وه‌رگێڕان
به‌بڕوای جیرارد، ئه‌و په‌یامه‌ی مه‌سیحیه‌ت كه ڕایده‌گه‌یه‌نێت پاكێتیی و بێگوناهی كه‌سی قوربانیی تاوانباركراو له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری گشتییه‌وه ده‌سه‌لمێنرێت، سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و ساخته‌یی و خه‌ڵه‌تاندنه ده‌كات كه له‌ناو سروته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندایه و گوایه به‌هۆیه‌وه كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان ده‌یانه‌وێت ئاشتی له‌نێو ئه‌ندامه‌كانیاندا سه‌قامگیربكه‌ن. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایلێده‌كات نه‌متمانه و نه بڕوا به‌و چاكیی و باشیانه بكات كه به‌خشراونه‌ته پرۆسه‌ی قوربانیدان.
جیرارد: بیریاری كێبه‌ركێ
جیرارد Rene Girard ساڵی 1923 له‌شاری Avignon له‌دایكبوه و له‌خوێندنگه‌ی Chartes خوێندویه‌تی، پاشان ئه‌ده‌بی له‌زانكۆی ئیندیانا له‌وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا خوێندوه و ساڵی 1953 به‌رگری له‌تێزه‌ی دوكتۆراكه‌ی كردوه. له‌ساڵی 1957 دا له جۆن هۆبكنز خوێندویه‌تی و یه‌كه‌م كتێبی خۆی له‌ساڵی 1961 دا به‌ناونیشانی (درۆی رۆمانتیكیی و هه‌قیقه‌تی رۆمانئاسایانه). ساڵی 1968 كراوه‌ته مامۆستا له‌زانكۆی ده‌وڵه‌ت له‌نیۆرك و له‌وێ له‌كاتی ئاماده‌كردنی كتێبی دوه‌میدا به‌ناونیشانی (توندوتیژیی و موقه‌ده‌س) سه‌رقاڵی توێژینه‌وه بوه له‌شكسپیر و ئه‌تنۆلۆژیا. پاشان ساڵی 1975 ده‌گه‌ڕێته‌وه زانكۆی جۆن هۆبكنز و له‌سه‌ره‌تای 1980 دا له‌زانكۆی ستانفۆرد توێژینه‌وه ده‌كات، هه‌ر له‌وكاته‌شدا كۆمه‌ڵه‌ی (Jean Pierre Dupuy) وه‌ك سه‌نته‌رێكی فره ئاڕاسته بۆ پسپۆڕییله‌توێژینه‌وه تیۆریه‌كاندا داده‌مه‌زرێنێت. جیرارد خاوه‌نی چه‌ندین كتێبه كه هه‌مویان ده‌رباره‌ی بیریی ئه‌نترۆپۆلۆژیی و شیكاری ئه‌ده‌بیین. هه‌ر له‌و ده‌مه‌شه‌وه گه‌شه‌ی به تیۆره‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن داوه ده‌رباره‌ی كێبه‌ركێ و رۆڵی له‌كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كاندا، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی دراوه‌كانی مێژوی ئاینه‌كان و شیكاریی نوسینه ئه‌ده‌بیه‌كان. ئه‌مێستا خانه‌نشینه و له‌ئه‌مریكا ده‌ژی. به‌م دواییانه‌ش كۆمه‌ڵێك دیالۆگی بڵاوكرده‌وه له‌ژێر ناونیشانی (بنچینه‌كانی كو‌لتور)، كه له‌بڵاوكراوه‌كانی wrBro D. de ی پاریس، ساڵی 2004 ه‌و تیایدا قسه له‌سه‌ر تێكڕای كاره‌كانی خۆی ده‌كات.
له‌كتێبه‌كانیشی:
- قۆچی قوربانی، پاریس 1982
2 .- ئه‌وه‌ی كه فیتنه‌گێڕه، پاریس 2001
3 . ڕێچكه‌ی كۆنی خه‌ڵكه لاده‌ره‌كان، پاریس 2001
4 .- ده‌نگی ئاڵۆزی واقیع، پاریس 2004
لێ لێره‌دا پرسیارێكی تر دێته پێشێ: ئایا جیرارد مێژونوسی ئاینه‌كانه یا ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌ب، ئه‌نترۆپۆلۆژه یان فه‌یله‌سوف؟ یان هه‌مو ئه‌وانه‌یه له‌یه‌ك كاتدا؟ ئایا مرۆڤ چۆن ده‌توانێت له‌شیته‌ڵكردنی چه‌مكی ئیره و حه‌سودی لای شكسپیره یاخود گاڵته‌جاڕیی لای سارته‌ره‌وه بڕوات به‌ره‌و تانه‌و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ته‌لمود؟ ئه‌ڵبه‌ته پاش تێپه‌ڕینی به‌شیكاركردنی سروتی قوربانیدان به‌كۆیله لای خێڵه‌كانی دایاك له‌دورگه‌ی بۆرنیۆ و ئه‌فسانه‌ی ئۆدیپ، هه‌مو ئه‌مانه‌ش به‌بێ توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانیی و تاقیكارییانه به‌پاڵپشتی كتێب و سه‌رچاوه؟ ئه‌و هه‌ر له‌یه‌كه‌م كارییه‌وه به‌ناوی (درۆی رۆمانتیكیی و هه‌قیقه‌تی ڕۆمانئسایانه) 1961، (توندوتیژیی و موقه‌ده‌س) 1972 بۆ (شته شاراوه‌كان هه‌ر له‌دامه‌زرانی جیهانه‌وه) 1987 تاوه‌كو (قۆچی قوربانی) له 1982 دا هه‌رگیز كاره‌كانی له‌په‌ره‌سه‌ندن نه‌كه‌وتون، ئه‌مه جگه له‌به‌ركه‌وتنی به جه‌ماوه‌رێكی به‌ربڵاوتر له‌بازنه‌ی پسپۆڕان، كه به‌دڵنیاییه‌وه بۆته مایه‌ی خوڵقاندنی كاردانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی وهه‌ندێكجاریش زۆر توند له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه. زیاد له‌جارێكیش بیستراوه كه وتویانه بیری جیرارد هیچ نیه جگه له‌پارچه‌یه‌ك كه‌ره‌ی زۆر بچوك له‌سه‌ر له‌تێك نانی گه‌وره، یان وتراوه جیرارد دوای هه‌ندێك تێزه‌ی ئومێده‌وار و پڕ خواست كه‌وتوه كه بۆ تاقیكردنه‌وه و قه‌بوڵكردن مه‌حاڵن. لێ سه‌رباری هه‌مو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ش ساڵی 1982 له سیریزی لاسال كۆنفرانسێك كرا بۆ توێژینه‌وه و پشكنینی شیكاره ئه‌نترۆپۆلۆژیه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی قوربانیدان و فیداكردن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له‌ساڵی 1994 ه‌وه گۆڤاری (Contagion) به‌وردی چاودێری كاره‌كانی ده‌كات، وه‌كچۆن دیدارێكی نێوده‌وڵه‌تی ساڵانه‌شی ڕێكخست ده‌رباره‌ی توندوتیژیی و موقه‌ده‌س، هه‌مو ئه‌وانه‌ش به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی جیرارد بایه‌خدارن له‌جیهانی ئه‌كادیمیدا.
هه‌ندێكجار لێره‌و له‌وێ ده‌خوێنینه‌وه كه جیهانی جیرارد جیهانی تاك بیرۆكه‌یه. كه ئه‌م ڕه‌خنه‌یه ده‌بیستین نازانین
به‌ڕاستی مه‌به‌ست له‌چیه، ئایا مه‌به‌ست له‌پره‌نسیپی لاساییكردنه‌وه‌یه، یان به‌كوشتنی دامه‌زرێنه‌رانه، مه‌به‌ست له‌میكانیزمی قوربانیدان و فیداكارییه، یان به دیمه‌ن و سیمایان له‌ئینجیلدا.. یان چی؟ ئایا ئه‌و تاكه بیرۆكه تایبه‌ت و دانسقه‌یه چیه كه ئه‌م جۆره له‌ڕه‌خنه ئاماژه‌ی پێده‌دات؟ له‌ڕاستیدا هه‌مو ئه‌و ئایدیایانه ئه‌چنه ناو خانه‌ی یه‌ك بونیادی ئاوێته‌وه، یه‌ك تیۆره‌ی گشتی ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی كێبه‌ركێی ململانێئاسایانه‌ی نێوان مرۆڤه‌كان، ده‌ره‌نجامه سروتیه‌كانیان و په‌یوه‌ندیشیان به مێژو و گه‌شه‌كردنی ده‌زگاكانه‌وه. كه‌واته ئێمه له‌به‌رده‌م كارێكی مه‌زنداین، له‌به‌رده‌م بونیادێكی گێڕانه‌وه‌یی ئه‌نترۆپۆلۆژی زۆر گه‌وره و زه‌به‌لاحداین كه له‌مڕۆدا كه‌س نیه‌تی، كارێك كه بێدودڵی ده‌توانێت بڵێت خاوه‌نی كلیله‌كانی بنچینه و چاوگه‌كانی كولتوره كه بۆ خۆی ناونیشانی دوا كتێبی جیرارده له 2004 دا. باشه ئه‌ی له‌كوێوه و چۆن هێڵه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م بونیاده فیكرییه مه‌زنه بگرین؟ له‌ساڵی 1979 دا و پاش ده‌رچونی كتێبه‌كه‌ی (شتگه‌لێك شاراوه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زرانی جیهانه‌وه) گفتوگۆیه‌كی توند هاته ئارا كه ته‌نانه‌ت سنوری پیرۆزی زانگۆ و گفتوگۆ ئه‌كادیمیه‌كانیشی به‌زاند: ئایا كاتێك جیرارد ده‌ڵێت مه‌سیحیه‌ت ئه‌و ساخته‌یی وفێڵكردنه ڕه‌خنه و ڕوتده‌كاته‌وه كه له‌میكانیزمی فیداكاری و قوربانیداندایه، ئایا به‌م كاره‌ی، خۆی دیسانه‌وه مێژوی ئاینه‌كانی تێكه‌ڵ به خودی ئاینه‌كان نه‌كردوه؟ ئ له‌و چركه‌ساته‌وه ئیدی جیرارد له‌توێژینه‌وه‌كانیدا كار له‌سه‌ر شیكاركردنی ئه‌و دابڕانه ده‌كات كه په‌یامی ئینجیلیی له‌ناو كه‌له‌پوری مه‌سیحییدا دروستیكردوه. له‌و توێژینه‌وانه‌شی (ئه‌هریمه‌ن ده‌بینم وه‌ك بروسكه ده‌كه‌وێت) له‌ساڵی 1999، (ئه‌وه‌ی كه فیتنه‌گێڕه) ساڵی 2001، هه‌روه‌ها (ده‌نگی ئاڵۆزی واقیع) له‌ساڵی
2002 دا.
ئێستا بابزانین جیرارد دۆركایمێكی ڕادیكاڵه وه‌ك خۆی ده‌نوسێت، یا لاهوتییه‌كی پۆست مۆدێرن؟
ئه‌وه جیرارد خۆیه‌تی له‌م دێڕانه‌ی خواره‌وه‌دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ده‌داته‌وه:
_ ئایا ده‌توانین بزانین له‌وه‌ته‌ی ده‌ستت كردوه به نوسین، ده‌ته‌وێت به‌رگری له چ بیرۆكه‌یه‌ك بكه‌یت؟
جیرارد: تیۆره‌كه‌ی من شانداده‌داته سه‌ر گریمانه یا جۆرێك له‌بۆچونی سه‌ره‌كی كه بریتیه له‌وه‌ی: ئاره‌زوه‌كانی مرۆڤایه‌تی ملكه‌چی یاسای لاساییكردنه‌وه‌ن، واته ئاره‌زوگه‌لی لاساییكه‌ره‌وانه‌ن، یان به مانایه‌كی تر ئاره‌زوگه‌لێكن ڕوه‌و ئه‌و بابه‌تانه ملده‌نێن و ئاڕاسته‌ده‌كرێن كه خه‌ڵكانی دیكه‌ش ئاره‌زوی ده‌كه‌ن. چه‌نده ئاره‌زوه‌كانی ئه‌وانی تر توند و به‌هێز بن، ئاره‌زوه‌كانی منیش به‌هه‌مان شێوه توند و به‌هێز ده‌بن. له‌گه‌رمه‌ی ئه‌م كێشمه‌كێشه‌شدا ڕه‌نگه وای لێبێت ئاره‌زوی به‌رامبه‌ره‌كه‌م زۆر بۆ گرنگتر بێت له‌خودی بابه‌ته‌تی ئاره‌زوه‌كه: ئیدی لێره‌وه كێبه‌ركێكه ده‌گۆڕێت و ده‌بێته ململانێیه‌كی تاكه‌كه‌سیانه و به‌به‌رده‌وامیش ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ڵگیرسان و ڕودانی توندوتیژیی له‌ئارادان و گه‌شه‌ده‌كه‌ن. خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا ململانێی مرۆیی، زاده‌ی كێبه‌ركێیه. لای ئاژه‌ڵانیش ململانێكه ئه‌نجامی كێبه‌ركێیه، كێبه‌ركێی سێكسیی بۆ نمونه، كه زیاتر له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی په‌یوه‌ندیه‌كانی زاڵبون و كۆنترۆڵكردنه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێت و یه‌كاڵا ده‌كرێته‌وه: ئاژه‌ڵه لاوازه‌كه مل ده‌دات بۆ ئاژه‌ڵه به‌هێزه‌كه و ملكه‌چی ده‌بێت كه ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی بریتیه له‌سه‌قامگیربونی سیستمێكی هیراركیی تاڕاده‌یه‌ك جێگیر. لێ لای مرۆڤ به‌هه‌مان شێوه نیه: چونكه خه‌ڵكی هه‌روا و له‌خۆوه ملناده‌ن، به‌ڵكو ده‌ستده‌ده‌نه ئه‌نجامدانی كارگه‌لێكی توندوتیژ كه كۆتایی نایه‌ت. هه‌ربۆیه جۆرێك له‌تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی دواخراو پیاده ده‌كه‌ن، له ڕێگه‌ی لاساییكردنه‌وه‌یشه‌وه ده‌یكه‌نه كێشه‌ی ته‌واوی گروپه‌كه‌یان. كه‌واته توندوتیژیی مرۆیی توندوتیژییه‌كی درم و په‌تائاسایه: له‌تاك به تاكی گروپدا بڵاوده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كه من ناومناوه (قه‌یرانی لاساییكردنه‌وه) كه ڕه‌نگه بۆ خۆی ببێته مایه‌ی قه‌سابخانه‌ی كۆگه‌لیی. گه‌ر له‌ڕوانگه‌ی دیدی گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بكه‌ین ئه‌وا شتێكی باش و گونجاو نابینین. به‌دڵنیایه‌وه، چونكه زانایانی بواری پالیۆئه‌نترۆپۆلۆژی (واته زانستی توێژینه‌وه له‌بنچینه و ڕه‌گه‌زی مرۆیی به‌پێی ئه‌و پاشماوه‌و ئێسكوپروسكانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان و ماونه‌ته‌وه، و.ك،) پێیانوایه ڕه‌نگه زۆر له‌گروپه مرۆیی و به‌ر له‌مرۆییه‌كانیش له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌و توندوتیژییه فه‌وتابن و نه‌مابن كه له‌نێو مرۆڤه‌كاندا هه‌بوه. له‌وانه‌شه گه‌ر بڕێك میكانیزم نه‌بونایه بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و سوڕی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و قه‌یرانه قوڵانه، به‌رده‌وامبونی ته‌واوی ڕه‌گه‌زی مرۆیی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌وتان و له‌ناوچوندا بوایه. ئه‌م میكانیزمه‌ش كه پێشتر له‌كتێبی (توندوتیژیی و موقه‌ده‌س) دا باسمكردبو بریتیه له‌میكانیزمی (كوشتنی دامه‌زرێنه‌رانه) كه له‌ڕێگه‌یه‌وه و به‌هۆیه‌وه خه‌ڵكی توانیویانه ده‌رمانی كاتی بۆ قه‌یرانی لاساییكردنه‌وه بدۆزنه‌وه: ئه‌ویش به‌گوێزانه‌وه‌ی درمه‌كه بۆ یه‌ك تاكه قوربانی، تاكه قوربانیه‌ك هه‌ڵگری هه‌مو ئه‌و ئاره‌زوه كێبه‌ركێكارانه‌یه كه بووه به بابه‌تێك بۆ ڕقێكی كۆگه‌لیی. ئه‌و فیداكراوه‌ی قوربانی پێدراوه، له‌لایه‌ن هه‌مو گروپه‌كه‌وه مۆرك و وێنه‌ی دوژمنی پێده‌به‌خشرێت، به‌و كاره‌ش ململانێی نێوان كۆمه‌ڵه و گروپه كێبه‌ركێكاره‌كان ده‌وه‌ستێنرێت. دیاره هه‌رچی ئه‌فسانه‌ی میلله‌ته دێرینه‌كان هه‌یه نیه قۆناغێكی وای له‌خۆ گرتوه. من خۆم میكانیزمی ئه‌م قوربانی و فیداكارییه به بنچینه و سه‌رچاوه‌ی هه‌مو سروته‌كان داده‌نێم، كه نمونه و كۆپیه تازه و ئاشكرا‌و پێشكه‌وتوه‌كه‌ی بریتیه له‌سروتی قۆچی قوربانی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئینجیل له ده‌ستنوسی شانزه‌یه‌مدا باسیده‌كات، هه‌روه‌ها سروتی فارماكۆس له‌وڵاتانی گریكی كۆندا: كاتێك به‌ڵا و موسیبه‌ت ڕویكردبێته شارێك، مرۆڤێك یان ئاژه‌ڵێكی پارێزراو كراوه‌ته قوربانی.
_ ئه‌ی باشه فه‌رمان و وه‌زیفه‌ی سروته‌كانی قوربانی و فیداكاریی چیه؟
جیرارد: وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌كتێبه‌كه‌ما (شتگه‌لێك شاراوه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زرانی جیهانه‌وه) باسمكردوه، ئه‌و نه‌ریته سروتئامێزانه كه رۆڵه سه‌ره‌كیه‌كه‌یان بریتیه له‌سه‌پاندن و به‌رقه‌راركردنی ئاشتی له‌لای گروپ، نمونه‌ی هه‌مو سروته‌كانی قوربانیدان و فیداكاریین. هه‌ر له‌و كاته‌شه‌وه مرۆڤ هێشتا هه‌ر ئاگایانه و به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو خه‌ریكی لاساییكردنه‌وه‌ی كرده‌ی كوشتنی كۆگه‌لییه، كوشتنێك كه له‌سه‌ره‌تادا خۆوه‌كی و هه‌ڕه‌مه‌كی بو، كه‌چی پاشتر هێدی هێدی له‌فۆرم و شێوه‌ی ده‌زگاكاندا ده‌ركه‌وت و خۆی نواند، تا وای لێهات: قوربانییه‌كیان هه‌ڵده‌بژارد و له‌سروتێكی فیداكاریی كۆگه‌لیدا ده‌یانكرده قوربانی، به‌وه‌ش ئاشتییان ده‌چه‌سپاند و خۆشگوزه‌رانیان ده‌سته‌به‌رده‌كرد.
خۆی ئه‌و نه‌ریت و خوه سروتییانه تاڕاده‌یه‌ك دوباره‌كردنه‌وه‌یه‌كی سیمبولیانه‌ی پڕۆسه‌ی كوشتنی دامه‌زرێنه‌ره: هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و هۆكاره‌یه وام لێده‌كات باس له‌بنچینه‌ی كو‌لتور بكه‌م. میلله‌ته دێرینه‌كان له‌سه‌ر هه‌ق بون: چونكه خوه سروتییه‌كانیان بنچینه‌یه‌كی فه‌رمانیی هه‌بوه. كه‌سانێك هه‌ن پێیان وایه كه خوه سروتیه‌كان هیچ بنچینه و بنه‌مایه‌كیان نیه، به‌ته‌نها شتگه‌لێكن دروستكراو و زۆر سیمبولی، من ده‌ڵێم نا، ئه‌و خوه سروتییانه وه‌نه و نمایشه‌كانی ڕوداوی دروستكه‌ر و دامه‌زرێنه‌رن كه ئامانجیان چه‌سپاندنی ئاشتی و وه‌لانانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه. كۆمه‌ڵگه دێرین و له‌مێژینه‌كان ئه‌م دیارده‌یه وه‌ك ده‌ركه‌وتنی یه‌زدان و خواوه‌نده‌كان شرۆڤه ده‌كه‌ن. ئه‌نترۆپۆلۆژیاش گوتاری ئه‌و كه‌سانه خۆیان به‌جیدی وه‌رناگرێت كه ده‌ڵێن نه‌ریت و خوه سروتیه‌كان له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ دامه‌زراندن و زیاتر چه‌سپاندنی گروپه، یان بۆ بارینی باران و …هتد. لێ تیۆره‌ی لاساییكردنه‌وه ده‌توانێت ئه‌مه بكات. ته‌واوی گروپ له‌سه‌ر ئه‌م نه‌ریته سروتیانه دروستبوه و وه‌ستاوه كه ئاشتی به‌رقه‌رار ده‌كه‌ن و ده‌یچه‌سپێنن: هه‌ر له‌هاوسه‌رگیرییه‌وه بیگره تا سروته‌كانی گواستنه و سروته وه‌رزییه‌كان.. نه‌ریته سروتیه‌كان، یا ریتواله‌كان كرداری سه‌ره‌كی مرۆیین: بۆ نمونه كرده‌ی قوربانیدان به قۆچێك خۆی كرده‌یه‌كی ژیارییه، میكانیزمی پاراستن و عه‌ماركردنه: چونكه چه‌نده كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك قۆچێك بكاته قوربانی ، ئاستی توندوتیژیی تیایدا كه‌مده‌كات و لاواز ده‌بێت، هه‌ربۆیه پێویسته باوه‌ڕ به سه‌ركه‌وتویی قوربانیدان به‌قۆچێك بكه‌ن.
_ تا چ ڕاده‌یه‌ك ئه‌م ریتواڵی قوربانیكردنه بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ڕاسته، نه‌وه‌ك ته‌نها تایبه‌ت بێت به‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی كه به‌ڕاستی پراكتیكیان كردوه؟
جیرارد: میكانیزمی قوربانیدان به قۆچێك ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌گرێته‌وه. ئێمه هه‌مومان له‌ناو خۆمانا اه‌و جۆره له‌دژه په‌رچه‌كردارمان هه‌ڵگرتوه كه بۆ نمونه خۆی له‌لێدانی شه‌قێك له‌سه‌گێك یان كێشان به‌مێزێكدا ده‌بینێته‌وه وه‌ختێك كه توڕه ده‌بین. ئه‌و لێدانه وامان لێده‌كات ئارام و هێوربینه‌وه. ئێمه كه ئه‌و په‌رچه‌كرداره ده‌نوێنین ده‌زانین كه هیچ مانایه‌كی ئه‌و تۆی نیه، لێ باشتره له‌وه‌ی بچین ملی ده‌وروبه‌ر و دراوسێكانمان بگرین. ریتواله‌كانی قوربانیكردن و فیداكاری درێژكراوه و په‌ره‌پێدانێكی كۆگه‌لییانه‌یه بۆ ئه‌و كاردانه‌وه خۆوه‌كییه. دیاره لێره‌شدا قوربانیه‌كان هه‌روا به‌شێوه‌یه‌كی خۆوه‌كییانه و بێسه‌روبه‌ر هه‌ڵنه‌بژێردراون: چونكه قوربانیكردنی ئاژه‌ڵ ته‌نها له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا هه‌یه كه خه‌ریكی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ بون و تیایدا شاره‌زابون. به‌گشتیش ته‌نها ئه‌و ئاژه‌ڵانه كراونه‌ته قوربانی كه له‌خه‌ڵكییه‌وه نزیكبون، واته ئه‌وانه‌ی هی ئه‌وان بون و ئه‌مان خاوه‌نیان بون، چونكه ئه‌و ئاژه‌ڵی قوربانیانه ئه‌ڵته‌رناتیڤی سیمبولییانه‌ی قوربانییه مرۆییه‌كانن. له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌شدا كه ئه‌م جۆره ریتواله‌یان كردوه، قوربانی مرۆیی سیمبولی ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌و خراپه‌یه بوه كه له‌ناو تاك به تاكی گروپدا ئاماده‌یه، دیاره هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌یه كه كاتێك ئاژه‌ڵێك ئاماده ده‌كرێت بۆ سه‌ربڕین و قوربانیكردن، له‌پێشا ده‌هێنرێته‌وه ناو ئه‌و گروپه‌ی ده‌یكاته قوربانی وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ لكاندن و و ئاوێته‌كردنی به‌و گروپه، بۆئه‌وه‌ی بڵێن به‌شێكه له‌م گروپه. ئابه‌و شێوه‌یه ده‌كرێت ئه‌و هێڵه ده‌زوله‌ییه باڵایه ببینین كه له‌كرده‌یه‌كی ساده‌ی هه‌ڕه‌مه‌كیی (زله‌یه‌ك یان لێدانێك) ه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ریتواله ئاهه‌نگسازیه‌كانی قوربانیكردن، تا ده‌گات به كرده‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه. له‌كۆمه‌ڵگه دێرینه‌كاندا، بنه‌ماكانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌شێت هاوشێوه‌ی بنه‌ماكانی قوربانیكردن بێت: چونكه به‌زۆری قوربانیه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما ده‌لالیه هه‌ڵنابژێردرێت كه تاچه‌ند گوناهباره و تاوانبار، به‌ڵكو به‌زۆری ئه‌و تاوانباره لاوازه هه‌ڵده‌بژێردرێت كه هیج پارێزه‌ر و پاڵپشتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نیه. هه‌ر ئه‌مه‌شه وامان لێده‌كات بڵێیین به‌رپرسیارێتی تاكه‌كه‌سی كاتیگۆریه‌كی نه‌ناسراوه له‌كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كاندا. لێ گرفته‌كه لێره‌دا نیه: به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه زۆر باش له‌و چه‌شنه له‌به‌رپرسیارێتی تێگه‌یشتون، به‌ڵام وایان پێباشه ده‌رینه‌خه‌ن و بیشارنه‌وه تاوه‌كو سنورێك بۆ بازنه‌ی تۆڵه‌ستاندن دابنێن. ئه‌وه‌ش بۆ خۆی هه‌ڵوێستێكه كه كارایی خۆی هه‌یه.
_ به‌ڵام ئایا به‌ڕای ئێوه ئه‌وه مه‌سیحیه‌ت نیه كه ڕۆلێكی زۆر تایبه‌ت له‌مامه‌ڵه‌ی ریتواڵییانه له‌گه‌ڵ توندوتیژییدا ده‌گێڕێت؟
جیرارد: له‌ڕاستیدا ڕه‌سه‌نایه‌تیه‌كه‌ی مه‌سیحیه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه په‌رده‌ی له‌سه‌ر سروشتی قوربانیدان هه‌ڵماڵی. چونكه بۆاه‌وه‌ی پرۆسه‌ی قوربانیكردن كار و ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی به‌ته‌واوه‌تی به‌جێبهێنێت، ده‌بێت شتێك بكات تا گروپ وا باوه‌ڕبكات كه ئه‌وه قوربانیه كه به‌رپرسیاره له‌توندوتیژیی، قوربانییه كه گوناهباره. خۆی ئازاره‌كانی مه‌سیح هیچ نیه چگه له‌حیكایه‌تی كوشتن‌و قوربانیدان گه‌ر ویستمان به‌م شێوه‌یه بیبینین، به‌ڵام ئینجیل دو بۆچون و دیدمان له‌سه‌ر ئه‌م ڕوداوه ده‌داتێ: بۆچونی جه‌ماوه‌ر كه ده‌خوازن مه‌سیح ڕیسوا بكرێت، هه‌روه‌ها بۆچونی قه‌شه‌كانیش _ كه بۆ خۆیان كه‌مینه بون_ كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وه‌همه بون وپێیانوابو پێغه‌مبه‌ر مه‌سیح گوناهبار نیه. گه‌ر ئه‌و قه‌شانه به‌قسه‌ی جه‌ماوه‌ریان بكردایه مه‌سیحیه‌ت نه‌ده‌بو له‌بنه‌ڕه‌تدا. ئه‌و كه‌شفه سه‌ره‌كیه‌ی كه مه‌سیحیه‌ت له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێت ئه‌وه‌یه كه خۆی پڕۆسه‌ی قوربانیدان به قۆچێكی قوربانی فێڵێكه و هیچی تر. له‌هه‌ر سێ ئینجیله‌كه‌ی سه‌ره‌تادا بانگه‌وازێكی تێدایه بۆ مه‌سیح كه به‌شێوه‌یه‌كی مه‌جازیی و میتافۆریی ئه‌م مانایه ده‌گه‌یه‌نێت: ((ئه‌و به‌رده‌ی كه وه‌ستاكان ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه به‌ردی ناغه‌ی ئه‌و بینایه‌یه كه ئێوه ده‌تانه‌وێت هه‌ڵیبچنن)). ئه‌مه‌ش مانای وایه ئه‌وه‌ی كه ڕه‌تكرابۆوه و قبوڵنه‌ده‌كرا، ئه‌مێستا بۆته به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و كۆشكه ئایینییه. به‌ڵام ئه‌ی ئایا چۆن له‌م ڕسته‌یه تێبگه‌ین؟ به‌ڕای من ئه‌م ڕسته‌یه ده‌یه‌وێت بڵێت لێره به‌دواوه پاكی و بێگوناهیی قوربانیی بناغه‌ی سه‌ره‌كی باوه‌ڕه. لێره‌دا پێویسته ئه‌م رسته‌یه به‌راورد بكه‌ین به‌ڕسته‌یه‌كی دیكه‌ی كاییف (Caiphe) كه ده‌ڵێت: (باشتر وایه مرۆڤێك بمرێت و هه‌مو میلله‌ت ڕزگاریان بێت). یان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شوێنێكی تردا ده‌ڵێت: (خشڵ و زێڕه‌كانتان مه‌خه‌نه به‌رده‌م به‌رازه‌كان، چونكه پێی پیاده‌نێن و پاشان پشتتان تێده‌كه‌ن). به‌ڕای من هه‌مو ئه‌م وشانه باس له‌میكانیزمه‌كانی لاساییكردنه‌وه‌ی توندوتیژیی ده‌كه‌ن، میكانیزمگه‌لێك كه لێڵ و ناڕۆشن ده‌مێننه‌وه تا دان به به‌گوناهیی و پاكی قوربانیدا نه‌نرێت. خۆی ئازاره‌كانی مه‌سیح باس له‌شتێكی دروست و ڕاسته‌قینه ده‌كات: باس له‌وه‌ی (قوربانی) كه میكانیزمی هه‌مو قوربانیكردن و فیداكارییه‌كه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌ته‌نها ئه‌ڵته‌رناتیڤێكه. ئێمه هه‌مومان گوناهبارین چونكه هه‌مومان گوناه و خه‌تا ده‌كه‌ین، داوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌كه‌ین، باوكمان ده‌كوژین، له‌گه‌ڵ مه‌حره‌مه‌كانمان سێكس ده‌كه‌ین، نه‌خۆشی تاعون بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه. خۆی باوه‌ڕبون به ئه‌فسانه‌كه مانای وایه كه وا نه‌زانین قوربانیه‌كه به‌ته‌نها قۆچی قوربانییه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤه. مه‌سیحیه‌تیش ئه‌فسانه‌كان تێكده‌شكێنێت، به‌تایبه‌تی ئه‌فسانه‌ی ئه‌وه‌ی كه قوربانی گوناهباره. ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه ژیاری مه‌سیحی ده‌توانێت وێنای گروپێكی ته‌واو له‌مرۆڤ بكات كه فه‌رمانی تاوانباركردنی قوربانیه‌ك ده‌رده‌كه‌ن، له‌كاتێكا ئه‌و قوربانیه پاك و بێگوناهه.
_ ئایا به‌راست ئه‌وه خاسیه‌تێكه تایبه‌ت به مه‌سیحیه‌ت؟
جیرارد: نا، ئه‌م خه‌مڵاندن و بۆچونه له‌كه‌له‌پوری تریشدا هه‌ن، به‌تایبه‌تی كه‌له‌پوری ته‌وراتی. ئه‌وه‌تا فه‌یله‌سوف ئیمانوێل لێڤیناس به‌به‌رده‌وامی ڕسته‌یه‌كی ته‌لمودمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه ده‌ڵێت: ((ئه‌گه‌ر هه‌موان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ كۆكن له‌سه‌ر كه‌سێكی گومان‌لێكراو و به‌تاوانباری ده‌زانن، ئه‌وا به‌ری بده‌ن، ئه‌و بێگوناهه)). ته‌لمودیش هۆشیار بوه به‌وه‌ی كه ئه‌و توندوتیژییه‌ی په‌یوه‌ستی لاسایكردنه‌وه‌یه، شتێكه هه‌یه و نكۆڵی لێناكرێت. هه‌ر بۆیه پێویسته وریابین به‌رامبه‌ر به كۆده‌نگیی، ته‌واو وه‌ك ئه‌وه‌ی كه چۆن گه‌رهاتو ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنێك له‌سیستمه دیموكراتیه تازه‌كاندا %99 بو، ئه‌وه بزانه كه هه‌ڵبژاردنێكی پاك نیه و گوماناوییه. ئه‌مه جۆره‌كه له‌دانایی و حیكمه‌ت كه له‌سه‌رده‌می كۆندا هه‌بوه، لێ ته‌نها له‌گه‌ڵ حیكایه‌تی ئازاره‌كانی مه‌سیحدا ده‌بێته حیكمه‌تێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تیی: كه مه‌سیح ده‌مرێت، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌و فه‌رمان و حوكمه كۆده‌نگییه‌یه كه جه‌ماوه‌ر ده‌یده‌ن به‌سه‌ریدا. خۆی له‌ڕاستیدا ئه‌م حوكمه سه‌رلێشێوێنه‌ر و هه‌ڵه‌یه، ئه‌فسانه كۆنه‌كانیش له‌سه‌ری كۆك نین و ته‌بانایه‌نه‌وه: چونكه هه‌ڵگری جۆرێك له‌فه‌رمان و حوكمی كۆده‌نگئاسایانه‌یه. ئێ له‌دنیاشدا ئه‌فسانه‌یه‌كمان نه‌دیوه تیایدا جه‌ماوه‌ر هه‌ڵه‌بن. دیاره هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و هۆكاره‌یه كه وامان لێده‌كات ئه‌فسانه‌كانمان خۆشبوێت و پێیانه‌وه په‌یوه‌ست بین، چونكه هۆشیاری و ویژدانمان ئاسوده ده‌كه‌ن. لێ په‌یامی مه‌سیحیه‌ت بۆمان ده‌رده‌خات كه ئێمه هه‌مومان تاوانبارین، دیاره ئه‌مه‌ش شتێكه مایه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و نائارامی بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌یبیستێت.
_ به‌ڵام ئایا ئه‌مه مانای وایه هه‌مان ئه‌و پره‌نسیپی قوربانیكردن_ فیداكارییه له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا نه‌ماوه كه ئه‌و په‌یامه‌یان وه‌رگرتوه؟
جیرارد: بێگومان نا. به‌ڵئم ده‌بێت جاره سه‌ره‌تا ئه‌و ڕوبه‌ر و ماوه‌یه بپێوین كه جیامانده‌كاته‌وه له‌و دیده نه‌گۆڕه بۆ بیرۆكه‌ی قوربانیكردن و فیداكاریی. له‌ئینجیلدا ده‌بینین كه وه‌لانان و دورخستنه‌وه‌ی قۆچی قوربانی ئاماژه‌یه بۆ پراكتیكێكی سروتی و ریتوالی، واته سیمبولیه، لێ پراكتیكێكی ڕه‌واشه. دیاره ئێمه له‌مڕۆدا مانایه‌كی تری پێده‌به‌خشین، بۆ نمونه ئه‌و كاته‌ی ورده‌كاری و دیتالی ئه‌و پرۆسه‌یه دیاریده‌كه‌ین كه له‌ڕێگه‌یه‌وه گروپێكی مرۆیی به‌شێوه‌ی كۆده‌نگیی كه‌سێك ده‌كاته به‌رپرس و گوناهباری ئه‌و خراپه‌یه‌ی كه گروپ دوچاریهاتوه، كه‌سێك كه دواجار گروپ ده‌توانێت به‌توندترین شێوه سزای بدات. گه‌ر هاتو ئه‌م گوزارشته‌مان به‌م مانایه وه‌رگرت ئه‌وه جۆرێك له شه‌رم و ڕوگیریی تێدا ده‌بێت: با بڵێین ساڵی 1994 خێڵه‌كانی توتسی بونه قۆچی قوربانی ئه‌و ململانێیه‌ی كه له‌رواندا هه‌بو، ئه‌مه مانای وایه ئه‌وانه خۆیان هه‌رگیز گوناهبار و تاوانبار نه‌بون له‌و ململانێ ئازاربه‌خشه‌دا، ئه‌و جه‌نگی قڕكردنه‌ش كه له‌دژیان هه‌ڵگیرسا و كردنیه قوربانی هیچ پاساوێكی نیه و نه‌بوه. به‌مانایه‌كی دی، له‌دیدی ئێمه‌دا قۆچی قوربانی واته قوربانیه‌كی بێگوناه. خۆی هێڵی سه‌ره‌كی هه‌مو كێشه‌كه‌ش له‌مه‌دایه: جا پرسیاری ئه‌وه‌ی كه من له‌كوێوه ئه‌م خه‌مڵاندن و بۆچونه‌م هێناوه كه واملێده‌كات بڵێم ئه‌وان تاوانبارنین، به‌ڵكو قوربانی ئه‌ڵته‌رناتیڤن؟ من ئه‌م خه‌مڵاندن و بۆچونه ڕاڤه‌ییه‌ی خۆم ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ ئه‌و مانایه‌ی كه له‌ئینجیلدا هاتوه و فێریكردوین وریابین به‌رامبه‌ر به‌و فه‌رمان و حوكمانه‌ی كه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه ده‌درێن. لێ ئه‌مه نامانپارێزێت له‌وه‌ی كه هه‌ر ناهۆشیار بین به‌رامبه‌ر به قوڵایی زۆر له‌ڕه‌فتار و پراكتیكه‌كانمان. له‌ڕاستیدا بیرۆكه‌ی قوربانی له‌واقیعدا ون نه‌بوه، هێشتا له‌ئاسۆ دامه‌زراوه‌كه‌ماندا ده‌دره‌وشێته‌وه. وا دیاره سیستمی دادوه‌ره‌ی ئه‌مڕۆمان له‌هه‌مو كۆمه‌ڵگه كۆن و دێرینه‌كان ئه‌قڵانیتر بێت به‌رامبه‌ر به شێوه‌كانی ریتوالی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و سروتی قوربانیدان به قۆچی قوربانی: چونكه سیستمی دادوه‌ریی ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر پارانۆیی و نه‌خۆشانه شه‌یدای دۆزینه‌وه‌ی گوناهباره ڕاسته‌قینه‌كه و به‌سزاگه‌یاندنیه‌تی، هه‌ر بۆیه به‌دوای هیچ قوربانیه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤدا ناگه‌ڕێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه هێشتا فه‌رمان و حوكمه‌كانی دادی ئه‌مڕۆ هه‌ر هه‌ڵگری سیمای دۆزینه‌وه‌ی قوربانیه‌كن، چونكه دادپه‌روه‌ریی پێویستیه‌كی ته‌واو و ته‌نگاته‌نگی به گوناهبار یان تاوانبارێك هه‌یه.
بۆ نمونه سه‌یرێكی تاوانه سۆزداریه‌كان بكه، به‌زۆریی زاده‌ی زنجیره‌یه‌ك ده‌ستدرێژی و توڕه‌كردنی دوباره‌وه‌بون له‌نێوان كه‌سانێكا كه په‌یوه‌ندیان په‌كه‌وه هه‌یه و به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش كۆیانده‌كاته‌وه. هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ی كه دادگا بڕیاری سزادانی ده‌دات ئه‌و كه‌سه نیه كه به‌ته‌نها به‌رپرسیاره له‌و كرده‌وانه‌ی له‌پێناویدا حوكم و سزادراوه. ده‌مه‌وێت بڵێم له‌ناو یاسادا بڕێك له بێسه‌روبه‌ره‌یی و هه‌ڕه‌مه‌كییبون هه‌یه كاتێك فه‌رمان ده‌رده‌كات و هه‌ندێك تاوان سزا ده‌دات (بۆ نمونه ژه‌هركردنه ناو خواردنی كه‌سێكه‌وه)، له‌كاتێكا زۆر نه‌رمی ده‌نوێنێت به‌رامبه‌ر به كردارگه‌لێكی تر (له‌وانه ناپاكیی پیاوێك له‌ژنه‌كه‌ی هه‌مو شه‌وێك). كه‌واته ناكرێت هه‌رگیز بتوانین وێنه‌یه‌كی سه‌راپاگیرمان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه هه‌بێت كه ده‌كرێن، چونكه دادپه‌روه‌ری، به گوێزانه‌وه‌ی له به‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ به‌ڵگه‌یه‌كی تر، زۆر له‌كاریگه‌ری وسوده‌كانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. ئێمه تاوه‌كو ئه‌مڕۆش ناتوانین ئه‌وه وه‌لابنێین كه دادگاییكردن و ده‌ركردنی فه‌رمان جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نه و هه‌ندێك لایه‌نی تر له‌كێشه‌یه‌كدا فه‌رامۆشده‌كات. به‌لای ڕای گشتییه‌وه دادگاییكردنی باش بریتیه له‌و دادگاییه‌ی كه كۆتاییه‌كه‌ی به‌وه دێت تاوانبارێك دان به تاوانه‌كه‌یدا بنێ و قوربانییه‌كیش ببینرێت. ئه‌وه‌ش بۆ خۆی شێوه‌یه‌كه له‌شێوه‌كانی هه‌ڵبژاردنێكی ڕیشه‌ییانه‌ی ئه‌وه‌ی كه به‌باشیان ده‌زانیت بۆ مانه‌وه له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانه‌ی كه به‌خراپیان ده‌زانیت، كه ئه‌مه‌ش دیسان پارێزه‌ری بڕێك میكانیزمی گه‌ڕانه به‌دوای قوربانیدا. به‌مدیویشدا قه‌یرانی سیاسیه‌كانمان هه‌یه. سه‌یركه و ببینه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا چی ڕوده‌دات؟ سه‌ره‌تا هه‌ڵبژێرد‌راو رێكه‌وتی جۆرێك له‌دۆخی چاولێپۆشین و لێبوردن ده‌كات: هه‌رچیه‌ك ده‌كات باشه و قه‌بوڵه. پاشان سه‌رده‌می لێپێچینه‌وه و توندوتیژیی دێت: هه‌رچیه‌كی كردوه خراپه. هه‌ر بۆیه ده‌بێت دوربخرێته‌وه له‌كاره‌كه‌ی. ئه‌مه سروتێكی دڵڕه‌قانه نیه، به‌ڵكو خودی پرۆسه‌كه خۆی وایه: دوای ماوه‌یه‌ك هه‌رچی خراپه و پۆخڵه‌واتی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه كۆده‌كرێته‌وه‌و ده‌خرێته ئه‌ستۆی ئه‌و، ئه‌و وه‌ك قۆچی قوربانی. له‌هه‌ندێك له‌شانشینه ئه‌فریقاییه كۆنه‌كاندا له‌دۆخی ته‌شه‌نه‌كردن و بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و په‌تای درمدا، یان له‌حاڵه‌تی وشكه‌ساڵی درێژخایه‌ندا فه‌رمان ده‌درا به‌كوشتنی پاشا.. به‌چاوپۆشین له‌پرۆسه‌ی كوشتنه‌كه، میكانیزمه‌كه هه‌مان شته. لێ داخۆ چی ڕوی ده‌دا گه‌ر ئه‌م میكانیزمه‌مان به‌رده‌ست نه‌خستایه، سه‌رباری نرخ و پله سیمبولییه‌كه‌شی، ئایا چی ده‌بو؟ ئه‌و كات جگه له‌نائومێدی و توندوتیژیی، هیچ ئومێدێك به گۆڕان و بونی ده‌روازه‌یه‌ك نه‌ده‌بو.
_ ئه‌ی ئه‌و هه‌مو ڕه‌خنه و تێبینیه له‌خوێندنه‌وه‌كه‌تان بۆ مه‌سیحیه‌ت جۆن لێكده‌ده‌نه‌وه، كاتێك به‌وه تاوانبارده‌كرێن كه گوایه خوێندنه‌وه‌كه‌تان له‌جێگه‌ی خۆیدا نیه و ناشایسته‌یه؟
جیرارد: ئێمه وا ڕاهاتوین كه جیاكارییه‌كی سه‌ره‌كی بكه‌ین له‌نێوانهه‌قیقه‌تی سۆسیۆلۆژی و هه‌قیقه‌تی ئایینییدا. ئه‌مه‌ش ته‌واو له‌گه‌ڵ وێنه‌ی نوێی دروستبونی ئایدیاكاندا ده‌گونجێت، لێ له‌قوڵاییدا ده‌بینین كه كه‌له‌پوریی یه‌هودیی\ مه‌سیحیی دیار و ئاماده‌یه له‌ده‌زگاكانماندا: دیموكراسی، ڕونی وشه‌فافیه‌ت له‌یاساكانماندا، مافه‌كانی مرۆڤ. گه‌ر له‌ڕابردودا مه‌سیحییه‌ت به‌ته‌نها كورتكرابۆوه بۆ یه‌ك جۆر له‌مرۆڤایه‌تی، ئه‌وا ئه‌مڕۆ وانیه: ئه‌مڕۆ مه‌سیحیه‌ت گه‌یشتۆته هه‌مو جێگه‌یه‌ك له‌دنیادا، جا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ، له‌ڕێگه‌ی ئایدیا نائایینییه‌كانه‌وه بێت یان ته‌نانه‌ت ئه‌و ئایدیایانه‌شی كه دژه ئایینن. ئێ كاتی خۆی ئه‌ندرێ مالرۆش (وه‌زیری رۆشنبیریی له‌سه‌رده‌می دیگۆلدا) نوسیبوی: گه‌یشتنی كۆمۆنیزم به شه‌نگهای هیچ نیه جگه له‌گه‌یشتنی مه‌سیحییه‌ت به چیین. ته‌نانه‌ت گه‌ر واش دیاربێت هێشتا هه‌ندێك ژیار هه‌ن دژ به‌و مافانه‌ی مرۆڤن كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ڕایگه‌یاندوه، هێشتا ناتوانن نكۆڵی له‌وه بكه‌ن كه ئه‌و مافانه هه‌ن. ئه‌مێستا ئیدی ئه‌و كولتورانه ناتوانن به‌ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و دۆگمه بژیین كه ده‌شێت قوربانیدان به‌قۆچی قوربانی هه‌مو كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكات. له‌ڕوانگه‌یه‌كی تریشه‌وه، ده‌بێت ئه‌وه ببینین كه ئه‌گه‌ر وه‌حیی ئایینیی زۆر كارا بێت له‌وه‌دا كه به قوربانیه‌ك پرۆسه‌ی قوربانیدانی خوێناویی له‌ناوببات، ئه‌وا هه‌ر خودی ئه‌و وه‌حییه ئایینیه كۆمه‌ڵگه مه‌سیحیه‌كانی له‌به‌كارهێنانی ئه‌و ئامرازه كارایه یاساغكردوه، ئامرازێك كه بریتیه له میكانیزمی ریتوالیی و سروتیی. خۆی وه‌حیی ئایینیی به‌ته‌نیایی و به‌بێ هیچ ئامرازێكی به‌رهه‌ڵستی له‌به‌رامبه‌ر گێژاوه‌كانی توندوتیژیی و لاساییكردنه‌وه ده‌رونیه‌كانی توندوتیژییدا كه تایبه‌ته به‌ئێمه‌ی مرۆڤ، به‌جێمانده‌هێڵێت. له‌دۆخێكی واشدا، ئێمه به‌رده‌وام له‌كه‌ناری نابینایی و ئاژاوه‌دا ده‌بین.
سه‌رچاوه: ده‌قی دیالۆگه ڕاسته‌وخۆ له‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمی دكتۆر موحه‌مه‌د سبیلاوه وه‌ك وه‌رگێڕی ده‌قه‌كه وه‌رگیراوه كه ئه‌مه ناونیشانه‌كه‌یه‌تی:
http://www.mohamed-sabila.com/nossos7.html
لێ دیالۆگه‌كه خۆی له‌كتێبێكیدا به‌ناونیشانی: فی الفكر المعاصر (حوارات) دا بڵاوی كردۆته‌وه و گۆڤاری زانسته مرۆییه‌كان سازیانكردوه له‌گه‌ڵ جیرارد. لاپه‌ڕه ٢١ بۆ ٣٧، كه له‌بڵاوكراوه‌كانی (منشورات مابعد الحداثه) یه، لێ به‌داخه‌وه ده‌قه‌كه‌م وه‌ك كتێبه‌كه ده‌ستنه‌كه‌وته‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ستده‌كه‌م دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ماڵپه‌ڕه‌كه‌یدا وه‌ڵامی دوا پرسیاریشی تێدا نیه، هه‌ر بۆیه ناچار ئه‌وه‌م وه‌رگێڕا كه ده‌سته‌به‌ر بو.