Amedeo-Modigliani-The-Beautiful-Confectioner-and-Portrait-of-Mario-Varvogli

شەوێك لە شەوانى سیمرخ


Loading

سەڵاح شوان -شاعیر

شەوێك لە شەوانى سیمرخ

 قەسیدە – ١٩٧٧

سه‌ڵاح شوان

ئەمشەو تەنیا هەر من و تۆین

وەرە با باسی ئامێزی شۆخی تەزیوی زریان و

تاڤگەی غه‌م و

گۆمە بێدەنگەكان بكەین.

وەرە با باسی شەپۆلی خەولێكەوتووی

لەشی جۆگەلەكان بكەین.

سەیرم مەكە

ئەم ئەشكەوتە زۆر تاریكە و نامناسییەوە

سەیرم مەكە

با گڕی ناو دڵیشت بم

نەمتدیوە و ناشم ناسیت

كەی سووتوو ئاگاى لە گڕی ناو دڵێتی چۆن دەسووتێ!

كەی زەوى ئاگاى لە بوڕكان هەیە تا نەتەقێتەوە

گوێم بۆ هەڵخە

ئەمشەو هەر تەنیا من و تۆین

وەرە با باسی هیچ شتێك

بۆ یەكتری نەكەین و بیر

لە هیچ شتێك نەكەینەوە

كەی باڵای تاڤگە و غه‌می سارد

لەبەر هاژە و كپیی خۆیان

لە قسەی ئێمە تێدەگەن

ئەم شوورەیە زۆر ئەستوورە

هەر دوو دیویشی دۆزەخە

ئیتر بۆچی جێگە گۆڕكێ لەگەڵ كەسی تردا بكەین

ئێمە هەتاو دەمانسووتێنێت و ئەوان

بۆ هەتاو خۆ دەسووتێنن

ئەمشەو دنیا لەناو دەستما

هەویرێكی هەڵاتووە

هەرچی چۆنێكی دەشێلم

لەناو تەنووری مێشكمدا

لەنانێكی غه‌م زیاتری تیا نابێت!

نازانم بیدەم بە دەمی كام ماسیی ئارەزوومەوە

گوێم لێ بگرە

مۆدلیانی ١٩١٧؛ تابلۆی جێنی – زەیت لەسەر تەختە.
Jeanne_Hébuterne_(au_ch
apeau)_by_Amedeo_Modigliani

كە تەنیا بم داڵەكانى زیۆسم لێ دەورووژێت

سی و جگەری ئارەزووەكانم دەردێنن

ئەمشەو سێ شەوە بەتەنیام.

