لەو چەند هەفتەی ڕابوورد، ساڵوەگەڕی سەدساڵەی شۆڕشی سووری ئۆکتۆبەربوو. بەو بۆنەوە مارکسیزم، سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و لێکەوتەکانی بووەوە مایەی پرسیارو تاوتوێکردن. هەڵبەت، ئێمەی کوردیش بەرکەوتێکی دوورونزیکمان لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆجیایەدا هەبووە. مارکسیزم ڕۆژگارێک شەقڵ و نیشانەیەکی رۆشنبیری و چالاکی سیاسی بووە.
ئهگهرچی لهزۆر شوێنی دونیادا زاراوهی “مارکسیزم” یەکسانه بهڕابوردوو، ئایدۆلۆجیایهکی ئهنتیک، وهلێ ههر لهسهرههڵدانی قهیرانهسهختهکانی سهرمایهداری بازاڕو شکسته مهترسیدارهکانی لهئابوری جهیاندا، بهتایبهت زلهێزه پیشهسازییهکان، جارێکیتر کتێبی “سهرمایه” بووهوه دەروویەک بۆ چارهسهرو گهڕان بهدوای وهڵامى پرسیارێک: ئاخۆ کێشهی بنهڕهتی سهرمایهداری چییه, وەک پێشتر مارکس لەو شاکارەیدا درکیپێکردووە؟
لەبەرئەوەش وتارێکی “واشنتن پۆست” ههڵکشانهوهی ئهستێرهی مارکسیزم بەتاكه بهرهنگاری کارو بەرهەڵستی سەرمایەداری وەسفکردبوو. نزیکەی (169)ساڵ لەمەوبەر، ‘مارکس’ بهههماههنگی ‘ئهنگلس’، له”مانڤێستی کۆمۆنیست”دا پێشبینیکردبوو:“سهرمایهداری، بۆرژوازی بهدهستی خۆی گۆڕ بۆخۆی ههڵدهکهنێت و بهحهتمی هێزی پرۆلیتار سهردهکهوێت”.
دهکرێت بڵێێن بهدیوێکدا ئەم پێشبینیه راسته، بهڵام سهرکهوتنی پرۆلیتار لهڕاستیيهوه دووره. چونکه، کرێكارهکانی گهورهترین وڵاتی سۆسیالیست –چین- بهههموو توانایهکهوه خهریکی پڕکردنەوهی پێداویستی کهلوپهلن بۆ خۆرئاوای سهرمایهدارو لهژێرباری کاری زۆرو کرێی کهمدا ملیان نهوی بووه!
لەو سۆنگەوە، وهک گۆڕانی سهردهمهکه و کێشهکان جارێکیتر مایهی خوێندنهوهو گهڕانهوهیهکه بۆ مارکس، ئاوەهاش لێکدانهوهی نوێیه بۆ مارکسیزم وهک ڕێبازێک ، کەدواجار کەوتە تەڵەزگەی دۆگماو پێشبینی ههڵهوە. هەڵبەت، تێزو لێکدانهوهکانی مارکس شیاوی خوێندوهنەوەو بیرلێکردنهوهن، بەتایبەت نامەکانی پاریس (مارکسی لاو) کە بۆنوبەرامی چەپی هیگڵی لێهەڵدەستێت. بۆیە، بایەخێکی تایبەتی هەیە لای من. ئێمە ناتوانین بهئاسانی مارکس خۆی رهتکهینهوه، بهتایبهت پاش ئهو زڕهسهرکهوتنهی سهرمایهداری بازاڕ لهجیهاندا کە هاوکاتە لەگەڵ قەیرانگەڵێکی ئابوریيدا.
وەکوتریش، کۆمۆنیزم بۆ ئێمه لهکوردستان کە بهشێکه لهکولتوری سیاسی و بزاڤی ڕزگاری کورد، گرنگی خۆی ههیه. چونکە, تاکه هێزێکی ئایدۆلۆجی بوو که پارسهنگی هێزهکۆنسهرفاتیڤهکانی کوردستان بێت. بهتایبهت, هێزه ئیسلامگهراکان که ئێستا لەرووی ئایدۆلۆجیەوە بێهاوتاو رکابهرن لهگۆڕهپانەکەدا. لهمڕوانگهوه ئێمه پێویستمان به “مارکسێکی” کراوهو سهردهمی ههیه، بهتایبهت کاتێ “هزری ناسیۆنالیستی” نهیتوانی گهشه بهخۆی بدات و لهلایهن هێزهکۆنهخوازه ئایینیه خێڵەکیەکانهوه ههڵلوشرا!
لەم نوسینەدا، پەیوەندی ڕوناکبیرانی کورد بەمارکسیزمەوە کرۆنۆلۆجیانە تاوتوێدەکەم. رۆژگارێک کاریگەری بیروباوەڕی چەپ پلەی یەکەمینی لەبیرو ئاگایی روناکبیران و خوێندەوارانی کوردا داگیردەکرد.
لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە پرسیارێکیش لەپشتی سەرمانەوە دێتودەچێت: بۆچی چەپ و بیری ماکسیزم(با بەکاڵوکرچیش بووبێت) لەکوردستاندا پوکایەوە؟ تەنانەت “حزبی شیوعی” کە گەورەترین و دێرینترین هێزی سیاسی بوو لەسەر ئاستی ئێراق، خۆری ئاوابوو؟
کورد نەتەوەیە یا نا؟
یەکێک لەو کێشمەکێشەی سەدەی رابورد بزاڤی سیاسی کوردی شەقکردبوو، مشتومڕێکی بیزەنتیانەبوو: ئایا کورد -ئومە- نەتەوەیە یا نا؟ وەک لەبیرەوەریەکانی ‘مام جەلال’یشدا هاتووە، کە ‘فاتیح رەسول’ بووەتە هۆی من نەبم بەشیوعی. چونکە، وتوویەتی کورد ئومە نییەو مەرجەکانی ستالینی تێدانییە! ئەم جەدەلە بەجۆرێک شەقێکی خستەنێو بزاڤی نیشتمانی و روناکبیریشەوە، تەنانەت کاریگەری لەلاوازکردنی پێگەی حزبی شیوعی خۆشیدا هەبووە، وەک دواتر دێمەوەسەری.
کۆمۆنیستەکان لەڕوانگەیەکی چینایەتییەوە دەیانڕوانییە پرسی کورد. زیاتر قسەیان لەسەر ژیان و گوزەران و نابەرابەری کرێکاری کورد دەکرد وەک ئەوەی پرسێکی نەتەوەیی بێت لەبناغەدا. جگەلەوەش، خۆبەستنەوە بەهەڵوێست و پاکانەی ئایدۆلۆجی بۆ رژێمی سۆڤیەت و وڵاتانی سۆسیالیزم، تەڵەزگەیەکی تربوو. هەوڵدانی بەردەوام بۆ داپۆشینی پرسی نەتەوەیی نیشتمانی و ئاڵوگۆڕکردنی بەپرسی چینایەتی، تاکتیکی ئەندامەکانی حزبی شیوعی بوون تا کنەبکەنە ناو ‘پارتی دیموکرات’ەوە. تەنانەت، لەهەندێک وێستگەدا پارتی وەک پارتێکی چەپ پێناسەی هەڵوێست و دیدگەکانی خۆیکردووە بەتایبەت لەکۆنگرەی سیێەمی ساڵی پەنجاکاندا.
لەهەندێک وێستگەشدا چەپەکان لەهەڵوێستی سۆڤیەت نائومێدبوون و بەرەو ئەستێرە سوورەکەی چین چوون و ماویزم بۆتە بابەتێکی تری سەنگەری ئایدۆلۆجی. لەوانەشە حزبی شیوعی پشتگیری پارتی لەدژی یەکێتی کردبێت و ئەمەش رێخۆشکەرێک بێت بۆ داقڵیشانی ئەو حزبە، وەک مام جەلال لەبیرەوەریەکانیدا باسیدەکات. جگەلەوەش، سەبارەت بەمافی گەلی کورد چەپەکان درەنگ هاتنەدەنگ، هەمیشە کوردیان وەک پێکهاتەیەک لەکۆیەکی گەورەتردا کە پانعەرەبیزم و پانمارکسیزم و پانتورکیزم و پانئیرانیزمدا دەخوێندەوە.
