سیاسه‌تی پۆپۆلیستی ئه‌مریكایی له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌؛ ده‌ركردنی چینییه‌كان له‌ئه‌مریكا 19th century political cartoon: Uncle Sam kicks out the Chinaman, referring to the Chinese Exclusion Act.

شانتال موفە؛ساتەوەختى پۆپۆلیستى


Loading

 ئێمە ئێستا ئەزموونى “ساتەوەختى پۆپۆلیستى” دەکەین. ئەمە خاڵێکى تەوەرییە بۆ دیموکراسییەتەکەمان، بۆ ئەوانەى کە داهاتوویان بەندە بە وەڵامدانەوەى ئەم ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌. بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم دۆخە، پێویستە ڤێرژنە ساکارەکەى میدیا وەلابنێین کە پۆپۆلیزم تەنیا وەک دیماگۆژییەت وێنا دەکات و پشتیوانیى لە ڕوانگەیەکى شیکاریى دەکات. من پێشنیار دەکەم پەیڕەوى لە (ئەرنستۆ لاکلاو) بکەین کە پۆپۆلیزم ؛ وەک ڕێگایەک پێناسە دەکات بۆ بنیاتنانى سیاسەت لە ڕێگەى دامەزاندنى سنوورێکى ئەو تۆى سیاسى، کە کۆمەڵکە دابەشدەکات بەسەر دوو کەمپدا، ئەمەیش لەپێناو بانگەشەکردن بۆ بزوواندنى “ژێردەستەکان” دژ بە دەسەڵاتداران (سەردەستەکان).

پۆپۆلیزم نە ئایدیایۆلۆژیایە و نە ڕژێمێکى سیاسى، بۆیە ناکرێت بدرێتە پاڵ ناوەڕۆکێکى پراگماتیکیى تایبەتى. پۆپۆلیزم لەگەڵ چەندین فۆڕمى جیاوازى حکومەتدا هاوتا دێتەوە. ڕێگایەکە بۆ ئەنجامدان و مومارەسەى سیاسەت کە دەشێت بە گوێرەى کات و شوێن چەندین فۆڕمى جیاواز وەربگرێت. پۆپۆلیزم ئەو کاتە دەردەکەوێت کە یەک ئامانج سوبێکتێکى نوێى ئەکتى دەستەجەمعى دروست بکات (واتە خەڵک) کە بتوانێت دووبارە نەزمى کۆمەڵایەتى تیاژیان وەک نەزمێکى نا-دادپەروەرانە دەربخات و کۆمەڵگە دابڕێژێتەوە.

 

نموونەى ئەم خاڵە، سەرکەوتنە نوێیەکانى فۆڕمە پۆپۆلیستییەکانە لە سیاسەتدا لە ئەوروپا کە دەربڕى قەیرانێکن لە سیاسەتى لیبراڵ-دیموکراتیدا. ئەمە هۆکارى نزیکبوونەوەى چەندین دیاردەیە لە یەکترى کە لەم ساڵانەى دواییدا کاریگەرییان لەسەر ئەو بارۆدۆخانە هەبووە کە دیموکراسییەتیان تێدا پیادە دەکرێت. یەکەمین دیاردە ئەوەیە کە پێشنیارم کردووە پێیى بووترێت “پۆست-سیاسەت”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تەڵخبوون و بەیەکداچوونى سنوورە سیاسییەکان لەنێوان ڕاست و چەپدا. ئەمە بەرەنجامى دروستبوونى کۆدەنگییە لەنێوان ئەو حزبانەدا کە سەر بە ڕاستى میانڕەو و چەپى-میانڕەون لەسەر ئەو ئایدیایەى کە هیچ ئەڵتەرناتیڤێک بۆ جیهانگیریى نیولیبراڵ بوونى نییە. لەژێر فرمانى “مۆدێرنیزەیشن”ـدا، ئەوان ڕازیى بوون بە فەرمان (diktats)ـى کاپیتالیزمى دارایى جیهانى و ئەو سنوور و کۆتوبەندانەى کە بەسەر دەستێوەردان و سیاسەتەکانى بوارى گشتی (public policies)ـدا سەپێنراون. ڕۆڵى پەرلەمانەکان و ئەو دامەزراوانەى کە ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدەن کاریگەریان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان هەبێت بە خیراییەکى زۆر کەمبوونەتەوە. ئەو تێگە (notion)یەى کە دڵى ئایدیاڵى دیموکراسییەتى دەنواندەوە وەلانراوە و پشتگوێخراوە، واتە ئەم کۆڵەکەیە: دەسەڵاتى خەڵک. لەمڕۆدا، قسەکردن لەبارەى دیموکراسییەتەوە تەنیا بۆ ئەوەیە ئاماژە بکات بە هەبوونى هەڵبژاردنەکان و بەرگریکردن لە مافەکانى مرۆڤ.

ئەم بەرەوپێشچوونە، بە بێ ئەوەى پێشکەوتنێک بێت بەرەو کۆمەڵگەیەکى پێگەیشتوو (وەکو هەندێ کات ئەمە دەدەن بە گوێماندا)، زۆربەى ئەو پێشهاتانەى لەبەرچاو گرتووە کە بەسەر مۆدێلى ڕۆژئاوایى دیموکراسییەتەکەماندا هاتووە، مۆدێلێک کە بە زۆریى پێیدەوترێت “لیبراڵ دیموکراسى”. ئەم مۆدێلە بەرەنجامى بەیەکگەیشتنى دوو نەریتە لەگەڵ یەکتریدا. یەکەمییان نەریتى لیبراڵیی سەروەریى یاسایە، کە وا لە دابەشبوونى دەسەڵاتەکان و جەختکردنەوە لەسەر ئازادیى تاکدا. دووەمیشیان نەریتى دیموکراسیى یەکسانى و سەروەریى خەڵکە. بە دڵنیاییەوە ئەم دوو لۆژیکە سیاسییە لەدوایین سنووردا لە گونجانبەدەر (irreconcilable)ـن، چونکە هەمیشە دڕدۆنگییەک هەیە لەنێوان بنەماکانى ئازادى و بنەماکانى یەکسانیدا. بەڵام ئەم دڕدۆنگییە، بۆ مۆدێلە دیموکراسییەکەى ئێمە کارکردێکى بنیاتنەرە، چونکە دەستەبەرى فرەیى دەکات.

بە درێژایى مێژووى ئەوروپا، دانوستاندنێک هەبووە لە ڕێگەى خەباتێکى “ڕکابەرانە” (agonistic)وە لەنێوان “ڕاست” و “چەپ”دا؛ یەکەمیان لە هەموو شتێ زیاتر ئازادى دەنرخێنێت و دووەمیان لە هەموو شتێ زیاتر یەکسانى دەنرخێنێت. سنوورى نێوان ڕاست/چەپ هەتابێ زیاتر کاڵ دەبێتەوە و تێکەڵوپێکەڵ دەبێت، ئەمەیش بەهۆى کورتکردنەوە و قەتیس کردنى دیموکراسییەت لە ڕەهەندە لیبراڵییەکەیدا؛ لە هەرشوێنێک ڕووبەڕووبوونەوەى ڕکابەرییانە لەنێوان دوژمنەکاندا ]بەشێوەى ئەنتاگۆنیزم[ ڕوویدابێت (فەزاى کراوە) ونبووە، لەمڕۆیشدا خولیاى دیموکراتى چیتر ناتوانێت لەنێو چوارچێوە نەریتییە سیاسییەکاندا کەناڵەکانى دەربڕین بۆ خۆى بدۆزێتەوە. (demos) ]خەڵک بە واتا یۆنانییە کۆنەکەى[، خەڵکى خۆ-سەروەر، وەک کاتیگۆرییەکى “زۆمبى” وێنادەکرێت، هەر لەبەرئەمەیە ئێستا ئێمە لە کۆمەڵگە “پۆست-دیموکراسیەکان”ـدا دەژین.

