هونەری ئینستۆلەیشن و خوێندنەوەیەك بۆ پرۆژەی “مێینە؟”

ڕزگار حەمەڕەشید

پرۆژەی ئینستلەیشن بە ناوی پڕۆژەی " مێینە" هونەرمەند تارا ئیبراهیم - چوار هەزار و 800 مەتر جلوبەرگی ڕۆژانەی ژنانە درێژە و 99 هەزار 678 ژن بەشدارییان تێداکردووە. لە شاری سلێمانی لە دوا هەفتەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دا نمایشکراوە.
703
تارا عەبدوڵا لە کاتی کرکادنی لە پرۆژەی مێینەدا – پرۆژەکە ناوی ” مێینە” یە و چوار هەزار و 800 مەتر درێژە و 99 هەزار 678 ژن بەشدارییان تێداکردووە

هونەری ئینستۆلەیشن و خوێندنەوەیەك بۆ پرۆژەی “مێینە؟”

ڕزگار حەمەڕەشید

 

 

 

 

 

 

 

بۆ ئەوەی بتوانین بە شوناسی تایبەتی خۆمانەوە بینەرێکی ڕاستەقینەی کارێکی هونەریبین، دەبێت باوەڕ بەوە بهێنین کە ئێمە لە دەرەوە دێین و بەهرەمەند دەبین لەوەی دانیشین و چێژ لە ئەزموونی داهێنانێك وەرگرین. لە زۆر شوێندا دەربارەی هونەری ئینستۆلەیشن ئەو پەیوەندییە باسکراوە کە بە بینەرەکانیەوە هەیەتی. زۆر جار ئەو بینەرە بەجۆش و ناوازەیە وەك مۆرکی هونەری ئینستۆلەیشن ئاماژەی بۆ کراوە. مەبەست ئەو بینەرەیە کە هێشتا لە شوێنی نمایشەکەدایە و هەوڵدەدات گەردوونە ناباوەکەی ئینستۆلەیشنەکە کەشف بکات.

 

 

کەسێك لەولاوە دێت و دەڵێت؛ ئەمە لاساییکردنەوەیە، چونکە لەشوێنیتریش بۆ هەمان مەبەست یان بۆ مەبەستی جیاواز، پۆشاك بە تەنافەوە هەڵخراون. ئەگەر باوەڕ بەم وەهمە بکەین، ئەوا دەبێت چاو لە زۆربەی هونەرەکانی دونیا بپۆشین، چونکە زۆربەیان هەمان ماتەریاڵ بەکار دەهێنن و زۆرجار لە هەمان ڕووبەریشدا نمایشی دەکەن. ئەوەی هەموو ئەو شتانە لەیەك جیا دەکاتەوە ئەو کۆنتێکستەیە کە جەوهەری ئەو فینۆمینە لەوانیتر جیادەکاتەوە. لەمبارەیەوە پێمخۆشە یارییەکی خوێندنەوە لەگەڵ ئەم کارەی “مێینە؟” بکەم.

 

 

 

لە یەك ڕۆژی نمایشەکەدا، زۆرکەسمان بینی بە تەرازوو پێوەرە تایبەتییەکانی خۆیانەوە دەیانویست مۆری هونەربوون یان نەبوون لەم کارە بدەن، زۆریش لە خەمخۆرییەوە باسیان لە چیرۆکەکانی پشتی جلە هەڵواسراوەکان دەکرد، زۆرتریش دژایەتی هەر شتێکیان دەکرد کە ئەو شتە بێت، بێئەوەی خودی شتەکەمان بۆ باس بکەن یان دژایەتییەکانی خۆیانمان بۆ ڕوون بکەنەوە. هەندێك پیرۆزیان کرد و هەندێک بە نەفرەتیان کرد. لێرەدا من هەوڵدەدەم بێ کاریگەری هەموو ئەو شتانەی نوسران و هەوڵدەدەم بە کەمترین هەستی تایبەتییەوە دەربارەی ئەو کارە قسە بکەم.

