ئێمه هه‌بووی به‌ر ڕووناكین … ڕووناكییه‌كه تۆیش نابینا ده‌كات
نووسه‌ر و شاعیری سویدی (یوهاننا ئێكستروێم) له‌دایكبووی ساڵی ١٩٧٠ و دانیشتووی شاری ستۆكهۆڵمه. ئه‌و كچی نووسه‌رانی سویدی (پێر ڤێستبێری) و (مارگه‌رێتا ئێكستروێم)ه و هاوژینی (تۆماس لاپالاینێن)ی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس بووه و پێكه‌وه كچێكیان هه‌یه. یوهاننا به‌ده‌ر له نووسه‌رێتی، هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافه. ساڵی ١٩٩٣ یه‌كه‌م كۆشیعری به چاپ گه‌یاندووه و هه‌ر هه‌مان ساڵ یه‌كه‌م پێشانگای فۆتۆی نمایش كردووه. ئێكستروێم خانمێكی چالاك و پڕبه‌رهه‌مه و جگه له كارگه‌لێكی هونه‌ری، خاوه‌نی ده‌یان كتێبه له شیعر و چیرۆك و ڕۆمان و یاداشتی ڕۆژانه.

«ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خۆردا بمێنیته‌وه» یه‌كێكه له‌و كتێبانه‌ی كه سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی كه‌سیی خۆیه‌تی و زیاتر باس له سه‌رده‌می منداڵی و چۆنێتی ژینگه‌ی گه‌وره‌بوونی ده‌كات. كتێبه‌كه ساڵی ٢٠١٢ بڵاوبووه‌ته‌وه و ده‌نگۆی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه. هه‌ر له‌و سه‌روه‌خته‌دا (كارین تونبێری) ئه‌م چاوپێكه‌وتنه تایبه‌ته‌ی خوارەوەی له‌گه‌ڵ نووسه‌ردا سازداوه. چاوپێكه‌وتنێك كه هه‌م ڕانانێكه بۆ كتێبه‌كه و هه‌م هه‌ندێك به ژیان و نووسه‌رێتی یوهاننا ئێكستروێم ئاشنامان ده‌كات.
چیرۆك له لا سێبهرهكهوه
به هه‌رزه‌كاری ماوه‌یه‌ك زۆر میهره‌بان بوو. ئه‌وه‌نده میهره‌بان كه ده‌كرا ڕۆژه‌كه‌ی به كردنه‌وه‌ی ده‌رگای كۆڵان و سه‌یركردنی باخچه‌ی وه‌نه‌وشه‌كان ده‌ستپێبكات و پاشان به مێرگه‌كاندا به‌ره‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ر و قوتابخانه به‌ڕێ بكه‌وێت …
بۆ گۆڕینی زه‌بروزه‌نگ به شتێكی بێمهترسی، له وشهگۆڕكێیهكی ساكار زیاتر پێویست نه‌بوو، گووتنی «میهره‌بان» له‌جیاتی «سه‌رخۆش/مەست» كۆدێك بوو دایكی دایهێنابوو. دایكی لێی ده‌پرسی «دوێكه چه‌ند میهره‌بان بوویت؟» له‌بری ئه‌وه‌ی به توڕه‌یی بڵێت «چه‌ندت خوارده‌وه، چۆن و له‌گه‌ڵ كێ هاتیته‌وه ماڵه‌وه؟»
وه‌ك ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان هێشتا ماندووی بكه‌ن، یوهاننا ئێكستروێم هه‌ناسه هه‌ڵده‌كێشێت:
یوهاننا ئێكستروێم: دایكم یاری به وشه ده‌كرد. ئه‌م كاره‌ی وه‌ك خۆپارێزی و شۆخیی كاریده‌كرد، به‌ڵام شتێك له سنووربه‌زاندن و مه‌ترسی له یارییه‌كه‌یدا هه‌بوو.
كارین تونبێری: ئه‌ی باوكت، ئه‌و ساڵانه له‌كوێ بوو؟
یوهاننا ئێكستروێم: له ژیانه تازه‌كه‌یدا. ئه‌و ژیانی ڕۆژانه‌ی ئێمه‌ی به‌جێهێشت كاتێ من شانزه ساڵان بووم. بزر بوو، ئه‌گه‌رچی خۆی پێداگیری له پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كرد. بێگومان هه‌ندێك له ڕهشنووسهكانمی ده‌بینی، زیاتر ئاره‌زووی چیرۆك و ماجهراكانمی ده‌كرد.
وا به (سڤییاڤێگن)دا به ڕاكردن هاته‌خواره‌وه. له‌به‌رئه‌وه نا كه په‌له‌ی بێت، به‌ڵكه له‌به‌رئه‌وه‌ی حه‌زی به قه‌ڵه‌مبازی له‌ناكاوه. له‌مه‌دا خۆی و (پێر ڤێستبێری) باوكی له‌یه‌ك ده‌چن، هه‌ردووكیان هه‌مان توانای ڕاكردنیان له لاقیاندا هه‌یه.
ئێستا باسه‌كه ده‌رباره‌ی ئه‌مه، سه‌باره‌ت به (یوهاننا ئێكستروێم) و كتێبه نوێیه‌كه‌ی. یه‌كه‌م جار له‌گه‌ڵ ههراوهوریاكهی كتێبی «فیلیسیا ون بوو»دا، ده‌نگۆی كتێبی «ئه‌گه‌ر له به‌ر خۆردا بمێنیته‌وه»م بیست. پاش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌ی (فیلیسیا فێڵد) له‌گه‌ڵ (ئاننا ڤاڵگرێن)ی دایكی، كتێبه‌كه‌ی یوهاننا ئێكستروێم دێت، كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆی و دایكوباوكه ناسراوهكانییهتی؛ پێر ڤێستبێری و مارگه‌رێتا ئێكستروێم.
كتێبه‌كه ده‌خوێنمه‌وه و هیچ وشه‌یه‌كی تیا نادۆزمه‌وه بۆ له‌ناوبردن بێت، ئه‌وه‌ی كه ده‌خرێته‌ڕوو، غه‌م و سه‌رلێشێوانی ئه‌و كچه بچكۆله‌یه‌یه كه له خانوویه‌كی دێرین و قه‌شه‌نگی ساڵانی ١٧٠٠ـەكاندا له ناوچه‌ی (یورگۆردن) گه‌وره ده‌بێت.
سه‌ره‌تا ده‌چینه ئه‌وێ، ده‌چین بۆ گه‌ڕه‌كی (ستوره سكوگان) له یورگۆردن. خانووه‌كه به په‌نجه‌ره گه‌وره‌كانییه‌وه به‌سه‌ر باخی دارسێو و وهنهوشهكاندا ده‌ڕوانێت، له ته‌نیشته‌وه دارستانێكی چڕی لێیه، پێناچێت یوهاننا له‌وێ یاری كردبێت، به دره‌خته‌كاندا هه‌ڵزنابێت، قاچی ڕووشابێت و خوێنی لێهاتبێت. خۆی ده‌ڵێت منداڵێتی ئه‌و ڕێی نه‌داوه به‌وانه بگات.
جارێك له جاران ستوره سكوگان له به‌ر خۆردا، ئه‌و جێیه بووه كه به‌ختیارترین دووهاوژینی سویدی لێ ژیاوه، ئه‌وان له‌و سه‌روه‌خته‌دا وێنه‌كه‌یان خراوه‌ته سه‌ر به‌رگی گۆڤارێكی مانگانه‌كه.
یوهاننا ئێكستروێم: وێنه‌ی سه‌ر به‌رگی گۆڤاره‌كه‌م له‌بیره، تیایدا دایكم و باوكم ده‌ڕۆیشتن و قۆڵیان له قۆڵی یه‌كدابوو. یه‌كێكی دیش له‌ویادا، به خێزانیی له‌ژێر داركهستانهكهدا دانیشتبووین و هه‌ندێك بهڵاڵووكمان لابوو كه له وێنه‌دا جوان ده‌رده‌چوو.
هه‌نووكه ئێكستروێم كتێبێكی نووسیووه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چی له‌و ئیستاتیكایهدا شاردراوه بووه. له‌سه‌ر سووچی به‌رگی كتێبه‌كه، گووته‌یه‌ك نووسراوه ئازاری ناونیشانه‌كه به‌یان ده‌كات: «ترس، غه‌م، دوودڵی و تاسان، به‌ڵێ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌تبه‌ن به ناخی زه‌ویدا، ئه‌و هه‌ستانه‌ی كه تیایاندا به‌ته‌نها جێدههێڵرێیت و ئیدی كه‌س له‌وێ نابێت له تاریكی‌دا به‌هاناته‌وه بێت … به‌ڵام، ئه‌گه‌ر له به‌ر خۆردا بمێنیته‌وه، ده‌بینرێیت، له به‌ر خۆردا، پێویستت به‌وه‌ش نییه بزانیت ئایا تۆ وه‌كو خۆت خۆشه‌ویستیت؟ چونكه ڕووناكییه‌كه تۆش نابینا ده‌كات.»
یوهاننا ته‌نها ده ساڵان بووه كه به دایك و باوكی گووتووه: «هیچ مانای نییه بژیت، ئه‌گه‌ر به‌ناوبانگ نه‌بیت.» له‌و كاته‌وه ده‌ربڕین و وشه‌ی دانسقه‌ی زانیووه، ئه‌و كه له ماڵه‌وه خاوه‌نی دۆڵابێكی گه‌وره‌ی جل و چه‌نده‌ها دێوه‌زمه بووه.
پاش ٣٠ ساڵ له گرنگترین په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیدا خۆی ده‌بینێته‌وه، دوای ماوه‌یه‌ك، كاتێك خۆی و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بڕیارده‌ده‌ن منداڵیان ببێت، به پێویستی ده‌زانێت به ڕووداوه‌كانی ژیانیدا بچێته‌وه. ئه‌مه ده‌بێته سه‌ره‌تای كتێبی «ئه‌گه‌ر له به‌ر خۆردا بمێنیته‌وه»، ئه‌و كتێبه‌ی نووسینی، چوار ساڵی خایاندووه.
یوهاننا ئێكستروێم: ناچاربووم له‌وه بكۆڵمه‌وه بزانم ڕیشه‌ی بێمتمانه‌یی و غه‌می من له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بێ ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌تایه‌ك بخه‌مه سه‌ر خۆم. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ستمده‌كرد من ته‌نها كاتێك بهختیاردهبم كه له باشتربوونمدا سه‌ركه‌وتووبم.
كارین تونبێری: باشتر بیت له كێ؟
یوهاننا ئێكستروێم: له خۆم. پێویسته له بهختهوهربووندا باشترببم، له‌بری ئه‌وه‌ی كه خۆم بم.
یوهاننا چاوپێكه‌وتنی به هاوژینی ئێستای به خه‌به‌ربوونه‌وه ناوده‌بات …
یوهاننا ئێكستروێم: هاوژینه‌كه‌م جوانی و شه‌وق و بهدهوروخولداهاتنهكانی پڕ له هه‌ڕه‌شه ده‌بینی. منیش ده‌ستم به‌م بیركردنه‌وه‌یه كرد، ئه‌مه ئه‌و سه‌فه‌ره‌یه كه كتێبه‌كه لێیدهدوێت. من ده‌ست له دیوی ژێره‌وه‌ی ئیستاتیكا و ڕه‌گه ڕه‌شه‌كان ده‌ده‌م، چوون ته‌نها ئه‌وكات ئه‌مانه ده‌كرێت ببنه خۆشبه‌ختی و زیانبه‌خش نه‌بن.
كارین تونبێری: ده‌شێت جوانتریش ببن؟
یوهاننا ئێكستروێم: بێگومان، چونكه كاره‌كه بۆ شاردنه‌وه‌ی درۆ و كه‌موكوڕییه‌كان نییه. پێش هه‌رشت بۆ ده‌مبه‌ستن نییه. كه منداڵ بووم هه‌موو شتێك به‌نێو نه‌فره‌تی پشكنینی دڵنیای ئیستاتیكادا تێده‌په‌ڕی.
نووسینی كتێبێكی تۆڵه‌ئامێز، كتێبێك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دایكوباوكی، بۆ یوهاننا ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه به ده‌نگی به‌رز:
یوهاننا ئێكستروێم: چه‌مكی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه بۆ من، چاو به چاوكه‌وتنی دوو كه‌سه. كتێبه‌كه‌م زیاتر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆمه له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ییمدا. هاوكات ڕووبه‌ره گشتییه‌كه جێیه‌كه كه من و دایكم و باوكم هاوشانین تیایدا. من به‌درێژایی گه‌وره‌بوونم، سنووری نێوان گشتی و تایبه‌تم هێند له كه‌ناره‌وه بووه، به‌ئاسته‌م بوونی هه‌بووه.
كارین تونبێری: باوكت خۆی له یاده‌وه‌رییه‌كانیدا، باسی له چاوپێكه‌وتنی دایكت كردووه.
یوهاننا ئێكستروێم: به‌ڵێ وایه. نامه‌كانیشی بڵاوكردۆته‌وه. زۆر بیرم له‌وه كرده‌وه كه منیش به‌مه هه‌مان شت ده‌كه‌م، منیش ژیانی خێزانیمان ده‌خه‌مه ده‌ره‌وه، به‌ڵام ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی ساكار بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه منیش نووسه‌رم، ئه‌مه ئه‌و گوزارشته‌یه كه خۆمی تێدا ده‌بینمه‌وه، جیاوازییه گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه من هه‌وڵ ناده‌م ته‌واوی شته‌كان بۆ كۆتاییه‌كی خۆش پێكه‌وه گرێ بده‌م.
نووسین هه‌ندێجار هه‌ستی ته‌سكینی و خۆشی به یوهاننا به‌خشیووه، به‌ڵام ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ی به‌تایبه‌ت، بێ ئاڵۆزی نه‌بووه:
یوهاننا ئێكستروێم: لێره‌دا ترسێك هه‌بوو، ترس له‌وه‌ی جارێكی دی باوكم جێمبهێڵێت. ترس له‌وه‌ی جێهێڵراو و سزادراو بم.
ئێستا كه كتێبه‌كه‌ی ته‌واو بووه، ئه‌و چیدی هه‌ست به‌و ترسه ناكات.
یوهاننا ئێكستروێم: چیدی به‌رامبه‌ر كاردانه‌وه‌ی دایكوباوكم هه‌ستیار نیم، چوون به‌رامبه‌ر جدییه‌تی خۆم وه‌ستاوم.
گه‌ڕاینه‌وه بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دڵنیایی و ژووری كۆبوونه‌وه‌ی چاپخانه، له‌وێ له‌فه‌یه‌كی ساده به قاوه‌وه ده‌خۆین. ئه‌و زیاتری ناوێت، وشه پێش ژه‌مه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت. (یوهاننا ئێكستروێم) ڕسته‌ی ئاماده ده‌په‌یڤێ، وه‌ك كاری له كتێبه‌كه‌دا، بۆ خستنه‌ڕووی نهێنی خێزانه‌كه‌ی و لا سێبه‌ره‌كان، ئه‌وه‌نده باسه‌كانی شێلاوه هه‌موو ناپێویستییهكیان لێ هه‌ڵوه‌ریووه.
وه‌ك خۆی ددانی پێدا ده‌نێت، ئه‌م كاره‌ی به‌های چاره‌سه‌ری سایكۆلۆژی هه‌بووه. گه‌ر پێش ده ساڵ چاوپێكه‌وتنمان بكردایه، ڕه‌نگه به كاریگه‌ری گرێی ده‌روونییه‌وه، سڵی له زۆر شت بكردایه‌ته‌وه … به‌س ئێستا؟
یوهاننا ئێكستروێم: هه‌ستده‌كه‌م كه‌سێكم لێوه‌شاوه‌ییه‌كی زۆرم بۆ به‌ختیاری هه‌یه، به‌ڵام له‌ناو خۆمدا جۆرێك له هەستیاریم به‌رامبه‌ر بیرۆكه‌ی ژیانی به‌خته‌وه‌ر هه‌یه.
ئاشكرایه به‌ختیاری هه‌نووكه‌ی ئه‌و، جگه له به‌رهه‌مه‌كانی، هاوژینه‌كه‌ی و كچه سێ ساڵانه‌كه‌یان و خێزانه‌كه‌یه‌تی.
یوهاننا ئێكستروێم: به‌ختیاری كورته، چركه‌ساتی كورته و زۆرجاریش شه‌فافه.
یوهاننا زۆر سانا و لێزانانه گوزارشت له وێنه ده‌كات، له سه‌رده‌می (ستوره سكوگان)ەوه ڕاهێنانی ئه‌مه‌ی كردووه. ئێستا كه به‌ده‌م ڕێوه بووین، به دره‌وشاوه‌ترین وشه‌كانی، نیگاری چیمه‌ن و دارستان و ڕێگاوبانهكانی ده‌كێشا …
یوهاننا ئێكستروێم: من بینایی چاوم ماوه. هه‌نووكه نابێت پێڵووم دابخه‌م، پێویسته ته‌ماشای دیوی ژێره‌وه‌ی جوانییه‌كان بكه‌م، پێویسته ئه‌وه بكه‌م كه وه‌ك منداڵ هه‌ستم به به‌رپرسیارێتی ده‌كرد به‌رامبه‌ری. ئه‌وه من بووم كه ده‌بوو بڵێم؛ ئێمه هه‌بووی به‌ر ڕووناكین، ئه‌و ڕووناكییه‌ی كه گوایه پارێزگاری مانه‌وه‌ی جیهانه بچكۆله‌كه‌مان ده‌كات. به‌شێك له پڕۆسه‌ی كتێبه‌كه‌م ئاماژه‌دانه به‌وه‌ی چۆن دووره‌په‌رێز وه‌ستابووم له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌دا.
بابۆڵه‌ی په‌نیر ده‌جووم و پێموایه پێویسته لێدوانێك له (پێر ڤێستبێری) باوكی سه‌باره‌ت به كتێبه‌كه وه‌ربگرم، به‌ڵام سه‌ره‌تا پێویسته به‌سه‌رهاته‌كه بگێڕدرێته‌وه. یوهاننا خۆی له كتێبه‌كه‌یدا به كورتی ئه‌مه‌ی كردووه:
«من به‌بێ هاوسه‌رگیری دروستبووم. دایكم به‌ر له دووگیانبوونی، به چه‌ند مانگێك، تازه له هاوسه‌ری پێشووی جیابووه‌ته‌وه. باوكم هێشتا له هاوسه‌رگیریدا بووه، له‌گه‌ڵ (ئ . ل)دا ژیاوه … باوكم په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به دایكمه‌وه تا شه‌ش ساڵ به نهێنی هێشتووه‌ته‌وه به‌ڵام هه‌ر كه سكی دایكم به‌رزبووه‌ته‌وه و چیدی نه‌كراوه دووگیانبوونی بشارێته‌وه، باوكم (ئ . ل)ی ئاگاداركردووەتەوە له‌وه‌ی كه له په‌یوه‌ندییه‌كی تردایه … ماوه‌یه‌كی كه‌م هه‌وڵیانداوه هه‌رسێكیان پێكه‌وه بژین، به‌ڵام ئه‌م سێ كه‌سییه بۆ هیچكامیان نه‌گونجاوه. باوكم گه‌ڕۆك نه‌بووه. دایكم ساوایه‌كی هه‌بووه. (ئ . ل) بریندار و دڵته‌نگ بووه.»
ئه‌وكات (پێر ڤێستبێری) ئه‌ڤینه نوێكه‌ی و كچه تازه‌له‌دایكبووه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه. كاتێك گواستویانه‌ته‌وه بۆ ستوره سكوگان، خێزانه‌كه گه‌شه‌یكردووه، یوهاننا برایه‌كی بچكۆله‌ی له‌دایكبووه، ئه‌و فێری باوه‌شی كردووه.
یوهاننا ئێكستروێم: وه‌ك منداڵێكی بچكۆله، نه‌ده‌ترسام له‌وه‌ی باوكم بڕوات و ون ببێت، به‌ڵكو مه‌ودایه‌كی جهسهدیم له‌گه‌ڵ دایكمدا هه‌بوو. ده‌مزانی دایكم ده‌توانێت له‌به‌ر باوكم من جێبهێڵێت. ئه‌م هه‌سته‌م دووجه‌مسه‌ری بوو چونكه هاوكات دایكم شاد بوو پێم و هۆگرم بوو، به‌ڵام زوو تێگه‌یشتم هۆگرییهكهی مه‌رجدار بوو … من یاده‌وه‌ری له‌مێژینه‌م هه‌یه سه‌باره‌ت به پێویستیی ته‌نهابوونم!
كارین تونبێری: واته تۆ بوویته كچی باوكت؟
یوهاننا ئێكستروێم: تا ڕاده‌یه‌كی زۆر، به‌ڵێ. ئێمه گورجوگۆڵ بووین و پێكه‌وه یاری زۆرمان ده‌كرد. دایكم چونكه نه‌خۆشی دڵی هه‌بوو، كه‌مهێز بوو، له‌كاتێكدا باوكم له‌وانه بوو كه قه‌ت تێكنه‌ده‌شكا. من و ئه‌و پڕ بووین له ژیان، هه‌ستی من وه‌ها بوو.
له باوكییه‌وه فێربووبوو له ئاهه‌نگه خۆشه‌كاندا، به ڕێڕه‌وی (گرۆوچۆ ماركس)دا، بۆ لای مێزی خواردنه‌كه له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ بڕوات، تا بگاته پێشه‌وه و چێژ له خۆراكه به‌تامه‌كان ببینێت.
یوهاننا ئێكستروێم: ڕه‌نگه له نووسه‌رێكی نێر و سه‌ركه‌وتوو وا چاوه‌ڕوان بكرێت سه‌ری له‌سه‌ر خواردنه‌وه‌كان بێت، به‌ڵام باوكم زیاتر ئاره‌زووی خواردنه باشه‌كانی ده‌كرد. بۆیه به خۆشحاڵییه‌وه بایه‌خی به ئێمه‌ی منداڵیش ده‌دا. من و براكه‌م زوو فێربووین له‌و ئاهه‌نگانه‌دا به ڕاڕه‌وه‌كاندا بگه‌ڕێین و سه‌رمان له هیچ نه‌سوڕمێت.
كارین تونبێری: واته ئاهه‌نگه‌كان ئاسان بوون، ڕۆژانه‌تان قورس؟
یوهاننا ئێكستروێم: به‌ڵێ، چونكه ژیانی ڕۆژانه‌مان ده‌بوو هه‌میشه زۆر جوان بێت، له‌و جوانییهشدا یه‌كمان له‌ده‌ستدا. ئه‌گه‌ر ناچاربكرێیت بۆ جوان ده‌ركه‌وتنت، له‌به‌ر خۆردا بمێنیته‌وه و حه‌زی لێبكه‌یت، وه‌ك منداڵ فێرده‌بێت كه ئه‌وه گرنگترین شت بێت، له‌بری ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی كه په‌یوه‌ندی به ڕووناكی گڵۆپه‌وه نییه.
له كتێبه‌كه‌دا له یاده‌وه‌ری سه‌فه‌رێك ده‌دوێت كه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا كردوویانه. باس له‌وه ده‌كات چۆن ده‌بوو له بانزینخانه‌یه‌ك به هه‌مووان بڵێت ناوی چییه و كه‌ی و له كوێ له‌دایكبووه.
یوهاننا ئێكستروێم: زۆر بیرم له‌و ڕووداوه كرده‌وه. دیاره ترساوم له‌وه‌ی كه نه‌بینرێم و به‌هه‌ڵه تێمبگه‌ن. ترساوم خه‌ڵك بیرۆكه‌ی وایان له‌سه‌رم هه‌بێت كه نه‌توانم ڕاستی بكه‌مه‌وه.
كارین تونبێری: ئه‌مه له غرور ده‌چێت، كچێكی بچكۆله له بانزینخانهیهكی ئاسایی به‌و واتایه باسی خۆی بكات …
یوهاننا ئێكستروێم: بڕوا ناكه‌م منداڵێكی بچكۆله غروری هه‌بێت. شته‌كه زیاتر په‌یوه‌ندیداربوو به بهرپرسیارییهتیمهوه به‌رامبه‌ر به خێزانه‌كه‌م؛ ئێمه ئه‌و خانه‌واده‌یه بووین كه مه‌به‌ست بوو باس له ژیانمان بكه‌ین. دیاره ئه‌مه به گووتنی ناومان ده‌ستیپێده‌كرد.
له‌ڕاستیدا، هه‌ندێ سات هیوامده‌خواست وه‌كو (یوهاننا) گه‌وره ببوومایه، له‌نێو شتی جوان‌دا، به نه‌زاكه‌تی چینی باڵاوه … له‌وێ له‌سه‌ر نانخواردن، كه‌س شه‌ڕه‌ده‌م ناكات و مسته‌كۆڵه به مێزدا ناكێشرێت، به‌ڵكو به ڕه‌وشته‌وه داوای خوێ ده‌كه‌ن، گه‌ر بیانه‌وێت.
یوهاننا ئێكستروێم: زمان و ڕاستی لێك جیاوازن، ئه‌وه‌ی له‌نێو ئه‌و چینه‌دا ده‌گووترێت و ده‌نوێنرێت، مه‌رج نییه ئه‌وه بێت كه له ناخه‌وه‌ڕا تیای ده‌ژین. له‌وێ لاوازی، ناشرینی و ڕاڕایی ناكرێت بوونیان ده‌ركه‌وێت، ئه‌مه په‌یوه‌ندی قووڵ و ههمهڕهنگت به خه‌ڵكانه‌وه ناهێڵێت. ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش لێت توڕه بێت، نا‌توانیت بیبینیت و كاردانه‌وه‌ت بۆی هه‌بێت. دواجاریش سه‌رئه‌نجامه‌كان ده‌تبه‌نه‌وه سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی؛ باشتره تۆ له خه‌ڵكانی تر زیاتر بیت! ئه‌مانه شتانی ترسناكن له ژیانتدا هه‌بێت. «ئێمه كه‌سانی ده‌ره‌كی نین، نا، ئێمه له سه‌روو ئه‌وانه‌وه‌ین، ئێمه خۆمان چینی باڵاین.»
كارین تونبێری: واته تۆ قه‌ت ئه‌و كچه بچكۆله چڵمنه نه‌بوویت پێ بكووتێت به زه‌ویدا؟
یوهاننا ئێكستروێم: با، وام كردووه. من بووم به كچێكی بچكۆله‌ی ناشرین له‌و جیهانه جوانه‌دا. به‌ر له‌وه‌ی ببمه هه‌رزه‌كاره كێوی و مه‌سته‌كه، كه سیانزه و چوارده ساڵان بووم، ده‌كرا تووشی (ئانارۆكسیا/به‌دخۆراكی) ببم. دهشكرا مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه بكرێت ڕۆژێك كتێبێك له‌سه‌ر منداڵیم بنووسم، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه نا كه تاقه‌تم هه‌بێت خۆم له نوكته‌ی ژیانم ده‌ربكه‌م.
كارین تونبێری: بوه‌ستن، چی گووت، نوكته؟؟
یوهاننا ئێكستروێم: به‌ڵێ، ئازایه‌تی هه‌موو پاشخانم ئه‌وه بووه كه توانیویانه به‌سه‌ر توێژاڵی سه‌ره‌وه‌ی قووڵاییمانهوه سه‌وڵ لێبده‌ن. من له خولانه‌وه به‌ناو بۆشاییدا خۆم لاده‌ده‌م، له‌بری ئه‌وه، به یارمه‌تی په‌تێكی بچكۆله، له قووڵاییه‌وه بۆ قووڵایی پێههڵدهنێم و ڕۆده‌چم، به‌رز و نزم، به‌رز و نزم.
كارین تونبێری: به‌ڵام هه‌موو ئیستاتیكایه‌ك توێژاڵ نییه به‌سه‌ر قووڵاییه‌وه. دایكوباوكی یوهاننا ده‌شێت ستایشی ئه‌و هه‌وه‌س و قهشهنگهییهیان كردبێت؟
یوهاننا ئێكستروێم: به‌دڵنیاییه‌وه، هه‌رنه‌بێ تا ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن. دیوه تاریكه‌كه له‌ویادا، زیاتر ئه‌زموونی منه. هه‌رچه‌ند پێموایه دایكم له كۆتایی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یاندا، دركی كرد كه ڕووبهرهكه هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه.
باوكی، به‌ڵێنده‌ره به‌ڵێن شكێنه‌ره‌كه، وه‌ك یوهاننا له كتێبه‌كه‌یدا ناوی ده‌بات، ژنێكی تری بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به نهێنی ناسیووه. به مه‌زه‌نده‌ی كچه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش شه‌ش ساڵی دی بووه له ناپاكی، به‌ڵام ئه‌مه شتێ بووه كه‌س باسی لێوه نه‌كردووه.
یوهاننا ئێكستروێم: ته‌نها شت كه هه‌ستمان پێكرد، نزمبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی نێوانمان بوو، به‌وه‌ی هه‌مووان چووینه‌وه ناو خۆمان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر. ئانارۆكسیاكهی من، ئه‌وه‌ی كه دڵم هیچی نه‌ده‌برد و وازم له خواردن هێنا، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بوو كه ڕوویدا. ئه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ناڕاستییه بوو كه له ده‌وروبه‌رم بوو. به‌ڵام ته‌واوی ئه‌م چیرۆكه؛ ژیانی ده‌بڵی باوكم و ململانێی دڵپیسی دایكم ئاڵۆز و غه‌مناكه. وه‌كو ژن پاشان بیرمكرده‌وه، زۆر باشتر ده‌بوو گه‌ر دایكم به به‌ر چاوی ئێمه‌وه باوكمی فڕێبدایه‌ته ده‌ره‌وه. ئه‌وه فێریدهكردم ژنان ده‌كرێت ڕه‌ق بن له ژیانیاندا، له‌بری ئه‌وه‌ی قاوغێك له ده‌وریان دروستبكه‌ن كه دواجار خۆیانی پێ ببڕن.
كارین تونبێری: ئێستا چی فێربوویت؟
یوهاننا ئێكستروێم: فێربووم باشتره وه‌ك باوكم بم، باشتره ئه‌و كه‌سه بم كه جێده‌هێڵێت نه‌ك ئه‌وه‌ی كه جێده‌هێڵرێت. ئه‌وه بم كه كه‌سێك بێ‌ئومێد ده‌كات، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه بێ‌ئومێد ده‌بێت.
دوای جیابوونه‌وه‌ی دایكوباوكی، یوهاننا له (ستوره سكوگێن) لای دایكی ماوه‌ته‌وه. ئه‌و سه‌روه‌خته بووه كه «سه‌رخۆش» بووه‌ته «میهره‌بان».
یوهاننا ئێكستروێم: پاشان بۆمده‌ركه‌وت دایكم تووشی خه‌مۆكی بووه، كاتێك وه‌ك خۆی جارێك گووتی كه «له ده‌رمانه‌كه‌ی خۆی چه‌شت».
چه‌ند ساڵێكه مارگه‌رێتا ئێكستروێم جه‌ڵته لێیداوه و بۆی قورسه بنووسێت و قسه بكات. دایك و كچ یه‌كتری ده‌بینن، هه‌روه‌ها باوك و كچیش. له كتێبه‌كه‌دا به‌شێكی به‌ئازاری تیایه كاتێك هه‌ردووكیان، یوهاننا و باوكی له پێشانگای كتێب له (یۆتۆبۆری) یه‌ك ده‌بینن. یوهاننا دووگیانه، باوكی له‌گه‌ڵ ژنه تازه‌كه‌یه‌تی كه هاوته‌مه‌نی كچه‌كه‌یه‌تی. كچه‌كه‌ی ده‌په‌شۆكێت و له ئاخافتنیان سڵ ده‌كاته‌وه.
یوهاننا ئێكستروێم: من كچه بچكۆله‌كه‌ی باوكم بووم، تا ئه‌و كاته‌ش كه گه‌وره‌بووم و چاوه‌ڕێی منداڵبوونم ده‌كرد. ئه‌و ڕووداوه به‌ئازاربوو، به‌ڵام نامه‌وێت بچمه ناو ژیانه تازه‌كه‌ی باوكمه‌وه كه بۆ جاری چواره‌م هاوسه‌رگیری كردبوو. ڕاستتر، من هه‌قم به‌وه‌وه چییه؟
كچه‌كه‌ی له‌م ڕۆژانه‌دا ٣ ساڵه‌یی پڕكردۆته‌وه. یوهاننا به قوڵپه‌ی شانازی دایكایه‌تییه‌وه باس له‌مه ده‌كات و ده‌ڵێت كچه‌كه‌م پارچه‌یه‌ك ئیسفنجی خسته سه‌ر سه‌ری و گووتی؛ «دایكه، ئێستا من خانمی هێلكه‌م». ڕووداوه بچكۆله‌كان وه‌ڵامن بۆ ئه‌و پرسیاره‌م كه ده‌مه‌وێت ئاڕاسته‌ی بكه‌م و بڵێم؛ هه‌نووكه ماڵی یوهاننا شێوه‌ی چۆنه؟
یوهاننا ئێكستروێم: ئێمه ماڵێكی ئاراممان هه‌یه، خه‌ڵكی وا ده‌ڵێن.
ده‌پرسم چی ده‌بوو گه‌ر له زبڵخانه‌كاندا یاخیبوایه یاخود گه‌ر دوای هێڵی (مۆبیلیاتی كارڵ مالمستێن)ی منداڵی نه‌كه‌وتایه. بۆ یه‌كه‌م جار له‌م گفتوگۆ درێژخایهنهماندا زویر ده‌بێت و وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی ده‌ست به‌رز ده‌كاته‌وه:
یوهاننا ئێكستروێم: نا، نه‌خێر، كه‌ره‌سته‌كانی مالمستێن ته‌واو قه‌ده‌غه بوون له ماڵی منداڵیمدا. ئه‌وان عادی و بچووك و بۆرژوازی بوون. دایكوباوكم پێداگیرییان له شتی تاهه‌تایی ده‌كرد، چونكه به‌های جوانی لای ئه‌وان زیاتر بوو له ڕاستی.
ئه‌ی ڕاستی باوكی چی؟ پاش چه‌ند سه‌عاتێك نامه‌یه‌ك بۆ (پێر ڤێستبێری) ده‌نێرم. پاش ٣٩ خولهك وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت كه نایه‌وێت لێدوان له‌سه‌ر كتێبه‌كه بدات:
«من هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك بۆ كچه خۆشه‌ویسته‌كه‌م ده‌خوازم، به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌ده‌بێكی زرنگانه و هه‌ستیار و بهخۆداڕۆچوونه … به‌ڵام وه‌كو سه‌رنجی خۆم، خۆیم له كۆمه‌ڵێ هه‌ڵه ئاگاداركردووه‌ته‌وه تیایدا.»
پێر له كۆتایی نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت؛ هاوین به‌شی چواره‌می یاده‌وه‌رییه‌كانم بڵاوده‌كه‌مه‌وه «به پۆرترێتێكی پڕ خۆشه‌ویستی و شانازیم به یوهانناوه، هه‌روه‌ها تیایدا زۆر به كراوه‌یی باس له جیابوونه‌وه‌م له مارگه‌رێتا و چاوپێكه‌وتن و ژیانم له‌گه‌ڵ ئانیتا سورێل ده‌كه‌م.»
وه‌ك دیاره به‌رده‌وامی فێری شوێنكهوتنت ده‌كات. من ده‌توانم باوك و كچێكم بێته به‌رچاو كه ڕۆژێك له ڕۆژان له ستوره سكوگان پێكه‌وه ڕایانكردووه. ئه‌وان به‌رده‌وامن له ڕاكردن. چیدی به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه نا، به‌ره‌وڕووی یه‌كیش نا، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌نده نزیكن كه ده‌توانن یه‌كدی ببینن …
*** ***
ئەو ئێواره‌یه باشترین نووسه‌ری لاوانی جیهان بووم
نووسه‌ری سویدی (پێر نیڵسسۆن) ساڵی ١٩٥٤ له مالموێ له‌دایكبووه. له ساڵی ١٩٨١ه‌وه دانیشتووی سوێلڤسبۆرییه. ساڵی ١٩٨٦ یه‌كه‌م ڕۆمانی نووسیووه. ساڵانێكی زۆر مامۆستای بیركاری و مۆسیقا بووه، پاشان كاتی ته‌واوی خۆی بۆ نووسین ته‌رخان كردووه. ئه‌و نووسه‌ری ڕۆمانی لاوان و هه‌رزه‌كارانه، هاوكات چه‌ندین كتێبی بۆ منداڵان نووسیوه و ڕۆمانێكی بۆ گه‌وره‌كان هه‌یه. نیڵسسۆن چه‌ندین جار بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی پڕ به‌ها پاڵێوراوه و بڕێكی به‌ده‌ستهێناوه.

چاوپێكه‌وتن
پێر نیڵسسۆن له یه‌كه‌م كتێبییه‌وه ده‌رئه‌نجامگیر بووه. ئه‌و بۆ هه‌مووان نانووسێت، به‌ڵكو به‌سیه‌تی یه‌ك كه‌س له پۆلێكدا كاره‌كه‌ی به‌رزبنرخێنێت. پێر ده‌ڵێت: ئه‌وه‌نده، زۆر به‌سه بۆ من، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌مووان ده‌توانن خۆیان ببیننه‌وه له خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانیتردا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه كێیه و چۆن ده‌یبینن. ئه‌مانه له‌و شتانه‌ن كه هه‌رزه‌كاران و منیش تا ئێستا بیریان لێده‌كه‌مه‌وه.
پێكه‌وه له ڤێللاكه‌ی (پێر نیڵسسۆن) له پێشنیوهڕۆیهكی هه‌وراوی مانگی یونی-دا له سوێلڤسبۆری دانیشتووین. هه‌ر ئێستا له كتێبخانه‌كه‌یدا ٣٤ كتێبه‌كه‌ی و به دیواره‌كه‌وه پۆسته‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵه شانۆگه‌رییه‌ی پیشانداین كه له كتێبه‌كانی ئه‌وه‌وه وه‌رگیراون. زۆرینه‌ی كتێبه‌كان ڕۆمانی لاوانن، هه‌روه‌ها یه‌ك ڕۆمانی گه‌وره و چه‌ند كتێبێكی منداڵانیشی تێدان.
ئه‌مساڵ ساڵی (٢٠١٦) ساڵی وه‌رچه‌رخانه بۆ پێر نیڵسسۆن، كه ٣٠ ساڵ به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م كتێبیدا تێپه‌ڕیوه، كتێبی «له نێوان به‌خه‌به‌ری و خه‌ودا». ئه‌وكات ژیان جۆرێكی تر بوو، پێر تازه بووبووه باوكی چوار منداڵ و مامۆستای بیركاری و مۆسیقا له قوتابخانه‌ی بوكێلوند، به خواستی ئه‌وه‌وه كه له ڕێگای كورته چیرۆكه‌وه خۆی به منداڵه‌كانی بناسێنێت.
پێر نیڵسسۆن: كاتێك بوومه باوك، بیرم زۆر له دایكوباوكی خۆم كرده‌وه، بۆیه ده‌ستمكرد به نووسینه‌وه‌ی هه‌ندێك دیمه‌نی منداڵیم له شاری مالموێ، تا پیشانی بده‌م چۆن گه‌وره بووم. له‌و كاته‌دا به‌شداری پێشبڕكێیه‌كی چاپخانه‌ی بونیهرسم كرد، هیچم نه‌برده‌وه به‌ڵام هه‌رچۆن بێت كتێبێكم نووسی.
نیڵسسۆن پاش ئه‌وه، هه‌ر زوو تامه‌زرۆی نووسینی كتێبێكی تر بووه، دوای ئه‌ویش كتێبێكی دیكه‌شی نووسیووه. ئه‌وكات مۆڵه‌تی باوكایه‌تییه‌كه‌ی دابه‌شكردووه بۆ نووسه‌رێتی و نیوهكارێكیش له قوتابخانه. له‌سه‌ر مێزی مه‌تبه‌خه‌كه، وێنه‌یه‌كی ڕه‌ش و سپی پێر و منداڵه‌كانی به‌رامبه‌رمان دانراوه. میكایل ستێنكڤیست وێنه‌كه‌ی چركاندووه، تیایدا شتێك له‌وه ده‌بینرێت كه ئه‌و وه‌خته چۆنیان گوزه‌راندوه.
پێر نیڵسسۆن: هه‌ڵبه‌ت وێنه‌كه ئاماده‌كاری ته‌واوی بۆ كراوه، وه‌كتر منداڵه‌كان له‌سه‌ر كۆشم نه‌بوون كاتێك كه ده‌منووسی، به‌ڵام وه‌ك دیاره، به ئامێری تابیعه ده‌منووسی. ئه‌وساكه گه‌نج و باریك و قۆز بووم، منداڵه‌كانیشم بچكۆله و جوان بوون، ئێستا هه‌موومان ٣٠ ساڵ گه‌وره‌ترین.
– چۆن به‌رده‌وام بوویت له‌سه‌ر نووسین؟
پێر نیڵسسۆن: نووسین خۆڕازیكردنه. ئه‌وه‌ی كه بۆت هه‌بێت درۆ بكه‌یت، وایلێكردم هه‌ست به ئازادی بكه‌م سه‌باره‌ت به‌وه‌ی دەربارەی هەرچییەكم بوێت بنووسم. نهێنی، پۆخڵی، منداڵیی … دەكرێت هەموو شت به‌كاربهێنیت بۆئه‌وه‌ی له چیرۆكێكدا خۆت په‌نهان بكه‌یت. هه‌روه‌ها له كتێبی منداڵاندا ده‌متوانی ئاماژه به هه‌موو ئه‌و شتانه بده‌م كه وه‌ك دوانزه و سیانزه‌ساڵان خه‌یاڵم پێوه ده‌كردن و قه‌ت نه‌مده‌وێرا بۆ كه‌سی باس بكه‌م. ئه‌مه ئازادییه‌كی سهرگێژكهره كه بتوانیت هه‌موو ژیانت ئاوا خۆت به‌كاربهێنیت.
پێر نیڵسسۆن چه‌ندان جار سه‌باره‌ت به كتێبه‌كانی ستایشكراوه. چوار كتێبی كاندید كراوه بۆ خه‌ڵاتی ئاگوست، ساڵی ٢٠٠٦ خه‌ڵاته‌كه‌ی بردۆته‌وه، بۆ ڕۆمانی «سڤێننێ» كه باس له بیانی نه‌یار و نازیسم ده‌كات. چیرۆكی «سڤێننێ» پاشانیش چه‌ندین جاری تر بۆته‌وه جێی باس. به‌هادارترین خه‌ڵاتی نیڵسسۆن، خه‌ڵاتی چاپخانه‌ی لۆس ئه‌نجلوس تایمس بووه، بۆ كتێبی «تۆ و تۆ و تۆ» پێی به‌خشراوه.
پێر نیڵسسۆن: ده‌زانیت! بۆ ئه‌و خه‌ڵاته من پاڵێوراو بووم له‌گه‌ڵ نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی (جۆن گرین) و (ماركوس زوساك)ی ئوستوراڵی، و من بردمه‌وه! ئه‌و ئێواره‌یه من باشترین نووسه‌ری لاوانی جیهان بووم. ڕووداوه‌كه ئێجگار خرۆشدهر بوو، به‌ڵام كه‌س ئه‌وه نازانێت.
به‌ڵێ، ئه‌گه‌رچی پێر هێشتاش پڕخوێنه‌رترین نووسه‌ری بلێكینگێ-یه، له مه‌یدانی ناوداریدا نادیاره.
پێر نیڵسسۆن: ده‌توانین بڵێین من له ناوبانگدا سفرم هه‌یه. ئه‌مه زۆر خۆشه هه‌تا كتێبه‌كانم زۆرترین خوێنه‌ریان هه‌بێت و بنێردرێم بۆ پێشانگای كتێب له هه‌موو جیهاندا. به‌ڵام هه‌ندێك جار خۆشه تۆزێك ناسراوتر بیت. هه‌ندێك جار پێم عه‌یبه كه ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌م كه چه‌ند نووسه‌رێكی باشم. لێره له فیستیڤاڵی گێڕانه‌وه‌دا، ته‌نانه‌ت وه‌زیری ڕۆشنبیریش نه‌یده‌زانی كێم، ناچاربووم باسی خۆمی بۆ بكه‌م، گووتم: (نازانیت چ نووسه‌رێكی گه‌وره‌ت له‌به‌رده‌مدایه، من له هه‌موو دونیادا ناسراوم!) به‌ڵام من ڕقم له خۆمه كه ئه‌وه ده‌كه‌م.
پێر ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه له‌م ١٠ – ١٥ ساڵه‌ی دواییدا زۆر شت گۆڕاوه، كاتێك ئینته‌رنێت ئه‌وەنده به‌ربڵاو نه‌بووه، لاوان ڕۆژانه ده‌رباره‌ی بیركردنه‌وه‌كانیان نامه‌یان بۆ ناردووه.
پێر نیڵسسۆن: من پاشان تێگه‌یشتم كه پێشتر حاڵم زۆر باش بووه به ئازادییه‌كی ڕه‌هاوه. هه‌میشه كاره‌كانم وه‌رده‌گێڕدران و بانگهێشت ده‌كرام بچم له وڵاتانی تر باسی كتێبه‌كانم بكه‌م. ئه‌وه‌م به به‌دیهی گرتبوو، پێشموابوو هه‌ندێك خوێنه‌ری كاره‌كانمن له‌به‌رئه‌وه‌ی بایه‌خم زۆر پێدراوه. ئێستا له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم گه‌نجانی ئه‌مڕۆ ڕۆمانی لاوان به پێگه‌یه‌ك بزانن بۆ گفتوگۆكردن، ئێستا پێگه‌ی تر هه‌یه بۆ ئه‌وه. به‌ڵام هێشتا باوه‌ڕم وایه كه ده‌توانم هه‌ر شتێك بكه‌م كه بمه‌وێت. ئه‌وه ده‌توانم به‌ڵام هه‌مان دڵنیایی جارانم نییه كه چاپخانه‌كان بیانه‌وێت كتێبه‌كانم چاپ بكه‌ن.
پێر نموونه‌یه‌كی هه‌یه، به‌ر له چه‌ند ساڵێك كتێبێكی نووسیووه، چاپخانه ڕه‌تی كردۆته‌وه. ئه‌وه یه‌كه‌م جار بووه وه‌های له‌گه‌ڵ ڕووبدات. بۆیه جارێكی تر كتێبه‌كه‌ی نووسیوه‌ته‌وه و ناردوێتی بۆ چاپخانه‌یه‌كی تر، به‌ڵام دیسان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه.
پێر نیڵسسۆن: ئه‌و كتێبه‌م حه‌وت جار ڕه‌تكرایه‌وه، به‌ڵام من هه‌موو جار زیاتر كونجكۆڵ ده‌بووم بزانم بۆچی! چوونكه دڵنیابووم به‌سه‌رهاتێكی باشم نووسیبوو. له ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌دا، سێكس و توندوتیژی و قه‌شه‌یه‌كی موسوڵمان و گفتوگۆی كچان و كوڕان هه‌یه ده‌رباره‌ی تۆڵه و دین. من ده‌چمه سه‌ر هه‌موو تابۆكان و پێموایه ئه‌وه شتێكی باشه، بۆیه به‌رده‌وام ده‌بم له‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌م ئه‌و كتێبه به چاپ بگه‌یه‌نم.
نیڵسسۆن چه‌ندین جار بیری له‌وه كردۆته‌وه واز له نووسین بۆ لاوان بهێێت، ساڵی ٢٠١٠ ئه‌مه‌ی له (ڕۆژنامه‌ی بلێكینگێ)دا گووتووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ش چه‌ندین كتێبی ئاڕاسته‌ی منداڵان و لاوان كردووه.
– چۆن ئاوها بیرت كرده‌وه؟
پێر نیڵسسۆن: زۆر بیرم له‌وه كرده‌وه كه ئیدی پیرم بۆئه‌وه‌ی بۆ شانزهساڵان بنووسم. من به‌شداری تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناكه‌م، فه‌یسبووك و بڵۆگم نییه، بۆیه له ده‌ره‌وه‌ی دونیاكه‌م و زۆر كه‌م ده‌زانم ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و جیهانه چۆن ده‌گوزه‌رێت. به‌ڵام پاشان ده‌ڵێم ئه‌مه قسه‌ی قۆڕه، چوونكه من ڕێك وه‌ك شانزهساڵانێك ده‌زانم جیهانی لاوان چۆنه. هه‌رزه‌كاران گرووپی هاوڕه‌گه‌زخوازی نین، هه‌ر یه‌كه‌یان له جیهانێكی بچكۆله‌ی خۆیاندان و ده‌توانن له جیهانی مندا خۆیان ببیننه‌وه. به‌ده‌ر له به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌بێت لاوان هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تریش بكه‌ن. هه‌ر هه‌مان تڕوهاته كه له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا جێی باس بووه. من له خۆم زویر ده‌بم كاتێك ده‌بێت داوای لێبوردن بكه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ٦٢ ساڵم و نازانم تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چۆن كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ژیان هه‌یه. ده‌كرێت گوێ به‌مه نه‌ده‌م.
ئه‌ی ئێستا كه ٣٠ ساڵت به‌سه‌ر نووسهرێتیتدا تێپه‌ڕاندووه، داهاتوو چۆن ده‌بینیت؟
پێر نیڵسسۆن: ده‌مه‌وێت به‌رده‌وام بم له نووسین بۆ لاوان. ئێستا خه‌ریكی نووسینی ڕۆمانێكم له‌سه‌ر دیمه‌نێك هه‌ڵچنراوه كه چه‌ند ساڵێكه له خه‌یاڵمدایه. باس له دیداری كچێكی ١٤ ساڵان ده‌كات له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌یدا. من هه‌موو به‌سه‌رهاته‌كه ده‌زانم و خه‌ریكم پارچه‌كانی پێكه‌وه دهلكێم، ئه‌مه زۆر خۆشه.
ڕابه‌ری هیوا – ڕانان
له نووسه‌رێتی پێر نیڵسسۆندا منداڵ و گه‌نج و گه‌وره نییه، مرۆڤ هه‌یه ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ مرۆڤی تردا ده‌كات. هه‌ندێكیان دایكوباوكن و هه‌ندێكیان دایكوباوكیان هه‌یه. گه‌وره‌گان له‌وێن به ژیانی تێكشكاویانهوه و منداڵه‌كانیان ده‌بێت پابه‌ندبن پێیانه‌وه، ئه‌وان ناتوانن هه‌ڵبێن چوون بۆشاییه‌ك بۆ لاوان نییه. به هه‌مان شێوه هه‌ندێك له مرۆڤه‌كان نووسه‌رێك، ڕێژیسۆرێك یاخود خودایه‌كیان هه‌یه، له‌كاتێكدا ئه‌وانیتر نووسه‌ر و ڕێژیسۆر و خودان.
كتێبی «بێگومان پێر نیڵسسۆن – باشترینه‌كانی» وه‌ك ئه‌وه نییه كه به ناونیشانه‌كه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام نزیكه له‌وه‌وه. به‌رهه‌مه‌كه هه‌ڵبژارده‌ی باشترین تێكسته‌كانی نیڵسسۆن نییه، به‌ڵكو گه‌شه‌كردنی به‌رده‌وامی كاره‌كته‌ر و بۆچوونه‌كانییه‌تی له كۆی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه، ((كاره‌كته‌ری كتێبه‌كانی پێشووی، له‌م كتێبه‌دا پێكده‌گه‌ن و نیڵسسۆن خۆیشی ده‌بێته كاره‌كته‌رێك له‌گه‌ڵیان))، هاننا و ئاندریاس له كتێبی «شێوازێكی تر بۆ لاوبوون ٢٠٠٠»ه‌وه، یوناتان و یوسەفین له كتێبی «حه‌ڤده ٢٠٠٢» و «شازاده‌ی خۆر ٢٠٠٤»ه‌وه. هه‌ڵبه‌ت به‌رهه‌مه‌كه خوانێكه بۆ خوێنه‌ری وه‌فادار، هه‌روه‌ها ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت پێر نیڵسسۆن له‌و هه‌موو ساڵه‌دا خه‌ریكی چی بووه.
