«تێبینى: چەند ڕۆژێکە کتێبى “شوێنەکانى تر: یۆتۆپیا، هێترۆتۆپیا، جەستە”, بە زمانى کوردى و بە وەرگێڕانى ئێمە، لەلایەن دەزگاى ئایدیاوە بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە چەند لێکچەرێکى میشێل فۆکۆیە و سەرەتا بە زمانى فەرەنسى چاپبووە، بەشێک لە توێژەرانى فیکرى فوکۆ و بیرمەندانى دیکە وەک کارێکى قووڵ و گرنگى ئەم فەیلەسوفە دەینرخێنن. ئێمە پێشەکییەکمان بۆ وەرگێڕانە کوردییەکەى ئەو کتێبە نووسیوە و بەستوومانەتەوە بە واقیعى خۆمانەوە. لێرەدا بە باشى دەزانم پێشەکیى کتێبەکە بڵاوبکەمەوە».
یەكهم: هەردەقێك دەرگا و پەنجەرەی خۆی هەیە، خوێنەر دەتوانێت لە شوێنی جیاوازەوە بچێتە نێویانەوە، كەواتە نووسینی پێشەكی، وەك دەرگایەكی دیكە بۆ دەق خۆی شتێكی زیادەیە، بەڵام بیانوویەكیشە بۆئەوەی وەرگێڕ شتێك بڵێت، كە دەیەوێت بەهۆی وەرگێڕانەكەوە بیڵێت، ئەم بیانووە تیۆریزەكردنی دەقەكانە لەنێو ئەو واقیعەدا كە بەرهەمەكەی بۆ وەرگێڕدراوە. باسی سەرەكیی ئەم بەرهەمە یۆتۆپیاكان، هێترۆتۆپیاكان، جەستەیە. یۆتۆپیا لە شوێنخستنی شوێنە، فەزایەكی هەڵواسراو بە ئاسمانێكەوە كە تەنیا دەتوانین لە دوورەوە سەیری بكەین. هێترۆتۆپیا، شوێنێكە پەیوەندی بەم شوێنە واقعییەوە هەیە كە هەیە، بەڵام وەك دژە-شوێن؛ دابەشبوونی فەزایە بەسەر ڕووبەرە جیاوازە ناهۆمۆژینەكاندا. هێترۆتۆپیا شوێنی تری نێو شوێنە واقیعییەكانە، هەڵكۆڵین و كەشفكردنی فەزاى ترە لەنێو فەزاکاندا. جەستەیش ئەو خاڵی سفرەیە كە جیهان لێیەوە دەستپێدەكات، یان بۆی دەگەڕێتەوە؛ ئەو پنتەیە كە هێڵەكانی جیهان تێیدا یەكتردەبڕن، هێڵی زمان و كۆمەڵگە، ئایدیۆلۆژیاكان و دەسەڵاتەكان، ئایینەكان و یۆتۆپیاكان، جوانكارییەكان و دەیسپلینەكان..هتد. هەموو ئەمانە بە شێوەیەكی ناوازە و قەشەنگ لەم وانەوتارانەی فۆكۆدا ڕوونكراونەتەوە.
ئەمە بیانووكەیە بۆ نووسینی ئەم پێشەكییە: دەربڕینی سەرنجێكی سەرپێیی لەسەر پرسی جەستە و یۆتۆپیا و شوێن لەمڕۆی سەرمایەداریدا، ئینجا سەرەتای دەركەوتنیان بە ئابوورییەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا.
دووهم: بەیانیان ساتێكی سەیر و سامناكە بۆ بینینی جەستەیەك، كە زۆر نییە لە خەو بەخەبەر هاتووە، سوبێكت كە دەچێتە بەر ئاوێنە جەستەی خۆی بە قورسى دەبینێت و دەزانێت کە پێى مەحکومە، بەڵام سەیرى شوێنى تریش دەکات و دەزانێت جەستە هەر ئەمە دەموچاوە هەڵبزڕکاو و شانە داچەقاوەى بەیانیان نییە، کەوایە لە دۆخی دابەشبوون و پارچەپارچەدا دەیبینێت، بەڵام لەم نیگایەدا كە دەیگرێتە ئاوێنە خۆی كۆدەكاتەوە. لە شیكارییەكەی فۆكۆدا، ئەو جەستەیەی كە كەوتووهتە ناو ئاوێنەوە جەستەیەكی یۆتۆپییە. ئاوێنە یۆتۆپیایە، چونكە بەهۆیەوە دەتوانم ئەو بەشانەی جەستەم ببینم كە لەڕاستیدا خۆم ناتوانم بیانبینم؛ بە مانایەكی تر، دەتوانم لە ئاوێنەدا خۆم بەكامڵی ببینم. ئەم بوونە كامڵە كەوتووهتە ئەودیوی شووشەی ئاوێنەكەوە، واتە كەوتووهتە نا-شوێنەوە، بەڵام هاوكات ئاوێنە هێترۆپیایشە، چونكە ئەو شوێنە واقیعییە ئاوەژوودەكاتەوە كە منی تێدام و پێى مەحکومم، جەستەی خۆمم لە نا-شوێنەوە بۆ دەنێرێتەوە. بەم جۆرە دەتوانین سێ جەستە لە یەكتری جیابكەینەوە: جەستەم، جەستەی یۆتۆپی، جەستەیەكی تر. فۆكۆ ئەم دابەشكارییەی زۆر بهزەقی پیشان نەداوە، بەڵام لە هەناوی شیكارییەكەیدا لە خۆگیراون. سوبێكت خوازیاری ئەو جەستە قورسەى بەیانیان نییە، بۆیە هەمیشە، یان دەبێتە جەستەیەكی خەیاڵیى یۆتۆپی، یان دەبێتە جەستەیەكی تر. جەستەی یۆتۆپی ئەوەیە، كە یۆتۆپیاكان مۆری خۆیانی لێدەدەن و دەسەڵاتەكان خەتمی دەكەن. ئەوەیە كە دەكەوێتە دەرەوەی من، دەرەوەی ئەم ئێستا و ئێرەی كە تێیدام و دەبێتە یۆتۆپیای خۆی. ئەم جەستەیە هەر لەمێژە شوێندەستی هەموو یۆتۆپیاكانی لەسەرە، چ ئاسمانی و چ زەمینی. درووستتر بڵێین، جەستە ماڵی یۆتۆپیاكانە و پانتاییەكە بۆ داگیركردن. وەك فوكۆیش دەڵێت؛ ئامانجی ئەم یۆتۆپیایانە، یان ئایدیاڵیزەكردنی جەستەیە، یانیش سڕینەوەی جەستەیە.
سێیهم: ئایا لەمڕۆدا وێنە جێگای ئاوێنەی نەگرتووهتەوە؟ میدیا برەو بە یۆتۆپیای جەستەكان نادات، جەستەم ناباتە سنوورێكەوە، كە دەستم پێیناگات؟ كولتووری سەرمایەداریی ئەمڕۆ بانگەشەی ئەوە دەكات، كە یۆتۆپیامان بۆ دەگرێت و پێشكەشمانی دەكات، بە مەرجێك هەم گەمژە بین و هەمیش بە كڕینی كاڵا بێبەها و كیچەكانی، گیرفانمان بەتاڵ بكەینەوە. جەستە ڕێك و وەرزشییەكان، جەستەی تەندرووست و سێكسییەكان، جەستەی كیمكارداشیان و دەستە خوشكەكانی، جەستەی ئەكتەرەكانی هۆڵیود و گۆرانیبێژەكان و..هتد هەر هەموویان لەو جەستە یۆتۆپیانەن، كە بابانوئێلەكەی سەرمایەداری، لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەكانی جوانکاری، دەرمان، هۆڵەكانی لەشجوانی، سلیكۆن و بوتۆكس (دەرمانی گەورەكردنی كوڵم و لێوەكان) و كۆرسییە (پشتێنی باریككردنەوەی كەمەر و گەورەكردنی سمت) و تاتۆوە، بەدیاری دەیخاتە ماڵەكانمانەوە؛ دیارییەك كە بۆ خۆی بۆمبە و لە وێنەكان و ڕیكلامەكاندا دەڕازێنرێتەوە. فۆكۆ باس لەوە دەكات تاتۆ، ساچملێدان، ڕازاندنەوە و ماكیاژكردنی جەستە لە كۆندا پەیوەندی بە جیهانی خوداكانەوە هەبووە، بەڵام ئەوەتا لەمڕۆیشدا پەیوەندییان هەر بە خوداوە نەپچڕاوە، بەڵام خودایەكی تەواو نوێ: “پارە”. ئەم پرۆسەیە مژدەی پێدانی جەستەیەكی ئایدیاڵی دەدات، لەم پێناوەدا ڕۆژ بە ڕۆژ برەو بە ئارەزووی “جوانی” (نەك ئێستاتیكا) دەدات و پێوەرەكانیشی بۆ بەرهەمدەهێنێت. ئەوە لە چ سەردەمێكەوەیە، كە جوانیی ڕوخسار و لەشولار ئەم هەموو گرنگییە پەیدادەكات؟ بۆچی لەمڕۆدا ئەم هەموو حەزە بۆ جوانیی ڕوخسار و لەشولار و سێكسیبوون هەیە (بەتایبەتیش لەنێو ڕەگەزی مێینەدا)؟ لەمڕۆدا لە میدیاكانەوە ڕێژەیەكی زۆر نەقس و ناشیرینی و لە “لەخۆڕازینەبوون” بەرهەمدەهێنرێت، تاوەكو لە بازاڕدا كاڵای جوانی بكڕدرێن و ئەو نەقس و ناشیرینییانە بسڕنەوە، پەیامی سەرجەمی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە: پارە بدە و جەستەیەكی یۆتۆپی وەربگرە.
چوارهم: لە بەرامبەردا جەستەیش زۆر بەئاسانی تەسلیم نابێت؛ ئەویش كەرەستەی خۆكشانەوەی هەیە، چەكی بەرەنگاری هەیە، چاڵ و پێچوپەنای نەبینراو و ئەشكەوتی نەگیراوی خۆی هەیە، بە مانایەکى تر خۆى بۆ یۆتۆپیا دەبێتەوە بە یۆتۆپیا، دەبێتەوە بە یۆتۆپیاى یۆتۆپیا. جەستە دەتوانێت بكەر بێت و فەزا داگیربكات، دەتوانێت بەپێی پێویستی و لە هەلومەرجە جیاوازەكاندا بكشێت و ببێتە جەستەیەكی لاستیكی، خێرا، بزۆز، مەجازی، گەریلایی. ئەم جەستەیە نەكەوتووهتە نا-شوێنەوە، بەڵكو كەوتۆتە “شوێنەكانی تر”ەوە، واتە كەوتووهتە سنووری نێوان واقیع و یۆتۆپیاوە، بەم واتایە جەستەیەك کە بۆ یۆتۆپیا بۆتە یۆتۆپیا “جەستەیەكی تر”ە، جەستەیەكی چالاك، سووكەڵە، لووس كە هاوكات بوونێكی واقیعییشی هەیە، چونكە لە هەژاندنی قاڵبە باو، جێگیر، چەسپاو و ڕەقەكاندا شوێنەوارەكانی دەبینین، وەك تارماییەك هەستی پێدەكەین، كە لە سنوورە حەرامكراو و قەدەغەكاندا دێت و دەچێت. ئەمە لەو جەستانە نییە، كە دەیەوێت هەموو فەزا داگیربكات (جەستەی غولەكان)، بەڵكو تەنیا ئامانجی ئەوەیە درز بخاتە فەزا مەنگەكانەوە، فەزای نوێ ئاوەڵابكات (جەستەی سەماكار یان جەستەی گەریلا). تەنیا لەم دۆخەدایە، كە جەستە دەبێتەوە بە جەستە(م), ئەمەیان جەستەى قورس و سوبێکتیڤى بەیانیان نییە، بەڵکو جەستەى منە لە پەیوەندیدا بە شوێنى تر و شتیترەوە، وەک پەیوەندى جەستەم بە سەما و خەباتەوە، لەبەرئەمەیە ڕاناوى کەسى یەکەمى تاکمان خستۆتە نێو کەوانەوە.
