ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین - ٢٠١٨

ڕزگاركه‌ره‌ گاڵته‌جاڕه‌كان


Loading

نوری (جواد)  المالکی یان أبو إسراء!* لەماوەی ئەو هەشت ساڵەی کە سەرۆک وەزیرانی ئێراق بوو ٢٠٠٦- ٢٠١٤،  سەدو نۆ ملیار دۆلاری لەخەزێنەی ئێراقیدا ونکردووە و کەس نازانێت چۆن شەش سەد ملێۆن دۆلار مانگانە ئێراق مووچەی سوپایەک دەدات کەسێ چارەکی تەنها ناوی سەر وەرقن!

حه‌یده‌ر عەبادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا خۆیشی یەکێکە لەوانەی ئیدارەی دزی  دەکات  بۆ (حزبی ده‌عوه‌ی شیعی)‌ و نوێنه‌ری تائیفه‌ی شیعه‌یه‌‌ له‌حكومه‌تی ئێراقدا، (جار جاره‌ش به‌جلی ڕه‌شه‌وه‌ ده‌چێت سنگی خۆی ده‌كوتێت  بۆ حه‌سه‌ن و حوسێن وه‌ك مالیكی) – ئه‌م  حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌   له‌نێوان سێپتمبه‌ری ٢٠٠٣ تاوه‌كو یونی ٢٠٠٤  وه‌زیری تیلیكۆمنیكاسێۆنی (اتصالات ) ئێراقی بووه‌، به‌سه‌ده‌ها میلۆن دۆلاری  بۆ پڕۆژه‌ی وه‌همی سه‌رفكردووه‌ و تائێستاش كه‌س نازانێت ئه‌م پارانه‌ بۆچی و چۆن به‌ئیمزای ئه‌و سه‌رفكراون! ئه‌م دۆسیانه‌ وه‌ك هه‌موو دۆسیه‌كانی دیكه‌ی گه‌نده‌ڵی ئێراقی دوای ٢٠٠٣ ‌ به‌كراوه‌یی ماونه‌ته‌وه‌.

به‌دیوێكی تردا، حكومه‌تی فیدرالی كوردی له‌ئێراقدا و پارته‌  به‌شداربووه‌كانی له‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ تا ئه‌وسه‌ری ئۆپۆزیسیه‌نه‌وه‌، ئه‌ندامه‌كانیان له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا بوون به‌خاوه‌نی ملیۆنه‌ها دۆلار و ڤێلا و ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ها و  خانه‌نشینی خه‌یاڵی. له‌و لاشه‌وه‌  كه ‌سه‌رۆكه‌ كورده‌كان ده‌مرن، به‌وه‌ی ئۆپۆزیسۆنیشه‌وه،‌ دیسانه‌وه‌  ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی و كۆمپانیاكانی حزب بۆ منداڵه‌كانیان به‌جێده‌هێڵن، منداڵانێك  كه‌زمانی كوردیان باش نییه‌! چونكه‌ له‌ له ‌له‌نده‌ن و ئه‌وروپا گه‌وره‌بوون،  بێگومان چیرۆکی گه‌نده‌ڵیان هەموو وەسفێکی تێپەڕاندووە.

دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی ویستی   بەگوتارێکی فاشیتی و ڕەگەزپەرستی عەرەبیەوە   ڕیفۆرمێك بكات له‌ئێراقدا كه‌ناوی ناوه‌ (شه‌ڕی دژه‌ گه‌نده‌ڵ) و زۆر له (‌ڕۆشنبیرانی به‌ناو سه‌ربه‌خۆ)  و  سیاسی به‌ناو ئۆپۆزوسیۆنی كوردی دڵیان پێ خۆش بوو‌، له‌وه‌ش كۆمیدیتر پارتی دیموكرات و هه‌ندێك له‌ ینك دڵیان به‌ دژایه‌تی مالیكی خۆش بوو ‌ له‌دژی عه‌بادی و به‌ڕزگاركه‌ری ئه‌م دۆخه‌ی تێده‌گه‌یشتن.

ئەقڵی گاڵتەجاڕی ( سینیزم- Zynismus –  )هەندێک ڕۆشنبیر و سیاسی کوردی بەجۆرێک بوو  یەکێکیان بەیاننامەی مژدەبەخش بۆ عه‌بادی دەردەكرد  وەك حەشدیزمە ڕۆشنبیره‌كانی  دوای شازدەی ئۆکتۆبه‌ر**و ئەوانیتریش كه ‌دژی ئه‌مانه‌ن خەون بەهاتنەوەی مالیکیەوە دەبینی.

گەر ئەمیللەتانەی ئێراق، بەکوردو عەرەب و تورکمان و کلدانی و ئاشووریەوە دوای ئەم هەموو تاڵانیه‌وه‌ بچنەوە سەر سندوقی هەڵبژاردنەکان  و ئه‌مانه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ڕزگاركاری خۆیان، ئەوا لەم بارەدا ئەقڵی گاڵتەجاڕی (سینیزم) دەچێتە ناو کایەکی گەورەتر کەکۆی میللەتی ئێراقه‌!

 

په‌راوێزه‌ سینزمه‌كانی  ئه‌م په‌ره‌گرافه‌:

*نوری (جواد) المالكی – أبو إسراء!*: له‌سه‌ر پشكی مه‌زهه‌بی شیعه‌گه‌رایی بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران  بۆ دوو ده‌وره‌ی هه‌ڵبژاردن له‌نێوان ٢٠٠٦  -٢٠١٤ له حزبی ده‌عوه‌‌. له‌سوریا په‌ناهه‌نده‌ بووه‌ و له‌كوردستان ماجستێری له‌زمانی عه‌ره‌بی  هێناوه‌!  له‌بنه‌ڕه‌تدا ناوه‌ سیاسیه‌كه‌ی (جواد) ه‌ كه‌به‌مانای ئه‌سپ دێت، ناوێكی ئاساییه‌ له‌ناو دونیای ئیسلامی عه‌ره‌بیدا، به‌ڵام كه‌بوو به‌سه‌رۆك وه‌زیران له‌ (جواد – ئه‌سپ)  كردی به‌ (نور – ڕوناكی) . خێرایی ئه‌م ڕوناكیه‌ تیژتربوو له‌ خێرایی ئه‌سپ، بێگومان بۆ چیننیه‌وه‌ی ملیاره‌ها دۆلار!

له‌ڕاستیدا جواد المالكی ناوی ناسراوی مالكیه‌ كاتێك له‌یه‌كه ‌جیهادییه‌ شیعیه‌كان بۆ ئێران كاریده‌كرد. به‌شێكه‌ له‌جیهادیسته‌ شیعه‌كان كه‌ئه‌ركی پاكتاوی بزواته‌ دژه‌ شیعیه‌یه‌ له‌ڕۆژهه‌لاتی ناوێن.  له‌و تۆمه‌تانه‌ی تاوه‌كو ئێستا به‌دووی مالیكیه‌وه‌یه‌، فڕاندنی زانا ئێراقیه‌كان بۆ ئێران، كوشتنی فه‌له‌ستنیه‌كان كه له‌كاتی  شه‌ڕی ناوخۆی لوبنان  دژی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌لی ئیسلامی شیعی بوون ، كه بێگومان ‌دوایش بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل ده‌بێته‌ هه‌وێنی (حزبوڵای لوبنانی).

**شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر٢٠١٧؛ سه‌نگه‌ر چۆڵكردنی ده‌سته‌یه‌كی ناو یه‌كێتی به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و ته‌سلیمكردنی ئیداره‌ی كه‌ركوك. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ خۆیان به‌ئاشكرا هاتنه‌ سه‌ر تی ڤییه‌كان و ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌یان پشتڕاستكرده‌وه‌.  به‌تایبه‌ت منداڵه‌كانی خانه‌واده‌ی مام جه‌لال كه‌ به‌زمانی ئینگلیزی  ده‌یانگووت؛ (Mam Jalal Way)  به‌مانای ڕێبازی مام جه‌لالیان له‌سه‌ر تیڤیه‌كان بانگه‌شه‌كرد، به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی پێش شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر ڕوویداوه‌ له‌كه‌ركوك  (This is not Mam Jalal way)  ئه‌مه‌ ڕێبازی مام نه‌بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م باره‌ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ  حه‌شدی  شه‌عبی بۆ گرتنه‌وه‌ی كه‌كه‌ركوك به‌ سولوشن (Solution)چاره‌سه‌ر تێده‌گه‌یشتن. ئه‌م گوتاره‌ به‌ڕێز (پاڤێڵ تاڵه‌بانی) له‌شه‌وی حه‌ڤده‌ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ ، به‌جلی كوردی و زمانی ئینگیلزی خوێندیه‌وه‌. منیش ته‌نها وشه‌كانی به‌ڕێزی دووباره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ وه‌ك ئه‌مانه‌ت. ئه‌مانه‌ قسه‌ی من نین، قسه‌ی دۆكۆمه‌ێنتكراوی خۆیانن.

***له‌ڕۆژانی  دوای شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧  له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێزێكه‌وه‌ بۆمانده‌ركه‌ت كه‌ شه‌ڕی زیاتر له‌دوو ساڵی نێو‌ان پێشمه‌رگه‌ و داعش  ISS هیچتر نه‌بووه‌ جگه‌ له‌گرتنی سێڤێلی نه‌بێت له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا. بێگومان له‌دوای بۆمبارانكردنی سه‌نگه‌ره‌كانی داعش له‌لایه‌ن فرۆكه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ – تكایه‌ بگه‌ڕێره‌وه‌ بۆ  چاوپێكه‌تنی ڕۆژی 17.10.2017  –     خۆبه‌خشێكی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ناوی (ئاراس شێخ جه‌نگی)  له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان تی ڤی!

*حه‌یده‌ر العبادی:  له‌ یازده‌ی ئۆگستی ٢٠١٤  بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیزانی ئێراق له‌سه‌ر پشكی مه‌زهه‌بی شیعه‌گه‌راییه‌  له حزبی ده‌عوه‌یه‌. به‌جیاواز له‌مالكی له‌ ڕۆژئاوا ژیاوه‌ و خوێندوویه‌تی و خاوه‌نی دكتۆرایه‌، به‌ڵام تائیفی و مه‌زهه‌بیه‌ و سه‌ركردایه‌تی گرتنه‌وه‌ی كه‌كه‌ركوكی كرد به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌كی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر و دوایش پشتی تێكردن!

 

له‌نده‌ن –  29.12.2017

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.