بوخاری وشیار

گیرفانەکانم تووڕەییان لێ دەڕژێ


Loading

من،

بۆنی شتێکم لێدێت

شتێک کە دەزانم چییە و

دەمەوێت بڵێم؛ نازانم.

 

 

شتێک لە منەوە دوور دەڕوات،

لەژێر باران پیاسەدەکات و

تا درەنگانێکی شەو نایەتەوە ماڵ

شتێک منداڵانە حەزی بە پیاسەی پاییزانە و

نەفرەتێکی تووندیش لەو مرۆڤانە دەکات

کە شاری لێ قەرەباڵەغ دەکەن.

 

 

شتێک لە مندایە درزبردراو

ئەوەندە ناسک بووەتەوە،

بە هەناسەیێک باییێک نیگایێک یا ماچێک

ورد و خاش دەکەوێتە خوارەوە و دەشکێت.

 

 

وەک کوندە پەپوێک وام کە هەڵدەفڕم

شوێنی نیشتنەوەم نازانم،

وندەبم وەک ئەوەی نەبووبم

هەڵدەفڕم وەک ئەوەی بەند بووبم.

 

 

ئەم هەناسە توندانە

مردنێکی دڕندانەی لە پشتە،

لە پشت ئەم شاخانەوە

 بۆنی شارستانیەتێکی ڕووخاو  ده‌كه‌م.

وەک کیسەڵێک وام کە ناگەم،

ڕۆژەکانم تاڵ تاڵ

وەک قاوە تاڵەکەی باپیرەم

خەونەکانم ڕەش ڕەش

وەک جلە کۆنەکانی نەنەم.

 

دەمەوێت پایزی ئێرە بخەمە ناو

سندوقێکی سوور و لە زبڵدانێکی تردا

تا دەتوانم دوور فڕێی بدەم.

ڕقم لە ڕەنگی ئەو گەڵا فریودەرانەیە،

ئەم ڕەنگانە بۆنی

درۆیه‌کی دووریان لێدێت.

بەڵام  حەز بە مانەوە لەم کووخە

دوور لە مرۆڤایەتیە دەکەم.

دەمەوێت تێر بۆنی ڕەنگی تیوبەکانی

ژوورەکەم هەڵمژم،

کێ دەزانێت لەوانەیە لە دەرەوەی ئێرە

جگە لە بۆنی بارووت بۆنێکیتر پەیدانەبێت.

 

دەترسم پەنجەرەکە بکەمەوە و

بۆنی دەمی سیاسیەکان

ژوورەکەم ڕەش بکات.

دەمەوێت هەناسەیه‌کی پاک هەڵمژم

هه‌ر بۆیە بەدیار تابلۆی

کچە سنگ و مەمک ڕووتە قژ لوولەکان ڕادەمێنم.

لوولی قژیان لەو ڕێڕەوە لوول پێچانە دەچێت

کە  مەرگی خۆمیان لێ دەبیستم،

شتێک لەناو هەموو لوول کراوێکدا بانگمدەکات

تا بە لەزەتی ماچێک فریوم بدات و

نۆتەکان بسووتێنێت.

 

جگەرەیێک دادەگیرسێنم و چەرخەکە

بۆ بکوژی خەیاڵەکان

تا ئەویش فریوی داوێکی تری ئەم گەردوونە

بێ ناونیشانە بخوات و

بە ئاگرێک مەرگ داوەتی خوانی ژیان.

 

ئیتر نەفرەتێکی ڕەش هەڵگەڕاویش

لە هەرچی دارستانە دەبارێنم،

بیابانم خۆش دەوێت و

ڕقم لە سەوزایی ترسێنەری باخەکانه‌.

ئەمە ڕاسترین درۆی ژیانمە

منێک هەرچی پیرۆزی ئەوانیترە

لەژێر پێڵاوەکانم بە شکاوی دەبینم و

درۆیه‌کیش شکنابەم بۆ بەهانەی

شکاندنی پیرۆزیە شکێندراوەکان

ئەمە ڕاسترین ڕووی ڕاستییەکانی

ژێر پێڵاوە دڕاوەکانمە و

لەوە زیاتر هیچ ڕاستیه‌ک

لەسەر تابلۆکانم نادرکێنم…

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

سه‌رچاوه‌؛ کووخەکەم لەمبەر دەریاچەکەیە- لاپەڕە٤٧

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.