کاریزما - بە ڕەنج و شانی پەرستن!

کورد و کار و کاریزما


Loading

کورد و کار و کاریزما

ئیسماعیل حەمەئەمین

هۆشمەندی کوردی هەمیشە عەوداڵی کاریزمایە بێئەوەی بیر لە `کار`ی کاریزما بکاتەوە. ئەمەش وەهای کردووە کە هەمیشە سەرکردەی کارتۆنی بەرهەمبهێنێت، کارتۆنی بە جۆرێک لەگەڵ مردنیاندا ڕەشەبای مێژوو لەگەڵ خۆیدا دەیکاتە تۆز و با و هیچ ئاسەوارێکی مێژوویی بۆ کۆمەڵگە و کولتوری نەتەوە بەجێنەهێڵێت. 

تاکی کورد هێشتا تاکێکی ئاینییە گەر هاتوو کۆمۆنیست یان ئاتائیست یان عەلمانی بێت، چونکە میتۆدی بیرکردنەوەی و شێوازی ژیانی ئاینیی و موحافزکارێکی دواکەوتووە. تەنانەت تاکی کورد لە خوێندنەوەی دەقە ئەدەبی و فەلسەفەی جیهانیشدا کەسێکی ئاینییە. گرفتەکە ئەوە نییە ئەم `کۆگەلە کۆمەڵایەتیە` یان دەستە بەناو نوخبەوییە چی دەڵێت؟ یان تاکەکانی بە دەوری چ کاریزمایەکی سیاسی و ئەدەبی و هزریدا دەسوڕێنەوە؟! نەخێر، گرفتەکە لەوەدایە؛ کورد ئەوەندە کاریزما پەرستە، بەجۆرێک چەمکی کاریزماشی لە جەوهەرە پڕە مێژوویی و فیکری و ئەدەبییەکەی بەتاڵکردۆتەوە؛ وردیکردۆتەوە سەر پەرستنی کاریزما  تا ڕادەی دەروێشگەرایی.

سیاسی کورد، سەرکردەی کورد، شاعیری گەورەی گەل، نوسەری گەورەی گەل، هونەرمەندی گەورەی گەل، ئەو چەمک و دەستەواژانەن کە میللەتانی پێشکەوتوو خۆیانی لێ لادەدەن، میللەتانی دواکەوتوو عەوداڵین. ئەم وێنانە قەبە و بۆشانەی  کاریزما، ئەقڵی گشتی کوردی عەوداڵێتی، بە بێئەوەی بیر لەوە بکاتەوە؛ کە ئەم کاریزمایە بۆ کاریزمایە؟ کوا کارەکانی لە سیاسەتدا؟ چیکردووە لە مێژووی خۆیدا؟ دەیەوێت چی بڵێت؟ بەجۆرێک دەیپەرستێت کە لە ئەقڵی نەخۆشانەی خۆیەوە، هەڵەکانی بۆ پینە دەکات وا دەزانێت ئەمە سیاستە! هەڵە ئەدەبیەکانی بۆ پینە دەکات وا دەزانێت ئەمە خزمەتە بە ئەدەب و هزر، بێئەوەی بیر لەوە بکاتەوە ئەم ئەدەبە بەرەو کوێ و وێنای چ مرۆڤێک پاڵپشت دەکات؟ ئەم بیروڕایانە بۆ کوێمان دەبەن؟ بەرەو چ وێنەیەک کە داگیرکەری کورد بۆی داتاشیوین یان وێنە پێجەوانەکەی؟ ئایا ئەم ئەدەبە دژە ژنە؟ عیرفانی و خەیاڵییە تا ڕادەی کوشتنی دونیای تاڵی ڕاستەقینەی کوردی؟ ئایا ئەم سیاسەتە، ئەم ئەدەبە دژە کەسێتی کورد و کوردبوونە؟ زۆریتر لەم پرسیارانە ئەم ئەقڵە دەروێشگەرایە، خۆی لێ لادەدات.

 ئیدی بەڕێزانم تاکی کوردی کاریزما پەرست هەر لەشۆڕشەوە لەگەڵ کاریزمایە دەژی و قوربانی بۆ دەدات و بۆی پینەدەکات و پیاوی بۆ دەکوژێت، بێئەوەی مانا و ئامانجی شۆڕش بزانێت، بە جۆرێک تاوەکو ئەم کاریزمایە دەیگەیەنێتە شەڕی براکوژی، کورد کوژی، خیانەت، تاڵانی، کۆیلەیی… تەنانەت کوشتنی ئەندامە ناڕەزاکانی حزبەکەی خۆیشی. بۆ ئەدیبەکەش ئەم ئەقڵە کاریزما پەرستە وەهایە، چاو لە منداڵبازی و گەندەڵی و حیزببازی ئەدیبە نمونەیەکەی دەپۆشێت و لە چەمکی هەقیقەت و جەوهەر و وەزیفەی ئەدەب ڕادەکات!

لای ئەو گرنگ نییە ئەم کاریزمایە ڕۆڵی لە مێژوودا چییە؟ لای ئەو گرنگ نییە ئەم کۆمەڵگەیە دەرئەنجامی زنجیرە هەڵەی ئەم کاریزمایە بەرەو چ هەڵدێرێک دەڕوات؟ کاریگەری چییە لەسەر نەوەکان؟ مێژووی نەتەوە و چینەکان و کولتور؟…هتد.  نەخێر، لای کوردی کاریزما پەرست تەنها ئەوە  گرنگە کاریزما هەبێت و ئەوان وەک مەڕی گێژ و دەروێشی کوێر لەدەوری کۆببنەوە.

ئەم کاریزماپەرستییەش لە خوێندنەوەی فەیلەسوفەکانی دونیاش وەهایە؛ ئیدی ئەوەی مارکس گووتی جێگەی قسە نییە، جێگەی ڕەخنە نییە؛ بەمەرجێک مارکس خۆی وەک هێگڵییەکی نوێ بڕوای بە یەکگرتنی دژەکان و جیاوزایەکان هەبوو لە گفتوگۆی دیالەکتیکدا، بەڵام کوردی نەگبەت وێنەکەی ئەو و مەنسوری حیکمەت و لینینی هەڵواسیەوە و وەک تووتی دەیڵێتەوە و بێئێوەی بۆ چرکەیەکیش ڕەخنەگرانە بیریان لێ بکاتەوە! بۆ خوەندنەوەی سارتەر، کاموو، نیتچە، فوکۆتادەگاتە سلۆتەردایک و بۆردیار و ئالان تۆرین و ئاگامابەن..هتد وەهایە. .. دەبنە دەروێش و تووتیو بتەپەرستی بتەکان؛ هزری زیندووی فەیلەسوفان لای ئەم ئەقڵە کاریزما پەرستە دەبێتە پەرستنی بت و فەیلەسوفیش دەبێتە بت و تەوتەوم و دەستلێنەدراو… ئاوەها مێژوویی ئێمە پڕێتی لەو دەستەگەراییە سەیرانەی هەرجارەی لەژێر ناوێک دەردەکەون، فەیلەسوفێک، نوسەرێک، سیاسیەک دەکەن بت و دەیپەرستن و دەیکەنە کاریزمای ژیانی تێکشکاوی خۆیان.    

لە ئەدەبدا هەر هەمان چیرۆکی ئاینییە و  خۆی دووبارەدەکاتەوە؛ وەهایکردووە کە ڕەخنەی ئەدەبی نەگاتە ئاستی کاری فیکری و کرانەوەی دەق بەسەر ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و پرسەکانی شوناس و نەتەوە و ململانێی چینەکان… ئەدەبی ئێمە بەرامبەر بە وشەکانی  `جوانە` و `موهیمە` و `بێ ڕکابەڕە` چەقیوە لە خودی خۆیدا، بۆئەوەش دەستەگەری و تەنانەت جنێوفرۆشیش پشتگیری ئەم دەستەگەرایە دەکەن. ئەوەی ماوە تاوەکو ئێستا و میتۆدی بیرکردنەوەی ئەم  هۆشمەندە گشتیە کوردییە؛ دروستکردنی کاریزمایە تا ڕادەی کردنی بە بت و پەرستنی، وەک گووتم؛ بە تاڵکردنەوەی کاریزمایە لە جەوهەری ڕاستەقینەی کاریزما.

ئەوەی لەم ئەڵقە شەیتانییە دەرماندەهێنێت تەنها یەک شتە؛ بیرکردنەوە، پێداچوونەوە، ڕەخنەگرتنی و بەهەند وەرگرتنی ڕای پێچەوانە و پرسیار لە چییەتی و جەوهەری ئەدەب و سیاسەت، نەک کاریزما. دوای ئەم بوونی ئەم هەموو زمان و زانیاری کولتورە جۆراوجۆرانە، هەموو کەسێک بە جیدی بیربکاتەوە و کاربکات کاریزمایە، هەموو کەسێک سیاسیە، هەموو نوسەرە، هەموو کەس ئازادە لە کۆت و بەندی کاریزما پەرستی و خواپەرستی سەرزەوی؛ بە سادەیی، چونکە خوا لە ئاسمانە نەک لە تەنیشتەوە!   

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