کاریکاتێر ؛ كتێبه‌ پیرۆزه‌كان لە ئاوده‌ستدا

 میزکردن لە چەرخی مزگەوتەکاندا


Loading

چەند ڕۆژێک پاش حەڤدەى شوباتى دووهەزار و یازدە، پاشنیوەڕۆکەى، کاتێک بەلاى بەردەرکی سەرادا تێپەڕیم، هەستم کرد میزم دێت. بەرەو نزیکترین مۆڵی ئەو ناوە بەڕێکەوتم، تاکو لە یەکێک لە تەوالێتەکانیدا میزەکەم هەڵبڕێژم…حەز دەکەم لێرەدا گێڕانەوە بووەستێنم و بڵێم: ئەمە چیرۆکێکی سادەى مۆدێرنیستانە نییە، کە لە کۆتاییدا کارێکتەرە تەنهاکە بگەڕێتەوە ماڵەوە و بخەوێت، وەک ئەوەى هیچ ڕووینەدابێت، شێوازێک کە

بەتایبەت  نەوە وێڵەکەى پاش جەنگ و باڵە سادەوساکارەکەى مۆدێرنیزم، حەزیان پێیبوو؛ بۆ نمونە هەمینگوەی بووایە کارێکتەرێکى دەخستینە بەردەم کە لە ئێوارەدا پاکەتەکەى جگەرەى تێدا نەدەما، پاشتر بەتەنها دەچوو بەرەو مارکێتێک بۆ کڕینی جگەرەى تر، هاوڕێی گێڕانەوە، کەمێک وێنەى باقوبریقی گڵۆپی سەر شەقامەکان، کەمێکیش جوڵەى ڕێبوارەکان دەگوێزرایەوە، دواتر کارەکتەرەکە دەچووە ناو مارکێتەکەوە و جگەرەیەکى دەکڕی، بەڵام بەر لەوە، دیالۆگێکى لەم چەشنە لەنێوان ئەو و فرۆشیارەکەدا درووست دەبوو: “پاکەتێک سیگاری (بۆ نمونە با بڵێین مارلیبۆرۆی دەوێت) مارلیبۆرۆم دەوێت.” فرۆشیار وەڵامى دەدایەوە:”سەعاتەکە پیلی تێدا نەماوە.” دواتر کارەکتەرەکەى هەمینگوەى دەگەڕایەوە بەرەو ماڵ، کەمێک وێنەى گڵۆپ و شەقام و ڕێبوارەکان دەگوێزرایەوە، ڕەنگیشبوو کارێکتەرەکە کەمێک بیر لە چاککردنەوەى جیهان بکاتەوە. بێگومان هەموو ئەمانەش، بە عادەتى خۆی، هەمینگوەى بە پەخشانێک بۆی دەنوسینەوە کە هەموو دێڕەکانى بە(And) دەستیانپێدەکرد. دەگەیشتە ماڵەوە، دەچووە جێگاوە، دەخەوت، چیرۆکەکە لەپڕ تەواو دەبوو. پاشتریش، بەپێی سەلیقەى ئەوساى خوێنەر و ڕەخنەگران، ئەم دەقە وەک شاکارێک لەقەڵەم دەدرا…

بەهەرحاڵ: میزەکەمم هەڵڕشت، لە تەوالێتەکە هاتمە دەرەوە و لە دەستشۆرەکە، بەدەم ژماردنى دەرگاى تەوالێتەکانەوە کە لە ئاوێنەکەى بەردەممدا دەردەکەوتنەوە، دەستەکانمم شۆرد. شەش دەرگا بوون، فلات و ئەستوور و بێ پەنجەرە. گەنجێک، بە ڕیشێکى درێژ و شەرواڵێکى کورتەوە خۆی کرد بە ژووردا، من دەستشۆرەکەم جێهێشتبوو، بە کلێنسێک دەستەکانمم وشک دەکردەوە.

–        سەلامو عەلەیکوم، برام.

–        سەرچاو.

 

چووە یەکێک لە تەوالێتەکانەوە. چوومە دەرەوە. گەڕامەوە ژوورەوە، چونکە وەک هەموو جارێک، سەعاتەکەمم لە قاراغی دەستشۆرەکەدا دانابوو. دامکەندبوو تاکو تەڕ نەبێت، گەرچی وەک دەگوترا دژە ئاویش بوو. لەو شەش دەرگایەدا یەکێکیان داخرابوو، ئەوانى تریش لەسەر پشت؛ هەڵبەت کوڕە ڕیش درێژەکە لەو تەوالێتەیاندابوو کە دەرگاکەى داخرابوو. لەپڕ تەقەتەق و خشەخشێکى نائاسایی لەودیو دەگاکەوە هات. زوو زانیم کێشەی چییە.

