By Van Gogh

شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی


Loading

لە بری پێشەکی، چەند قسەیەک
پێش ئەوەی “شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی” بنووسم، پێشتر دوو کاری شیعریم لەسەر “شەو” کردووە؛ لە ڕوانگەی مرۆڤەوە بۆ دونیای سوننەتیی و مۆدێرنە، کە لە دەوری بابەتی فەلەک و گەردووندا دەسووڕێتەوە. کە: کاری یەکەم: “شەو و خولانەوە، بە دەروی پرسیاردا” و، کاری دووەمیش: “دونیای گەردوون” بووە. کە ئەوەشیان کاری سێیەممە لە بارەی شەو و قووڵاییی خۆیەوە، وەک شیعر لە بابەتی گەردوونییەوە. “کە شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی، جودایە لە پڕۆژەکانی ئەفریقانامە و زەمیننامە و ئەمریکانامە بە تامی شیعر، کە چەند پڕۆژەیەکی دیکە ماون، لە ئاییندەدا تەواو دەبن.” ئەوەی ویستومە لێرەدا و، چی لە دوو کارەکەی پێشتریشمدا، شیعر لە خودێتیی مرۆڤەوە بگوازمەوە بۆ خودێتیی چەمک؛ بە واتایەکی دی، چیدی شیعر وشە نەکاتە کەرەستەی خۆی بۆ کایەی مرۆڤ، بەڵکوو ئێستەیەک لەسەر وشە بکات و، خودی شیعر لە قووڵاییی ئەو وشەدا بگیرسێتەوە کە خزمەتێکی زۆری دونیای شیعر و شاعیرانی کردووە. مرۆڤ و وشە، مرۆڤ و شەو، وەک دوو چەمکی هاوسەنگیی لە کایەی گەردوونیدا بمێننەوە، نەک دونیای گەردوون بۆ وسیتێکی چرکەساتی دڵی شاعیر بخرێتە نێو دوو دێڕە شیعرەوە و، وەک میوان حزووری هەبێت.
شەو، وەک دڵنەوایییەک بۆ غەمی شاعیر، هەوێنی شیعر بێت. پرسیار ئەوە نییە لێرەدا لە بارەی شیعری کەسەوە بدوێم، کە دەبێت لە چەمکێکدا قووڵ ببنەوە؛ بەڵکوو ئەوە بۆ خوێندنەوەیەکی قووڵی ڕەخنەگران بە جێدێڵم. ئەوەی من گەرەکمە لێرەدا بە کورتی بیڵێم: هاوسەنگییەک بۆ وشە بگێڕمەوە و، چیدی وشە لە خودێتیی مرۆڤدا قەتیس نەکرێتەوە. قووڵبوونەوە لە شەو، یان تەنیایی چەکچەکیلەیەک، سەفەرکردن بە نێو جیهاندا یان چوونە نێو جیهان، بچووک نەکرێتەوە بۆ خودێتیی “من و تۆ و ئێمە”، بەڵکوو کارکردن لەسەر خودی شەو یان گەردوون وەک ڕووبەری گشتیی یان ئەستێرە یان هەر هەسارەیەکی دی و، بگرە گەمەی مەیموون و، ڕوانین لە گیاندار و، جوانی ڕووەک و، ڕامان لە باڵندە، تا دوایی… لە ڕووبەرێکی گشتییدا خۆی وەک خۆی بناسرێت و، خۆی لە کایەی شیعریدا وەک خۆی بەشدار بێت، نەک ببنە کەرەستەیەکی شیعری بۆ خودێتیی شاعیر. لێرەدا بە پێویستی نازانم لەمەڕ “شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی”، قسەیەکی وەهای لە بارەوە بکەم و، وەها بپەیڤم کە ئاخۆ ئامانجم لەوەدا چی بێت، بەڵکو بۆ خوێنەر بە جێیدێڵم و، خۆی لە قووڵاییدا بە ئامانجی ئەو شیعرە بگات، کە ئاخۆ ویستومە شیعر لە فەزایەکی دیدا کار بکات؟
ئیدی ئەوکات ڕەنگیشە دەیان کەس بچنە نێو قووڵاییی شەوەوە و، دەیان کەسیش بەرپەرچی ئەو ڕامانەی من، بۆ شەو بدەنەوە؛ کە بۆ دەڵێم: “شەو ڕۆشنە و تاریک نییە”. ئیدی نەهاتووم میتافیزیکییانە یان فەلەکناسییانە یان فەلسەفییانە شیی بکەمەوە، بەڵکوو ویستومە شیعر دەگەڵ گەردووندا بدوێت و، ڕۆشناییی خۆی شی بکاتەوە. هەڵبەت دوای ئەم کارەشم، جارێکی دی و، لە کاتێکی دیکەدا… دەچمەوە نێو یەکێ لەو فەزا شیعریانە و، لەو بارەیەوە کاری دیکەی تێدا دەکەم، کە دواجار کۆی ئەم کارە شیعرییانەم، وەک پڕۆژەیەکی شیعری دونیای گەردوونی کۆ دەکەمەوە. لە ئێستاشەوە دەمەوێت بڵێم: خودا یار بێت، بە نێوی “گەردووننامە”، لە کتێبێکدا دێتە بەرهەم.
