لە وەستاڕێبەری ماناییەکانەوە بۆ گەڵ خورانی سۆمەریەکان


مێژووی کورد

Loading

لە وەستاڕێبەری ماناییەکانەوە بۆ گەڵ خورانی سۆمەریەکان و داماوی هەندێک لە بەناو ڕەخنەگران 
سۆران حەمەڕەش؛ لێکۆڵەر لە بواری مێژووی کورد و ڕەگە قووڵەکانی
سۆران حەمەڕەش
بۆ ئەوەی کە لە قووڵایی کورد بگەیت، تەنها ئەو پەندە سەیر بکە “دوعاکە دوژمەنەکەت ژیر بێت”. زۆر گەڕاوم بە سەرچاوەکاندا، پەندی وا بەهێزم نەبینیوە سەبارەت بە بەرزڕاگرتنی ژیری و هوشیاری. ئەمە نیشانی دەدات کە ئەم نەتەوەیە چەندە هوشیاری بۆ گرنگ بووە. بەڵام دوای نزیکەی سەد ساڵ لەداگیرکەری بێگانە و زیاتر لە سی ساڵ داگیرکەری خۆماڵی، کۆمەڵگەکەمان دووچاری هەلومەرجێکی نالەبار بووەتەوە.
ئێمە کۆمەڵێکمان هەیە کە هێشتا هەقایەتی ئاری بە زانست بە تاکی کورد دەفرۆشنەوە و باسی زانستی زمانیش دەکەن. لە کاتێکدا کە نزیکی پەنجا ساڵە لە ئەوروپا بە “ئەفسانەی ئاری” لە قەڵەم دەدرێت. بڕۆن نووسینەکانی چەند ساڵی ڕابردوویان بخوێننەوە چۆن ئەم ئەفسانەیەیان لە تاکی کورد کردووە بە زانستی زمان و هەموو ڕۆژێک وەک تووتی ئەم هەقایەتەی سەدەی نۆزدەهەمی ئەوروپا بە زانستی زمان بە خەڵک دەفرۆشنەوە. داکۆکی لەوە دەکەن کە کورد شوانە لە مێژوودا و هەتاوەکو ئەمڕۆ یەک پەڕەی ڕەخنەییان نەنووسیوە لەسەر ئەو بەشوانکردنە سیاسیە نازانستیەی کورد کە لە جیهاندا بۆ کورد داڕێژراوە.
ئا لەم هەلومەرجەدا، کاتێک پەرتووکێک دەنووسیت لەسەر مێژووی کورد و زمانەکەی، کە بەشی زۆری ئەو مێژووە کۆنە هەڵدەوەشێنێتەوە، هیوا خوازیت کە سەدان ڕەخنەگری زانا پەرتووکەکەت هەڵسەنگێنن، بۆ ئەوەی کە هەموومان پێی دەوڵەمەندتر ببین. بەڵام سەدان کەس بە ناوی ڕەخنەوە قسەی لەسەر دەکەن کە هێشتا پەرتووکەکەیان نەخوێندۆتەوە. خەڵکانێک دێن ڕەخنە دەگرن لەسەر بناغەی کە ئەوەی کەسێک هێرشی کردۆتە سەر پەرتووکەکەت. واتە هێرشی خەڵک دەکەنە بناغەی هێرشێکی نوێتر. کاری ڕەخنەیی باش بە پەنجەی دەست دەژمێررێن و ئەوانە جێی ئەوپەڕی سوپاس و ڕێزن. سوپاسی زۆر بۆ پشتگیری هەزاران کەسیش.
چەند جارێک بینیومە بابەتی وەستاڕێبەر (ustaribar) دەکەوێتە بەرچاو. گوایە من بە هەڵە ئەو وشەیەم کردووە بە وەستاڕێبەر. ڕاستیەکەی، هەر شتێک لە پەرتووکەکەی مندا نووسراوە، سەرچاوەکەی لە ژێریدا دانراوە. واتە وەک ڕێچکەیەکی ئەکادیمی هەموو بابەتێک سەرچاوەی هەیە و تۆی خوێنەریش دەتوانیت بچیت سەرچاوەکە بخوێنیتەوە و دڵنیای بکەیتەوە. سەرچاوەکانیش هەموویان سەرچاوەی ئەکادیمین.
یەکێک لە زانا زمانەوانە جیهانیە ناسراوەکان، پرۆفیسۆرێکە بە ناوی (ڕان زادۆک). ئەم پیاوە دەیان لێکۆڵینەوەی لەسەر زمانە دێرینەکان هەیە. لە دوو لێکۆڵینەوەیدا ئاماژە بە وشەی وەستاڕێبەر (ustaribar) ی ماناییەکان دەکات و ئەو بە foreman وەریگێراوە، واتە (وەستا). ئەوەی ئەلفوبێی زمانی ئنگلیزی بزانێت، بۆی ڕوونە کە وشەکەی بەو مانایە لێکداوەتەوە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانرێت، وشە ماناییەکان بە زمانی ئاشوری یان ئەکەدی نووسراون. کە وەک ئەوە وایە وشەی کوردی بە پیتی عەرەبی تەواو بنووسرێت، نەک هەموار کراوی کوردی ئەمڕۆ. بەو جۆرە شێوەی نووسینی وشەکان هەندێک گۆڕانکاری تێدا دەکرێن. گەر ئەمڕۆ عەرەبێک وشەیەکی کوردی بە زمانی خۆی بنووسێت و دواتر سەیری وشەکە بکەین، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت. کە ئەوە لە هەردوو پەرتووکەکەمدا ئاماژەی پێکراوە.
