ماڵئاوایی – دوای ساڵانێک
کاژین گەردی
ماڵئاوايى
سەیری ئاوێنە دەکەم
وەك یەکەم شەوی ئاوێنە بەخت چاو لێدەکەم
تۆ دەبینم وەها نزیک دەبیتەوە
سەرت دەخیتە سەرهەمان سەرین
هێندەی نزیکی نەیزەکێك کە لە خۆر نزیک دەبێتەوە
پڕ هەستترین وشەکان بە گوێمدا دەچرپێنی
دەمژەنی وەك ئەوەی ئامێرێکی میویزیك لە دەستتدا بێت
هەڵمدەلوشی وەك یەکەم دیدار
دەمکێشی وەك ڕێگەپێداوترین کۆتا جگەرە
لاقت دەخەیتە ناوەنگی لاقەکانم
پێشووتر قەت ئەوەندە پڕ ماڵئاوایی خۆشەویستیت دەرنەبڕیبوو
پێم دەگوتی: تۆ سەرسەریت بۆچی وا ڕەفتار دەکەی کە بەیانی جێم دەهێڵی؟
ماچێك لە نێوچەوانم جێدەهێڵی
یاری بە وشەکان دەکەیت لەنێو دەم و زمانت
دەمزانی ناتەوێ بیڵێی بەڵام دەیڵێی
ئازیزەکەم بەیانی نا، من دەمێکە بە جێم هێشتتووی…

دوای ساڵانێك
لەبەر دەرگای باخەکەم، لەسەر کورسییە دارینەکە دانیشتی.
وەها لەیەکمان دەڕوانی هەستم بە دڵە تەپێی هەردووکمان دەکرد
دەتویست بپرسی بــۆ؟
دەمویست بپرسم لەبەرچــی؟
بە نیگاکانت ماچت دەکردم
بە بزەکانت سەما
کە دەکەوتینە باسی دونیا
دەگەڕایتەوە باسکردنی ڕۆژە کۆنەکان
دەتویست بپرسی بــۆ؟
دەمویست بپرسم لەبەرچــی؟
کۆنە پۆش ببووی، کۆنە
پرس ببووی
بەتایبەت
کۆنە نیگاکانت هێشتا تێدا بەجێ مابوو
ئەتۆ جگە لە یادەوەرییە جوانەکان هیچت بە بیردا نە دەهات
ئەمن جگە لە کۆنە ئازارەکان هیچم بە دڵدا نە دەهات
بەو پەڕی پڕ پرسیت
دەتویست بپرسی بـۆ؟
بەوپەڕی بۆشاهیم دەمویست بپرسم لەبەر چی؟
نە من بەتاوی باسکردنی مۆزەخانە تەپوتۆز لەسەر نیشتوەکەی ناخم بووم
نەئەتۆ خۆڕاگری ئەو پڕ پرسیە بووی
وەك ئەوەی بتەوێ دەنگی دەریایێک کپ بکەی… کڕ ببووی
مەچەکت نوساند بە مێزەکە
بە ئەندازەی نائارامیت پێکی مەييـەکەت دەخواردەوە
ئەوجا زانیم تۆ وەڵامی پرسیارەکەت لە چاوەکانم خوێندەوە…
١٤ی حەوزەیرانی ٢٠٢٣