لەم سەردەمەدا گرنگە دژ بە یۆتۆپیا نوێیەكانی سەرمایەداری، ببینەوە بە خاوەنی جەستەی خۆمان لە شوێنى تردا. كاتێك بازاڕ، بە خۆی و سەنتەرەكانی جوانكاری، مۆڵەكان و پۆشاك و مۆدێلەكانییەوە جەستە داگیردەكات، ئیدی تەنیا دەتوانین لە بەرەنگاریدا جەستەی خۆمان وەربگرینەوە. پێویستە جەستەیەكی تر بخوازین، جەستەیەك كە لە دۆخی پاسیڤی خۆی دێتەدەرەوە، نایەویت تەسلیم ببێت؛ جەستەیەك كە حزور پەیدادەكات و خۆڕاگرى بەڕووی فریوەكاندا دەنوێنێت؛ كاریگەری و شوێندەست جێدەهێڵێت لەسەر ئەو شوێنەی كە تێیدایە، ئەمەیش ڕێك بەهۆی ئەوەی لە فەزایەكی دیكەدایە، یان لە شوێنێكی ترەوە دێتەوە. پاشگری “تر” لێرەدا ڕۆڵێكی پێچەوانەی خۆی دەگێڕێت، جەستە لەم دۆخەدا نابێتە جەستەیەكی تری دوور لە خۆی، نابێتە جەستەی كەسێكی تر، یان شتێكی تر، بەڵكو جەستە دەچێتە نێو كۆمەڵێك توانای نوێوە، “توانای كردن”ی شتی دیكە پەیدادەكات. بۆ نموونە جەستەی گەریلایی، بەپێچەوانەی جەستەی ئەفسانەیی لەشجوانەكانەوە (كە تا ڕاددەیەك لە فیلم كارتۆن دەچێت) و بانگەشەی ئەوە دەكات، دەتوانێت وەكو جەستەی هێركلیس هەمووشتێك بكات، جەستەی گەریلا جەستەیەكە لە ئەكتێكی بەرەنگارانەدا گرنگی بە جووڵە، خۆڕاگری، خێرایی دەدات. خۆی زۆر زەق ناكاتەوە، بەڵكو كاریگەری دادەنێت و شوێنەوار جێدەهێڵێت. جەستەیەكە وەك جەستەی ماركیز دی ساد لە فیلمی “پەڕەمووچ”دا، كاتێك لە زینداندا هەموو كەرەستەیەكی نووسین لە ساد قەدەغەدەكرێت، جەستە خۆی دەبێتە مەرەكەب (خوێن) و دەبێتە پەڕەمووچیش (پێست). بە كورتی ساد بە خوێنی خۆی لەسەر جەستەی خۆی دەنووسێت. ئەمە ئەكتێكی بەرەنگارییە و تەنیا لە كۆنتێكستێكی ئاواشدایە كە دەشێت تاتۆ كەرەستەیەكی ڕادیكاڵ بێت.
