كاره‌كته‌ره‌كانی چیرۆكی منداڵه‌ نادیاره‌كه‌

منداڵه‌ نادیاره‌كه‌


Loading

ئێواره‌یه‌كی تاریك و باراناوی خێزانه‌كه‌ به‌ده‌وری مێزی هه‌یوانه‌كه‌وه‌ دانیشتبوون كارگیان بژارده‌كرد. هه‌موو مێزه‌كه‌ به‌ كاغه‌زی ڕۆژنامه‌ داپۆشرابوو، چرایه‌كی نه‌وتیش له‌ ناوه‌ڕاستی مێزه‌كه‌دا دانرابوو، به‌ڵام گۆشه‌كانی هه‌یوانه‌كه‌ سێبه‌ر بوو.

باوكه‌مومین (باوكه‌ كه‌ركه‌ده‌ن) گووتی:

(می) هه‌مدیسان قارچكه‌سووری چنیوه‌ته‌وه‌، ساڵی پار قارچكه‌مێشانه‌ی كۆكردبووه‌وه.

دایكه‌مومین (دایكه‌ كه‌ركه‌ده‌ن)‌ گووتی:

هیوادارین چنراوه‌ی ساڵی داهاتووی كارگی كه‌نته‌رێل یان هه‌رنه‌بێت شه‌رابكارگ بێت.

می بچكۆله (منداڵێكی عه‌جوله‌ بووه‌ته‌ ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌)‌ له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه‌ زه‌رده‌ ده‌یگرێت و ده‌ڵێت: شتێكی باشه‌ هه‌میشه‌ هیوامان هه‌بێت.‌

پێكه‌وه‌ بێده‌نگ كارگیان پاكده‌كرد. له‌پڕ گوێیان له‌ چه‌ند سووكه‌ پیاكێشانێك بوو له‌ ده‌رگا‌‌كه‌ ‌درا و به‌بێ وه‌ستان (توتیكی) خۆی كرد به‌ ژوور‌دا و پاڵتۆی بارانه‌كه‌ی له‌ پرژه‌ی ئاو ڕاته‌كاند. پاشان ده‌رگاكه‌ی گرت و ڕووی له‌ ده‌ره‌وه‌ كرد و گووتی: وه‌ره‌، وه‌ره‌.

مومینترۆل (به‌چكه‌ كه‌ركه‌ده‌ن‌‌) پرسی: كێت له‌گه‌ڵه‌؟

توتیكی گووتی: ئه‌وه‌ (نیننی)یه‌. منداڵێكه‌ ناوی (نیننی)یه‌.

توتیكی ده‌رگاكه‌ی هه‌ر گرتبوو، به‌ڵام كه‌س نه‌هاته‌ژووره‌وه‌. پاشان شانی هه‌ڵته‌كاند و گووتی: نایه‌ت‌، ده‌توانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت ئه‌گه‌ر شه‌رم ده‌كات.

دایكه‌مومین‌ گووتی: به‌ڵام ته‌ڕ نابێت؟

توتیكی له‌ وه‌ڵامدا گووتی: نازانم، گه‌ر بشێت كه‌سێكی نادیار زۆر ته‌ڕ ببێت! پاشان هات دانیشت. خێزانه‌كه‌ ده‌ستیان له‌ كارگ بژاركردن هه‌ڵگرت و چاوه‌ڕێی ڕوونكردنه‌وه‌ بوون.

توتیكی گووتی: ئێوه‌ ده‌زانن، ده‌كرێت به‌ ئاسانی هه‌ر یه‌كێك‌ نادیار ببێت ئه‌گه‌ر زۆر بترسێندرێت. به‌ده‌م گووتنی ئه‌مه‌وه‌ پارچه‌یه‌ك قارچكی خوارد كه‌ له‌ كڵۆبه‌فرێك ده‌چوو. پاشان گووتی: ئه‌م (نیننی)یه‌ له‌لایه‌ن باجییه‌كه‌وه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی كردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆشیبوێت، به‌ مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵه‌ ترسێندراوه‌. من باجییه‌كه‌م بینی، ترسناك بوو. تووڕه‌ نه‌بوو، ده‌زانن‌، وابوایه‌ ده‌كرا تێیبگه‌ین. به‌س ئه‌و سارد و به‌توانج بوو.