کاریکاتێر ؛ كتێبه‌ پیرۆزه‌كان لە ئاوده‌ستدا – كاریكاتێرست (نه‌ناسراو)

تێگەیشتن لە مەسەلەکە تەنها پێویستى بە فیکرێکى سادەى فۆکۆییانە و خەیاڵێکى کاواباتاییانە هەبوو: لە مزگەوتەکاندا بەشی سەرەوەی دەرگاکان بە بۆشیی جێدەهێڵدرێن بۆ ئەوەى خەڵکیی ناچار بە دانیشتن بکرێن، تاکو بەپێوە میز نەکەن و لەنوێژ نەچن؛ لەوێوە فۆکۆ دەستپێدەکات مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە کە ئەوانەى بە دانیشتنە زۆرەملێکەى تەوالێتەکانى مزگەوت ڕادێن، لە هەر تەوالێتێکى تردا میز بکەن بۆی دادەنیشن، جا دەرگاى تەوالێتەکە سەربۆشبێت یان نا.

کاواباتا لەوێدا دەکەوێتە کار کە تۆ خەیاڵت بۆ ئەوە بڕوات ڕۆژێک لە ڕۆژان دیندارێکى ئەوپەڕگیر، میز یان گوویەکى زۆری پێیە و ڕێی دەچێتە تەوالێتێکەوە کە سەرەوەی دەرگاکەى بۆش نییە، چی دەکات؟ حەتمەن دەبێت هەوڵبدات کونێک بکاتە دەرگاکەوە. بە چی؟ بێگومان بە سیواکەکەى، چونکە هیچ شتێکی تری پێنیە بە کەڵکی ئەو کارە بێت. بەهەرحاڵ، با واز لە هەڵڕشتنى ئەو وردەکارییانە بێنم کە دڵنیام خوێنەری سادە لە گێڕانەوەیەکى فلاتی نیشاندانخوازدا ناتوانێت هەڵیانبهێنجێنێت: ئەی من چیم کرد؟  لە بەختی هاوڕێ گیرخواردووەکەماندا، چیرۆکی کڵێساى ئاندرێ مۆروام بیرکەوتەوە؛ بەهاى مرۆڤ لەبەردەم بەهاى کاری هونەریدا.

دەرگاى کراوەى تەوالێتەکەى تەنیشت تەوالێتى گەنجە ڕیشنەکەم داخست. قایشی پانتۆڵەکەمم لە کەمەرم کردەوە. بە قایشەکە کێلۆنى هەردوو دەرگاکەم تووند پێکەوە بەست؛ بەمشێوەیە نە دەیتوانى بێتە دەرەوە و نە میزەکەشی بکات. لە مۆڵەکە هاتمە دەرەوە، ئیدی چەند شێوازێکم لەبەردەمدا بوو بۆ تەواوکردنى چیرۆکێک. دەکرا مەسەلەکە تەواو کاواباتاییانە دەربخەم و بنووسم: کاتێک دەرگای تەوالێتەکەیان کردووەتەوە، بینیویان گەنجەکە وەک تەختەیەک ڕەق بووە، لە ئێوارەى ئەو ڕۆژەدا چیدی نەیتوانیوە خۆی بگرێت و میزەڵدانى تەقیووە. یان دەکرا ناهونەرمەندانە خۆم بە کافکادا هەڵبواسم: کاتێک دەرگاکەیان کردووەتەوە، بینیویانە کە گەنجەکە بووەتە مێروویەکى زەبەلاح؛ پاڵکەوتوو لەسەر پشتی، لە قاچە فرە و باریکەکانى ڕوانیووە. بەڵام بڕیارمدا کاتێک چوومە ماڵەوە، بیر لە کۆتاییەکى باشتر لەو دوانە بکەمەوە. بەڕێکەوتم بەرەو چوارباخ؛ چوارباخ شوێنێک نییە مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە یان دەربارەى بنووسێت، بەس لانى کەم لە بازاڕەوە نزیکە…

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین