پێشەوا کاکەیی
پێشەوا کاکەیی

لەبارەی ڕۆمانەشیعر-قەسیدەوە


Loading

لەبارەی ڕۆمانەشیعر-قەسیدەوە

پێشەوا کاکەیی

ئەمریکانامە - پێشەوا کاکەیی
ئەمریکانامە – پێشەوا کاکەیی

ئەوەی کەڵکەکەی داهێنانی هەبێت لەناو شیعردا، بێگومان هەمیشە لە نێوان سنوور و تێپەڕاندنی ئەو سنوورەی کە چی تر نایەوێت زمان لە قاڵب بدرێت، ئەوا لەتەک (زمان، پێکهاتە، جووڵە، بیر و خەیاڵی شیعر)دا دەکەوێتە ناو گفتوگۆی قووڵی شیعرەوە. هەندێک جار بەرهەمێک کە لە دایک دەبێت، نە لە چوارچێوەی شیعردا جێی دەبێتەوە و نە لە قەفەزی چیرۆکدا جێی دەبێتەوە، نە لە ماڵ و «ماڵحەوشە» و بیناسازیی خودی خانووی ڕۆماندا جێی دەبێتەوە و، نە لە باغی میوەی ڕۆمانەشیعریشدا سەرقاڵی میوەخواردن دەبێت و دواتر بۆی پاڵ بکەوێت، بەڵكوو دەتبزوێنێت بۆ جێیەکی تری ناو شیعر، تا لە نێوان لووتکەی شیعر و شاری ڕۆمان و کێوی قەسیدەدا، دیمەنێکی فراوانتر دابمەزرێنیت.

وەک ژانرێکی نوێ، نوێ لە سەربارخستندا، بەو واتایەی کە زمانی ڕۆمانەشیعری نەک جێ هێشتووە، بەڵکوو کشاندووە بۆ جێیەکی تر و لەگەڵ خۆیدا هاوئاوێزانی کردووە تا لێکخشاندنێکی تر لەناو ڕووبەری خۆیدا درووست بکات، ئەویش کاتێک بەردەنگ بەری دەکەوێت و دەچێتە ناو زمانی فەزاسازیی «ڕۆمانەشیعر-قەسیدە»وە. ئیشی شیعر ئەوە نییە لەناو هەناسەی خۆیدا قەد بگرێت، بۆ ئەوەی هەناسەی بەردەوام بێت، دەبێت هەناسەگۆڕکێی پێ بدەیت. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەگەر ڕۆمانەشیعر کارکردەکەی لەناو فەزاسازیی نێوان گێڕانەوە و مۆسیقای زماندا بێت، ئەوا بێگومان ڕۆمانەشیعر-قەسیدەیش زیاتر ڕەهەندی ڕەگەزی شیعری تر لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. کاتێک زمانی ڕۆمانەشیعر درێژ دەبێتەوە و خۆی دادەڕێژێت لەسەر شێوگاندنی/ فۆرموولەکردنی (گێڕانەوە، کات، تایبەتمەندی زمانی کەسێتی،) بێگومان کە لە هەناوی شیعرەوە ئەو زمانەی وەرگرتووە، ئەویش: («چڕی زمانە وەک کشان و خشان»، «چڕی بینراوە وەک وێنە و مانا»، و «چڕی ناوەوەیە وەک وشە و هێز».) لێرەوە ئەو دوو بارگاویکراوەی شیعر و ڕۆمان کە تەواوکەری یەکتری بوون لە -خشان و کشان-ـدا، ئەوا دەچنە ناو ژانرێکی ترەوە و بارگاویتر دەبێت کاتێک لە ڕۆمانەشیعردا خۆیان داڕشتەوە.

لێرەدا ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، شێوازێکە کە نە تەواو ڕۆمانەشیعرە و نە قەسیدەیشە بە گشتی، بەڵکوو ڕۆمانەشیعرە بە [جووڵە، زمان، ڕووداو، شوێن و کەسێتیی ڕۆمانەشیعر] و هەناسەی قەسیدەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ڕۆمانەشیعرەکە بەو شێوازەی خۆی دەڕوات و لە هەندێک شوێندا تەنیا زمان و هەناسە و شێوازی قەسیدە خۆی بەیان دەکات. لەم کتێبەمدا- (ئەمریکانامە بە تامی شیعر) هەتا شانۆنامەیەکی کورتیشی تێدایە.