مومینترۆل‌ پرسی: به‌توانج چییه‌؟

توتیكی گووتی: بیهێنه‌ به‌ر چاوت هه‌ر ئێستا پێت له‌ قارچكێك هه‌ڵنووتێ و بكه‌ویته‌ ناو ئه‌و قارچكه‌ بژاركراوانه‌وه‌. دۆخه‌ سروشتییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ دایكت تووڕه‌ ببێت، به‌س نا تووڕه‌ نه‌بێت، له‌جیاتی ئه‌وه‌ به‌ ساردییه‌كی تێكشكێنه‌ره‌وه‌ بڵێت: ده‌زانم ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنی تۆیه‌ بۆ سه‌ماكردن، به‌ڵام سوپاسگوزار ده‌بووم گه‌ر ئاوهات له‌ خواردنه‌كه‌ نه‌كردایه ..‌. شتێكی ئاوها.

مومینترۆل‌ گووتی: ئۆ‌ی ئه‌وه‌ زۆر ناخۆشه‌.

توتیكی گووتی: به‌ڵێ، ئه‌و باجییه‌ ڕێك ئاوهای ده‌كرد. له‌ به‌یانییه‌وه‌ تا ئێواره‌ توانجی ده‌دا. تا‌ منداڵه‌كه‌ ڕه‌نگی په‌ڕی و نادیار بوو. ئه‌و له‌ هه‌ینی ڕابردووه‌وه‌ نه‌بینراوه‌. باجییه‌كه‌ دای به‌ من و گووتی ناتوانم ئاگام له‌ كه‌سێك بێت كه‌ هه‌ر نه‌شتوانم بیبینم.

می بچكۆله‌ به‌ چاوی قیچه‌وه‌‌‌ پرسی: ئه‌ی تۆ چیت له‌ باجییه‌كه‌ كرد، لێتدا، به‌گژیدا چوویت؟

توتیكی گووتی: ئه‌وه‌ بێسووده‌ له‌گه‌ڵ كه‌سی سارد و به‌توانجدا. (نیننی)م له‌گه‌ڵ خۆمدا برد بۆ ماڵه‌وه‌. ئێستاش هێناومه‌ بۆ ئێره‌ تا ئێوه‌ دیاری بكه‌نه‌وه‌.

پشوویه‌ك درا.

توتیكی

باران له‌ بنمیچی هه‌یوانه‌كه‌ی ده‌دا و هه‌مووان له‌ توتیكی ڕامابوون.

باوكه‌مومین‌ پرسی: قسه‌ ده‌كات؟

توتیكی گووتی: نا به‌ڵام باجییه‌كه‌ زه‌نگۆڵه‌یه‌كی به‌ستووه‌ به‌ ملییه‌‌وه‌، تا بزانرێت له‌ كویادایه‌.

توتیكی چوو ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌ و له‌ تاریكاییه‌كه‌دا بانگی كرد: نیننی!

لاكێشه‌یه‌ك ڕووناكی كه‌وته‌ سه‌ر چیمه‌نه‌كه‌ و بۆن و كزه‌ی سه‌رمای پایز هاته‌ هه‌یوانه‌كه‌وه‌. پاش كه‌مێك له‌ ده‌ره‌وه‌ زه‌نگۆڵه‌یه‌ك له‌رییه‌وه، ده‌نگه‌كه‌ به‌ نادڵنیاییه‌وه‌ به‌سه‌ر پلیكانه‌كاندا سه‌ركه‌وت و بێده‌نگ بوو. بینیان هه‌ندێك له‌ سه‌روو زه‌وییه‌كه‌وه‌ زه‌نگۆڵه‌یه‌كی زیوین له‌ هه‌وادا به‌ قه‌یتانێكی ڕه‌شه‌وه‌ به‌سترابوو. به‌ گوێره‌ی قه‌یتانی زه‌نگۆڵه‌كه‌، پێده‌چوو ملی نیننی زۆر باریك بێت.

توتیكی گووتی: ئه‌ها، ئه‌مه‌ خێزانه‌ تازه‌كه‌ته‌. ئه‌مان هه‌ندێكجار گێلن به‌ڵام به‌زۆری به‌سۆزن.

باوكه‌مومین‌ گووتی: كورسییه‌كی بده‌نێ. ده‌توانێت كارگ پاك بكات؟

توتیكی گووتی: من هیچ ده‌رباره‌ی نیننی نازانم، ته‌نها هێناومه‌ بۆ ئێره‌. ئێستا كاری ترم هه‌یه‌ بچم خه‌ریكیان بم، ڕۆژێك پێمبڵێ شته‌كان چۆن ده‌گوزه‌رێن. جارێ ماڵئاوا.

كه‌ توتیكی ڕۆیشت، خێزانه‌كه به‌ بێده‌نگی دانیشتن و له‌ كورسییه‌ چۆڵه‌كه‌ و زه‌نگۆڵه‌ زیوینه‌كه‌یان ده‌ڕوانی. پاش كه‌مێك قارچكێك به‌ هێواشی له‌ هه‌وادا به‌رز بووه‌وه‌. له‌لایه‌ن ده‌ستێكی په‌نهانه‌وه‌ ورده‌ گیا و خۆڵی لێ خاوێن كرایه‌وه‌. دواییش له‌تله‌ت كرا و خرایه‌ سه‌به‌ته‌‌ قووڵه‌كه‌وه‌ و قارچكێكی دی له‌ هه‌وادا به‌رز بووه‌وه‌ …

می بچكۆله‌ به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ گووتی: چ خۆش و سه‌رنجكێشه‌! شتێكی بده‌نێ بیخوات، حه‌ز ده‌كه‌م بزانم خواردنه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌چێته‌ سكییه‌وه‌.

باوكه‌مومین‌ له‌پڕ به‌ نیگه‌رانی گووتی: ده‌توانن بزانن چۆن دیار و بینراوی بكه‌ینه‌وه‌؟ ده‌بێت ببرێت بۆ دكتۆر؟

دایكه‌مومین‌ گووتی: باوه‌ڕناكه‌م. ڕه‌نگه‌ خۆی بیه‌وێت ماوه‌یه‌ك نادیار بێت. توتیكی گووتی شه‌رمنه‌. پێمباشتره‌ لێیگه‌ڕێین تا چاره‌سه‌رێكی باشتر ده‌دۆزینه‌وه‌.

هه‌ر واش كرا. دایكه‌كه‌ له‌ هۆده چۆڵه‌‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ جێی خه‌وی بۆ نیننی ڕێكخست. زه‌نگۆڵه‌زیوینه‌كه‌ به‌سه‌ر قادرمه‌كانه‌وه‌ خڕه‌خڕ چووه‌ سه‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ پشیله‌یه‌كی بیری دایكه‌مومین‌ خسته‌وه‌ كه‌ جارێك له‌لایان بووبوو. دایكه‌كه‌ له‌ ته‌نیشت چرپاكه‌وه‌، سێو و په‌رداخێ شه‌ربه‌ت و سێ له‌و چوكلێته‌ خه‌تخه‌تانه‌ی بۆ نیننی دانا كه‌ ئێواره‌ دابه‌شی كردبوو به‌سه‌ر هه‌ر یه‌كێكیاندا. پاشان مۆمێكی پێكرد و گووتی: ئێستاكه‌ نیننی ده‌خه‌وێت. تا ده‌توانیت بنوو. من قاوه‌ی به‌یانی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر تا گه‌رم ببێت. ئه‌گه‌ر شه‌و نیننی ترسا یان هه‌ر شتێكی ویست، با بێته‌ خواره‌وه‌ و زه‌نگۆڵه‌ لێبدات.

دایكه‌مومین بینی دۆشه‌كه‌كه‌ چاڵێكی تێكه‌وت و به‌تانییه‌كه‌ به‌رز بووه‌وه‌ و به‌ هێواشی ورگیدا. پاشان دایكه‌كه‌ چووه‌ خواره‌وه‌، به‌دوای په‌ڕاوی یاداشته‌كانی داپیره‌‌دا ده‌گه‌ڕا، سه‌باره‌ت به‌و گیراوانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌ دروستده‌كران. چاوی به‌د، دژه‌ خه‌مۆكی، هه‌ڵامه‌ت … ‌به‌ده‌م هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌كانی په‌ڕاوه‌كه‌وه‌ سه‌ردێڕه‌كانی ده‌خوێنده‌وه‌ و له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه‌ ده‌یگووت نا و به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری دروستدا له‌ گه‌ڕان به‌رده‌وام بوو. دواجار یاداشتێكی دۆزییه‌وه‌، داپیره‌ وه‌ختێك نووسیبووی كه‌ ده‌ستوخه‌تی له‌رزینی ده‌ستی پێوه‌ دیار بوو. نووسرابوو «وه‌ختێك كه‌سێكت ته‌ماوی ده‌بێت و بینینی ئاسته‌م ده‌بێت» دایكه‌مومین گووتی ئۆ سوپاس بۆ خوا، و ناوه‌ڕۆكی ڕه‌چه‌ته‌ ئاڵۆزه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌. پاشان هه‌ستا تا گیراوه‌ سروشتییه‌كه‌ بۆ نیننی بچكۆله‌ ئاماده‌بكات.

