ڕووبارەکانی دۆزەخ
لە ژووری گریانەوە دێن ..
شوێنەواری هیچ ڕێگایێ دیار نییە ؛
دارستان و بڵندایی
پیلیان تێک هەڵکێشاوە .
تۆ هەر بڵێ و بڵێرەوە !!
کەس بە نرخی باوەرێنیش ئاوڕی لێ ناداتەوە .
کێ ماسی لە ناو ئاو دەکڕێ ؟
تۆ هەر بڵێ !!
(لیڤۆڕنۆ) نوقمی کوێرایی دەریا بووە
دانی لە دەمامکەکانت گڕساندووە .
(( ئای ئیتاڵیای خۆشەویستم ! ))
کەس نییە لە ڕەشە شەوی پاریس دا
چرایەکی بۆ هەڵبکا..
(جین) یش جۆگەی ڕووباری دۆزەخە
لە ژووری گریانی دانتی دەکاتەوە ..
هاوارێکی بێ هودەیە ..
تەمەننای مەرگی دووەمە .
(( ئای ئیتاڵیای خۆشەویست !))
مەرگ کەنارەکانیشی ڕەش کردەوە ..
باسکی مێژوویان باداوە
کەس نییە سەرەداوەکان گرێ داتەوە
ئیتاڵیای خۆشەویستم !
شوباتی/ 1989