ئەم گۆڕانە لە ئاستە سیاسییەکەدا کە لەنێو کۆنتێکستى فۆرمولەى هەژموونى “نیولیبراڵی”ـى نوێ (new ‘neo-liberal’ hegemonic formulation)دا ڕوویداوە، لەڕێگەى فۆڕمێکى شەرعیکردنى سەرمایەدارییەوە تایبەتمەندیى خۆى وەرگرتووە کە تێیدا ڕۆڵى سەرمایەداریى دارایى لە سەنتەردایە. ئێمە دەبینین بە خێرایى ئاستى نایەکسانى بەرز دەبێتەوە، کاریگەریى ئەمەیش تەنیا لە سەر چینى کرێکار ڕەنگى نەداوەتەوە، بەڵکو کاریگەریى لەسەر بەشێکى گەورەى چینى ناوەندیش هەبووە، واتە ئەو چینەى کە خراوەتە نێو پرۆسەی نەدارخستن (pauperization) و نا-دڵنیایى (precarization)ـەوە. ئەو کاتە دەتوانین لەبارەى دیاردەى ڕاستەقینەى “بەئۆلیگارشیکردن” (oligarchization)ـى کۆمەڵگەکانمانەوە بدوێین.

لەم هەولمەرجانەى قەیرانە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکاندا، ئەو هەمەجۆرییەى کە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرکەوتووە، بەرپەرچى دیاردەى پۆست-سیاسەت و پۆست-دیموکراسى دەداتەوە. ئەو بزوتنەوانە وا بانگەشە دەکەن ئەو دەنگە بۆ خەڵک دەگەڕێننەوە کە دەستەبژێرەکان لێیان زەوتکردوون. بە چاوپۆشى لەو فۆڕمە کێشەئامێزانەى کە هەندێک لەم بزوتنەوانە هەیانە، گرنگە دان بەوەدا بنێین کە ئەمانە دەربڕى خولیاى دیموکراتیى شەرعیین. وێراى ئەوەیش، دەکریت خەڵکى بە زۆر ڕێگاى جۆراو جۆر دروست بکرێن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەموو ئەم بزوتنەوانە بە ئاراستەى پێشکەوتنخوازانەدا ناڕۆن. لە چەندین وڵاتى ئەوروپیدا، ئەم خولیایە بۆ سەروەریى فەرمانڕەوایەتى لەلایەن حزبە ڕاستڕەوەکانەوە دەستى بەسەرداگیراوە کە دەیانەوێت خەڵک لەڕێگەى گوتارى  ترس له‌بێگانه‌ -“کزینۆفۆبیک” (xenophobic )ـەوە دروست بکەن، گوتارێک کە کۆچبەران سەرکوت دەکات و دووردەخاتەوە، چونکە وەک هەڕەشە بۆ سەر گەشەکردنى نەتەوەیى پیشانیان دەدات. ئەم حزبانە خەڵکێک دروست دەکەن کە داواى ئەوە دەکات ئامانجە دیموکراسییەکان تەنیا لە بەرژەوەندییەکانى ئەو کەسانەدا قەتیس بکرێن کە بە “هاونیشتمانى ڕاستەقینە” دادەنرێن. تاکە ڕێگایەک بۆ ڕێگەکردن لە دەرکەوتن و سەرهەڵدانى ئەو جۆرە پارتانه‌ و ئینجا دژایەتیکردنى ئەوانەى کە هەمیشە ئەم پارتانه‌ دروستکردووە ئەوەیە خەڵکێکى دیکە دروست بکرێت، برەو بە بزوتنەوەیەکى پۆپۆلیستى پێشکەوتنخواز بدرێت کە خولیا دیموکراتییەکان پەسەند بکات و ئاڕاستەیان بکات بەرەو بەرگریکردن لە یەکسانى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى.