ڕۆژبووه‌وه‌ و زه‌نگۆڵه‌كه‌ به‌سه‌ر قادرمه‌كاندا خڕه‌خڕ، هه‌نگاو هه‌نگاو، به‌ پشووه‌وه‌ له‌نێوان هه‌نگاوه‌كاندا، هاته‌ خواره‌وه‌، (مومینترۆل)‌ هه‌موو به‌یانییه‌كه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و دیمه‌نه‌‌ی كردبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ سه‌رنجكێشترین شت زه‌نگۆڵه‌ زیوینه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو پێیه‌‌‌كانی بوون. پێیه‌‌‌كانی نیننی به‌سه‌ر قادرمه‌كانه‌وه‌ دیار بوون كه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌. پێیه‌‌‌كان زۆر بچكۆله‌ بوون و په‌نجه‌كانی پێكه‌وه‌ جووت كرابوون. چونكه‌ ته‌نها پێیه‌‌‌كان دیار بوون، دیمه‌نه‌كه‌ ترسناك بوو.

مومینترۆل‌ له‌ پشت كووره‌كه‌وه‌ خۆی شارده‌وه‌ و به‌ ئه‌فسوونه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و پێیانه‌ی ده‌كرد كه‌ له‌ هه‌یوانه‌كه‌دا ده‌هاتن و ده‌چوون. ئێستاكه‌ قاوه‌ی ده‌خوارده‌وه‌، كوپه‌كه‌ له‌ هه‌وادا به‌رز و نزم ده‌بووه‌وه‌. له‌فه‌ی كه‌ره‌ و مره‌بای خوارد. كوپه‌كه‌ به‌ چێشتخانه‌كه‌دا ده‌ڕۆیشت، شۆردرا و خرایه‌وه‌ ناو دۆڵابه‌كه‌وه‌. نیننی منداڵێكی بچكۆله‌ی ڕێكوپێك بوو.

مومینترۆل‌ ڕایكرده‌ ناو باخه‌كه‌وه‌ و هاواری كرد: دایكه‌! نیننی پێی هه‌یه‌، پێیه‌‌‌كانی ده‌ركه‌وتن!

دایكه‌مومین‌ به‌سه‌ر دارسێوه‌كه‌وه‌، له‌ دڵی خۆیدا گووتی: باوه‌ڕم ده‌كرد، داپیره‌ لێزان بوو، باش بوو گیراوه‌كه‌م خسته‌ قاوه‌كه‌ی (نیننی)یه‌وه‌.

باوكه‌مومین‌ گووتی: زۆر چاكه‌! چاكتریش ده‌بێت كاتێك ده‌موچاوی ده‌ربخات. من نیگه‌ران ده‌بم كه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێك بكه‌م، نادیار بێت و وه‌ڵام نه‌داته‌وه‌.

دایكه‌كه‌ بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ گووتی: ششت.

ئه‌وكات پێیه‌‌‌كانی نیننی له‌سه‌ر چیمه‌نه‌كه،‌ له‌ناو سێوه‌ به‌ربووه‌وه‌كاندا‌ بوون.

می بچكۆله‌ هاواریكرد: سڵاو نیننی، تۆ وه‌ك به‌چكه‌ به‌رازێك خه‌وتیت. كه‌ی ده‌موقه‌پۆزت ده‌رده‌خه‌یت؟ ڕه‌نگه‌ ترسناك بنوێنیت بۆیه‌ خۆتت نادیاركردووه‌.

مومینترۆل گووتی: بێده‌نگبه‌، بریندار ده‌بێت. پاشان به‌ نازگرتنه‌وه‌ چووه‌ لای نیننی و گووتی: گوێ مه‌ده‌ به‌ قسه‌ ڕه‌قه‌كانی می، تۆ لێره‌ لای ئێمه‌ له‌ دڵنیاییدایت. ته‌نانه‌ت بیر له‌ باجییه ترسناكه‌‌كه‌ش مه‌كه‌ره‌وه‌. ئه‌و ناتوانێت بێت بتبات …

له‌و كاته‌دا له‌سه‌ر چیمه‌نه‌كه‌ به‌ ڕوونی ده‌بینرا پێیه‌‌‌كانی نیننی كاڵده‌بوونه‌وه‌.

دایكه‌كه‌ به‌ په‌ستی گووتی: ده‌بێت تێبگه‌ن كه‌ نابێت ئه‌و شتانه‌ یادی منداڵه‌كه‌ بهێنینه‌وه‌. سێو بچننه‌وه‌ و زۆر مه‌ڵێن.

سێوه‌كانیان چنییه‌وه‌.

پێیه‌‌‌كانی نیننی جارێكی دی ورده‌ورده‌ تۆخ بوونه‌وه‌ و چوونه‌ سه‌ر‌ دارێك.

به‌یانییه‌كی پایزی جوان بوو، له‌ سێبه‌ره‌كه‌دا، ده‌مولوت كه‌مێك ده‌ته‌زی، به‌ڵام به‌ر تیشكی هه‌تاوه‌كه‌، وه‌ك هاوین بوو. پاش بارانی دوێشه‌و هه‌موو شت ته‌ڕ و بریقه‌دار بوو. كه‌ هه‌موو سێوه‌كان كۆكرانه‌وه‌، باوكه‌كه‌ هاڕه‌ڕی سێوه‌كه‌ی هێنا و دانیشتن تا سێوه‌كان بكه‌نه‌ هه‌ویر. مومینترۆل ده‌سكه‌كه‌ی وه‌رده‌چه‌رخاند، دایكه‌مومین‌ پڕی ده‌كرده‌وه‌ و باوكه‌كه‌ قوتووه‌شووشه‌ی خۆشاوه‌كانی ده‌هێنایه‌ ‌هه‌یوانه‌كه‌. می بچكۆله‌ له‌سه‌ر دره‌خته‌كه‌ دانیشتبوو، گۆرانی سێوه‌ گه‌وره‌كه‌ی ده‌گووت.

له‌پڕ زه‌نگۆڵه‌ خڕه‌خڕی كرد. له‌ ناوه‌ڕاستی باخچه‌كه‌دا، شووشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خۆشاو كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و هاڕه‌ی كرد، له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ پێیه‌كانی نیننی زووبه‌زوو ڕه‌نگیان په‌ڕی و دیار نه‌مان.

دایكه‌مومین‌ گووتی: ئه‌ها، ئه‌وه‌ ئه‌و شووشه‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ده‌یده‌ینه‌ زه‌رده‌زیڕه‌‌كان. ئیدی ڕزگارمان ده‌بێت له‌وه‌ی بیبینه‌ مێرگه‌‌كه‌. داپیره‌ش دایم ده‌یگووت پێدانی دیارییه‌ك به‌ زه‌وی له‌ كۆتایی پایزدا، به‌روبوومی چێنراو باشتر سه‌وز ده‌كات.

پێیه‌كانی نیننی له‌گه‌ڵ جووتێ قاچی باریكدا ده‌ركه‌وتنه‌وه‌. له‌ سه‌روو قاچه‌كانه‌وه‌ به ‌ته‌ڵخی داوێنی عه‌زییه‌كی قاوه‌یی دیاربوو.

مومینترۆل‌ هاواریكرد: من قاچه‌كانی ده‌بینم.

می بچكۆله‌ له‌سه‌ر دارسێوه‌كه‌وه‌ سه‌یری خواره‌وه‌ی كرد و گووتی: پیرۆزه‌، ده‌ه‌ركه‌وتنی ته‌واوت پێیده‌چێت، به‌ڵام بۆ قاوه‌ییه‌كی دێزت پۆشیوه‌ ده‌عه‌جان.

دایكه‌مومین بۆ خۆی سه‌ری ده‌له‌قاند و بیری له‌ داپیره‌ی زیره‌ك و گیراوه‌كه‌ی‌ ده‌كرده‌وه‌.

نیننی هه‌موو ڕۆژه‌كه‌ دوای ئه‌وان كه‌وت. ئه‌وان به‌ زه‌نگۆڵه‌كه‌ی ڕاهاتبوون و ئیدی هه‌ستیان نه‌ده‌كرد زۆر جێگای سه‌رنج و سه‌رگه‌رمیی بێت‌‌. ئێواره‌كه‌ی ئه‌ویان هه‌ر بیرنه‌بوو، به‌ڵام كه‌ هه‌موویان چوون بخه‌ون، دایكه‌كه‌ شاڵێكی گوڵسووری له‌ چه‌كمه‌جه‌كه‌ی ده‌رهێنا و عه‌زییه‌كی بچكۆله‌ی بۆ نیننی لێ دووری. كه‌ ته‌واو بوو، بردی له‌ هۆده‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌، كه‌ چراكه‌ی كوژابووه‌وه‌، به‌ ئه‌سپایی له‌سه‌ر كورسییه‌ك داینا. پاشان له‌ پاشماوه‌ی قوماشه‌كه‌ قردێله‌یه‌كی پانی قژی دروستكرد. دایكه‌كه‌ دڵشاد بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو جارێكی دی جلی بووكه‌شووشه‌ بدورێت. خۆشیش ئه‌وه‌بوو نه‌یده‌زانی بووكه‌شووشه‌كه‌ قژی زه‌رده‌ یاخود ڕه‌ش‌.

ڕۆژی دواتر نیننی بۆ قاوه‌ی به‌یانی هاته‌ خواره‌وه، عه‌زییه‌كه‌ی له‌به‌ردابوو، هه‌تا لای ملیشی دیار بوو كاتێك ئه‌ژنۆكانی نووشتانده‌وه‌ و به‌نووزه‌ی ده‌نگێكی كزه‌وه‌ گووتی: زۆر سوپاس.

دایكه‌مومین و باوكه‌مومین و نیننی

خێزانه‌كه‌ ڕووگیر بوون و هیچیان بۆ نه‌گووترا.‌ نه‌شیان ده‌زانی سه‌یری كوێ بكه‌ن كاتێك له‌گه‌ڵ نیننی قسه‌ ده‌كه‌ن. بێگومان ده‌یانویست نیگایان له‌ سه‌روو زه‌نگۆڵه‌كه‌وه‌ بووه‌ستێنن، له‌و جێیه‌ی ده‌بوو چاوه‌كانی نیننی لێ بێت. به‌ڵام یه‌كڕاست نیگایان ده‌خزا و ده‌چووه‌ سه‌ر جێیه‌ك كه‌ دیار بێت. ئه‌مه‌ هه‌ستێكی ناخۆشی ده‌دا.

باوكه‌مومین‌ قرخه‌یه‌كی كرد و گووتی: شتێكی خۆشه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ نیننی بچكۆله‌ زۆرتری دیاره‌، هه‌تا زیاتریشی لێ ببینین دڵخۆشتر ده‌بین …

می بچكۆله‌ به‌ قایمی پێكه‌نی و به‌ كه‌وچكه‌كه‌ی‌ ده‌یكێشا به‌ مێزه‌كه‌دا. پاشان گووتی: باش بوو كه‌وتیته‌ قسه‌، پێم بڵێ هیچ یارییه‌كی باش ده‌زانیت؟

نیننی نوزاندی: نه‌خێر، به‌ڵام بیستوومه‌ یاری وا هه‌یه‌.

مومینترۆل واقی وڕما، بڕیاریدا هه‌موو ئه‌و یارییانه‌ فێری نیننی بكات كه‌ ده‌یزانێت. پاش قاوه‌ خواردنه‌وه‌، هه‌رسێكیان چوون بۆ لای ڕووباره‌كه، به‌ڵام نیننی زۆر دژوار ده‌ینواند، كڕنووشی ده‌برد و سه‌ری داده‌نه‌واند و ده‌یگووت بێگومان، زۆر خۆشه‌، به‌ سروشتی وایه ..‌. به‌ شێوه‌یه‌ك ته‌واو هه‌ستت ده‌كرد ئه‌و به‌ ڕه‌وشته‌وه‌ یاری ده‌كات نه‌ك بۆ خۆشی.

می قیژاندی: ئێ ده‌ ڕابكه‌، ته‌نانه‌ت نازانیت بازیش بده‌یت!

قاچه‌ باریكه‌كانی نیننی گوێڕایه‌ڵانه‌ ڕایانكرد و بازیاندا. پاشان به‌ قۆڵی هه‌ڵواسراوه‌وه‌ ڕێك وه‌ستا. هێڵی بۆشایی ملی له‌ سه‌روو زه‌نگۆڵه‌كه‌وه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره بوو.

می هاواریكرد: چییه‌، چاوه‌ڕێی ستایشی! هیچ گرژییه‌كت تیا نییه‌! ده‌ته‌وێت بێم لێتبده‌م ها؟

نیننی ملكه‌چانه‌ گووتی: نا، هیوادارم وا نه‌كه‌یت.

مومینترۆل‌ نائومێدانه‌ گووتی: ناتوانێت یاری بكات.

می بچكۆله‌ گووتی: ناتوانێت تووڕه‌ ببێت. كێشه‌ی ئه‌و ئه‌وه‌یه‌.

می به‌ په‌ستی چووه‌ نزیك نیننی و به‌ هه‌ڕه‌شه‌وه‌ لێی ‌ڕوانی و گووتی: گوێبگره‌‌، تۆ قه‌ت نابیته‌ خاوه‌نی ده‌موچاوی خۆت ئه‌گه‌ر نه‌جه‌نگیت، باوه‌ڕم پێ بكه‌.

نیننی گووتی: وایه‌، و سڵه‌مییه‌وه‌ دواوه‌.

مومینترۆل و نیننی و می بچكۆله‌

ئه‌و ڕۆژه‌ هیچ شتێك باشتر نه‌بوو. له‌ كۆتاییدا وازیانهێنا له‌وه‌ی نیننی فێری یاری بكه‌ن. نیننی ئاره‌زووی نووكته‌ و به‌سه‌رهاتی گاڵته‌ئامێزیشی نه‌ده‌كرد. قه‌ت له‌ شوێنی دروستدا پێنه‌ده‌كه‌نی، هه‌ر پێنه‌ده‌كه‌نی. ئه‌مه‌ش گێڕه‌ره‌وه‌كه‌ی تووشی بێهیوایی ده‌كرد. بۆیه‌ لێیگه‌ڕان ئازاد بێت.

