ئاگات له‌و ده‌نگانه بێ به ماندوویه‌تی دێن!
ئه‌و زیندانانه‌ت له‌بیر بێ خۆمان دروستمان كردنه‌وه!
ئه‌و ئاسۆیه‌ت بێته‌وه به‌رچاو
هه‌موو له هه‌مووی به‌خشش بوو..!
چیرۆكی نیشتمانه باڵداره‌كان
لێره‌وه ده‌ستی پێكرد:
خاك تووڕ درا بوو
له شه‌ڕ و
خولیای خه‌مهێنه‌ر و
زه‌نگی بێزاری
لێ نه‌ده‌بینرا …
بینایی كز …
كوێره‌ڕێگایه‌ك نه‌ما
هیوای تۆزاویمانی پێ بسپێرین!
ڕێژنه‌یه‌ك
له ئاره‌زوویه‌كی ئه‌فسووناویدا خه‌مڵیووه،
به‌سه‌ر دارستانی دڕنداندا ده‌بارێ …
چڕتر له،
سێبه‌ری دره‌ختی كه‌ناران
ئاوی لێ كه‌سك ده‌نوێنێ …
شازاده‌یه‌كی ڕازاوه
پیاسه به شۆسته و شه‌قامه وه‌همییه‌كانی ده‌كا.
نیشتمانه باڵداره‌كان
ئه‌وانه‌ی
له‌به‌ر شه‌ڕ و
خولیای خه‌مهێنه‌ر و
زه‌نگی بێزاری باڵیان گرتووه،
نه مزگه‌وتیان تێدایه
نه دێر و كه‌نیسه و
نه هیچ په‌رستگایه‌ك …
سێویان به تاڤگاندا دێنه خوار …
په‌یتوونیان
به كووچه و كۆڵانان دێ و ده‌چێ،
ده‌نگی سمی ئه‌سپه‌كانیان
له بزاڤی ڕۆژانه‌ی
به‌رد و چه‌وی
ڕووبار و زێیان ده‌چێ.
په‌لكه‌گیا له‌و نیشتمانانه‌دا
هه‌ر ده‌مه‌ی به ڕه‌نگێ ده‌رده‌كه‌ون.
دانیشتوانیان غه‌مگینیش بن،
شیرینی له ژاڵه
شادی له خه‌م هه‌ڵده‌هێنجن …
مردووه‌كانیان ده‌خه‌نه‌وه سه‌ر زه‌وی.
مۆسیقایان به ڕیتمی فڕینیانه …
گۆرانی‌یان،
باسی مه‌ستی و
په‌سنی هه‌وای خوا و
ئاسمانی فراوان و فره‌چین ده‌كا.
مێژوویان،
له‌گه‌ڵ مێژووی هه‌ڵۆ و
قومری و
چۆله‌كه و
قورینگ و
نه‌وره‌سان دایه …
قوتابخانه و نه‌خۆشخانه له‌و نیشتمانانه‌دا
له میوانخانه‌كانی خواوه‌ند ده‌چن …
زانست،
له ئیكسیری وردبوونه‌وه و
كوانووی ڕوونبینی و پۆشته‌كردنی با و
ماكی گه‌وهه‌رناسی و
مژده‌ی مه‌رگی له‌خۆنووسان فێر ده‌بن …
مێژوو،
له كۆیله‌یی و پێناوی و گومڕایی زه‌وی …
ده‌رمان،
له ڕه‌نگی كازیوه و
تریفه‌ی نیوه‌شه‌وانی مانگ و
فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌شكه‌نجه
دروست ده‌كه‌ن.
نیشتمانه باڵداره‌كان
به ده‌گمه‌ن شه‌ڕیان تێدا ده‌بێ
شه‌ڕ له‌و نیشتمانانه‌دا
وه‌ك شه‌ڕی
نیشتمانه وه‌ستاوه بۆگه‌نه‌كانی
سه‌ر زه‌وی نییه …
له‌وێ ڕكابه‌رایه‌تی
له‌سه‌ر
به‌رزفڕی و
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئۆكسجین و
جوانیناسی و
فه‌نتازیای ئاواز و
هه‌نیه و گۆنای دره‌وشاوه‌یه …
ژنان له‌و نیشتمانانه‌دا
به‌زه‌رده‌ی به‌یانی و
نه‌شئه‌ی خه‌ون و
سۆمای سروه و
سێبه‌ری پاكیزه‌كانی چیا
خۆیان جوان ده‌كه‌ن.
باڵایان
له خه‌نده دڵگیرتره …
نیشتمانه باڵداره‌كان
ئاژه‌ڵی دڕنده‌ی لێ نییه،
هه‌موو ئاژه‌ڵه‌كانی دۆستی مرۆڤن
هه‌موو مرۆڤ دۆستی ئاژه‌ڵ.
پێوه‌ندی له‌و نیشتمانانه‌دا:
هه‌موو به‌رپرسیاره له هه‌موو …
پاشا له‌و نیشتمانانه‌دا
له كرێكاری كارگه‌كان ماندووتره
باڵی فڕین، فڕینی نیشتمان
پاشا ڕایانده‌وه‌شێنێ …
به شنه‌بای تۆقه‌ڵانانیان
خۆیان فێنك ده‌كه‌نه‌وه.
نه‌وت و گاز و كانزای لێ نییه
چرا و گڵۆپ و سۆپاكانیان
به شیعر و مۆسیقا كار ده‌كه‌ن
ماڵێك له مانگێكدا
چه‌ند كۆپله‌یێ شیعر و
چه‌ند پارچه مۆسیقایه‌كی به‌سه.
شیعر و مۆسیقا
له ئاسمانی هه‌ره به‌رزه‌وه
به‌سه‌ر كۆشكی پاشادا ده‌بارێ
ئه‌ویش به یه‌كسانی
به‌سه‌ر هاونیشتمانیانی دابه‌ش ده‌كا.
شاعیران له نیشتمانه باڵداره‌كان
ئیره‌یی به شیعری
ئاسمان نابه‌ن،
ئه‌وان جیاواز ده‌نووسن …
نیشتمانه باڵداره‌كان
ڕۆژنامه و ڕادیۆ و
ته‌له‌فزیۆن و ئینته‌رنێتیان نییه،
سه‌ر ئاسووده
پێكه‌وه ده‌ژین …
فڕۆكه‌شیان نییه
خۆیان باڵیان هه‌یه ده‌فڕن …
یه‌ك زمانیان هه‌یه
هه‌موویان به‌و زمانه قسه ده‌كه‌ن و ده‌نووسن.
تاكه گرفتی نیشتمانه باڵداره‌كان
هه‌ڵم و دووكه‌ڵ و
نیفاق و دووڕوویی و
هه‌وای پیسی زه‌وییه
زۆر جار ناچاریان ده‌كا
به‌رز و به‌رزتر ببنه‌وه.