 

 

 

 

ڤان كۆخ؛ شه‌وێكی پڕ ئه‌ستێره‌ ١٨٨٩
-١-
شەو، بەرلەوەی بچێتە دۆخی شەوبوونییەوە:
یەکەم وشەی لەسەر خۆی شی کردەوە،
کە بۆ نێویان بردووە بە تار؛
وەک ئاوازێکی غەمگین چڕدراوە و،
کراوەتە بە ئامێرێکی تار.
شەو، گوتی: دڵ کە ڕۆشناییی نەبێت:
ڕوانین… تاریکیی دادەگیرسێنێت و،
هەرگیز بۆی نابێتە یار!.
-٢-
شەو، وەختێک کە لە تێزی فەلسەفە دەبێتەوە:
دەیەوێت باڵ بگرێت و بفڕێت…
بۆ وەی بچێتە نێو هۆمەڵغەزاییەوە.
کەچی لە نێو پەڕەسێلکە و باڵخەنجەرەدا:
چەکچەکیلەی لێ ون دەبێت؛
فەلسەفە و فیزیاش، سەریان لێ دەشێوێت:
نازانن کە ڕووناکیی لێ دەردەچێت!.
-٣-
شەو، کە خۆی دەخزێنێتە نێو ڕۆچنەی بن گوێسەبانێکەوە:
سەرێک لە مارمێلکە دەدات،
بۆ وەی بزانێت: چۆن گفتوگۆ لەگەڵ تاریکییدا دەکات؛
چۆن لە ترووسکایی دەڕوانێت.
قووڵتر دەپەیڤێت…
تاکوو بزانێت وەکوو مرۆڤ، لە مانگ دەڕوانێت!.
-٤-
شەو، لەگەڵ لێزمەی باراندا دێتە خوارەوە…
گوێ لە تکەتکی ئاو دەگرێت، بۆ وەی بزانێت:
ئەم چادرە بۆ کوونی تێ بووە و، بالۆرە دەڵێت.
دادەمێنێت و، دەڵێت: ئەی خۆر ئیشی چی بووە:
کە ڕووناکیی، بە ماڵە هەژارێکی نەبەخشیبێت!.
-٥-
شەو، لە بیابانێکدا بە جێدەمێنێت،
بەدیار دارێکی وشکوبرینگەوە، چیرۆکی خۆڵ دەگێڕێتەوە:
کە چاو، چەند تامەزرۆی بینین بووە.
لە شوێنپێ ڕادەمێنێت،
دەزانێت: چەند گرێی دەروونی دە خۆیدا هەڵگرتووە.
دەزانێت کە: “با”، چۆن مێژووی فەنابوونی عیشقی نووسیوەتەوە!.
-٦-
شەو، خۆشی هەست بە ترس دەکات،
کە لە نێو قامیشەڵێنەکاندا:
بە بەلەمێکی بچووک، سەوڵ لێ دەدات.
بەس کە گوێی لە دەنگی بۆق دەبێت،
هەست بە زیکر دەکات.
شەو، دەڵێت: باکم نییە، گەر تیمساحیش قووتم بدات!.
-٧-
شەو، کوفرێکی هاوکێشەیی دەکات و،
بە حەمامچی، دەڵێت: خۆ لفەکەی لێیە،
لەگەڵ سابوونێکیش لە کەفی زەریا؟
ئەوەتانێ خۆر وەک خەجگەڕۆکی لێ هاتووە؛
دەڵێی سەی پێ سووتاوە، بە ماڵێ نازانێتەوە.
بمدەرێ، با ڕووتی بکەمەوە و،
جوان جوان بیشۆم و سپی بکەمەوە.
مەڵێ خۆر لە ماڵەکەی خۆمدایە،
دونیا بە دەست بوونەوەرێکەوە وەها تێکچووە:
گەر بە دەست من بێت: ناهێڵم لە ژوور بچێتە دەرەوە!.
-٨-
شەو، وەها دەڕوانێت: کە شەوچلە بێت یان شەفتاری،
بە سەبری خۆی، کات دەژمێرێت.
گوێناداتە ترپەی دڵانێک، بە هەوەسی خۆی:
لەگەڵ چرکەدا کاتی بدات.
ئیشی شەو، درێژخایەنە: بە پێی پەتی دەڕوات،
ئیشی مرۆڤ، کورتخایەنە: نێوی بە شوومی دەبات!.
-٩-
شەو، چەند دڵنشینە، گوێ لە دڵشکاوێکیش دەگرێت.
ڕۆحی دەگەڵ هەوردا تێکەڵ دەبێت و،
تنۆک تنۆک… بە شووشەی ئۆتۆمۆبیلێکدا دێتە خوارێ.
ئەو دڵشکاوە هێندەی بگریێت، ڕۆندکی نەدەوەستا…
هات دڵنەواییی بداتەوە،
بۆ وەی بە هەردوو فڵچەی: شووشەی چاوی بسڕێ!.
-١٠-
شەو، لە یەک ساتدا، دوو جۆر خوانە:
ئارامی دڵانە، لە ماڵی عاریفانە؛
هەمیشە نووری لێ دەردەچێت.
گرژ و خاوبوونەوەیە، سێکسخوانە:
دڵۆپ دڵۆپ… ئاوی لێ دەڕژێت.
ئیدی کاری شەوە،
لە هەردوو حاڵەتیدا، ترۆپکی خوانە!.
-١١-
شەو، لە دەنگی مەشکەدڕەدا ڕاتدەگرێت؛
کە ڕابمێنیت و، قووڵتر بیتەوە لەو هێزەی:
کە کەسانێک وا دەزانن شەو هەر خامۆشە،
ئیدی چۆن دەتوانێت بە بەرچاوی هەمووانەوە…
لەو دەنگەدەنگەدا: سەرخەوێک بشکێنێت!.
-١٢-
شەو، چەند مشتومڕێکی لەگەڵدا دەکرێت.
خۆر: من هەر دەسووتێم و، هێشتا نەچوومەتەوە سەر خۆڵەمێشی خۆم؛
ئیدی چۆن باسی ڕووناکی خۆت دەکەیت.
تۆ، هەر نیت، کە هەیت لە غەیبدایت، ئەی بۆ ناتبینم کە هەیت.
مانگ: لایەکی ڕوومەتم سپییە و، لایەکیش سیا،
ئەی خۆر بە چ دەنازیت، کە نیوەی جوانیم داوە پێت،
بۆ وەیە شێوەی ڕووناکییم، بە زەوی ببەخشیت.
ئەی شەو، بیانووم پێ مەگرە،
بۆیە نیوەی تاریکی خۆم، بە تۆ بەخشیوە:
تاکوو پشوو بە لایەکی ڕوومەتم بدەم و، خۆر ئەو هەموو جوانییەم نەسووتێنێت؛
تۆیەکی شەو بئافرێنم و، لە ترێفەم، ڕووناکی بەشی خۆت بە زەوی ببەخشیت.
زەوی: کە دەکەومە نێوانتانەوە، دیار دەبێت کە:
کێ جوانە و، کێ گڕووێیە.
کێ تاریکە و، کێ تیشکدارە.
ئەوەی شەو بە وجوودی خۆی نەزانێت،
لە لاڕێوێکدا بێسەروشوێن دەبێت!.
ئەی خۆر، گەر شەو نەبێت، وزەت وێرانم دەکات.
ئەی مانگ، بۆ نوێبوونەوەت، سێبەری منە کە حەشارت دەدات.
سوپاس ئەی شەو، کە لە خۆمان دەگریت، وای، کە چەند هێمنیت.
-١٣-
شەو، بە غەمبوون نییە، مرۆ بڵێ:
هیچ نییە، تەنیا ڕۆحی ماندووم دەدوێنێ.
دواندنێکی دییە، ڕاتچڵەکێنێ.
خەیاڵێکی دییە، چاوت ترووکێنێ.
بچیتەوە نێو خۆت و، پێت بڵێ:
مەقامی لاسکەگیا نییە، هەتاو هەڵیپڕووزێنێ.
نهێنی ئاونگ نییە، خودا ئەشکی ڕێشتبێ.
شادومانییە، دەچێتە نێو ڕۆحەوە.
بەخشینە، دێتە سەر چۆک و، ڕاتدەهێنێ.
-١٤-
شەو، ناڵاڵێتەوە، هەناوی زووخاو بێت.
وەها عاشق نابێت، خۆی لێ گوم ببێت.
ناکڕووزێتەوە، بە کەم تەماشای بکرێت.
وەک مووچڕکە، بە نێو شیعردا دەچێت.
-١٥-
شەو، ئەفسانە نییە، وەک دێوەزمەیەک بێت و بچێت.
بە جنۆکەی بچووێنیت و، ترسی مەرگت لێ بنیشێت.
دڵەڕاوکێ نییە، ڕەنگ و ڕۆحت تووشی شڵەژان بێت.
بەخت لای کێ دەگرییەوە، کە شەو خۆی بەخت بێت.
نووشتە لە چ دەکەی، کەی شەو دەنووشتێتەوە بۆت؟
ئەفسوونکار خۆتیت، کە مۆتەکە بە شەوەوە دەگریت.
-١٦-
شەو، دڵشکاوترینە؛ نازانم: نە ئەو شتێکم پێ دەڵێت، نە من بەو.
لەو شاعیرانە نییە، گوێ لە ترپەی دڵی بگرێت، تاکوو نیوەشەو.
برینی من، دڵ نییە، بە نێو جیهاندا دەگەڕێم: لەبەر ترپەی شەو،
وەک چۆن شەویش، هەردەم قسەی دی هەیە، لە ڕووناکیی ئەو.
-١٧-
شەو، دەکەوێتە بۆشاییەوە،
گەر لێی ورد نەبنەوە: دەکەونە چاڵێکەوە.
تا دێت گەورەتر دەبێت، تا دێت قووڵتر دەبێت،
گەر بیر نەکەنەوە، ڕەنگە وەک گەردیلەیەک بمێننەوە.
گەردوون تا هات فراوانتر، دە خۆیدا گەورەتر،
بۆ وەی کە گەورەبوون، بە گەردیلەی خۆتاندا بچنەوە.
-١٨-
شەو، نیشتمانی هەموو ڕۆحێکە،
بۆ هەر کوێیەکی دونیا بچیت، وەها بیری دەکەیت…
کە کات بە قاچاغچی بگریت و،
بتگەڕێنێتەوە بۆ لای شەو و، لە باوەشی بگریت.
شووناسی خۆت، بۆ هەر نەتەوەیەکی دی بگۆڕیت،
ڕەنگی چاوەکانت، بۆ هەر ڕەنگێکی دی بگۆڕیت،
خۆت فێری هەر زمانێکی سەر ئەم زەمینە بکەیت،
هەر دەبێت بە شووناس و ڕەنگ و زمانی شەو قسە بکەیت؛
ئیدی بۆ خۆت لە شەو یاخی دەکەیت؟.
-١٩-
شەو، یەک دیوە، نەک وەک مرۆڤ کە دوو دیوە؛
لە نێوەوە، دەگەڵ خۆیدا دەدوێت.
تا نەدوێت، شەوت لا گەورە نابێت،
کە دوا، فێری هەموو زمانێک دەبێت.
شەو، پێش ئێمە، چەند زمانێک فێربووە:
زمانی زاوە: زمانی سۆفیی و عاریفانە،
هەر شەوێکی وێ: درێژتر لە چلەی دەروێشانە.
زمانی زوهرە: دوو دیالێکتی زۆر ئاسانە،
دیالێکتی بەرەبەیانیی و ئێوارانە،
سەرەتاتکێی نێوان دوو ئەویندارە.
زمانی زەوی: دوو شێوەزارە، زاری ئەستێرە و زاری مانگە،
تاڵەکانی خۆریش، لە ئەزەلەوە، دانیان پێدا ناوە.
زمانی بارام: زمانی سوورپێستەکانی ئاسمانە،
دەیمۆس و فۆبۆس، نەک دوو مانگ،
دوو جەنگاوەری پێچەوانەن، لە دوو لاوە.
زمانی هورمز: زمانی دیوەخانی پاشای پاشاکانە،
مانگەکانی، وەک کۆیلە وان، هەمیشە لە کڕنۆشدانە.
چوار لەو کۆیلانە: نێویان “کالیستۆ و ئایۆ و گانیمید و ئەورووپا”یە،
بازنەکانیشی، پاسەوانی بەر دەرگانە.
گانیمید: نامەیەکی وەهای بۆ “گالیلۆ” نووسیوە،
کە تاکوو ئێستاش لە چاوگێڕەکەیدا هەڵگیراوە.
زمانی کەیوان: زمانێکە، ستاندارەکەی لەهجەی بازارە؛
لە شەو بترازێت، کەس نازانێت بۆ وا مانگەکانی هەڕاج کراوە.
زمانەکانی دیکەی: شەویان بە ڕێنووسی جودا نووسیوەتەوە،
ئەوەی شەوناس نەبێت، زۆر قورسە پیتەکانیان بخوێنێتەوە!.
-٢٠-
کە ئەستێرە و مانگ دەبێتە شەڕیان،
کێ هەیە لێکیان بکاتەوە، شەو نەبێت.
لە خوارەوە، تیر دەگرنە سەرەوە
یەکێ: بە نێوی مانگەوە، دەیەوێت جوانی بپێکێ؛
یەکێ: بە نێوی ئەستێرەوە، دڵی لە لێدان بکەوێ.
مرۆڤ، چۆن ڕووی دێت، ئەو هەموو وشەیە وەکار بێنێ؛
ئەستێرە و مانگ، بە درۆ، لە بێشکەی ئاسماندا بخەوێنێ!.
-٢١-
شاعیران، هەرچی ئەستێرەیە، لە دەبەی ئاسماندا دەیخەسێنن،
وەک ئەوەی ترشیات ئامادە بکەن؛
شەوانیش، دەیخەنە نێو تەرازووەوە و، بە دوو دێڕ دەیفرۆشن.
شاعیران، هەمیشە خۆ دەدزنەوە و، شەو بە لاڕێدا دەبەن،
لە بری سێوە بن عەرزیلە، بخنە نێو ترشیاتەوە،
دەبنە فەلسەفەکار، حەوتەوانەی گەورە، بە سێوی ئاسمان دەچوێنن!.
-٢٢-
بزوانی ئاسۆی هەوا: بۆڕەبۆڕەکەی زەوی، دەگەیێنێتە شەو؛
تاکوو نێزەک نووزەنووزی بۆ بکات و، ئاور نیشان بدا شەو.
ئاو، شۆڕ دەبێتەوە نێو ژیان، بڵق بڵق… دەنگ بداتەوە شەو؛
سەرتاپای گەردوون بکاتە ڕۆشنایی، بچێتەوە قووڵاییی شەو.
-٢٣-
شەو، سەرێک لە “میترا” دەدات و، دەفەرمووێت:
ئەی میترا، پێم بڵێ: پێش ئەوەی ببیتە پێغەمبەر،
قەت چوویتە حاڵەتی شەوبوونەوە؟
میتراش، دەبێژێت: کە خۆریش پیتاندبێتمی،
من، هەر لە تۆدا گەشەم کردووە ئەی شەو،
با لە سکی زەویشدا هاتبێتمە دەرەوە.
ڕۆژێک دێت… شاعیرێک بڵێت:
ئەوەی گوڵی نیلۆفەڕ نەناسێت،
نازانێت کە تاکوو ئێستاش،
لە ڕۆژدا: دەخەوێت و، پڕخەپڕخی دێت!.
ئەوەی تۆ نەناسێت ئەی شەو،
نازانێت کە ئەم گوڵە، لە تۆدا دەپووشکوێت.
-٢٤-
شەو، وەک نەمرێک، مەرگی هەور دەگێڕێتەوە،
کە ناتوانێت زستانێک خۆی بخواتەوە و،
نهێنیی خۆی بە زەوی نەڵێ.
بێ ئۆقرەیی زەوینیش دەگێڕێتەوە،
کە ناتوانێت بەبێ هەور، چاوی لە ئاسمان بێ!.
-٢٥-
شەو، لەسەر پشت ڕاکشاوە و، دەیەوێت بۆ جارێکیش بێ:
خوداوەندەکان نەیتاشن و، لە دیڕێکدا شیعری لێ ون ببێ؛
ئەو دەیەوێت: خودا، بە تەنها ئیلهامی شیعری پێ بەخشێ.
نەک بە دەست شاعیرانێکەوە: ڕۆشناییی خۆی، تێڕابچێ!.
-٢٦-
شەو، دەزانێت: کە بە ئەشکەوت چووێنراوە.
کوارتز، وەک نووکی شمشێر تەماشا کراوە.
داوی جاڵجاڵۆکە، وەک قەڵغان وەکار هێنراوە.
بە نێوی تیشکەوە: فەرموودەی تێدا گوتراوە.
شەو، سەرنجی پیت بە پیتی ئێمە دەدات:
بۆ وەی لەم تەنە ئاڵۆزەدا: بمانخوێنێتەوە!.
-٢٧-
شەو، کە دەچێتە تەرازووی چاوەکانەوە:
هەر یەکە و، ئەستێرەیەک بۆ خۆی دەکێشێت.
هەیە لە ژمارە نایە، وەک ئەوەی ئەستێرە، گیلاسی سوور بێت.
چاو هەیە: تەنیا فەرهادێکە، ئەستێرەی خۆی بە شیرین دەچووێنێت؛
چارەگێک ئەوین و، چارەگێک ترپە و، نیو کیلۆش نیگا، لە هەردوو چاوی دەوێت.
چاو هەیە: تازە بە خۆی ڕادەگات،
وەک ئەوەی ئاسمان، کۆڵان و گەڕەک بێت، ئەستێرە لە بن دەرگا دانیشتبێت.
شەویش، دەڵێت: من بۆ وە هاتووم، تاکوو بزانم:
قورساییم لای نابینایەک چەند دەبێت؟.
نەبادا لەو نێوەندەدا: ڕۆشناییم، بەر ڕۆح نەکەوێت!.
-٢٨-
شەو، بە مەیخانە کراوە و، هەرچی ئەستێرەشە: بە مەیگێڕ.
مانگ، کە لەسەر تەختەی شانۆ بە نیوە ڕووتی دەردەکەوێت:
هەر یەکە و، قاپێک عارەقی خەست، بەدیارییەوە هەڵدەدات.
ئیدی مانگ لە چاویاندا: سەرخۆش دەبێت و، بۆیان بادەدات!.
-٢٩-
شەو، دەچێتە نێو چوارینەیەکەوە و، خەیام پێی مەست دەبێت.
حافز دێت، ئەم مەستییە دەخاتە نێو غەزەلەوە و، نقوم دەبێت.
مەستیی خەیام، هێندە قووڵە، ئاوها بە ئاسانی لێک نادرێتەوە؛
حافزیش، بۆ شاخی نەبات، مەست و، شەو: شەتوگوم دەبێت.
خەیام، پێوستی بە فاڵ نییە، خۆی مەستیی خۆی دەخوێنێتەوە؛
شەو، لە پیاڵەکەیدا: دەیکاتە فەلەکناس، تا ئەستێرە بخوێنێتەوە.
حافز، خۆی فاڵە، دوای ئەوەی چەند پەنجەیەکی دەسووتێت:
مەقاشیش، پێی دەڵێت: چییە لە تەندووردا بۆ شەو دەگەڕێیت!.
-٣٠-
شەو، ڕاستییەکە لە خۆی، لێ وەختی وێرەگان… ڕەنگە هەزاران ڕاڤەی بۆ بکرێت.
لەوەیە سینگی مێروولە، دوو سووڕەتی لەسەر ڕۆشناییی شەونامەی تێدا نووسرابێت.
ڕەنگە دووپشک، دوو دیو بێت: کلکی پڕ ژەهر و، سەریشی پڕ پرسیاری شەو بێت.
کیسەڵیش: شەو، بە ئارامی دەچووێنێت؛ نهێنیی شەو، هەمیشە دە خۆیدا هەڵدەگرێت.
-٣١-
شەو، بەختەوەری بە گزنگ دەسپێرێت، تا ئاسۆیەک باڵاتر بەسەر مرۆڤدا بڕوانێت.
ڕۆمانی ئاو، لە دەمی شەونم دەگێڕێتەوە، پێش ئەوەی شەو، دوا نوێژی خۆی بکات.
شەو، بێدار نابێتەوە، ئەوەی بێدار دەبێتەوە: مرۆڤە؛ کاتێک ڕووناکاییی بەردەکەوێت.
شەو، قسەی کۆتایی نییە، ئەوەی کۆتا قسەی هەیە: مرۆڤە؛ نازانێت چ بە شەو بڵێت!.
کۆتایی
تەمووزی  ٢٠١٧  /   قەڵادزێ
——————————————————