ئه‌م كتێبه به‌ر له هه‌ر شت، باس له ده‌سه‌ڵات ده‌كات. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌سه‌ر خوددا ده‌سه‌پێندرێت یاخود ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بۆنووسراوه خۆلێلانهدهرهی له هه‌موو په‌یوه‌ندییه مرۆڤایه‌تییه‌كاندا هه‌میشه ئاماده‌یی هه‌یه به‌ڵام كه‌مجار ددانی پێداده‌نرێت. پێر ده‌سه‌ڵاتی نێوان نووسه‌ر و كاره‌كته‌ر بابه‌تیی ده‌كات، ئه‌وه‌ی كه نووسراوه و ئه‌وه‌ش كه ده‌نووسرێت، به‌ڵام بڕیاره ڕاستییه‌كه له‌ویادا نییه، منی خوێنه‌ر و كاره‌كته‌ره‌كانی ناو كتێبه‌كه به‌مه ده‌زانن. ههڕەشهی كه‌ش و هه‌وا له فه‌وتانی زه‌وی زیاتر نییه و نووسه‌ر ناتوانێت دونیا بگۆڕێت، ناتوانێت بێئومێدی بكاته ئومێد. هیچ كۆتاییه‌كی كامه‌ران بوونی نییه.
“كۆمه‌ڵێكی زۆر خه‌ڵكی بێ‌تاوان ده‌مرن؟ خه‌ڵكی بێ‌تاوان له‌سه‌ر به‌شه زه‌وییه‌كه‌ی ئێمه نییه. ئێمه گوناهه‌كان دابه‌شده‌كه‌ین”.
هاننا پلانی تیرۆری هه‌یه و وه‌ك گۆرانییه‌كه‌ی كێنت تۆقیوه؛ (هه‌ندێك كاتی ده‌وێت، هه‌تا فێرده‌بیت لاكهویت). ئه‌و كاره‌كته‌رێكی نائاساییه چوونكه ده‌یه‌وێت گریانه سیاسییه‌كه‌ی له ئارامیدا بێت، ئومێدبڕاوه به‌بێ ئه‌وه‌ی شكستی تاكه‌كه‌سی هه‌بێت، له ڕاستیدا ئه‌و بۆ هیچ شتێكی دی غه‌مبار نییه.
له كه‌وتنی كۆتایی كتێبه‌كه‌دا، هاننا له‌گه‌ڵ پێر نیڵسسۆنی نووسه‌ردا دانیشتووه و ده‌پرسێت ئاخۆ ئه‌و ناترسێت؟ ناترسێت له‌وه‌ی خۆی وه‌ك (كۆرپێن)ی لێبێت، وانهبێژهكهی كتێبی «گۆرانییه‌كه‌ی كۆرپێن ١٩٩٤» كه به په‌یامێكی ناله‌باره‌وه ده‌رباره‌ی ئاو و هه‌وا و جیهان ده‌گه‌ڕا و هه‌رزه‌كاران خۆیان ده‌كوشت له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌ودا.
”له‌و باوه‌ڕه‌دایت بیرم لێ نه‌كردبێته‌وه؟ پێتوایه باشتره چاو دابخه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بووبێت؟ پێتوایه باشتره حیكایه‌تی جوان بنووسم له‌جیاتی ئه‌مانه؟ داستانی ماجه‌رایی دڵڕفێن بنووسم یان پابه‌ند بم به كێشه لاوه‌كییه‌كانی گه‌نجانه‌وه؟”
كاتێك بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه ڕۆژێك هه‌ستم به لاوازی كردبێت به‌رامبه‌ر بیرۆكه‌ی ئاخرزه‌مان، هه‌ست ده‌كه‌م نیڵسسۆن باشترینه له گه‌یاندنی ههستهكهمدا، واته گوزارشته‌كه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه نا كه باوه‌ڕی پێنه‌كه‌م، كاتێك هه‌موو ئاسیا گه‌شتبێته ستانداردی جیهانی ڕۆژئاوا، كارلهكارترازاوه (ئه‌مه مه‌ترسیداره، چوونكه دوودڵ ده‌بم له‌وه‌ی منداڵ بخه‌مه‌وه)، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌یاندنه‌كه له‌خۆیدا جوانترین هیوایه كه هه‌بێت. كاتێك مرۆڤ، كاتێك ئه‌و ده‌توانێت وا بنووسێت كه من بگریم و بچمه ژێری و بمه‌وێت جارێكی تر بخوێنمه‌وه و بخوێنمه‌وه، ڕه‌نگه ئیدی ئه‌مه تاكه ئایین بێت ددانی پێدابنێم. ئه‌وه‌ی كه بوون هه‌یه، ئه‌وه‌ی كه من ده‌بێت لێره بم كاتێك بوون هه‌یه، هه‌رگیز هۆكار نییه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستهه‌ڵبگرم، به‌ڵكه بۆ ئه‌وه‌یه به‌یانییه‌كی تریش ڕابم …
*** ***
نووسین بۆ من بە سروشتیی دەبارێت، وەک چۆن مەلەکردنی بۆق سروشتییە
شاشتین ئێکمان، ساڵی ١٩٣٣ لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٩ دەستی بە ڕۆماننووسین کردووە. ساڵی ١٩٧٨ وەک ئەندامی (ئەکادیمیای سویدی) هەڵبژێردراوە بەڵام لە ساڵی ١٩٨٩ دا، ئەکادیمیای سویدی بەجێیهێشتووە. یەکێک لە شاکارەکانی، زنجیرە ڕۆمانی «ژنان و شار»ە، کە ڕەنگدانەوەی سەروەختی دروستکارییە لە سوید. ئەو لە چوار ڕۆماندا وەسفی کاری ژن دەکات بە خۆشحاڵی و خۆبینینەوە تیایاندا. شاشتین زۆر جار لە ڕووداوی ڕۆژانەوە پێهەڵدەنێت. ڕەنگە ئەمە هۆکارێک بێت بۆ بوونی بە یەکێک لەو نووسەرە سویدییانەی کە زۆرترین خوێنەریان هەبێت. ئێکمان زۆر خەڵاتی گەورەی ئەدەبیی وەرگرتووە. لەوانە: خەڵاتی ئاگوست لە ساڵانی ١٩٩٣ و ٢٠٠٣دا و هەروەها خەڵاتی پیلۆت لە ساڵی ١٩٩٥دا.

گفتوگۆ
+ گرنگترین هۆکاری نووسینی تۆ چییە؟
شاشتین ئێکمان: لە ڕاستییدا هەرگیز بیرم لە هۆ نەکردووەتەوە، نووسین بۆ من بە سروشتیی دەبارێت، وەک چۆن مەلەکردنی بۆق سروشتییە.
+ لە چی نووسەرێتیت زۆر ڕازیت.
شاشتین ئێکمان: لەوە زۆر ڕازیم کە خەریکی نووسینم. بۆ ئەمەش سوپاسی خوێنەرەکانم دەکەم، مرۆڤ دەبێت شتێکی هەبێت پێی بژی. کارەکانم تەنها هی خۆمن، کەس نابێت پێمبڵێت دەبێت چی بکەم. من لە وڵاتێک‌دا دەژیم کە کەس سنوور و هێڵی قەدەغەکردن بۆ نووسینەکانم دانانێت. تەنانەت پێویستم بە پەیوەستبوون بە حەقیقەتیشەوە نەبووە، بەڵکوو لە جیهانی وادا خۆم نووسیوەتەوە کە هەر نەشمزانیووە هەن.
+ کام کتێبەت زۆرترین مانا و بایەخی هەیە لات؟
شاشتین ئێکمان: ئەو کتێبەیان کە خەریکی نووسینی دەبم. هەمیشە ئەو کتێبە زۆرترین نیگەرانی و دڵخۆشییم پێدەبەخشێت. ئەوەی کە پێشتر نووسیومە، زۆر گرنگ نییە لام لە کاتێکدا کە من کتێبێکی ترم هەیە بیری لێبکەمەوە و دەریبکەم.
+ چ نووسەرێکی تر، بۆ تۆ، زۆری گەیاندووە؟
شاشتین ئێکمان: دەتوانم ئەوە بەوە هەڵبسەنگێنم کە بە بەردەوامی دەچمەوە سەر کتێبی کێ لە کتێبخانەکەمدا. پێموابێت: تۆماس مان، یوهان وۆڵفگانگ، یالمار سوێدەرباری، یالمار باریمان … بەڵێ ئەمانە و زۆری تر لە نووسەرانی خاوەن کتێبی باش و ئەستوور، کە وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، بە نووسین لە بەخشینی بێسنووردان.
+ ئەگەر بتوانیت تەنها سێ کتێب لە جیهانی ئەدەب ڕزگار بکەیت، چ کتێبێک ڕزگار دەکەیت؟
شاشتین ئێکمان: پێویست ناکات هیچ کتێبێکی جیهانی ئەدەب ڕزگار بکەم. ئەوان لەسەر (پڕۆژەی گۆتنبێرگ) هەن. (کتێبخانەیەکی ئەلەکترۆنی سەر تۆڕی ئینتەرنێتە*).
سیانی ئامادە کە تازە دامبەزاندوون: «کتێبی جەنگەڵ – ڕودیار کلیپلینگس»، «دڕک – هەرمان بانگس»، «حیکایەتی زستان – ئێلین». هەفتەی داهاتوو ڕەنگە سێ کتێبی تر بێت.
+ ئێستا کە کتێبێکی تازە چاپکراوت، لەبەردەمتدایە، هەستت چۆنە بە لەدایکبوونی ئەم منداڵەت؟
شاشتین ئێکمان: نووسین کارێکی ئاڵۆزە، کۆکردنەوەیە. ماندوویەتی و گەڕانی زۆر، لە کۆتاییەکانیشیدا، تەنها هەڵەکانی دەقەکە دەبینیت، ئەوجا بە دوای پارچە پارچە و وردەکارییەکانییەوە عەوداڵ دەبیت تا ڕۆژێک کتێبەکە بە ئامادەکراوی لە بەرگێکدا، وەک بوونێکی زیندوو، لەبەر دەستتدا دەبێت. ئەو کاتە بۆ یەکەم جار، هەموو شتەکان پێکەوە، بەرجەستە دەبن. لە دوای ئەمە هەست بە خۆشی دەکەیت، بەڵێ، حاڵەتێکی جوانە. ئەمڕۆش بە درێژایی چل ساڵەوە، بە بوونی ئەم زیندەوەرە لە دەستمدا، هەمان هەستی خۆشییم هەیە.
+ تۆ، نزیکەی هەموو خەڵاتە ئەدەبییەکانت وەرگرتووە، جگە لە خەڵاتی نۆبڵ.
شاشتین ئێکمان: خەڵات زۆر جار مانای پارەیە و وا دەکات ماوەیەک لە ڕووی بژێوی و توانای داراییەوە، هێمن و بێخەم بیت. دوای ئەوەش، نرخەکەی لەوەدایە کە لیژنەی دادوەران کێ بوون. ئەو کات بە خۆت دەڵێیت “ئۆهـ من ئەو خەڵاتەم وەرگرتووە، واتە ئەو کەسانە کتێبەکەمیان خوێندووەتەوە!”.
+ تۆ لە کۆمیتەی نۆبڵدا دانیشتوویت بەڵام حەزت لە خەڵاتی نۆبڵ نییە؟
شاشتین ئێکمان: ئێستا کە ئەوە تێپەڕیوە و من لەو شوێنەدا کار ناکەم. دەتوانم بڵێم دیاردەیەکی تەواو گوماناوییە. ژیانی زۆر کەس لەو پێکدادانی خەڵاتی ئەدەبییە جیهانییەدا وێران دەبێت. هونەر وەها بەراورد ناکرێت. چی خراپە و چی باشە؟ سەربارەت بە خۆم، دڵخۆشم کە نووسینەکانم کردوومی بەوەی کە هەم، نەک ڕێکەوتێکی بەختدارانە.
+ لە دوای شەڕەکەی سەلمان ڕوشدی، ساڵی ١٩٨٩، بەڕێزت، ئەکادیمیای سویدت بەجێهێشت. ئایا تا ئێستاش کورسییەکەت بە بەتاڵیی ماوەتەوە؟
شاشتین ئێکمان: بەڵێ. نازانم تا کەی وا دەمێنێتەوە بەڵام نامەوێت ئێستا لەو بارەیەوە قسە بکەین.
+ ئایا بۆ ژنێکی ٦٦ ساڵ، قورسە بەرهەمی ئیرۆتیکی هەبێت؟
شاشتین ئێکمان: بۆچی دەبێت قورس بێت؟ خوا، چەند تامەزرۆم، لە ژێر درەختی کتێبە تازەکەمدا، دەربارەی ئەو شێواز و خۆشویستنە بنووسم. ئەو باسانە ئێستا خۆشترە.
ڕۆمانی «کۆتایی مەزن لە کەرتی گاڵتەجاڕیدا»
((لەم ڕۆمانەی شاشتین ئێکماندا، کارئەکتەری خەیاڵیی (لیلەمور ترۆی)، وەک نووسەرێکی بە توانا و ژیر ناسراوە و سەرنجی خوێنەرانی ڕاکێشاوە بەڵام لە پڕێکدا ئەم وێنە جوانەی تووشی هەڕەشەی شێواندن دەبێت، ئەوەش بەوەی کە کەسێکی ناسیاوی، کتێبێک لەسەر چۆنێتی ژیانی ڕاستەقینەی (ترۆی) دەنووسێت.
بەسەرهاتەکانی چیرۆکەکە گێڕانەوەی شەست ساڵ و ئاوێنەی ژیانی دوو ژنی زۆر لە یەکتر جیاوازە لەگەڵ باسکردنی ویستگەکانی ڕاستی و درۆ و تەنهایی گشتی و بارودۆخی نووسەرێتی.))
شاشتین ئێکمان لەم ڕۆمانەیدا دەمبات بۆ گەشتێکی نایاب، بە ناو دونیای چاپەمەنی و نووسەران و جیهانی ڕەخنەگراندا. ئەو خاوەنی مەملەکەتێک وشەیە کە من لە ئەدەبی ئاسایی‌دا بەدیناکەم، ئەمەش خوێندنەوەی بابەتەکانی ئێجگار خۆش و پڕ چێژ کردووە.
هەموو شت لەوێوە دەستپێدەکات کە خاوەنی چاپخانەکە، نووسەری بەناوبانگ و ئەندامی ئەکادیمیای سویدی (لیلەمور ترۆی) بانگهێشت دەکات و لۆمەی ئەوەی دەکات کە دەستنووسەکەی لەژێر ناوێکی خوازراودا ناردووە بۆ چاپخانەیەکی دی.
خاوەنی چاپخانەکە دەستنووسەکەی بە پارەیەکی زۆر لە چاپخانەکەی تر کڕیوەتەوە و بە پەستی و نیگەرانی بە نووسەرەکە دەڵێت: تۆ نابێت ئەمە چاپ بکەیت.
خاتوونە نووسەرەکە، داوا دەکات، دەستنووسەکەی بداتێ بیخوێنێتەوە. پاش ناردنی بۆ ژوورێکی خوێندنەوە، بە تووندی ئاگاداری دەکەن کە بۆی نییە نووسراوەکە بباتە دەرەوەی بیناکە. ئەو تێدەگات چی ڕوویداوە، بۆیە بە دزییەوە دەڕواتە دەرەوە. دەیەوێت بە هێمنی دەقەکە بخوێنێتەوە و بیربکاتەوە چۆن ڕێ لەو کارەساتە بگرێت.
لیلەمور ترۆی تەلەفۆن بۆ چاپخانەکە دەکات و دەڵێت کە سەفەری کردووە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو لە شوقەکەیدا، بە دەستنووسەکەوە خۆی حەشارداوە. ترۆی دەزانێت ئەوەی ئەو دەقەی نووسیووە (باڕبڕو ئاندەرسسۆن)ە. ئەو نووسەرەی زیاتر لە پەنجا ساڵ بە نووسینی کتێب، کاریان پێکەوە کرد. پێکەوە کارکردنێک بۆ سوودی هەردوو لا. دیارە بەبێ (لیلەمور) کە لە ڕۆشناییدا دەردەکەوت و هەڵدەستا بە پاکنووسکردن و چاککردنی نووسینەکان و بەبێ (باڕبڕو)ش کە دەقەکانی دەدۆزییەوە و چیرۆکەکانی کۆدەکردەوە، هیچ کتێبێک بەرهەمنەدەهات. ئەوان قەت هاوڕێ نەبوون و هەندێکجار بۆ ماوەی زۆریش لە یەک دوور دەکەوتنەوە بەڵام هەمیشە داهاتەکانیان بە یەکسانیی دابەش دەکرد.
لەو کاتەدا کە لیلەمور دەستنووسەکە دەخوێنێتەوە، سەرزەنشتی خۆی دەکات کە چۆن هەموو شتێکی تایبەتی خۆی باسکردووە و تێدەگات کە باڕبڕو چەند بە باشی گوێیگرتووە. باڕبڕو هەرگیز باسی هیچ شتێکی خۆی نەکردووە. لیلەمور بەردەوامە لە خوێندنەوە و دەروونی ژان دەکات.
سەروەختی چیرۆکەکە، لە ساڵانی پەنجاکانەوە تا هەنووکەیە و لەو ناوەندەشدا ڕەوتی ڕووداوە مێژووییەکانی ژیان دەبینینەوە. ئەم ڕۆمانە، بەرهەمێکی خەیاڵیی و پڕ ئەندێشە و تەنزئامێزە و گەنجینەی وشەکانی شاشتین ئێکمان وایکردووە لەم کارەدا چێژی تەواو لە زمانی نووسینەکەی ببینرێت.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا نووسینی هاوبەش مۆدەیەکە. ئێستا زۆر نووسەر هەن حەز دەکەن دوودوو بنووسن، بۆ نموونە (کامیلا گرێبی و ئۆسا ترێف)، (ئەلیکساندرا کۆیلۆ و ئەلیکساندەر ئەندۆریل)، (ئاندێش ڕوسلوند و بیۆرێ هێلسترۆم). ڕەنگە زۆری تریش هەبن کە ئێمە دەربارەیان نازانین.
شاشتین ئێکمان، سوپاس بۆ ئەو ڕۆمانە پڕ چێژ و فرە جوانە.
خەڵات و فیلم
شاشتین ئێکمان بۆ ڕۆمانی «کۆتایی مەزن لە کەرتی گاڵتەجاڕیدا»، ساڵی ٢٠١٢ (خەڵاتی کەسێتی ئیڤار لۆ یوهانسسۆن)ی پێبەخشرا. ئەم خەڵاتە ئەدەبییە سویدییە، لە ئاستێکی باڵادا، لە دوای خەڵاتی نۆبڵەوە دێت و نرخەکەی ٣٣٠٠٠٠ کرۆنە.
هەروەها بڕیاردراوە ئەم ڕۆمانە بکرێتە فیلم و (شاشتین ئێکمان) لەگەڵ (ئانیکا تور)ی نووسەردا، سیناریۆی فیلمەکە بنووسن، بەو نیازەی فیلمەکە لە ساڵی ٢٠١٤دا نمایش بکرێت.
*** ***
دەق پێویستی بە لێوەشاوەییە،
دەبێت لە شتێک بکۆڵێتەوە و خۆی لە پشت زانینەکانەوە بنووسێتەوە
نووسەر و چیرۆک‌نووسی سویدی (ماتس کێمپێ) ساڵی ١٩٦٦ لەدایکبووە. یەکەم کۆچیرۆکی بە ناوی «من هەرگیز خەونەکانم بیر نامێنێت» وەک کتێب، لە ساڵی ١٩٩٦ دا بڵاوبووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە چەند ڕۆمانێکی شایستەی هەیە، بەردەوام گەڕاوەتەوە سەر نووسینی چیرۆک و شێوازی نووسینی دەکرێت وەک لیریکی (غنائی) بناسرێتەوە، هەڵبەت ئەمە بە ڕوانگەی تایبەتی خۆیەوە کە تیایدا نەگوتراوەکان زۆرترین ما‌نایان هەیە! ماتس کێمپێ جگە لە نووسەرێتی، وەرگێڕانیش دەکات و ئێستاش یەکێكە لە دادوەرانی (خەڵاتی ئەدەبیی ئەسترید لیندگرێن)، ئەو مامۆستای پەیمانگا بووە و لە کتێبخانەی گشتیش کار دەکات. (ماتس) هاوسەری (کریستینا ساندباری) نووسەرە و پێکەوە لەگەڵ دوو کچەکەیان و پشیلەکەیان لە ستۆکهۆڵم دەژین.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بنکەی خەڵاتی ئەسترید لیندگرێن (ALMA)
ــ بە کوورتی پێمان بڵێ (ماتس کێمپێ) کێیە؟
ماتس کێمپێ: من خۆم وەک گەیەنەر دەناسم. لە قوتابخانەوە دەستم پێ‌کرد، سەرەتا وەک خوێندکار و دواتر وەک مامۆستا. هەمیشە ئارەزوومکردووە شت بدۆزمەوە و بە ناو خەڵکدا بڵاوی بکەمەوە. حەزیشم لەو ڕۆڵەی خۆم کردووە، چ وەک مامۆستا و چ وەک نووسەر و لێکۆڵەر، هەروەها وەک کارمەندی کتێبخانەی گشتیش. دۆزینەوە و دانانی کتێبی تازە، کونجکۆڵییەتی و حەزی زانینە و نووسەرێتیی بۆ ئەمە ڕامدەپەڕێنێت.
ــ تۆ کە لە دونیای کتێبخانەدا کار دەکەیت و چەندین ساڵە ئەزموونت لەوەدا هەیە کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هاندەری خوێندنەوەیت، پێتوایە چۆن کتێب لە وڵات و کولتووری جیاوازەوە، خوێنەرەکانیان دەوڵەمەند دەکەن؟
ماتس کێمپێ: پێش هەموو شتێک، بە باوەڕی من، دۆزینەوە و گەیشتن بە ئەدەبی باش و تازە، لە فراوانکردنی تێڕوانینەکانەوە دەستەبەر دەبێت. من خۆم لەم چەند ساڵەی دواییمدا، ئەدەبی ئاسیایی و ئەفریقی، زۆرترین بەخششیان بە ئەزموونی خوێندنەوە پێشکەش کردووم. زۆر کتێبی سەرنجڕاکێش هەن، لە سوید دەستناکەون، هەندێکیان وەرگێڕدراویشن بۆ سەر زمانی سویدی بەڵام ناگەنە دەست خوێنەرە شیاوەکانیان. ئەمڕۆ بازاڕی کتێب زیاتر سەرنجی لەسەر ئەدەبی خۆماڵی و ئینگلیزییە، ئەمەش بە هۆی فرۆشیارییەوەیە بەڵام من وەک کارمەندی کتێبخانە، دەزانم کە داخوازی و کونجکۆڵی بۆ خوێندنەوەی ئەدەبی هەموو جیهان زۆر زۆرە. من هەست دەکەم ئەدەبی وڵاتانی تری ئەورووپاش بە ئاسانی پەنا دەکەون، ئەو ئەدەبەی وەریشدەگێڕدرێت ناخرێتە سیاقی تەواوی نووسەرێتییەوە و لەگەڵ ئاڕاستە و جەرەیانی فیکری نێونەتەوەییدا دانانرێت. ئەمانە هەندێک جار وەک ناونیشانی تاک و تەرا بۆ ماوەیەکی کوورت لە کتێبفرۆشییەکاندا دەمێننەوە. لە کتێبخانە گشتییەکانیش یان دەکەونە ناو گۆڤارەکانەوە یان بەر بێژنگ دەکەون. دیارە زۆر جار کتێبی زۆر باشیان تێدایە کەچی کەمجار بۆیان هیواشکاو دەبین. بەڵێ بەداخەوە هەستم بەمە کردووە بەڵام ئەرێییانە هەستیش دەکەم خەریکە ئەم دیاردەیە گۆڕانی بەسەردا دێت …
شتێکی تر لە خوێندنەوەی ئەدەبی جیاوازدا، دۆزینەوەی شێوازی گێڕانەوەی ترە لە ئاڕاستە و نەریتی ئەدەبی گەلانی تردا. من چونکە خۆشم نووسەرم، ئەم پەیبردنە زۆر بە جۆش و خرۆشە بۆم و هەمیشە بیرۆکە و ئیلهام لە ئەدەبی جیهانەوە وەردەگرم.
ــ چ شتێک کتێب دەکات بە کتێبێکی باش؟
ماتس کێمپێ: دەق پێویستی بە لێوەشاوەییە، دەبێت لە شتێک بکۆڵێتەوە و خۆی لە پشت زانینەکانەوە بنووسێتەوە. بۆ من نەوای دەنگی گێڕەرەوەکەش گرنگە، تا ئەو ئاستەی بە درێژایی خوێندنەوەی کتێبەکە، بخوازم لەگەڵ کەسی گێڕەرەوەدا بم. ئەگەر حەزم لە گێڕانەوەیەک کرد، دەگەڕێم هەموو کتێبەکانی ئەو نووسەرە دەخوێنمەوە، ئەگەرچی سەرجەم کارەکانیشی درەوشاوە نەبن. لێرەدا جۆرێک لە وتووێژ دروست دەبێت کە تیایدا شوێنکەوتنی پرۆسەی نووسینی نووسەرەکە گرنگترە لە بەدوادا چوونی تاکوتەرای کتێبەکان.
بەڵێ کتێبی باش لە لای من، ئەو دەقە لێوەشاوەیەیە کە پڕێتی لە جوڵە و ژیان و پشکنینە لە بەدواداچوونی گۆڕەپانی ئەدەبیی نوێ‌دا. هەروەها گێڕانەوەکەشی دەبێت وەها بێت، تا کۆتایی خوێنەر لەگەڵ خۆی ببات.
سەبارەت بە کتێبی ئەدەبی منداڵان و هەرزەکاران، پەیوەندی نێوان دەق و وێنەکان گرنگن. لەبەر ئەوەی وێنەکان جوڵە و ژیانێکی تەواو تازە دەدەن بە نووسینەکە. من خۆم ئەو کتێبی منداڵانانە زۆر نزیکە لە دڵم کە وێنەی کێشراویان زۆر تێدایە، لە وێنەکاندا زیاتر لەوە کەشف دەکەیت کە بە دەق نووسراون. بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێش لە خەیاڵی مندا ئەوەیە ئەگەر کتێبی گەورەکانیش وەک کتێبی منداڵان و هەرزەکاران، پێبەپێی دەقەکان وێنەیان بۆ بکێشرایە!
ــ وەک یەکێک لە تازە دادوەرانی (خەڵاتی ئەسترید لیندگرێن) کە گەورەترین خەڵاتە لە جیهاندا، بۆ باشترین کاری ئەدەبی منداڵان و هەرزەکاران، چۆن لە ئەرکی خۆت دەڕوانیت؟
ماتس کێمپێ: کارەکەم زۆر خۆش دەبێت. باشترین هەستی ئەوەیە لە پانتاییەکی بەرفراواندا، لە ئەدەبی جیهانیی ئاگادار دەبم. کەشفکردنی کاری تازە و گەیاندنی بەوانی دی، ئێجگار دڵخۆشکەرە. پێشبینی ئەوە دەکەم کە هاوکاردەبم لە دۆزینەوەی ئەو خەڵاتوەرگرە نوێیانەدا کە کارەکانیان زۆرترین سەرنجڕاکێشی جیهانیی بەدەست دەهێنن. هیواداریشم بتوانم کۆمەککەر بم لە ڕاکێشانی سەرنجی زیاتر بۆ هەریەک لە خەڵاتوەرگر و خەڵاتەکەش.
ــ بۆ گەشتی ئەم هاوینەت، چ کتێبێک لەگەڵ خۆت دەبەیت؟
ماتس کێمپێ: کتێبی «ژیان بەرەو دوا»ی پێر نیڵسسۆن، بەڵام هەڵبەتە چاوەڕێی لیستی کاندیدە هەڵبژێردراوەکانی ئەمساڵیش دەکەم!
گفتوگۆی (کێمپێ) و کتێبخانەی ئادلیبریس
ــ هەمیشە لە کتێبەکانتدا، خوێنەر خۆی لە کەسایەتی پاڵەوانەکاندا دەبینێتەوە، وەک ئەم حەوتەمین کتێبەت بە ناوی «ئەوەی ئێستا لە بیرمە»، کە پێکهاتووە لە شانزە کوورتە چیرۆک و زۆربەی کارەکتەرە سەرەکییەکان گەنجن و ڕووداوی زۆر لە چیرۆکەکانیش لە دەوری قوتابخانەیەک دەسوڕێنەوە. پرسیاری ئێمە ئەوەیە، چی وا دەکات ئەو ژینگەیە ئەوەندە بەسەرهات بگرێتەوە؟
ماتس کێمپێ: ئاشکرایە ساڵەکانی قوتابخانە، لە ژیانی ئێمەدا، زۆر کوورتە و زۆر قووڵیش مۆرکی خۆیمان تێدا دادەکوتێت. بە نیگەرانییشەوە، دەمەکانی خوێندنگا، زۆر جار بڕیاردەر دەبن لەسەر ئەوەی لە ژیانی داهاتوودا، چ ڕۆڵێکمان بەربکەوێت. قوتابخانە وێنەیەکی خۆمان پێدەبەخشێت کە زۆر ئاستەمە دووا ساڵ و پاش جێهێشتنی قوتابخانەش، بتوانین لێی ڕزگارمان ببێت. ئەمە تا ئەو ڕادەیەی کە دەکرێت، لە تەمەنی گەورەییدا، تەنها بینینەوەی هاوڕێیەکی مەکتەب، بەس بێت بۆ ئەوەی فڕێبدرێینەوە ناو ڕۆڵە کۆنەکەمان، لە کاتێکدا ئەمە نەدەبوو ئاوها بێت.
ــ لە هەموو چیرۆکەکانی ئەم پەرتووکەتدا، لە ناوەڕاستی واقیع و نووسینەوەی ئازارەکاندا، هێدی هێدی بە چوونە ناو کەرتێکی تایبەت، بە ئەفراندن، ڕووانگەی بەسەرهاتەکان وەردەگێڕی و هاوکاتیش وەرچەرخانەکە زۆر سروشتی و باوەڕپێکراو هەست پێدەکرێت. ئەم هەڵبژاردنەت چۆن کردووە؟
ماتس کێمپێ: ئەگەر لە نووسینەکەمدا، کەسایەتییەکی شاعیرانەم هەبێت، دەبێت هەوڵ بدەم ئەوە بکەم کە پێشتر ڕێم بە خۆم نەداوە بیکەم، جا ئەگەر ئەو نەکردنە لەبەر ئەوە بووبێت کە پێشتر بابەتەکەم بۆ ئەدەب بە شیاو نەزانیبێت یاخود پێموابووبێت کە توانام بەسەریدا ناشکێت، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی باس لە نووسینی بەیتێک یاخود میتافۆڕێک بکەم. هەمیشە کتێبەکانم بە ریالیستی ژیان و واقیعی کۆمەڵایەتییەوە ناسراونەتەوە، لەم کۆچیرۆکەدا بە بەجێهێشتنی ریالیست خاڵێک چوومەتە پێشەوە. ئەمەش ڕەنگە سوودی ئەدەبی دەرەوەی ئەورووپا و ئەدەبی جیهانیی منداڵان بێت کە لەم ساڵانەدا بایەخی خۆمم بۆیان تەرخانکردبوو.
ــ چمکێکی گرنگ لە کتێبی «ئەوەی ئێستا لەبیرمە»دا، باس لە نووسین و بەرهەمهێنان دەکات، دەربارەی ئەوەی کێ خاوەن قەڵەمە و دەکرێت گێڕانەوە چ دەسەڵاتێکی هەبێت، هەروەها ئەوەی کە زۆر لە کەسەکان خۆیان بە بێدەسەڵات دەبینن و هەستدەکەن لە لایەن کەسانی ترەوە بەڕێوەدەبرێن. ئایا ئەمە شتێکە کە تۆ دەتەوێت سەبارەت بە ئەمڕۆی پڕ بەسەرهات بیڵێیت؟
ماتس کێمپێ: لەگەڵ کاتدا، من زیاتر ناڕەحەت بووم بەرامبەر بەوەی چ دەسەڵاتێکم بەسەر کارەکتەر و چیرۆکەکانمدا هەیە. هەر بۆیە لەم دە ساڵەی دواییدا، مەبەستم بووە بە ئاگاییەوە ئەو ئەدەبە خەیاڵییە بتەقێنمەوە، ئەمەش بەوەی لێپەیدابوون و سەرهەڵدانی خودی دەق، لە دەق خۆیدا بنووسمەوە. پێموایە بەم شێوەیە نووسین زیاتر ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو و ئارەزووکێشتر دەبێت. لێرەدا من تێکستەکانم زیاتر وەک پێشنیاری بەسەرهاتەکان دەبینم، نەک وەک بەرهەمهێنانی خەیاڵێکی ڕاستەقینە. هەڵبەتە ئەمە خستنەڕووی کێشەیەکە کە دەمخواست ئەمڕۆ لە کۆمەڵگاکەماندا، زیاتر گفتوگۆی لەسەر بکرایە …
لە کورتە وتووێژێکی تەلەفزیۆنییدا
سەبارەت بەوەی (ئەلیس مۆنڕۆ)ی چیرۆک‌نووس خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بۆ ساڵی ٢٠١٣ وەرگرتووە، (کێمپێ) دەڵێت:
هەڵبژاردنی چیرۆکنووسێک بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، دەکرێت وەک بەرزنرخاندنی چیرۆک، پلەیەکی باڵا بداتە ئەم ژانرە و هیوادارم لە بواری ئەدەبدا، پانتایی چیرۆک فراوانتر بێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە چۆنە دوای نووسینی ڕۆمان، دەگەڕێتەوە سەر نووسینی چیرۆک، (ماتس کێمپێ) دەڵێت:
وەک چۆن (ئەلیس مۆنڕۆ) و زۆر نووسەری بەتوانای تر، بارودۆخی ژیانیان وا نەڕەخساوە کە جێگای زۆرترین نووسینی تێدا ببێتەوە، منیش لە ژیانمدا جگە لە نووسین، ئەرکی بەخێوکردن و خێزان و پەروەردەی منداڵم لەسەرە. هەڵبەت پێمگرنگە بنووسم بەڵام بەبێ ئەوەی ژیانی نووسینم و ئەو ژیانەی ترم بەیەکدا بدەن. بۆیە زیاتر نووسین لە فۆڕماتە کوورتەکەیدا هەڵدەبژێرم و شێوازی کوورتنووسیش لە لام پەسەند و سەرنجڕاکێشە.
(ماتس) لەبارەی ئەزموونی (ئەلیس مۆنڕۆ) و نووسینەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
(ئەلیس مۆنڕۆ) نووسەری فۆڕماتی کوورتی نووسینە و گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە. ئەمە ئیلهامبەخش دەبێت بۆ زۆر کەس کە بێ سڵکردنەوە بخوازن لە جیاتی نووسینی درێژی وەک ڕۆمان، برەوی زیاتر بە نووسینی کوورتی وەک چیرۆک بدەن. بە بۆچوونی تایبەتی خۆمیش ئەوەی حەزی پێدەکرێت و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت، چۆنییەتی خودی نووسینە ئیدی زۆر فەرق ناکات ئایا دەقەکه چیرۆکە، شیعرە یاخود ڕۆمان.
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی «چرای شەو داگیرسا و دەرگاکە ئاوەڵایە»
لە گێڕانەوەکانی (ماتس کێمپێ)دا، ڕۆژە ئاساییەکان، ئەو ڕۆژانەی دەوام هەیە و پشوو نین، کات و دەمی شیرین نین. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە نووسینەکانی کێمپێ پڕ بن لە کارەسات و سامناکی، بەڵکوو دەقەکانی باسن لەو ساتگەلە لەناکاو و هەستبزوێنانەی تژین لە هەرەس و دڵەکووتەی پێوابوون و حساباتی هەڵە، هەروەها باسن لە ئاماژە ناڕوونەکانی ڕۆژگار و زەردەخەنە باو و پەنهانەکانی.
لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٦ەوە، منداڵیی و هەرزەکاریی و ژیانی خێزان، لە سەرەکیی ترین بابەتەکانی نووسینی (کێمپێ)ن. بە هەمان شێوەش لە کۆ چیرۆکی «چرای شەو داگیرسا و دەرگاکە ئاوەڵایە»دا گرنگی زۆر بە هەمان ئەو تێمایانە دەدات. لەم کتێبەدا گەڕانەوە بۆ سەر ژینگەی ژیانی مرۆڤەکان بەرچاوە و دەکرێت سەرجەم دوانزە چیرۆکەکە، وەک دوانزە بەشی ڕۆمانێک بخوێندرێتەوە.
چیرۆکەکانی ئەم کتێبە زیاتر باس لە دایکان و باوکان و نیگەرانییەکانیان دەکات. نیگەرانیی دایکان و باوکان بەرامبەر منداڵەکانیان و هاوسەری منداڵەکانیان و هەروەها لە چۆنییەتی تێگەشتنی ڕۆڵی خۆشیان لە مەیدانەکەدا. نیگەرانییەک کە هەندێک جار دەگاتە ترس لە جۆرە بێزارییەکی ناسراوە بە ترسان لە ڕاستگۆیەتی و لەوەی جارێک بۆ هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو لێڵییە ببنەوە کە لە شەودا خەو دەزڕێنێت. هەروەها نیگەرانیی بەهۆی ترسانەوە لەو ترسەی کە شتێک بەسەر منداڵەکاندا بێت. (کێمپێ) ڕیالیستێکی کارامەیە و تێڕووانینی تایبەتی بۆ ئەو ڕەنگجوداییانە هەیه کە لە واتادا جیاوازی گەورەیان هەیە. ئەو لە وەسفکردنی نیوە نائاگایی مرۆڤەکاندا، توانایەکی زۆر باشی هەیە. هەروەها لە وەسفی ئەو وردە مامەڵە ناچارییانەشدا کە ئارەزوو دەکرێن بەڵام (کێمپێ)ش وەک زۆر نووسەری تر هەندێک هۆنینەوە و وشەی ناپێویست بەکاردەهێنێت.
دەبێت لە بیریشمان بێت (ماتس) نووسەرێکە باوەڕی بە نووسینی خۆی زۆرە، چ لە بواری زماندا و چ لە شێوازی گێڕانەوە و بە بەسەرهات کردنیشدا.
ئەم کۆمەڵە چیرۆکەی، دوو سێ چیرۆکی تێدایە شتێکیان کەمە، کە دەشێت کەموکوڕییەکە لە گرێ و هۆکارەکاندا بێت یاخود لە خەیاڵەکەیدا. بەڵێ، لەو چەند چیرۆکەدا خوێنەر هەندێک جار حەز دەکات (کێمپێ) ئەندێشەی ئازادتر و وێنەکانی زۆرتر بوونایە …
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کتێبە زۆر چیرۆک و مەبەستی گەیەنراوی سەرکەوتووی تێدایە، بۆ نموونە کوورتە چیرۆکی «سیستەمی SAB» کە دەربارەی شڵەژاوی مەنەلۆگی باوکێکە لەگەڵ کچەکەی، سەبارەت بە پێداویستییەکانی ژیان، لە ڕێی باسکردنی سیستەمی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازی سابەوە. یاخود کوورتە چیرۆکی «مەشقی نووسین» کە تیایدا (کێمپێ) تۆنێکی بێوێنە و ئێجگار جوان دەدۆزێتەوە کاتێک چەندین شێوازی جیاواز تاقیدەکاتەوە بۆ لێدوان و باسکردنی کیژێکی سادە و ساکار. هەروەها لە کوورتە چیرۆکی «لاپەڕە دڕاوەکان»دا لێزانانە باس لە مانەوە لە خانوویەکی هاوینە و تەواوبوونی پەیوەندییەک دەکات، وەکتریش چیرۆکی «کەس حاڵی لە منداڵەکەی باشتر نابێت» کە بەسەرهاتی کچێکە، پوختترین و هاوسەنگ ترین دەقە لەم کتێبەدا.
*** ***
بەردەوام سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەم کە کاتێک منداڵ بووم ماڵمانی لێ‌بوو. دەچم لە ڕێگا و قادرمە و کێڵگە و هەورازەکانی دەڕوانم. چوونەوەم بۆ ئەوێ و جوڵانەوەم تیایدا، بۆ من فرە ئەفسووناوییە. ئەو ناوە، هەمیشە دەمباتەوە ناو یادەوەریم، وەک ئەوەی وێنەکانی جاران، لەوێ دانرابن و چاوەڕێبن بچم بیانچنمەوە
ژنە نووسەری بەتوانای سویدیی (کاتارینا فرۆستێنسۆن)، کە ساڵی ١٩٥٣ لەدایک بووە، لە پێش هەموو شتێکەوە شاعیرە بەڵام پەخشان و دراما و دەقی ئۆپێراش دەنووسێت، هەروەها وەرگێڕیش بووە. ساڵی ١٩٧٨ یەکەم کۆشیعری چاپکردووە و تا ئەمڕۆ چەندین جار و بۆ چەندین کتێب و کار، خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٩٢ەوە بە ئەندامی ئەکادیمیای سوید هەڵبژێردراوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا
(کاتارینا فرۆستێنسۆن) کە بۆ سێهەمین جار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاگوست پاڵێورا، وەک کەسێکی داخراو و سەخت ناوزەند کرا بەڵام ئەمە تەواو ڕاست نییە، وا لێرەدا (پۆنتوس دالمان) چاوی بە کراوەیی ئەو شاعیرە دەکەوێت کە سەرمەستە بە وێناکردنی هەستی شار و بارودۆخەکانی خەڵکی …
کاتارینا لە ڕیستۆرانی (گوندولێن) دانیشتووە قاوە دەخواتەوە و لە دیمەنێکی خەیاڵبەری ستۆکهۆڵم دەڕوانێت. مەیدانی (سلووسن) و (سوێدەرمالم) دەکەونە خوارووی ڕیستۆرانەکەوە. هەر وەک فەزای شیعری (زستانی سلووسن) لە کتێبی (قسە و باران)دا، دانیشتوانی شار لەوێوە بەرەو شەقامی (یوێتگاتسباکێن) سەردەکەون.
“ڕووخسارەکانی سەدەی ناوەڕاست،
بێ خۆشەویستی، تەقەلای سەرکەوتنیانە بەسەر هەورازدا.
زرنگانە، بە کۆڵەپشتەکانیانەوە،
نێچیر بەرەو گوللە ڕاپێچ دەکەن،
لەوێ خەون، لە بیری بردنەوەدایە.”
ئەمە وێنەیەکی دڵڕەقانەی خاوەن ئاپارتمانەکانی ئەمڕۆیە! درێژەی شیعرەکە دەڵێت:
“کەش، ناقس حەوت نمرە ژێر بەختەوەرییە،
هیچ بەسەر توانای سەرمادا نایەت،
تا ئەو شوێنەی هەست لەدەست دەدەین،
دەمانبەستێت.”
کاتارینا دەربارەی ئەم شیعرەی خۆی دەڵێت:
+ ئەمە شێوازێکی تابلۆی شارە، ئیلهامەکەیم لە نیگاری زستانی وێنەکێشی هۆڵەندی (بروێگێل)ەوە بۆ هاتووە. زستانێکی سەخت و چروک لە نێوان دێڕەکاندا هەیە، هەروەها هەندێک لایەنی کۆمەڵایەتیش بەڵام شیعرەکە باس لە خاڵی سفرێکیش دەکات کە دەشێت لەدایکبوونێکی تر و بوونێکی گەرمتری لێوە پەیدا ببێت. لەوێدا مرۆڤ ئەوەندە بە سەرمادا ڕۆچووە، گەیشتووەتە دۆخی بەستنێک کە ئیدی دەبێت وەرچەرخێ و پێچبکاتەوە.
بڵێی “کاتارینای سەخت” ئەو شاعیرە سیاسییە بێت، کە توانیبێتی بەسەر کەشوهەوای قەیرانی ئابووری ئەمڕۆدا، سەرکەوێت؟ ئەو کە بە هۆی داهێنانە پڕ بایەخ و بێگەردەکانییەوە لە بواری زمانەوانیدا، لە ئەنسیکلۆپێدیای نیشتیمانی بە خۆگر و توندوتۆڵ ناوبراوە … هەر چۆنێک بێت ئەمە شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە.
هەر هەمان ئەو ساڵەی کۆمیدیای «هاوڕێی سەفەر»ی (لاسێ ئۆباری) چووە سەر تەختەی شانۆکان، ساڵی ١٩٨٠ شیعرە توڕەکانی (کاتارینا فرۆستێنۆن)یش خوێندرانەوە. شیعرەکان دەربارەی وڵاتێک بوو کە تێیدا، “سەگەکان دەکوژران یاخود لە توالێتەکاندا لاقە دەکران”، “وڵاتێک کە بە قەرزی سپییەوە ڕقی لە تاریکیی دەبووەوە” … هەر لەوێوە دەنگێک دەیگووت:
“لێگەڕێ، با ئەوانەی کەوتوون بکەون
لێگەڕێ، ئەوانەی تاقەتیان هەیە، خۆیان کۆیدەکەنەوە.
بەردەوامبە، سەربکەوە، خاوەنی وڵاتی خۆت بە!”
فرۆستێنسۆن دەڵێت:
+ کاتێک کۆشیعری «پاکیی وڵات»م نووسی، زۆر بەو بیرکردنەوانەوە سەرقاڵ بووم کە چۆن لە سویددا هەوڵ دەدرا هەموو شتە تاریک و بێزارکەرەکان دووربخرێتەوە. جۆرێک لە بیرکردنەوەی ئەندازیارانەی قووڵ لە ناو جەستەی کۆمەڵگاوە، بە باوەڕدارییەکی زۆرەوە، لە ئارادا بوو، بە جۆرێک کە بتوانرێت هەموو شت ڕێکبخرێتەوە. نازانم ئەگەر سوید ئەمڕۆ، بەو ئەندازەیە چاکسازی تێدا کرابێت بەڵام کۆمەڵگە لە زۆر ڕووەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
لە شانۆنامەکانیشمدا، زۆر وێنەی سوید و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی بەرچاو دەکەوێت بەڵام بۆ من وەک نووسەر، ناتوانم ئاوها لە چەند دێڕێک‌دا باس لە نووسینەکانم بکەم، دەتوانم تەنها ئاماژە بەوە بدەم کە دەقەکانم پڕن لەو جۆرە وێنانە.
ــ مەبەستت لەوەیە نازانیت بۆچی ئەو وێنانە لە نووسینەکانتدا هەن؟
+ بۆچی هەن؟! چونکە من تیایندا دەژیم و تێبینییان دەکەم. دەڕەنجێم پێیان و دەمەوێت وێڵیان بکەم. بەڵێ بە دڵنیاییەوە ئەو وێنانە لەبەر ئەوە لە نووسینەکانمدا هەن. لەبەر ئەوەی بە زۆر شێوە کارم لێ دەکەن، بوونەتە بەشێک لە من و چوونەتە ناو من. هەندێک جار ڕستەیەک دەنووسم کە لە کاتی چوونمدا بۆ بازاڕ تووشم دەبێت. من هەرگیز وازم لەوە نەهێناوە کە بەدەم ڕێگاوە ببینم، ئەو خووە لە کۆڵەکە سەرەتاییەکانی نووسینی منە. هەندێک ڕۆژ لە هەموو لایەکەوە دەبینم، بیرۆکەم بۆ دێت، زۆر دەنگ دەبیستم، زۆر شت دەڵێن، هەموو ئەمانە دەبنە هۆکار و هەوێنی شیعر. ئەمانە دەکرێت دەربڕینی دەموچاوێک بێت لە شەمەنەفەرێکدا، وشەیەک لە لاپەڕەی هەواڵی ڕۆژنامەیەکدا یاخود شتێک کە کەسێک بەلایدا تێدەپەڕێت و لە پڕێکدا دەیڵێت.
کاتارینا فرۆستێنسۆن بە دیوانی شیعری «قسە و باران» بۆ سێهەمین جار خەڵاتی ئاگوستی بەدەستهێناوە. سەبارەت بەمە دەڵێت:
+ کتێبەکەم پێشوازی زۆری لێ‌کرا و بەرز ڕاگیرا، ئەمە جێگای دڵخۆشی منە و هی ئەوەیە سوپاسگوزار بم.
ڕابێژییەکان لەسەر نوسخەی کتێبەکانی (فرۆستێنسۆن) لە کتێبخانەی زانکۆی ستۆکهۆڵم، پڕن لە ڕستەی دیاریکراو و خشتەی تێبینی خوێنەران. هەر وەک چۆن ژمارەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر شیعرەکانی کراون، ئێجگار زۆرن. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو لە دەمێکیشەوە لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە بەشێک بێت لە پەنهانی!
کاتارینا ئەوە دەگێڕێتەوە کە بە منداڵی لە شوقەیەکدا گەورە بووە لە نهۆمی حەوت. ئەو کاتە ماڵیان لە (هێگشتێن) بووە، نزیکەی نیو میل لە باشووری خۆرئاوای ئەم جێگایەوە کە ئێستا لێی دانیشتووین. ئەوێ ناوچەیەکی پڕ سەوزاییە و جار دوای جار زیاتر لە کتێبەکانیدا دەردەکەوێت.
شاعیرەکەمان لەم بارەیەوە دەڵێت:
+ تا ئێستاش بەردەوام سەردانی (هێگێشتێن) دەکەم. دەچم لە ڕێگا و قادرمە و کێڵگە و هەورازەکانی دەڕوانم. چوونەوەم بۆ ئەوێ و جوڵانەوەم تیایدا، بۆ من فرە ئەفسووناوییە. ئەو ناوچەیە هەمیشە دەمباتەوە ناو یادەوەریم، وەک ئەوەی وێنەکانی جاران، لەوێ دانرابن و چاوەڕێبن بچم بیانچنمەوە.
هەروەها دەڵێت:
+ من دەربارەی دایکم و باوکم و خوشک و براکانیشم زۆر دەنووسم، ئەوان هەمیشە بە جۆرێک لە بیرۆکەوە لە شیعرەکانمدا دەردەکەون.
ــ ئەمە بۆچی؟
+ چونکە ئەوان زۆر دەگەیەنن بۆ من.
ــ منداڵییەکی ڕووناکت هەبوو؟
+ بەڵێ، بەهەرحاڵ تاریک نەبوو بەڵام من منداڵێکی هەستیار بووم. زۆر خۆم دەخواردەوە، ئاسان بە کەشوهەوای دەوروبەر کاریگەر دەبووم و بۆم قورس بوو بەرگری هەندێک دۆخ بکەم. پێموایە من منداڵێکی ناسک بووم، تا ئێستاش وام، لە بەرکەوتندا بێ پێست و لە بیستندا گەلێک بە هەستەوەرم. لەوانەشە هەر ئەم تایبەتمەندییانە بن کە مرۆڤ دەکەنە نووسەر. من زۆر دەڕۆشتم و خەیاڵم بە وشە و زمانەوە دەکرد. ڕەنگە هەمیشە تێڕامانەکانم بە قووڵیی نەبووبێت بەڵام لەو سەردەمانەوە لەگەڵ زمان خەریکم.
ــ لە دێڕە شیعرێکتدا، باوکت دەڵێت:
“ئەی منداڵ، یاری بە وشە مەکە.”
+ بەڵێ بەڵام لە ڕاستییدا باوکم قەت وەهای پێ نەگوتووم. نازانم بۆچی وام نووسی، ئەوە جۆرێک بوو لە ڕەخنەی خودی خۆم کە بەو شێوەیە دزەیکردە شیعرەکەوە. ڕاستتریش بڵێم، من زیاتر هاندراوم کە بخوێنمەوە و بنووسم.
کاتارینا لە کتێبێکیدا شیعرێکی بۆ دایکی نووسیووە. دایکی وەک ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی کاری کردووە. باوکی بە گوێرەی شیعرێک لە دیوانێکی ساڵی ٢٠٠٤یدا، نەخۆشی سەر جێگا بووە. باوکی وەک ئەندازیاری کشتوکاڵ، سەرقاڵی پرسی زەوی کششتوکاڵی بووە.
(ئاندێش فرۆستێنسۆن) کە شاعیرێکی ئاینییە و لەناو خەڵکدا ئازیزە، مامی کاتارینا فرۆستێنسۆنە. ئاندێش خاوەنی ئەو دێڕە شیعرەیە کە دەڵێت:
“عەشقی خودا، وەک کەنار دەریا و وەک گیایە.”
کاتارینا دەڵێت:
+ سروودە دینییەکانی مامم و کارەکەی وەک پیاوی ئاینی، کاریگەری زۆریان لەسەرم هەبووە. من هاوبەشییەک لەنێوان کەشوهەوای نووسینی خۆم و وێنە شیعرییەکانی ئەودا بەدی دەکەم. ڕەنگە ئەمە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هاوینانمان پێکەوە لە هەمان هەرێم بەسەردەبرد. بەڵام من هەرگیز سروودی ئاینی نانووسم، پێموانییە من ئەوەندە ئیمانم بەهێز بێت کە وەها نووسینێک دەیخوازێت.
لە چاوپێکەوتنێکی کۆندا، لە ڕێکەوتی ٨/١٩٨٣ لە ڕۆژنامەی (دەنگەکان لە ڕادیۆ)دا نووسراوە: ڕووی دەدا، لە کاتی وانەی قوتابخانەدا، کاتارینا لەپڕ هاوار بکات و بڵێت؛ “قەپاڵ لە قورتمیان بگرە و بیانخۆ!” … ئەمەش دەکرا گووتەیەک بووبێت لە ناو کتێبەکانتدا.
فرۆستێنسۆن بە پێکەنینەوە دەڵێت:
+ بەڵێ، تەماشای ئەو نووسینانەم بکە، بزانە چەنێک دەربارەی ددان و گازگرتن دەبینیتەوە.
ئێمە چەند قوتابییەک بووین خولیای ئەدەبی و هونەرییمان هەبوو، کاتێ لە پۆلی هەشت و نۆ بووین، وەک شێتییەک ئەو ڕستانەمان بە هاوارەوە دەگووت و خۆشیمان لێ دەبینی.
ــ لە چاوپێکەوتنەکەدا، نووسراویشە کە تۆ جارێک لە داڕشتنێکی قوتابخانەدا، باست لەوە کردووە کە حەزت لە شیعرە چونکە پێتوابووە شیعر “داخراو و تاکڕەو و کۆنەپارێزە.”
+ بەڵێ بەڵام لە بیست ساڵیدا، ئەو ڕایەم گۆڕا، دوای ئەوەی شیعری (گوننار ئێکێلوێڤ) و (سیلڤیا پلاس) و … زۆری دیم خوێندەوە.
ــ دواتر لە شیعری ناو کتێبەکانتدا، تووشی گاڵتەجاڕی بوویت بە ڕەخنەی “داخراوی شیعر”؟
+ بەڵێ تووشی بووم! بەس … ئینجا؟ پرسیارەکەت چییە؟ تۆ دەبێت بڵێیت پرسیارەکەت چییە، چونکە ئەمە گرنگە. من دەتوانم لە بەشێکی ئەو ڕەخنەیە تێبگەم، هەندێک لێڵی و ئاماژە و پەڕاوێزی لە نووسینەکانمدا هەیە بەڵام ئەمە تەنها بەشێکی ڕاستییە. ئەوانەی پێداگیری لەوە دەکەن کە نووسەرێتی من ناڕۆشنە و دژی دەوەستن، بە دڵنیاییەوە، هەرگیز زۆر و بەتایبەت شتی منیان نەخوێندووەتەوە. ڕەنگە کتێبێکمیان هێنابێت، چاوێکیان بە چەند پەڕەیەکیدا خشاندبێت و لایان سەیر بووبێت. هەڵبەتە لە نووسینەکانمدا زۆر ڕوونی و کراوەیی و پوختیش هەیە.
ــ ئەی بۆچی ئەو ئاڵۆزی و کەنارگیرییانەشی تێدایە؟
+ وەڵامەکەی ئاسانە، من دوای ئەو هەست و بیرانە دەکەوم کە لەپڕدا و لەخۆوە بۆم دێن، لەبەر ئەوەیە شیعرەکان ئاوا دەبن. هەمیشە ڕێگام بە خۆم داوە ئەمە بکەم و لەو باوەڕەشدام کارێکی باش دەکەم چونکە ئەمە وا دەکات نووسەرێتی ڕێچکەی جیاواز بگرێتەبەر. نووسین تێکەڵەیەکە لە ویست و بیر بۆهاتن. چالاکی و ناچالاکی. پێموایە پێویستە لە ناویدا شتی ناقۆڵاش هەبێت کە لەناو مرۆڤیش‌دا هەیە. ئاخر لە ناو ئێمەدا کۆمەڵێ زمان هەن، زمانی ڕێکنەخراون. من لەو کەسانە تێدەگەم کە دەڵێن شیعرەکانت قورسن بەڵام ئایا ناتوانن بڵێن تایبەتن یاخود خۆکردن؟
لە دەرەوی ڕیستۆرانەکە خۆر لە ئاوابووندایە و ڕووناکی خەریکە ون دەبێت بەڵام کاتژمێر تازە دەبێتە چوار (کاتارینا فرۆستێنسۆن) لەسەر قەنەفە چەرمە ڕەشەکە هەڵدەسێ و بەدەم تەماشاکردنی دەریاکەوە دەڵێت:
+ ئێستا دونیا تاریک دادێت، مەحشەریش لەسەر ئاوەکەیە! دیمەنەکە بەڕاستی جوانە …
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی «سێ ڕێگا»
لە کتێبی «سێ ڕێگا»دا کاتارینا فرۆستێنسۆن دەربارەی خەم و نیگەرانی دەدوێت. بە بۆچوونی (ئامێلیێ بیۆرک)ی نووسەر و لێکۆڵەر، ئەم کۆشیعرە لە جوانترین ئەو کتێبانەیە کە خوێندرابێتەوە و پێیوایە هیچ شاعیرێک ئەوەندە بە پەرۆشی نەینووسیووە!
ئامێلی دەنووسێت: من هەمیشە باوەڕم بە (کاتارینا فرۆستێنسۆن) هەبووە بەڵام نەمدەزانی بە هونەری «سێ ڕێگا»کەی دەمگرێنێت. با دروست لەو شوێنەوە دەستپێبکەم کە کتێبەکە دەستپێدەکات. لەوێدا نووسراوە، شاعیرەکە لەبەردەم تابلۆی شیعرە شێواوەکەدایە. تابلۆیەکی ڕاستی کە شیعری (هێگشتێن)ی فرۆستێنسۆنی لەسەر نووسراوە. ئەم تابلۆیە، پێشتر وەک بەشێک لە کاری پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیری دروستکراوە. ئێستا کەسێک خەتی ڕەشی پانی بەسەر هەندێ وشە و پیتی کۆپلە شیعرەکەدا هێناوە، بە جۆرێک کە تەنها چەند وشەیەکی لێ دەرچووە و دەکرێت ئاوها بخوێنرێتەوە:
“تاریک بوو، دایکەکەی شتێکی وا کە بوو”
ئەم تابلۆ ڕەشکراوەیە، دەبێتە خاڵی یەکەم و سەرنجکێشی هۆنینەوەیەکی هونەرمەندانە. وەک جێگایەک دەتوانیت بۆی بگەڕێیتەوە و سوتەمەنی خەیاڵکردنێکی لێوە بهێنیت، کە ژیانی منداڵی و دڵنیایی دایک بهەژێنێت، هاوکاتیش بتگەیەنێتەوە بە خود و نووسین لە وەختێکی زوودا.
دیارە تێکدانی شیعرەکە، خانمە شاعیرەکە نیگەران دەکات بەڵام زویربوونەکەی لەوەی کەسێک دەستی چووەتە ئەوەی ئەو تابلۆیە بشێوێنێت، زوو دەگۆڕێت بۆ هەندێک تێگەیشتنی ئەرێنی و گرنگ دەربارەی پەیوەندی نێوان (ئێستا) و (نەخێر) و بنەماکانی زمان و گۆڕینی زمان لە کارەکانی سەردەمی زوویدا.
(فرۆستێنسۆن) زۆر جار لە شیعرەکانیدا توڕە بووە. ئێستاش بە زمانی منداڵێتیی، ئەو کۆپلەیەی لەبیرە کە دەڵێت؛
“دەستەواژەیەکی وشکی وەک پشکۆ،
لەناو دەمدا ماوە،
دەتوانێت تفی بکاتەوە و ببینت،
لەسەر کێڵگەکە دەکوژێتەوە و دەمرێت.”
لێرەدا ئەو دەبێتە ئەو منداڵەی لە دۆزەخێکی بەردەوامدا، هەمان وشە دووبارە دەکاتەوە، هەتاوەکوو ئاگرەکە لە سووتانیدا، کز و خامۆش دەبێت.
فرۆستێنسۆن شێتی وشەیە، شەیدای دەنگ و بۆنیانە بەڵام ئەو لە مامەڵەکردنی وشەدا، لەوەدا سەرکەوتووترە کە کارئەکتەر بداتە وشەکان و نواندنیان پێ بکات، نەوەک قسەیان لەبارەوە بکات و شەیداییەکەی پێیان بکاتە تێگەیشتن. لە کتێبی «کەللەسەرەکان»ی‌دا کە بە هاوبەشی لەگەڵ (ئاریس فلۆرێتۆس)دا ساڵی ٢٠١١ چاپیکردووە، توانای دیاریکردنی سنووری شیعر و پەخشان نابینرێتەوە، وەلێ ئاشکرایە لە زمانەوانیدا دەکرێت وشە بە دڵنەواییەکی لەسەرخۆوە یاخود بە هەستی ئەسیرکردنەوە بێتە ناو دێڕەکانەوە.
لە بەرامبەر تابلۆ شیعرییە شێواوەکەدا، (کاتارینا) دەگاتە ئەوەی بڵێت: “لە ناو هەموو کۆمەڵە شیعرێکدا، کۆشیعرێکی بچووکتر تر هەیە، کە بۆ ئەو کەسەی نووسیوییەتی بەرهەستە.”
ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە شیعرێکی دی لەناو شیعرێکدا دەرکەوتووە کە شێواندنەکەی بژاریکردووە؟! دەگەڕێمەوە بۆ شیعری (هێگێشتێن) لە کتێبی «بیرکردنەوەکان»دا کە لە ساڵی ١٩٩٤دا دەریکردووە. شیعرە پارچەکراوەکەی سەر تابلۆکە بەراورد دەکەم بە تەواوی شیعرەکە و خەت بەژێر ئەو وشانەدا دەهێنم کە ڕەشکرابوونەوە:
“کچەکە تاریک بوو، دایکەکەی غەمگین.
ئیشتیاقێکی وا کە هەستی پێبکەیت،
لە بەردێکدا بوو،
کە هەم گەرم و هەم سارد بوو.”
لە دێڕی ناوەڕاستدا، دەستتێوەردانەکە زیاتر سەرنجکێشە، چونکە نیوەی پیتەکانی (ئیشتیاق) ڕەشکراوەتەوە و لە پیتە هێڵراوەکانی وشەی (شت) ماوەتەوە.
بەڵێ دەستتێوەردانەکە لە ناوەندەوە دەیپێکێت، لایەنی کەم لە ڕووی خوێندنەوەی منەوە بۆ ئەم کتێبە، کە پێموایە لە سەرەتاوە باسی دایک دەکات کاتێک موشتاق دەبیت بۆی، پاشان بەتەمەندا چوون و مردن دەبێتە شت؛ ئەمەش بە واتای بوونی ڕۆحلەبەرەکان بە بێ‌گیان، کاتێک وەک بکەر کۆتایی دێیت و لەگەڵ تەنی مردوودا دەبیتە یەک. تاسەکردنی مردن و مردوو بەجێمانی بکەرێکە لە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەو گواستنەوەیەدا.
هۆنینەوەکان لە کتێبی «سێ ڕێگا»دا، دەکرێت وەک سێ جۆر دەربڕینی نیگەران بخوێنرێنەوە. وەک گووتمان بەشی یەکەم، یادەوەری دایک لە سەردەمی منداڵی‌دا بەئاگا دەهێنێتەوە. بەڵام بەشی کۆتایی هۆنینەوەکە دەکرێت شێوەدان بێت بە دۆخێکی نائاسایی لە وێڵبوون و دڵدانەوەدا، ئەمەش لە گەشتێکدا بەناو هەستیاری خاکی چارەنووسدا … هەروەها کاریگەریی، هونەری شڵەژێنەری (تزیان مارسیاس) کە پێشتریش لەلای فروستێنسۆن ئاماژەی پێدراوە، لەم پەرتووکەشیدا بەرچاوە.
لە ناوەڕاستی زنجیرە نووسینەکەدا، دەقێک بە ناوی «کەنارەکانی دەریا»، شیعریانەترین تێکستێتی. لەوێدا، لەو بۆشاییە بەئازارەدا کە لە نێوان شوێنی (نووسەرەکە) و (مردووەکە)دا هەیە، نووسەر زیاتر لە نزیک مردن و کۆتاییپێهاتنەوە دەوەستێت. لە لایەکەوە لە ناو ڕەشەبادا هاوار لەدەست دەدات و لە لایەکی ترەوە لە خودی کەمبوونەوەی شتەکان خۆش دەبێت.
شوێنەکە کەنار دەریایەکە، لەوێ (ئەو) وەک مردووە نائامادەکە، کە دەشێت دایکی بێت، هەمیشە ئەو شتانە کۆدەکاتەوە کە دەریا هێناونی. بە پێی ئەم نووسینە، فرۆستێنسۆن، کتێبی «کەنارەکان»یشی کە ساڵی ١٩٨٩ چاپ بووە، لەو خاڵەوە هاتووەتە بوون.
لەم کۆشیعرەدا، من شاعیرەکە دەبینم بە پاڵتۆکەیەوە، بە ڕاماوی بەرەو دەریاکە دەچێت؛ دەیبینم بەلادا دێت و دەکەوێت، قەپ لە لمەکە دەگرێت و دەگری و ڕوومەتی لەسەر بنچکەگیایەک دادەنێت.
ئەمە ئیشتیاقی بێئومێدی ئەوە، کە بە مەنەلۆگێکی بەڕیتم باسی لێوە دەکات. بەڵام ئەمە داهاتووی خودی منیشە کە دەیخوێنمەوە، بۆیە فرمێسک لە دڵمەوە فشار دەکات. لێرەدا سروشت دێتە ناو کۆبوونەوەکەمان و (شت)ەکانی بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانمان پێشکەش دەکات. ئەوەتا دەزوولە تاریکەکانی سەر لمەکە و چڵە دارە کەنارگرەکان، بۆ ساتێک باس لە ژیانی هەڵاتووی دایکمان دەکەن:
“ئازار، بەبێ ئازار پەیدا دەبێت،
هەر وەک ئەو لقە دارانەی حەزت دەکرد کۆیانبکەیتەوە.
ئازیزترین دەست،
چوون چڵە سنەوبەری چەماوە،
پتر نوشتاوەتەوە.”
ئەم زنجیرە شیعرە لە شێوازی خۆیدا، وەستانە لەو پڕۆسەیەدا کە تیایدا من دەبێتە سروشت. دەوێرم بڵێم، ئەمە لە جوانترین و بزوێنەرترین ئەو کۆدەقانەیە کە خوێندومنەتەوە. پێشتر هیچ کتێبێک بەم ئەندازەیە خزمەتی ئەدەبیی بە دایکی کچ نەکردووە. یادەوەری هیچ شاعیرێک لە نووسیندا، ئەمەندە پڕ پەرۆشی نەبووە، ئەگەرچی نووسەران (ئێڤا ڕیونێفێلت) و (شیێل ئێسپمارک)یش پێشتر لەم بارەیەوە کتێبی بەهێزیان هەبووە، بەڵام وەک دەبینین لەسەر خاکەکان، ناسکیی وشە، گۆرانی ژیانی نوێ دەچڕێت …
*** ***
خاڵێکی گرنگ لە دووبارە نەبوونەوەدا، گەڕانەوەیە بۆ ئەوەی کە نووسراوە،
ئەوێ دەکرێت دەستپێکی تازەگەریی بێت
شاعیری سویدی لارش میکایل ڕاتاما ساڵی ١٩٦٤ لەدایک بووە و نیشتەجێی شاری ستۆکهۆڵمە. ساڵی ١٩٨٩ بە چاپکردنی یەکەم کتێبی، چووەتە ناو دونیای نووسین و بڵاوکردنەوەوە. هەنووکە خاوەنی کۆمەڵێک کتێبە و چەندین خەڵاتی ئەدەبی پێ بەخشراوە. لارش میکایل زانستی تەلارسازی خوێندووە، خۆشەویستی زۆری بۆ کارەکەی وایکردووە هەماهەنگی لە نێوان هونەری ئەندازە و ئەدەبدا بدۆزێتەوە و بە نووسینیش کاریان لەسەر بکات.

دیمانە
دەشێت مانایەک بۆ ئەمە هەبێت کە لەجیاتی ئەوەی لە مەیدانی (ئۆشتا) بم، کەوتوومەتە (هالوندە)وە. من لەسەر ڕێم بۆ بینینی شاعیر و ئەندازیار (لارش میکایل ڕاتاما). ئەو میوانخانەیەکی دڵگیری دیاری کردووە، تا لەوێ بیبینم. میوانخانەکە لە هەمان گەڕەکی لێژیانێتی، لە ئۆشتا. ویستگەکە تێدەپەڕێنم، بە هەڵە دەکەومە سەر هێڵی خێرای شەقامی پاس و ناچار خۆم بەدەستەوە دەدەم. لە قەراخ شارەوە خۆم لە ناوچەی مانگە دەستکردەکان دەبینمەوە، ئەوێ پڕە لەو بازاڕ و گەلەریا گەورانەی نموونە و لقیان لە تەواوی شاردا هەیە.
دەچمە ناو گەلەرییەکەوە و بیر لەوە دەکەمەوە کە (ڕاتاما) وەک بیناسازێک، لە گفتوگۆکانی پێشتریدا، چی وتووە دەربارەی نەخشەداڕێژی شار و چەمکی (sprawl). ئەو کە لە ڕێی شۆڕشی هەماهەنگی وشە و توانای نووسەرێتییەوە ئەمەی وەک بیرۆکەوێنەیەک بردووەتە ناو نووسینەوە. لە تێکستەکانیدا، خوێنەر داوەت دەکرێت بە ئەزموون و لێتێگەشتنە جیاوازەکان هاریکار بن. ئەمەش بە هەمان شێوازی نەخشەداڕێژی شارەکان، کە لە دەرەوەی خودی مەیدانی شارەکانەوە، ناوەند و خاڵی پەیوەندیداری دیکە دەکرێنەوە.