بۆنمونە میساقی حزبی شیوعی لە(١٩٤٤) کوردی بەکەمینە ناساندبوو، هاوکات کێشەی کوردیشیان بەدەستی ئیپمریالیزم دەزانی. ئیتر پرسی کورد بۆخۆی دەبێتە هۆکارێکی ناکۆکی نێوماڵی حزبی شیوعیش، لەبەرئەوەی بەشێکی باشی ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو ڕێخکراوە کە کوردبوون، جیابوونەوە. دەرکردنی بەیاننامەیەک بەناوی میساقی باسم ‘لەلایەن بەهادین نوری’ ساڵی(١٩٥٣)، بۆخۆی پەرچەکردارێکی سروشتی کورد بوو لەو حزبەداو وەستانەوەیەکە بەرامبەر ئەوەی کە بە ‘میساقی فهد'(سەرکردەی حزبی شیوعی) دادەنرێت. ئەم مشتومڕانە دواجار دەبێتە هۆی جیابوونەوەی هەندێک کادیری باڵای کوردی ناو حزبی شیوعی لە(١٩٥٧)دا.
دواجار مشتومڕی نەتەوە/چین و زەرورەتی شۆڕش لەگۆرانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ڕێکخراوی چەپی لێدەکەوێتەوە بۆنموونە ‘کۆمەڵەی مارکسی لینینی’ کەدواتر بووە ‘کۆمەڵەی ڕەنجدەران’. مام جەلال لەگەڵ ئەوەی نەبۆتە شیوعی، بەڵام خۆی بەماوی زانیوەو پێیوابووە لەبەرئەوەی هەلومەرجی ئابوری و سیاسی کورد لەچینەوە نزیکترە، ئەو قوتابخانەیە باشتر لەگەڵ بارودۆخی کوردستاندا دەگونجێ. ئەمەش هۆکارێکی یاریدەدەربووە لەدامەزراندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا.
کاریگەی چەپی ئیران ‘تودە’ لەماوەی مانەوەی یەک دووساڵ لەبەکرەجۆ-سلێمانی و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجۆریکیتر کاریگەریان لە تەشەنەکردنی بیری چەپداهەبووە. بەهەمان شێوە کاریگەری مارکسیزم لەسەر بزاڤی کوردی بەشەکانیتر وەک باکوری کوردستان لە پەکەکە دا چڕدەبێتەوەو لەرۆژهەڵاتیش ‘کۆمەڵە’ نمونەیەکی دیارە. بێگومان، هەلومەرجی سەردەمەکە وایکردبوو کورد خۆی بەو ئایدۆلۆجیا نێونەتەوەییەوە گرێبدات نەک زەمینەو هۆکاری خۆیی. چونکە، جگەلە چەند نامیلەکەیەک ئەدەبیاتی چەپ بەتایبەت شاکارەکان نەکراون بەکوردی. راستە خوێنەران توانای زمانی عەرەبی یا فارسی و تورکیان هەبووە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە لەدەستی دوو سێوە تێزەکانی مارکسیزم، لینین و ماویزم و ئەوانیتر وەرگیراون. چەپی کورد هەمیشە پەراوێزی پەڕاوێزبووە. وەکچۆن لەبزاڤە ئیسلامیەکانیشدا هەمان دیاردەی پاشکۆیی ئایدۆلۆجی دەبینرێت.
بەرپەرچدانەوەی کۆمۆنیزم
سەروەختێک پرسی کوردایەتی جێگەی مشتومڕی گەرمبوو، بەتایبەت لەنێو بەرەی سۆزگەریی نەتەوەیی و چەپەکاندا کە کام خەبات رەواترو لەپێشترە: پرسی نەتەوەیی یا چینایەیەتی؟ بۆیە، چەپەکان بەئاراستەیەک و نەتەوەخوازەکانیش بەئاراستەیەکیتردا رۆیشتوون. ئەمەش لەکایەی روناکبیری و نووسینی کوردیدا رەنگیدایەوە. پیرەمێردو عەبدوڵاجەوهەرو زەبیحی و مەسعود محەمەدو فازیلی مەلامەحمود ناوێکی دیاری بەرەی دژوەستانەوەی چەپگەریی بوون. لەناو روناکبیرانی بەرەی چەپیشدا، جۆرێک لەگەنگەشەو مشتومڕی رۆژنامەیی هەبوون بەپێچەوانەی بەرەی راستی نەتەوەیی وەک کاکە حەمەی مەلاکەریم، خالید دلێرو عەبدولسەتار تاهیرشەریف و هەندێکیتر. هەڵبەت، ئەمە بەمانای ئەوەنییە ئەمان دژی گەلی خۆیان بوون، نەخێر ڕوانگەی ئایدۆلۆجی چەپ کاریگەری لەپێشتری هەبووە لەچۆنیەتی تێگەیشتن لەپرسی نەتەوەیی و چارەنوسەوە.
دیارە، کوردایەتی یا بزاڤی سیاسی نەتەوەیی کورد جێگەی مشتومڕە نەک لەسەر زاری نەیارو دوژمنانی نەتەوەی کورد، بەڵکو لەنێوخۆیشدا. هەمیشە. باسی بزاڤی نەتەوەیی بەئایدۆلۆجیەتێکی کوردایەتی جێگەی رەتدانەوەو مشتومڕبووە. بۆنمونە، نوسینەکانی جەمال نەبەز وەک سەنگەرێک بۆ رەتدانەوەی ئیسلامگەری و چەپەکان، رۆڵی بەرچاوی هەبووە. هەڵبەت، ناکرێت بڵێین کورد بزاڤی نەتەوەیی نییە، یا ئایدۆلۆجیایەک فراژووی نییە یا لەبەرئەوەی میتۆدو بیرمەندی خۆی نییە، ئیتر شتێک نییە ناوی بزاڤی نەتەوەیی. ئەو وتوێژو مشتموڕانەی لنێوان خالید دلێر لەکتێبی ‘ستەمکردن لەحاجی قادری کۆیی’ لەوەڵامی ‘مەسعود محەمەد’ و بەپێچەوانەوە کۆی بەرهەمەکانی ئەمیش کاتی خۆی گرنگ و بەجۆرێک دەوڵەمەندکردن و بەئاگاهێنانەوەبووە. وەکچۆن بەرپەرچدانەوەی ‘کامیل ژیر’ لەلایەن ‘حەمەی مەلاکەریم’ لەسەر شیعرێکی ‘ژیر’ زۆر بابەت ورووژێنراوە.
هەروەها، عەبدولای موهتەدی لەدوو نامیلکەدا بەناوی ‘ئەم بڵقە کەی دەتەقێ؟’ وەڵامی ‘مەنسور حیکمەت’ و حیکمەتیەکانی داوەتەوە، بۆخۆی جۆرێکە لەدەرچوونی کوردانی ڕۆژهەڵات لەهەژموونی ئەو ڕەوتە. هەروەها، دکتۆرانامەکەی ‘فازیلی مەلامەحمود’ سەبارەت بەسیاسەتی سۆڤیەت لەبەرامبەر پرسی کوردا، ئاڕاستەگۆڕینی دەردەخات لەکاتێکدا ئەو خۆی لەبنەڕەتدا مارکسی و کۆمەڵەی زهحمهتكێشان بوو.
لێرەدا سەبات بەرەتکردنەوەی بیری کۆمۆنیزم، ئاماژە بەدوودەقی گرنگ دەدەم: یەکەم پیرەمێرد و ئەویتر زەبیحییە.
“ئاوەی رەشەی ڕوسی سوور”
ئەم بەرهەمەی پیرەمێرد (چاپخانەی ژیان، سلێمانی، 1359هـ-1940) بڵاوبۆتەوە، دەکرێت دەقەکە وەک دۆکۆمێنتێکی مێژووی بخوێنرێتەوە. نوسەرێکی کورد لەدوورەدەستەوە بەزمانی سەردەمی و خۆی سادە باس لەپارادۆکسەکانی سۆڤیەت دەکات. هەڵوێستی سیاسی ئەو دەوڵەتە لەلایەک داکۆکیکردنە لەگەلان و لەلایەکیترەوە سیاسەتی دەوڵەت بەرژەوەندییەکانی خۆی دەخاتەسەرووی چارەنووسی گەلانەوە. حزب خۆی حکومەتەو هەڤاڵ ستالین خۆی هەموو شتێکە! ئەمەش وەک یەکێک لەبەرجەستەبوونی تێزەکانی مارکسە کە ‘قۆناخی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتار’ە لەسەردەستی ستالین دێتەدی.
لەوێناکردنی پیرەمێردا، سۆسیالیزم دروستکردنی ئاشوب و گێرەشوێنی لەسەرتاسەری جیهانی سەرمایەداریدا کردوەتە بەرنامەی خۆی. بەئامانجگرتنی نەیارانی سۆڤیەت وەک ئەرکێکی پیرۆزی کۆمنیزم دونیای تەنیوەتەوە. بۆیەن تێزەکانی ئەو سەردەمە بە “خەیالخانە” ناودەبات. سیفەتێکی ئەو دەوڵەتە، پشتکردنە دۆست، پراگماتیزم و ماکیاڤیلیزمی سیاسەتی سۆڤیەت بووە.
خاڵیکی گرنگ لەدەستنیشانکردنی سیاسەتی دەرەکی سۆڤیەتدا، ئەوەیە کە پیرەمێرد پێوایە سەرەڕای گۆڕانی ئایدۆلۆجیای دەوڵەتی رووس، بەڵام لەسەر هەمان سیاسەتی پێشینەی ئیپمراتۆریەت بەردەوامە: هەژموونی بەردەوام بەسەر گەلاینیتردا، بەڵام لەژێر ناوی جیاوازدا. ئەم سیاسەتە تائەمڕۆش لەروسیا بەناوو سەرکردەی جیاوە بەردەوامەو پیادەدەکرێت. گەیشتن بەئاوەگەرم و ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراست، بەئامانجی گەیشتنە بەسەرچاوەی وزەو دۆزینەوەی رێڕەویترو دەربازبوونە لەزیندانی جوگرافیا(وەک تیم مارشاڵ لەکتێبەیەکیدا ئاماژەی پێکردووە)
زەبیحی و ڕەتدانەوەی کۆسمۆپۆلتیکی بەمارکسیزمەوە
ساڵانی زاڵبوونی بیری چەپ لەنێو خوێندەوارو ڕوناکبیرانی کوردا، بەجۆرێکیش پەرچەکرداری لای ئەوانەی خۆیان بەنەتەوەیی دەناساند دروستکرد. زەبیحی لە(١٩٥٧)دا لەسوریا کتێبی رەتدانەوەی کۆسمۆپۆلیتیزم (دەزگای جەمال عیرفان ٢٠١٧) بڵاوکردەوە. مایەی سەرنجە، نەینوسیووە ڕەتدانەوەی مارکسیزم یا سۆسیالیزم. بەڕای من چەند ئاماژەیەک لەخۆدەگرێت، تا نوسراوەکەی دەنگدانەوەی نەرێنی نەداتەوە، لەپێناو پاراستن و رێگەخۆشکردن بۆ چاپکردن. لەوەشدا ئەو دژی مارکس نییە، بەڵکو پێیوایە مارکس لەلایەن مارکسیەکان خۆیانەوە تەحریفکراوە. هاوکات ئەو پشت بەتێزەکانی مارکس و لینین دەبەستێت بۆ بەرپەرچدانەوەی نەیارەکانی. پاشان لەوسەردەمەدا ئەوانەی بەناوی مارکسەوە دژایەتی خەباتی نەتەوایەتیان دەکرد، مۆرک و دروشمی کۆسمۆپلیتیان لەخۆیان نابوو. ئەمەش وەک راکردن و پاساوێک بوو بۆ کەمکردنەوەی مافی گەلێکی وەک کورد.
دیارە، کۆسمۆلپیلیتزم ئاماژەیەکە بەوانەی ئینتمایان بۆهیچ نەتەوەو وڵات و دەوڵەتێک نییە. لەراستیدا باشتربوو مارکسیزم یا ئینتەرناسینۆنالیزم بەکابردبا. چونکە، بیرۆکەی کۆسمۆپۆلیتیکی لە فەیلەسوفەکانی ستۆریزمەوە وەک ‘ستۆا’ دادەکەوێت کە دەڵێت ‘من هاوڵاتیەکی جیهانی/گەردوونیم’ تەواو جیاوازترە لەمارکسیەکان. ئەگەرچی ئەمانیش رەهەندێکی نێونەتەوەییان هەیە، بەڵام دواجار ئینتمای ئایدۆلۆجیان دەستنیشانی بیرکردنەوەو جێگەوپێگەی مێژووی و جوفرایان دەستنیشان دەکاتەوە.
زەبیحی خۆی ژێکاف و هەڵگری بیری نەتەوەیی بووە، ویستوویەتی لەرێی خوێندنەوەی تێزەکانی مارکس یا لینینەوە راست و رەوایەتی خەباتی نەتەوەیی کورد ساخبکاتەوەو بەرپەچی مارکسیەکوردەکان بداتەوە. سەرەوختێک باسکردنی کورد بەجۆرێک لەکۆنەپاریزی قۆناخێکی دواکەوتوویی لێکدراوەتەوە. دیارە، نووسینەکەی سەرلەبەر وەڵامدانەوەیە کە ئاخۆ کورد نەتەوەیەو ئایا مافی دەستنیشانکردنی چارەنوسی خۆی هەیە؟ بۆیە، لەرەتنامەکەیدا دەیەوێت ساخیبکاتەوە کە کورد شایەنی سەربەخۆیی و ئازادی ورزگارییە. پاساوەکانی کۆسمۆپۆلیتەکان بۆ پشتگوێخستنی خەباتی نەتەوەیی پاساوی یەکێتی خەباتە لەگەڵ بەرەی پێشکەوتووخوازدا. نابێت کورد ماڵجیای بکات. جگەلەوەش کورد نەتەوەنییە، خاوەنی سەربەخۆی ئابوری نیشتمانی نەبووە. لەبەرئەوە توانای نییەو دواکەوتووە لەرەوتی مێژوویی. ئەو هەموو ئەو پاساوانە هەڵدەوشێنێتەوەو پێوایە دەبێت کورد خۆی رێکخراوێکی چەپی هەبێت تا داکۆکی لەخواستەکانی بکات، نەک پاشکۆی حزبەچەپەکانی نەتەوەسەردەستەکان بێت.
سەرەتا بەتێزێکی گرنگ دەستپێدەکات: ئیشکالیەتی جێبەجێکردنی تێوری مارکسیزمە لەواقیعدا. زۆربەی کێشەکە لەوێوە دەکەوێتەوە کە لەبەرچاونەگرتنی هەلومەرجی تایبەتی وڵاتانە. ئەمەش هەڵەیەکی تێوری وەرگێڕانی مارکسیزمە. هەروەها، کردنی مارکسیزم بە ئاین و دۆگما، وادەکات چاو لەجیاوازی و تایبەتمەندی گەلان بپۆشرێت. راڤەکردنی نەشیاوی تێزەکانی مارکس، ئەوەش گرفتێکی دیکەیەو رەنگە چەکی دەستی نەتەوەسەردەستەکان بووبێت کە تەنانە لەخەباتی رزگاری گەلانی وەک کورد بدەن و بیکەن بەپاشکۆی خۆیان. دواجار، رازیان بکەن بەکەمترین ماف و خواستی پێویست. هەرئەمەش زیرەکی زەبیحی دەرەدەخات کە خۆکەنارگرتن لەپرسی گەلان، دەبێتە هۆی لاوازی بنکەی جەماوەری حزبەمارکسییەکان.