لێرەدا شێواز و پێکهاتە و بەیانکردنی ڕۆمانەشیعر-قەسیدە کە ئەگەر کەسێک ویستی کاری تێدا بکات و درێژەی پێ بدات، یان بەردەنگ باشتر بەری بکەوێت، ئەوا لە چەند خاڵێکدا دەیخەمە ڕوو:-

١- گشت بابەتێکی ناو ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، وەک کەشتییەک وایە کە بەناو زەریادا دەڕوات و، لە باری ڕۆمانەشیعرەکەدا، (شوێن، ڕووداو، کەسێتی، گێڕانەوە و کات) تۆمار دەکات و قەسیدەیش تێیدا ڕادەکشێت.

٢– کارەکتەرەکان لە ڕێگەی خوازەوە دەناسێنرێنەوە نەک لە ڕێگەی ستاییشکردنی ڕاستەوخۆوە. کات هێڵی نییە؛ بەڵکوو زمان و زەمەن پێکەوە کار دەکەن.

٣- ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، فرەچینە و لە هەمان کاتدا وەک شیعر ڕوون نییە، واتە شیعر دەکشێنن بۆ جێیەکی تری شیعر. بەو واتایە نا کە لە شیعر دوور دەکەوێتەوە، بەڵکوو لە چڕی شیعر بە مانا کلاسیکەکە دوور دەکەوێتەوە. ئەمەیش شیعر خۆی ناتوانێت لەناو چینێکی چەقبەستوویی مێژوودا بمێنێتەوە، بۆیە شاعیر دێت بە جۆرێکی تر تێیدا خۆی بەیان دەکات، «کشانی شیعر و خزانی زمان» و جووڵەیەکی تری ژانر تێیدا دەخوڵقێنێتەوە. بۆیە زمانی ڕۆمانەشیعر دەکشێت و هەناسەی قەسیدە باڵی بەسەردا دەکێشێت. ئەم باڵکێشانە هارمۆنیتیک دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو شیعر و بەمەیش لە کشانەوە، دیسانەوە چڕی زمان و قووڵی مانا و دەرخستنی وێنە ڕوونتر دەکاتەوە. بۆیە تێکترنجانی (شیعر و ڕۆمان و قەسیدە) دێتە کایەوە و هەرسێکیان ڕۆمانەشیعر-قەسیدە تەواو دەکەن.

لەباری پێکهاتەی «ڕۆمانەشیعر و دەقی واڵا»دا، خۆی سروشتیی دەق وایە کە لە پێناو گوتاری ناو ڕۆمانەشیعر و دەقی وڵادا، کشان زیاتر ڕوون بدات و بە جۆرێک له پێناو «گوتار-گەیاندن»ـدا، چڕی زمان کەمتر بێتەوە و خەسارناسیی وشە بێتە کایەوە، بەڵام خەسارناسیی مانا و گوتار نا، (هەڵبەت ئەگەر دەقەکە خۆی جوان کاری تێدا کرابێت.) بەڵام لە ڕۆمانەشیعر-قەسیدەدا، کشان و چڕی زمان هاوئاوێزان دەبنەوە. بۆیە کە ئەگەر تەواو قەسیدە بێت، دەبێتە قەسیده-کتێب/ چامە-کتێب، بەڵام ئەم شێوازە نە ڕۆمانەشیعره و نە قەسیدەکتێبە و نە قەسیدەی کلاسیکی، بەڵکوو ڕۆمانەشیعر-قەسیدەیە.

٤- ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، دیسانەوە پێداگری لەسەر مانەوەی ڕۆمانەشیعر دەکات، بەڵام بە خەیاڵ و بیر و هەناسەی قەسیدەوە دەڕوات. واتە بە هەناسەی قەسیدە و شیعرەوە دەڕوات، بەڵام نیگای گێڕانەوەی ڕۆمانی تێیدا لە یاد ناکات.