بەتەنیام و گوێم لە ترپەی پێی دڵە زیندانییەكەمە

لە ژوورەكەی ئەودیوما

سێ شەوە تاكو بەیانى پیاسە دەكات

دێت و دەچێت

دێت و دەچێت

چاوەڕوانە

ئەگەر ئەمشەو

مانگ بە ڕووتی

بێتە بەردەم پەنجەرەكەی كۆشكی گەردوون

بچێت و ماچێكی بكا و

تاڵێ لە قژە خاوەكەى بهێنێت

چوار پەلی ئەژدیهاى بازی

ئەم ڕۆژگارەی پێ ببەستێت

گوێم لێ بگرە

لەشی ئەشقە مەمكخۆرەكەم تا ئێستایش

چرۆی ڕووناكی دەردەكا و

پڕ بە دنیایەك ئەستێرەی ڕەنگاوڕەنگی بۆت گرتووە

گەر بێت و بمناسیتەوە

پڕ كۆشت وردە ئەستێرە و

گەرمە تاسەی كچۆڵەكەی شەوانى خەڵوەتم دەكەم

كەی بیستووتە

سیمرخێك پەڕ و باڵی خۆی دابێت بە گۆشتخۆرەكان و

لەبەر دەستیان دانیشتبێت

ئەگەر ڕووبار لاشەی شەكەتی خۆی بكات بە خەڵووز و

ڕاوچییەكان بۆ ناو مێرگی گەرمە ماچی

كارمامزەكان بەرێت و

خۆی لەخوێنی سپی چناران هەڵكێشێ

ڕووبار نییە

ئەگەر سیروان بواری كاروانى خەڵووز

بدات و بپەڕێتەوە

سیروان نییە

گوێم لێ بگرە

ئەمشەو دڵەكەم گۆمێكە

دەریایەكە بەسەر لەشی خامۆشی ئەم زەمینەدا ڕاكشاوە و شەپۆل دەدا

چاوەڕوانى هەڵسانى لافاوی گریانە و نەسرەوتووە

ئەمشەو سەرم گۆمی مەندە

هەر گۆمی مەند دەزانێ چۆن وردەماسی

لەناو لەشیا زاوزێ دەكەن

باوەڕ بە ئاوى خوڕ مەكە

هەر گۆمی مەند دەزانێت چۆن

نازى تاڤگە باڵابەرزەكان بكێشی و

بۆ باوەشی بچكۆلانەی

كانییە چاوكاڵەكانیان بەرێتەوە

ئەمشەو تەنیا هەر من و تۆین

وەرە با باسی شەوانى بەفر و مانگ و دڵداریی خۆمت بۆ بكەم

هەموو شەوێ كە كۆچ دەكەم

تۆ شۆخێكی

بە پاڵتۆیەكی ڕەشەوە

تێكەڵ بە بارانی شەوی گشت شەقامەكانى بەغدا

دەبیت و خۆت

لە شەوقی لایتی زەردی

تاسەكانم دەپارێزیت

كە دەتگەمێ

باران ئیتر دادەكاسێت و دەڕوات و ناتشواتەوە.

تا ڕووبارەكان نەتەزێن

تاوەكو گۆی مەمكەكانت دوو گوڵەبەفرینە نەگرن

ناتشواتەوە.

دڵی منیش گڕەیەكی ئەشقی ساڵانی تەنیایی خواوەندە

لە هاوینا

دەست لەگەڵ پەریی خرپنی

بەفرا تێكەڵ دەكات

ئاوم ئاگر پەرستێكە

لە بیابانا چاتۆڵی خۆی هەڵدەدات

چونكە سیمرخ تا ئاگر گەرمتر سەما

لەسەر پووشی هێلانە وشكەكەی بكا

ئارامتر سەر هەڵدەبڕێت و

باڵ بەیەكا دەدا و باوەش

بە لەشی ئاگرا دەكا

سیمرخ هێلانە لە چیلكەی داری دۆزەخ دروست دەكا

كە گڕی گرت

تاكو باران نەیشواتەوە خەفە نابێ و

شەوچراغی گەردانەكەی شازادە نادۆزرێتەوە

گوێم لێ بگرە

ئەمشەو دنیا ئەشكەوتێكە

نە كۆتری ترس چینەی تیا دەكا

نە جاڵجاڵۆكەش دەتوانێت دەرگاكەى جۆڵایی بكات

وەرە ئەمشەو لەگەڵمابە

ئەم ئەشكەوتە نەبێت برووسكە دەمپێكێت

چونكە هەتاو

تاكو ئەوها

لە چاوەكانمەوە تیشكی سەر بكات و

نەتوانم بیشارمەوە

دەست بۆ هەرچی ئاوێ بەرم

لەناو لەپما دەبێتە مشتێ خۆڵەمێش

وەرە ئەمشەو لەگەڵمابە و

لێم تێبگە

چۆن لەناو دڵی سیمرخا

ڕەنگی دەریا شینایی چاوی ئاسمانە و

گەوهەرەكانى ئەستێرەی دەستەمۆی دەستی شەپۆلن

چۆن گشت كڵاوڕۆژنەیەكی ئەم زەماوەندی بارانە

لەناو خۆیدا دانە موورووی دنیایەكە

كە دەتەقێت

كۆتایییەك دروست دەكا و

گەردانەى ملی خانمە

گەردن زراڤەكەی گەردوون لەنگ دەكات و

تەنیا سیمرخ دەتوانێ بیدۆزێتەوە

دەگوێ بگرە لە جریوەی ئەستێرەكان

تابزانیت چۆن باسی یەخسیریی خۆیان

بەدەست بازنە بۆشەكەی

مەدارەكانەوە دەكەن

خۆ گشت كەسێك سیمرخ نییە

تا لەناو گڕی هەتاوا

بحەوێتەوە و نەسووتێت.

          *  *  *

ئەمشەو لەجێگاى خۆمەوە

وەك هەمیشە زیندانییەك

سەر هەڵدەبڕم

سەیری ئەستێرەكان دەكەم

ئەم ئاسمانەم

تاریك و لینجە

وەكو گۆڕ

گۆڕەوشاری یەك بەیەك

ئەستێرە كزەكان دەدا

لچێكی خۆی داوە بەسەریانا و

بێدەنگ

سەیریان دەكات.

سەیریان دەكەم

سەیرم دەكات و

دەلاقەی ئاسمانم لەسەر دادەخا

لەترسا چاو دادەخه‌م

بابە ئەمشەو لە خەوما بوو

چوار ئەستێرەی گەشم بینی

لەگەڵ وردە ماسییەكانا

شەڕە ئاویان دەكرد و دەزرووقانەوە

بووم بە ماسی

هەڵماتێنم بە ئەستێرەكان دەكرد و

هەڵماتێنیان پێ دەكردم

بە چوار دەستە

بەرەو حەوتەبەقەی ئاسمان

دەیانبردم

لەوێ دەستیان لێ بەردەدام و دەكەوتم

دەبووم بە كڵاوكوڕەیەك

هەڵدەكشامەوە بۆ لایان

به‌ڵام بابە

جاری شەشەم بوو نازانم یا حەوتەم بوو

دەستیان لێ بەردام و كەوتم

هەرچەندم كرد پەڕ و باڵم لێ نەڕوا

هەرچەندم كرد

نە سیمرخێ

نە پەرییەك  نەبوو

دەست بداتە بەرم

ترسام بابە

گریام بابە

هاوارم كرد

هیچ كەس بەدەنگمەوە نەهات

زەویم بەقەد چارۆگەیەك لێوە دیار بوو

كەس دیار نەبوو

ئاسمان بیرێكی تاریك بوو

چەندم دەكرد نەدەگەیشتمە بنەكەی

ئێستا و ئەوسایش نەگەیشتم

زڕ براكانم كراسە خوێناوییەكەمیان بردەوە و

بە گورگان خواردوویی لێرە جێیان هێشتم!

