pinoza and the Rabbis by Samuel Hirszenberg

توانستەکانی دیموکراسی لە فەلسەفەی سپینۆزا


Loading

ئازاد حاجی ئاقایی

توانستەکانی دیموکراسی لە فەلسەفەی سپینۆزا

ئازاد حاجی ئاقایی

 

 

لەم ساڵانەی دوایی، سپینۆزا وەک یەکێک لە فیلۆسۆفەکانی سەردەمی مۆدێڕنیتی ڕادیکاڵ، لەلایەن بیرمەندانی زانستە مرۆڤییەکان و تەنانەت تیۆلۆژیستەکانیش ئاوڕی جیدی لێدراوەتەوە و هاوکات بەرهەمەکانی لێکدانەوەی جۆراوجۆریان لە دەروون شیکارییەوە بگرە تاکوو سیاسەتی ڕادیکاڵ بۆ کراوە. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم گەڕانەوە جیدییە بۆ سپینۆزا تێگەیشتنی جیاوازی ئەو لە سروشتی مرۆڤ و پێناسەکردنی ئامانجی کۆمەڵگا و سیاسەت بە پێی بەختەوەری و چاکە، واتە سێکیولاربوونی ژیان لەم جیهانە، بە بەراورد لەگەڵ فیلۆسۆفە هاوچەرخەکانیی بووبێت. بەڵام جیا لەم خاڵە، چۆنیەتی بەڵگاندن و ئەو ڕەوتەی لە ڕەخنە لە ئایین وەک بەردی بناخەی دانانی دیموکراسی لە بەر چاوی ئەگرێت، و هەر وەها پێناسەکردنی هێز وەک پوتانسییەلی گۆڕان و ژیان، لەو خاڵە سەرەکییانەن کە دواتر لە سەر کەسانێکی وەک نیچەش کاریگەری دائەنێن و دواتر دێنە ناو پانتای ڕیالیزمی سیاسی لە پەیوەندییە ناو نەتەوەییەکانیش. ئەم وتارە بە داکۆکیکردن لە سەر دەقەکانی سپینۆزا- نەک شرۆڤەکارەکانی، هەوڵ ئەدات هاوکات لە گەڵ نیشاندانی ڕەوتی بەڵگاندنەکانی سپینۆزا، لەسەر گرینگی چەمکی هێز وەک دامەزرێنەری سیاسەتی ڕادیکاڵ داکۆکی بکات و دەروازەیەک بۆ باس و لێدوانی زیاتر، بەستێنێک بۆ گەڕانەوە بۆ هێزی گەڵ،وەک بونیاتنەری سیاسەتی دیموکراسی رادیکاڵ دەستەبەر بکات.

وشە سەرەکییەکان: ئازادی، هێز، دیموکراسی، دیموکراسی ڕادیکاڵ..

پێشەکی

جیهانی سیاسەت و تیۆلۆژیا لە ماوەی سی ساڵی رابردوو، وەک دیاردەیەک، شایەتحاڵی گەشەسەندنێکی سەیروسەمەرەی سەرلەنوێی گەڕانەوە ولێکدانەوە بۆ فیلۆسۆفیک بووە کە پێگە لیڵ و تەماوییەکەی لە مێژووی فەلسەفەدا بەردەوام  لە ناو هەڵکشان و داکشان بووە. لەم سی ساڵەی دواییدا، هیچ فیلۆسۆفێک بارتەقای ئەم کەسایەتییە باوەشی بۆ نەکراوەتەوە و هاوکات هیچ فیلۆسۆفێکیش بە قەد ئەو ڕەد نەکراوەتەوە. گەر ئەم فیلۆسۆفە وەک فیلۆسۆفێکی عەقڵ-تەوەر خوێندنەوەی بۆ کرابێت؛ هەر ئەو توخمانەی ڕێگایان کردۆتەوە وەک مرۆڤێکی سەرخۆش لە ئەڤینی خوا-ش بناسرێت، هەر ئەمانیش بەستێنێکیان پێکهێناوە وەک پانتێسیتێک[1] و دواتر وەک کەسێکی وەرگەڕاو لە ئایین-یش بناسرێت.

لە دیمانەیەکیدا ئۆریانا فاڵاچی[2] لە ساڵی ١٩٧٢ سەبارەت بە کاریگەری ماکیاڤێڵی لە سەر هزری هێنری کیسینجێر[3] پرسیاری لێدەکا؛ کیسینجێر هاوکات لەگەڵ رەتکردنەوەی کاریگەری ڕاوێژکاری میر-ی فلۆڕەنس لە سەرخۆی وەڵامی دایەوە:  لە ڕاستیدا لە جیهانی ئەمڕۆکە زۆر بە کەمی دەکرێ بیرۆکەکانی ماکیاڤێڵی پەسن بکرێن یان کەڵکیان لێ وەرگیرێت… ئەگەر دەتەوێ بزانی کێ زۆرتر لە سەر من کاریگەری داناوە، بە هێنانی ناوی دوو فیلۆسۆف وەڵامت ئەدەمەوە: سپینۆزا و کانت. ئەوە زۆر سەیر و سەمەرەیە من بە ماکیاڤێڵی دەلکێنێتەوە. (Grrett 1995, 315)ئێدوین کێڕڵی دوای ئاماژەپێدان بەم وەڵامەی کیسینجێر ئەڵیت: “بەڵام واپیدەچێت هیچ کەس سەرەنجی نەداوەتە سەر ئەم تەوسە شاراوەیەی ناو قسەکانی کیسینجێر کە ماکیاڤێڵی رەد دەکاتەوە و باوەش بۆ سپینۆزا دەکاتەوە. بێ‌گوومان سپینۆزا ماکیاڤێڵیستی‌ترین فیلۆسۆفی سیاسی مۆدێڕنە. ئێمە سپینۆزا ناناسین و هەر بۆیەش لەم تەوسە تێناگەین…” (Grrett 1995, 315) کەوایە با هاوکات لەگەڵ سەر ڕاستکردنەوەی تێفکرینەکانمان سەبارەت بە فیلۆسۆفی ناکۆکییەکان، “سەرخۆشی بادەی خوا[4]، خواناس” (Bagley 1999, 133) یان یەکەم  لایەنگری دیموکراسی لە فەلسەفە، ڕەوتی بەڵگاندنەکانی لە مەڕ دیموکراسی تاوتوێ بکرێت و ئەم پرسیارە وەڵام بدرێتەوە بۆ سپینۆزا ئێستاکەش خاوەن گرینگییە.

ئەم فیلۆسۆفە خۆ بە دەستەوەنەدەرە کە وەڵامەکانی بۆ پرسیارەکانی ئەو سەردەم و ئەمێستاکەش بە هەمان ڕادە چێژبەخش و هاودژن، بۆ هاوکات بۆتە جێگای سەرەنجی سایکۆلۆژیستەکان، سیاسییەکان و بە هەمان ڕادەش ئاییندارەکان و تەنانەت فێمینیستەکانیش؟ تایبەتمەندییەکانی ئەم فیلۆسۆفە چین کە هاودژییەکانی لەناو فەلسەفەکەیدا باندۆری خۆی لە سەر شرۆڤەکارانی بەرهەمەکانیشی داناوە کە زۆر کەس پێیانوایە پێویستە سپینۆزا بە شرۆڤەکارەکانییەوە بناسرێتەوە؟ ئەگەر ئەمڕۆکە سێکیولاربوونەکەی لە ژێر کاریگەری جەمسەرە سیاسییەکان کەوتبێتە ژێر سیبەریشەوە، بۆ هاوکات ستیڤێن سمیت دەبێت وەک باوکی لیبڕاڵیزم ناوی بهێنێت و ئانتۆنیۆ نێگری وەک کەسێکی لایەنگری مارکسیزم بیناسێنێت؟

نووسراوەکانی سپینۆزا (١٦٣٢-١٦٧٧) لێکدانەوەی  قووڵ هەڵدەگرن، بۆیە هەر نووسەرێک تاکوو ئێستا وێستبێتی لە سەر سپینۆزا بنوسێت، بێ گوومان لە کۆتاییدا لەگەڵ ئەم دەربڕینەی ستیوارت هەمپشایێر[5] بەرەوڕوو بۆتەوە کە پێی‌وایە: هەر کەسێک تاکوو ئێستا لەسەر سپینۆزای نووسیوە و ئەو کەسەی هەوڵیداوە ڕامانەکانی وەک گشتێک لێک بداتەوە، ئەو کاتەی لە دەلاقەی وشەکانی خۆیەوە جارێکی‌تر ئاوڕ لە وشە ماکەکانی [سپینۆزا] دەداتەوە بە نیگەرانییەوە ئاگادار بۆتەوە یان دەبێتەوە کە لایەنگرانە لێکدانەوەی کردووە. (Dobbs-Weinstein 2015, 22)هەر بۆیە، سەرەڕای ئەوەی زۆر کەس پێیانوایە قەڵشتێکی سەرەنجڕاکێش لە نێوان فەلسەفەی سپینۆزا و ئەوەی دوای ساڵی ١٧٥٠ وەک سپینۆییزم[6] ناسراوە، بووونی هەیە (Israel 2006, 44)  

بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی فەلسەفەی سپینۆزا، هاودژییەکان و فرەیی لێکدانەوەکان، ئەم توێژینەوەیە، بە بنەما وەرگرتنی سێ نووسراوەی سەرەکی سپینۆزا، ئەخلاق و هەر دوو کتێبی نامیلکە تیۆلۆژی-سیاسییەکان [7] (TTP) و نامیلکە سیاسییەکان[8](TP) هەوڵ ئەدات لە چوارچێوەی ئانترۆپۆڵۆژی، چەمکەکانی ئازادی و هێز، ڕەوتی هەنگاو هەڵگرتنی سپینۆزا بەرەو دیموکراسی، لە خاڵی دەسپێکەوە، واتە ڕەخنە لە ئایینیەوە شی بکاتەوە و ئەم پرسیارە بوڕوژێنێێت: بۆ سپینۆزا لە سەدەی بیست و یەکەم ئەتوانێ هێشتاکەش بۆن و بەرامەیێکی نوێ بۆ سیاسەت و ژیانی ڕۆژانەی ئێمەی لە سەردەمی قەیراندا بێت. گرینگی وڕوژاندنی ئەم پرسیارە دوو لایەنی ئەکادیمیی و کردەی سیاسی لە پانتای سیاسی کوردستان-وەک قووڵکردنەوەی دیموکراسی ڕادیکاڵ و تیۆریزە کردنی خوێندنەوەیەکی لێبوردەییانە لە ئایین- بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ دەکاتە ئامانج.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر ئاماژە کرایە سەر سێ کتێبە سەرەکییەکەی سپینۆزا وەک بنەمای لێکدانەوەکانی ئەم توێژینەوەیە؛ بەڵام جگە لە کتێبی ئەخلاق، پێویستە ئاماژە بکرێتە سەر هەندێک لە جیاوازییەکانی دوو کتێبیTTP وTP .کتێبی TTP پڕ لە مشتومڕە و لە بنەڕەتەوە مژارێکی تیۆلۆژیک لەسەر لێکدانەوەی کتێی پیرۆز و دەسەڵاتی قشە و مەلا ئایینیەکانە ، بەڵام TP وەک بەردەوامی لەسەر مژاری تێگەیشتنی سروشتی-عەقڵانی لە سروشتی مرۆڤ و ئەو شێوازەی کە فۆڕمە ڕاستەقینەکانی حکوومەت لە بەرژەوەندی چرۆکردنی سروشتی ژیانی مرۆڤدا هەنگاو دەنێن یان نا، داکۆکی دەکات. لە TTP، سپینۆزا لە سەر هێزی دامودەزگای ئایین و سەرکوتکاری جەخت دەکاتەوە؛ واتە ئەم کتێبە بەرهەمێکە لە سەر بنەمای سیستەمێکی فەلسفی دامەزراوە بەڵام بە گشتی لە بەڵگاندنی فەلسەفی خۆی بە دوور دەگرێت و خاوەن لایەنی کۆمەڵایەتی کردەییە… و خێراترین ئامانجی…بە هێزکردنی ئازادی تاک و بەرفرەکردنەوەی ئازادی ڕامان… بە تایبەت لە ڕێگای لاوازکردنی دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی و دابەزاندنی پێگەی تیۆلۆژییە. (B. D. Spinoza 2007, viii) هەر بۆیەش ئێتین بالیبار ئەم کتێبەی وەک مانیفێستی دیموکراتیک ناساندووە. (Balibar 1998, 25) لە TP ، سپینۆزا گرینگی ئەخاتە سەر هێزی هاووڵاتیان، هەست و سۆزەکانیان و ویست و ئارەزووکانیان، هەر وەها ئەو ڕێگایە کە ئەم هێزە دەتوانێ یارمەتیدەری دەوڵەت بێت یان دەوڵەت ئازار بدات. شرۆڤەکارانی سپینۆزا پێیانوایە شێوازی بیرکردنەوەی سپینۆزا لەم دوو بەرهەمەدا نەگۆڕاوە، بەڵام داکۆکی جیاواز و بێچمی جیاواز بە خۆیەوە دەگرێت. (B. Spinoza 2002, 678)

بە سەرنج پیدانی ئەم خاڵانە، توێژەر هەوڵیداوە لە سەر بنەمای  هەر سێ کتێبە ئاماژە پێکراوەکە هێڵێکی بەڵگاندن بگرێتە بەر –کە هەر وەک سپینۆزا خۆی- بە ڕەخنە لە ئایینەوە دەست پێدەکا و بەرەو گرێبەستی کۆمەڵایەتی-دیموکراسی و بونیاتنانی خوێندنەوەیێکی ماتریاڵیستی لە سیاسەتی مۆدێرن هەنگاو دەنێت. ئەم بەڵگاندنە لە هەنگاوی یەکەمدا پشت ئەستوورە بە دەقە سەرەکییەکانی خودی سپینۆزا و لە هەنگاوی دووهەم ئەو لێکدانەوانەی لە سەر دەقەکان کراون، بەڵام ئەم هەوڵدانە، واتە وەبیر هێنانەوەی بەشیکی زۆر لە بەڵگاندنەکان ، بێگوومان بە هۆی لایەنە بەرفرەکانی ڕامان-هاودژی سپینۆزا، بە ئەنقەست ناچاربووە زۆر خاڵی گرینگ یان زۆر لایەنی سەرەکی لە بیر بەرێتەوە.

 

سپینۆزا ١٦٣٢- ١٦٧٧ Baruch (de) Spinoza[13][b] (24 November 1632 – 21 February 1677)

بەستێنە فکرییەکانی فەلسفەی سپینۆزا

ئەگەرچی لە ساڵانی نیوەی دووهەمی سەدەی هەڤدە، کۆماری هۆڵەندا ئازادترین دەوڵەتی ئەوڕوپا بوو، بەڵام بە هۆی دزە و دەستێوەردانەکانی کڵێسا لە ناو جوومگەکانی کۆمەڵگا، ئازادی ڕادەبڕین، چاپەمەنییەکان لە ژێر گوشاری بەردەوامی کالڤینیستەکاندا بوو؛ ئەم سەردەمە وەک مۆدێرنیتی ڕادیکاڵ ناو نراوە و لە ژێر کاریگەری چەن بیرمەند، کەسانێکی وەک دیکارت، هۆبز، سپینۆزا و پییەر بایڵ ڕوو ئەدا، ئەم کەسانە پێیانوابوو بیرۆکەکانی زۆرینەی خەڵکی سەبارەت بە بنەڕەتی‌ترین پرسیارەکان و پێکهاتەی واقیعەکان زۆر هەڵەیەو دەزگا فەلسەفی و مەعریفەتییەکانیان لە سەر ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵانە بونیات نا. هەر بۆیە ڕوانگە و بۆچوونەکانی ئەم چوار کەسە لە بەدیهێنانی ڕوانگەیێکی شۆڕشگێڕانە و تێڕوانینی نوێ لە سەردەمی ڕۆشنگری و دواتر سەبارەت بە جیهان کاریگەری زۆری هەبوو. ئەمانە لە سەردەمی بەر لە ساڵانی ١٧٥٢ نەتەنیا لەگەڵ سەرەرۆیی، نا لێبۆردەیی، ساویلکەیی، قسەی پڕوپوچ و دزەی کڵێسا بۆ ناو تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگا دژایەتییان دەکرد، بەڵکوو لەگەڵ ڕەوتی  میانەڕۆیی  لاک و نیۆتۆن-یش دژایەتیان دەکرد. (Israel 2006, 44)

 سەرەڕای ئەوەی کەمتر ئاماژەی پێدراوە، بەڵام لەم ناوەدا ئەوە سپینۆزا بوو بە ڕەخنە لە ئایین، بە گرتنە بەری رێبازی یەک جەوهەرییانە- کە جەستە و ڕۆح، مادە و زێهن/هۆش جەوهەری جیاواز نین، بەڵکوو جەوهەرێکی یەکپارچەن- ویستە شۆرشگێڕانەکانی خۆی لە ڕووی میتافیزیک و سیاسەت، بە لە بەرچاوگرتنی واڵاترین چاکە، پەرە پێدا. لە ڕوانگەی جۆناتان ئیسراییل، لە سەر بنەمای پڕەنسیپەکانی سپینۆزا، کۆمەڵگا لە ئاست دەستێوەردانەکانی دەسەڵاتی ئایین، ئۆتۆکراسی، ئۆلیگارشییە دەسەڵاتدارەکان و دیکتاتۆرییەکان بەرگری لە خۆی دەکا و لە دەرەنجامی ئەم بەرگرییە، ئازادیخوازتر و یەکسانخوازتر دەبێت. لە سەر ئەم بنەمایە سپینۆزا، بە نیسبەت کەسانی دیکەوە، دژایەیتیێکی تووندتر لە نیوان فەلسەفە و تیۆلۆژیا بەدی دێنێت و هەر ئەم تایبەتمەندییە بەرچاوەشە کە سپینۆزا وەک کەسایەتیی سەرەکی ڕۆشنگەری رادیکاڵ دەناسێنێت. (Israel. 2010, 2)

بە هۆی دژواربوونی بەدواداچوون بۆ سەرچاوەکان و گەشە و گۆرانی ڕامانی سپینۆزا، پۆڵینبەندی فەلسفە سیاسییەکەی لەناو فەلسفەی سەدەی ١٧ کارێکی دژوارە. لە کاتێکدا لێڤی شترۆوس (Strauss 1984)و بازنە شترۆوسییەکان لەسەر کاریگەری قوڵی هۆبز لە سەر هزری سیاسی سپینۆزا داکۆکی ئەکەن؛ بەڵام توێژینەوە دواترەکان پێیانوایە ڕەنگە هۆبز-یش بە هۆی ناسیارگەلێکی وەک هێنری ئۆڵدێنبورگ[9] سەبارەت بە سپینۆزا زانیاری وەرگرتبێت. هاوکات پێشنیەی زۆرێک لە پرۆژە و کەڵکەڵەکانی هەر دوو بیرمەندی هاوچەرخ وەک یەک وان و هەر دووکیان لە لێڤیاتان (L33–39, 44) و (TTP 7) سەبارەت بە هێرمێنیۆتیکی کتێبی پیرۆز دواون . (Melamed 2021, 81) بەڵام ئەوەی نکۆڵی لێناکرێت کاریگەرییەکانی ماکیاڤێڵی لە سەر سپینۆزایە.

 

مرۆڤناسی سپینۆزا

ئاماژە بە چۆنێتی ڕوانینی مرۆڤ لە هەر فەلسەفەیەک، وەک گرینگترین لایەنی هەڵسەنگاندن، ئەتوانێ  دیاریکەری دەرکەوتە سیاسییەکانی ئەم فەلسەفەیە بێت یان تەنانەت دەلاقەیەک ڕووەو ئامانجەکانی سیاسەت لەم فەلسەفەیەدا بکاتەوە؛ ڕەنگە ئەم وتەیە بە نیسبەت سپینۆزا چەن قات ڕاستیی زیاتری تێدابێت و بێگوومان، لە ناو بەرهەمەکانییشیدا کتێبی ئەخلاقەکەی زیاترین ئاماژەی سەبارەت بە مرۆڤ تێدابێت.

سپینۆزا لە کتێبی ئەخلاقدا پێی‌وایە بە پێچەوانەی دێکارت-ی پڕ ناوودەنگ کە هەوڵی داوە سۆز و هەژان[10]-ەکانی مرۆڤ لە رێگای هۆکارە دەسپێکەکانەوە پێناسە بکات، لە هەوڵی ئەوەدایە چەوتییەکان و دەبەنگییەکانی هەژان و کردەکانی مرۆڤ بە شێوازێکی هەندەسی بخاتە ڕوو (B. Spinoza 2002, 287) سپینۆزا پێی‌وایە “لەشی مرۆڤ، وەک مەکینەیەک، وەک مادەیەک؛ بە پێی سروشتەوەیە کە بە هۆکاری زۆرەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری کە هێزی چالاکییەکانی کەم و زۆر بووبن یان هێزی چالاکییەکانی کەم و زۆر نەبن. ئەم جەستەیە لە ژێر کاریگەری گۆڕانەکانە و دەتوانێ بۆچۆن و مۆرکی ئۆبژێکتەکان [شتەکان] و لە کۆتاییدا هەمان ئیماژی شتەکانی بۆ پێناسەکردنی ئەو شتەی ئەیبینێت، هەڵگرێت.” (B. Spinoza 2002, 279) و لە ڕەوتی بەڵگاندنەکانی خۆیدا لە سەر مرۆڤ لە سەر بنەمای هەست و سۆزەکانییەوە، لە بەشی چوارەم لە مەڕ کۆیلەیی مرۆڤ یان هێزی سۆز و هەژانەکانی مرۆڤ دەدوێت. لەم بەشەدا سپینۆزا دەستەواژەی کۆیلەیی وەک نەبوونی هێز بۆ کۆنترۆڵ یان چاودێری‌کردنی هەستەکانی خۆی پێناسە دەکات و پێی‌وایە “ئەوەی لە ژێر کۆنترۆڵی هەستەکانی خۆیەتی، خاوەنی خۆیشی نیە.” (B. Spinoza 2002, 320) ئەم تێگەیشتنە لە مرۆڤ لە کۆتاییدا لە کتێبی TP، وەک وەبیر هێنانەوەیەک زۆر بە روونی دەخرێتە ڕوو؛

بە دڵنیاییەوە لە کتێبی ئەخلاق-دا ئەم حەقیقەتەمان پێشتڕاست کردۆتەوە کە وەک ناچارییەک مرۆڤەکان لە ژێر سێبەر وبەرکەوتوویی انفعالە‌کانیان[11] بە جۆرێک درووستکراون بەزەییان بە مەینەتبارەکان دێت و ئیرەیی بە زەنگینەکانەوە دەبەن؛ زۆرتر لە دلۆڤانی، حەزیان لە تۆڵەکردنەوەیە؛ و جگە لەوە، هەموو تاکەکان ئارەزووی ئەوەیان هەیە ئەوانی‌تر وەک شێوازی تێفکرینی ئەو بژین و ئەوەی خۆی دەیسەلمێنێ، ئەوانی دیکەش بیسەلمێنن، ئەوەی خۆی وەدرۆی دەخاتەوە، کەسانی‌تریش وەدرۆی بێننەوە. جیا لەوە هەموویان وەک یەک، بۆ ئەوەی یەکەم بن، بە پەرۆشن، دەکەونە ململانێ و هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن تاکوو وەپێش ئەوەی تر بکەونەوە… و سەرەرای  ئەوەی گشتیان قایلبوون کە ئایین … هەمووان فێر دەکا جیرانەکەیان وەک خۆیان خۆش بوێت… ئێمە نیشانمان داوە… ئەم قایلبوونە هیزێکی زۆر کەمی بە سەر سۆزەکانەوە هەیە…. (B. Spinoza 2002, 681)

 

 

تابلۆ: سپینۆزا و ڕابییەکان ١٩٠٧ – لەلایەن نیگارکێش `سامۆیل هیرسێنبێرگ`
Spinoza and the Rabbis by
Samuel Hirszenberg

 

سپینۆزا لە TP، لە زۆر جێگا دووبارە دەگەڕێتەوە سەر سروشتی مرۆڤ و پێیوایە مرۆڤ زۆرتر لە رێگای حەزە کوێرەکانەوە ڕێنوێنی دەکرێت  نەک عەقڵ و هەر بۆیە نابێت هێزی سروشتی یان مافەکانیان لەڕێگای عەقڵەوە بەڵکوو لەڕێگای ئەو حەزەی کە بۆ کردە و چالاکی یەکلایی دەکاتەوە و لە ڕێگای ئەوەوە هەوڵ ئەدەن خۆیان بپارێزن، دەبێ پێناسە بکرێت. (B. Spinoza 2002, 683) ئەم چەشنە بیرکردنەوەیە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ تا ڕادەیەک بەرەو پێش ئەڕوات کە سپینۆزا لە دوایین ڕستەکانی کتێبی ئەخلاق-یش پێی‌وایە مرۆڤەکان ئەو کاتەی بارە قورسەکانی ئاینیش ڕەچاو ئەکەن تەنیا ” هیوادارن دوای مەرگ ئەمانیان[بار و گوشاری ئایین] لە کۆڵ ببێتەوەو وەک پاداشتی کۆیلەیی، واتە لەخوا ترسی و ئایینەکەیان وەرگرن. بەڵام تەنیا بە هیوای پاداشت نین، بەڵکوو لەوە زیاتر، لە ترسی سزا ترسناکەکانی دوای مەرگە کە تا ڕادەیەک وایان لێدەکا … بە پێی فەرمانەکانی یاسای خوا بژین…[و ئەگەر ئەمە نەبوایە]…. بە پێی حەزەکانی خۆیان دەژیان و… بە پێی بەخت و چانسی خۆیان دەژیان. (B. Spinoza 2002, 381)

لە دەرەنجامدا، سپینۆزا پێی‌وایە چوونکە جەوهەری مرۆڤ بیرکردنەوەیە، تا ڕادەیەک مرۆڤ ئازادە بە پێێ عەقڵ هەڵسوکەوت بکات. بەڵام لە کۆتاییدا تێگەیشتنی سپینۆزا لە ئۆنتۆلۆژیای مرۆڤ، گەیشتن بە ئازادی تەواوی مرۆڤ ڕەت دەکاتەوە؛ چوونکە لە ڕوانگەی ئەو، مرۆڤ خاڵێک یان پنتێک لە سروشتێکی بەرفراوانە و هیچ کاتێک ناتوانێ بە تەواوی لە دەرەنجامی کردەوچالاکییەکانی جەستە و هۆشی کەسانی‌تر دەرباز بێت. ئەم جۆرە تێڕوانینە لە مرۆڤ، بەستێنی پێناسە کردنی دوو چەمکی گرینگی ئازادی و هێز لەلای سپینۆزا دەستەبەر دەکات.

 

ئازادی

چەمکی ئازادی خاوەن ڕۆڵیکی گرینگ لە ناو فەلسەفەی سپینۆزا دایە و هاوکات لەگەڵ ئەم گرینگییە، تێگەیشتن و تەفسیرەکانیش لەم چەمکە ڕوونکردنەوەی ئازادییان دژوار کردووە. بە وتەی لودڤیک مایەر سپینۆزا یەکەم بیرمەندی مۆدێڕن بوو کە  لێوەشاوەیی بۆ ئازادیی وەک واڵاترین ڕەوشتبەرزی[12] و سەرووترین خێر-ێک کە پێویستە ئێمە وەک ئامانجێکی کۆتایی لە پانتای تیۆری و کردەییدا هەوڵی بۆ بدەین، بەرز کردەوە. (Naaman-Zauderer 2020, 1) کارل یاسپێرس لە بەرگی دووهەمی فیلۆسۆفە گەورەکان[13] ئازادی وەک تەوەری سەرەکی پرۆژەی سپینۆزا دەناسێنێت و پێی‌وایە کێشەی سەرەکی ئازادییە. بەڵام وا دێتە بەرچاو لە سپینۆزا-دا هاودژییەکان کۆتاییان پێ نایەت. [هاوکات] ئازادی ئینکار دەکا و داکۆکیشی لەسەر ئەکا. تەواوی فەلسەفەکەی لە سەر بنەمای ئازاداییە. ئامانجەکەی لە هزر و کار و کردە-دا بەرزکردنەوەی ئازادییە. ڕێگا چارە لە واتا جیاوازەکانی ئازادییە. (Naaman-Zauderer 2020, 1) 

بۆ پێناسەکردنی چەمکی ئازادی لە لایەن سپینۆزاوە، دەکرێ هەندێک لە بیرۆکە فەلسەفییەکانی لە گەڵ بیرۆکە سیاسییەکانی لە پاڵ یەک دابنرێن؛ هەر وەک پێشتر لە مرۆڤناسی و ئاماژە بە کتێبی ئەخلاق ئاماژەی پێکرا، مرۆڤ بوونەوەرێکی خاوەن سۆزە و بە هۆی هەستەکانییەوە دەوڕوژێت؛ هەر لە سەر ئەم بنەمایە ئازادی تێگەیشتن و کۆنترۆڵێکی بەردەوامی هەستە خۆویستەکانە کە کردە سەرەکییەکان دەوڕوژێنن؛ لە سەر ئەم بنەمایە ئازادی گرێدراوی عەقڵانییەتی تاک و هۆشی تاکە و دیاریێکە تایبەت بە دەستەبژێرە فکرییەکان. لە سەر ئەم بنەمایە ئەو حەشیمەتە بەرفراوانەی تووشی هەستە سەرەتاییەکانن ناتوانن ئازاد بن. سپینۆزا پێی‌وایە:

 بەر هەر ڕادەیەک چالاکتر، بە هێزتر، عەقڵانی‌تر و شادتر بین، ئازادتر دەبین؛ و هەر چەندە پاسیڤ‌تر، داماوتر[14] و خرۆشاوتر[15] و خەمبارتر بین، زۆرتر ئەکەوینە ژێر حاڵەتی پەرچەکردارانە لە جیهان. ئێمە وەک پنت و خاڵی ڕووت لە سروشت سەبارەت بە هەموو شتێک دەکەوینە ژێر مەترسی و هێزی ئێمە بۆ مانەوە و گەشە، واتە کۆناتوس، بە تەواوی بە هێزە باڵادەستەکانەوە تێکدەشکێت و لە کۆتاییدا لەم هێزانە شکست ئەخۆین و ئەمرین. (Melamed 2021, 395) ئەم تێگەیشتنە هاودژانە لە ئازادی، لەلایەن شرۆڤەکارانی سپینۆزا چۆن لێک ئەدرێتەوە؟

دیارە یەکێک لە لێکدانەوە سەرەکییەکان لە تێگەیشتنی هزری سپینۆزا، گرێدراوی لێڤی شتڕۆوس و بازنەی پەیوەست بەم بیرمەندەیە. ئازادی وەک سەربەخۆیی لە گشت ڕووداوە دەرەکییەکان، وەک مافی چارەی خۆ نووسین، ژیان لە تێڕامانێکی بێ لایەنانە، خۆشویستنی چارەنووس، ئازادیی لە دەمارگرژییەکان (کە سەرچاوەی گشتیان لە ناو نەبوونی ئازادییدایە ) و ئازادی لە واتای سیاسی لیبڕاڵیزم و دیموکراسی؛ ئاخۆ تێکەڵییەکی پێویست لە نێوان ئەم دوو واتایە لە ئازادیدا هەیە؟

 لە روانگەی سپینۆزا، پەیوەندی حاشا هەڵنەگری نێوان ئازادی دەروونی تاک و ئازادی دەرەکی کۆمەڵگا و لە ناو کۆمەڵگا بە ڕادەی یەکێتی ڕاشکاوانەی نێوان دەسەڵاتی ڕۆحی و سیاسی، یەکلاییکەرەوەیە. (Strauss 1984, 224) کاتێک سەرنج ئەدرێتە سەرکتێبی ئەخلاق، لە بەشی یەکەمدا ئازادی لە واتایێکی مێتافیزیکی وەک هۆکاری بوون و کردەکان دەناسێنرێت، و لە دەقی دواتردا، ئازادی هاوتای ئامانجی ئەخلاقییانەی زاڵبوونی کەسێک بەسەر هەستەکانی خۆی دەناسرێت. بەڵام ئەوە ڕوون نیە چۆن زاڵبوون بە سەر هەستەکان و هەر وەها تێگەیشتن لە گوونجانی ویستە لەگەڵ یەک نەگوونجاوەکانی سپینۆزا لەسەر ئازادی ئەم کیشەیە قووڵتر دەکا. سپینۆزا لەلایەک پێی‌وایە ئازادی خود-پێکهێنەرە؛ بەم واتایەیە تەنیا خوا دەتوانێ ئازاد بێت و لەلایەکی تریشەوە، کتێبی ئەخلاق-ی سپینۆزا یارمەتیمان ئەدات تاکوو بگەین بە ئازادی، بێ ئەوەی پێمانوابێ ئەوە ئامانجێکی ناڕاستەقینەیە، چوونکە لە هەندێک لە بڕگەکانی سپینۆزا پێی وایە مرۆڤیش دەتوانێ بگا بە ئازادی. کەوابێ چۆن دەکرێ ئەم بانگەشە بە رواڵەت لەگەڵ یەک نەگوونجەرانە سەبارەت بە ئازادی لە پەنا یەک دابنێین؟

هزری سیاسی سپینۆزا هەوڵ ئەدا بە نیشاندان و داکۆکیکردن لە سەر کارتێکەری ئەرێنی نێوان بەرژەوەندی تاک و کۆی مرۆڤ و هێزی دەسەڵاتدار، ئازادی تاک بگەیێنیتە ئاستی هەرە سەرووی خۆی. لە ڕوانگەی سپینۆزا، هێز و سەقامگیری راستەقینەی دەوڵەت گرێدراوی ویستی هاوڵاتیان بۆ بەفەرمی ناسین، بەشداری و پاڵپشتییە. هەر بۆیە لەم روانگەیەوە، لێبووردەیی و ئازادی ڕامان و ڕادەربڕین لە سەر بنەمایێکی تایبەت لە هیزی سیاسی و ڕۆڵ و فۆنکسیۆنی دەوڵەت دامەزراوە.

سپینۆزا لە سەرەتاکانی چاپتەری بیستەمی TTP ئاماژە دەکاتە سەر ئەم ئەنجامە کە پێویستە هەر چەشنە ڕامانێک، وتەیەک، وتارێک و بڵاوکراوەیەک رێگا پێدراو بێت، چوونکە ئامانجی دەوڵەت لە ڕاستیدا ئازادییە. پەیوەندی نزیکی نێوان ئازادی تاک و سیاسەت لە فەلسفەی سپینۆزا لە دەوری ئەم بیرۆکەیەدا دەسوڕێتەوە کە ئازادی تاک و وەدەستهێنان و ڕەزامەندبوون لە گەیشتن بە ویستەکانی تاک، کەم و زۆر گرێدراوی هەوڵدانەکانی دەوڵەت بۆ بەدێهێنانی چاکەی گشتییە[16]؛ واتە ئەو مژارەی سپینۆزا بەڵگاندنی لەسەر ئەکا ئەوەیە کە تاهەر ڕادەیەک دەوڵەت زۆرتر لە سەر بنەما و کاراکتەری ئازادی و دیموکراسی بێت، ئەوە زۆرتر ئەم چاکە گشتییە بەدی دێت. بە پێچەوانەوە دەوڵەت بە هەر ڕادەیەک سەرەڕۆتر بێت، لاوازتر دەبێت. هەر بۆیە پێی‌وایە ئامانجی سەرەکی دەوڵەت پێکهێنانی ئازادی بۆ هەمووانە، دەوڵەتێکی بە هێز تەنیا لە سەر بنەمای ترسەوە دامەزراوە، و کەسێک کەوتبیتە ژێر کاریگەری ترسەوە، ناتوانێ لەلایەن عەقڵەوە بەڕێوە بچێت. هەر بۆیە پێویستە دەوڵەت لە سەر بوونی خەڵکانێکی ئازاد داکۆکی بکات. زۆرێک لەلایەنگرانی خوێندنەوەی ڕادیکاڵی چەپ، ئەم چەشنە تێگەیشتنەی سپینۆزا وەک پێشەکییەک بۆ دەرکەوەتنی لایەنگری لە مافی مرۆڤ نیشان دەدەن.

لە سەر بنەمای ئەم لێکدانەوانە، دەکرێ ئاماژە بکرێتە سەر دوو ڕوانگەی سپینۆزا لە سەر ئازادی؛ ڕوانگەیێکی ستۆییک[17] و ڕوانگەیێکی کۆماریخوازانە. ئەوەی یەکەم لە سەر دان بەخۆداگرتن و کۆنترۆڵی هەژانەکان و ناسینی خود داکۆکی ئەکات. تا ئەو کاتەی لەم ڕوانگەیە لە ئازادی بڕوانین، هیچ گرێدراویێکی سیاسی لە ئارادا نیە وهاوڵاتییەکی جیهانین، بەڵام لە تێڕوانی دووهەمدا، چەمکی ئازادی نیشاندەری پێداویستیی و شەڕەفی بەشداری سیاسی لە ناو دەوڵەتێک دایە کە بە تەواوی عەقڵانی نیە. ئەم ڕوانگەیە لە بەشی چوارەمی کتێبی ئەخلاقدا دەدۆزرێتەوە؛ سەرەرای ئەوەی ئەم ڕوانگەیەی سپینۆزا بۆ بەشداری لە کۆمارە و جیاوازە لە ستۆییسم، بەڵام لە دەرەنجامی گشتیدا، ئامرازێکە بۆ پێشڤەبردنی ستۆئیسم. هەر ئەم لایەنەشە لە خوێندنەوەی فەڕەنسی لە سپینۆزا، لە سەر دەستی کەسانێکی وەک ژیل دێلۆز، گواتاری و هارت لایەنی شۆرشگیرانە بە خۆیەوە دەگرێت.

 

 

تابلۆی هونه‌رمه‌ند ئۆگین دیلاكروا – ئازادی ڕابه‌ڕایه‌تی گه‌ل ده‌كات ١٨٣٠ – سه‌رده‌می ناسیونالیزم له‌ئه‌وروپا

 

 

هێز

فەلسەفەی سپینۆزا فەلسەفەیێکی تاقانەیە، چوونکە بە پێچەوانەی مافەکانی دامەزراوە لە سەر بنەمای لیبڕاڵیزم، ئەم فەلسەفەیە تاقە فۆڕمی لیبڕالیزمی دامەزراوەیە و بە پێچەوانەی تیۆریی کەسانێکی وەک هۆبز و جۆن لۆک کە لە سەر بنەمای مافەوە دامەزراون، ئەم فەلسەفەیە لە سەر بنەمای هێز دامەزراوە. (Bagley 1999, 134)هەر بۆیە پێی‌وایە مافی سروشتی بە واتای یاساکانی ڕاستەقینەی سروشتەوەن کە بە پێی ئەوان هەموو شتێک واتە هێزی راستەقینەی سروشت بەدی دێت. لە سەر ئەم بنەمایە مافی سروشت وەک گشتێک، و لە دەرەنجامدا، مافی سروشتیی هەر تاکێک تا ئەو جێگایە بڕ ئەکا  کە هێزەکەی پەل دەهاوێژێ. بۆیە مرۆڤ هەر کارێک لە سەر بنەمای سروشتی خۆیەوە دەکا، ئەوە لە رێگای مافی سەروەری سروشتەوە دەکا و بە هەمان ڕادە کە هێز و تینی هەیە، بە هەمان رادە مافی لە هەمبەر شتەکانی‌تر لە سروشت-دا هەیە.

 سپینۆزا لە TP ئەڵێت: ئەو هێزەی شتە سروشتیەکان بە هۆی ئەوەوە بوونیان هەیە، و لە سەر ئەم بنەمایە بە هۆی ئەم هێزەوە دەجوڵێن، ناتوانێ شتێک بێ جگە لە هێزی هەرمانی خودی خوا. (B. Spinoza 2002, 683) ئەم بڕگەیە بەم واتایەیە کە شتە سروشتییەکان یان کەسەکان ناتوانن جگە لەم هێزەی بوون و کردە بن کە خوا یان سروشت sive Nature خۆیەتی. بە واتایێکی‌تر، هێزی بوون و کردەی هەموو شتەکان لەناو سروشت خودی هێزی خوا دایە. ئەم یەکبوونە قوڵە بەم واتایەیە کە بۆ سپینۆزا لە نیوان خوا و شتە سروشتییەکان (دۆخە جیاوازەکان) مەودا یان دابڕانێک نیە. و هەر شتێک کە بوونی هەیە لە بوون و کردەکانیدا هەر هەمان potential یان هێزی خوا-سروشت بۆ بوون و کردە نیشان ئەدات.[18] (B. Spinoza 2002, 683)

گرینگی ئۆنتۆلۆژیکاڵی چەمکی potential لە فەلسەفەی سپینۆزا وەک هێزی بوون و کردە فام دەکرێت، ئەمە پەیوەندی بنەڕەتییانەی هۆکارێتی هەرمانی نێوان خوا (یان سروشت) وەک بابەتێکی ڕەها و تاکە بێ کۆتاییەکان پێناسە ئەکات کە لە ناو سروشتدا هەن و جوڵە دەکەن.  لە ڕوانگەی سپینۆزاوە، ئەم potential -ە، هەمان ئەو هێزەیە کە هەر بوونەوەرێک ئەو کاتەی باسی لێدەکات کە لە ناو بووندا وەک conatus-ێک، واتە هیزێک یان هەوڵدانێک (potentia sive conatus) بۆ پاراستن  لە ناو بوونی خۆیدا نیشانی ئەدات. لە کۆتاییدا، چەمکی هێز نەک تەنیا وەک بەستێنی ئۆنتۆلۆژیکاڵ بۆ چەمکی کۆناتوس …چالاکی دەکا، بەڵکو ئەم دەرفەتەش بۆ سپینۆزا ئەخوڵقێنێ کە ڕاستەوخۆ فۆنکسیۆنێکی سیاسی بە هێزی هەوڵدان و شیلگێریی بلکێنێتەوە، تا ئەو شوێنەی کە هاوتای مافی سروشتییە. وەک ئاماژەی سپینۆزا لەTP : کەوابێت من مافی سروشت (jus naturae) لە یاساکانی سروشت یان ئەو یاسایانە تێدەگەم کە بە پێی ئەوانەوە هەموو شتێک ڕوو ئەدات، واتە هەمان هێزی سروشت (ipsam naturae potentiam). هەر بۆیە مافی سروشتی گشت سروشت، و لە دەرەنجامدا، مافی هەر تاکێک تا ئەو شوێنەی هێزەکەی بڕ ئەکا ئەڕوات. (Melamed 2021, 214)

 بە پێچەوانەی زۆرێک لە بیرمەندانی سەردەمی رۆشنگەری، تەنانەت کەسانێکی وەک هۆبز، سپینۆزا لە سەر ئەم بڕوایەیە لە واتایێکی تایبەتی بنەڕەتییەوە، ئێمە هەرگیز ناتوانین لە دۆخی سروشتی وەدەرکەوین، ڕاست ئەوەیە مرۆڤ بە پێی یاسای سروشتی خۆی هەڵسوکەوت دەکا و لە ناو تەکوزی سروشتی و سیاسیدا وەشوێن بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت. ئەم تێڕوانینە کاریگەریێکی بەرچاوی لەسەر سروشتی تیۆری سیاسی هەیە کە لەلایەن سپینۆزاوە کاری لەسەر کراوە. لە کاتێکا بیرمەندە سیاسییەکان سەبارەت بە پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە شەرعییەتی سیاسی و ئەخلاقییەوە دڵەڕاوکێێان هەیە، سپپینۆزا بە هۆی ئەم تێگەیشتنە ئاماژە پێکراوە لە سروشتی هێز، ئەم پرسیارانە بە بنەڕەتی نازانێت و لە سەر ئەم بڕوایەیە پرسەکانی پەیوەندیدار بە شەرعییەت و فۆڕمە ئایدیالەکانی حکوومەت زۆرتر گرێدراوی  شیعر-ن تاکوو تیۆری سیاسی. لە جیاتی ئەوە پێویستە سەرنجی ئێمە بەرەو ئەو شێوازانە بڕوات کە هێز لە ناو دەقێکی سیاسیدا کار و چالاکی ئەکات و لە سەر بنەمای باشترین کارامەیی چالاکی ئەنوێنێت. (Bagley 1999, 135)

 

 

هەنگاونان بەرەو دیموکراسی

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی فەلسفەی سپینۆزا کە وەک تایبەتمەندیی مۆدیڕنیتی ڕادیکاڵیش دەناسرێت، رەخنەی ئەم فیلۆسۆفە لە ئایینە و دیموکراسی لەم ڕەخنەیەوە دەست پێدەکات؛ شترۆوس پێی‌وایە ئایین بە واتای مژارێکی “وەحی”کراو یان دابەزیو، بە واتای ناکامڵبوونی عەقڵی مرۆڤ بۆ ژیانە و هەر بۆیە مرۆڤ ناچارە خۆی  بخاتە ژێر کاریگەری بڕوا بە وحی؛ ئەوەش مژاری سەرەکی لێکۆڵینەوەی سپینۆزا  (Strauss 1984, 222) وخاڵی دەسپێکی ڕەخنەگرتن لە ئایین وهەنگاونان بەرەو تیۆریزەکردنی دیموکراسی بوو. بێگوومان لە ژێر کاریگەری دۆخی تیۆلۆژیکاڵی سەردەمی مۆدیڕنیتی ڕادیکاڵ، لەسەر حووکم‌بوونی مونارشییەکان و دەسەڵاتی کڵێسا، داکۆکیکردن لە دیموکراسی کارێکی دژوار بوو و وەک مژارێکی حاشا هەڵنەگر سپینۆزا ناچار بوو بانگەشە و ویستە سیاسییەکانی ئایین سنوودار بکا؛ بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بوو لە رێگای ڕەخنەی سیستەماتیک و میتۆدی لێکدانەوەی مێژوویی، بنەماکانی ئایین واتە “وحی” و کتێبی پیرۆز بێنێتە ژێر پرسیار. ئەمە بەشێک لە پرۆژەی گەورەتری –بە ناپیرۆزکردنی دەق بوو (Ward 2014, 41)

 سپینۆزا لە نامەیەکیدا بۆ هێنری ئۆڵدێنبورگ[19]، سکرتێری کۆمەڵەی شاهانەی بەریتانیا نووسی: من ئێستاکە خەریکی نوسینی نامیلەکەیەک لە سەر ڕوانگەکانم لە مەڕ کتێبی پیرۆزم کە سێ ئامانجی هەیە: ١) شەڕ لەگەڵ تیۆلۆژیستە دەمارگرژەکان ٢) بە مەبەستی ڕەواندنەوەی تاوانبارکردنی خەڵکی ئاسایی (vulgus) لە مەڕ ئەوەی کە بڕوام بە خوا نیە و ٣) ئازادی لە فەلسەفاندن و وتنی ئەوەی بیری لێدەکەمەوە. (Rocca 2018, 409) ئەم کتێبە لە ژێر ناوی TTP بە نەناسراوی بڵاوکرایەوە؛ سپینۆزا پێی‌وابوو گشت کڵێسا سەرەکییەکان لە رێگای دروست‌کردنی بابەتی نهێنی، دۆگما و دەسەڵاتی پەیوەندیدار بە دامەزراوە ئایینییەکان، خیانەتیان لە مەسیحییەتی ڕاستەقینە کردووە… هەر بۆیە لەسەردەمی حەوارییەکانەوە، کێشە و ململانێ، دابڕان و لێک‌جیابوونەوە بەردەوامەکان کڵێسای پەرتەوازە کردووە و… تا ئەو کاتەی ئایین بە تەواوی و شێلگیرانە لە تیۆرییە فەلسفەییەکانەوە جیا نەکرێتەوە و دانەبەزێتە سەر چەند بیروباوەڕی سادە کە عیسا خۆی فێری کردوون، ئەم کێشانە واز لە کڵێسا ناهێنن. (Israel. 2010, 22) هەر ئەوە وایکرد تەنگەژەی نێوان کلێسا و دەوڵەت نە تەنیا دانەبەزێت بەڵکوو بیرورای گشتی-شی تووشی شڵەژان کرد. تێگەشتنی باو لە شکستهێنانی دامودەزگای کڵێسا، وایکرد دیموکراسی و پێگەی دیموکراسی لە هزریی رادیکاڵ تا ڕادەیێکی زۆر، وەک دەرەنجامی عەقڵانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی لە فەلسفەی ئەخلاق و لێبوردن سەرچاوە بگرێت، هەر بۆیە بە وتەی سراییل، سپینۆزا وەک یەکەم فیلۆسۆفی گەورە لە مێژووی فەلسفەدا رایگەیاند دیموکراسی باشترین فۆڕمی حکوومەتە. (Israel. 2010, 94)

سپینۆزا پێی وابوو؛ کتێبی پیرۆز بۆ گواستنەوەی زانست یان حەقیقەت نیە؛ و بە پێی TTP لەسەر ئەم بڕوایەیە کتێبی پیرۆز بریتییە لە گێڕانەوە دیرۆکی و پەردەهەڵماڵینە مێژووییەکان و ئەمانە هیچ پەیوەندیێکیان لەگەڵ زانستی سروشتی و فەلسەفەی فکرەوە نیە.. (B. d. Spinoza 2007, 98) بەڵام هاوکات کە تێڕوانینەکانی خۆی بەرەو خوێندنەوەیێکی ئەخلاقیانە لە ئایین دەبات، تا رادەیەکێش گوومان بە نیسبەت دەقی پیرۆز دەخوڵقێنێت. ئەم ڕەوتە لە لایەن کەسێکی وەک وارێن مۆنتاگ بەم جۆرە پێناسە کراوە: خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز لەلایەن سپینۆزاوە بریتییە لە هاودژی، شپرزی و ناڕێکی و نەبوون. (Ward 2014, 41) لەلایەکی دیکەوە سپینۆزا وەک کتێبێکی بەرهەمهاتووی مرۆڤ لەگەڵ کتێبی پیرۆز مامەڵە دەکا و پێی‌وایە دەقی کتێبی پیرۆز بەرهەمی پێداچوونەوەی زۆر ئێدیتۆری نەناسراو بە درێژایی مێژووە. لە سەر ئەم بنەمایە سپینۆزا پێی‌وایە کتێبی پیرۆز زۆر جار جێگای متمانە نیە و پێغەمبەری زۆرتر لە سەر بنەمای خەیاڵکردێکە تاکوو عەقڵ و تایبەتە بە گروپێک و پێگەیێکی تایبەت نەک تەواوی مرۆڤایەتی.

 دووهەم هەنگاوی سپینۆزا بۆ کردنەوەی ڕێگای دیموکراسی، ڕوونکردنەوەی بونیاتەکانی دەوڵەتە؛ سپینۆزا ئەم هەنگاوەش لە رێگای تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتی هەڵدەگرێت و پێی‌وایە ئایین لە واتا ڕەواکەی خۆیدا زۆر جار، نەک هەمیشە، بۆ پاساوهێنانەوەی بونیاتەکانی دەوڵەت پێویستە؛ و سێهەم هەنگاوی سپینۆزا، یەکلاکردنەوەی پەیوەندی گوونجاوی نێوان دەوڵەت و کڵێسا  و دەسنیشانکردنی پەیوەندی گوونجاوی کڵێسا و دەوڵەتە. (Rocca 2018, 413) لێڤی شترۆوس پێی‌وایە ڕەخنەی سپینۆزا لە ئایین لە لە نەریتێکی ئیپیکۆری[20] داکۆکی لەسەرکراو، واتە ترس و خەیاڵکردن (یان لە دیاردەگەلێکی وەک بینینی خەون) سەرچاوەی گرتووە، بەڵام هاوکات سپینۆزا ئاڵۆگۆرێکی زیاتر لەم دوو مژارەدا پێک دێنێت و پێی‌وایە خەیاڵ و خەون بینین وەک سەرچاوەی هیوایە نەک ترس؛ چوونکە مرۆڤ هەر کە متمانەبەخۆیی لاواز بێت ئەوە تووشی ترس دەبێت و ئەو دۆخە دەگاتە خەون و خەیاڵ( وەک وەحی)، چوونکە تەنیا لەم ڕێگایەیە دەتوانێ هێوای بە ئامانجەکەی هەبێ. (Strauss 1984, 222) بێگوومان ئەم تێگەیشتنە لە ئایین، لە ژێر کاریگەری تێگەیشتنی سپینۆزا لە کەسایەتی مرۆڤ بە گشتییەوە هەڵدەقوڵێت.

سپینۆزا لە کتێبی TTP گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە چاپتەری ١٦ لە ژێر سەردێڕی “لە مەڕ بنەماکانی حکوومەت، لە مافی سروشتی و مەدەنی هەر تاکێک…”  پێی‌وایە دۆخی سروشتی، وەک باخی عەدەن، شوێنێکی پاراو و سازگار نیە، بەڵکوو پێی‌وایە شوێنێکی پڕ لە مەترسییەو ئەم مافە سروشتییە دەتوانێ ببێتە هۆکاری نەگونجان و بەریەک کەوتنیش.  لە سەر ئەم بنەمایە سپینۆزا پێی‌وایە:  دەکرێ دەوڵەت لە سەر بنەمای ڕەزامەندی لە ناو خەڵک کە خاوەن مافی سروشتین پێک بێت:

زۆر بە ڕوونی لەوە تێدەگەین مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ئەولەهی و خۆشبژێوی[21]-دا بژێت دەبوایە لەگەڵ یەک تێکەڵ ببوونایە.و بەم پێیەش ئەوان ناچاربوون لەوە دڵنیا بنەوە بە شێوەیەکی گشتی هەمان مافیان بۆ هەموو شتێک هەیە کە هەر تاکێک بە هۆی سرووشتەوە هەیەتی و ئەوەی‌کە ئەم مافە بە هۆی زەبر و گوشار و حەزی هەر تاکێک یەکلا نابێتەوە بەڵکوو بە هۆی هێز و ئیرادەی هەمووان پێکەوە دابین دەبێت. (B. D. Spinoza 2007, 197) … لەمە بەم ئەنجامە گەیشتین هەر چەشنە گرێبەستێک تەنیا کاتێک هێزی هەیە لە بەرژەوەندیمان دابێت و ئەو کاتەی بە قازانجمان نەبێت، ئەم گرێبەستە شکست ئەخوات و بەتاڵ ئەبێتەوە. (B. D. Spinoza 2007, 199)؛ و بەم پێیە کۆمەڵگای مرۆڤ دەتوانێ بێ هیچ چەشنە نامۆ بوونێک لە مافی سروشتی پێک بێت، و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بە پابەندی تەواوە بپارێزرێت، تەنیا ئەگەر هەر کەسێک تەواوی ئەو هێزەی هەیەتی، بیدا بە کۆمەڵگا و تەنیا کۆمەڵگا مافی سروشتی واڵای بە سەر تەواوی شتەکانەوە لەبەر دەست بێت. (B. D. Spinoza 2007, 200)

لە بەشی چوارەمی کتێی ئەخلاق-یش بە زمانێکی نیان‌تر، بە داکۆکی لەسەر رەزامەندی مرۆڤەکان بۆ پێکەوە ژیان پێی‌وایە کەسانی ڕەوشتبەرز، ئەو چاکەیەی بۆ خۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەوانەی‌تریش دەیانەوێت [چوونکە] مرۆڤەکان لە ژێر ڕێنوێنی عەقڵ دەژین، بۆیە بۆ یەکتر بە قازانجترن. دوای ئەمە، سپینۆزا دیموکراسی پێناسە ئەکات و پێی‌وایە دیموکراسی بە شێوازیکی دروست بە واتای کۆبوونەوەی یەکگرتووانەی خەڵکانێکە کە بە شێوازێکی گشتی خاوەن مافی سەرەوەری بۆ ئەنجامدانی هەرشتێکن کە هیزی ئەنجامدانیان هەیە. دەرەنجامەکەی ئەوەیە کە هێزی سەرەوەر/حاکم پابەندی هیچ یاسایێک نیە و هەموو کەسێک ناچارن گوێرایەلی هەموو شتیک بکەن. چوونکە ئەوان هەموویان ڕاشکاوانە یان شاراوە ئەو گرێبەستەیان هەر ئەو کاتە کردووە کە تەواوی هێزی بەرگری خۆیان، واتە تەواوەتی مافی خۆیانیان پێشکەشی دەسەڵآتی سەروەر کردووە. (B. D. Spinoza 2007, 200) بەڵام لە چاپتەری ١٧-ی TTP لەسەر ئەم خاڵە داکۆکی ئەکات هیچ سوڵتان یان حاکمێک ناتوانێ ئەم فەرمانە بدا بەو ڕەعیەتانەی خۆی کە ئازاریان ئەدات، کە خۆشیان بوێت. هەر حاکمێک کە بیەوێت لە ئاستی ڕاستەقینەی هێزی خۆی(de facto) هەنگاوی زیاتر هەڵگرێت، زوو ئەبینێت هێزە فەرمییەکەشی (de jure) لە کیس ئەچێت.

سپینۆزا پێی‌وایە دەوڵەت گرێدراوی بەردەوام و پڕجوڵەی هێز لەلایەن هاووڵاتییەکان، واتە بەشداری لە ژیانی گشتییە، سەقامگیری دەوڵەتێک گرێدراوی بەهێزکردنی بەشداری خەڵک لەناو دەوڵەتە؛ پەیوەندی دەوڵەت لە گەڵ هاووڵاتیان لە ڕێگای فۆڕمەکانی کەمینە و زۆرینەی بەشداربوون پێناسەیان بۆ دەکرێت، پێناسەی کەمینە بە واتای دەستێوەرنەدان لە ناو کاروباری کەسانی‌ترە، و پێناسەی زۆرینە بە واتای بڕەو پێدانی چاکەی گشتییە. بەشداری خەڵک لە ناو دەوڵەت خۆی ئامانج نیە بەڵکوو ئامرازێکە بۆ ئازادی خودی تاک؛  و بەشداری تاکەکان لە ناو دەوڵەت، چۆنێتی و پێکهاتەی سەقامگیری دەوڵەت، و ئازادی دەوڵەت و تاکەکان گرێدراوی رادەیەک لە عەقڵانیەیتی ڕاشکاوانە، هەم لە ناو تاک و هەمیش لە ناو پێکهاتە دامەزراوەییەکانی دەوڵەتە. بە وتەیێکی‌تر، تیۆری زانست و passions ڕۆڵێکی گرینگ لە تیۆری سیاسی سپینۆزا دەگێڕێت. (Rocca 2018, 411) و لە کۆتاییدا سپینۆزا لە TP سەرەڕای هەندێک هاودژی پێی‌وایە دەوڵەتی سەربەخۆ تەنیا بە هۆی پێملبوون بە ئیرادەی هاوڵآتیانە کە ئەتوانێ حکوومەت بکا و ئەگەر بێتو ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە بشکێت، ئەوە کۆمەڵگا تووشی شەڕێکی ناوخۆیی دەبێت.[22]

 تێگەیشتن لە دەرەنجامی سیاسی گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەلایەن سپینۆزا خاوەن گرینگیەکی بەرفراوانە؛ چوونکەهەوڵی ئەوەی ئەدا دەسەڵاتی دەوڵەت بێ سەرچاوەی ئیلاهی یان دەسەڵاتی نەریتی دابمەزرێنێت. لە ڕاستیدا ئەوە وەک بەشێک لە ئامانجی سپینۆزا لە سەردێری لاوەکی نامیلکەی تیۆلۆژی-سیاسی-شدا کە بەم شێوەیە هاتووە رەنگی داوەتەوە: ئازادی فەلسەفاندن نە تەنیا دەکرێ بێ ئازار گەیاندن بە خواترسی و ئاشتی وڵات بەدی بێت، بەڵکوو ناکرێ ئەوەش هەڵوەشێنرێتەوە، جگە لەو کاتەی خواترسی و ئاشتی وڵات لە ناو بچێت.

 

چۆن لە دەلاقەی فەلسەفەی سپینۆزا لەمڕۆکەمان بڕوانین؟

سەرەرای ئەوەی سپینۆزا لایەنگری شیلگێر و شۆڕشگێری ئازادی بۆرژوازییە، بەڵام هاودژییە ڕوونەکانی لە نێوان پرەنسیپی ئازادی و هەندێک لە ڕامانەکانی‌تری ڕەنگدرەوەی سنوورەکانی دۆخی قەیراناوی بەستێنی ژیان و چەمکی ئازادی لە سەدەی ١٧-١٨-ن. بەڵام ئەم سنوورانە نەیانتوانیوە ڕاڤەی هزری سپینۆزا لە سەدەی بیستەم و لە ڕۆژی ئەمڕۆکەشدا سنوردار کەن، ئەمڕۆکە ئەبینرێت لێکدانەوەی فەلسەفەی سپینۆزا پانتایێکی بەرفرەی لە تیۆلۆژیاوە بگرە تاکوو دەروون شیکاری گرتۆتە بەرخۆی؛ و لەم ناوەدا تا ڕادەیەک لێکدانەوە چەپەکان باڵادەستیان بە سەر لێکدانەوەی ڕاستدا هەبووە. لەم بەشەدا بە پێی ئەو خاڵە گرینگانەی لە سەرەوە لە چوارچێوەی مرۆڤناسی، ئازادی، هێز و دیموکراسی ئاماژەیان پێکرا، وەک دەرەنجام، لە دەلاقەی فەلسەفەی سپینۆزا ئاوڕێک لە مڕۆ و بە تایبەت هێزی جەماوەر/ مولتیتود ئەدرێتەوە.

پەیوەندی قوڵی نێوان مێتافیزیکی سپینۆزا و سیاسەتە دیموکراتیکەکان بە هۆی بیرۆکەی سەرەکی جەوهەر، تەواوی هیرارکییەکان تێک دەشکێنیت و تەنانەت دەبێتە هۆکاری نا-پیرۆزکردنی کۆمەڵگای سیاسی و بە سروشتی کردنی سیاسەت. نێگری پێی ‌وایەدەرکەوتەی وێک‌کەوتنەوەی کتێبی ئەخلاق و TTP لە ڕوانگەی پانتەییزمی سپینۆزا، لە کۆتاییدا بەرەو لە ناو بردنی حەتمییەتێک (جبر) هەنگاو دەنێت و فیزیک وەک بنەما و سەرچاوەی چرۆکردنی ئاسۆی ماتریالیستی دەناسرێت ، ئازادی تاکەکان وەک هێزی پێکهێنەری دەخوڵقێت. پۆتێنتیا Potentia، واتە “فیگەری گشتیبوون” کە بە واتای تێگەیشتنی چەمکی کۆناتوسە، وەک پاڵنەرێک لەناو هەر بوونەورێکەو بەرەو بەرهەمهێنانەوەی خود و جیهان دەردەکەوێت و خۆی وەک حەز و مەیل Capiditas  نیشان ئەدات. (Negri 2004, 12)

ئەم تێگەیشتنە رادیکاڵە لە “بوون” لە سەردەمی مۆدێڕنیتی ڕادیکاڵ وایکردووە کەسانێکی وەک دیلۆز، ماشێری وکولاکۆفسکی لە ناو بیرۆکەکانی سپینۆزا و بە تایبەتTP یوتۆپیایێکی هیومانیستی ئازادیخوازانە بدۆزنەوە. (Negri 2004, 13) لەلایەکی دیکەوە، پێداگری سپینۆزا لەسەر جوڵەی پێکهێنەرانەی “گشتیبوون” و کاریگەری هەژان و سۆزەکانی مرۆڤ، ڕێگا بۆ چەشنە ڕیئالیزمێکی سیاسی دەکاتەوە؛ واتە تێگەیشتنی پەیوەندی نێوان گەشەی حەز و مەیلی تاکەکان و ڕوونرانی مولتیتود/حەشیمەت/ جەماوەر. ئەمە ئامانجی سیاسەتە نەک ئامانجی مۆڕالیتی یان ئایین. (Negri 2004, 15) ڕەنگە دوای ئاماژە بەم دوو خاڵە، واتە Potentia و ماتریاڵیزمی کردەیی ، دەرگا بۆ پەردە هەڵماڵین لە تەوسەکەی هێنری کیسینجێر بکرێتەوە؛ جەوهەری بوون هەمان هێزی بوونە و تێگەیشتن لە وشەی هێز لەلای سپینۆزا وەک کلیلێک وایە کە دەرگاکانی ئەخلاقی پێ دەکرێتەوە و رێگا بۆ کردەی مرۆڤ دەکاتەوە.

وەک دەرەنجام؛ ئەگەر بروانینە چەمکی هێز لەلایەن سپینۆزاوە، دەکرێ بە روونی ئەمە سەیر بکرێت کە ئەم تێگەیە لە دوو مانای potestas؛ وەک هێزی ڕاوەستاوە و داخراوی خاوەن دەسەڵات پێناسەکراوە، ئەم هێزە لە سەر بنەمای تاکەوە هێزە ناشادەکان، لاوازکەرەوەکان بەرهەم دێنیت؛ بەڵام واتای دووهەمی چەمکی هێز یان پۆتێنزا[23] پێدەچێ لە سەدەی هەڤدەهەمەوە، لە ژێر کاریگەری کەسانێکی وەک لێۆن عبرو[24] نەریتی نیو-ئەفلاتوونی، لەگەڵ چەمکی پۆتێنزای خوا (ئەڤینی خوا) تێکەڵاو بووبن. هەر بۆیە ناکرێ بە هیچ شێوازێک هێز دابەزێنرێتە سەر ئاستێکی تاکەکەسیانە. لەم واتایەدا هێز پێکهێنەرە، بەردەوام لە حاڵی بەرخۆدانە و هیچ ناوەندێکی نابێت. ئەم واتایە لە هێز بەرهەم هێنەری گوڕ و تین و هەستی گشتییە. هەر ئەم واتایە لە هێزە کە نیچە-ش لەبەرهەمەکانیدا داکۆکی لەسەر دەکا. هەر بۆیە پێیوستە نابێت بە هەڵە، ئەم واتایە لە هێز لەگەڵ زەبر[25] تێکەڵ بکرێت.

چەمکی هێز و خوێندنەوەی لەلای سپینۆزا هەر چەشنە یەکلاییکردنەوەیێکی کۆتاییانە ڕەد دەکاتەوە؛ چونکە بە پێی مرۆڤناسی سپینۆزا و تەنانەت بووناسییەکەیشی، هیچ شتێک تیلۆلۆژیک نیە، و هەر ئەمەش گوڕ وتین ئەبەخشێتە چالاکی سیاسی وەک کردەیەکی ماتریالیستی. کەسانێکی وەک دیلۆز و نێگری پێیانوایە پرۆسەی هێز لە ڕێگای یەکخستنە بەردەوامەکان و پێکهاتەی دامەزراوەیی، لە conatus تاکوو cupiditas، تاکوو دەربڕینی عەقڵانی خۆشەویستی پەل دەهاوێژێ. نێگری پێی‌وایە cupiditas لە ناو کاکڵی ئەم ڕەوتەدایە. ئەمە هەر ئەو کاتەیە کە فیزیکیبوونی حەز و جەستەییبوونی کۆناتوس، خۆیان  لە ناو ئەزموونی کۆمەڵگا بە رێکخراوە دەکەن و خەیاڵکردەکان بەرهەم دێنن. خەیاڵکردەکان، پێش‌بینیکردنی دامەزراندنی دامەزراوەکانن، هەر بۆیە ژیل دیلۆز هزری سپینۆزا وەک فەلسەفەی دەربڕین پێناسە ئەکات. خەیاڵکرد هەر ئەو شتەیە تاقانەبوونەکان لە بەرخۆدانەوە بەرەو مژاری گشتی، جووڵەی گشتی دەبات. هەر بۆیە دیموکراسی لە لێکدانەوەی چەپدا، وەک مژارێکی گشتی بەردەوام، وەک ئامادەبوونێک، دەرفەتە دیموکراتیکەکان قووڵتر ئەکاتەوە و سوبژێکتە سیاسییەکان بەردەوام لە پانتای سیاسەت ئامادە دەبن.

 

 

دەرەنجام

ئەم توێژینەوەیە هەوڵدانێک بوو بۆ پێناسەکردنی هێڵە سەرەکییەکانی بەڵگاندنی سپینۆزا لە مەڕ دیموکراسی؛ و هاوکات لەگەڵ ئەمەش هەندێک چەمکی پەیوەندیدار بەم پرسە لە ناو دەقی فەلسفەی سپینۆزا زەق کرایەوە. بیگوومان ئەم دەرەنجامە رێگا لە تێفکرینی‌تر لە سەر سپینۆزا ناگرێت، بەڵام وەک کۆبەندیێک بە پێی کتێبی ئەخلاق و هەر دوو کتێبەکەی‌تر، وا پێدەچیت ئەوەی ئەمرۆکە لە فەلسەفەی سپینۆزا و پێداگری لە سەر چەمکی دیموکراسییەکەی شایانی سەرنجپێدانە، فەلسەفەیێکی ماتریاڵیستی بۆ ژیانە؛ ئەم ڕستەیە کە بۆ مرۆڤ شتێک باشتر لە مرۆڤ بوونی نیە، وایکردووە ئەم فەلسەفەیە ڕێگا بۆ ژیان بکاتەوە؛ چوونکە مرۆڤی ئازاد بە پێی کۆناتوس، کەمتر لە هەموو شتێک، بیر لە مەرگ و زۆرتر لە هەموو شتێک ژیان ئەکاتەوە. ئەم تێگەیشتنە لە ژیان، رەد کردنەوەی نەفرەت، تووندوتیژی و ترسە و هاوکات خۆشەویستی و ئەڤین دێنێتە ناو پانتای گشتی. دەرکەوتە سیاسی و ئایینییەکانی ئەم تێفکرینە لە ژیان، ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی مرۆڤ وەک ڕەوتێکی بەردەوام لە هەوڵ و خەبات بۆ بەرفرەکردنەوەی حەزەکان بۆ دۆستی و ئازادی ئەبات و لە دەمارگرژییە ئایینییەکان بە دوور ئەکاتەوە.

 

 

Bibliography

Bagley, P.J., ed. 1999. Piety, Peace, and the Freedom to Philosophize. Vol. 47. Baltimore: Springer,.

Balibar, Etienne. 1998. Spinoza and Politics. Translated by Peter Snodon. london: Verso.

Dobbs-Weinstein, Idit. 2015. Spinoza’s Critique of Religion and Its Heirs: Marx, Benjamin, Adorno. Cambridge University Press.

Grrett, Don, ed. 1995. The Cambridge Companion to Spinoza. Cambridge University Press.

Israel, Jonathan I. 2006. Enlightenment Contested: Philosophy, Modernity, and the Emancipation of Man 1670–1752.New York: Oxford University Press.

Israel., Jonathan. 2010. A revolution of the mind : Radical Enlightenment and the intellectual origins of modern democracy . Princeton University Press.

Kisner, Matthew J. 2011. Spinoza on human freedom : reason, autonomy and the good life . Cambridge University Press.

Melamed, Yitzhak Y., ed. 2021. A Companion to Spinoza. John Wiley & Sons Ltd.

Naaman-Zauderer, Noa, ed. 2020. Freedom, Action, and Motivation in Spinoza’s Ethics. New York: Routledge.

Negri, Antonio. 2004. Subversive Spinoza: (un)contemporary variations. Edited by Timothy s. murphy. Translated by michael hardt, ted stolze, charles t. wolfe timothy s. murphy. New York: Manchester University Press.

Rocca, Michael Della, ed. 2018. The Oxford handbook of Spinoza. New York: Oxford University Press.

Spinoza, Baruch. 2002. Complete works Spinoza. Edited by Michael L. Morgan. Translated by Samuel Shirley. Indianapolis / Cambridge: Hackett Publishing Company.

Spinoza, Benedic de. 2007. Theological-Political Treatise. Edited by Jonathan Israel. Translated by Michael Silveerthorne and Jonathan Israel. New York: Cambridge University Press.

Strauss, Leo. 1984. Spinoza’s critique of religion . Translated by E. M. Sinclair. Chicago: The University of Chicago Press.

Ward, Lee. 2014. Modern democracy and the theological-political problem in Spinoza. New York: Palgrave Macmillan .

Wolfgang Bartuschat, Stephan Kirste, Manfred Walther, ed. 2018. Naturalism and Democracy: A Commentary on Spinoza’s “Political Treatise”in the Context of His System. Translated by James Fontini. LIEDEN: BRILL.

 

[1]  Pantheism؛ وحدت الوجودیە

[2] Oriana Fallaci

[3] Henry Kissinger

[4] God intoxicated man

[5] Stuart Hampshire

[6]  سپینۆزیسم لە کولتووری ڕۆشنگەری سەرەتایی یان مۆدێڕنیتی رادیکاڵ  تەنیا ئاماژەیەک بۆ خوێندنەوەی راستەوخۆی بەرهەمەکانی سپینۆزا یان کتێبی ئەخلاق و راڤەی ئەم بەرهەمانە نیە، بەڵکوو پەیوەندی بە دەسنووسە نهێنییەکان یان ڕاپۆرتە کاریگەرەکانی کەسانێکی وەک    Bayle یان  Boulainvilliers-وە هەیە کە بە مەبەستی تێکدان نووسراون. هاوکات ئاماژەیەکیشە بۆ لێکدانەوەی بەرهەمەکانی سپینۆزا. ن

[7] Theological Political Treatise TTP

[8] Political Treatise-TP

[9] Henry Oldenburg

[10] emotions

[11] Passions

[12] virtue

[13] The Great Philosophers

[14] impotent

[15] passionate

[16] common good

[17] stoic

[18]  TP:2:3

[19] Henry Oldenburg

[20] Epicurean

[21] prosperity

[22]  بۆ وردەکاری زۆرتر بروانەچاپتەری سێهەم وچوارەمی TP

[23] Potentia

[24] Leone Ebreo

[25] Vis, force

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