* 31. März 1914 in Mixcoac, heute Mexiko-Stadt; † 19. April 1998 ebenda
ئۆکتاڤیۆ پاز - شاعیری مەکسیکی ١٩١٤ - ١٩٩٨

بەردی هەتاوی ئۆکتاڤیۆ پاز، چ جۆرە شیعرێکە؟


ڕەخنەی ئەدەبیی

Loading

بەردی هەتاوی ئۆکتاڤیۆ پاز، چ جۆرە شیعرێکە؟

پێشەوا کاکەیی

 

بەردی هەتاو، چ جۆرە شیعرێکە؟ بەردی هەتاو، بەردێکی زەبەلاحە کە مێژووی ئازتێکەکان تۆمار دەکات، لە سەدەی ١٣دا نەخشێنراوە و بە دوو ماری پەڕدار دەورە دراوە. ئۆکتاڤیۆ پاز، بە پێکهاتەیەکی بازنەیی، بە [٥٨٤] دێڕی شیعر، «بەردی هەتاو»ی نووسیوە. هەموو شیعرەکە، سەرەتا و کۆتایی نییە و سەرەتا و کۆتایی بەیەکەوە گرێدراون؛ کۆی شیعر ڕستەیەکی نییە، هەزار میلە.

بەردی هەتاو، [مێژوو، ئێستا، ماکرۆ و مایکرۆ] لەگەڵ بیرکردنەوەی بازدان تێکەڵ دەکات. ئەم جۆرە هونەری نووسینی بازدانە ئاسان نییە بۆ خوێندنەوە. بەردی هەتاو، شێوازێکی ساڵنامەی خۆری ئازتێکەکانە لە مەکسیکی کۆن/ مایا، لە ساڵی (١٤٧٠ تا ١٤٨١) نەخشێنراوە، کە لە پارچەیەکی تەواوی بازاڵت نەخشێنراوە، تیرەکەی ٣.٥٨ مەتر و کێشی نزیکەی [٢٤] تۆنە و لە ساڵی (١٧٩٠) نەخشێنراوەکە لە مەکسیک دۆزراوەتەوە. شار، هێمای کولتووری هیندییە. بەردی هەتاو، لە ساڵی 1957 نووسراوە و یەکێکە لە شاکارەکانی پاز، تەواوی شیعرەکە [584] دێڕی هەیە، ئەو شەش دێڕەیش لە کۆتاییدا هەژمار نەکراون، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ شەش دێڕەکەدا سەردەکەون و تەواو وەک یەکن، بەم شێوەیە پێک دێن. پێکهاتەی بازنەیی شیعرەکە وەک ساڵنامەی ئازتێکەکان بێکۆتایی خۆی پاتە دەکاتەوە. بە گوێرەی ئازتێکەکان، ساڵ بەسەر 584 ڕۆژدا دابەشکراوە، کە ساڵی ڤینۆسە، ئەو کاتەی ڤینۆس بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە [٥٨٤] ڕۆژ دەخایەنێت. ژمارەی دێڕەکانی تەواوی شیعرەکە بە تەواوی لەگەڵ ئەم ژمارەیەدا دەگونجێت. شیعرەکە بەم شێوەیە دەست پێ دەکات و کۆتایی دێت.