ڕۆژانێك تێپه‌ڕی و نیننی هێشتا ‌بێ ده‌موچاو بوو. ئه‌وان ڕاهاتن به‌وه‌ی به‌ كراسه‌ سووره‌كه‌یه‌وه‌ بیبینن شوێن دایكه‌مومین بكه‌وێت. هه‌ر كات دایكه‌كه‌ ده‌وه‌ستا، زه‌نگۆڵه زیوینه‌‌كه‌ش له‌ خڕه‌خڕ ده‌كه‌وت، كاتێكیش دایكه‌كه‌‌ ده‌ڕۆیشت، زه‌نگۆڵه‌ش ده‌كه‌وته‌وه‌ لێدان. هه‌ندێك له‌ سه‌روو زه‌نگۆڵه‌ و عه‌زییه‌كه‌وه‌، قردێله‌یه‌كی گووڵسووری گه‌وره‌ له‌ هه‌وادا ده‌له‌رایه‌وه‌. ئه‌مه‌ش‌ دیمه‌نێكی سه‌یری هه‌بوو.

دایكه‌مومین‌ به‌رده‌وام بوو له‌وه‌ی گیراوه‌كه‌ی داپیره‌ بداته‌ نیننی، به‌ڵام هیچ ڕووینه‌ده‌دا. بۆیه‌ ئه‌ویش لێیگه‌ڕا و وا بیری كرده‌وه‌ كه‌ پێشتریش كه‌سانێك به‌بێ سه‌ر ژیاون، گووتیشی له‌وانه‌یه‌‌‌ نیننی زۆر جوان نه‌بێت. به‌مجۆره‌ هه‌ر كه‌س خۆی شێوه‌ی نیننی لای خۆی دروستده‌كرد، ئه‌مه‌ش ئاشنایه‌تییه‌كه‌ی زیاتر سه‌رحاڵ ده‌كرد.

ڕۆژێك خێزانه‌كه‌ به‌ناو دارستاندا چوونه‌ كه‌نارده‌ریا، بۆئه‌وه‌ی به‌له‌مه‌كه‌یان بۆ زستان ده‌ربهێنن. وه‌ك هه‌میشه‌ نیننی به‌ خڕه‌ی زه‌نگۆڵه‌كه‌یه‌وه‌ دوایانكه‌وت. به‌ڵام كاتێك چوونه‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌، ئه‌و له‌پڕ وه‌ستا. له‌سه‌ر سك كه‌وته‌ سه‌ر لمه‌كه‌ و ده‌ستیكرد به‌ گنه‌گن.

باوكه‌مومین‌ پرسی: نیننی چییه‌تی، ئایا له‌ هیچ ده‌ترسێت؟

دایكه‌مومین‌ گووتی: ڕه‌نگه پێشتر قه‌ت ده‌ریای نه‌بینیبێت. پاشان نووشتایه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ نیننیدا چپه‌چپیانكرد. ئه‌وجا هه‌ستایه‌وه‌ و گووتی: نا، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جارێتی. نیننی ده‌ریاكه‌ی زۆر لا گه‌وره‌یه‌.

می بچكۆله‌ گووتی: گه‌وره‌یه‌ بۆ منداڵه‌ گه‌مژه‌كان. دایكه‌كه‌ به‌ گرژی سه‌یری می كرد و گووتی: گه‌مژه‌ هه‌بێت تۆیت. ئێستا به‌له‌مه‌كه‌ ڕاده‌كێشین.

چوونه‌ لای سه‌كۆی مه‌له‌وانگه‌كانه‌وه‌‌، لای ئه‌و جێیه‌ی توتیكی لێ ده‌ژیا، و له‌ ده‌رگای ماڵه‌كه‌یاندا.

توتیكی گووتی: سڵاو، بارودۆخی منداڵه‌ نادیاره‌كه‌ چۆن ده‌گوزه‌رێت.

باوكه‌مومین‌ گووتی: ته‌نها ده‌موچاوی دیارنییه‌. ئێستا هه‌ندێك گۆشه‌گیره‌، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ تێده‌په‌ڕێت. ده‌توانیت كه‌مێك له‌گه‌ڵ به‌له‌مه‌كه‌ هاریكارییمان بكه‌یت؟

توتیكی گووتی: بێگومان.

كاتێك له‌نگه‌ری به‌له‌مه‌كه‌یان گرت و به‌ئاڕاسته‌ی با جێگیریانكرد، نیننی چووبووه‌ ڕۆخی ئاوه‌كه‌ و بێجووڵه‌ وه‌ستابوو. ئه‌وانی دی لێیگه‌ڕان ئازاد بێت و به‌ ویستی خۆی بكات.