باس لەوەشدەکات کە جەلگەوەی کادێری پێسکەوتووی کورد لەسەرکردایەتی حزبی شیوعیدابوون، بەڵام لەترسی ئەوەی تۆمەتی فاشیزم یا لەبەر پاراستنی پەرێزی خۆیان، نکولیان لەمافی گەلەکەیان کردووە. سەردەمانێک کوردایەتی شەرم و شورەیی بووە، چونکە وەک پاشماوەی فیودالیزم و دەستنێژی ئیمپریالیزم سەیرکراوە. ئەو هەڵوێستەی حزبی شیوعی دواجار واکەتۆتەوە کەهاوشێوەی گوتاری سیاسی حکومەتی ئێراق بێت دەرهەق بەپرسی کورد. چونکە، ئەویش کوردی وەک ئینتێکی زمانی و ئاینی خوێندۆتەوە. دواجار، ئومەمیەت ئینکاریکردنی کوردبوون و کوردستانی بەباکوری ئێراق گۆڕیوە. جگەلەوەی بزاڤی کوردی بەبزاڤێکی جوداخازو کلکیایەتی ئیستعمار داناوە. بەمەش پاساوێکی ساخ و ڕەوایەتی دراوە بەهەوڵی سڕینەوەو لەناوبردنی کورد. بۆیە، زەبیحی ئەو بانگەشەی نێونەتەوەییە لەروانگەی تێزەکانی مارکس و لینینەوە پوچەڵدەکاتەوە. کورد دەستی بڕدراوە بەناوی مارکسەوە. دواجار مارکسیزم لەبەردەبازەوە بووە رێگرو کۆسپ لەبەردەم خواست ومافەکانیدا. پێوایە ڕێنماییەکانی مارکس لەسەر دەستی کورد شێونێنراوەو بەجۆریک کراوەتە دژی خواستەکانی گەل. دواجار ئەو تێزانە بووەهۆی شەقبوونی حزبی شیوعی و لەدایکبوونی پارتی کوردی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەباشورو ڕۆژئاواش.
ئێمە لەبزاڤی سیاسی سێ ئایدۆلۆجیامان هەیە:١- کۆمۆنیزم، ٢- نەتەوەیی، -٣ ئیسلامی. بەڵام خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە: نەیانتوانی یەکتر قبوڵکەن هەوڵی جێگەلێژکردن بەیەکترو دواتر لاوازبوون. بیری چەپ لەوەدا سەرکەوتووبوو کە کۆسپی لەبەردەم گەشەکردنی بزافێکی نەتەوەیی مۆدێرنی کوردیدا دروستکرد، بەڵام داوجار خۆشی لەژێر خواستەنەتەوەیەکاندا دووچاری لێکهەڵوەشان و داهێزران بوو.
دیارە لەنێو پەکەکەشدا هەمان تێزی پرسی نەتەوەیی و خەباتی نێونەتەوەیی جەمسەری جیاوازدروستکردووە. تەنانەت لەتێزەکانی دوایی ئۆجەلاندا رەتکردنەوەی دەوڵەت وەک دامەزراوەیەک لەسۆنگەی تێزەکانی لینینەوە سەردەهێنتەوەو بەهەموو جۆرێک مۆدێلی خەباتی هاوبەش بۆ تورکیا و هاوپەیمانیەتی لەگەڵ چەپی تورکیدا کردە ستراتیجیەت کە لەراستیدا ئەوانە هێزیکی کاریگەرنین. بۆیە، وایکرد دەستی کورد کراوەتر مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەتی تورکیادا نەبێت و پرسەنەتەوەیەکە بکەوێتە پشتی خواستی هاوبەشەوە! لەکاتێکدا، پەکەکە بەرووی کوردانی پارچەکاندا دروشمی کوردستانی و لەتورکیاش و وڵاتانی دەرەوەدا چەپی ئینتەرناسیۆنال و لەدژی بەرەی”ئیپمریالیزم” دا دەجەنگێت!
وەک چۆن ئیمامی مزگەوت و ئیسلامیەکان پێیانوابوو ئەگەر کورد باسی مافی سەربەخۆیی بکات، لادانە لەریزی ئومەی ئیسلامی و دەمارگیری جاهلییەتە، شەقکردنی یەکێتی مسوڵمانانی جیهانە لەکاتێکدا خۆیان سەردەست و سەربخۆبوون، ئاوەهاش هیزەچەپە کۆمۆنیستە عەرەب و فارس و تورکەکانی هاوسێی کورد، پێیانوابوو خەباتی نەتەوەیی کورد ماڵجیاییە لەخەبات و تێکدانی یەکێتی خەباتی ئینتەرناسیۆنال و بەجێهێنانی ئەجێندەی ئیمپریالیزمە.