پێنجهم: ئەی دەربارەی “شوێنی تر” چی؟ لە شارەكانی باشووری كوردستان چەندین شوێن هەن، كە بۆ هەژاران لە یۆتۆپیا دەچن و بگرە خودی یۆتۆپیایشن: شاری جوان (یان گراند میلینیوم)، هۆتێل دیڤان، سەری ڕەش، كۆشك و تەلارەكان، مەزرەعە گەورەكان، گوند و سیتییە گرانبەهاكان و..هتد. هەژاران ناتوانن پێبخەنە نێو ئەم جۆرە شوێنانە، مەگەر یۆتۆپیا چییە جگە لە شوێنێك كە ناتوانین پێیی تێبخەین؟ هەروەها شوێنی دیكەیش هەن كە جێگای برەودان بە یۆتۆپیا و فرۆشتنی وەهمن، وەكو: مزگەوتەكان، مۆڵەكان، سەنتەرەكانی زانستی NLP، زمانی جەستە، سەركەوتنی بێسنوور، تەلەفزیۆنەکان و هی تریش. لە پاڵ ئەمانەیشدا جێگای تر هەن، كە هێشتایش تا ڕاددەیەكی زۆر پاسیڤن، بەڵام ئەگەر نەبنە درێژبوونەوەی پوختی فەزای بازاڕ و بیزنس، ئەوا سیفەتی هێترۆتۆپیا وەردەگرن، لە لایەك دەتوانن ببنە فەزای ناتەبا و نەساز لەگەڵ فەزای باودا؛ لە لایەكی دیكەیش دەبنە دژەیۆتۆپیا. زانكۆكان، سینەماكان، كافتریاكان، سەنتەرەكانی گەنجان و بنكە هونەرییەكان، كتێبخانەكان لەو جۆرە شوێنانەن، كە دەتوانن لەڕووی تیۆری و پراكتیكییەوە، بایەخ بە نەریتی بەرەنگاری و ڕادیكاڵیزم بدەن. بێگومان لە ئێستادا ئەم شوێنانە خەسێنراون و بێكاریگەری كراون، بۆ نموونە زانكۆ بەو هۆیەی شوێنی كۆبوونەوەی وزەیەكی زۆری گەنجانە، بواری ئاشنابوون و یەكتربینینی ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆی تێدایە، ئەوا دەتوانێت ڕۆڵی گەورەی لە بەرەنگاریدا هەبێت، شوێنی دەستپێكردنی بزووتنەوەی كاریگەری وەكو بزووتنەوەی ئایاری 68 بێت. تەنانەت لەپێش ڕاپەڕین و لەدوای ڕاپەڕینەوە تاوەكو دوای 17ی شوباتیش، زانكۆكانی ئێمە شوێنی دەستپێكردن یان پاڵشپتیكردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بوون، بەیاننامە و پۆستەرەكان لەوێوە بڵاودەكرانەوە، پۆلیس پێش هەمووشوێنێك زانكۆی گەمارۆدەدا، بەڵام ئەوەتا لە ئێستادا زانكۆكان تەواو خامۆش و بێ مەترسین و هیچ جموجووڵێكی ئەوتۆیان تێدانییە. با نموونەیەكی تر وەربگرین: كافتریاكان. لەمڕۆدا ژمارەیەكی ئێجگار زۆر كافتریا لە شارەكانی كورستاندا هەن، بەشی هەرەزۆریان بوونەتە جێگای نێرگەلەكێشان و كاتبەسەربردن و تەماشاكردنی فوتبۆڵ و سەرداژەندن بەسەر مۆبایلەكاندا. لە فەڕەنسای نیوەی كۆتایی سەدەی بیستدا، بەشێك لە كافتریاكان ڕۆڵێكی پێچەوانەیان هەبوو، فەزای گەرموگوڕی گفتوگۆ و بەریەككەوتنی ئایدیاكان بوون، شوێنی ناڕەزایەتی، ڕاگەیاندنی مانیفێستەكان، خۆ-ڕاگەیاندنی گرووپە ڕادیكاڵ و چەپەكان، جێگای گفتوگۆ و كۆڕوكۆبوونەوە بوون، بەبێ ئەوەی هەرگیز ببنە بەشێك لە ڕێكخستن و ئۆرگانی حیزبی. كتێبی مەزن هەیە لە یەك كافتریادا نووسراوە، بۆ نموونە سارتەر بوون و نەبوون لە كافتریای (Les Deux Magots) نووسیوە. هەروەها كافتریا هەیە خەڵاتی گەورەی ئەدەبی هەیە و پێشكەشی نووسەران و ئەدیبانی دەكات. بەكورتی كافتریا دەتوانێت ڕۆڵی سیاسی هەبێت بەبێ ئەوەی ببێتە شتێكی وەكو بارەگای حزبی. لە ئێستای كوردستاندا گرنگە بەرپرسیارێتی بخەینە ئەستۆی كافتریاكان، بیانكەین بە فەزای دژەمزگەوت و دژە دیوەخان دژە لق و ناوچە حزبییەكان، فەزای دژەگراندمیلینیۆم و دژەدیڤان. لەكۆتاییدا دەمەوێت دروشمێك لە شێوەی بانگدا ڕابگەیەنم: ئەی گەنجان، كافتریاكان بكەنە “شوێنی تر”ی دژە یۆتۆپیا.