دایكه‌مومین له‌سه‌ر سه‌كۆی ئاوه‌كه‌ دانیشت، ته‌ماشای ناو ده‌ریاكه‌ی ده‌كرد و ده‌یگووت: وی چه‌ند سارد دیاره‌. پاشان كه‌مێك باوێشكی دا و گووتی: باش بوو هاتین، ده‌مێ بوو شتێكی خۆشمان نه‌كردبوو.

باوكه‌مومین‌ چاوێكی له‌ مومینترۆل‌ داگرت و بۆ گاڵته‌ ده‌موچاوی خۆی ناشرین كرد و چوو به‌ هێواشی له‌ دواوه‌ پاڵ به‌ دایكه‌مومینه‌وه‌ بنێت، هه‌ڵبه‌ت نه‌یده‌ویست بیخاته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌ وه‌ك سه‌رده‌می گه‌نجیان كه‌ ده‌یانكرد. ته‌نانه‌ت مه‌به‌ستیشی نه‌بوو بیترسێنێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌یویست گه‌مه‌ بكات و منداڵه‌كان كه‌یفخۆش بكات. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی باوكه‌مومین‌ كاره‌كه‌ ئه‌نجام بدات، چه‌خماخه‌یه‌كی سوور هه‌ڵیكوتایه‌‌ سه‌ر سه‌كۆكه‌، باوكه‌كه‌ زریكاندی و شه‌پقه‌كه‌ی كه‌وته‌ ئاوه‌كه‌وه‌. نیننی به‌ ددانه‌ نه‌بینراوه‌ تیژه‌كانی گازی له‌ كلكی باوكه‌مومین گرتبوو.

نیننی

می بچكۆله‌ هاواریكرد: ئافه‌رین، ئافه‌رین! خۆم نه‌مده‌توانی ئه‌و كاره‌ له‌وه‌ باشتر بكه‌م.

نیننی به‌ ده‌موچاوی گرژ و تووڕه‌ و به‌ په‌رچه‌مێكی سووره‌وه‌، بینرا، له‌سه‌ر سه‌كۆكه‌ وه‌ستابوو. وه‌ك پشیله‌یه‌ك به‌ باوكه‌كه‌دا هه‌ڵشاخا و گووتی: ناشێت بوێریت دایه‌ بخه‌یته‌ ناو ئه‌و ده‌ریا ترسناكه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌!

مومینترۆل هاواریكرد: نیننی ده‌ركه‌وت، ئه‌و دیاره، ئه‌و شیرینه‌‌!

باوكه‌كه‌ سه‌یری كلكه‌ زامداره‌كه‌ی ده‌كرد و ده‌یگووت: فره‌ شیرینه‌، ئه‌مه‌ نه‌فامترین و په‌روه‌رده‌ خراپترین منداڵه‌ من بینیبێتم، به‌ سه‌ره‌وه‌ و به‌بێ سه‌ریش.

پاشان باوكه‌كه‌ به‌سه‌ر سه‌كۆكه‌وه‌ دانه‌وییه‌وه‌ و هه‌وڵیدا به‌ گۆچانه‌كه‌ی شه‌پقه‌كه‌ی له‌ ئاوه‌كه‌دا ده‌ربهێنێته‌وه‌‌. له‌و كاته‌دا‌ خزا و به‌ سه‌ردا كه‌وته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌، ئه‌وجا، ده‌مولوتی له‌ ئاوه‌كه‌وه‌ ده‌رهێنا و به‌ گوێچكه‌ی پڕ له‌ قوڕه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌.

نیننی به‌ بینینی دیمه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ پێكه‌نی سه‌كۆكه‌ ده‌له‌رایه‌وه‌، وه‌ به‌ هاواره‌وه‌ ده‌یگووت: ئۆ، چه‌ند خۆشه‌، ئای، چه‌ند دڵڕفێنه‌!

توتیكی به‌ شۆخییه‌‌وه‌ گووتی: پێشتر قه‌ت پێنه‌كه‌نیووه‌. پێموایه‌ منداڵه‌كه‌تان گۆڕیووه‌ و هه‌نووكه‌ ناله‌بارتره‌‌ له‌ می بچكۆله‌، به‌ڵام خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا ئه‌و دیاره‌ و ده‌بینرێت‌‌.

دایكه‌مومین گووتی:‌‌ ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ سووده‌كانی گیراوه‌كه‌ی داپیره‌یه‌.

 

 

سه‌رچاوه‌

Tove Jansson, Det osynliga barnet, Schildts Söderströms, 1998

 

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.