بەداخەوە دەقی زمانی مانایی نییە هەتاوەکو لە قووڵایی زمانەکەیان بگەین بەڵام بۆ ئەوەی بە نزیکی زمانی ماناییەکان لەگەڵ کوردی نوێ ئاشنا بین، با سەیری هەندێک لە ناوەکانیان بکەین لە سەردەمی خۆیان و دواتریاندا. پادشایەکی ماناییەکان دوو هەزار و نۆ سەد ساڵ لەمەوبەر ناوی Aza (ئازا) یە، واتە چوار سەد ساڵ پێش تۆمارکردنی وشەی (وەستاڕێبەر). هەروەها حوکمڕانێکیان ناوی (بەگزاتە) یە، لە کاتێکدا کە لە فەرهەنگی زمانی مادیدا دەبینین وشەی “بەگزاتە” هەمان مانای (بەگزادەی) ئەمڕۆی کوردی هەیە. بەپێی ڕان زادۆک، شوێنێکی ماناییەکان ناوی (شوانەدۆڵ) ە. جگە لەوە چەند سەد ساڵێک دوای تۆمارکردنی وشەی ustaribar و زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، سترابۆ ئاماژە بە خێڵی سراکی (سەرەپەڕەیی) دەکات لە ناوچەی ماناییەکاندا. ئەو مێژوونوسە ناوەکە بە مانای سەرەپەڕەیی/سەرپەڕێن وەردەگێڕێتە سەر زمانی یۆنانی. ئەمە بەراوردی من نیە، ئەوە وەرگێڕانی سترابۆیە پێش دوو هەزار ساڵ. واتە سەرچاوەکان پێمان دەڵێن کە ماناییەکان لە سەرەپەڕەیی تێگەیشتوون.
سترابۆ ئاماژە بە “کێلەشین” دەکات، ئەو شوێنەی کە کێلێکی شینی تێدا بوو لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەی حوکمڕانی ماناییەکان بووە. واتە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر کێلەشین مانای داوە لای خەڵکی وڵاتی ماناییەکان. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا وشەی “سەرەپەڕەیی” (سەر+ە +پەڕ+ە +یی) ئاڵۆزە یان وشەی “وەستاڕێبەر” (وەستا +ڕێبەر) کە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر کوردی بووە؟ ئەوەی یەکەمیان دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر کەسێکی یۆنانی لێکدانەوەی بۆ کردووە بە مانای (سەرپەڕێنی( کوردی و ئەوەی دووهەم زمانەوانێکی جیهانی کە خۆی بە (وەستا) وەری گێڕاوە و منیش دەڵێم بەڵێ ئەوە وەستاڕێبەرە. واتە بەڵگەکان ڕوونن کە لە زۆر حاڵەتدا ماناییەکان وشەکانیان کوردی نوێن و لە کوردستاندا کوردی قسەکراوە بە شێوە دێرینەکەی. جگە لەوە ئەم دەربڕینانەی خوارەوە، پرۆفیسۆر تاڤێرنی وەک خۆی لە فەرهەنگەکەیدا دایناون بە زمانی مادی کە دراوسێ و هاوسەردەمی ماناییەکان بوون:
“میترا پەنا” بە مانای (میترا پەنای هاوشێوەی خوا پەنای ئەمڕۆ)
“ئەسپان ژیرە” بە مانای (خاوەنی ئەسپی ژیری ئەمڕۆ)
“هام برزە” بە مانای (بەیەکەوە بەرزن)
“مەسەن، مەسە” بە مانای (مەزن، مەسە-ی ئەمڕۆ)
“پرسو” بە مانای (پەراسو)
“کرس’ بە مانای “کرچ”
“میترا برزانە” بە مانای (بەرزکردنەوەی میترا)
“میترا پاتە” بە مانای (میترا پاسە (دەپارێزێت))
“پاترا” بە مانای (پاسرا)
“سەر” بە مانای (سەر)
“ڤەرازە” بە مانای(بەراز)
“راشتە” بە مانای(“ڕاستە)
“زەڕنیە” بە مانای (زێڕین)
“زەڕی ئەسپە” بە مانای “ئەسپ زێڕە”
“ئەسپ وەیسانە” بە مانای “ئەسپ وەسێن”
سەدان وشە و دەربڕینی تر لە پەرتووکەکەمدا دانراون و ئەمانە هەمووی زمانەوانێکی جیهانی بە ناوی پرۆفیسۆر تاڤێرنی وەریگێڕاون و یەک وەرگێڕانی هی من نیە. کاتێک کە ئێمە دەڵێینustaribar هەر وەستاڕێبەرە، لەبەر ئەوەی کە سەدان وشەی مادی لە کوردی نوێدا یان نەگۆڕاون یان گۆڕانکاریەکی کەمیان بەسەردا هاتووە. واتە زمانی ماناییەکان هاوشێوەی مادەکان بووە کە هاوسەردەمیان بوون. ئەگەر نزیکی پێنج سەد ساڵ پێش تۆمارکردنی وشەی ustaribar ، پادشای ماناییەکان ناوی ئازا و بەگزادە بێت و شوێنێکیان ناوی شوانەدۆڵ بێت و وەرگێڕێکی جیهانی وشەی ustaribar ی بە foreman وەرگێڕابێت، کە ڕێک مانای )وەستای( کوردی دەدات، ئیتر بۆ ئەمە لۆجیکی نەبێت؟ خۆ ئەمە وەرگێڕانی من نیە و هی پرۆفیسۆرێکی جیهانی بوارەکەیە.