 

پرۆژەکە ناوی ” مێینە” یە و چوار هەزار و 800 مەتر درێژە و 99 هەزار 678 ژن بەشدارییان تێداکردووە

 

 

پێش ئەوەی ڕۆبچمە ناو ماناو دەرەنجامە مانادارەکانی ئەو کارەوە، کەمێك لە تەکنیکی کارەکە ڕادەمێنم. بەکارهێنانی شتومەکەکانی قوربانیی وەك بەشێك لە ناڕەزایەتیی جەماوەریی یان وەك بەکارهێنانیان لە کاری هونەریدا زۆر نوێ نییە و لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا لەو جۆرە کارکردنانەمان بیستووە و بینیوە و دەتوانین زیاتریشیان لەبارەوە بخوێنینەوە. بەڵام ئەوەی ئەم کارەی هونەرمەند تارا لە هەموو ئەوانیتر جیادەکاتەوە، تێکهەڵکێشانی چیرۆکی قوربانییەکانە لە یەك پارچەی گەورەدا کە هەموویان بەیەوە دووراونەتەوە. ئەمە دەتوانێت بەتەواوی دوورمان بخاتەوە لە تێکڕای پرۆژە هونەرییەکانیتر و تەنانەت پرۆژە کانی ناو ئاکتیڤیستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش. ئێمە لەگەڵ هونەرێکدا دەرگیرین کە بێبەزەییانە و بێپەردە دەمانخاتە بەردەم ڕەگوڕیشاڵی پرسیارە ئەخلاقییە هەنووکەییەکانەوە کە پەیوەندی، نەك بە توێژێکی کۆمەڵایەتی یان تێکڕای سیستمەکەوە هەیە، بەڵکو پەیوەندی قووڵیشی بە یەکبەیەکی ئەو “من”انەشەوە هەیە کە هەمیشە خۆی لە تاوانەکان بێبەری و دوورەپەرێز دەبینێت و هەمیشە هەڵەکان بەوانیتر تەفسیر دەکات.

 

 

بەستنەوە و دوورینەوەی ئەو پارچانە بەیەکەوە و بینینیان بەو بەرزییەوە کە هەستدەکەیت بەیەکەوە گرێدراون و لێکدابڕاویشن، دروستکردنی ئەو لینکەیە کە هەموو تاوانەکانی دژ بە مێینە بەیەکیانەوە هەیە. ئازاردانی زارەکی و جەستەیی زۆر بەکەمتر تەماشا دەکرێت لەچاو دەستدرێژی سێکسی و کوشتن. بەشێکی زۆری ئەوانەی ئازاری زارەکی مێینەکان دەدەن خۆیانیان لەوانە پێ نەجیبترە کە ئازاری جەستەیی مێینە دەدەن و ئەوانیش لە دەستدرێژیکەر و بکوژەکان. بەڵام ئەم کارە دەمانخاتە بەردەم ئەو راستییەوە کە بوونی هەریەکێك لەو تاوانانە، ڕیگەخۆشکەرە بۆ هەموو جۆرە تاوانەکانیتریش. لەناو سیستمێکی پەروەردەیی و نۆرمێکی کۆمەڵایەتی و خێزانیدا کە شەرعییەت بە بچوکترین هەڵاواردن دەدات، هاوبەشە لە ئەنجامدانی گەورەترین تاوانەکانیشدا.

 

 

 

دیوێکی تری گرنگی ئەم کارە لەوەدایە، کە لە شێوەی تەلی کارەبادا بە “بەرزاییەوە” و بە درێژایی شەقامێك بە دارتێلەکاندا هەڵواسراون. تەلی کارەبا لە ئێستای نەستی کۆی دانیشتواندا، ئەو ماددانەن کە چیتر کاریان پێناکرێت  و زۆرجار حسابی نەبوونیان بۆ دەکرێت. چونکە کارەکەی خۆیان، کە گەیاندنی کارەبایە بە ماڵ و شوێنی کارەکان، جێبەجێناکەن. بۆیە ئەو تەلانە، کە هێشتاش لەسەروو ئاستی بینینی مرۆڤەکانەوە هەڵواسراون، لەشوێنی خۆیان دەمێننەوە، چونکە ڕۆژانێك سەرچاوەی دروستکردنی ڕوناکی و وزە بوون و لەجێی پیرۆزەکان بە بەرزییەوە هەڵواسراون. لەوانەیە هەر لەبەر ئەمەش بێت ساڵانێکی زۆر و تا ئێستاش لە زۆر ناوچەی مەزهەبیی فێندەمێنتاڵدا ڕێگە نادەن تەلی کارەبا بچێتە ناو گوندەکانیانەوە، چونکە دەچێتە کێبڕکێی پیرۆزییە مەزهەبیەکانیانەوە. پلاکێك ڕوناکیمان بداتێ یان بڕوایەکی یەزدانیی ڕۆحمان ڕوناك بکاتەوە؟ یان ئەوانەی کارەبا بە دەستکەوتی کۆلۆنیالیزم دەزانن و لێرەوە دژی کۆلۆنیالیزم و کارەبا بەیەکەوە دەجەنگن. لە لێکۆڵینەوە ئەنثرۆپۆلۆژییەکانی کەلتوورە جیاوازەکانیشدا باس لەوانە دەکرێت کە دژی کارەبا دەوەستنەوە چونکە پێیان وایە هەموو ئەو لێکدابڕانانەی مرۆڤ و پێشکەوتنە “ترسناکەکانی” تەکنەلۆژیا بەهۆی دۆزینەوەی کارەباوە ڕوویانداوە. ئەم وەهمە هی سەرەتای دۆزینەوەی کارەبا نییە، بەڵکو تا ئێستاش لەزۆر شوێنی سەر ئەم گۆی زەوییە بەردەوامیی هەیە.

 

 

سووتاندنی بەشێک لە پرۆژەی مێینە لە جادەی سەهۆڵەکتی سلێمانی، لایەن چەند کەسێکی نادیار – پرۆژەکە ناوی ” مێینە” یە و چوار هەزار و 800 مەتر درێژە و 99 هەزار 678 ژن بەشدارییان تێداکردووە

 

بەڵام بەهەر حاڵ، ئێستا ئێمە لە بەیانییەکی پاییزدا لەخەو هەڵدەستین و بەو شەقامەدا دەچینە خوارەوە، کۆمەڵێك جلی ژێرەوەی ژنان دەبینین و وردە وردە تێدەگەین ئەوانە پۆشاکی ئەو خانمانە بوون بە هەر جۆرێك دەستدرێژییان کراوەتە سەر. سەرەتا ڕەنگە پرسیاری ئەوەی ئایا ئەمە هونەرە یان نا سەرنجی زۆرینەیەکی سادە ڕابکێشێت کە هێشتا بەم هونەرە ئاشنا نین و کەمترین بەرکەوتنیان لەگەڵیدا هەبووە، یان پێودانگێکی خۆیانیان هەیە بۆ پێوانەکردنی ئەوەی بە هونەر حسابە یان نا. نەختێك قووڵتر، ڕەنگە بە هەردوو دیوەکەیدا بەر هەستەکانی خۆمان بکەوین، کە ئەمانە چیرۆکی ئەو کەسانەن دەستدرێژییان کراوەتە سەر، ئیتر یان زۆر سۆزدار دەبین بەرامبەریان یان وەك توندڕەوەکان هەڵوێستێکی دژ و دوژمنکارانە وەردەگرین. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا پارچە جلەکان کاری خۆیان دەکەن.

 

 

 

پارچە جلەکانی ئەو مێینانەی ئازاردراون و تاوانیان بەرامبەر ئەنجامدراوە، بەیەکەوە گرێدەدرێن و بەو دارتێلانەدا هەڵدەواسرێن. هەوڵدەدرێت پاش ئەو وزە ئاساییەی تەلی کارەباکان ونیان کردووە، ئەم جلانە بتوانن وزەیەکی نوێ بکەنەوە بەبەری دارتێلەکاندا. هەوڵدەدرێت لە ئاستێکی بەرزتری مرۆڤەکانەوە و بەسەر سەریانەوە بگەیەنرێنە دادگا نوستووەکەی شار. بەسەر سەری هەموومانەوە، چونکە بە هەموومانەوە لە ڕێڕۆشتنماندا بەناو ئەو کەلتوور و داب و نەریتانەدا کە کەرامەت و شکۆی ئەو مێینانەی تێدا شکێنراوە، لە نوسینەوەی ئەو شێوەژیانەدا هاوبەشین. شکۆی ئەوانەی تاوانیان بەرامبەرکراوە، لەشکۆی ئێمە بەرزترە کە چاومانلێپۆشیون و درێژە بە ژیان دەدەین.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌
هاوپۆلی بابه‌ت
error: Content is protected !!