٥- لە ڕۆمانەشیعر-قەسیدەدا، هەم بە نەریتی گێڕانەوەوە دەڕوات و هەم هونەری زمانی شیعر و هەم خەیاڵ و بیری قەسیدەیش لە ئامێز دەگرێت. وەک سێکۆچکەیەک دەمێننەوە و، دیمەن و سێبەری خۆیان جێ دەهێڵن.

٦- نە خەیاڵ خۆی دەسەپێنێت، نە بیر و نە زمانیش، بەڵکوو پێکەوە کار دەکەن و لەناو یەکتریدا ڕێ بۆ یەکتر خۆش دەکەن، لەو جێیەی شیعر لە شوێندایە و قەسیدە لەناشوێندایە، شیعر وا دەکات کە قەسیدە بخزێنێتە پاڵ کایەکەی خۆیەوە و، لەو جێیەیش کە قەسیدە لە شوێندایە و شیعر لە ناشوێندایە، قەسیدە وا دەکات شیعر بهێنێتەوە ناو خۆی. لەبەر ئەوە خۆی ڕۆمانەشیعر هەر سروشتی وایە کە داڕشتنی زمانی پشوودرێژییە، کاتێک تێکەڵکێشی قەسیدەی دەکات، دیمەنێکی ڕازاوەتر و فراوانتر و ئاوازدارتر درووست دەکات، کە ئەگەر لە ڕۆمانەشیعردا، ئەو هێرمۆنیتیکە تەواو خۆیشی نەداتە دەستەوە، ئەوا لە ڕۆمانەشیعر-قەسیدەدا هێرمۆنیتیک تەواو هاوئاوێزانە.

٧- کار لەسەر کێش و سەروا ناکات بە هیچ جۆرێک، بەڵام لە زۆر شوێندا خۆی خۆی تێدەترنجێنێت.

٨- ستاییش لە بەشی قەسیدەدا، ناڕاستەوخۆیە، بەڵام نابێت سادە و قووڵ نەبێت.

٩- زمان: لە (کوێ و کەی و کێ)ـدا، گێڕانەوەی خۆی بە ڕووداوەکانەوە گرێ دەدات. چڕکردنەوەی هەر ڕستەیەکیش کە لەناو کێش و سەروادا نەبوو، لە دەرەوەی هەوا/ ڕیتمیش نییە. هەموو شتێک وەکوو دەقی واڵا خۆی دەرناخات، یان ڕۆمانەشیعر، بەڵکوو ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، هەمیشە شتێک بۆ نادیاری دەهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت بیدۆزێتەوە، ئەم نادیارییەش لە زمانە قەسیدەکەیەوە باشتر دەردەکەوێت.

١٠- لە ڕۆمانەشیعر-قەسیدەدا، بابەتی (شەڕ، کۆچکردن، لەدەستدان، شوناس، فرەکولتووری، گەڕیدەیی، تێڕامان، شوێن، ناشوێن، گوند و شار… تا دەگاتەوە خود و بابەت،) زمانی قەسیدە لە خۆیدا بەیان دەکاتەوە؛ ئەمانە ئەو ئەزموونانەن کە ڕۆمانەشیعر-قەسیدە پێ دادەمەزرێت.

کە وایە ئەوەی هەیە ڕۆحی ناو قەسیدەکە خۆیەتی، کە بە درێژاییی گێڕانەوەکەی ناو ڕۆمان و زمانەوانی ناو شیعرەکە، لەناو خۆیدا هەڵیاندەگرێت. نووسین لەم ژانرەدا بوێری دەوێت. بوێری ژیان لە نێوان دوو کایەدا، بە بێ ئەوەی بە تەواوی سەر بە هیچ کامیان بێت. خوێندنەوەیشی هەروا ئاسان نییە، بەڵام ئەوەی لەم فەزایە و نێوانەدا درووست دەبێت، هەندێک جار شتێکە کە هیچ ژانرێکی تر ناتوانێت بەرهەمی بێنێت.