پێکهاتەی بەردی هەتاو بە پێی کاتە بازنەییەکانی ئەفسانەی هیندستان بیری لێ دەکرێتەوە؛ بەڵام ناوەرۆکەکە مێدیتەیشنێکە لەسەر مێژووی پاتنەبوونەوەی نەوەیەک و وڵاتێک و قۆناغێکی مرۆڤەکان. (واتە ڕەنگدانەوەی سەردەمی هێڵی شارستانیەتی ڕۆژاوا). وەک تاکێک، تەنیا یەک ژیانی پاتنەبوونەوەی هەیە، بەڵام ژیانی بوونی بوون تەنیا چرکەساتێکە لە کاتە هەمیشەییەکەدا، تەنانەت ئەو کەس و ڕووداوە گەورانەی کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەرکەوتوون، تەنیا ساتێکن لە چاوترووکانێکدا. لە هەر تاکێکدا، ئەو ئەزموونە بنەڕەتییەی تێدایە کە دەتوانرێت بۆ هەموو مرۆڤەکان پاتە بکرێتەوە؛ خۆشەویستی و مردن. واتە چرکەساتی و سەرمەدی لە ژیانی تاکێکدا لەیەک کاتدا پێکەوە دەژین. (ئەمەیش وەکوو ئەستێرە و باڵندە و مارە لە ئەفسانەی هیندستاندا کە دەکرێت هەمان شت بێت.)

* 31. März 1914 in Mixcoac, heute Mexiko-Stadt; † 19. April 1998 ebenda
پۆرترێت – هێڵکاری ئۆکتاڤیۆ پاز

لەگەڵ پەرەسەندنی ئەفسانە، مێژووی ئازتێکەکان، دەبینین خوداوەندی زەوی خۆری لە دایک بوو، لەو کاتەدا، پێشتر چوار خۆر هەبوون، خوداوەندی زەوی چوار خۆری کوشت و کچی خوداوەندی زەوی مانگ، هانی ئەستێرەکان و براکانی تری دا و خوشکەکان بۆ کوشتنی ئەو برا بچووکەی کە خەریک بوو لە دایک ببێت، لەو کاتەدا، خوداوەندی خۆر لە دایک بوو؛ ڕووناکییەکەی وای کرد مانگ و ئەستێرەکان هەڵبێن. ئازتێکەکان ئازیزەکانی خودای خۆر بوون، ڕۆژێک خواوەندی خۆر داوای لێکردن بەرەو باشوور بچن، بۆیە ئازتێکەکان ڕوویان لە کەناری دەریاچەکانی مەکسیکی ئەمڕۆ و گواتیمالا  کرد و لەوێ زۆر بوون و نیشتەجێ بوون. دوا جار ڕۆژێک ئیسپانییەکان چوونە ئەوێ و شارستانیەتی ئازتێکیان لە ناو برد و بەردی خۆر لە قووڵاییی ژێرزەویدا نێژرا، نەتەوەیەک کە ئەفسانەی نەبێت تەنیا دەتوانێت کولتووری خۆی لە دەست بدات. لەگەڵ پەرەسەندنی مێژوودا، وردە وردە کولتووری هیندستان دۆزرایەوە، بەردی هەتاو، ڕەگی خودی بیناکەیە، هەروەها باس لە پەڕتووکێکی وێنەیی مێژوویی دەکات بە دەربڕینی خۆشەویستی و ڕق و کینەیەکی خێرا.

لە بەردی هەتاودا، سنووری نێوان ئەفسانە و مێژوو و خۆشەویستی ڕوون نییە، پاز مێژووەکەی شکاند و تواندیەوە بۆ شیعر، لە زمانی عیبریدا ئاو بە واتای «ڕۆحی پیرۆز» و ڕووناکی بە واتای «ڕووناکی» و باران بە واتای «سێکس» دێت. یەکەم کەسایەتی ئەفسانەیی کە لە شیعرەکەدا دەرکەوتووە، یانایە کە هەموو شەممەیەک دەگۆڕێت بۆ مار و لە لایەن هاوسەرەکەیەوە دەدۆزرێتەوە. پۆلس کچی خوداوەندی دانەوێڵە، ڕۆژێک کە لە کێڵگەکەدا یاری دەکرد، زەوی دابەش بوو، پلۆتۆ پاشای جیهانی ژێرزەوی بردی، خوداوەندەکان نەیانتوانی چێژ لە پێشکەشکردنەکان وەربگرن، بۆیە زیۆس ناچار بوو بە شێوەیەکی تایبەتی وەربگرێت داوا لە پلۆتۆن بکەن، خەڵکەکە ئازاد بکات. پاز گوتەیەکی بەناوبانگی نووسی: [ژیان سنووردارە، بەڵام غەمی ئەبەدی دەهێنێت.] لە بەردی هەتاودا، کات و فەزا و کارەکتەرەکان لەیەکتردا تێکەڵ دەبن، لە سۆکرات و ئاگامەمنوون، پاشای ئازتێکەکانەوە تا لینکۆڵن، لە یۆنانی کۆنەوە تا ئیسپانیا، مرۆڤەکان هەم داگیرکەر و هەمیش داگیرکراون، خوداوەندێکە و مرۆڤێکی فانییە.

بەردی هەتاو، شاکارێکی سوریالیستی ئۆکتاڤیۆ پازە. پاز، لە شیعرەکەیدا ئەفسانە، کەتوار، مێژوو، یادەوەری، خۆشەویستی، ئەزموون و خەون لەیەکدا تێکەڵ دەکات، فەرمانەکانی زمان دەشکێنێت (وەک خۆی دەڵێت: (زمان تەنیا ئامڕاز نییە، ئێمە کۆ دەکاتەوە و شیمان دەکاتەوە.) کە دۆخی بوونی مرۆڤی نوێخواز نیشان دەدات. سووڕی ژیان و مردن لە دنیادا، گۆڕانی شەو و ڕۆژ و جێگۆڕکێی کات و شوێن وەک جووڵەی خولگەیی خودی ساڵنامەی خۆر وایە، کە بێکۆتایی و بێکۆتایە؛ یان زیاتر لە ساتێکی زۆر گەورە لە ژیانی هەمیشەییدا. لە لایەکەوە، بەردی هەتاو، بەردەوامە لە گەڕان لەسەر ئەو ڕێگایەی کە پێشەنگایەتی نێروودا دەکات، ڕەگ و ڕیشەی لە کولتووری نەتەوەیی هیندستاندا هەیە؛ لە لایەکی دیکەوە، گفتوگۆ و پەیوەندی نێوان کولتووری هیندستان و شارستانیەتی ڕۆژاوا بە دیدێکی جیهانی فراوانتر نیشان دەدات. (ئەوەی جێگای سەرنجە لە شیعر و چیرۆکەکانی بۆرخێسدا، کاریگەرییەکی کەمی لەسەر کولتووری هیندستان هەیە.)

پاتبوونەوەی مێدیتەیشن لەسەر دیاردەی سەرلێشێواوی و دژبەیەکی و لە هەمان کاتدا، هاوشێوەی چرکەساتی و ئەبەدیەت، دەبێتە هێزی بزوێنەری ناوخۆیی بۆ خولی بەردەوامی کاتە بازنەییەکان. لە بەردی هەتاودا، پارچەی ژیانی یادەوەرییە کەسییەکانی گێڕەرەوە، ساتەکانی ڕووداوە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و سووڕی بێکۆتایی ژیانی هەتاهەتایی بوونەتە تەماشای ئەم کلاسیکە شیعرییە جیهانییە؛ چونکە پێشتر کەس بەم شێوەیە نەینووسیوە.

هەرچەندە پاز لە ئەفسانەی هیندستاندا زەمانی بازنەیی ژیانی هەتاهەتایی هێنایە ئاراوە، بەڵام بە سادەیی لەگەڵ چەمکی کاتی شارستانیەتەکانی دیکەدا هاوڕا نەبووە و نکۆڵی لێ دەکات، بەڵکوو وەک یەکگرتوویی وەریگرتووە و بەراوردی کردووە لەگەڵ چەمکی کاتە هێڵییەکەی شارستانیەتی ڕۆژاوا بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕ، نیشاندانی دەوڵەمەندی و ئاڵۆزی فرەکولتووری. ئەم جۆرە بیرکردنەوەی فرەییە لەیەکتر جیا بوونەوە، میتۆدی بنەڕەتی پاش‌نوێیەتییە. ڕاستییەکەی، ڕەنگدانەوەیەکی نوێیە لەسەر سێ کێشەی فەلسەفی کۆنی مرۆڤ: [کات، خود، ژیان و مردن].

بەردی هەتاو، تەنیا پێکهاتەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکی ئەفسانەییشە؛ چونکە بیر لە دۆخی بنەڕەتی مرۆڤەکان دەکاتەوە لە یەکتربڕینی تێڕوانینە جیاوازەکانی کاتی شارستانییەتە جیاوازەکان. هەستێکی فراوانی هەیە بۆ جیهان و هونەرێکی نوێخواز و هەمەلایەنەیشی هەیە. خاڵی وەرچەرخانی شێوازی نووسینی پاز بوو لە ڕیالیزمەوە بۆ سوریالیزم، شاعیر سەرکەوتووانە لە لووتکەی هەموو مرۆڤایەتیدا وەستا، مێژوو و ئەفسانە و ئەزموونی کەسیی شاعیری تێکەڵ کرد و ئەم بەرهەمەی نووسی.

[شۆڕەبییەکی کریستاڵین، چنارێکی ئاوین،

فوارەیەک کە با دەیچەمێنێتەوە،

درەختێکی جوان چێنراو هەمیشە سەما دەکات،

ڕچەی ڕووبارێ کە دەچەمێتەوە،

پێش دەکەوێ، دەکشێتەوە، لار دەبێتەوە و

هەمیشەیش هەر دەگا[1]]

تەواوی شیعرەکە بەو جۆرە ستاییشە دەست پێ دەکات، چەندین جار دروشم دەدات و بە یەک جار تەواو دەبێت، بەسەر دەیان بەنددا دابەش کراوە، بەڵام وێستگەی تەواو نییە. پاز لەم شیعرەدا سنووری [کات و شوێن] بە تەواوی تێک دەدات و ئەفسانە و کەتوار و یادەوەری و خۆزگە و خەون لەیەکدا تێکەڵ دەکات و بە تەواوی هەست و سۆزی چڕ و بیرکردنەوەی قووڵ و خەیاڵی دەوڵەمەندی شاعیر نیشان دەدات. شاعیر لە ڕووباری دوورودرێژی مێژووی مرۆڤایەتیدا مەلە دەکات و لە یادەوەری ئەزموونی ژیانی خۆیدا ڕزگاری دەبێت.

ئەم سەرەتایە زۆر جیاوازە لە باقی دەقەکە، زۆر وردە، پڕە لە ئاماژەی مێژوویی-ئەفسانەیی بۆ فیگەرەکانی ژن. شاعیر خۆی بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرهەڵدانی ئۆتۆماتیکی شیعرەکەی ڕوون کردووەتەوە. هەروەها ناتوانرێت شیعرەکە تەنیا وەک سروودێک بۆ ڕابردووی مەکسیکی پێش ئیسپانیایی سەیر بکرێت. شیعرێکی کۆسمۆپۆلیتە، کە سەنتەری دیدێکی بوونگەرایی بڵاوە، کە تێیدا فیگەری ژنە خۆشەویستەکە یان لەبیرکراوەکە بنەڕەتییە.

[حزوورێک هەر لە گۆرانییەکی کتوپڕ دەکات،

هەروەکوو با کە لەنێو گڕدا گۆرانی بچڕێ،

ڕوانینێک کە جیهان و دەریاکان و چیاکان

بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە،

ڕانی ڕووناکی، سکی ڕووناکی، کەنداوی بچووک،

گابەردی هەتاوین، جەستەی ڕەنگ هەورین،

ڕەنگی ڕۆژگارێ خێرا کە قەڵەمباز دەدات،

سات دەبریسکێتەوە و شێوە وەردەگرێت،

جیهان وا لە لەشتدا دەبینرێت،

ڕوونیشە لەنێو ڕوونیتدا،

وا دەچمە نێو قاوشەکانی دەنگەوە،

دەچۆڕێمە نێو ئێستاکانی زایەڵەوە،

بەنێو ڕوونییەکاندا وەکوو کوێر هەنگاو دەنێم،

تیشکدانەوەیەک دەمکوژێنێتەوە[2]]

پاز، بۆ ئەوەی [«ڕانی ڕووناکی، سکی ڕووناکی، کەنداوی بچووک»، «جەستەی ڕەنگ هەورین/ جەستەی درەوشاوە»، «گابەردی هەتاوین/ بەردی خۆر»، «ڕەنگی ڕۆژگارێ» و «قەڵەمباز»] بدۆزێتەوە، تەواو جەستەی ژن ڕووت دەکاتەوە. لە ڕوانگەی پازەوە، ئەم جەستە درەوشاوەیە، تەنیا ساتێکی کورتە، ساتێک کە مرۆڤەکان عاشق دەبن. وەک دەبینرێت بیری پاز لەژێر کاریگەری تیۆری ڕەسەنی فرۆیددا بۆ سێکسوالیتی بووە. شاعیر بۆ ئەوەی ساتێکی وا بدۆزێتەوە، وەک قسەکەرێک بە «بزوێنەری دەنگ»ـدا بەرەو ناوەندی ئەڵقەکە دەڕوات و دەچێتە ناو جیهانێکی سەیر، بەڵام ئاشنا. پاز [ڕانی ڕووناکی، سکی ڕووناکی، کەنداوی بچووک] بە جەستەی مێینە دەچوێنێت. پێم وا نییە بە درێژایی مێژوو ئیرۆتیکی وەها بە بڵێسەدارم بینیبێت لە شیعردا. کە فرۆیدانە ئەم سێکۆچکەیەی بەیەکەوە بەستووەتەوە. تا بەرانبەر ڕووناکیی لێ پەیدا نەبێت، خۆیشی ناگات بە چێژ. [ڕان، سک و زێ- (کە شاعیر بە کەنداوی بچووکی چواندووە)] دێڕێکی هێجگار قووڵ و جوانە، ئیرۆتیکەکەی شاردۆتەوە و ڕووناکی پێ کردووە. هۆکاری ئەم ڕووناکییە لە خۆشبەختی سێکسیدا بەرجەستە کردووە.

شاعیر جەستەی مێینەی لە پێشەوە بە جێ هێشت و چووە ناو «کەناڵی بێکۆتایی»ـی یادەوەرییەوە، بە دوای پارچە پارچەی ڕابردوودا گەڕاوە. شاعیر زنجیرەیەک ناوی وەک [مێلوسینا، لۆرا، ئیزابێل، پێرسێفونا و ماریا] لەسەر جەستەی نووسیوە. مێلوسینا ناوی پەرییەکە کە بەشی سەرەوەی جەستەی مرۆڤە و خوارەوەی جەستەی مارە. دوای ئەوەی مێردەکەی نهێنیەکەی زانی، ئەویش لێی دوورخستەوە، دوای ئەوە زۆر جار دەهاتەوە بۆ ئەوەی بە دەنگی خۆی کارەساتی هاوسەرگیرییەکەی دەرببڕێت. وێنەی ژنە بەدبەختەکە لێواری شمشێرێک و جامەکەی خوێنی قەسابێک بە بیر شاعیر دەهێنێتەوە کە لە مێشکی نائارامی شاعیردا تێکەڵ بووە. ئەو هیچ ژنێک نییە، بەڵام وێنەیەکی ڕاستەقینەی قوربانییە. هەر ئەویش بوو شاعیری بردە ناو کۆشکێکی خەیاڵی.

[مەدرید، ١٩٣٧،

لە گۆڕەپانی ‘ئەنخێل’ ژنان خەریکی دوورمان و

لەگەڵ زارۆڵەکانیانا گۆرانیان دەچڕی،

پاشان گوێمان لە تەقە بوو، هاوار هەڵسا،

لەنێو ئەو خانوانەی کە لەنێو غوباردا هاتبوونە

سەر چۆک،

منارەکان خاپوور، نێوچەوان بە تف سواغ دراو و

گەردەلوول مەکینەکانی لە کار خستبوو:

هەردووک خۆیان ڕووت کردەوە و یەکتریان

خۆش ویست[3]]

        

پلازا دی ئەنخێل، ئەمە ساتێکە شاعیر هەرگیز لە بیری ناکات، گشتگیرتر لە پێشووتر، (کاتژمێر پێنجی پاشنیوەڕۆ). ئەمە یەکەم جارە شاعیر بۆ ستاییشکردنی ڕابردوو، لە کەسی سێیەم و کاتی ڕابردوو کەڵک وەردەگرێت؛ جووتێک خۆشەویست لە کاتی بۆردوومانەکەدا خۆشەویستی دەکەن. ڕەنگە ئەمە ئەزموونی کەسی شاعیر بێت، یان دەنگۆیەک بێت کە بیستراوە؛ بەڵام لەو کاتەوە خۆشەویستی بووەتە ساتی نمایشی تەواو و ئازادی لە شیعرەکەدا. لە ڕوانگەی شاعیرەوە، تەنیا لەم کاتەدا، مرۆڤەکان ڕزگاریان دەبێت لەو خۆنمایشکردن و کاریگەرییەی کە خۆیان سەرکوت دەکەن و ڕزگاریان دەبێت لە یاسا کە مشکەکان لە جیهاندا دەیخۆن. لە ڕێگەی ئەم ساتەوەختەی خۆشەویستییەوە، نەک هەر ئەوەی «یەکێتییمان لە دەست دا» و ئازادی بە دەست دەهێنێتەوە، کە سەرەتاییترین مەرجی بوونی مرۆڤە. ئەم ساتەوەختەی خۆشەویستی، خاڵی دەستپێکی کڕۆکی تەواوی شیعرەکەیە. شاعیر لەم کاتەدا، زاراوەی [ئەوان و ئێمە]، بە شێوەیەکی گۆڕاو بە کار دەهێنێت، چونکە ساتێکی لەو جۆرە هی هیچ کەسێک نییە، بەڵکوو هی هەموو مرۆڤەکانە. شاعیر کاتێک بە دوای ئەم ساتەوەختە ڕەها و ئازادەدا دەگەڕێت، نەک هەر لە زەریای یادەوەریی کەسیدا ماسی دەگرێت، بەڵکوو لە ڕووباری دوورودرێژی مێژووی مرۆڤایەتیشدا مەلە دەکات. زنجیرەیەک کەسایەتی مێژوویی و ئەفسانەیی لە شیعرەکەدا دەردەکەون: [کوشتنی هابیل، کوڕی دووەمی ئادەم و حەوا، کارەساتەکانی ئاگامەمنوون و کاساندرا، داڕمانی نەینەوا، شارە خوێناوییەکە، نیشانەی شکستی بریتووسی قەیسەر، غەم و پەژارەی مۆکتێسوما پاشای ئیمپراتۆڕیەتی ئازتێکەکان و هتد…] لەنێو زۆرێک لە کەسایەتییە نوێخوازەکاندا، جگە لە گەڕیدەی ئیسپانی (چورکا) کە لە [تراگال] کۆچی دوایی کردووە، هەموو سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕەکانی دیکە، وەک: [لینکۆڵن، مادێڕۆ، ڕۆبسپێر، ترۆتسکی و هتد…] هیچیان لە بەرگری چەکداری لە وڵاتەکەیان نەمردوون، بەڵکوو لە لایەن کەسانی سیاسییەوە کوژراون یان لە سێدارە دراون، نەیار بوون لەسەر جیاوازی بیروڕا. لەنێو کەسایەتییە کۆنەکاندا، جگە لە [سۆکرات]، باقی ئەو کەسانەی کە لە بەرگریکردن لە بیری بە کۆمەڵدا گیانیان لە دەست داوە، لە بیر کراون. ئەمەیش تێڕوانینی پاز بۆ دنیا دەردەخات کە: چاکە و خراپە، جوانی و ناشیرینی، شەهید و بکوژ، شۆڕش و کارەسات وەک پێشەوە و دواوەی دراوێک لەیەکتر جیا ناکرێنەوە.

گەورەترین دەستکەوتی درووستکردنی شیعریی پاز ئەوەیە کە زمانی لە [یاسا و فەرمانەکان] ڕزگار کردووە. لەم جۆرە جەختکردنەوەیە، دەتوانین مەیلی توندڕەوی پاز بەرەو زمان ببینین. ئەم مەیلە لە شاعیری فەڕەنسی (مالارمێ)ـوە دەستی پێ کرد. لە شیعردا دەبێتە هۆی تەمومژاوی و هەندێک کەس شێوازی بارۆکی قوتابخانەی گۆگۆلا لەگەڵ ئەم مەیلە بەراورد دەکەن، یەکەمیان سەرسامکەر و دووەمیان مرۆڤ سەرگێژ دەکات. بە هۆی ئەمەوە، زەحمەتە وشە بە وشە لێدوان لەسەر شیعرەکانی بدەین، بەڵام تەنیا دەتوانین لە واتای شیعرەکان بە گشتی تێبگەیین. لە ڕووی لێهاتوویی هونەرییەوە، ئەم شیعرە دوو تایبەتمەندی جیاوازی هەیە:

1- هونەری فلیمی «مۆنتاژ» لە پێکهاتەدا دەگرێتە بەر؛ بە جۆرێک هەستێکی دینامیکی بە مرۆڤەکان ببەخشێت. پاز بۆ بەدەستهێنانی کاریگەرییەکی هونەری لەو شێوەیە، تێکەڵەیەک لە هونەرە جۆراوجۆرەکانی بە کار هێنا: دەستکاریکردنی وێنە، بەیتە سەریەککەوتووەکان، یەک لەدوای یەکەکانی لێکچوون و خوازە، نەهێشتنی نیشانەکانی خاڵبەندی و هتد…

2- سیمبۆلیزم ئامڕازی هونەری سەرەکییەکەیەتی؛ وەک ڤینۆس لە شیعرەکەدا هەیە. هەروەها [مێلوسینا، لۆرا، ئێلۆیسا، ئیزابێل، ماریا و هتد…] لە شیعرەکەدا هەنە. ئەم ژنانە تەنیا خودا و نەمر و مرۆڤ نیین، بەڵکوو چەندین کەسایەتی مێینەیان هەیە؛ خۆشەویست و دایک و کچ. هەموویان ژنن و هیچ ژنێک نیین. لە هەمووی گونجاوترە ڤینۆس وەک هێمای ئەوان بە کار بهێنین، چونکە ئەویش خاوەنی چەندین کەسایەتییە، هەم ئەستێرەی بەیانییە و هەم ئەستێرەی ئێوارە-شەو، لەکاتی بەیانی و ئێوارەدا دەردەکەوێت. ئەو دەروازەی ژیانە. وەک خوداوەندی خۆشەویستی، شاعیر بەرەو ئەو جەستە درەوشاوەیە دەبات، ئەو ساتە کورتە کە تاک بە هەڵم دەبێت و جیهان تێکەڵ دەبێت.

شیعری دەقگەرایی ناجێگیر و مەحاڵ، ڕەتکردنەوەی شیعر وەک دەرئەنجامی یەکلاکەرەوەی پێکهاتە و ڕێکخستنی ئەزموونە شیعرییەکان؛ دوا بەشی بەرهەمهێنانی پاز هێندەی دوا هەستی ماناسازییەکەی ناجێگیرە، کە ڕەوەیەک لە ڕیتمەکانە، کە تێیدا ژن پارچەیەکی نۆستالژیکی کۆی مەحاڵە.

تەنانەت ئەگەر نەتوانین بە تەواوی لە سەرچاوەی مێژوویی ئەم شیعرە تێبگەیین، هێشتا دەتوانین هەست بە سەرسامی و ڕاستگۆییەکەی بکەین، پاز گەورەکردنی بێکۆتایی هەستەکان وێنا دەکات و کەتواری بابەتیی لە ڕوانگەی خۆیەوە بە شێوەیەکی ئیمپرێشنیستی ڕەنگ دەداتەوە. شێوازێکی ڕەها، خەیاڵی دەوڵەمەندی شاعیر بە تەواوی لەگەڵ هەموو شتەکاندا تێکەڵ بووە و تەنانەت دەکرێت بڵێین جەستە و سرووشتی شاعیر بوونەتە یەک و ناتوانرێت لێک جیا بکرێنەوە. ڕەنگدانەوەی سەر بەردی هەتاو، کە یەک لەدوای یەک دەچرپێن، لەگەڵ لەرزینەکەی خۆیدا یەکدەگرێتەوە، تەنانەت لەگەڵ خۆر لە ئاسمانیشدا یەک دەگرێتەوە و هەموو شتێک کە خۆر لەسەری دەدرەوشێتەوە لە هەمان حاڵەتدایە و ناتوانرێت دەربهێنرێت. جەستە و ڕۆحی شاعیر چیتر هی خۆی نییە، بەڵکوو هی هەموو شتەکانە. کات بەبێ سنوور بۆ پێشەوە و دواوە درێژ دەکاتەوە، بە جۆرێک هیچ شوێنێک نییە کە سەنگەرێک نەبێت، کە هەم هەڵچوون و هەم مەترسییە.

بۆیە «بەردی هەتاو»، داستان نییە،  بەڵکوو ڕۆحی داستانی هەیە. شیعری خۆشەویستی نییە، بەڵکوو شێوازی شیعری خۆشەویستی هەیە. شیعرێکی سیاسی نییە، بەڵکوو باڵی سیاسەتی شیعری هەیە. شیعرێکی فەلسەفی نییە، بەڵکوو سۆزی فەلسەفی هەیە. شیعرێکی ئەفسانەیی نییە، بەڵکوو ڕیشەی ئەفسانەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە تا کۆتایی. لە ڕووی زمانەوە، تێکشان و چوونەوە پاڵ یەکی هەیە. هونەر و خەیاڵسازی و کەتواری تێدا بەرهەم هێناوە. تەنیایی و تێگەییشتن، ڕەتکردنەوە و خۆشەویستن، بەدواداچوون و نائومێدی، مێژوو و شارستانێتی بەیەکەوە گرێداوە. هەر لەبەر ئەمەیشە کە گۆڕانی ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ڕووی تێڕوانینی جیهانبینی خۆی و جیهانبینییەوە، لە تیۆری چینایەتییەوە بۆ تیۆری سرووشتی مرۆڤ. لە بێهەڵوێستییەوە و بۆ پێگەییشتوویی، پازی لە بەردی هەتاودا کردووە بە شاعیرێکی جیهانی کە تیشکەکانی ناو بەردی هەتاوەکە بیدرەوشێنێتەوە.

سوود لەم سەرچاوەیەش وەرگیراوە:

https://en.wikipedia.org/wiki/Octavio_Paz

[1]. بەردی هەتاو، ئۆکتاڤیۆ پاز (پاث/ پاس)، و. ئەحمەدی مەلا، بڵاوکراوەی ئاراس، ز. ١٠٢، چاپی یەکەم، ٢٠٠١، هەولێر، ل٢٩

[2]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٣٠

[3]. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٤٣-٤٤