نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ -2

پاسەوانەكانی ناخ


Loading

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ -2

پەیژەیەك لە گوڵ بۆ هەور..

لەهۆمیرۆسەوە

هەمان تارمایی و هەمان وەهم…

سەمای دڕك

لێوارە بە تەنتەنەكانی پرسیار

كەللەپڕیی ، كەڕوو..

سەری پەتەكان لە فڕین دەچن   ..

ئاسۆ لە پرۆتۆكۆلێكی قەدكراو

لەتەقسێكی ئابڕوبەر.

(ئەوانەی ڕۆیشتن

ئاسوودە لە سپێدەی ئاژاوە

ئاسوودە لە چاوەڕوانی …

نهێنییان بۆ ئێمە جێ نەهێشت  ..

دیماهیان بەسەرابی

بڕست و پەندگۆیی و پیرۆزگری هێنا ..

ئەوانەی ڕۆیشتن

لە بیشەڵانی (ئا) و (نا)وە ،

ئاسوودە لە سپێدەی ئاژاوە

ئاسوودە لە چاوەڕوانی

بۆی دەرچوون ..)

 

گوێی شار بە وتاران بریندار

مردن لەژیان خۆشتر نەبوو ..

مۆرێك بۆ گۆشەگیری

بۆ زمان پژان

بۆ سۆز….

گۆڕ لە خەونێك دەچێ‌ سپی

سپی وەك كەفاوی سابوون

وێنەی (خود)ێكی سەر بەتەم …

چاوی شار بە وتاران سووتاو

هەور بە مشتێ‌ خۆڵ

بەری ئاسمانانی نەگرت..

ئینجانەیەك لە كلیل

شۆڕشێك لە شەرم

شەو نەیهێشت قژم لەسەردا بڕوێ ..

شەو نەیهێشت من و خۆم

یەكتری ببڕێنینەوە ..

شەو نەیهێشت گوێمان لە فرمێسك

چاومان لەدەنگ بێ …

 

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ -2

(تونێڵێكی تاریك بوو

ئەو گیانبەتاڵییەی لە ئاڵوودەیی زیاتری تێدا نەبوو

مۆتەكەیەكی پیر ، كانگەی شەیتانهێن

شەشدەری لێ گرتبووین  …

ئەی شار گۆڕ!

كە دڵنیا و ئاسوودە لەڕەهایی ئاكامەكانەوە

پێ لەسەر پێ تیلاكت لێ خوار كردووە!

ئەی جەستەی تاجە خلۆر كراوەكان!

پیاڵە و سەنگدڵی و مەیخانەش

بۆ دەرەوەی خەونەكانمان تووڕدران .

ئێستا تارماییەكی ئاوابوو و

ئەستێرەیەكی نووستووین .

ئێستا لەخاڵێك دەچین

تا لەبەر ژمارەیەكمان دانەنێن ناخوێندرێینەوە .)

شارا چ شارا

سروودێكی دەگمەن

كوورەی نوور….

شارا چ شارا  ، بە خۆی دەچوو

گەنجینەی كەژاوە

گوڵێكی ڕەنگ هەڵایساوی باخچەی خوا

نیشتمانێك پڕ بە هەناسە ..

 لە زەماوەندی شەختەدا

چووە دەست ئەوانەی

ڕێگایان بۆ نەدەچووەوە بانە …

شارا چ شارا ؟

زەمانێكی زۆر كولێرەی لەژەهردا كردە قیبلە

كولێرەی كردە دەزگای بیركردنەوە لە مردن ..

شارا چ شارا

جۆگە و ڕووبارەكانی لەچوارچێوە دەگرت…

 

زستانێك لە پەمۆ

كرمی ڕووناهیخۆری

لە جەستەی دونیا بەرداوە

كازیوە

سپێدە

نیوەڕۆ و ئێوارەیان پێ نەهێشتین .

داد ئەی شاری گۆڕ!

كە دڵنیا و ئاسوودە

لە ڕەهایی ئاكامەكانەوە

پێ لەسەر پێ

تیلاكت لێ خوار كردووە ..

بە هارێك لە شێتی

شیعری بە قەسیدەمانەوە نەهێشت…

داد ….! داد…!

داد ئەی شاری گۆڕ!

باڵایەك لە كینە ،

كێوێك لە پۆستاڵ ،

داڵانێك لە خونكاریی ،

شایان بوو بدرەوشێنەوە ؟

 

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ -2

ئەوانەی ڕۆیشتن

ئاسوودە لەسەری پەتەكان

وەك بەرپابوونەوەی پەپوولە

یا گوێ‌ بۆ مۆزارت ڕادێران

لە حەقیقەتی سێبەرە كزەكاندا

دەیانویست بە ماچ

دەمی ئۆپۆزسیۆنی ئەڤین بگرن  .

بۆشاییەك لە پڕی

جبەخانەیەك لە ئاشتی ..

ڕێگە بوو دەڕۆی

نەك قاچەكانی من

مانگ بوو دیاربوو

نەك پەنجەی من…

ئەو دارەی سێبەری دەكرد

شین نەبووەوە .

ئەو پاژنانەی شوێنەواریان دەركەوتبوو

پاژنەی بۆرەجەنگاوەرەكان بوون

دیلیان لە مەزرای ئەجندان

بە پەتی پەشمین دەخنكاند …

ئیتر تەواو ئەی چاوی پاسەوان

چیڕۆكی سێبەر لێرەدا تەواو بوو….

گرێكان

لە هێدمەی هەرزەیی و پەیمانشكێنیدا

لێرەدا كرانەوە

لێرەدا….

ئەی چاوی پاسەوان…!

شوباتی/ 1998

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.