ناونیشانەکانی منیش لە پڕۆژە و مانیفێستی (شیعرەڕێ)ـدا، کە لە (٢٠١٦)ەوە کاری تێدا دەکەم، خۆیان ڕاگەیاندنێکن لە خۆیدا کە «بە تامی شیعر»ە نەک تەنیا شیعر، نەک تەنیا گێڕانەوە. تێکەڵاوێکی هۆشیارانەیە، چونکە تام یەکسانە بە کەرەستەی شیعر نەک چێژی شیعر. لێرەدا ئەم کەرەستانە دیسانەوە دەچنەوە ناو شیعر و زیاتر لە شیعریش دەڕوات، بۆیە بەردەنگیش دەبێت بۆی هەڵکشێت. ئیشی شاعیر ئەوە نییە بڕوای بە داهێنان بێت و بۆ بەردەنگ دابەزێت تا بۆی دیاری بکات و بڵێت ئاوها داهێنان بکە، بەردەنگ ئیشی (خوێندنەوە، لێکۆڵینەوە، ڕەخنەکردن و هەڵەسەنکاندنە.) دەقنووس خۆی لە نێوان بیری گۆڕانکاری و بەرچاوڕوونی ئەمانەدا چ دەهێنێتە کایەوە، ئەوە بابەتەکەیە. مانای ئەوەیش نییە بەردەنگ لە خوارەوەیە و نووسەر لە سەرەوەیە، نا، بەڵکوو جار هەیە بەردەنگ نووسەر دەهێنێتە خوارەوە و ئەو لە سەرووی نووسەرەوەیە، چونکە هۆشیارترە. بەڵکوو مەبەست لەوەیە کە باوەڕبوون بە گۆڕانکاری ناو دەق و کشان و خزانی بۆ جێیەکی تر، نابێت بە تەواوی بەردەنگ لە بەرچاو بگرێت، ئەو کات لەناو چوارچێوە لاساییکەرەوە و قەدگرتووەکەدا دەمێنێتەوە. کاتێک خزانێک درووست دەکەین، کشانێک دێتە کایەوە. ئەم جووڵەیەش هەر لەناو دەقی نووسەردا نامێنێتەوە، بەڵکوو کاتێک بەردەنگیش بەر دەقەکە دەکەوێت، جووڵەیەکی بۆ درووست دەبێت کە پێشتر ئەم جووڵەیەی نەبووە بۆ خوێندنەوە. ئیتر وردە وردە تا جێی خۆی دەگرێت. هەموو داهێنانێکیش لە داهاتوودا دەچێتەوە ناو (نەریتی تازەگەرێتی)ـیەوە.

تێچێن::

[لێرەدا باسی زمانی ڕۆمانەشیعر نییە کە چۆن دەنووسرێت و پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی چییە و چۆنە، بەڵکوو باسی ڕۆمانەشیعر-قەسیدەیە. هەر وەها لە شیعری کوردیدا، ژانری ڕۆمانەشیعر، مێژوویەکی تا ڕادەیەک ڕوون و شوێنپێهەڵگرتنی هەیە، بۆیە ناوەستم لەسەری، چونکە پێشتر (لەبارەی «ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا» وەک ژانرێکی سەربەخۆ)، لە کتێبی (زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر)دا، لە ساڵی (٢٠٢١)ـدا، لەو بارەیەوە دوواوم و، چەند خاڵێکیشم نووسیوە کە چۆن ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا دەنووسرێت.] هەر وەها [کاتێک ژانری (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە) کە لە کتێبی (ئەمریکانامە بە تامی شیعر)دا بەرجەستم کرد کە ساڵی (٢٠١٧) نووسیومە، ئەو کات ئەو بابەتەم بۆ پێشەکیی کتێبەکە نەنووسیبوو، کاتێک کتێبەکە وەرگێڕرا بۆ زمانی فارسی و چاپ و بڵاو کرایەوە، چەند خوێنەرێکی کورد و فارس پرسیاری ئەوەیان لە من کردبوو کە ڕۆمانەشیعر-قەسیدە چۆنچۆنییە؟ مادام باسی ژانرێکی تر دەکەم کە بەرهەمم هێناوەتەوە، کە وایە مافی بەردەنگە بەردەستی بێت. بۆیە لێرەدا بە پێویستم زانی بیخەمە ڕوو.]

ماییسی ٢٠٢٦

شوێنپێ: قەڵادزێ

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.