چل شەو و چل ڕۆژە ئێستا

لەناو گەدەی نەهەنگێكدام

دەكوڵێنرێم و ناكوڵێم

سەر هەڵدەبڕم

ئەستێرەكان دیار نەماون

نە بەیانی و نە ئێوارە

نە مانگ و نە ساڵم لێوە دیار ماوە و

نەدەزانم ئەمانە كەی دێن و دەچن

بە ئاسمانێكی ئەستوور و

وەكو بیر قووڵ سەرەوخوار

وەك داربەڕوویەكی وشك

هەڵواسراوم

من داربەڕوو نیم و كەچی

دەمەوێ ڕەگ بەزەویدا

دابكوتم

لەدڵی گەرم و نەمردووی ئەم خاكەوە

ئاو هەڵمژم

بیكەم بە خوێن و سەرلەنوێ

جەستەی برینداری ئەوی

پێ ئاو بدەم

من ڕەهێڵە نیم و كەچی

دەمەوێ وەك بارانی شەست

دایبكەم و ڕانەوەستم

تا لێوی وشكی شەقار و

برینەكانى سەر جەستەی

كچە شۆخی ئەم خاكە شەقار شەقارە

ئاو نەدەم و

نەشۆمەوە

ڕانەوەستم

           *  *  *

ئەمشەو لەجێگاى خۆمەوە

سەر هەڵدەبڕم

سەیری ئەستێرەكان دەكەم

سەیرم دەكەن

چاو دادەخه‌م

داربەڕووی وشكی لەشی من

سەر بەرەو خوار هەڵواسراوە و

ئێستا بەدەم گشت شەپۆلێكەوە دێت و دەچێتەوە

ئەوەی دەمهەژێنێ ئێستا

نە دەریا خەونەكەی جاران

نە ئەو ڕووبارە خوڕەیە

كە من خۆم دایە دەمیەوە

ئەو نەیبردم

خۆت دایە دەم ڕووبارەوە و

پشتی ڕووبار چەمایەوە نەگەیشتی

خۆت دایە دەم زریانەوە و

زریانى سەخت

وەك كۆترێكی دەستەمۆ

گەڕایەوە ناو لانەكەی و داكاسێ

خۆت دایە دەم

غه‌می ساڵێكی برینگ و نەهاتەوە

غه‌م هەڵیگرتی بردیتی

شەو درەنگ داهات و نەبووی

وتمان سبەینێ دێیتەوە

ساڵ درەنگ داهات و نەبووی

وتمان بەهارێ دێیتەوە

بەهار نەبووی

هاوین نەبوویت و گڕەكەت

نەونەمامە تینووەكانى دەپڕووكاند

زستانێكی تەڕ و تووش بوو

دنیا بەرگی سپی و ساردی

بەفرێكی زۆری پۆشیبوو

لە بەرگێكی سپی و ساردا

بەچوار دەستە

مۆدلیانی؛پۆرتره‌تی ژان كۆكتۆ ١٩١٦
1916,_Modigliani,_Jean_Coct

سیروان و زریان و غه‌م و

مەرگێكی ناكام هێناتیان

دارە مەیتەكەت كۆڵەگەی

خێوەتەكانى هەواری ساڵی دڵدارییەكەمان بوو

كفنەكەت بەفری تەنكی

ژێر كراسی ئەو كچۆڵە بەهارە بوو

كە خوێنەكەی بەفیڕۆ چوو

چاوەكانت ئەستێرەكانیان دەژمارد

ئەستێرە لەبن ناهات و

چاوی تۆیش تەسكینی ناهات

ئەمشەو بەدیار لاشەكەتەوە دانیشتووم

گەلەگورگی برسیی هەموو یادگارە تاڵ و سوێرەكان

لەناو بەفر و بەستەڵەكی ئەم شەوەدا

دەورم دەدەن

قەپاڵی برسی لە جەستەی سڕم دەگرن

سەر هەڵدەبڕم

سەیری ئەستێرەكان دەكەم

سینگی ئاسمان و

دڵی من

لەجێگای زامەكانەوە ترووسكایی دەدەنەوە

بەدەم شەپۆلی تاریكی شەوگارەوە

دەهەژێن و ژێر ناكەون

ئەمشەو بەسەر زنجە چۆڵەكەی هەناوما

بەفر دەبارێ

بەفری دێرینی ئەشقەكەت

هەموو لووتكە و

نسێكانى دەروونمی داگیر كردووە

بەری نادات

ئەمشەو سوپای بەفر پۆل پۆل

لە دامێنی مانگە شەوی جووتبوون و

لێك دابڕانەوە

دێنە خوارێ

ئەمشەو دڵم

وەكو چۆلەكەی تازەفڕ

چاوەڕوانى ڕۆژبوونەوەی بۆ ناكرێ

لەناو سنگمەوە بێئارام

خۆی هەڵدەدات

لەسەر لكی پیرە دارتوویەكی گەرمیان

خۆی دەگرێت و

دەجریوێنێ و خەوی نایا

تاكو دەبێت بە كۆرپە مانگێكی بێگەرد

نەهەنگی شەو

وەك گەردەلوولێك بۆی دێت

هەڵی دەلووشێ و

بەرەو خوار

وەكو بۆ ناو بیرێكی قووڵ بەرەوەبێت

هەرچەند دەكات

دەستی لە هیچ گیر نابێ

خۆی پێوە بگرێ

نوقم دەبێ

ڕادەپەڕم

نە خەوە و نە مۆتەكەیە

نە وڕێنەی دەم گەرمەتاى تەنیایییە

شەوە و تاریكی ئەم ڕێیەت

وەك ڕەشمارێكی بریندار

خۆی لە لاشەی وەكو بەفرت ئاڵاندووە

هەڵت دەگرم و

بەتەنیا سەر هەڵدەگرم

بۆ كوێ دەڕۆی

ئالێرەم

كە ئیتر داوە تیشكەكەی

پێدا دەهاتی پساوە

ئەشكەوت گەرووی نەهەنگێكە

لووشت دەكا و

هەڵدەخزێی

دنیا تاریك و زەلكاوە

هیچ ڕێگایەك لێرەوە ناچێ بۆ بانە

ئەو ترووسكایییەی دەیبینی

شەوچراغێكی دزراوی

گەردنی دیلە شازادەى

وڵاتی بەفر و هەتاوە

ئێستا لەناو گەدەی ڕەشە نەهەنگێكی

دەریای زوڵماتا خنكاوە

لێت تێك نەچێ

ئەوە ئاگری شوان نییە

بەقەدپاڵی شاخێكی گەردن كەشەوە پێكرابێ

ماڵە هەژارێكیش نییە

ڕووی تێ بكەی

لێت تێك نەچێ

ئەوە ئەوسەری ئەشكەوتی

دۆزەخەكەی دەورت نییە

ڕووی تێ مەكە

بەهیچ كوێیەكت ناگەیەنێ

مەڕۆ

ڕاوەستاوی

ڕەشماری غه‌م

لەباڵای نەونەمامی گشت

ڕۆژ و شەوانت ئاڵاوە

نە باڵندەی ئاواتێك بەلاتا دێت و

نە شنەی با

دەنگێكی خۆشت بۆ دێنێ

پەڵە هەورەكانیش دوورن

بەرزن و پەرت و بڵاون

ئەم بایە بای باران نییە

گەر بشبارێت پەڵە نادات

ئەم خاكە زۆر تینووترە

لەوەی بەم نمە بارانە

قەڵەشەكانى ساڕێژ بێ

ئەم دڵە زۆر پایزترە

لەوەی بەتەنیا یەك گوڵ

بەهار بۆ جەستەی بهێنێت

ئالێرەدا كە ئیتر هەر خۆت و خۆتی

كەسیش نییە گوێت بۆ شل كا

كە بێدەنگ بووی

(شەوە و دنیا وەكو زوڵفت سیاپۆش)ت بۆ بڵێت و

بە باسی كچە ئاسكەیەك دابینت كات

كە سبەینێ

لەناو ڕەزێكدا

لە پێچێ

بەدزی ئەم دنیایەوە

(سەری كاست بخەیتە سەر دڵی نەرمی) و

خەوێكی خۆش بتباتەوە

گەر ئەم ئەشكەوتە نەهەنگە

هەڵیشت بهێنێتەوە

تازە چاوت بەڕووی  خۆرا هەڵنایەت و

لەشی لە دۆزەخ خووساوی

ئەم وەرزە تەڕ و تووشەی تۆ

بەرگەی گەرماكەی ناگرێت

تا پەرییە باڵدارەكانى یوونسیش

ئەم ناوەیان جێهێشتووە

سێبەر لە لەشی تۆ ناكەن

تۆ بریندار نیت و لەشت

سەرتاپا هەر غه‌می سوور و

خوێنی ڕەشی

لێ دەچۆڕێ

ئەمشەو لەجێگاى خۆمەوە

سەر هەڵدەبڕم

یەك یەك پەردەكانى دڵم

لەسەر خۆ دادەدەمەوە

مۆمی یادە بە سوێكانت

هەڵدەكەم

بیر لە شەوە تەماوییەكانى بارانت دەكەمەوە

ئەم كووچە و كۆڵانە بێ تۆ

گەڵاڕێزانى خەزانە

گەڵاڕێزانە بێ باران

ئەم كووچە و كۆڵانە بێ تۆ

دڵەكەم بە چۆڵی ئێستا

شەوی گۆڕستانە بێ تۆ

گەر ئاسمان دەبووم

نەمدەهێشت

ئەستێرەكەی تۆ ئاوابێ

گەر گریان دەبووم

نەمدەهێشت

چاوەكەی تۆ پێم ئاشنا بێ

گەر بەدەست من بووایە هەرگیز

ئەم دنیایە

وەها نابوو

      *  *  *

ئەمشەو

تەنیا خۆم و

مناڵییەكەی خۆمم

پشتمان لە دنیا كردووە

پێكە شیعرێكی تا نیوە

لە پێشمانایە و نازانین

چۆن بەسەر ئەم هەموو دڕكەی

ئەم باخچەیەدا بەشی كەین

یا من مەستم

یا ئەمشەو لە سەدەكانى

سەهۆڵبەندانەوە بێدەنگ

بە تاقی تەنیا دانیشتووم

نازانم بۆ نەهاتەوە

ئەوساكە من گەلگامێش و

ئەو گۆمێكی مەمك خڕی

بەهارە بوو

بەدیاریەوە دادەنیشتم

چاوەڕێی گوڵە شیعرێكی نەمری بووم

چاوەكانى هەڵبێنێت و دەستی بخاتە ناو دەستم

Modigliani_-_Female_nude_(Iris_Tree) 1916

یا من مەستم

یا ئەم دنیایە دەستاڕە

زەوی تایەك و ئاسمانیش تایەكەی تری

دڵی وەك هەتاو هەڵاتووم

دەهاڕێت و

دەیكا بە تەرزەی ئاگر و

بەسەرما دایدەبارێنێ

نە چەتری ئەشقێكم پێیە

بمپارێزێ

نە ئەم خوێن بارانی غه‌مەم

پێ ڕادەوەستێندرێ ئەمشەوە

دەمەو سەدەی لافاو هەستانێكی و ڕەنگ

لە بیابانێكی شارا

پەیكەرە مۆمی شیعرێكی نیگا كاڵم

بە بەرچاومەوە تیرباران كرا و

بێدەنگ بەرەو مەیخانەى دڵتەنگی

وشە ڕەنگ زەردەكان ڕۆچووم

ئەمشەو كە دەست بۆ پێكە شیعرە ساردەكەى بەردەمم دەبەم

دەستم لە لاشەی كوژراوی خۆم دەدا و

لووتم لە بەردی سیزیفی شەو دەكەوێ ڕادەچەنم

هیچ كەسێك سەیری من ناكا

تەنیا پشیلەیەكی سەر خڕی

سمێڵ سووتاو نەبێ

لەبەر

مەقاڵەیەكی پڕ لە خەڵووزا نووساوە

نازانم بۆ نەهاتەوە

شەوێكی وەكو ئەمشەوە بوو

كە ئەنكیدۆ بە ناخی زەویدا ڕۆچوو

ڕۆیشت و چەند چاوەڕێم كرد

ئێستاكەیش هەر نەهاتەوە

(ئەگەرچی ڕۆیی قەت ناچێ لەیادم)

دوو شیش شیعری دوانزە گەزی و

یەك چارەكە چیرۆكێكی هاوچەرخانە

پلە و وشەكان یەك بە یەك

جێ گوللەكانى سنگیانم

پیشان دەدەن

پاشان چۆلەكە ئاسا

فڕكە دەكەن

كە دەمەوێ باڵا بگرم و

منیش لەگەڵیانا بڕۆم

پێیەكانم دەبنە دوو پایەی كۆنكریت

بە زەوییەكەوە دەلكێن

ئەم زەمانە زەمانى هەڵفڕین نییە

خەونەكان ئاگرباران كەن

ئەم ئاسمانە لە قوڕقوشم دروست كراوە

ناتوانى باڵەفڕێی تیا بكەی

هیچ مەلی ئاگری نییە

باڵە فڕێی تێدا بكا

ئەم زەمانە زەمانى شیعری لاڵە

تەنیا ئاسن دەزانێ قۆناخ لە كوێیە

كوا دڵێكی ئاسنینی وەك مەتاڵم بۆ دروست كەن

هەرچی شیعری جگەرگۆشەم هەیە بیبەن

هەرچی شیعرم هەبوو بردیان

تەنیا بەردێكیان دامە دەست

زەمانى قاتوقڕییە

گەر بڵێی بەردێكم دەنێ تاوەكو

سەری خۆمی پێ بشكێنم

دەڵێن نییە

ئەمشەو تەنیا خۆم و خۆمم

لە مەیخانەى چۆڵ و تاریكی شیعرێكی داخراوا دانیشتووم

نە گریانێ دێ به‌لامدا

پێكە فرمێسكێكی تاڵم بۆ بهێنێ

تا تەسكینیم دێ هەڵیدەم

نە خەیاڵی خۆ كوشتنێك

بەرانبەرم

لاق دەخاتە سەر لاق هەر

لە دوورەوە

پێكەكەیم بۆ بەرز دەكاتەوە

تاكو منیش بەدەم

زەردەخەنەی بزڕكاوى

سەرخۆشییەوە پێكەكەم

تا دوا چۆڕی هەڵبدەم

بۆ هەر كوێیەك ئەو بیەوێ

دوای بكەوم

ئەمشەو حەز دەكەم وەك ماسی

بە ناخی دەریا شینەكەی

لەبیر چوونەوەدا ڕۆچم

لاشەی هەموو شیعرەكانم

بخه‌مە ناو هەگبە شڕەكەی دڵمەوە

لەگەڵ جوانى

گشت جوانەكانى دنیادا

بیدەم بە كۆڵما و بڕۆم

لەبەردەستی گۆشتخۆرانی ئەم زەمانە جێینه‌هێڵم!

ئێستا ڕێگام بەرەو خوارە

ئەنجام یەكە و ڕێ هەزارە

نەكەی بەر بەدواوە بكەی

ڕێگاى ئەژدیهاى بەرەو خوار

هەڵتەلووشێ و بەرەو خەونی قیڕێكی كوڵاو ڕۆدەچی

كە ئاوڕ لەدواوە دەدەمه‌وه‌

دوێنێ تەمە و

بای زریانە

كۆچی تەمەنێكی سوورە

لەشت دەست و پێیەكانت

جێ دەهێڵێ و

سەرت چاوە زەرد هەڵگەڕاوەكانت هەڵدەفڕێنێت

بەرەو چەمێكی زۆر تاریك

دادەخزێی

ڕەوە بەرازێكی برسی

تاوت بۆ دەهێنێت و تۆیش

نه‌رمه‌ ئاسكێك

لەناو خوێنتا ڕادەپەڕێ

لەم شەوە مل ئەستوورەدا

دەنگی وەك بڵێسەی ئاگر

بەرز دەكاتەوە و

خۆی تێكەڵ

بە لەشی هێشتا نە نوستووی

بەردی پەڵە هەورەكانت دەكاتەوە

ئەمشەو دنیا

عەسا و پاڵتۆكەی لێرە

جێ هێشتووە

بۆ سەیران چووە یا نازانم

یا سەری خۆی هەڵگرتووە؟

دوێنێ بیستم

دوو شێر هەواڵیان دەپرسیت

یەكێ ڕەش و یەكێ سپی

ئەو لەوێ بوو

ئێستا تەنیا

عەسا و سەبیلەكەی نەبێ

هیچی تری دیار نەماوە

بۆ سەیران چووە نازانم

یا سەری خۆی هەڵگرتووە

(ئەی تریفەی مانگی سپی دەركی دەلاقە)

كوانێ سەگیش دیار نەماوە

تا مانگێكی پێ بوەڕێ

ئەم دەرگا پۆڵایینانە

ئەمشەو لە كێ داخراون

كلیلەكانیان لای كێیە

ئەمە مەیخانەى ناخێكی درەنگ وەختە

واهەرچی تیایە وەك لاشەی

دووكانى گۆشتفرۆشەكان

سەر بەرەو خوار هەڵواسراوە

یا من لەسەر سەری

خۆم دانیشتووم ئەمشەو

نازانم بۆ نەهاتەوە

وتی تۆ لێرە دانیشە

دەچم چۆلەكەت بۆ دەگرم

هەزار ساڵە وێنەكەت تەنیا شتێكە لەدیار سەرم هەڵواسراوە

نەكەی بەر بەدواوە بكەی

كە ئاوڕێك دەدەمەوە

نە وێنە و نە دیوارەكەیش

لە جێگەی خۆیا نەماوە

بەم درەنگ وەختە نازانم

كوێ بگەڕێم

هەواڵی تۆ لە كێ پرسم

لەگەڵ چ مێگەلە هەورێكی كۆچەرا

خۆت دایە دەست زریانەوە و ئەو نەیبردی

ئەمشەو ئەگەر

ئەم دیوار و پەنجەرە ئاسنینانەی ئەمشەوە نەبووایە

ڕەنگ بوو

لەشی نەرم و نۆڵی شیعرێك

خۆی لە لەشی وەكو دار وشكهەڵاتووم

بسووایە و

تێر ئارەقی زیندووبوونەوەی كردمایە

ئەم مێگەلە هەورە ئەمشەو

با بەرەو كوێ ڕای دەماڵێ

كێ دەڵێ گڕكانى ئەشقێك

ئێستا لێوە سوورەكانى بۆم نەكردووەتەوە تاكو

تێر تێر دەمی تێ بنێم

ئەویش بۆ زگی دایكی

هەمیشەییم بباتەوە

نازانم بۆ نەهاتەوە

ئەوسا ئەو كاروانسەرا و

من ڕێبواری ڕێگای هات و نەهاتی ئەشقێك بووم

سەرم دەخستە سەر ڕانی

تا گوڵەبەفرینە لەسەر پێڵووەكانم

سەوز نەبووایە

هەڵناسام

ئەمشەو هەرچەند دەمەوێ

لەم سەگوەڕە مۆتەكەیە خۆم ڕزگار كەم

دەستەكانم

دەبنە دوو دارخورماى چۆڵی بیابانێك

چنگ لە زەوییەكە گیر دەكەن

كە دەرگام لێ نەكرێتەوە

گۆشتی لەشی ڕەشی دەرەوەم لێ دەبێ

بە پەیكەری نێرەمووكێكی زەبەلاح

چاوێكم لێ دادەگرێت و

سمتی خڕیم پیشان دەدا

دەرگاكە دادەخه‌مەوە

بۆ ژێرزەمینێك

تونێڵێك

لەناخی خۆما دەگەڕێم

بمگەیەنێت

بە تەڕایی شیعرێك

بە گەرمی گریانێك

بە فێنكی مەرگێكی خۆش

ئەمشەو نە شاجوانى مەرگێك

دوگمەی سینە سپییەكەییم بۆ دەكاتەوە تا منیش

بەدەم مەستییەوە بیمژم

تا چی ڕەوە گورگ هەیە لە دەورەمدا

بڕەوێتەوە

نە كچۆڵە نامیهرەبانەكەی گەردوون

دێتە لام و خۆیم دەدا بەدەستەوە

تا دەتوانم تێكەڵی بم و سبەینێ

بە دڵنیایییەوە لەگەڵ

ڕەوە گورگی مەرگا بڕۆم

تۆ دەیزانى

بۆ پۆلە كۆتری شیعرم

بە منارە و گومەزی ئەم شارە ساختانە

ئاشنا نین

چونكە دنیا ئەمشەو ڕەزی

سۆزانییەكەی ئۆرۆكە و

مەی لە دنیادا نەمێنێ

ڕووی تێ ناكەم

من چاوەڕێ بووم ئەو بێت

بە ڕێی لووتكەی سەختدا بمبا

كەچی ئەو هات و بێ خشپە

بەدیار سەرمەوە ڕاوەستا

چاوی بڕییە لاشەكەم

چەند چاوەڕێم كرد نەبزوا

ئێستا تەنیایی خەریكە

دەست و پەنجەم لەگۆ دەخا و

بە لێفەی بەفرێكی ئەستوور

دامدەپۆشێ

تا لەبەر گەرمایی ئەم شەوا

نەتوێمەوە و نەبمە هاڵاو

ئەگەر ئەمشەو

نەتوێمەوە و نەبمە پەڵە هەورێكی ڕەش

ئاسمان برووسكە لێ نادا

دنیا بەتاریكی ئەمشەو

بەسەر دەبا

ئەمشەو تەنیا

من و ڕووبارێكی مردوو

بە دیار یەكەوە دانیشتووین

لاشەی یەكتر دەپارێزین

جارێكیان ئەو هەڵسا

هەرچی غه‌مێك لەدڵما بوو

لەگەڵ خۆیا بردی و ڕۆیی

جارێكیش من لە تینووانا

مژم پێوە نا و چی ئه‌شقی

لە دڵیا بوو

هەڵم مژی و

بەرەو وشكیی بیابانێكی دوور بردم

ئێستا چاوەڕێی وەرزێكین

جزمە و پاڵتۆكەی لێرەدا

جێ هێشتووە

بۆ سەیران چووە نازانم

یا سەری خۆی هەڵگرتووە

شەوێكی وەكو ئەمشەو بوو

دەریا هات و دڵی سوێری لەبەر دەمما ئاواڵە كرد

Amedeo-Modigliani-The-Beautiful-Confectioner-and-Portrait-of-Mario-Varvogli

مەرگی گوڵێكی تیا بوو

من دەرم كرد

لەگەڵ بەردێكا دانیشتم

تا گلەیی مەرگی لە لا بكەم

كەچی ئەو زوو پێشم كەوت

داخی نەمری بۆم گێڕایەوە

ئەگەر دەریا

نەتوانێ دەستی پایزێ

لە یەخەی گوڵێكی سەرما

بكاتەوە

دەریا نییە

ئەگەر ڕووبار

بەدواى گوڵێكی تینووا

ڕێگاى بیابانان نەگرێ

ڕووبار نییە

من بەدیار لاشەكەیەوە دانانیشم

ئەمشەو تەنیا

من و كچۆڵەیەكی هەرزەكار

بەرانبەر یەكتر دانیشتووین

من چاوەڕێی ئاوڕێكی پڕ ئارەزووی ئەو دەكەم

ئەو چاوەڕوانى پاسێكی

هات و نەهاتی ئێوارەی

ئەم شارە قەحپەیە دەكات

من بەدمەست و

ئەو مەیخانەیەكی چۆڵی قەراغ شارە

كێ دەتوانێ

تێكەڵی یەكتریمان كا و

لێكمان جیاكاتەوە ئەمشەو.

1977 بەغدا

ڕاڤە: تا زمانی كوردی له‌ جه‌نگی نووسیندابێ و كورد داهێنانی خۆی بناسێت. ده‌قی: (شه‌وێك له‌ شه‌وانی سیمرخ)ی سه‌ڵاح شوان له‌ هه‌قیقه‌تی زمان و داهێنانمان به‌ئاگا ده‌هێنێته‌وه‌… سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