دوو شیعری جەلالی میرزا کەریم
نەء، دڵدار نین
برا…
گوایە ئێمە… ھەڵبەستێکین بۆ دڵداری
چرا…
بۆ ڕێی… نەء، بۆ کوختەی ھێجگار تاری
شەوی جووتیارێ ھەڵئەکەین
بەڵام… بەڵام درۆ ئەکەین
چونکە ئازاری کاروانمان بە ڕێ ناکەین
ئاڵای یاخیبوون ھەڵناکەین
چونکە ئەگەر ھەستیار بین
ببوورە… نەء، گەر دڵدار بین
ئەبێ ھەوری ڕووخێنەری
کێو… نەء، تەلاری ئازار بین
ئەبێ پێشمەرگەی سەنگەری
چوونە سەر سێدارەی وشەی ڕێی بڕیار بین
* ڕۆژنامهی برایهتی، ژماره (1) 1972.
لە ھاتنتا
کاتێ ھاتی…
بزەی ھیوای مناڵەکانی کوردستان
چاوەڕوانی… ماچی ئاسۆیەکی سوور بوون
کاتێ ھاتی…
باخی خەمی شارەکانمان
چاوەڕوانی… تاڤگەی گۆرانیی چنوور بوون
کاتێ ھاتی…
دەنگ… چاوەڕێی ھاوارێ بوو
کاتێ ھاتی…
ڕەنگ… چاوەڕێی نیگارێ بوو
***
لە ھاتنتا…
ڕێگای سەنگەر… بە ھەورازی کێوی ستەما ھەڵزنا
لە ھاتنتا…
ناوی ڕابەر… لە دەفتەری پێشمەرگەکانمانا نووسرا
لەناو ھەموو ئەشکەوتێکا
چرای ھاوارمان ھەڵکرا
لەناو ھەموو گەروویەکا
گۆرانیی (بارزانی) وترا
* ڕۆژنانهی برایهتی، ژماره (13) 1972.
تێبینی:
ئەم دوو شیعرە لەلایەن سەباح ڕەنجدەری شاعیرەوە نوسراوەتەوە.
فەرموون لەگەڵ پێگەی ئەلکترۆنی شاعیر `جەلالی میرزا کەریم`