جگە لەوە ئەو پرۆفیسۆرە جیهانیە هاتووە ئاماژە بە وشەی (ماناییەکان) دەکات و دەڵێت ئەمە ئەگەری ئەوەی هەیە کە ئاماژە بێت بەوان. هەرچەندە ئەو ڕوونکردنەوەی نەداوە بەڵام لە زمانی مادیدا هەردوو ئامرازی ناسینی (ەکە) ی کوردی و ئامرازی کۆی (ان) بەکارهاتووە. بۆ نموونە (سایڤاکە) لە زمانی مادیدیا مانای نزیکی (ساواکە) ی داوە کە ئامرازی ناسین بە ڕوونی لە وشەکەدا دیارە. یان (ئەسپان ژیرە) ی مادەکان بە زمانی ئنگیلزی بە (خاوەن ئەسپی ژیر) لێکدراوەتەوە. کە ئامرازی کۆی (ان) بە ڕوونی دەردەکەوێت. واتە بە زمانی مادی، وشەی (ماناییەکان) ڕێک مانای (ماناییەکان) ی کوردی ئەمڕۆی داوە و نزیکی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر تۆماری هەیە و بەڵگەی زمانەوانی پشتگیری دەکات. واتە ئەو بە ئەگەر دایناوە، بەڵام وەک لە بەڵگەکاندا ڕوونە من دەیسەلمێنم.
کاکی قەڵەم بەدەست پێی سەیرە وشەی ustaribar هەر وەستاڕێبەری کوردی بێت. بەڵام با سەیری گەورەترین فەرهەنگی جیهانی زمانی سۆمەری بکەین. دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ پێش تۆمارکردنی وشەی ustraribar، دەربڕینی (گەڵ ور/هور) بە مانای scratch groin (گەڵ ور/خور) “گەڵخورانی” کوردی لێکدراوەتەوە. واتە فەرهەنگەکە وشەی سۆمەری (گەڵ) ی بە groin و (ور/هور) ی بە scratch لێکداتەوە. کە ئەمڕۆ (گەڵ) وەک خۆی ماوە و (خور/ور) ڕەگی وشەی خورانە لە فەرهەنگی کوردیدا. ئەگەر دوای پێنج هەزار ساڵ، گەڵ خوران لە سۆمەریەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ ماناکەی نەگۆڕابێت، بۆ لات سەیرە کە زانایەکی جیهانی زمانەوان وشەی ustaribar ی تەمەن دوو هەزار و پێنج سەد ساڵی بە foreman لێکداوەتەوە و کە ڕێک مانای (وەستا) دەدات و سەرەڕای ئەوەی کە ئەلفوبێکە هی ماناییەکان نەبووە.
لە زمانی سۆمەریدا وشەکانی (گری، گوریە، یری) کە دەبنە (گری،گریە، یری) کوردی وەک خۆی مانای (گریان) دەدەن. واتە هەمان وشەی کوردی، هەر سێ شێوازەکەی لە سۆمەریدا هەبووە. بڕۆن لە پەرتووکەکەمدا سەیری سەدان وشە و ڕستەی سۆمەری بکەن کە هەموویان وەک خۆیان لە کوردیدا ماون و سەرچاوەی زانستی جیهانیان هەیە. ڕستەیەکی وەک (ئامە مو زی مو) ی سۆمەری دوای پێنج هەزار ساڵ، ئەمڕۆ دەبێتە (ئامە م ژین مە) واتە “دایکم ژینمە”، کە ئەوە ڕێک دەری دەخات ئەو ڕستە سۆمەریە دوای پێنج هەزار ساڵ لە هەموو ڕوویەکی ڕێزمانی و وشەسازیەوە کوردیە.
خۆشبەخانە مێژوونوس و زانایەکی گەورەی بابلی، هەموو ئەم بابەتانەی منی نزیکی دوو هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر دڵنیا کردۆتەوە. بیرۆسوس (بەرعوثا) کە مێژوونوس و ئەستێرەناس بووە و کلدانیەکی خەڵکی بابل بووە، مێژووی (بابل) دەڤەرەکەی خۆی بە زمانی یۆنانی بۆ خوێنەری یۆنانی نووسیوە. ئەم زانایە بەپێی گێڕانەوەی ئەو سەردەمە، دەڵێت دوای لافاوەکە ٨٦ پادشا حوکمی بابلیان کردووە، ٨٤ یان ماد بوون و ٢ یان کلدانی و وردەکاری قۆناغ و حوکمڕانی ئەوان دەخاتەڕوو. ئێ ئەم بۆچوونەی ئەم مێژوونوسە بابلیە پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنەی ئەمڕۆیە لە مادەکان. بەڵام خۆ ناکرێت زانایەکی وا گەورە و مێژوونووس، مێژووی ناوچەکەی خۆی نەزانیبێت و خۆی کلدانی بێت بەڵام میدەکانی خستبێتە پێش کلدانیەکان و ڕۆڵی گەورەتری بەوان دابێ.
ڕاستیەکەی بۆچوونەکەی ڕوونە، بیرۆسوس پەرتووکی بە زمانی یۆنانی و بۆ یۆنانیەکان نووسیوە. لەبەر ئەوە ناوێکی بەکارهێناوە کە یۆنانیەکان پێی ئاشنابن. ئەو لە گێرانەوەی مێژووی بابلدا، هەردوو قۆناغی حوکمڕانی گوتیەکان و سۆمەریەکانی بە ماد داناوە. لەبەر ئەوەی کە بە یەک نەتەوە بینیونی و ویستوویەتی کە خوێنەری یۆنانی لە پەرتووکەکەی بگەن کە بە یۆنانی نووسیویەتی و یۆنانیەکان سۆمەری و گووتیان نەناسیوە. دواتریش لە دەیان سەرچاوەدا ماد بە کورد دانراون. مێژوونووسی بابلی بیرۆسوس ڕێک ئەوە دەسەلمێنێت کە سۆمەری و گوتی هاو نەتەوە بوون و مێژوونوسێکی بابلی بە ماد دایناون و دواتریش سەرچاوەکان ماد بە کورد دادەنێن. کەواتە ئەوە تەنها یەک نموونەی بچووکە لە هەزارانی تری ناو پەرتووکەکەم کە سۆمەریەکان کورد بوون (وردەکاری بۆچوونەکانی بیرۆسوس لە پەرتووکەکەمدا خراوەتەڕوو کە چۆن گوتی و سۆمەریەکانی بە ماد داناوە).
وەک دەبینرێت هەر شتێک لە پەرتووکەکەمدا گووتراوە، سەرچاوەی ئەکادیمی و لۆجیکێکی پتەوی زانستی لەپشتەوەیە. ئەمجا با سەیر بکەین کە کاکی زانای زمانەوان کە گاڵتە بە بۆچوونەکانی من دەکات، دواتر چۆن قسە لەسەر ئاری و ئێرانی و لە ئەنجامدا پۆلێنکردنی زمانی کوردی دەکات. ئەمەی خوارەوە بۆچوونی ئەم زمانەوانە کوردەیە :
“واته‌ ئه‌م ئێرانیه‌ کۆنانه‌، به‌پێی خودی ده‌قه‌ کۆنه‌کانی ئه‌م کولتوره‌، شوێنێکه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی دوری ئێرانی کۆن و سه‌روی ئه‌فغانستان و ڕه‌نگه‌ بشکه‌وێته‌ تورکمه‌نستانی ئێسته‌وه‌، که‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ ئه‌وێستادا به‌ “ئه‌یریه‌نه‌ ڤه‌ێجه‌” ئاماژه‌ی بۆ کراوه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌مه‌ نیشتمانی یه‌که‌می ئێرانیه‌کان بوه‌ [هه‌رچه‌ند ـ به‌پێی لێکدانه‌وه‌یه‌کی تری ناونیشانه‌که‌ی ئه‌وێستا، لای دارمێستێتێر ـ ده‌کاته‌ ناوچه‌ی ئه‌ڕڕان له‌ ئازه‌ربه‌یجانی ئێسته‌]. هه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌، یان به‌گشتی ناوه‌ڕاستی ئاسیا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای قه‌زوین، به‌ شوێنی یه‌که‌می (هیندی-ئێرانیه‌کان) داده‌نرێت که‌ ده‌گونجێت ئه‌و ئاریانه‌ی چونه‌ته‌ باکوری هیندستان و هه‌ڵگری زمانی سه‌نسکریتی بون؛ لێره‌وه‌ جیابونه‌ته‌وه‌ له‌ ئاریه‌کانی تر.”
