیشان ده‌دا كه هیچ نییه. هه‌رگیز په‌ڕۆ و شتیشم نهدهشوشت ده‌مكرده ناو سه‌تڵی خۆڵه‌كه‌وه، ئێ گه‌ر بمشتایه پێیان ده‌زانیم. بۆیه هه‌ر ماكسی بوو دهمدڕی ئیتر هی خۆم بوایه یا هی ئه‌وانی تر كه بمزانیایه به‌كاری ناهێنن و دڕاوه یا فڕێیانداوه. گه‌ر بیرت مابێت ئه‌وكاته ئابڵوقه‌ی ئابوریه‌كه‌ی سه‌ر ئێراق هه‌بوو، كاتی گرانیه‌كه بوو، پاره كه‌م بوو، سانتی و شت هه‌ر نه‌بوو یا زۆر كه‌م بوو،هه‌رچه‌نده بیریشم لێنه‌ده‌كرده‌وه بیكڕم ئه‌وه ئاشكرای ده‌كردم و پیان ده‌زانیم كه سوڕی مانگانه‌م هه‌یه منیش نه‌مده‌ویست كه‌س بزانێت .
ئیتر ئه‌وكاته ئاوا بوو، هه‌مووی تازه بوو بۆ هه‌رزه‌كار قۆناغێكی تره، بێ ئاگایی له زۆر شت، ته‌نانه‌ت كه یه‌كه‌مجار مه‌مكم توند و ڕه‌ق بوو زۆر شه‌رمم ده‌كرد، خۆم ده‌نوشتانه‌وه بۆئه‌وه‌ی دیار نه‌بێت یا له ژێره‌وه شتی تهسكم له‌به‌ر ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی كه‌پس بێت، هه‌رچه‌نده ئازاریشی هه‌بوو گوێم پێ نه‌ده‌دا، گرنگ بوو ده‌رنه‌كه‌وم و كه‌س نه‌زانێت مه‌مكم كردووه. هه‌رچه‌نده پێم خۆش بوو زوو گه‌وره بم به‌ڵام تا ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره بونه‌كه‌م شه‌رم بوو بۆم و ده‌مشارده‌وه“
بووكێ به پێكه‌نینێكه‌وه ڕووی كرده زاوا و گووتی “شتێكی خۆشم بیركه‌وته‌وه بۆت بگێڕمه‌وه، ڕۆژێكیان لای هاوڕێیه‌كم له مه‌كته‌ب باسم كرد كه من په‌ڕۆكان كه بۆ سوڕی مانگانه به‌كاریان دێنم فڕێان ده‌ده‌م و نایان شۆم، ئه‌و به ترسه‌وه پێی گووتم؛ ئه‌وه زۆر خراپه ده‌بێت بیشۆی ئه‌گینا په‌ری به‌ست ده‌كرێیت. هه‌رگیز نه‌مبیستبوو له ژیانمدا، ووتم په‌ری به‌ست چییه ؟… گووتی؛ واتا قه‌د كه‌س به جوان ناتبینێت و كه‌س نایه‌ت بۆ داوات و ئیتر قه‌د شوو ناكه‌یت هههههه…“
زاوا دایه قاقای پیكه‌نین گووتی “وه‌ڵلا ئه‌وه به‌قوه‌ته، به‌س فشه‌یه ئه‌وه‌نیه من جوانیهكهتم بینی و شووت كرد“
بوكێ به گاڵته پێكردنێكهوه گووتی “ئاخر من له‌وه به‌دوا پهڕۆكانم ده‌شوشت، ترسام له‌وه‌ی ڕاست بێت و كه‌س به جوان نه‌مبینێت. له‌و ته‌مه‌نه‌دا زۆر پێم خۆش بوو له چاوی ئه‌وانی تره‌وه خۆم ببینم، ئیتر حه‌زم ده‌كرد كه پێم بڵێن جوانی. خۆم ورد و لاواز و ئه‌سمه‌ر و بچوك بووم، جا ئه‌وكاته له كوردستان كه‌س پێی نه ده‌گووتم جوانه. باو باوی قه‌ڵه‌وی بوو، ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌و بوایه جوان بوو، نه‌گبه‌تی بوو به‌و گرانیه كه‌س به ئاسانی قه‌ڵه‌و نه‌ده‌بوو. ئنجا خواردن گه‌ر هه‌بوایه هه‌مووی خۆڕسك و سروشتی بوو وه‌ك ئه‌وانه‌ی ئیستا نه‌بوو هه‌مووی موادی كیمیاییه یه‌كسه‌ر زل و قه‌ڵه‌وت ده‌كه‌ن. وه‌سفی مێینه وابوو؛ ده‌موچاوی سینیه، لوتی بامێ یه ده‌می نوقڵه ته‌نگه‌ی ( واته ناوقه‌دی) ئه‌وه‌نه گه‌وه‌ره‌و جوانه، ئیتر سپی بویتایه و قه‌ڵه‌و بویتایه حه‌زیان لێت بوو. خۆشیان ده‌ویستی، هه‌ر وه‌ك ئێستاش كه وایه ئه‌گه‌ر به پێوه‌ری گشتی جوان بیت كێشه نییه تۆباشی خراپی مامه‌ڵه‌ت خۆشه یا نا، خه‌ڵك هه‌رخۆشی ده‌وێیت. له‌و ته‌مه‌نه‌شدا خۆشه ئه‌وانی تر خۆشیان بوێیت و پێت بڵێن جوانه. من تازه پێده‌گه‌یشتم، هه‌موو كات له چاوی ئه‌وانی تره‌وه گۆڕانگاریه تازه‌كانی جه‌سته‌ی خۆمم ده‌بینی هه‌موو ئاره‌زوو یه‌كم ئه‌وه‌بوو جوان گه‌وره بم، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مویست لای ئه‌وانیتر جوان ببینرێم، به دڵی ئه‌وان بم. جا بۆ ئه‌وه‌ی جوان و قه‌ڵه‌و بم ده‌زانی چیم ده‌كرد؟ هه‌موو ڕۆژێك ڕۆژانه‌كه‌ی خۆم كه له باوكم وه‌رمده‌گرت نیوكیلۆ ههنجیریا لوقمی شروبیم پێ ده‌كڕی و ده‌مخوارد، شه‌وانه‌ش پێش ئه‌وه‌ی بخه‌وم به زۆر نانم ده‌خوارد، به‌رده‌وام وام ده‌كرد تا قه‌ڵه‌و و سپی بووم. ئه‌وه‌نده دڵم پێی خۆش بوو، بۆ تۆزێك هیوایهتهكهم هاته دی و زۆرێك پێیان ده‌گووتم؛ جوانی جوان گه‌وره بووی… به‌س بۆ نه‌گبه‌تی زۆری پێ نه چوو دوای چه‌ند ساڵێك مۆدێل گۆڕا… ئینجا باوی لاوازی و له‌ش و لار ڕێكی هات، باوی باربی و ناوقه‌د باریكی هات، بۆیه ئه‌مجاره به پێچه‌وانه‌وه ده‌ستم به ڕێجیم و نه‌خواردن كرد، مردم تا خۆم زه‌عیف كرده‌وه به ئێستاشه‌وه…“
بووكێ به بزه‌یه‌كه‌وه كه پڕ بوو له نائومێدی گووتی “من ئێستا له‌وه تێده‌گه‌م كه ڕوویدواوه و بۆ تۆی باس ده‌كه‌م به‌ڵام ئه‌وكاته ته‌نها له خۆ ئاماده‌كردندا بووم بۆ نمایشی ڕۆژانه‌ی جه‌سته‌ی تازه دروست بووم له به‌رده‌م ئه‌وانی تردا. به دڵی ئه‌وان هه‌ڵسوكه‌وتم ده‌كرد خۆم چۆنم و چیم ده‌وێت نازانم! ئیتر یا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی شكستخواردوو ڕۆژه‌كه‌م ته‌واو ده‌بوو یا ماندوو ترسا‌و هه‌ندێك جاریش سه‌ركه‌وتوو…“
زاوا هه‌ر به پاڵكه‌وتنه‌وه سه‌ری خسته سه‌ر شانی بووكێ و توند باوه‌شی پیدا كرد گووتی “له كوێ بووم ئه‌وكاته هۆنراوه‌ی دنیام بۆ بنوسیتایهو تێر خۆشم بویستیتایه!“
بووكێ به نازێكهوه گووتی “ئا حه‌زم له وه بوو کوڕێک هه‌بێت و خۆشی بوێم و خۆشم بوێت، به‌س زۆر قورس بوو، نه له مه‌کته‌ب نه له هیچ شوێنێک هاورێێ کوڕم نه‌بوو، زۆر زۆریش له باوکم ده‌ترسام. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه حه‌زم لێان بوو به‌ڵام به‌ڕاستی له کوڕیش ده‌ترسام. ئێ خۆ هه‌رچی فلمی عه‌ره‌بی و مصری وهندی و کوردیش هه‌بوو که ئه‌وکات ده‌مانبینی ، ئه‌وه بوو که کچه‌کان ساویلکه‌ن، دوای حه‌زو عه‌شقه‌كانیان ده‌كه‌ون، به‌ڵام کوڕه‌کان پێێان ڕاده‌بوێرن و پاشان له‌ملاو لا باسیان ده‌که‌ن و حه‌یایان ده‌به‌ن یا له‌وانه‌یه بگاته ئه‌وه‌ی سکیان پڕبێت و بیانکوژن و ئه‌و شتانه. هه‌ر بۆیه زۆر زۆر ده‌ترسام و حه‌زه‌که‌م له دڵی خۆمدا هه‌ڵگرتبوو، یا حه‌زم له پاڵه‌وانی فلمه‌کان ده‌کرد. بڕوا ده‌که‌ی که پێت بڵێم که حه‌زم له دایسکی بوو له ئه‌فلام كارتۆنی گرندایزهردا، له خه‌ومدا شوم پێ ده‌کرد…“
هه‌ردووكیان سه‌یری یه‌كیان كردوو ده‌ستیان كرد به پێكه‌نین. تۆزێك به بێده‌نگی چاویان پڕیه چاوی یه‌كتری و زاوا نزیكتر لێی ڕوانی وده‌ستی كرد به ماچكردنی ڕوومه‌ت و ملی و وورده وورده ده‌ستی برد بۆ سنگی و به‌ده‌م ماچكردنه‌وه لێی پرسی “دایسكی ئاوا ماچی ده‌كردی كه ش‌وت پێكرد؟“
بووكێ كه گیانی گرژ بوبو له نێوان گێڕانه‌وه و یاده‌وه‌ری و جه‌سته‌ی خرۆشاوی دا تۆزێك بێده‌نگ مایه‌وه له كاتێكدا زاوا به‌رده‌وام بوو له ماچ كردنی و هه‌ڵگڵۆفینی سنگ و مه‌مكی. له پڕێكدا بووكێ خۆی ڕاتهكاندو كه‌وته سه‌رلا و توند ده‌ستی له كه‌مه‌ری زاوا گیركرد، لێوی خسته سه‌ر لێوی و ماچی كرد بۆ ماوه‌یه‌ك لێوی یه‌كیان مژی و ماچیان كرد، پاشان سه‌یری ناو چاوی یه‌كتریان كرده‌وه‌و بوكێ هه‌ستایه‌وه، له‌سه‌ر جێگه‌كه له ته‌نیشت زاواوه كه له‌سه‌رلا ڕاكشابوو دانیشت، هه‌ردوكیان بێ جوڵه ماوه‌یه‌ك به بێده‌نگی مانه‌وه.
بووكێ به بزه‌یه‌كه‌وه په‌نجه‌كانی به نینۆكێكی سووره‌وه چه‌ندجارێك به‌سه‌ر لێویدا هێنا و ڕوویكرده زاوا گووتی “ئه‌وه چی بوو هه‌ست به لێوی خۆم ناكه‌م سڕ سڕ بووه!“
زاوا به پێكه‌نینه‌وه سه‌یری كردوو گووتی “زۆر خۆش بوو زۆر، ده‌ستی بۆ ناوگه‌ڵی ڕ‌اكێشا، سه‌یركه چیم لێ هاتووه…“
بووكێ به‌شه‌رمێكه‌وه و هه‌ر به دانیشتنانه‌وه ڕووی وهرگێرابۆ سه‌ر زه‌ویه‌كه و به ههناسهیهكهوه گووتی “ئا زۆر خۆش بوو، خۆشیشه بۆ له‌م كولتوره‌دا ئه‌م هه‌موو یاسا‌و ئاسته‌نگ و تۆقینهیان بۆ ماچێك داناوه نازانم؟ نه‌خێر، له خه‌ونیشمدا و له‌گه‌ڵ کارتۆنێکیشدا یا له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانی زنجیره تهلهفیزیۆنهكاندا نه‌مده‌توانی هیچ بكه‌م، هه‌رچه‌نده زۆریشم حه‌ز لێ بوو هیچم نه‌ده‌كرد، ئیتر نه‌زانی و گێژی خۆم بوو یا ترس بوو، چونكه به ته واهی جه‌سته‌م دیلی ترس بوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا پێویستیم به هه‌بوون وبهركهوتنی ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر بوو، ئێ خۆ نه‌شمده‌زانی چۆن؟ قسه‌ی خۆش و پیاهه‌ڵدان و ناز هه‌ڵگرتن و ئیتر چوزانم ئه‌م شتانه‌م زیاتر بیر لێ ده‌كرده‌وه‌و ده‌مویست هه‌مبێت. هه‌رگیز بیرم نایه‌ت شه‌یتانی و شت بوبێتم، ده‌زانم من ئه‌و به‌شه‌ی جه‌سته‌و حه‌زی خۆمم به‌ته‌واوی نه‌ده‌ناسی. هه‌سته‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كچێكی زۆر ترسنۆك گوێڕایه‌ڵ و به دڵی كۆمه‌ڵگه بووم، حه‌زه زۆره‌كه‌م كپ كردبوو، ئاڕاسته‌ی ویستهكانم به ئاسانی ده‌گۆڕی. ئه‌گینا ماچ و شتێكی ئاسایم له فیلمێكدا ببینیایه گیانم گرژ ده‌بوو جه‌سته‌م به‌شێوه‌یه‌ك ده‌گۆڕا كه تێینه‌ده‌گه‌یشتم، قوزم ته‌ڕ ته‌ڕ ده‌بوو به‌ڵام ئه‌وه‌نده ساویلكه‌و نه‌زان بووم نه تێی ده‌گه‌یشتم ونه دهستپهڕیشم ده‌زانی. زۆرجار بیستبووم که ده‌توانی ده‌ستی خۆت یا قاچت به‌کاربهێنیت و بگه‌یته چێژ یا ئۆرگازم به‌س هه‌رگیز له كه‌س گوێم لێ نه‌بوو، نه‌مده‌زانی ڕاسته یا درۆ یا چۆن ده‌کرێت، یه‌ك دوو جاریش له حه‌مام تاقیم كرده‌وه به‌س نه‌مزانی چۆنه هیچم نه‌كرد، هه‌تا ئه‌وه‌ش له‌م دوایانه‌دا فێر بووم… به ڕاستی باسی ئه‌وه‌ی که من پارچه‌یه‌کم لێ بڕاوه و خه‌ته‌نه كراوم كاریگه‌ری زۆری کردبووه سه‌ر من. هه‌میشه ئه‌و کچانه‌ی كه خه‌ته‌نه كراون به نوقسان ناوزه‌ند ده‌كران، هه‌میشه پسپۆران ده‌یانگووت؛ ئه‌م كچانه چیتر چێژ نابینن كێشه‌ی زۆریان ده‌بێت له هاوسه‌رگیریدا. له کۆڕ‌و سمینار‌و سه‌ر ته‌له‌فیزیۆنه‌كانه‌وه به‌به‌رده‌وامی ئه‌مه‌یان ده‌گووت، وابزانم هه‌ربۆیه قه‌د ئه‌و ڕۆژه‌ی خه‌ته‌نه كردنه‌م تینهپهڕاند و به قورسی لام مایه‌وه وهه‌میشه هه‌ستم ده‌کرد نوقسانم و خۆم وه‌ك قوربانی ده‌بینی. به‌ڵام وه‌ك گووتم؛ به‌رده‌وام حه‌زم له‌وه بووه كه كوڕێك منی خۆشی بوێت و خۆشم بوێت…“
زاوا به‌سه‌رسوڕمانه‌وه گووتی “چۆن كوڕێك هه‌ر نه‌بوو؟“
“با…هه‌بوو…“ (بوك به ده‌نگێكی كپ و دوودڵیه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه) “به‌ڵام به‌داخه‌وه په‌یوه‌ندیه‌كی دزی و پڕ ترس و نه‌زانین بوو. ئه‌مه باسی ههرزهكاریت بۆده‌كه‌م کوڕێک هه‌بوو دراوسیمان بوو، ئێ ئه‌وكاتانه هه‌ر دراوسێ ههبووحهزی لێ بكه‌ین. ئه‌و له ته‌مه‌نی خۆمدا بوو شانزه بۆ حه‌ڤده ساڵانێك ده‌بووین، ئه‌و باڵایه‌كی مامناوه‌ندی هه‌بوو، باریك و ئه‌سمه‌ر بوو سمێڵێكی ته‌نكی ڕه‌ش و قژێكی خاوی ڕه‌شی هه‌بوو. ئیشی ده‌كرد و نه‌یده‌خوێند، به‌ڵام من به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌و زۆر حه‌زم له قوتابخانه‌و خوێندن بوو. ده‌زانی له‌وكاتانه‌دا هیچ پێوه‌رێكم نه‌بوو. كێشه‌م نه‌بوو كه ئه‌و ناخوێنێ، پاره‌ی نییه، ئیشی چی ده‌كات، قۆزه لای خه‌ڵك یا نا. من به دڵم بوو ئه‌وم ده‌ویست، ئیتر ئاوا حه‌زمان له‌یه‌ك بوو، نازانم چۆن حه‌زێك بوو به‌ڵام به ڕاستی خۆشم ده‌ویست. هه‌موو ئێوارانێك ده‌مزانی كه‌ی له ئیش ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌به‌رده‌رگا ده‌وه‌ستام تا ده‌رده‌كه‌وت، به بزه‌وه سه‌یری یه‌كمان ده‌كرد و زۆر به هێواشی ده‌ڕۆشت. حه‌زمان ده‌كرد كات بوه‌ستێنین و هه‌تا هه‌تایه سه‌یری یه‌ك بكه‌ین. ئیوارانی هاوین سهیركردنهكهمان درێژ تر بوو، به‌بیانوی جێگه داخستنه‌وه ده‌چوومه سه‌ربان، ماڵی ئه‌وان كه‌وتبووه پشتی ماڵی ئێمه‌وه و چه‌ند ماڵێكمان به‌ین بوو. به‌ڵام بێئه‌وه‌ی یه‌ك وشه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌ك گووتبێت، ئه‌و ده‌یزانی كه‌ی من له سه‌ربانم و من ده‌مزانی ئه‌و كه‌ی دێت و له سه‌ربانی ماڵی خۆیان به‌رامبه‌رم ڕاده‌وه‌ستێ. ستاره‌ی ماڵه‌كان كه هه‌ندێكیان به بلۆك چهندڕیزێكیان دانابوو، هه‌ندێكیان هه‌ر نه‌شیان بوو، بۆ ئێمه فرسه‌ت بوو تێرتێر سه‌یری یه‌كمان ده‌كرد، تاوه‌كو دره‌نگانێك دنیا تاریك ده‌بوو یه‌كترمان لێ ونده‌بوو ده‌ماینه‌وه. پاشان به ئاگری جگهرهكهیدا ده‌مزانی له‌كوێیه و له جوڵهكانیم ده‌ڕوانی. هه‌موو شتێكی ئه‌و بۆ من چێژ به‌خش بوو، خۆ من نه‌مده‌زانی ئه‌و چۆن بیرده‌كاته‌وه‌و قسه ده‌كات به ده‌نگی ئه‌و قسه‌م بۆ خۆم ده‌كرد، من به دڵی خۆم و به ده‌نگی ئه‌و نازی خۆمم هه‌ڵده‌گرت هه‌رچیم بویستایه ئه‌وه‌ی پێ ده‌گووتم، بۆیه ڕۆژ به‌ڕۆژ هۆگری ده‌بووم و خۆشمده‌ویست، هه‌موو كاتێكی داگیر كردبووم…“
زاوا كه هێشتا ڕاكشابوو له پشته‌وه له شانه داچهكاوهكهی بووكێی ده‌ڕوانی و گوێی بۆ گرتبوو كه به قووڵی ڕۆچووبووه ناو یادگاریهكانیهوه، هه‌ستا و له ته‌نیشتیه‌وه دانیشت و ڕووی كرده بووكێ و گووتی “هه‌ر ئه‌وه‌نده، بۆ پێكه‌وه قسه‌تان نه‌كرد؟“
“ئا هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو، جارێكیان به خوشكه بچوكه‌كه‌یدا نامه‌یه‌كی بۆ ناردم، ده‌زانی چی نوسیبوو؟ هێشتا به‌جوانی له بیرمه، له‌سه‌رپارچه وه‌ره‌قه‌یه‌كی دڕاوی خه‌ت خه‌ت به جافێكی شین نوسیبووی: له من گوڵ ناردن له تۆ بۆن كردن شه‌رته هاوڕێ بین تا ڕۆژی مردن…“
هه‌ردووكیان دایانه قاقای پێكه‌نین. زاوا گووتی “داماوه له‌و هۆنراوه ڕۆمانسیه چۆن خۆتت گرت؟ ئێستا نه‌بێت كۆپی هه‌زار هۆنراوه به ده‌قه‌یه‌ك بۆ ڕه‌وانه ده‌كات…“
بووكێ سه‌یری چاوه‌كانی زاوای كردوو گووتی “ده‌زانی من به‌لامه‌وه جوانترین نامه بوو، ده‌ست و خه‌تی خۆی بوو، ساده‌ی و پاكی و زانیاری ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی ئێمه و ئه‌و كاته بوو، له‌گه‌ڵیشیدا سنووری پێكه‌وه‌بوونی ئیمه بوو، كه نه كات و نه شوێنێك هه‌بوو ڕێگه به نزیكبوونه‌وه‌مان بدات. دیسانه‌وه ترس، ئه‌وه‌نه ده‌ترسام قه‌د هیچی لێ سه‌وز نه‌بوو،ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی نامه‌كه‌شم نه‌دایه‌وه، له خوشكه‌كه‌ی توڕه بووم و پێم گووت؛ جارێكی تر ئه‌مانه بۆ من نه‌هێنی باوكم بزانێت هه‌مومان ده‌كوژێت. ئه‌ویش له من ترسنۆک تربوو، ئیتر هیچ نامه‌یه‌كی نه‌نارده‌وه و هیچ هه‌وڵێكی تری نه‌دا… به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی و خه‌یاڵه‌كانمه‌وه مامه‌وه، كه ڕۆژێك بێته داوام و شووی پێ بكه‌م، به‌ڵام ئه‌و سه‌فه‌ری كرد بۆ هه‌نده‌ران. زۆر دڵگران بووم كه ڕۆیشت، زۆر خه‌مم بوو شتێكی ناخۆشی به‌سه‌ر بێت له ڕێگا، ئه‌و به‌قاچاخ و به پێ سه‌فه‌ری كرد، وه‌ك هه‌موو كوڕه گه‌نجه‌كانی ئه‌وكاته كه ووڵاتیان جێهێشت، گه‌ر نهڕۆیشتنایه ژیانیان لێره بۆ دروست نه‌ده‌كرا. به‌و گرانی و بێ پاره‌یی و بێ ئیشییه، بۆیه ڕێگای هات و نه‌هاتیان ده‌گرته به‌ر، ئیتر یان ده‌مردن یان ده‌گه‌شتن، زۆر بێ باكانه بهرامبهرخۆشهویستهكانیان، شاره‌كه‌یان پر كرد له كچی چاوه‌ڕوان…“
زاوا قسه‌كانی پێ بڕی و به پهڕۆشیهكهوه لێی پرسی “ئه‌ی چی بوو گه‌شت؟ مرد؟ چاوه‌ڕێت كرد؟“
بووكێ كه له ته‌نیشت زاواوه دانیشتبوو هه‌ستایه سه‌رپێ وله‌به‌رده‌م زاوادا وه‌ستاو پێی گووت “ئه‌و گه‌یشته ئه‌وروپا له خێزانه‌كه‌یه‌وه هه‌واڵیم ده‌زانی، به‌رده‌وام ده‌مویست بزانم چی به‌سه‌رهاتووه، چاوه‌ڕێم كرد، ته‌نانه‌ت وازم له خوێندنیش هێنا، چونكه زۆر دڵنیا بووم ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و له ئه‌وروپا بژیم…“
“چی چی وازت له خوێندن هێنا؟“ زاوا به په‌رۆشیه‌وه لێی پرسی..
“به‌ڵێ، له پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندیی بووم یه‌ك سفرم هه‌بوو، نه‌چومه تاقیكردنه‌وه‌و ده‌رنه‌چووم. ئه‌مه باوكمی زۆر تووڕه كرد، سوێندی خوارد‌و گووتی؛ كه هه‌رگیز جارێكی تر بۆم نییه بچمه‌وه قوتابخانه. ئه‌و ساڵه له ماڵه‌وه دانیشتم، هه‌ستم به ناخۆشیه‌كی زۆر كرد، هیچ نه‌بوو بیكه‌م، به‌س زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی هه‌بوو ئه‌ویش كاره‌با نه‌بوو سه‌یری بكه‌ین، له ڕادیۆ گوێمان لێ ده‌گرت. حه‌زم له‌وه بوو شت فێر ببم، زمان یا هه‌ر كۆرسێكی تر وێنه، مۆسیقا، هیچ نه‌بوو. خولیاكانم له ناوه‌وه ته‌واو بێزاریان كردبووم له‌لایه‌كی تره‌وه بیرم له خۆشه‌ویستی ده‌كرده‌وه‌و وامده‌زانی كه ئه‌وه‌نده‌م به‌سه تا بێتاقه‌ت نه‌بم. به‌هه‌رحاڵ ئه‌م شه‌ڕه ڕۆژانه له ناو مندا به‌رده‌وام بوو، تا له كۆتایدا دركم به‌وه كرد كه به‌ڕاستی ناتوانم زیاتر خۆم بخه‌ڵه‌تێنم ده‌بێت ده‌ست بكه‌مه‌وه به خوێندن. لای دایكم باسم كرد، گووتی؛ وس هه‌ر باسی نه‌كه‌یت، باوكت سوێندی خواردووه شتی وانییه، تۆ وازت له خوێندن هێنا به قسه‌ی كهسمانت نه‌كرد، تازه ناتوانی هیچ بكه‌یت. به‌ڵام من سوور بووم و وازم نه‌هێنا، باوكم ڕازی نه‌ده‌بوو ئاماده نه‌بوو یه‌ك فلسم باتێ بۆ كڕینی پێداویستی مه‌كته‌ب و پێڵاو جانتاو ئه‌و شتانه… وه‌رزی هاوین به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌ڕۆشت و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندنگه نزیك بوو، باوكیشم هه‌ر قایل نه‌ده‌بوو، هه‌موو خزمه‌كانم تێگه‌یاند تكایان لێ‌كرد لێم ببوورێت سوودی نه‌بوو. بێ هیوا بووم، ڕۆژێكیان به‌ده‌م گریانه‌وه به‌رگی سهرینهكانم ده‌گۆری بینیم كه خوری مه‌ڕ له ناو سهرینهكانماندایه! خوریهكهم ده‌رهێنا، سپی و قاوه‌ی، تازه‌و بۆنخۆش. له ماڵی یه‌كێك له هاوڕێكانم كه له گه‌ڕه‌گی خۆمان بوون بینیبووم، ئه‌م خورییهیان ده‌كڕی و پاشان ده‌یانڕست و ده‌یانفرۆشت. چووم لای ئه‌وان پرسیارم كرد، زانیم پاره‌ی باش ده‌كات ئه‌گه‌ر بیڕێسیت، هه‌رچۆنێك بێت به ماوه‌یه‌كی كه‌م باش خۆم فێركرد، پاشان تهشیم لێ قه‌رز كردن و چی سه‌رین خوری تیا بوو ده‌رم هێنا و ڕستم. ئنجا ئه‌وانه‌م هه‌مووی برده بازاڕ و فرۆشتم، بیرمه بایی هه‌شتا دیناری ئه‌وكاته بوو، هه‌موویم دا به جل وپێڵاو جانتا. كه باوكم پێی زانی،پێی خۆش بوو هیچ ڕێگریهكی نه‌كرد، چوومه قوتابخانه و ناوی خۆم نوسیه‌وه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه. ئاوا به‌رده‌وام بووم…
ئه‌م ڕووداوه زۆر شتی له ژیان و بیركردنه‌وه‌ی مندا گۆڕی، زانیم ئه‌توانم یاخی بم، پشت به‌خۆم ببه‌ستم، زانیم ئه‌گه‌ر شتێكم وویست ده‌توانم و به‌ده‌ستی ده‌هێنم. ئیتر وورده وورده ئه‌و كوڕه‌م هه‌ر له بیرم كرد، ئه‌ویش هه‌روا بوو، چونكه تا ئیستا له منی نه‌پرسیه‌وه… من له‌گه‌ڵ گهورهبونمدا وویستهكانم گۆڕا و چیتر ئه‌و كوڕی خه‌ونه‌كانم نه‌ما، پێویستیم بۆ كوڕێك كه نازم هه‌ڵبگرێت و ماڵم بۆ دروست بكات و خۆشی بوێم و ماچم بكات و ده‌ست له جه‌سته‌م بدات گۆڕا، تێ گه یشتم كه په‌یوه‌ندی من و ئه‌و ته‌نها حه‌زێكی هه‌رزه‌كارانه بوو. هه‌ڵبه‌ت له كاتی جیاوازی ته‌مه‌نم دا ویستهكانم بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌مویست بیناسم و شوی پێبكه‌م جیاواز بوو، هه‌ندێكجار ده‌مویست ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، قۆز بێت هه‌ندێك جار ڕۆمانسی و هه‌ندێك جاریش ده‌مویست خوینده‌وار و ڕۆشنبیر بێت.
خه‌ڵكی زۆرم ناسی له‌گه‌ڵ كوڕی تردا ژووانم هه‌بوو، به‌ڵام بیكردنه‌وه‌ی زۆرم هه‌بوو هه‌رگیز وه‌ك یه‌كه‌م جار نه‌بووم. به‌رده‌وام له دوودڵیه‌كی گه‌وره‌دا بووم كه بڕیارم بۆ نه ده‌درا؛ كه ئایا من له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سه ده‌مه‌وێت ژیان بكه‌م؟ ئه‌وپڕۆسه‌یه بۆ من ڕۆژ به ڕۆژ قورس‌تر ده‌بوو. ئاخر گه‌ر جارێك شوو بكه‌یت ناوت له كچه‌وه ده‌بێته ژن و پاشان گه‌ر پڕۆسه‌كه سهركهوتوونهبێت و جیاببیته‌وه ده‌بیته بێوه‌ژن. ئینجا یه‌ك دونیا ته‌گه‌ره له‌به‌رده‌متا ده‌وه‌ستێت و قورس ده‌بێت به ته‌نیا بژیت یاخود جارێكی تر هاوسه‌رگیری بكه‌یته‌وه. له‌وه‌ش قورس‌تر ئه‌وه بوو، كه ده‌بوو هه‌ر ئه‌م بڕیاره بده‌م و شوو بكه‌م ئه‌گیان نازناوی قهیرهم لێ نرابوو كه زۆر تۆقێنه‌ر بوو… تۆ ناتوانی به‌ته‌نها بژیت له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه، دایك و باوك تاسه‌ر، بۆكه‌س نامێنێت. ئیتر هه‌ر خه‌ڵكی پیر و په‌ككه‌وته داوای تۆ ده‌كه‌ن، ئه‌م قسانه به‌به‌رده‌وامی به‌گوێمدا ده‌دران. له‌مانه‌ش ناخۆشتر گه‌ر كه‌سێكیش هه‌بوایه و ههستمبكردایه گونجاوه بۆ من ده‌بوو چاوه‌ڕوان بم پێمبڵێت؛ كه ئه‌و منی ده‌وێت. یاسا قۆرهكه وا نه‌بوو وا نییه كه ده‌بێت كوڕ به كچ بڵێت و داوای بكات، ده‌بێت من ته‌واو ئه‌و جوانه بم كه دڵی ئه‌و ده‌یه‌وێت؟ به‌رده‌وام بیرم ده‌كرده‌وه، من ڕازی و دڵخۆش نه‌بووم، پرسیاری زۆرم ده‌كرد و به وه‌ڵامه‌كان ڕازی نه‌ده‌بووم. به‌رده‌وام له توانا‌و هێزی خۆمم ده‌پرسی؟ هه‌ر ئه‌م پرسیارانه‌م منیان وێڵ كرد. توانیم به زۆر شت بڵێم نه‌خێر، زۆرجاریش شتێكی جیاوازیان نیشان بده‌م له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد. ده‌مزانی پرسیاره‌كانم له‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژیم هۆكاری ئه‌وه‌بوون كه زۆر ته‌نیا، زۆر ماندوو بم، هه‌وڵم زۆر ده‌دا تێبگه‌م و شه‌ڕ بكه‌م به‌ڵام هه‌رگیز ئازایه‌تی سنوربهزاند و دروست بوونه‌وه و یاخی بوونم نه‌بوو“
زاوا كه به دانیشتنانه‌وه سه‌ری به‌رزكردبۆوه سه‌یری بووكێ ی دهكردو گوێی بۆ گرتبوو، هه‌ردوو ده‌ستی بوكێی گرتوو به خۆشیهكهوه پێی گووت “به‌ڵێ یاسا قۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه وایه بۆ تۆ كه مێینه‌ی به‌م شێوه‌یه بۆ منیش به شێوه‌یه‌كی تر كه‌پسی كردووین. به‌ڵام پێم خۆشه كه ئه‌م هه‌موو ترس و سنوور و به‌ربه‌ستانه ڕێگر نه‌بوون له‌وه‌ی كه تۆ دروست بیت، كه تۆ به من بڵێی خۆشم ده‌وێیت، من بیرم نایه‌ت سه‌ره‌تا كاممان به‌یه‌كترمان گووت به‌ڵام ئه‌زانم كه ئه‌م هه‌موو ساڵه به‌دوای تۆدا ده‌گه‌ڕام و هه‌رگیز بڕوام نه‌ده‌كرد له‌م شاره‌دا هه‌بیت“
بوكێ ده‌ستی زاوای به‌رداو به كراسه شه‌پ و شۆڕهكهیهوه و به شانه داچهكاوهكهیهوه به ده‌م ڕۆشتنه‌وه به‌ره‌و كه‌نتۆری ژووره‌كه‌یان كه جانتای جله‌كانیانی تیا‌بوو گووتی“ ئه‌م ڕووداوانه‌ی كه زۆر به‌كورتی بۆم باس كردی هۆكاری بیركردنه‌وه‌ی ئێستای منن، ناخۆشی و ئازاری زۆرم بینی به‌ڵام ده‌زانم ئێمه به‌ئێستاشه‌وه پڕین له ترس و دڵه‌ڕاوكێ، ڕاسته توانیمان له زۆر شت تێبگه‌ین، زۆر ئاسته‌نگ ببڕین، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه و چوار دهورههمیشه له‌گه‌ڵماندان و له ناوماندان…“
خاولیه‌كی سپی گه‌وره‌ی ده‌رهێنا خستیه سه‌ر شانی و به زاوای گووت، هه‌سته خۆت بگۆڕه‌و شتێك له‌به‌ربكه، ئاوا زۆر ناشرینی، من ئه‌چم خۆم ده‌شۆم ئه‌م هه‌موو ده‌رمانه له خۆم ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌ڵێی وورچی پاندام.
له‌گه‌ڵ داكه‌ندنی عهزیهكهیدا به لا چاوێكه‌وه سه‌یری زاوای ده‌كرد و به‌رده‌وام بوو له قسه‌كردن “بزانین ئه‌م شه‌و چی ده‌بێت، ده‌زانی چه‌ند خه‌وی ترسناكم به‌م شه‌وه‌وه بینیووه؟ به پێكه‌نینێكی گاڵته ئامێزه‌وه، ده‌ترسام و ده‌ترسم خوێنم نه‌بێت، تۆ بڵیی جارێك كه‌وتبێتم؟ یان وه‌ك هه‌ندێك كه‌س ده‌یانگووت شتی ترشم خواردبێت؟ چوزانم له‌وانه‌یه په‌نجه‌ی ئه‌و پیاوه پیس و بێ ئه‌ده‌بانه‌ی كه له ناوبازاڕو ته‌نانه‌ت له پاسه‌كاندا ده‌ستیان بۆ ده‌بردم وایان لێكردبێتم بترسم خوێنم نه‌بێت…“
بووكێ به‌رده‌وام بوو له خۆ ڕووتكردنهوهو زاواش به تاسه‌وه ته‌ماشای ده‌كردوو گوێی بۆ ده‌گرت و هیچی نه‌ده‌گوت. به‌ده‌م قسه‌كردنه‌وه وورده وورده هه‌موو جله‌كانی داكه‌ند، ڕووت و قوت به‌س خاولیه‌كه به‌شانه‌وه بوو.
“ بڕوا ده‌كه‌ی به‌و قرچه‌ی هاوینه گه‌رمه پیسه بوایه یا زستان من سێ چوار پانتۆڵم له‌به‌ر ده‌کرد تا که‌س ده‌ستی نه‌گاته ناو گیانم به‌تایبه‌تی گه‌ر بڕۆشتمایه بۆ ناو بازاڕی گه‌وره‌و كۆنه‌كه، نه‌مده‌ویست هه‌ست به‌و ده‌سته زبره پیسه حیزانه بکه‌م…“
پاش تۆزێك خاولیه‌كه‌ی له نیوه‌ی جه‌سته‌ی خۆی ئاڵاند به شیوه‌یه‌ك كه ته‌نها شانه‌كانی له‌سه‌ره‌وه‌و قاچ و پوزی له خواره‌وه دیار بوو، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی مهكیاجهكهیهوه دهمو چاوی ته‌واو شێوابوو. له زاوا نزیكر بۆوه، كه هێشتا له‌سه‌ر ته‌خته خه‌وه‌كه به بێده‌نگی دانیشتبوو سه‌یری ده‌كرد، له‌به‌رده‌میدا دیسان به‌پێوه وه‌ستا و پێی گووت “ده‌زانی هه‌ندێك جار به‌و هه‌موو پانتۆڵه‌ی كه له پێمدهكرد هه‌ستم به په‌نجه‌یان ده‌كرد له‌ناو گیانمدا، ئاوڕمده‌دایه‌وه نه‌مده‌زانی كێ بووه، جا گهربشم زانییایه، نه‌مده‌وێرا هیچ بڵێم. زۆر ناخۆش بوو، هه‌میشه بۆ پێویستیه‌ك ده‌چوومه بازار به‌ڵام به بیركردنه‌وه له‌و شتانه هه‌موو گیانم ده‌بوو به دوو دڵی و هه‌ستێكی ناخۆش. له ڕێگا، له تاكسی و له پاس هه‌مووی هه‌ر دوودڵ له‌وه‌ی كه‌سێك نه‌یه‌ته نزیكت و گێچه‌ڵت پێ بكات… ئا، شتێكت بۆ بگێڕمه‌وه؛ ڕۆژێكیان له زانكۆ ده‌گه‌ڕامه‌وه له پاسه‌كه‌دا دانیشتبووم، چاوه‌روان بووین پاسه‌كه پڕ ببێت و بڕوات. خه‌یاڵم ڕۆشتبوو له په‌نجه‌ره‌ی پاسه‌كه‌وه له ده‌ره‌وم ده‌ڕوانی و خۆری گه‌رمیش له په‌نجه‌ره‌كه‌وه له ڕووخسارمی ده‌دا. ده‌فته‌رێكی گه‌وره‌ی به‌رگ ڕه‌قم له‌سه‌ر كۆشم دانابوو، هه‌ستم به گه‌رمیه‌ك كرد له سه‌ر ڕانم، ئاسای بوو چونكه كه‌ش و هه‌وا زۆر گه‌رم بوو، به‌ڵام له پڕ ڕووم وه‌رگێڕا بۆ ناو پاسه‌كه و ده‌فته‌ره‌كه‌م له سه‌ر كۆشم هه‌ڵبڕی ،سه‌یر ده‌كه‌م ئه‌و پیاوه‌ی له ته‌نیشتمه‌وه‌یه، له ژێر دهفتهرهكهوه ده‌ستێكی خستۆته سه‌ر ڕانم و خۆی تێكنادات و زۆر ئاسایی سه‌یری پێشه‌وه ده‌كات. له‌و ده‌سته‌ی ئه‌ڵقه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاڵتونی هاوسه‌رگیری له په‌نجه‌دا بوو. ڕووم تێكرد وویستم پێی بڵێم؛ ده‌ست شوێنی نابێته‌وه له پاسه‌كه‌دا سه‌یرم كرد و ناسیمه‌وه كه هاوسه‌ری كچێكی هاوڕێم بوو له ئاماده‌یی، و ناویشیم ده‌زانی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و منی نه‌ده‌ناسیه‌وه. بۆیه بێ دوو دڵی سڵاوێكی گه‌رمم لێ كرد‌و كاك فڵان چۆنی باشی هه‌واڵی هاوسه‌ره‌كه‌یم لێ پرسی… كه زانی من ده‌یناسم، ده‌توانی د‌رك به‌وه بكه‌ی كه چه‌ند شڵه‌ژاو ته‌ریق بۆوه، ده‌موچاوی گۆڕا به ده‌نگێكی نوساوه‌وه وه‌ڵامیدامه‌وه؛ زۆر سوپاس و یه‌كسه‌ر له پاسه‌كه دابه‌زی. من بێزاربووم له‌وه‌ی كه شوێنێكی گشتی نه‌بوو كه چاوی بز و وشه‌و ده‌ستی زبری تیا نه‌بێت. وشه‌ی (به‌قوربانت بم) وه‌ك فیشه‌كێك بوو بۆ سه‌ر جه‌سته كه ته‌نانه‌ت نه‌تده‌توانی به سه‌یركردنێكی تووڕه‌ش وه‌ڵامی بده‌یته‌وه. به‌ناو ئه‌و قه‌ڕه‌باڵغیه ده‌ڕۆشتی وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌نگه‌رێكدا بیت له گه‌ڵ گێچه‌ڵ كردن‌دا. دواجار ئه‌مه شتێك نه‌بوو كه له‌گه‌ڵی ڕابێیت، ده‌بوو ڕووبه‌ڕووی ببیته‌وه، به‌رده‌وام بیت له‌گه‌ڵی له‌گه‌ڵیشیدا خه‌و به‌ده‌ست و وشه و ماچ و ئامێزی ئه‌و كوڕه‌وه ببینی كه ڕۆژێك دێته ژیانته‌وه‌و خۆشی ده‌وێیت و خۆشت ده‌وێت.
سلێمانی ٢٠١٩
بۆ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی (دیداره مه‌زنه‌كه – چیرۆكی یه‌كه‌م – موحه‌مه‌د ناكام)