تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ

هاشم عەبدوڵا؛ دەرگا مردووەکە


کورتە چیرۆک

Loading

دەرگا مردووەکە

  • هاشم عەبدوڵا
    هاشم عەبدوڵا

*

لە چاوشارکێی شەوانی هاوینی نێو کۆڵان دا ، بەیەکەوە دڵخۆش دەبووین…  بەڵام بە تەنیا دەترساین، لە تاریکیدا پشیلەی ڕەش جلی سەر تەناف دەیانترساندین، کە بە یەکەوەش بووین تەنیایی ژنێک ترسی ناخی هەموومان بوو؛ پیرەژنێکی گۆچان بەدەست نهێنی کۆڵانەکەمان بوو، گەر چاوشارکێمان نەکردبا، ئەوا لە دەرگاکانمان دەدا و ڕاماندەکرد. هەر  کە نۆرەی ماڵی پیرەژن دەهات بوێریشمان هەبا نەدەکرا لە دەرگا بدەین چونکە هەمیشە دەرگاکەی ئاوەڵا بوو. ئەو لە هەیوانەکە دادەنیشت و سەیری کۆڵانی دەکرد لەبەر خۆیەوە دەنگێکی لێوە دەها وەک نوزەنوز بوو بە یەکترمان دەگوت؛ ئەوە قسە لەگەڵ جنۆکەکان دەکات…

**

هاوین و وەرزەکانی تریش تێدەپەڕی مناڵیمان لێ بەجێدەما، چیتر یاری بەچێژ و تاریکی تۆقێنەر نەبوو… ئیدی گەورەبووین، وازمان لە چاوشارکێ هێنا  چوبکە نەماندەتوانی باڵامان بشارینەوە. نهێنی پیرژنەکەش چیتر شاراوە نەبوو هەموو شتێک تا ئەو شوێنە ترسناکە کە نازانین چییە! زانینی ڕاستی هەر نهێنیەک ترس بەتاڵ دەکاتەوە…

ئاشکرا بوو ئەو نووزە نووزە قسەکردن لەگەڵ جنۆکە نەبوو، بەڵکو لایە لایە بوو بۆ کوڕەکەی، کە لە سەردەمی سەدامی دیکتاتۆر بەیانیەک کۆمەڵیک سەرباز دەرگاکە دەشکێنن و کوڕەلاوەکەی پیرەژن لەنێو پێخەفی خەو قۆڵبەست دەکەن و دەیڕفێنن. ڕژێمی دیکتاتۆر دەیزانی گەنجینەی هەموو خێزانێکی کورد گەنجەکانیەتی بۆیە گەنجەکانی دەڕفاند، دەیبردن بۆ زنیدان و ئەشکەنجەدان، مەرگ، یاخود  بۆ بەرەکانی جەنگ و سەربازی زۆرەملێ… ئەو گەنجانەی لە بری سەربازی  بۆ ڕژێم، دژی ڕژێم شۆڕشیان هەڵدەبژارد زیندانی دەکردن یان لە سێدارەی دەدان.

دوای ئەو ڕووداوە ڕۆژانە لەبەر دەرگا دادەنیشت و سەیری سەری کۆڵانی دەکرد بەڵکو باڵای کوڕەلاوەکەی دەرکەوێ، گەر مناڵ بەرچاویان بگرتبا  گۆپارەکەی دەوەشاند تا دوورکەونەوە لە دیدەی چاوانی،لە شەویش دا لە ژێر هەیوانەکە دادەنیشت تا خەو دەیبردەوە چاوەڕی بوو دەرگاکەی دانەدەخست، چونکە دەرگاکە دوای شکانی مردبوو،هەر شتێ تا ئەو کاتە زیندووە کە ئیشی خۆی بکات ،ئیشی دەرگا لە داخستن دا دابڕینی سنوورە لە نێوان بێگانە و خاوەن ماڵ پاراستنی سەروەتی ماڵە بەڕووی کەسانی دەرەوەی ماڵ، کاتێ کەسێ لە دەرگا دەدا،دەبێ دەنگێکی لێوە بێ تا خاوەن ماڵ بە ئاگابێ تا نەزانێ کێیە ئاشنا یان بێگانە دۆست یان دوژمن نابێ بکرێتەوە…

***

پرسەکەمان دوایین ساتی زیندوێتی دەرگاکە بوو، چونکە دەنگی دەرگاکە زیاتر لە هاوارکردن دەچوو. بیرمان دێت ئەو بەیانییە لەبری کەڵەباب، قیژەی دەرگاکە هەموو خەڵکی کۆڵانی وەئاگا هێنا، گەنجێک بە قۆڵ و چاو بەستراوی بەبەردەمی دا تێپەڕی، ئەمیش بوو، بە تەرمێکی لکێنراو بە دەروازەی ماڵەکە…

 ئەو زەمەنە ژمارەی خانوو لەسەر دەرگا دەنووسرا، یەکەمین جارێک کە ژمارەی خانوو لە دیوار بنووسرێ لە دیواری تەک ئەم تەرمە هەڵواسراوە بوو. بە تێپەڕبوونی کات، جگە لە پیڕێژنەکە، دراوسێکانش هەستیان بە مردوێتی دەرگاکە کرد لە کاتی ژەمەکان بە قاپێ چێشتەوە تێدەپەڕێن و دەستیان لێ نەدەدا،  سەیریان نەدەکرد؛ ئەو فەرامۆشکردنە و نەبینینە ڕەنگە وایکردبێ دەرگاکەش بەمردنی خۆی بزانێ…

****

ساتی زانینی هەر مردوویەک بە مردنی خۆی، ئەو ساتەیە کە زیندووەکان نایبینن…

 کۆتا ڕۆژەکانی بوونی ئەم تەرمە لە کۆڵانەکەمان نیوەڕۆیەک بوو کە  دراوسێیەکی  پیرێژن،  بە قاپێ چێشت ڕۆشتە ماڵەکە و دوای ساتێ بە ڕاکردن لە دەروازەکە هاتە دەرەوە، لە کۆڵانەکەوەکە جاڕی مردنی پیرەژنی دا…

  هەفتەیەک دوای بەخاکسپاردنی پیرەژن، ماڵەکەش بوو بەتەرم، خەڵکی کۆڵان لە دەڵاڵی خانووبەرەکەیان بیستبوو لە کاتی مامەڵەکردن وتبووی ”ئەو خانییە مردیە، ئەمن تەنها نرخ بە زەویەکە دەدەم، گەر بیکڕم تەختی دەکەم خانووەکی نوێی لێ بینادەکەم” .

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