تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ

كۆتایی دونیا ١٩١٦


شیعر

Loading

كۆتایی دونیا ١٩١٦

   ڕیچارد هۆڵزنبك

وەرگێڕانی؛ نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

 

 

كار لەم دونیایەدا

بەم بارە كەوتۆەتەوە ،

مانگا بەسەر دارتێلی تەلەفۆنەوە

چوارمەشقی دانیشتووە و شەترەنج دەكا…

باڵدار،

لەژێر تەننوورەی

سەماكەرە ئیسپانییەكاندا

وەك شەیپوورژەنی

بنكەی سەركردایەتی

بە غەمگینی دەخوێنێ ‌ …

دەسكی زەنگ ،

بە درێژایی ڕۆژ دەلەرێتەوە  …

 

 

ئا ئەوەیە كێڵگەی وەنەوشە

كە موختاری بەڕێز باسی دەكا ،

كاتێ‌ چاوێكی لە دەست دا،

تەنێ‌ فەرمانگەی ئاگركوژێنەوە دەتوانێ‌

مۆتەكە لە دیوەخان دەربكا  ..

بەڵام هەموو سۆندەكانی ئاو كار ناكەن !

ئای هەی سۆنیا !

گشتیان،

لەباتی منداڵان،

پڕیان داوەتە

بووكەڵۆكەی سلیلۆز و

ڕۆیشتوون هوتاف بكێشن :

خوا پاشا بپارێزێ!‌

 

یانەی یەكتاپەرستان هەموویان

بەسەر كەشتی (مایربیر)ـەوەن

كەچی تەنیا كەشتییەوان

هەندێ‌ شت لە ئاوازی ( دۆ )دا ئه‌زانێ  ..

من ئەتڵەسی توێكاری ،

لە پەنجەی پێم دەكێشمەوە . ..

كەچی خێرا

توێژینەوەیەكی بەڕاستی دەست پێ دەكا

(ماسی)تان دیوە

بەدرێژایی دوو ڕۆژی ڕابردوو

بە پارچە پارچەیی

لەپێش ئۆپێرادا وەستاوە ؟

 

 

ئاه …

ئاه ئیبلیسە بە ترسەكان!

ئاه .. هەنگەوان!

ئەزبەركەری دە ڕاسپاردەكە و

كەوانەی هوس هوس . ..

هەروا بوو،

كە ئەمڕۆ نازانێ‌

(هۆمیرۆس)ی باوكمان چی نووسیوە …

من شەڕ و ئاشتی دەگرم

لە كاتێكدا جل وبەرگی زانكۆم پۆشیوە

بەڵام گێلاس دەكۆڵم . ..

هەڵهاتن - ١٩٩١ - فایەق ڕەسول - فیگوری هەژار موکریانی .
هەڵهاتن – ١٩٩١ – فایەق ڕەسول – فیگوری هەژار موکریانی .

 

كەس نازانێ‌ ئەمڕۆ

ئەگەر سبەینێ‌ نەبێ‌

ئەوان بە لەپی دەست لە كات دەدەن

ئەگەر كەسیان دەمارێكی بەهێزی هەبێ‌

مووی كلكی

ئۆتۆمبیلێكی بارهەڵگر دەركێشێ‌ ..

ئەوە سەردەمێكی ناوازەیە 

مامۆستایانی زیندەوەرزانی

لە كێڵگەدا كۆدەبنەوە و

بە لەپی دەستیان ،

پەلكەزێڕینە دەگەڕێننەوە  ..

جادووگەری مەزنیش

تەماتە لەسەر هه‌نییه‌ی دادەنێ ‌ ..

جارێكی دی سەردانی قەڵا دەكەی و

بە بیابانە فراوانەكاندا دەسووڕێیەوە

ئاسك هاوار هاواریەتی و

ئەسپ قیت دەبێتەوە

( ئا ئەوەیە جیهانی ئێمە

ئەمەش هێشتا وەختی ماوە ).

 

 

 

تێبینی؛ 

 (*) ڕیچارد هۆلزنبك : یەكێكە لە دەستەی دامەزرێنەرانی بزاڤی دادا .

    له‌ ژماره‌ 3 – ته‌مووزی 1969 – گۆڤاری ( الشعر 69 )- چاپخانه‌ی ده‌زگای

    ( الجمهوریة ) به‌غداوه‌ كراوه‌ به‌ كوردی .

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌

تابلۆکان: فایەق ڕەسوڵ