Costica Bradatan

کۆستیکا براداتان؛ ‘مردن لەپێناو خوا” و ”مردن لەپێناو ئیدێکاندا”


Loading

سۆکراتێس، هایپاتیا، برۆنۆ و فەیلەسوفانی دی کە بۆ ”ئیدێکانیان مردن” زۆربەی کات وەک ”شەهیدانی هزر” دادەنرێن. مردنەکەیان لەپێناو فەلسەفەکەیاندا وەک هاوشێوەی دۆخی ئەوانە دەبینرێ کە بۆ باوەڕەکەیان دەمرن. لە ڕاستیدا، هەندێ جار مەرگی ئەو فەیلەسوفانە بەشێکە لە مێژووی گشتی شەهیدێتی، و شان بە شان لەگەڵ شەهیدانی ئاین دانوستاندن دەکرێ، کە هەندێک لە ئەوان وەک تۆماس مۆر، بێگومان لەوێدان. ئەوە بۆیە چاوخشاندنێک بە فێنۆمێنی شەهیدێتی لە واتایەکی تەسکدا (”مردن لەپێناو خوادا”) ڕەنگە یارمەتیدەر بێ بۆ تێگەیشتن لە شەهیدێتی فەلسەفەیی (”مردن لە پێناو ئیدێکاندا”).

 

مه‌سیح وه‌ك شه‌هیدێك Flagellation
زاراوەناسییانە، ”شەهید_martyr” لە وشەی گریکی بۆ گەواهی: mártys هاتووە، کە واتای کەسێک کە زانینی دەستی یەکی هەیە، کەسێک کە شتەکانی بینووە چۆن ڕوودەدەن و هەژمارێکی پێبەخشیون (فرمانی martyrein واتا گەواهیدان/شایەتیدان). لە تەوڕات (پەیمانی کۆن)دا وەک وشەیەکی یاسایی بەکارهاتووە؛ لە پەیمانی نوێدا (بۆ نموونە لە Matthew 18.16 and Mark 14.63) لە واتا بنەڕەتەییەکەیدا بەکارهاتووە بە واتای گەواهیدان بۆ وەسفکردنی هاوەڵانی عیسای مەسیح کە شایەتحاڵی کردارەکانی ئەو بوونە. لەبەر ئەوەی بوون بەو چەشنە گەواهیدەرە، لە کاتی ستەمکاری، بەسە بۆ ئەوەی کەسێک بکەی بە گومان لێکراو لەبەردەم یاسا. وشەکە هێواش هێواش واتاکەی دەگۆڕێ و لە کۆتاییدا بۆ دیاریکردنی کوژرانی هەر یەکێك لەبەر باوەڕەکەی بەکاردەهێنرێ. وشەکە ئەو تێگەیشتنە نوێیەی هەیە، بۆ نموونە، یاسای ٢٢.٢٠ و ئاشکرابوونی ٢.١٣ و ١٣.٦. مردن لەبەر باوەڕی یەکێك پەیوەستە بە ”گەواهیدان” هەروەها لە ئیسلامیشدا. وشەکە ڕەنگە درەنگتر ئاماژەدان بێ بە شەهیدێتی (شەهادەت)، کە لە قورئاندا تەنیا واتای گەواهیدان دەگەیەنێ. کاتێک مردن لەپێناو ئەڵڵا لێرەبوونی هەبێ، ئەو دەربڕینە قورئانیانەی بەکاردێن ئەمانەن ”کوشتن لەبەر خاتری خوا” (II: 154) یان ”شەڕکردن لەبەر خاتری خوا” (IV: 74)؛ گرێی ”لەبەر خاتری/لەپێناو خوا” (سبیل اللە) لە بنەڕەتدا دیاریکرا بۆ ئەوەی کە درەنگتر بەڕێی ”شەهیدێتی” (شەهادەت)ەوە دادەپۆشرێ.
پێناسەکردنی شەهیدێتی هەمیشە ئاسان نییە. زاراوەکە دەشێ واتای هەر شتێک بگەیەنێ لە خۆ سووتاندنەوە بۆ پەیڤێکی سیاسی بۆ وەرگۆڕینی خۆت بۆ بۆمبێک و کوشتنی زۆرترین کەس تا دەتوانی. وەک تازە جولیۆن میچڵ تێبینی کردووە، ”شەهیدی کۆمەڵگەیەک دەشێ تیرۆریستی کۆمەڵگەیەکی دیکە بێ؛ کرداری شەهیدبوونی کەسێک دەشێ خۆکوژی بۆمبڕێژکراوی ئەویدی بێ” (Mitchell 2012: 2). جان ولیەم ڤان هێنتن و فریدریک ئاڤێماری، ئاماژە بە ترادیسیۆنی دیانی و جوولەکە دەدەن، ”پێناسەیەکی کارایی” شەهیدێتی ئامادەدەکەن، کە ڕەنگە ڕاستەوخۆ و بەتەواوی کشاوبێت. بۆ ئەوان شەهید یەکێکە کە ”لەنێو دۆخێکی بەتەواوی/بەتوندی نادۆستانەدا مەرگێکی توندوتیژ پەسەند دەکا بۆ پابەندبوون بە داواکاری دەسەڵاتەوە” (Van Henton and Avermarie 2002: 3). سکۆلار (لێکۆڵیار)ەکانی دیکە بەدوای دیاریکردنی هەندێ پێوەری فەرمیدان بۆ بڕیاردان داخۆ نموونەی مەرگێکی خۆویست دەشێ وەک کرداری شەهیدبوون دابنرێ. ئارسەر درۆگ و جەیمس تابۆر، بۆ نموونە، پێنج پێوەری گشتگیر دادەنێن. یەکەم و گرینگترینیان، گەرەکە لێرەدا دۆخی ”ئۆپۆزیسیۆن و چەوساندنەوە” بوونی هەبێ. دووەم، هەڵبژاردنی مەرگ لەلایەن ئەو کەسانەوە کە هەڵیدەبژێرن وەک ”ئاتاج، شەرەف، و کارەمانی” ببینرێ. سێیەم، ئەو کەسانە ”بە پەرۆشن بۆ مردن”. چوارەم، لێرەدا هەستی/تێگەیشتنی ”قازانجی جێگرەوە کە لە دەرەنجامی ئازار و مەرگەکەیانەوە دەبرێتەوە”. پێنجەم، هەستی/تێگەیشتنی هەبوونی ”بەخشین و خەڵات لە پشتی مەرگەوە” (Droge and Tabor 1992: 75).
ئەمانە تاڕادەیەک پێوەری گشتین، بەڵام هەر تاکە ئاینێک بەڕوونی گرنگی بە ئەدگارێکی تایبەتی شەهیدبوون دەدا. خەڵک تەنیا بۆ باوەڕەکانیان نامرن_ لێرەدا شێوازی جوداوازی کردنی ئەمە هەیە، واتا ”کولتوور”ی شەهیدبوون لەئارادایە. بۆ نموونە، لە ئاینی دیانی، شەهیدبوون لە بنەڕەتەوە پەیوەست کراوە بە ژیان و مەرگی عیسای مەسیحەوە کە لە ئینجیلەکاندا باسکراوە. لێرە لە چەند شوێنێکدا، عیسا وەک سیمبولی شەهیدبوون دیارهێنراوە. بۆ نموونە، عیسا چاوەڕێی نەکرد تاکو دەستگیربکرێ لە گالیلێ (Galilee: شوێنێکە لە ئیسرائیل.ن.