![]()
پۆستمۆدێرنێتی و دەقی ئەزموونگەرایی شیعر
ئیستاتیکای ناباو لە دەقی «لاربوونەوە»ی سۆران محەمەد دا
نووسینی: جەمال عەتییە
وەرگێڕانی: یاسین نەجمەدین

پێشەکی:
شیعری ئەزموونگەری هاوچەرخ یەکێکە لە گرنگترین دەرکەوتەکانی نوێبوونەوەی شیعر، چونکە سنوورەکانی شیعری لیریکیی کلاسیکی تێدەپەڕێنێت و دەق وەک بوارێکی ئەزموونگەرایی و زمانەوانی سەیر دەکات، نەک بەکارهێنانی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەست و سۆز.
لەم دیدگایەوە، شاعیر لە ئاستی ڕێکخستنەوەی سۆزەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی داهێنەرانەی زمان؛ کە بە شێوەیەکی ئاگایانە یاسا و بنەما جێگیرەکانی دەق دەشکێنێت و بە سوودوەرگرتن لە داهێنانەکانی مۆدێرنێتی و پۆست مۆدێرنێتی، شێوەو ڕێكخستنەوەی جیاوازی کۆپلەکان…. هەوڵی وێناکردنی ناسنامەی پەرت، نامۆبوونی مرۆڤ و قەیرانی بوون لە جیهانی هاوچەرخدا دەدات.
دەقی «لاربوونەوە»ی شاعیر سوران محەمەد نموونەیەکی دیاری ئەم ئاراستەیەیە. لەم دەقەدا سوریالیزم، پووچگەرایی، وینەی سینەمایی و تێکەڵبوونی جۆرە ئەدەبییەکان پەیڕەو کراون، تا دڵنیایی خوێنەر بشلەقێنێت و ڕێگەی لێکدانەوەی نوێی لەبەردەمدا بكاتەوە. بەم پێیە، دەق لە پەیڕەوکردنی شێوازی پەیامی ڕاستەوخۆوە دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە نێو بواری بەرهەمهێنانەوەی مانا.
بۆ ئەم مەبەستە؛ شیکردنەوەی دوالیزمە بنەڕەتەکانی ئەم دەقە وەک (ناوەوە/دەرەوە)، (خەون/واقیع) و (ڕاستی/لاربوون)، جێی بایەخەو دەری دەخات کە دەقی ئەزموونگەرای هاوچەرخ تەنیا کۆمەڵە هێما و نهێنییەکی داخراو نییە، بەڵکو داڕشتنەوەیەکی هۆشیارانەی پرسیارە بوونگەراییەکانی مرۆڤی سەردەمە.
ناونیشان وەک سەرەتای ماناسازیی:
لە ڕەخنەی هاوچەرخدا، ناونیشان یەکێکە لە گرنگترین «دەروازەکانی دەق»، چونکە یەکەم ئاماژەیە بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی دەق. ناونیشانی «لاربوونەوە» لە یەکەم ساتدا چەمکی لادان لە ڕێڕەوی ڕاستی و جێگیریی دەخاتە بەر چاوی خوێنەر، ئەم وشەیە بە شێوەیەکی ئاشکرا لە بەرانبەر چەمکەکانی هاوسەنگی، ئارامی و جێگیریدا دەوەستێتەوە.
بەڵام «لاربوونەوە» لەم دەقەدا تەنیا واتای لاربوونی شتێکی ماددی نییە؛ بەڵکو بووەتە سیمبوڵێکی گشتی بۆ تێکچوونی سیستەمی باو، لاریی یاسا و پێوەرەکانی کۆمەڵگا. لەبەر ئەمە، شاعیر زمانێکی هاوشێوەی ئەو واقیعە لارە دروست دەکات؛ زمانێک کە هەروەک واقیع، لە هەموایی و ئارامییەوە دوورە و بە شێوەیەکی بەردەوام لە نێوان ماناکاندا دەجووڵێت و لەسەر مانایەك جێگیر نابێت.
بەم شێوەیە، «لاربوونەوە» دەبێتە تەوەری بنیاتی دەق و هەموو وێنەکانی ناوی، سیمبوڵ و ڕووداوەکانی ناو شیعرەکە لە دەوری ئەم چەمکەدا دەسووڕێنەوە. (کڵاوی کوێخا، هێڵی دەق، خەون، واقیع، ئاگر و تەنانەت مۆمەکانی کۆتایی) هەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ژێر کاریگەریی ئەم «لاربوونەوە»ەدا مانا وەردەگرن.
سوریالیزم و تێکچوونی سنووری نێوان خەون و واقیع:
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی دەقی «لاربوونەوە» بەکارهێنانی میکانیزمەکانی سوریالیزمە؛ ئەو میکانیزمانەی کە هەوڵدەدەن سنووری جیاکەرەوەی نێوان جیهانی هۆشیاری و بوارە شاراوەکانی ناهۆشیاری بشکێنن. لە ئەنجامی ئەم هەوڵەدا، واقیع لە ئاستی ڕووداوێکی جێگیرەوە دەردەچێت و دەچێتە ناو بوارێک کە خەونە، هەروەها بیرەوەری، ترس و خەیاڵ پێکەوە دەبەستێتەوە.
لە دەقەکەدا ئەو دۆخە بە ڕوونی لە دێڕی:
« دەمێ کەتوار بووە خەون و خەون کەتوار » دەردەکەوێت.
ئەم بەراوەژوو کردنەوەیە تەنیا یارییەکی زمانەوانی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی قووڵی تێکچوونی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهانی دەوروبەرە. لەوێدا خەون، کە زۆرجار شوێنی هیوای مرۆڤە، دەبێتە هێزێکی دژبەر؛ هەروەها واقیعیش کە پێویستە شوێنی جێگیری هەبێت، خۆی دەخاتە دۆخی نائاسایی و نامۆییبوونەوە.
ئەم گواستنەوەیەی نێوان خەون و واقیعدا، یاسای کات و شوێنی دەق تێکدەشکێنێت. ڕابردوو و ئێستا، منداڵیی لەدەستچوو و پیریی، کاتی ونبوو و ساتی ئێستا، هەموویان لە یەک چوارچێوەدا کۆدەبنەوە. شاعیر بەهۆی ئەم تێکەڵکردنە سوریالییەوە هەوڵدەدات دۆخی ناوخۆیی مرۆڤی هاوچەرخ پیشان بدات؛ مرۆڤێک کە لە نێوان بیرەوەری و واقیعی ئێستادا، لە نێوان ویست و شکستی ڕۆژانەدا گیری خواردووە.
لە ڕوانگەی دەروونناسی و ڕەخنەی ئەدەبیی نوێوە، ئەم دۆخە دەکرێت بە چەمکی نامۆبوون (Alienation) لێکبدرێتەوە. مرۆڤی ناو دەق ناتوانێت پەیوەندییەکی سروشتی لەگەڵ جیهاندا دروست بکات؛ چونکە جیهانەکەی ئەو، لە بنەڕەتدا، بووەتە جیهانێکی ناڕێک و نائاشنا. بۆیە زمانێکی ئاسایی ناتوانێت ئەم دۆخە دەرببڕێت و شاعیر ناچار دەبێت پەنا بۆ زمانێکی شکێنراو، وێنەی نامۆ و ڕێکخستنی نائاسایی بەرێت.
تێکەڵبوونی جۆرە ئەدەبییەکان و گۆڕینی شێوازی دەق:
لە دیارترین نیشانەکانی مۆدێرنێتی لە دەقی «لاربوونەوە»دا، تێکشکاندنی سنوورە لە نێوان جۆرە ئەدەبییەکاندا. دەق چیتر خۆی لە چوارچێوەی شیعری کلاسیکیدا قەتیس ناکات؛ بەڵکو لە ڕێگای تێکەڵکردنی شێوازی گێڕانەوە، سینەما و شیعر…. شێوەیەکی نوێی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەردا دروست دەکات.
لێرەدا شاعیر هەندێک تایبەتمەندی ڕۆمان و چیرۆک وەردەگرێت و دەیانخاتە ناو جەستەی شیعرەکەوە.
ئەم تێکەڵبوونە تەنیا فۆرمێکی نوێ نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دۆخی مرۆڤی هاوچەرخە؛ مرۆڤێک کە ژیانی لە دنیایەکی پارچەپارچە بوودا ئەزموون دەکات و ناتوانێت مانایەکی یەکگرتوو بۆ بوون بدۆزێتەوە. لەبەر ئەمە، پارچەپارچەبوونی فۆرمی دەق هاوتای پارچەپارچەبوونی ئەزموونی مرۆڤە.
دیمەنی سینەمایی و جووڵەی وێنەکان:
دەقی «لاربوونەوە» لە ڕێکخستنی دیمەنەکاندا زۆر نزیک دەبێتەوە لە زمانی سینەما. شیعر وەک گوتارێکی یەکپارچە و بەردەوام بەرەو پێش ناچێت، بەڵکو وەک کامێرایەک کار دەکات کە لە ساتێکدا دیمەنێک دەگرێت و پاشان بە خێرایی دەگوازێتەوە بۆ دیمەنێکی تر.
دیمەنی پاسەوان، ئاگرکوژێنەرەوە، سەرخۆش و مۆم فرۆش، وێنەی جیاوازن کە بە ڕایەڵێکی شاردراوە بە یەکتر دەبەسترێنەوە. ئەم شێوازە جێگەی وێنەی ڕەوانبێژیی کلاسیکی (بە بەکارهێنانی وێنەی بینراو و جووڵاو) دەگرێتەوە.
ئاوها لەم دەقەدا، خوێنەر تەنیا گوێ لە دەنگی شاعیر ناگرێت، بەڵکو وەک بینەرێک بەشداری لە دروستکردنی دیمەنەکاندا دەکات. ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شیعری ئەزموونگەرایی، کە پەیوەندیی نێوان دەق و خوێنەر سەر لە نوێ ڕێکدەخاتەوە.
هێمای کوێخا و ڕەخنەی دیالیکتیکی دەسەڵات و کۆمەڵگا:
لە ناو تۆڕی سیمبوڵەکانی دەقی «لاربوونەوە»دا، دیمەنی «سەیرکردنی لاربوونەوەی کڵاوی کوێخا» یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی تێهەڵكێشی تیمەی پۆڵەتیکی و کۆمەڵایەتی. ئەم دیمەنە لە ڕووی ڕەخنەی مۆدێرنەوە تەنیا وێنەکردنی شتێکی دەرەکی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان دەسەڵات، کۆمەڵگا و شکستی پێوەرە باوەکان.
کوێخا لە کۆمەڵگای ناوچەییدا زۆرجار وەك نوێنەری ڕێکخستنی گەل، یاسا ناوخۆییەکان، دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و ڕێبەری کۆمەڵگە ناسراوە. بۆیە هەر نیشانەیەک لەسەر ئەو کەسایەتییە، دەکرێت لە ئاستی ڕەمزیەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی سیستەم و ڕێکخستنی گشتی.
کاتێک شاعیر لاربوونەوەی کلێتەی کوێخا دەخاتە ناو دەقەکەوە، ئەم لاربوونەوەیە تەنیا جووڵەیەکی فیزیکی نییە، بەڵکو نیشانەی لاربوونەوەی ئەو بەها و بنەمایانەیە کە پێویستە پایەی هاوسەنگی کۆمەڵگا بن. کڵاو، کە بە شێوەیەکی ڕەمزی نیشانەی ناسنامە و پێگەی کەسایەتییە، لە دەقەکەدا دەبێتە شوێنی دەرکەوتنی کێشەیەکی قووڵتر؛ واتە تێکچوونی متمانە بەو دامەزراوە و هێمایانەی کە پێشتر وەك نیشانەی سەقامگیریی ڕاڤە دەکران .
لە لایەکی ترەوە، هەڵوێستی پاسەوان لەم شوێنەی دەقدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. پاسەوان لە بنەڕەتدا کەسێکە کە ئەرکی پاراستن، چاودێری و ڕێکخستن لەسەر شانیەتی؛ بەڵام لە دەقەکەدا ئەو تەنیا لە پێگەی بینەرێکدا دەردەکەوێت. ئەو، خوارییەکە دەبینێت، بەڵام هیچ هەنگاوێک نانێت بۆ گۆڕین و ڕاستکردنەوەی.
ئەم بێدەنگی و بێهەڵوێستییە، لە ئاستی ڕەمزیدا دەبێتە ئاماژە بۆ دۆخێکی گشتی؛ دۆخێک کە تێیدا تاک و کۆمەڵگا لە بەڵکو لە بەرانبەر هەڵە بنەڕەتییەکاندا تووشی بێ توانایی و ماندووبوون دەبێت. شاعیر بەو شێوەیە پرسیار لە توانای مرۆڤ بۆ گۆڕینی واقیع دەکات و ئازار و قەیرانی مرۆڤی هاوچەرخ دەخاتە ڕوو.
کۆتایی دەق و ئیستاتیکای ناباو:
کۆتایی دەقی «لاربوونەوە» یەکێکە لەو شوێنانەی کە تایبەتمەندییەکانی شیعری ئەزموونگەرایی بە شێوەیەکی زۆر ڕوون دەردەخات. شاعیر دوای ئەو هەموو دیمەنە ئاڵۆز و سوریالییە، لە ناکاوێكدا خوێنەر دەباتە ناو ژیانی ڕۆژانە و کردارە سادەکان، وەك:
– ڕاستکردنەوەی ئاوێنەی دیوار،
– سڕینەوەی خۆڵ،
– کڕینی مۆم،
ئەم دەستەواژانە لە یەکەم خوێندنەوەدا زۆر ئاسایی دەردەکەون، بەڵام لە چوارچێوەی دەقەکەدا مانایەکی قووڵتر هەڵدەگرن. ئەمە ئەوەیە کە ڕەخنەی مۆدێرن بە نامۆکردن و ناباوکردنی هونەریی ناوی دەبات؛ واتە گۆڕینی شتێکی ئاسایی بۆ ئەزموونێکی سەیر و بیر لێ نەکراوە.
شاعیر بەو کۆتاییە لە شێوازی ڕۆمانسی و چاوەڕوانییەکانی شیعری کلاسیکی دوور دەکەوێتەوە. لێرەدا هیچ پەیامێکی ڕاستەوخۆ بوونی نییە، هیچ چارەسەری ئامادە و هیچ ئەنجامێکی داخراو لە ئارادا نییە؛ بەڵکو خوێنەر لەبەردەم پرسیارێکی کراوەدا بەجێدەهێڵرێت، بەوەی شوێنی مۆم لەدەقەکەدا چ ئاماژەیەك دەگەیەنیت لای خوێنەر؟
ئاوێنە و کرداری جێگرەوەی تاک:
کرداری ڕاستکردنەوەی ئاوێنە لە کۆتایی دەقەکەدا هێمایەکی زۆر گرنگە. تاکی شاعیر لە بەرانبەر جیهانێکی لار و ناڕێکدا ناتوانێت واقیع بگۆڕێت؛ ناتوانێت کڵاوی کوێخا ڕاست بکاتەوە، یان ئاگری جیهان بکوژێنێتەوە. بۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەوە و هەوڵدەدات تەنیا ئەو بەشە لە جیهان چاک بکات کە دەستی پێی دەگات.
ئاوێنە لێرە تەنیا شتێکی ناوماڵ نییە، بەڵکو هێمای پەیوەندی نێوان تاک و وێنەی جیهانە. سڕینەوەی خۆڵی سەر ئاوێنە، هەوڵێکە بۆ پاککردنەوەی شێوەی بینینی جیهان؛ نەک گۆڕینی خودی جیهان.
هێمای مۆم و کۆتایی کراوەی دەق:
لە کۆتایی دەقی «لاربوونەوە»دا، وشەی «مۆم» لە ئاستی شتێکی ڕۆژانەوە دەگۆڕدرێت بۆ هێمایەکی کراوە و فرەمانا. شاعیر کاتێک دەڵێت:
«پیش ئەوەی بڕۆی دەستەیەك مۆم بکڕی»
بە شێوەیەکی ئاڵۆز خوێنەر لەبەردەم چەندین ئەگەری مانادا ڕادەمێنێت. دەکرێت مۆم هێمای ئامادەبوون بۆ تاریکییەکی داهاتوو بێت؛ تاریکییەک کە لە تێکچوونی بەها، لاوازیی دەسەڵات و نائارامیی جیهانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەروەها دەتوانێت هێمای ڕووناکی و هیوای تاکەکەسی بێت؛ ڕووناکییەکی بچووک کە مرۆڤ لە ناو تاریکیی گشتیدا پارێزگاری لێ دەکات، یان ئاماژەی کوژانەوەی ڕووناکییەکان بێت و لە شوێنیاندا ڕۆشنایی تاك یان مەعریفە جێی بگرێتەوە، کە فرۆشیارەکەشی لە کۆتاییدا تەنیاو بێ بازاڕەو وەکو مۆم نوشتاوەتەوە.
ئەم دوو مانا دژبەیەکە، دەقەکە لە کۆتاییەکی داخراوەوە دەگوێزێتەوە بۆ دەقێکی کراوە کە بەردەوام لە هۆشی خوێنەردا پرسیار دەکات. لێرەدا شاعیر وەڵامی پرسیارەکان ناداتەوە، بەڵکو پرسیارەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە. ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەدەبی پۆستمۆدێرن؛ کە لەبری پێشکەشکردنی مانای یەکگرتوو، بوار لەبەردەم چەندین لێکدانەوەدا واڵا دەکات.
دەقئاویزانی سۆسیۆ- مێژوویی:
تا ئێرە دەتوانین بڵێین: سیمبوڵی ئەزموونگەرایی لە دەقی «لاربوونەوە»دا لە بۆشاییەکی خەیاڵی و ناپەیوەند لەگەڵ واقیعدا دروست نەبووە، بەڵکو لە پاشخانێکی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و کولتووریی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت. شاعیر بە هۆشیارییەکی زۆرەوە، نیشانە و وێنەکان بە جۆرێک ڕێکدەخات کە والاکردنی دۆخی مرۆڤی ناوچەکە بن.
ئاماژەکردن بە «نیوە گۆی باشووری زەوی» و ئاگرەکانی شاخ، تەنیا باسکردنی شوێن نییە؛ بەڵکو هێمای دژبەریی و ئاڵۆزییە جۆگرافی و سیاسییەکانی جیهانی هاوچەرخە. جیهانێک کە سنوورەکان تێیدا تەنیا سنووری جوگرافی نین، بەڵکو سنووری ناسنامە، بیرەوەری و هەستی بوونیشن.
لە هەمان کاتدا، وشەی «لاربوونەوە» خۆی بارێکی دەلالی و مێژوویی هەڵدەگرێت. ئەم وشەیە دەکرێت ببێتە خاڵی کۆبوونەوەی چەندین چەمکی گرنگ: لاربوونەوەی ناسنامە، تێکچوونی سنوورە کۆنەکان و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. بەم شێوەیە، دەق دەبێتە تاقیگەیەکی هونەری بۆ لەخۆگرتنی قەیرانەکانی مرۆڤی هاوچەرخ و لێکدانەوە جیاوازەکان.
ئەنجام:
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین دەقی «لاربوونەوە»ی سۆران محەمەد، نموونەیەکی دیارە لە شیعری ئەزموونگەری هاوچەرخ؛ دەقێک کە بە پشتبەستن بە ئامرازەکانی مۆدێرنێتی و پۆستمۆدێرنێتی، هەوڵدەدات دۆخی ئاڵۆزی مرۆڤ و جیهانی دەوروبەر پیشان بدات.
«لاربوونەوە» لە دەقەکەدا تەنیا ناونیشانێک نییە، بەڵکو چەمکێکی بنەڕەتییە کە هەموو ئاستەکانی دەق لە خۆیدا کۆدەکاتەوە. لە ڕێگای ئەم هێمایەوە، شاعیر تێکچوونی هاوسەنگیی کۆمەڵگا، قەیرانی ناسنامە، نامۆبوونی تاک و بێ دەسەڵاتی مرۆڤ بۆ گۆڕینی واقیع دەخاتە ڕوو.
هەروەها، بەکارهێنانی سوریالیزم، دیمەنی سینەمایی، تێکەڵکردنی جۆرە ئەدەبییەکان و نامۆکردنی شتەکانی ڕۆژانە، کورتە دەقی «لاربوونەوە» دەکاتە دەقێکی کراوە و فرە ڕەهەند کە خوێنەر تێیدا تەنیا وەرگر نییە، بەڵکو بەشدارە لە دروستکردنی مانادا.
لە کۆتایی دەقەکەدا شاعیر لە ناو جیهانێکی لاردا تەنیا بە ڕستکردنەوەی ئاوێنەکەی خۆی دەست پێدەکات و مۆمێک بۆ ڕووناکی یان بۆ تاریکی داهاتوو ئامادە دەکات. ئەم کۆتاییە دووانەییە، هێزی سەرەکیی دەقەکەیە؛ چونکە خوێنەر دوای داخستنی پەڕەکانیش هێشتا لەگەڵ پرسیارەکانی دەقدا بەردەوام دەژی.
سەرچاوەکان:
- الغذامي، عبد الله. 2005). الخطيئة والتكفير: من البنيوية إلى التشريحية).الدار البيضاء: المركز الثقافي العربي.
- إحسان عباس. 1998). اتجاهات الشعر العربي المعاصر) بيروت: دار الثقافة.
- Barthes, Roland. (1977). Image-Music-Text. Fontana Press.
- Jameson, Fredric. (1991). Postmodernism, or, The Cultural Logic of Late Capitalism. Duke University Press.
* صحيفة صوت كوردستان، واحة الشعر، نص تجريبي: ميلان – سوران محمد، يوليو 7 / 2025.