ئەو قسانەی سەرەوە بەرهەمی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی خۆی نین، ئەوە تەنها کۆپیکردنی چیرۆکێکی سواوی دوو سەد ساڵ پێش ئێستای ئەوروپایە و وەک خۆی دایدەنێتەوە و هیچ بیکردنەوەیەکی لە پشتەوە نیە. جا با پێتان بڵێم بۆ ئەوە هیچ بیرکردنەوەیەکی لە پشتەوە نیە و تەنها کۆپیە؟
نوێترین تیۆری لەسەر زمانی هیندۆئەوروپی کە لەلایەن دەزگای ماکس پلەنکەوە لە ئەڵمانیا لە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠٢٣ دا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت زمانی هیندۆئەوروپی لە کوردستانەوە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. دە ساڵ پێش ئەوان ئەوە لە پەرتووکی یەکەممدا باسکراوە و ناونیشانی پەرتووکی دووهەممە (مێژووی برز و ……..، سەرلەنوێ دۆزینەوەی سەرەتای شارستانیەتی ڕۆژئاوا و بنەچەی زمانە هیندۆئەوروپیەکان). واتە پەرتووکەکانم دە ساڵ پێش دەزگای ماکس پلەنکی ئەڵمانی کوردستانیان بە نیشتیمانی زمانە هیندۆئەوروپیەکان داناوە. ئەوەش ئەنجامی تێگەیشتنێکی قوڵە لە بواری جیاوازی زمان، شوێنەوار، کلتور و گەورەترین دەزگای ئەکادیمی دە ساڵ دوای پەرتووکەکانم هەمان شتی دووبارە کردەوە. ئەم تیۆریە نوێیە، یەکەم ئەوە نیشانی دەدات کە بۆچوونەکانی پەرتووکەکانم زانستین و نوێن لە ئاستی جیهاندا، دووهەم باشە ئەگەر بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەی جیهان زمانەکە لە کوردستانەوە بڵابووبێتەوە بە جیهاندا، ئەی چۆن زمانەکە لە ئێران و ئەفغانستانەوە هاتۆتە کوردستان؟
سۆران حەمەڕەش، مێژووی بزرو نەگێڕدراوەی کورد؛ بەهەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی.
باشە کە زمانەکە خۆی لە کوردستانەوە بڵاوبووبێتەوە، کۆی ئەو بۆچوونەی سەرەوەی کاکی زمانەوان سەبارەت ئاری و ئێرانی، دەبێتە کۆپیکردنی بێ بیرکردنەوە و ئەو قسانە دژی تیۆری نوێ دەوەستنەوە. وەک دەبینرێت ئەو بۆچوونەی سەرەوە کۆپیکردنێکی ڕوونی بۆچوونی دوو سەد ساڵ لەمەوبەری ئەوروپایە و ئەمڕۆ لە کایەی ئەکادیمیدا مامەڵەی گاڵتەجاڕی لەتەکدا دەکرێت و کاکی زمانەوان وەک ڕاستیەکی بەڵگەنەویست مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ئەوەش لەبەر ئەوەی کە خاوەنی تێز و دیدی خۆیان نین و بێ بیرکردنەوە تەنها کۆپی ئەوروپیەکان دەکەن. ئایا منداڵێکی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی، ناتوانێت لەو نالۆجیکیە بگات؟
ئەمەیە کێشەی من، دەبێت ئاستی لێکدانەوەکان دابەزێنم بۆ ڕوونکردنەوەی زۆر سادە، بۆ ئەوەی وەڵامی چەواشەکاری بدەمەوە کە لەپشتیانەوە ئێرەیی ناهێڵێت لۆجیکی سادە بەکاربهێنن. کەتۆ هەر کۆپی بۆچوونی خەڵکت دووبارەکردەوە و سەرێکت هەڵنەبڕی بۆ ئەوەی کە بزانیت لە جیهاندا چی هەیە، بە دڵنیایی لە هەموو زانست و لۆجیکێک دووردەکەویتەوە. جا بۆ ئەوەی کە ئاستی تێگەیشتنی کاکەی زمانەوان و ڕەخنەگر لە ڕەخنەگرتن تێبگەن، ئەم توێژەرە کارەکەی ئاسان کردووە، ئەو لە زمانی خۆیەوە لە وتارێکدا پێناسەی بۆ خۆی کردووە:
“من کەسێکی بێ لایەنم، وەکوو خۆرهەڵاتناسێک وام لە لێکۆڵینەوەی ئیسلامدا”
ئەوەی ئەلف و بێ سەرەتاییەکانی ڕەخنەی مێژوویی تێبگات، دەزانێت گەورەترین ڕەخنە لە ڕۆژهەڵاتناسەکان لە جیهاندا هەیە و ئەوە بووەتە بوارێکی تایبەتی ڕەخنەگرتن. بەڵام کاکی زمانەوانی ڕەخنەگر، چونکە لە ناو پەرتووکە ئێرانی و فارسی و عەرەبیەکاندا نوقم بووە و ئاگای لە دنیای ئەکادیمی و ڕەخنەگرتن نیە، ڕۆژهەڵاتناسیی لێ بووە بە بوارێکی بێ لایەن. بە مەرجێک کە گەورەترین بەشی پەرتووکەکەی من بۆ ڕەخنەگرتنە لە ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسەکان. واتە کەسێک خەریکی ڕەخنەیە لەمن، کە هێشتا ئاگاداری سەرەتاکان و ئەلفوبێی ڕەخنەگرتن نیە لە جیهاندا. وا دەزانێت ڕۆژهەڵاتناسی مانایەکی ترە بۆ بێ لایەنی. ئەمانە ئاستی تێگەیشتنی هەندێک لەوانەن کە گوایە ڕەخنە لە من دەگرن. کورد ناهەقی نیە کە دەڵێت “”دوعاکە دوژمەنەکەت ژیر بێت”.
باشە ئەم کاکی ڕەخنەگرە کە لە سەرەتاکانی ڕەخنەگرتن ئاگادار نەبێت و ڕۆژهەڵاتناس بەشێوەیەکی ڕەهایی بە بێلایەن دابنێت، چۆن دەتوانێت قسە لەسەر پەرتووکەکەی من بکات، کە کرۆکی پەرتووکەکەم لەسەر بناغەی ڕەخنەگرتن داڕێژراوە؟ ئەم کاکی ڕەخنەگرە، هێشتا پەرتووکی دووهەمی منی نەبینیوە و هەر قسە لەسەر پەرتووکێکم دەکات کە دە ساڵ لەمەوبەر نووسیومە. هەر لەبەر ئەو تێگەیشتنە سادەیەیەتی لە ڕەخنەگرتن کە تیۆری ئاری بە زانستی و پەرتووکەکەی من بە نازانستی دادەنێت. ئەو واتێگەیشتووە کە ڕۆژهەڵاتناس بەشێوەیەکی ڕەهایی کارەکانیان هەمووی زانستیە و کوردیش هەموو کارەکانیان نازانستی.
تا ئێستا بینیوتە یەکێک لەم بە ناو ڕەخنەگرانە یەک قسە لەسەر ئەو مێژووە بکەن کە بۆ کورد نووسراوە؟ لە کاتێکدا ئەو مێژووە هەڵەی وای تێدایە کە پیاو شەرم دەکات بیخوێنێتەوە. بۆ ئەوان هەر شتێک کە ئەوروپی نووسی، ئەوە نەگۆڕە و نابێت ڕەخنەی لێ بگیرێت. ئەگەر کوردێکیش هەر شتێکی گووت، با بە ناو پەرتووکەکەیدا بگەڕێین بۆ ئەوەی کە کێشەیەک بدۆزینەوە. کاری ئەمانە وەک ئەوە وایە کۆشکێکی گەورەی نوێت دروستکردبێت، لەبری ئەوەی کەسێک بە ناوی ئەندازیارەوە بێت سەیری توکمەیی پایە و بناغەکە و داڕشتنی بکات، بێت لە ژوورێکدا بڵێت کە مادەم ئەو دەنکە زیخە لەو زەویەدا کەوتووە، ئەم کۆشکە کێشەی هەیە و دەبێت بڕوخێنرێت؟ ئەمە ئاڕاستەی ڕەخنەی ئەوانەیە. دەنا دەیان تیۆری نوێ لە پەرتووکەکەدایە و دەتوانرێت بخرێتە ژێر پرسیار و ڕەخنەوە و قسەی لەسەر بکرێت.
بەڵام جارێکی تر سەیری کەن بە دەمی خۆی چۆن لە خوارەوە دەڵێت هەموو شتێکی ئەوروپی لەسەر کورد بابەتیانە و بێ لایەنانەیە و جارێکی تر سادەیی و ئاستی تێگەیشتنی لە ڕەخنە و زانست دەکەوێتە ڕوو:
“لە هەمان کاتدا کە چاوت خستە سەر بڵاوکراوەی زانستی و ئەکادێمیاکانی دەرەوەی کوردستان، بە تایبەتی ئەوانەی وڵاتانی خۆرئاوایی کە جێی متمانەن و کاری زانستیی و بابەتی و بێلایەنانە دەکەن؛ سەرنج دەدەیت دیمەنەکە دەگۆڕێت”
سەیری ئەو ڕەهایی قسەکردنەی ڕەخنەگر بکەن کە خۆی بە زمانی خۆی دەڵێت کە چەن بە سادەیی لە کاری ئەوروپی تێگەیشتووە. لەڕاستیدا ئەگەر ئەو ڕستەیەی سەرەوە پیشانی توێژەرێکی ئەوروپی خۆی بدەیت، لەوانەیە زۆر پێبکەنێت. ئەگەر کاکی ڕەخنەگر خوێنکارێکی سادەی زانکۆیەکی ئەوروپیش بێت، ئەوە لە وانەکەیدا سفر وەردەگرێت. لەبەر ئەوەی نیشانی دەدات ئەم کاکەیە ناتوانێت بابەتیانە نە سەیری کاری کورد بکات نە ئەوروپی. دیارە ئەوروپیەکان کاری زۆر نایابیان کردووە، بەڵام گەر وابزانین بە ڕەهایی بێ لایەنانە و زانستین، ئەوە ئاستی تێگەیشتنی ئەو بەڕێزە لە ڕەخنە نیشان دەدات. تکایە سەیری بەشی سێ و چوار و دەی پەرتووکەکەم بکەن کە بەشی زۆری بۆ ڕەخنەگرتن لە کاری کوردناسەکان و ڕۆژهەلاتناسەکان تەرخان کراوە.
با سەیری نموونەیەکی بچووکی سادە لە “بڵاوکراوەی زانستی و ئەکادێمیاکانی دەرەوەی کوردستان” دا بکەین وەک کاکی ڕەخنەگر ئاماژەی پێ دەکات. هەردوو سورەوەردیەکان لە ڕۆژئاوادا بە فارس دانراون، بێ ئەوەی یەک بەڵگە بۆ ئەوە هەبێت جگە لە گشتاندنی نائەکادیمی و نازانستی و زۆر جاریش سیاسی. لە کاتێکدا دەیان بەڵگە هەیە کە کورد بوون. ئەمەیە نموونەی کاری”زانستی و ئەکادێمیاکانی دەرەوەی کوردستان” کە بە قسەی کاکی ڕەخنەگر بێت، ئەوەی ئەوروپیەکان ڕاستە و سورەوەردیەکان فارسن و مادەم ئەوروپیەکان زانستین دەبێت ڕەخنەیان لێنەگرین. ئەمە نموونەی زانایەکی ڕەخنەگری پەرتووکەکەمە.
من پەرتووکی مێژوو و زمانم نووسیوە و پەرتووکی پیرۆزی ئاینیم نەنووسیوە. ئەم پەرتووکە بە هەزاران وشەی تێدایە و دەیان تیۆری نوێی لەسەر کورد تێدایە. ئەگەر هەڵەیەکیشی تێدا بێت و بەسەرمدا تێپەڕبووبێت، زۆر ئاساییە لەبەر ئەوەی کە پەرتووکی مێژوو و زمانە و مرۆڤیش بۆی هەیە هەڵەی کردبێت. گەر هەندێک لە بۆچوونەکانی پەرتووکەکە زۆر خەڵک لەگەڵی نەبن، ئەوەش هەر شتێکی ئاساییە و من ئامادەم لەهەموو سێمینار و چاوپێکەوتنەکاندا بەوپەڕی ڕێزەوە وتووێژی لەسەر بکەم و هەمیشەش من زیاتر ئامادەبووم بۆ وتووێژ وەک لە ڕەخنەگرانم. هەتاوەکو ئێستا هیچ کام لەم بە ناو ڕەخنەگرانە نەهاتوونەتە سێمینارەکانم کە تا ئێستا گەیشتوونەتە ٣٠ سێمینار. بە شایەتی هەموو ئەوانەی کە بەرنامەم لەتەکدا دەکەن، سەرەتا پێیان دەڵێم پرسیارەکانم پێشتر پێ مەڵێن و تکایە ڕەخنەگرانە بەرنامەم لەتەکدا بکەن. لەبەر ئەوەی نەترسم لە ڕەخنە هەیە نە لە شتی نوێ. بە دڵنیایی ئەم پەرتووکەم دەیان تیۆری نوێ و گەورەی تێدایە کە دەتوانرێت قسەی لەسەر بکرێت و بخرێتە ژێر پرسیار و ڕەخنەوە، نەک خۆت سەرقاڵی زیخ بکەیت.
هەزاران پەرتووکی مێژوویی دەردەچن لە جیهاندا و هەزاران خەڵک لەگەڵی نین. بەڵام وشەی (وەستا ڕێبەر) و دەیانی بابەتی تری هاوشێوە کە خۆیان پێوە سەرقاڵ کردووە و بۆ مەبەست بەکاریدەهێنن، دەبینیت ڕوونکردنەوە و لۆجیکی لە پشتەوەیە لە کاتێکدا تیۆری ئاری و ئێرانی، هەقایەتێکی کۆپیکراوی دوو سەد ساڵ لەمەوبەری ئەوروپایە و لێکۆڵینەوەی نوێ هەڵیدەوەشێنێتەوە. بەڵام ئەمان لەبەر ئەوەی هەر کۆپی دەکەن و خاوەنی هیچ بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆ نین، گوێڕایەڵانە بێ هیچ بیرکردنەوەیەکی لۆجیکی سادە، لای ئەوان کورد دەبێت ئێرانی بێت و زمانەکەی لە ئێرانەوە هاتبێت. بەڵگەشی ناوێت، لەبەر ئەوەی ئەوروپیەکان دوو سەد ساڵە وادەڵێن و ئەمانەشن کە باسی ڕەخنەگرتن دەکەن.
ئەمانە لە هزریاندا کورد شوانە لە مێژوودا و ئەوە بووە بە ڕاستیەکی ڕوون. لەبەر ئەوە هەر شتێک دژی ئەو شوانە چەسپاوەی هزریان بێت کە لەم سەد ساڵەدا بۆ کورد دروستکراوە، ئەوان بەرامبەری دەوەستن. سەرەڕای ئەوەی کە وەک ئاماژەی پێکرا، کارەکانیان جگە لە کۆپی قسەی خەڵکی تر، هیچ دید و بیرکردنەوەیەکی لە پشتەوە نیە و ئاگاداری سەرەتاکانی ڕەخنەگرتنی مێژووییش نین. هەتاوەکو ئێستا جگە لە دژایەتی من، یەک دیدی نوێیان نەخستۆتە سەر تێگەیشتن لە کورد و بنەچەی زمانەکەی. بۆیە کەسیان پێمان ناڵێن کە کورد کێیە و لە بەرنامەکەشدا پرۆفیسۆرێکی مێژووی سەر بەم گرووپە، هەموو لێکدانەوەی بۆ کورد کێیە ئەوە بوو کە کورد بەپێوە وەستاوە. ئەوان چاوەڕوانن “ڕۆژهەڵاتناسە بێلایەنەکان” مێژوومان بۆ بنووسن و ئەوانیش وەک تووتی قسەکانیان بەکاربهێننەوە و بە زانست بە تاکی کوردی بفرۆشنەوە.
بە کوردی و بە پوختی، کۆمەڵێک قەڵەم بەدەستی زمان هەن. بڕۆن سەیری نووسینەکانیان بکەن، بیست ساڵە ئاری وەک زانست بە کورد دەفرۆشنەوە. لای ئەوان هەموو جیهان فارسی و ئێرانیە. باسی ئەوە ناکەن کە بیست ساڵە لە نووسینەکانیاندا ئاری بەتۆ بە زانست دەفرۆشنەوە و پەنجا ساڵە بە ئەفسانە لە ئەوروپادا لەقەڵەم دەدرێت. کێشەکە ئەوەیە کاکی ڕەخنەگر، خەڵکی ڕۆژهەڵاتناس بەشێوەیەکی ڕەهایی بە بێلایەن دادەنێت و ڕەخنەش لە کارەکانی من دەگرێت. نەک ئەوە، بە شێوەیەکی ڕەهایی کاری ڕۆژئاواییەکان بە بێلایەن و زانستی دادەنێت و بە حسابیش ئەمە ڕەخنەگرە. من هەرگیز بڕوام نەدەکردە کە کەسێک زانکۆی تەواوکردبێت، ڕستەیەکی ئاوا بێ سەروبەر بنووسێت سەبارەت بە پێناسەی خۆی و بۆچوونی لەسەر توێژینەوە ڕۆژئاواییەکان. پێم وابێت ئەوە پێناسەی دروستە بۆ خۆی کە لە دەمی خۆیەوە بە ئاشکرا دەڵێت کە ئاگاداری بنەما سەرەتاییەکانی جیهانی ڕەخنەی مێژوویی و ڕۆژهەڵاتناسی نییە.
ڕاستیەکەی من بڕیارم داوە وەڵام نەدەمەوە بەڵام هەندێک جار دەبێت ئاستی ڕەخنەگرتنی هەندێک لە قەڵەم بەدەستەکانی کۆمەڵگەکەمان بۆ خوێنەر بخەمە ڕوو. دەنا نامەوێت کات بەم قسەو قسەڵۆکانەوە بکوژم، لەبەر ئەوەی دەیان پرۆژەی نوێم هەیە و ئەوانیش با هەر هەقایەتی ئاری و ئێرانی وەک تووتی بە تاکی کورد بڵێنەوە و بێ هیچ دیدێک لەوێدا بمێنن و جگە لە دژایەتی کارەکانی من، شتێکی ئەوتۆیان پێ نەکراوە و ناکرێت. ئەوان جگە لەو بۆچوونەی کە لە ئەوروپادا بۆ کورد داڕێژراوە کام بۆچوونی نوێیان هێناوەتە ئاراوە؟ (بەم زوانە ئەڵقەی “ئایا کورد ئاریە؟” پەخش دەکرێت و تەواوی ئەم ئەفسانە سیاسیە بۆ تاکی کورد دەخرێتە ڕوو کە ئەم زمانەوانە ڕەخنەگرە وەک قورئان مامەڵەی لەتەکدا دەکات).
هیوام وایە کەسێک ئەو چەند دێرەی ئەم ڕەخنەگرە زمانەوانە کە لەسەر خۆی و ڕۆژهەڵاتناسی و توێژنەوەی ڕۆژئاواییەکان نووسیویەتی، نیشانی کەسێک بدات کە ئاگاداری بنەما سەرەتاییەکانی ڕەخنەگرتن بێت. ئەوەش بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی بزانێت هەندێک لە بەناو ڕەخنەگرەکانی لەچ ئاستێکی زانستیدان.
تێبینی:
– وێنەکان نموونەی کاری ماناییەکانە کە بەم زوانە بەرنامەیەکان لەسەر دەکرێت.
– لە وتارەکانمدا ناوی ئەو کەسانە ناهێنم کە هێشتا سەرەتاکانی مێژوو و ڕەخنەگرتن نازانن و هاتوون قسەی تێدا دەکەن؛ بەبەڵگەشەوە ئەوەم ڕوونکردۆتەوە. ناوی کەسێک دەهێنم کە ڕق و کینەی لە دڵدا نەبێت و ئامانجی تێگەیشن و دەوڵەمەندکردنی هەموومان بێت و وام لێبکات کە بە کارەکانی خۆمدا بچمەوە و لێوەی فێر ببم. نەک ناچارم بکات کە ئەلف و بێ سەرەتاییەکانی مێژوو و ڕەخنەگرتنی بۆ بخەمە ڕوو و کاتم بەفیڕۆ بدات. دەزانم ئەو کەسانە هێرشی ناڕەوا و بێ بناغە دەکەنە سەر پەرتووکەکانم بە ئامانجی ئەوەی کە خەڵک باسیان بکات و ناویان بێتە کایەوە. گەر کەسێک خۆی بە توێژەر و ڕەخنەگر دابنێت و ڕۆژهەڵاتناسی و کاری ڕۆژئاوایی لای ئەو بەشێوەیەکی ڕەهایی مانای بێ لایەنی و ئەکادیمی بوون بێت، من هیچی تر ناڵێم و تەنها دەڵێم خودا ڕەحم بە کۆمەڵگەی کوردی بکات کە ئەمانە ڕەخنەگرانی بن.
ئەم بابەتە لە واڵی فەیسبوکی نووسەر سۆران حەمەڕەش وەرگیراوە.
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