س)، بەڵکو ”ڕووی کردە ئۆرشەلیم و گەڕایەوە بۆ ئەوێ.” (Luke 9.51). لە ئینجیلەکەی ست. جۆندا، عیسا ئاگاییەکی تەواو لەبارەی خۆ_قوربانیکردنەکەی پیشاندەدا: ”هیچ کەسێک [ژیانی من]ی نەبرد، بەڵکو من بە ویستی ئازادی خۆم ڕێگەم پێدا دەرچێ. ئاخر من دەسەڵاتم هەیە تاکو ڕێگەی پێبدەم، هەروەها دەسەڵاتم هەیە دووبارە ئەو بهێنمەوە.” (John 10.18). وەک سکۆلارەکان پیشانیانداوە، چوار ئینجیلەکە حەزێکی تایبەتیان بۆ ئەو ڕوانگەیە هەیە چونکە ئەوە دەبێتەهۆی کاریگەری نواندن لەسەر  کردنی ئەم ئارامییەی عیسا بە نموونە بۆ شەهیدێتی دیانی. لە تێکستەکەی جۆندا، عیسا وەک کەسێک دەردەکەوێ کە بەئاشکرا ”بەرپرسیارە” و کۆنتڕۆڵی تەواوی لەسەر ڕووداوەکان هەیە. ئەو ئارامی، هێمنی و پەرۆشی بۆ مردن پیشاندەدا، هەموو ئەو شتانەی کە شەهید پێویستیەتی. بە واتایەک هەر وەک سۆکراتێس پێش ئەو، ئەوە عیسایە بەزۆری ”نومایش”ی شەهیدبوونی خۆی دەکا.
لەتەک نموونە کەسەکییەکەی خۆیدا، عیسا ”مێتۆدۆلۆگی”ییەکی مردن، نەخشەڕێگایەک بۆ بەهەشت پێشکەش بە پەیڕەوانی دەکا. بۆ دیانە سەرەتاییەکان، مەرگی عیسا بۆ باوەڕەکەیان زۆر ناوەندییە. ئەو شتە کە شەهید هەوڵی بەدەستهێنانی دەدا زۆر شکۆمەندییە، هەرچەندە شێوەیەکی قورسی لاساییکردنەوەی عیسایە: لاساییکردنەوەی مەرگی خۆی. ڕۆبن لەین فۆکس دەنووسێ ”لە پشتی هەموو شەهیدبوونێک، خۆ_قوربانیکردنی خودی عیسا ئامادەیی هەیە” (Fox 1986: 441). شەهیدبوونی ئیگناتیوسی ئەنتیۆخ (Ignatius of Antioch) (٣٥_١٠٧ ز) نموونەیەکی تەواوە. لە نامەکەیدا بۆ ڕۆمانەکان، کە لە ڕێگەی ڕۆمدا نووسیویەتی، ئەو شوێنەی کە تێیدا دەکرێ بە خۆراکی ئاژەڵان، ئیگناتیوس مەرگی خۆی بەکاردەهێنێ بۆ نزیککەوتنەوە لە عیسا و چێکردنی پەیوەندییەکی خۆمەند لەگەڵ عیسای مەسیح: ”ئەگەر من ئازاری مەرگ بچێژم، ئەوا دەبمە کەسێکی ئازادی عیسای مەسیح و دووبارە لەنێو ئەودا بەئازادی سەرهەڵدەدەمەوە.” ئەو دیان بووە لە تەمەنێکی زووەوە، درەنگتر لە ژیانیدا بووە بە قەشە. هێشتاش، بە تێگەیشتنێکی دیاریکراو، تەنیا شەهیدبوونەکەی ئەوی کردووە بە دیانێکی ڕاستەقینە. تەنیا بەڕێی بەتەواوی تێکشکاندنی جەستەیەوە، ئیگناتیوس دەتوانێ بە خۆی بڵێ شوێنکەوتووی عیسا: ”من بەڕاستی دەبم بە فێرخوازی عیسای مەسیح کاتێک جیهان تەنانەت (ناتوانێ) جەستەشم ببینێ.”
 لە کرۆکەوە، شەهیدبوون پڕۆژەی دیماتریالیزاسیۆنە (dematerialization). ئەوەی ڕوودەدا بەزۆری شتێکی نەشیاوی لێ تێگەیشتنە بۆ خوێنەری سەدەی بیست و یەکەم: ئیگناتیوس پلانەکەی خۆی جێبەجێ دەکا، تێکشکاندنێکی هێواش وەک یەکێك کە دەچێ بۆ ئاهەنگ. ئەو مەستبووە بەهۆی سەرکەوتنی بەسەر ئەزموونی ترسی مەرگ: ” لێگەڕێ ئاگری تێبەردرێ، بێزاربکرێ، گروپی دەعبا هۆڤییەکان، ئێسکت فڕێ بدرێ، پەراسوەکانت پارچە پارچە بکرێ، هەموو لەشت هەنجن هەنجن بکرێ، ئەوجا خراپەکارییەکانی سزادانی شەیتان لەناکاو بە من دەگەن، ڕەنگە تەنیا ئەمە بە عیسای مەسیحم بگەیەنێ” (In Van Henton & Avemarie 2002: 109_110). لەم ڕوانگەیەوە، تۆ دەتوانی خۆت ڕیالیزەبکەی تەنیا تا ئەو ڕادەیەی کە تۆ هیچیدی ئامادەیی فیزیکیت نییە لەنێو جیهاندا. تاکو پتر خۆت دیماتریالیزە بکەی، ئەوا پتر دەلیڤەی بوون بە خواوەندێتیت هەیە.
لە ئاینەکانی دیکەدا، مردن لەپێناو خوا شێوەی جودا وەردەگرێ. بیۆگرافیی پێغەمبەر محەمەد و دامەزرێنەری ئیسلام (لە ڕاستیدا، بۆ نموونە، پێغەمبەرەکە شەهید نەبووە یان ئاینە نوێیەکە گەرەکە خۆی بەهێزبکا دژی دۆخە نالەبارەکە) شێوەی بە فۆرماندنی تێگەیشتنی ئیسلام بۆ شەهیدبوون داوە. لە ئیسلامدا شەهید کەسێکە ”لە گۆڕەپانی جەنگدا لەکاتی شەڕکردن دژی بێباوەڕان مردووە،” هەروەها ئەو کەسێکە لە ژیانی داهاتوودا ”بەڵێنی گەورەترین پاداشتی پێدراوە” (Khosrokhavar 2005: 11). لە بنەڕەتدا، ”بێباوەڕەکان” هۆزە عەرەبە پاگانەکان (بتپەرست!) بوون کە لەلایەن ئاینە تازەکەوە تووڕەکرابوون. درەنگتر لە ڕوانگەی ئیسلامەوە بێباوەڕان ئەندامی هەر ئاینێک جگەلە ئیسلام بوون، هەرچەندە جوداوازی لە نێوان ”ئاینە خاوەن کتێبەکان” (جودایزم و دیانێتی) دەکرا، کە موسڵمانەکان دەبێ ڕێز و لێبوردەیی بەرانبەریان پیشانبدەن، هەروەها ئاینەکانی دیکەی وەک هیندۆیزم، لە ڕوانگەی ئیسلامەوە نواندنی کرداری توندتیژ بەرانبەریان ڕێگەپێدراوە. فراوانبوونە خێراکەی ئاینە تازەکە لەماوەی چەند سەدەیەکی کەمی دوای دەرکەوتنی، هەروەها لەتبوونەکەی سەرەتای نێوان شیعە و سوونەی ئیسلام، موسڵمانەکان ژمارەیەکی گەورەی شەهید بەرهەمدەهێنن. و ئەوان چێژ لە ڕێزگرتنێکی زۆر وەردەگرن. فەرهاد خۆسرەخڤار (Farhad Khosrokhavar) دەبێژێ ئەوان وەک پیاوی ئاینی دانانرێن، بەڵام لەو کاتەوە کە ئەوان ئەزموونی مەرگێکی پیرۆز دەکەن، ئەوا دەتوانن ”لەگەڵ پیاوانی ئاینی بەراورد بکرێن و ببنە هاوەڵیان لە بەهەشتدا.” شەهیدەکان وەک فیگوری کارەمانانە دەبینرێن، لەبەر ئەوەی ”کارەمانێتی ئەوان جۆرێکی جیهانی ئێرە نییە.” شەهیدبوونی ئەوان ”مەسەلەیەکی ئاینی ڕێزمەندانەیە و بەڕێی لۆگیکی پاداشتدانەوە لە جیهانی داهاتوودا بەڕێوەدەبرێ” (Khosrokhavar 2005: 4).
بە بەراورد لەگەڵ ئاینی دیانی، کە شەهیدبوون تەنیا نا_توندوتیژە (شەهیدەکە هیچ شتێک ناکا، تەنیا ڕێگەدەدا لەبەر باوەڕەکەی بکوژرێ)، لە ئیسلامدا، سەرەڕای ئەو بەشە نا_توندوتیژە، بەڕوونی هەڵوێستێکی چالاک ئامادەیی هەیە. شەهیدەکە کەسێکە لە شەڕکردندا دەمرێ، بۆ بەرگریکردن یان بۆ فراوانکردنی ئیسلام دەمرێت. ئەو دوانەتییە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە ئامادەیی هەبووە؛ قورئان (لە سورەتی تۆبەدا) بەڕوونی ئاماژەی پێداوە، کاتێک دەگەرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی دەمردن ”لەپێناو خوادا”: ”ئەوان لەپێناو خوادا شەڕدەکەن، جا چ بکوژن یان بکوژرێن” (IX.111). لە ڕاستیدا، فۆرمولەی ”کوشتن یان کوژران” چەندین جاری دیکە لەنێو تێکستەکانی قورئاندا چەندبارە دەبێتەوە: ”ئەگەر تۆ لەپێناو خوادا بمری یان بکوژرێی، ئەوا میهرەبانی و لێبورەدەیی خوا بەجەختییەوە باشتر دەبێ لە سەرجەم زەنگینییەکانی ئەوان کۆیان کردۆتەوە. ئەگەر تۆ بتەوێ بمری یان بکوژرێی، لەبەردەم خوادا، ئەوا تۆ هەموو شتێکت کۆکردۆتەوە و دەوڵەمەندیت” (III. 157–8). ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی سکۆلارەکانی ئیسلام جوداوازی لە نێوان دوو شێوەی شەهیدبووندا بکەن. یەکەمیان، کە پێی دەگۆترێ ”شەهیدبوونی بەرگری” ئەمەیان زۆر نزیکە لە تێگەیشتنی دیانییەوە بۆ شەهیدبوون. ئامانجەکەی هەوڵدان بۆ ”هیچ خەباتێکی توندوتیژ دژی بێباوەڕان و ستەمکاران” نییە، بەڵکو بەسادەیی، وەک بنەڕەتی وشەکە واتاکەی دەگەیەنێ، ”بوون بە گەواهیدەر_ تەنانەت لە پنتی مەرگدا، بۆ ڕاستیەتی ئەو مەسەلەیەی کە بەڕێییەوە دژبەری بێباوەڕان و ستەمکاران دەوەستییەوە لە ڕێگەی گونجاندنی هەڵوێستێکی نا_توندوتیژیی بەرگرییەوە.” شێوەی دووەمیان، ”شەهیدبوونی هێرشکردن” ”خەباتێکی چالاک، ئەگەر پێویستی کرد توندتیژی لەخۆدەگرێ دژی ئەو کەسانە کە باوەڕدارەکە وەک ستەمکار و بێباوەڕ دایان دەنێت” (Khosrokhavar 2005: 5). نەک تەنیا شەهیدەکە ئامادەیە خۆی بمرێ، بەڵکو هەروەها ئەو دەیەوێ ئەوانی دیکەش بمرن. ئەم شێوەیە، بەزۆری پێی دەگۆترێ ”شەهیدبوونی تاڵانکەر،” کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێ لە ڕەوایەتیدان بە بەکارهێنانی، یاسایی یان نایاسایی، خۆکوژە_بۆمبڕێژەکانی ئەمڕۆ.