پاش کەمێک سووڕانەوە،(لارش میکایل) بە تەلەفۆن پەیوەندیم پێوە دەکات. زۆر لەسەرخۆ پێشنیاری ئەوە دەکات بە شەمەنەفەر بچمە (لیلێهۆڵمن) و دانیشتنەکەمان لەوێ بێت. دوای نیو کاتژمێر لە نهۆمی دووەمی بازاڕە تازەدروستکراوەکەی لیلێهۆڵمن یەک دەبینین، کە بەلای ئەوەوە دیزاینەکەی زۆر سەرنجڕاکێش نییە.
وەک سەرچاوەیەکی بواری ئەدەب، (ڕاتاما) یەکێک لە نووسەرانی نەوەی نەوەدەکانە. هەڵوێست و گرنگینەدانی ئەو بۆ ڕێککەوتنە زمانەوانییەکان و ڕۆڵەکەی وەک نووسەر، کردوێتییە نوێنەری بیرۆکەی نەریتیی ئەدەبی و ڕێگای بۆ شیعری گچکە کردووەتەوە. ئەمە دەتوانرێت لە کاری ڕکابەرەکانی زمان و فۆڕمدا ببینرێت، وەک کارەکانی ئانا هالباری، مارتین هیۆگسرۆم، کەیسا سوندین و ئیدا بیۆریل.
من دەپرسم، لە گەنجیدا چی خوێندووەتەوە و ئەدەبی باش لای ئەو چی دەگەیەنێت؟
+ نموونە ئەدەبییەکان شێوەپێدراوی پاشوەختن. مرۆڤ بە هەڵە بیریانی دێتەوە، هزر بە گشتی وایە. من لە کتێبی «زەبری سیاسەت»دا نموونەکانی ئەدەبم بە لیستەیەک ڕیز کردووە. کەسایەتی وای تێدایە کە زۆر مانادار بوون بەڵام ون بوون. لە گەنجێتیمدا یەکەم نووسەر کە پێی سەرسام بووم (ستیگ داگەرمان) بوو، زۆرم حەز بە نووسینەکانی دەکرد. ئەو شەرمەزارانە خراپ دەنووسێت.
لارش میکایل ڕاتاما لە کتێبی «شیعری سویدی»دا کۆمەڵە شیعرێکی لە مێژووی ئەدەبی سویدی هەڵبژاردووە و دووبارە لە فۆڕمی تردا نووسیونییەتییەوە. سەبارەت بەم کارە دەڵێت:
+ کتێبی شیعری سویدی بۆ من فرە تایبەتە. من لە دۆخێک‌دا بووم کە دەکرا نووسینم لێ بکەوێت. خۆش دەبوو ئەگەر کەسێک بیتوانیایە درک بەو تایبەتییە بکات. من گەڕامەوە بۆ سەر کۆمەڵە شیعرێک کە خوێندبوومەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سەر نووسینی خۆم. نەک تەنها ئەو شیعرانەی کە حەزم پێکردبوون، بەڵکوو ئەو شیعرانەش کە ئارەزووم نەکردبوون.
ڕاتاما باس لەوە دەکات کە شیعری هاوچەرخی زۆر بە چڕی لە هەشتاکاندا خوێندووەتەوە و ئێستا لە ماوەی خوێندنەوەیەکی هاوشێوەدایە:
+ وا هەست دەکرێت کە لە نەوەدەکاندا زۆر شت ڕووی نەدابێت. ئەو ئەدەبەی ئەمڕۆ پێشکەش دەکرێت خۆش و بوێر، پڕ وازی و گاڵتەئامێزە، پێچەوانەیەک نییە بۆ ڕاستی، هەمووی ڕاستەقینەیە. لە هەشتاکاندا دەوروبەری ئەدەب پتەو بوو بە بابەتی فەلسەفی و ڕۆشنگەریی. هەنووکە هەموو شتێک شیاوە. ئێستا شیعری زۆر باش هەیە، بۆ نموونە شیعری شاعیرانی وەک: کاتەرینا گریپێنبێرگ، ئاسێ بێرگ، بیرگیتا لیلپێش و ئێڤا کریستینا ئۆڵسۆن. هەروەها ڕۆمانی «هێڤونێن ئەسپ»ی ئانیکا کۆرپیس ئێجگار ئەفرێنەرە، لەوێدا وەک ڕۆمانی تر هیچ مەودایەک بوونی نییە. من بیرمکردۆتەوە ئەو ڕۆمانە لە وڵاتێکی وەک کۆریا پێشکەش بکەم، لەوێ هەمووان تێکستەکان دەڵێنەوە بەبێ ئەوەی تێگەیشتن و تێنەگەشتنیان لە زمانەکە دەور ببێنێت. هەمووان ڕۆمانەکە بە ڕیتمەوە ئەزبەر دەکەن.
لارش میکایل لەگەڵ ئەوەدا کە قژی درێژ و پەلک پەلک کردووە، قاتێکی لەبەردایە کە شێوەی ئەندازیارێکی تێگەیشتووی داوەتێ. ئەو لە بواری کارەکەیدا زۆر کاری بە هەرەوەزی کردووە و لە ئەدەبیشدا ئارەزووی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی هەیە. ڕاتاما دەڵێت:
+ لە ڕاستیدا هەموو نووسین هاوبەشێتییە. مرۆڤ دەتوانێت ئەمە لە نەوەیەک نووسەردا ببینێت. باش وایە ئەم پەیوەستییانە دەربخرێن، گۆڕانگاری لەمەدا دەبێتە گۆڕان لە ئەدەبدا.
من دەپرسم، ئاخۆ ڕواڵەتی دەسەڵاتی ڕاتاما لە بواری ئەدەبدا چۆن دەبینرێت. ئەو دەڵێت من لە دامەزراوەی پێدانی دەرماڵەی خوێندن و لە لیژنەی نرخ پێداندا دانەنیشتووم. هەروەها وازیشم لە ئەندامێتی دەستەی نووسەران و لێپرسراوێتی چەندین بڵاوکراوەی ئەدەبی هێناوە. ڕاتاما بەردەوامدەبێت و دەڵێت:
+ بۆ من سەختە لەو پلە ئەدەبییانەدا خۆم ببینمەوە. لەم ڕووەوە نادڵنیاییەکم لە دایکمەوە وەرگرتووە؛ مرۆڤ دەبێت کارێکی ڕاستەقینەی هەبێت، ناکرێت لەسەر ئەدەب بژی. وەکتر دەکرێت لە هەندێک ماوەی دیاریکراودا، لەگەڵ وەرگرتنی هاریکاری ماددی نووسەرێتی و لە کاتی وەرگرتنی بەهای خەڵاتدا کاری ئەدەبی ئەنجام بدرێت.
ڕاتاما باس لەوە دەکات کە نووسین بۆ ئەو، واتای هەمیشە دەستپێکردنەوەیە و ناتوانێت لەسەر ڕۆتین بەردەوام بێت، بەڵکوو دەبێت بزانێت چۆن خۆی تازە بکاتەوە. دۆزینەوەی چەرخەی بەکارخستن بۆ هەردوو بواری ئەدەب و ئەندازە بۆ ئەو سوودمەندە، دووبارەبوونەوە لای مەترسیدارە و ئاکامی وەستانی لەدوایە. خاڵێکی گرنگ لە دووبارە نەبوونەوەدا، گەڕانەوەیە بۆ ئەوەی کە نووسراوە، ئەوێ دەکرێت دەستپێکی تازەگەریی بێت.
من دەپرسم پەیوەندی شاعیرانی نەوەکەت بە یەکترییەوە چۆنە؟
+ خودی خۆم خۆشترین ستایشم لە (یوهان یۆنسۆن)ی شاعیرەوە وەرگرتووە. لە ئاهەنگێک بووین، پێشتر قەت یەکمان نەبینی بوو. ئەو کەمێک مەست بوو، هاتە لام و گووتی: «داستانە پیرۆزەکان»م کوتاوە. تێگەیشتم کە ئەوە ستایش بوو بەڵام زیاتر ترسام.
ڕانانی کتێبی «شۆڕشگێڕە غەمگینەکە»
«کۆمۆنیزم» ناوی دیوانێكی (لارش میکایل ڕاتاما)یە، کتێبەکە لە قەبارەدا هێندەی پەرتووکێکی زانیاری ڕێگاوبان گەورەیە. بەڵام باس لە چ کۆمۆنیزمێک دەکات؟ ئەو مێژووەی کە میانڕەوەکان دەخوازن چەپڕەوەکان خۆیانی لێ بەدوور بگرن؟ یاخود ئەو بنەمایانەی چەپەکان پێی لەسەر دادەگرن و هێشتاکە لە ڕاستیدا هەرگیز نەبینراون؟
ڕەنگە خاڵی یەکتربڕینی نێوان هەر یەکێکیان، یۆتۆپیایەکی خەیاڵئامێز نەبێت، بەڵکوو وەک خەون بن لە جەستەی کەسە ڕاستەقینەکاندا. کەسانی ڕاستەقینە کە لە مێژووی ڕاستەقینەدا زۆر جار خەون و ژیانیش زەوت دەکەن. ئەمە ئەگەر بە دەستی بەرهەڵستکارەکانیش نەبێت، بە دەستی خۆیان دەبێت. لەم بارەیەوە بە شیعرێک دەپرسم:
“بۆ ئێمە، خەون ماوەتەوە؟
یان جگە لە ڕاوەدوونان، شتێک نەماوە.”
هەر شیعرێکی ناو ئەم کتێبە، بە ناوی شۆڕشگێڕێکی کۆمۆنیستەوەیە یان بە ناوی کەسێکەوەیە کە بۆ باوەڕی کۆمۆنیزمی تێکۆشاوە. لە کەسانی ناسراوی وەک (ڕۆسا لوکسێمبۆری)یەوە بگرە تا (ئەیمی وینەهاوس) و زۆر کەسایەتی نەناسراو و کەمتر ناسراویشیان تێدایە. کەسایەتییەکان زۆربەیان ژنن. زۆریان لە جیهانی سێهەمەوەن. شیعرەکانی سەرەتا کوورت و هاوشێوە و پارێزگارن. لە بەشی ناوەڕاستدا، شیعرەکان شێوازێکی درێژ و توندوتیژ وەردەگرن، کە هەر دەقێکیان تایبەتمەندێتی خۆی هەیە. کۆتاییەکانی کتێبەکە سۆناتای تاجەگوڵینەیەک شیعرە بە ناوی هەندێک لەو شۆڕشگێڕە سویدییانەوە کە لە ساڵەکانی ١٩٢٠ــ١٩٣٠ دا کۆچیانکردووە بۆ سۆڤێت، ئەوان کە لەوێ لە جیاتی دەستکەوتنی ژیانێکی باشتر، دووچاری نەهامەتی و تیرۆر بوونەتەوە.
بەڵام ڕاستترە بڵێین شیعرەکان پێشکەشی ئەو کەسایەتییانە کراون، نەوەک دەربارەی ئەوان بن. شیعرەکان دەکرێت بۆ نموونە خەباتگێڕانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتیش بگرنەوە، ئەمە کە هاوکات بۆ خەباتکارانی ئۆشتاشە. بۆ وێنە، خوێنەر دەتوانێت لەو شیعرەدا کە بە ناوی (گودروون ئێنسلین)ەوەیە، وا تێبگات هێنانەوەی پیتەکانی (گ . ئــ) لە ناو دێڕەکاندا هەر مەبەست بێت لە خودی گودروون ئێنسلین خۆی بەڵام لەگەڵ وردبوونەوەی زیاتردا، دەکرێت لەوە تێبگەین کە لە ناو دیالۆگەکەدا ئەو دوو پیتە ئاماژەن بۆ ناوی (گونار ئێکێلۆف).
تاکگەرایەتی ئێکێلۆفیی یەکێکە لەو ئاستەنگییانەی ڕاتاما دەگەڕێتەوە سەری لە نەریتی شیعرییدا. پاشان (تێنگەرس) و دەستەواژەی “تاهەتا”وەک نەخشی شیعرێک بەکاربراوە. “تاهەتا” هەوڵێکی پێشوەختە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چەمکەدا کە دواتر بە (بێئومێدیی چەپەکان) ناوزەند کراوە. وەختێک بێ بەڵێنی شۆڕشی فەڕەنسی، خراپی و بوونە دیکتاتۆر، بواری بۆ کاردانەوەی جیاواز کردبووەوە، وەڵامی تێنگەرس لە بەرنامەیەکی ئایدیالیزمیدا وەها بووە: “لە کاتێکدا خراپیی لە خاپوورکردنی جیهاندایە، لە چاوەڕوانیی ئەوەداین خەڵکی ڕووبەڕووی هەڵگەڕانەوەکە ببێتەوە تا ڕاستی و جوانیی لە ناو خود و شیعردا بپارێزرێت.”
دیدگای ڕاتاماش لە بناغەدا زۆر لەو تێگەیشتنە جیاواز نییە، بەڵام ئەو ناگاتە ئەو گەشبینییە و باوەڕدارێتی بە زمان لەو ئاستە بەرزەدا نییە. ڕاتاما لە کۆپلەیەکدا دەڵێت:
“لە خەجاڵەتیی شاشە و خوانە ڕازاوەکاندا،
هەموو ئەو توندوتیژییەی کە هەیە لە ناو زماندا،
نا‌توانیت بەرەو وشەیەکی دڵنیات ببا،
کە تکای وەستانت لە دەرەوی شەڕەکە لێ بکا.”
“کەس زمانماتریاڵیستی خۆشناوێت.” ئەمە ناونیشانێکی تەوسئامێزە لە کتێبەکەدا. ڕاتاما لە مۆدەدروستکارانی ئەو نەوەی شاعیرە سویدیانە بووە کە هەندێکجار سەرڕاستانە و زۆرجار چەواشەکارانە ناوبراون بە زمانماتریاڵیستەکان. ئەو خۆی باسی لە “پیتەکۆمۆنیزمەکان” وەک بەیاننامەی چوونە ناو کۆنۆنیزم کردووە و ویستوویەتی لەسەر حسابی پەیوەندییەکان ژاوەژاوەکان بخاتە ڕوو. بەڵام مرۆڤ دەبێت لەوە وریاتر بێت کە نووسەر لە وشەدا بگرێت. لە کرداردا هەمیشە باس لەسەر زاراوەکان بووە لە ناو یەکتردا، لە نێوان ژاوەژاو و پەیوەندیدا، لە نێوان بێ فۆڕمی و فۆڕمی توندوتیژیدا، لە نێوان زمانی گشتی و زمانی منی شاعیردا.
لە کتێبی «کۆمۆنیزم»دا سازانی شیعر و دژەشیعر هەیە، هەروەها سازان لە نێوان گەیشتن بە ئاستەم و ئاساندا. کۆپلەیەکی تر لە شیعرەکان:
“هێمنیی گیاندارێکە لە جەنگەڵدا
یادەوەری پەڕەسێلکەیەکی کاغەزینە
خاڵم قەدیکرد لە دەمی قاوە فڕکردندا
پاش بەتاڵکردنەوە لە تەواوی ڕۆژەکەدا
چوو بە هێزی باڵەکانەوە، ترومپاکە
فڕی لە دەروازەی ژێرزەمینەکەوە، پەڕەسێلکەکە
مردن چییە، شیعر چییە
ئاوی ڕووباری مۆنیۆی بەرینە”
بەڵام ئایا هێنانەوەی ئەم دێڕانە لە دەرەوەی ڕیزبەندی ناهاوئاهەنگیدا ڕەوایە؟ بە گشتیی ئەوەی کە کتێبەکە دەیڵێت، نووسەرێتییە کە وەک پڕۆسە باڵادەست دەمێنێتەوە. هەر بۆیە ئەوەی لە ڕوونبوونەوەی سیاسیی دەترسێت، دەتوانێت ئارام بێت، (ئاتێنا فەروغزاد) ڕۆمانسیەتی شۆڕشی گرتووەتە ئەستۆی خۆی، ئەو دەقی سەر بەرگی پشتەوەی کتێبی “کۆمۆنیزم”ی نووسیووە. هەر کێش دەترسێت خوێندنەوەی پرینسیپی پیتەکۆمۆنیزمەکان قوربانی بێت، با ئارام بێت، ڕاتاما بەدەر لەوەی کە دەیڵێت، شاعیرێکی لیریکی چاکسازە و لەسەر ڕێگای تایبەتی خۆی، لە پەڕاوێزی شارەوە، هەم لە گاڵتەئامێزی پڕ سۆز و هەم لە پەژارەی پڕ پرسیاریش ورددەبێتەوە.
سەرچاوەکان
یوهاننا ئێکستروێم – سەردەمی نوێی ٢
چاوپێکەوتن: کارین تونبێری
Svt 2012
پێر نیڵسسۆن – سەردەمی نوێی ١
چاوپێكه‌وتن: ئێلین تورنباری & لێنا ئێهرینگ
ڕانانی كتێب: ئه‌لیس ئێگه‌رس
Blt.se & aftonbladet.se
شاشتین ئێکمان – ئەدەبی سەردەمی ٥
گفتوگۆ: هاننا گلانشۆلم و پێتەر وێنمان
ڕانانی ڕۆمان: ڤیۆلا کۆندراکی
Litteraturmagazinet & Aftonbladet
ماتس کێمپێ – ئەدەبی سەردەمی ٧
چاوپێکەوتن: Adlibris & ALMA & SVT
ڕانانی کتێب: ئێریک بێریکڤیست
کاتارینا فرۆستێنسۆن – ئەدەبی سەردەمی ٦
چاوپێکەوتن: پۆنتوس دالمان
ڕانانی کتێب: ئامێلیێ بیۆرک
DN.SE & GP.SE
لاش ڕاتاما – ئەدەبی سەردەم
دیمانە: هێلێنا بووباری
ڕانانی کتێب: ماڵتە پێشوون
Expressen
