سۆجۆنەر تروس ١٧٩٧-١٨٨٣ خاتوونێکی هەڵسوڕاوی ڕەشپێسته، کە وەک کۆیلە لە شاری نیویۆرک چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. پێش ساڵی١٨٢٧، واتە بەرلەوەی کە کۆیلەیی و کۆیلەداری لە شاری نیویۆرک هەڵبوەشێتەوە، دەفرۆشرێت بە کەسێک بەناوی (هون واگن)، پاشان ئازادی دەکات. لەساڵی ١٨٥١ سۆجۆنەر بەشداری کۆنفرانسی (مافەکانی ژنانی ئۆهایۆ)ی کرد، هەڵبەت زۆرێک لە ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە دژی بەشداربوونی ئەو بوون، چونکە دەترسان بزوتنەوەی ژنانی ئەو سەردەمە و بزوتنەوەی دژبەری کۆیلەداریی، کە لەو زەمەنەدا کڵپەی ڕق و کینەی زۆرێک بوو، بێ نەزم و شلۆق ببێت. کاتێک سۆجۆنەر هەستا بۆ ئەوەی گوتارەکەی خۆی پێشکەش بکات، هووها و هاواری دژبەری تابێت بڵندتر دەبوو، بەڵام کاتێک گووتەکانی تەواوبوون، دەنگی پشتگیری و پاڵپشتی، تەواوی هۆڵەکەی تەنییەوە. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە دەقی گوتارەکەی سۆجۆنەر تروسە کە لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەشی کردبوو:
مەگەر من ژن نیم؟
باشە ڕۆڵهكانم، کاتێک ئەم هەموو مشتومڕ و هووهایه بەرپابووە، بێگومان کێشەیەک لە ئارادایە. من وا بیردەکەمەوە، ئێستا کە ڕەشپێستەکان لە باشوور و ژنان لە باکوور، هەمووان پێکەوە خەریکن لەسەر مافەکانیان دەنگ هەڵدهبڕن و داکۆکی دەکەن، پیاوانی سپیپێست لە زووترین کاتدا دوچاری بارودۆخی دژوار و ناهەموار دەبنەوە، بەڵام سەرباری ئەم هەموو مشتومڕە، چی دەگوزەرێت؟
پیاوان دەڵێن ژنان بۆ ئەوەی سواری گالیسکەیەک ببن یاخود ئهگهر گەرەکیان بێت لە جۆگەیەک بپهڕنهوه، پێویستیان بە کۆمەککردنە و هەمیشە دەبێت شیاوترین جێگهیان هەبێت، بەڵام من لە كاتی سواربوونی گالیسکە و پهڕیننهوهم لە جۆگە، ههرگیز كهس هاریکاری نهكردووم و قهت شیاوترین جێگهم پێنهدراوه! مەگەر من ژن نیم؟
لە من بنواڕن، بازووەکانم ببین، گاسنکاری و جوتیاریم کردووە و لە عەمبارەکاندا حەمباڵ بووم و کاری سهرپهرشتیكردنی زەخیرەشم ڕاپەڕاندووە. هیچ پیاوێک لە کارەکانمدا دەستی هاریکاری بۆ درێژ نەکردووم! مەگەر من ژن نیم؟
دەمتوانی بە ئەندازەی پیاوێک کار بکەم و خواردن بخۆم (هەڵبەت کاتێک خواردنم دەستبكهوتایه) و بەرگەی شەلاق لێدانیش بگرم. مەگەر من ژن نیم؟
سێزدە منداڵـم هێناوەتە دونیاوە و شاهیدی فرۆشتنی زۆربەیان بووم وەک کۆیلە. کاتێک وەک دایکێکی پەژموردە هۆن هۆن دەگریام، تەنها (مەسیح) گوێی لە دەنگم دەبوو، مەگەر من ژن نیم؟
خەڵک لەبارەی ئەو شتەوە دەدوێن کە لە کەلەسەردایە، چی پێدەڵێن؟ (یەکێک لە ئامادەبووان هەڵدەداتی: “ئەقڵ”) ئەوە دەڵێم ئەزیزم. ئەوە چ پەیوەندییەکی بە مافی ژنان یاخود ڕەشپێستەکانەوە هەیە؟ ئەگەر پەرداخی من بچووک بێت و هی ئێوە گەورە، ئایا ڕق و کینە نییە ئەگەر ئیوە ڕێگربن لەوەی منیش پەرداخهكهم لێوانلێو بکەم؟
ئێستاكه ئەم پیاوە گچکەیە کە جلی ڕەشی پۆشیوە، دەڵێت مافی ژنان ناکرێت بە ئەندازەی مافی پیاوان بێت چونکە مەسیح ژن نەبوو! مەسیحی ئێوە لەکوێوە هاتووەتە ئەم دونیایە؟ بە لوتفی خودا و ژنێک! پیاو لە هاتنەبوونی ئەودا هیچ ڕۆڵێکی نەبووه.
ئەگەر یەکەمین ژن کە خودا ئافراندوویهتی، ئەوەندە بەهێزبووه کە بەتەنها توانیوێتی دونیا ژێرەوژوور بکات، کەوابێت ئەم ژنانەش پێکەوە دەبێت بتوانن بۆ جێگهی ڕاستەقینە و ڕەسەنی خۆیان بگەڕێنەوە، ڕێك بۆ جێگهی ڕەسەنی خۆیان. ئێستاش کە گەرەکیانە وەها کارێک بکەن، واباشترە پیاوان ڕێگەیان بۆ چۆڵبکەن.
زۆر سوپاس گوێبیستی قسەکانم بوون، سۆجۆنەری پیر هیچی دیکەی نییە بۆ گووتن.
سەرچاوە:
-
fordham.edu/mod/sojtruth-woman.asp
-
org/fa/content/مگر-من-زن-نیستم؟-اثر …