*
شەهیدبوونی ئاین گرنگە بۆ تێگەیشتن لە شەهیدبوونی فەلسەفەیی، هەرچەندە جوداوازی گرنگ لە نێوانیاندا هەیە. یەکەم، هەرچەندە فەیلەسوفانی_شەهید بەڕێزەوە ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێ، لەبەر مەرگەکەیان، بەڵام بەدەگمەن هیچ خۆشەویستییەکی توند بۆ ئەوان نییە وەک ئەوەی کە لە ”سرووتی شەهیدان”ی ئایندا هەیە. دووەم، ڕاستە ئەو فەیلەسوفانە بەزۆری دەبن بە فیگوری دامەزرێنەر، بەڵام ئەوەی ئەوان دایدەمەزرێنن پێکهاتەیەکی تەواوی دامەزراوەیی نییە (بەهەمان شێوەی شەهیدانی ئاین کە ئاینێکی نوێ، یان فێرگەی ئاینی، کڵێسای نوێ، یان ڕێباوەڕی نوێ دادەمەزرێنن). لەبری ئەوە، بەڕێی مەرگەکەیانەوە، فەیلەسوفانی_شەهید بناغەی شێوازە ژیانێکی فەلسەفەیییانە یان بزووتنەوەی فراوانتری ئیدێکان دادەمەزرێنن. سێیەم، یادکردنەوەی فەیلەسوفانی شەهید بەدەگمەن جەخت لەسەر پرۆسەی مردنەکەیان دەکا، لەتەک سەرجەم وردەکارییە فسیۆلۆگی و توندوتیژی مەرگەکەیان، لەکاتێکدا لە ئایندا یادکردنەوەکە_تەنانەت دووبارەکردنەوە_ی پرۆسەی مردنەکە شتێکی کرۆکییە (بۆ نموونە، ئارامی عیسا، یان عاشوڕا لەنێو ئیسلامی شیعەدا). چوارەم، کەیسەکانی شەهیدبوونی فەلسەفەیی زۆر دەگمەنترن لە هینەکانی شەهیدبوونی ئاینی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان بەتەواوی تاکێندراون. لە ئایندا، قوربانیدان و شەهیدبوون زۆر دووبارە دەبێتەوە و بەزۆری کردارێکی کۆیەکییە.
هەرچەندە گرنگترین جوداوازی پەیوەستە بە پاڵهێزی شەهیدبوونەکەوە. شەهیدی ئاین دەمرێ لەپێناو بوونێکی باڵا (خوا)دا. مەرگەکەی بەشێکە لە سیناریۆی ڕزگاربوون، کە لە ئەنجامدا ئەو پاداشت دەکرێتەوە. ئەو بەو باوەڕەوە دەمرێ کە خودایەکی کەسی هەیە و ئاگای لە ئازارەکانی ئەو هەیە، خوا دەیەوێ ئەو ئارخەیان بکاتەوە کە خۆ_قوربانیکردنەکەی ئەو بەبێ پاداشت/قەرەبوو نابێت. شەهیدانی ئاین ئەوان بە پرۆسەیەکدا دەڕۆن کە دەزانن ئەوەی ئەوان دەیکەن ”خۆشییە لە چاوی خوداوە”_ کە ئەوان کۆنترۆڵ دەکا و ڕەوایەتییان پێدەدا. گەرەکە لێرەدا ئەوە لە کاردا بێ، ئەگەر هەندێ جار لە ڕەفتارێکی نادیاردا، جۆرێک لە ”ڕێککەوتنی شەهیدانەیە”: ئەگەر من بمرم بەهۆی باوەڕەکەمەوە، خوا بەچەشنێک بەرپرسیار بێ لە دابینکردنی شوێنێکی ئارام بۆ من لەنێو ئەوانەی کە هەڵیبژاردوون. ئەو بەسانایی ناتوانێ ئەوە بکا. بە پێچەوانەوە، بێجگە لە هەندێ نموونەی کەم کە فەیلەسوفەکە بۆ باوەڕەکەی دەمرێ (تۆماس مۆر، دووبارە)، فەیلەسوفە_شەهیدەکە چاوەڕوانی هیچ جۆرە پاداشتێک ناکا بەرانبەر کردارەکانی لە ژیانێکی دیکەدا. پاڵهێزی ئەوان بەتەنیا لەو جیهانەوە سەرچاوە دەگرێ. هەندێ لەوان ڕەنگە بەئاشکرا ئاتێست (مولحید)بن. ئەوانیدی ڕەنگە باوەڕبکەن (وەکو بڕۆنۆ باوەڕی دەکرد) بە هەندێ پرنسیپی خواوەندی، بەڵام ئەوە پەیوەندیدار نییە چونکە ئەمە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پاڵهێزی مردنەکەیان نییە. ئەگەر ئەوان خۆیان ببینن کە چێژ لە هەندێ شێوەی ژیان وەردەگرن دوای مەرگ، ئەمە ڕەنگە ڕووبدا بەسانایی لەبەر ئەوەی مردوون (وەک ئەوە ڕەنگە بۆ هەریەکێک ڕووبدا)، و نەک لەبەر ئەوەی ئەوان لەپێناو مەسەلەیەکدا مردوون.
شەهیدانی فەیلەسوف لەبەر هۆکارگەلی زۆر مەرگ هەڵدەبژێرن. ئەوان مەرگ هەڵدەبژێرن چونکە باوەڕیان وایە کە فەلسەفە گەرەکە خۆی مانیفێست بکا و ناتوانرێ لە کەسی فەیلەسوف جودابکرێتەوە_ ئەگەر تۆ خۆت نەتوانی فەلسەفەکەت بکەی بە نموونە بۆ خۆت، کێ دەیکات؟ یان لەبەر ئەوەی ئەوان وەها دەهزرێن ئەگەر لە ڕوانگەکانیان پەشیمانببنەوە لەژێر ستەمکاریدا ئەوا ئەوان دەبن بە یەکەم کەس کە فەلسەفەکەیان بەدرۆدەخەنەوە_ و ئەگەر فەیلەسوف خۆی نەتوانی لە پشتی ئیدێکانییەوە ڕابوەستێ، کێ دەتوانێ؟؛ یان چونکە ئەوان کەسانی شانازیکارن، بێپەروان بەرانبەر بە دادگە و تۆمەتبارکارانیان ڕێزیان بۆ دانانێن، ئاخر بۆ ئەوان خۆ بەدەستەوەدان زۆر خراپترە لە مەرگ؛ یان چونکە ئەوان ئەوە دەزانن کە مەرگی شەهید دەتوانێ پێگەی ئەو یەکە هەڵبزنینێ کە شەهید بووە؛ یان چونکە ئەوان لەوە دەترسن کە ئەگەر ئەوان پەشیمان ببنەوە، ئەوا شەرمەزاری ئەوان دەکوژێ؛ یان بەسادەیی چونکە ئەوان ناتوانن پێچەوانەکەی بکەن.
لە سەرجەم ئەو کەیسانەدا، تێگەیشتنێکی بەهێز هەیە کە ئەوەی ئەو کەسانە دەیکەن خۆ_پاداشتکردنە_ ئاخر هیچ پاداشتێکی دیکە نییە کە ئەوان بەدەستی بهێنن. هینەکەی ئەوان شەهیدبوونێکی سێکیولاری پاکژە، کە هیچ پاشپاتبوونەوەیەکی نییە لە جیهانێکی دیکەدا. هەروەها ئەمە پێدانی شەرمەزارنەبوونە لەسەر مەزنێتی کرداری ئەو فەیلەسوفانە. ئەوە شتێکی مەزنە بۆ خودا بمرێ، بەڵام ڕەنگە مردن بۆ هیچ خودایەک/نا خودا زۆر مەزنتر بێت.

ئه‌م گوتاره‌ له‌م كتێبه‌ی کۆستیکا براداتان وه‌رگیراوه‌؛ 

Costica Bradatan Dying for Ideas