 

خۆپیشاندانی AFD له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ده‌ژی بێگانه‌ و په‌ناهه‌نده‌ – ته‌وژمێكی پۆپۆلیستی نوێ له‌ ئه‌لمانیا. ٢٠١٧

ئەوە غیابى حیکایەتێکە کە بتوانێت فەرهەنگێکى دیکە بخاتە بەردەست بۆ داڕشتنەوەى داخوازییە دیموکراتییەکان و ئەوە ڕوونبکاتەوە،  کە پۆپۆلیزمى ڕاستڕەو دەنگدانەوەیەکە لەنێو چەندین کەرتى کۆمەڵایەتیدا کە هەتابێت زیاتر دەبن. ئەمە کارێکى پێویسته‌ بۆ ڕیالیزەکردنى ئەوەى، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم جۆرە پۆپۆلیزمە، چیتر سەرزەنشتە ئاکارییەکان و بەشەیتانیکردنى پشتیوانانى ئەو پۆپۆلیزمە کارناکەن. ئەم ستراتیژییەتە بە تەواوەتى دژەبەرهەمهێنان (counterproductive)ـە، چونکە سەرلەنوێ گوشار دەخاتەوە سەر هەستە دژە-دامەزراندنى (anti-establishment)ى چینە پۆپۆلارەکان. لەبرى ئەوەى ئەو داخوازییانە بە داخوازى نا-هاوتا دابنرێن، پێویستە بەشێوازێکى پێشکەوتخوازانە فۆرمولە بکرێنەوە، دوژمنایەتى وەها پێناسە بکەن کە بەگژداچوونەوەى ئەو هێزانەیە کە پرۆژەى نیولیبراڵى بەهێز دەکەن و برەو پێدەدەن. ئەوەى لە دامەزراندنى ویستى بەکۆمەڵدا لە گرەودایە بریتییە لە دروستکردنى هەماهەنگییەک لەنێوان فرەچەشنى (multiplicity)ى بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە کۆمەلایەتییەکاندا، واتە لەنێوان ئەوانەدا کە ئامانجیان قووڵکردنەوەى دیموکراسییەتە. جا لەبەرئەوەى زۆربەى کەرتە کۆمەڵایەتییەکان گیرۆدەى کاریگەرییەکانى سەرمایەداریى دارایین، کەوایە پۆتێنشیەڵێک یاخود خودڕه‌مه‌كیه‌تێك هه‌یه‌، بۆ ئەم ویستە بەکۆمەڵە، تاوەکو خاسیەتێکى یەکلاکەرەوەى هەبێت کە دابەشکاریى ڕاست-چەپ وەک دروستکراوێکى نەریتى تێدەپەڕێنێت.

بۆ ئەوەى بگەینە ئاستى ئەو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ی کە ساتەوەختى پۆپۆلیزم لە داهاتووى دیموکراسییدا دەریدەخات، پێویستمان بە سیاسەتێکە کە دڕدۆنگییە ڕکابەرییەکە لەنێوان لۆژیکى لیبراڵ و لۆژیکى دیموکراسیدا دروستبکاتەوە. جیاواز لەو بۆچوونەى کە هەندێکات ئەرگومێنتى بۆ دەهێنرێتەوە، ئەم کارە دەشێت ئەنجام بدرێت بە بێ ئەوەى دامەزراوە دیموکراتییە سەرەکییەکان ڕووبەڕووى مەترسى بکرێنەوە. کاتێک پۆپۆلیزم بەشێوازێکى پێشکەوتنخوازانە وێنا دەکرێت و نابێتە لادان و دەرچوون لە دیموکراسى، ئەوا لەمەدا دامەزراوەکان گونجاوترین هێزى سیاسین بۆ هێنانەوە ئارا و فراوانکردنى دیموکراسى لە ئەوروپاى ئەمڕۆدا.

سەرچاوە:

CHANTAL MOUFFE: The populist moment, Translated from Spanish by Teresa Sastre, 21 November 2016.

https://www.opendemocracy.net/democraciaabierta/chantal-mouffe/populist-moment

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین