من له‌دوای هه‌موو ڕه‌نگه وه‌نه‌وشه‌ییه‌کانی ئه‌م دنیایه خۆم ئه‌كوژم
خۆم هه‌ڵده‌ده‌مه نێو ڕه‌نگه‌كانه‌وه
من خۆم ئه‌كوژم ئازیزان …ماڵئاوا.
من ئه‌ڕۆم كوڕه بچوكهلهم، چونكه دنیا بۆ ئه‌م باوكه‌ی تۆ، ته‌سك، زۆر ته‌سك بۆته‌وه.
من له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو كتێبه‌كان خۆم ده‌كوژم
له‌دوای گوێگرتن له‌هه‌موو موزیكێك، دنیا پێدا تێپه‌ڕ بووبێت.
من كوڕه گه‌وره‌كه‌م خۆم ئه‌كوژم
چونكه كتێبه‌كان تاكه هاوڕێن كهخۆكوشتن بهلهدایكبوونهوهیهكی تری ئیدیا تێده‌گه‌ن.
من ئیدیایهكم كوڕه‌كه‌م،
من تێپهڕبوونێكم به‌نێو زه‌مه‌نی وشه‌كان،
من له‌نێو وشه‌كاندا ده‌مرم ، ته‌نها له‌نێو وشه‌كاندا و هیچی تر…
من خۆم ده‌كوژم چونكه دنیای قه‌حبه جگه لهپاڵكهوتنێكی خیانه‌تكارانه نه‌بێت له‌سه‌ر جێگه‌ی ژن و پیاوه شه‌ڕانیه‌كان هیچی تر نه‌بووه. چونكه دنیا ته‌نها بۆ ئه‌وانیتره و قه‌سیده‌ش جۆرێكه لهخافڵاندنی خهونهكان به‌ده‌م ڕه‌شه‌بای جه‌نگه‌كانی سه‌رجێگا و ئه‌شق و ونبوونه‌وه...
من خۆم ده‌كوژم هاوڕێیانم .. چونكه من له‌جنسی به‌دی شیعر و ئه‌ده‌بێكی بۆهیمیم، من له‌جنسی خۆرم كهلهدایكبوونی خۆی له‌نێو ده‌فته‌ره‌كانی ئه‌دۆنیسدا نوسیوه‌ته‌وه…
من ئهدۆنیسێكی بریندارم هاوڕێیانم، بهشفرهی به‌رازێكی نادیار پێكراوم، لهنیوهشهوێكی هاویندا كاتێك خۆر له‌نێو ئه‌ستێراندا سپی ده‌چۆوه، خوێنی ڕژاوی من به‌سه‌ر نه‌رمه گیای ئێوارانی من و مێینهكانم، هێڵێكی نادیاری به‌نێو سهدیمهكاندا ده‌نه‌خشاند…
من له‌كوێم به‌م برینه‌ی ڕۆحه‌وه، من نازانم له‌كوێم ئازیزان ..
من به‌هه‌قه‌ت نازانم له‌كوێم. چیتر شوێنكێم نییه تێدا بیربكه‌مه‌وه، من له‌جنسی زمان و په‌ڕه‌وازه‌یی دنیایهكم بۆهه‌موو كه‌سێك بووه ته‌نها بۆ من نه‌بووه
من خه‌ون ده‌بینیم هاوڕێیانم، خه‌ون بهچركهساتی خۆكوشتن، خه‌ون به‌خۆمه‌وه، خه‌ون به‌شوێنی خۆكوشتنمهوه ده‌بینیم .
من خۆم ده‌كوژم كوڕه‌كانم..
باوكتان خهیاڵییهكی شێته تازه به‌سه‌ر توخمه‌كانی خۆیدا كه‌وتووه و
ده‌زانێت دنیا جگهلهونبوونی خۆی هیچی تر نییه.
من خۆم ده‌كوژم كوڕه‌كانم
چونكه باوكتان دواكهسه له‌هاوكێشه‌ی ئه‌م دنیایه تێگه‌یشتبێت
باوكتان جێگه‌یه‌ك، شوێنێك، موغامهرهیهكی نه‌ماوه پێدا تێپه‌ڕێت.
من ته‌نها من و من، خۆم ده‌كوژم كوڕه‌كانم
وه‌ك گۆرانی شاعیر له‌ژوورێكی ته‌نیا و له‌ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌یه‌كی پڕكتێبهوه چاوه‌ڕێی مه‌رگ ده‌كه‌م، مەرگێک خۆم و تەنها خۆم هەڵمبژاردبێت .
٭٭٭
من خۆم ئه‌كوژم كوڕه‌كانم .. من خۆم ئه‌كوژم ئازیزانم
له‌به‌ره‌به‌یانێكی زستاندا، كاتێك باران لهگهرمهدایه خۆم ده‌كوژم، له‌قاتی پێنجه‌می باڵه‌خانه‌که، له‌په‌نجه‌ره گه‌وره‌کانی ژووری نوسینمهوه، که‌ده‌که‌وێته قاتی پێنجه‌م، خۆم هه‌ڵده‌ده‌مه سه‌ر شه‌قامه شێته‌كه، كهبهڕۆژ مرۆڤی ده‌هریی له‌دنیا و لێبوكی هیلاك و درۆزنی گه‌وره‌ی پێدا تێپه‌ڕده‌بێت.
من خۆم ده‌كوژم چونكه دنیا بۆ شتهخێراكانه، بۆ ڕۆشناییه خێراكان، بۆئه‌وانه‌یه پاره ده‌خه‌نه قوڕگی ژیانه‌وه. ژیان بۆ ئه‌وانه‌یه كه‌به‌رژه‌وه‌ندی ڕه‌نگی خۆی هه‌یه لایان، دونیایه‌ك كه‌ته‌نها یه‌ك ڕه‌نگه و هیچیتر..
من خۆم هه‌ڵده‌ده‌مه ژیانی پیسه‌وه، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه خوێنم ڕه‌نگ ده‌به‌خشێت به‌شته‌كان، بێڕه‌نگی به‌ڕه‌نگی من خۆی ده‌دۆزێته‌وه.
ئه‌وه منم خۆم ده‌كوژم كوڕه‌كانم، ئه‌وه باوكتانه ئازایانه خۆی ده‌كوژێت، ڕه‌نگ ده‌دات بهبێڕهنگی ژیان. ئه‌وه باوكتانهلهگهڵ هه‌موو دنیا شه‌ڕی كردووه و ئێستاش ماڵئاوایی له‌دنیا ده‌كات.
من له‌قاتی پێنجه‌م و له‌ژووری نوسینمهوه، دوای ناردنی چه‌نده‌ها ئیمێل بۆ هاوڕێیانم خۆم ده‌كوژم، دوای دوا وشه نوسین، بۆیان ده‌نوسم و ده‌ڵێم؛ ببورن ئه‌مه دوا نوسینه و هیچیتر، چونكه من خۆم ده‌كوژم، چونكه چیتر ئاسمان له‌منه‌وه نێزیك نییه..
من له‌قاتی پێنجه‌می باڵهخهنهکه، لهماڵهكهمهوه کهدووچۆلهکهی نازدار، دوو کووڕی جوانم له‌شیرینی خه‌ودان، په‌نچه‌ره گه‌وره‌كه ده‌كه‌مه‌وه و به‌خته‌وه‌ر له‌نێو بۆشاییدا ده‌مرم…
***
من خۆم ده‌كوژم خوێنه‌رانی ئازیزام، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی منتان نه‌بینیوه و خۆشتان ده‌وێم، ڕقتان لێمه و لێم بێزارن، من تازه خۆم ده‌كوژم، تكا، تكا، زیزمهبن لێم، چونكه نه‌خۆشه‌ویستی، نهبێزاری، نهڕقی ئێوه‌م تاسه‌ر نه‌برد.. مه‌گرین بۆ ناته‌واوی من، مه‌گرین، چونكه من تازه ڕۆیشتم، گوزهشتم به‌م دونیایه‌دا.
من كهڕۆیشتم هه‌موو شتێك جێدێڵم، كتێبه‌كانم، منداڵه‌كانم له‌دونیایه‌كی سه‌قه‌تدا، دونیایه‌ك كه‌هه‌رگیز بۆ من نه‌بووه..له‌نێو ڕه‌نگه‌كانی ئه‌زه‌لیه‌تدا، له‌سه‌ر جاده‌كه ده‌بم به‌كۆمه‌ڵێك ئێسكی تێكوپێكشكاو، ده‌بم بهپهڵهیهك خوێن له‌دواجاردا هاوڕێ نیگارکێشه‌که‌م ده‌یكاته تابلۆ و له‌گه‌ڵ هه‌ر فڵچهیهكدا به‌گاڵته‌جاڕی مه‌رگی من پێده‌كه‌نێت و سه‌ر باده‌دات، ده‌گری و سه‌ر بۆ شێتاتی مه‌رگی من باده‌دات..
من به‌دترین پیاوی ئه‌م دنیایه بووم، خراپترین و قه‌ڵبترین و سه‌یرترین پیاوی ونبووی ژیان بووم.
٭٭٭
له‌ئێواره‌ی خۆكوشتنمدا كۆمه‌ڵێك كچی جوان، خانمی نازدار فۆتۆگراف ده‌كه‌م، هه‌موویان بۆم پێده‌كه‌نن، هه‌موویان پێش خۆكوشتنم باوه‌شم پێدا ده‌كه‌ن..ماڵئاوا ئه‌ی ڕۆماننوس، ماڵئاوا ئه‌ی شاعیر.
لهباڕێكی پڕ هه‌رادا له‌گه‌ڵ هه‌موویاندا سه‌ما ده‌كه‌م، لهدواجارا ته‌نها و به‌ته‌نێ له‌گه‌ڵ خۆمدا سهمادهكهم، سه‌مای پیاوێكی غه‌مبار ، بریندار، نابووت، هیلاك و خه‌وبینه‌ر…
سه‌مای پیاوێك خۆره‌كانی خۆی جێهێشتبێت، له‌نێو زۆنگاوه‌كانی گومڕایدا توڕه‌و په‌ست له‌ژیان، وه‌ك پهڕندهیهكی ته‌نها سهدیمهكانی ئه‌شقی ببینێت له‌نێو خه‌ستبوونه‌وه‌ی تاریكی‌دا ماڵئاوایی لێده‌كه‌ن، ئاوه‌ها وه‌ك ئاشقێكی ئه‌به‌دی سه‌ما ده‌كه‌م و خانمهكانیش پێده‌كه‌نن، تابه‌ره‌به‌یانی خۆكوشتنم سهمادهكهین، شه‌رابی سوور ده‌خۆینه‌وه و پێكه‌وه بۆ دڵداریه بهسهرچووكان ده‌گرین. ده‌ست ده‌كه‌ینه ملی یه‌كتر و یه‌كتری ماچدهكهین.. دووباره سه‌ما ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌موو خانمان له‌ساته‌وه‌ختی پێش خۆكوشتنم، له‌كاتی سه‌مای دیۆنیزۆسیمدا ئاشقم بوون..
تازه درەنگوهخته بۆ ئه‌شق خانمه‌كه‌م، تازه دره‌نگ وه‌خته بۆ دڵ، بۆ ڕۆژهپهمهییهكانی نێو په‌رده‌كانی موحیبه‌ت، بۆ ڕووتبوونهوهمان له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌كانی نیوه‌شه‌و..
ئه‌و شه‌وه پێش به‌ره‌به‌یانی خۆكوشتنم، له‌گه‌ڵ خانماندا، یه‌ك له‌دووی یه‌ك ده‌چینه ده‌ره‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كێكیاندا جگه‌ره‌یه‌ك ده‌كێشم، دهستدهكهینه ملی یه‌كتری و شه‌قام له‌بیرده‌كه‌ین، یه‌كتر ماچدهكهین و له‌چوونه ژووره‌وه‌دا ده‌بینه‌وه بهدووكهسی سه‌ماكار..
من سهمادهكهم و ئه‌و پێده‌كه‌نێت، من سهمادهكهم و خانمهكانم به‌چاوی حه‌سره‌ته‌وه لێمده‌ڕوانن، ده‌زانن ئه‌مه دواسه‌ما و دواچركهساتی ئه‌شقی منه بۆ دنیا..به‌ره‌به‌یان باوه‌ش به‌یه‌كتردا ده‌كه‌ین، پێیان ده‌ڵێم؛ ماڵئاوا من له‌قاتی پێنجه‌می باڵاخانهکهم،له‌ژووری نوسینمهوه خۆم هه‌ڵده‌ده‌مه خوارێ ، له‌نێو بۆشاییدا سه‌ما ده‌كه‌م، دوا سه‌ما، سه‌مای منه كه‌له‌سه‌ر جاده ده‌بم بهپهڵهیهك خوێن..
من پێش خوكوشتنم سوپاسیان ده‌كه‌م، سوپاسم ده‌كه‌ن. ده‌ڵێن؛ سوپاس بۆ تۆ ئه‌ی پیاوی ڕۆمانسی، سوپاس بۆ تۆ ئه‌ی شاعیر، ئه‌ی موزیكال، ئه‌ی جازیستی ڕۆح. سوپاس بۆ تۆ كه‌هه‌موو مێینه‌یه‌ك خه‌ونت پێوه ده‌بینێت ته‌نها ئافره‌ته گێله‌كانی ئه‌و به‌ر شه‌قامه‌كان نه‌بێت، ئه‌وه‌ی به‌درێژایی سه‌ده‌كان درۆت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و له‌دواجاردا بهماچێك له‌گه‌ڵ منداڵێتی تۆدا ئاشت ده‌بنه‌وه، ئێمه‌ی خانمانی نێو قه‌سیده خه‌ونت پێوه ده‌بینین، ئه‌ی سه‌ماكاری ڕۆح ، ئه‌ی شاعیر..
٭٭٭
له‌به‌ره‌به‌یانی خۆكوشتندا بیر لهمنداڵیم ده‌كه‌مه‌وه، له‌ماڵێكی گه‌وره، حه‌وشه‌یه‌كی پڕ دارگوێز، هه‌نجیری به‌یانیان، سه‌د و ده‌هه‌مین كۆتری به‌غدایی له‌گه‌ڵ داكه‌وتنی شه‌واندا گمه‌یان ده‌هات..چنارێكی باڵابه‌رز لانه‌ی چه‌نده‌ها بیره‌وه‌ری نوستوو بوو..حه‌وشه‌یه‌ك پڕ لهڕێحانه ڕه‌شه‌ی پیرهدایك ..
من گه‌وره نابم منداڵه‌كانم، من گه‌وره نابم..هه‌رگیز گه‌وره نابم، باوكتان پیاوێكه دژی گه‌وره‌بوون.
له‌به‌ره‌به‌یانی خۆكوشتنما، ئه‌و خانمه‌م بیرده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌ی له‌وبه‌ری دنیای فانیه‌وه له‌نێو بازاڕه‌كانی قوڕه‌یشدا هه‌مووشتێك وه‌ك ههڕاجخانهیهكی ئه‌به‌دی ده‌بینی. من له‌و به‌ره‌به‌یانه‌دا سوپاسی ده‌كه‌م؛ سوپاس بۆ دۆریی هه‌میشه‌یت له‌گه‌ڵ دنیا ، سوپاس بۆ میهره‌بانی درۆینهیت، دووڕوویت، كاڵ و كرچیت. سوپاس بۆ تۆ، كه تێتگهیاندم
ئه‌م دنیایه بۆ من نییه و تۆش لهوبهریت، ئه‌وبه‌ری به‌ماتریاڵی بوونی دنیا له‌نێو بازاڕێکی گه‌وره‌دا.
سوپاس خانمه‌كه‌م، سوپاس كهخۆكوشتنت پێناساندم، سوپاس بۆ تۆ كه‌دوای سه‌ده‌یه‌ك له‌وه‌هم، هه‌قیقه‌تی خۆكوشتن و ڕه‌نگی شینت له‌نێو بۆشاییدا پێناساندم.
سوپاس خانمه‌كه‌م، تازه من خۆم كوشت، تۆ به‌یانی له‌گه‌ڵ قاوه لێناندا پهڵهخوێنێك ده‌بینی، به‌گومانی له‌وه‌ی ئه‌وه خوێن بێت، یان ڕژانی ڕه‌نگێكی له‌پڕه به‌سه‌ر جاده‌یه‌كی شێته‌وه. تۆ نازانیت من له‌به‌ره‌به‌یاندا له‌قاتی پێنجه‌مه‌وه خۆم هه‌ڵداوه‌ته به‌تاڵایی ژیانه‌وه، نازانیت لاشه‌ی من ده‌مێكه به‌ئێسك شكاوی له‌سه‌ر جاده‌كه له‌لایه‌ن ئه‌مبۆلانسی مردووانه‌وه كۆكراوه‌ته‌وه.
به‌یانی تۆش وه‌ك هه‌موو دانیشتوانی ئاپارتمانه، بۆ سه‌یركردنی لاشه ئێسك شكاوه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی بارانی گه‌رم بانگدهكرێیت.. هێشتا چاویلكه‌كه‌م له‌سه‌ر مێزه‌كه‌یه و له‌گه‌ڵ خۆمدا نه‌هاتووه بۆ خۆکوشتن، هێشتا كتێبه فه‌لسه‌فیه‌كه كهدواهێڵم به‌سه‌ر ئه‌و دێڕه‌ی (ئادۆرنۆ) دا هێناوه كه‌ده‌ڵێت: به‌ژیانێكی هه‌ڵه‌وه به‌ندكراوم، چونكه هی ڕاسته‌قینه بوونی نییه.. له‌وێ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه سه‌دو پێنچدا ده‌مه‌و نخون دانراوه. هێشتا پێكهشهرابهكهم خڵته‌یه‌كی سووری تێداماوه بۆئه‌وه‌ی موزیكالیهتی به‌یانی نه‌فه‌وتێت، بۆ ئه‌وه‌ی تیشكی خۆری ئه‌م خۆرئاوایه له‌وێدا خۆی بشكێنێته‌وه.
سوپاس بۆ تۆ، ئه‌ی دونیا من تازه بووم بهلاشهیهكی ئێسك شكاو و چیتر پیرهدایك نامبینێته‌وه، تاده‌مرێت چاوه‌ڕێی منه و ئێواران له‌به‌رده‌م قاپی خوا دوعای خێر بۆ كوڕه بچوكه‌كه‌ی ده‌كات و نازانێت ده‌مێكه له‌كوره‌ی مردووان‌دا كراوه به‌خۆڵه‌مێش، له‌دیواری قهبرسانێكدا هه‌ڵگیراوه كه‌به‌زمانێكی بێگانه له‌سه‌ری نوسراوه؛ ئه‌مه ڕۆماننوسێك بوو، سه‌یر به‌ژیاندا تێپه‌ڕی…
پیره دایك نازانێت كوڕه چكۆله‌كه‌ی ده‌مێكه له‌نێو دیوارێكدایه و فریشته‌كان ئه‌و نایدۆزنه‌وه. پیره دایك هه‌موو ئێواره‌یه‌ك، وه‌ك ئێوارانی زه‌مه‌نی جه‌نگ به‌خه‌فه‌ته‌وه له‌به‌ر ده‌رگا ده‌وه‌ستێت، به‌ڵكو له‌م ئێواره‌یه‌دا بێته‌وه، به‌ڵكو له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا مه‌لائیكه‌كانی ڕه‌حمان بۆمیان پاراستبێت.. ئه‌و ئێوارانه په‌یدا ده‌بم و ده‌ڵێم؛ دایه گیان خه‌مت نه‌بێت من سه‌ر سه‌ختم، هێشتا زۆرم ماوه بۆئه‌وه‌ی بكوژرێم…به‌ڵام ئه‌مه خه‌ونی دوای خۆكوشتنی خۆمه…من له‌و ئێوارانه‌دا ده‌گه‌ڕامه‌وه، به‌ڵام دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه، دوای ئه‌وه‌ی سپێتی هاته قژمه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی فریشته‌كانی دوعای تۆ، دوو كوڕی خنجیلانه‌ی پێبه‌خشیم. دوای ئه‌وه‌ی كوشتنم به‌ده‌ستی ئه‌وانیتره‌وه لهئاسۆگهدا ونبوو، من له‌به‌ره‌به‌یاندا كه‌باران له‌گه‌رمه‌ی خۆیدا بوو خۆم كوشت و زانیم تۆ دایه‌گیان تاكه شتی ڕیاڵ لهپیریتیدا چاوه‌ڕێی بكه‌یت، هاتنه‌وه‌ی ئه‌م كوڕه سهركێشهته، كه‌ده‌مێكه بۆته تۆزێكی له‌بیرچووی شارێكی وه‌همی .
٭٭٭
سوپاس ئه‌ی جیهان كهخهوی خۆت تێكنادهیت و ده‌چیته‌وه نێو پێخه‌فی به‌یانی خۆت. سوپاس، پێویست ناكات خۆت له‌خه‌و كه‌یت، چونكه من ئه‌و به‌یانیه كه‌تۆ وهئاگادێیت، دوای ڕۆیشتنی مناڵه‌كانم بۆ فێربوونی قه‌ره‌باڵغی یاساكانی ژیان. نازانیت من ده‌مێكه له‌نێو واگۆنی مردن‌دا فراوینم كردووه و له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م قومه چای ڕه‌شدا ده‌ڵێم؛ چه‌ند به‌چێژ بوو خۆكوشتن، چه‌نده سه‌خت بوو ئه‌و دنیایه‌ی پێدا تێپه‌ڕیم، چه‌نده به‌ئازاره چاوه‌ڕوانی پیره دایك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌به‌دیم…
سوپاس هاوڕێیانم من تازه خۆم كوشت، من تازه لهواگۆنی مردن‌دا فراوێن ده‌كه‌م، سوپاس بۆ تۆ كه‌دوای ئه‌وه‌ی ده‌بم بهپهڵهیهك خوێن به‌سه‌ر جاده خێراكهوه، له‌به‌ره‌به‌یانێكی بارانی گه‌رمدا، له‌دوای کزەبای ساردی به‌یانیان، دوای ساردی زه‌مه‌نه‌كانی دوای خۆم و شه‌وانی سه‌رجێگا و موحیبه‌ت، خۆت لهخهوێك ناكه‌یت كه‌خه‌ونی دوای خۆكوشتنی منه و بهژوورهكاندا سریوه‌ی دێت. نازانیت كهبهرهبهیان دوای دوا وشه و دوا شیعر و دوا گوتاره‌وه ئه‌و سریوهیه هه‌ڵدێت. له‌دوای ناردنی دوا مایل بۆ ڕۆژنامه‌كان، بۆ هاوڕێ شاعیره‌كه‌م، بۆ كوڕه گه‌وره‌كه‌م … من دوای ئه‌وانه بووم بهپهڵهیهك خوێن كه هاوڕی نیگاركێشه‌كه‌م دوای پیر بوونی ده‌یكات به‌تابلۆ و ده‌ڵێت؛ ئای هاوڕێكه‌م كه‌پیاوێكی بهدبوویت، ئه‌م هه‌موو ڕه‌نگه‌ت بۆ به‌تاڵایی مردن جێهێشت، ئه‌ی هاوڕێكه‌م بۆ ئه‌م دنیا حیزهڵهیه خۆت كوشت، نه‌تده‌زانی كه‌ئێمه به‌كوژراویی له‌دایكبووین…
٭٭٭
من ئه‌زانم ئێوه‌ی هاوڕیانم دوای سه‌رخۆشی، دوای بێزاری، دوای گه‌یشتن بهمهدارهكانی پیربوون بیر له‌من ده‌كه‌نه‌وه، بیر له‌و زه‌مه‌نه ده‌كه‌نه‌وه كه‌ته‌نها پهڵهخوێنێك نیشانه‌ی تێپه‌ڕبوونی من بوو به‌م دنیایه‌دا، بیر لهبوونم ده‌كه‌نه‌وه وه‌ك لاشه‌یه‌كی ته‌نها له‌به‌ره‌به‌یانێكی تهریكدا.
هه‌مووتان بیر له‌زه‌مه‌نی خۆكوشتنی من ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نها تۆ نه‌بێت ، دوای ناسینه‌وه‌ی لاشه‌كه‌م، بۆ كرێكارانی كووره‌ی مردووانم جێدێڵێت، پێیان ده‌ڵێت: ئه‌و ئاینی نه‌بووه، نابووتی وه‌ها بڕوای به‌هیچ نه‌بووه.. ئه‌وه قسه‌ی خانمه‌كه‌یه، ئه‌وه دواقسهیهتی له‌باره‌ی منه‌وه..
من خۆم كوشت ئازیزانم ، من خۆم قوتاركرد لهدنیایهك كهدواجاردا پێمیان گووت: ئه‌م دنیایه بۆ خه‌یاڵی وه‌ك تۆ نه‌خوڵقاوه، شته‌كان بۆ تۆ دروست نه‌بووه، بۆ ئه‌وانه‌یه پاره لهخهیاڵبهندیاندا فهڕشێكه پێی ده‌فڕن بۆ دوورترین ده‌ریا و چهپهكترین دوورگه و نازدارترین ئوتێل..له‌سه‌ر فه‌ڕشی پاره و به‌ره‌و خه‌ون و خه‌یاڵی ڕیاڵ له‌شه‌قه‌ی باڵبده و واز له‌خه‌یاڵی ڕۆماننوسی بهێنه و بگه‌ڕێوه نێو بازاڕه‌كانی قوڕه‌یش.. تۆلهكوێیی ئه‌م دنیایددایت ئه‌ی خه‌یاڵی، ئه‌ی بهدخهیاڵ!..تۆ چیتر له‌ته‌نیشت هیچ مێینهیهكهوه جێگه‌ت نابێته‌وه، چونكه تۆ ته‌نها وشه‌یه‌كی تێپه‌ڕی نێو كتێبه‌كی ئاڵۆزیت، سپێرمێكی ڕژاوی هیلاكی ئه‌م دنیا تێپهڕهیت..
مێینه تهیرێکه له‌سه‌ربه‌ستیدا ناژی، له‌ئازادیدا باڵه‌فڕه ناکات، له‌ئاسمانه بێبهرینهکاندا له‌شه‌قه‌ی باڵنادات. ئه‌وه وه‌همی تۆ و هاوڕێ خهیاڵییهکانته، ئه‌وانه‌ی به‌دیار تابلۆ و جاز و فیگوری ڕۆمان و قه‌سیده‌کانیان بێدارن، وه‌ها ده‌زانن کهمێینه پێویستی به‌ئازادیه! ئێوه به‌دترین خه‌یاڵیی سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ن، ئه‌و ڕاستیه ساده‌یه نازانن، مێینه تهیرێکه ته‌نها قه‌فه‌زی ئاڵتون، ڕازاوه به‌گه‌وهه‌ری سوڵتانه‌کانی ڕۆژگاری پێویسته..مێینه پێویستی به‌شیعر نییه، به‌تابلۆ نییه، به‌موزیک نییه..ئه‌وه وه‌همی تۆیه ئه‌ی خه‌یاڵی..مێینه پێویسته خانمی سه‌ر جێگا ئاوریشمینهکان بن، مێینه ده‌بێت باڵنده‌یه‌ک بن له‌نێو گرانبه‌هاترین قه‌فه‌زی کۆشکه‌کاندا.، مێهنه بۆ شت خوڵقاوه، شت ئه‌ی خه‌یاڵی ..
تۆ چیتر ئازیزم له‌م دنیایه نه‌ماویت، تۆ چیتر باوكێك نیت، هه‌بوو، دیار و ڕه‌نگ بۆز وه‌ك ڕه‌نگی ئه‌م ژیانه. تۆڕهنگی خۆت له‌ڕه‌نگی خۆكوشتن قه‌رزكردووه، به‌ڵام نازانیت ئه‌م دنیایه قه‌حبه‌یه‌كی به‌رژه‌وه‌ندیه، ئاسمانێكه چاوی خۆی بۆ هه‌موو گه‌وادێكی ناشرین كلدهكات. تۆ له‌ڕه‌نگی سووری دنیا تێنه‌گه‌یشتووی، ئه‌وه ڕه‌نگی شۆڕش و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه نییه، ئه‌وه ڕه‌نگی كه‌نیزه‌كانه له‌بازاڕه‌كانی ههڕهجی قوڕه‌یش ده‌فرۆشرێن.
ئه‌مه دنیای ڕیاڵه ئه‌ی خه‌یاڵی، ئه‌ی شاعیر، ئه‌مه دنیای مۆدێرن و پێش مۆدێرنه و تۆش له‌وبه‌ره‌وه بیر لهوهنهوشهیی دنیا بكه‌ره‌وه و منیش چاوی خۆم بۆئه‌وانه كلدهكهم فه‌ڕشی پاره بۆدوورگهكان، نه‌ك ئهرخبیله گولاكانی تۆ و ڕۆمانه‌كانت ڕاده‌خه‌ن. مێینه چیتر چیدی باوه‌ڕ به‌وشه‌یه‌ك ناكه‌ن كه‌نه‌توانێت بیانبات بۆ دوورگه‌كانی به‌خته‌وه‌ری، باڕهكانی خۆشی و گه‌رماوه‌كانی خوێی دوورگهدوورهکان. تۆ لهقوڕێكیت، كه‌له‌سه‌ر ڕووبه‌ری هیچ ژنێك نابیت بهگۆزهیهكی به‌خته‌وه‌ری. له‌سه‌ر جه‌سته‌ی هچیان ناگه‌یت به‌چێژه‌كانی باخچه‌كانی عه‌ده‌ن، نابیت بهشاعیرێك دوای تێربوون له‌جه‌سته، له‌مانگ، سه‌یری ئه‌ستێره‌كانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر بكه‌یت. تۆ چیتر له‌جه‌سته‌ی منه‌وه نابیت به(لۆركا) پێشئه‌وه‌ی خۆت گووته‌نی گولله‌ی گه‌رم دڵی بپێكێ، مانگی قه‌ره‌ج، جه‌سته‌ی ئه‌سمه‌ری قه‌ره‌ج و سه‌مای قه‌ره‌جی نێو سهدیمه دووره‌كانی له‌نیوه‌شه‌ودا بینیووه. تۆ له‌سه‌ر ڕووبه‌ری جه‌سته‌ی من نابیت بهلۆركا، تۆ له‌گه‌ڵ مندا ده‌بیت بهقسهكهرێكی هار و ته‌نها، تاكه شانست لای من خۆكوشتنه له‌نێو شكستی خۆتدا…
تۆ چیتر نه‌بوویت ئه‌ی خه‌یاڵی، به‌كه‌ڵكی نێرایه‌تی وئه‌شق نایه‌یه‌ت، نێرینه شتێكی تره ئه‌ی خه‌یاڵی، تۆ له‌سه‌ر ئهرخهبیلهكانی خۆت، له‌نێو په‌پوله‌كانی خۆتدا ونبوویت.. تۆ بڕۆ بۆ ئه‌وێ.
٭٭٭
چیتر دنیا بۆمن نه‌بووه..خانمه‌كه ڕاستده‌كات هاوڕێیانم، من ده‌بێت دوای دوا مایل و دواتهلفۆن له‌گه‌ڵ كوڕه گه‌وره‌كه‌م، خۆم بكوژم. چونكه كه‌س نایه‌وێت له‌سه‌ر ئهرخبیلهكانی من ژیان به‌سه‌ر به‌رێت، له‌گه‌ڵ منی خه‌یاڵیدا قسه‌بكات و له‌گه‌ڵ شیعردا بگری و باوه‌ش بكات بهجازیسته پهڕهوازهكانی سه‌ر شه‌قامه‌كان.. ماڵئاوا خانمه میهرهبانهكانی شه‌وانی سه‌رخۆشیم ، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كهئهشقم بوون و منیش ته‌نها له‌سه‌ر جێگه ناسیمن.
ماڵئاوا مناڵانم ئه‌وانه‌ی ئێستا لێره‌ن و ئه‌وانه‌شی لهكیشوهرهكانی دیكه‌دا جێمهێشتن.. ماڵئاوا بمبورن من دنیای فانیم به‌خه‌یاڵ گۆڕیه‌وه، بمبورن كه‌دواجار له‌گه‌ڵ گریانی خۆتاندا بۆمن، ده‌ڵێن باوكمان له‌نێو باخچه‌كانی ئه‌ده‌بدا بۆ ئێمه گه‌ڕاو و ئێستاش به‌وێدا تێپه‌ڕبوو، پێش خۆكوشتنی بۆنی گوڵێكی خه‌یاڵی كرد‌و له‌دوا وشه‌دا نوسیویه‌تی؛ ئه‌وه بۆنی كۆرپهكانمه.. بمبورن بۆنی هه‌موو كه‌سێكه، هه‌موو شتێكه ، ته‌نها خانمه‌كه نه‌بێت.
٭٭٭
خانمه‌كان دوای خۆكوشتنی من، دوای به‌خۆڵه‌مێشبوونی من له‌سه‌ر پێخهفهكانی ئه‌شق و له‌نێو گوڵهشهوبۆكانی خه‌یاڵم، ده‌ڵێت: ئه‌و شه‌وێكیان جێگه‌ی منی به‌جێگه‌ی مێینه‌یه‌كی تر گۆڕیه‌وه، به‌ره‌به‌یان كهدههاتهوه جێگه‌ی من ده‌یگووت من ئیمشه‌و له‌گه‌ڵ ڕه‌نگی شین‌دا خه‌وتووم. ڕه‌نگێك كه‌ڕه‌نگی من نییه. ڕه‌نگی ئه‌و له‌شه‌وانی تهرهییدا وه‌ك باڵنده‌یه‌كی شینی نیوه‌شه‌و وه‌هابوو، وه‌ك ئه‌و باڕه تاریك و تهنهانهی میترۆپۆلێكی هیلاك، ئاوس به‌سێكسی هه‌رزانی مێینه ته‌نهاكانی نیوه‌شه‌و، كه‌زۆر زوو خۆیان ده‌هاویشته باوه‌شیه‌وه…یاخود ئه‌و هۆمۆسێكسوالانهی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بۆ فانیبوونی شاره‌كان له‌سۆز ده‌گریان و له‌جیاتی چوون بۆ ئاوده‌ست له‌په‌نجه‌ره‌كانه‌وه خۆیان هه‌ڵده‌دایه باخچه بچوكه‌كانی نیوه‌شه‌و. ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌دا ده‌خه‌وت، وه‌ك خۆی بۆهیمی و سه‌ركێش و به‌ئاڵۆش بوون…
ئه‌و شه‌وانه به‌و قژه بژ و ناڕێكیه‌وه، به‌و هه‌موو ئیرۆنیهتییهوه ده‌یتوانی بچێته باوه‌شی قه‌شه‌نگترین مێینه. بڕۆ بۆ باوه‌شی ئه‌وان، ئه‌وانه‌ی وه‌ك تۆ بێگانه‌ن به‌دنیا. بڕۆ بۆ باڕی ئه‌وان، كهپڕێتی لهشێتاری دیۆنیزۆسی..به‌ڵام من ده‌مه‌وێت خه‌یاڵ بگۆڕمه‌وه به‌ئه‌ڵماس، شیعر به‌خه‌وتن له‌ئوتێلی لوكسوس، ئه‌ده‌ب به ملوانكه‌یه‌ك لهزیوی ڕۆژه‌كانی ماتریاڵ.. تۆ بڕۆ بۆلای كاباریست و كۆمیدیانت و لێبووكه عه‌به‌سی و بۆهمیمیهكانی وه‌ك خۆت. تۆ بڕۆ بۆ نێو خۆت بۆ مه‌نفاكانی زمان و ڕۆمانه‌كانی كافكا وه شه‌ڕ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی موزیكی شته‌كان بكه. تۆ بڕۆ بۆ گوێگرتنی جاز، بۆ كلاسیك، بۆ موزیكی سوننه‌تی، بۆ پاسیۆنی باخ و بێرنارد وشهڕهكانی ئه‌قڵانیه‌ت. تۆ بڕۆ بۆلای ئه‌وان به‌ڵام به‌خه‌ونی مندا تێپه‌ڕ مه‌به كهپڕێتی له‌كۆشك و فه‌ڕشی سوور و ئۆرستوكرات، پڕێتی لهپاڵكهوتن له‌سه‌ر تێریی ماتریاڵ…
٭٭٭
من ئاوه‌ها خۆم كوشت ئازیزانم، دوای تێپه‌ڕبوونی هه‌موو ده‌نگه‌كان به‌نێومدا، ئاوه‌ها منی شکستهخوارد، خه‌یاڵی، شه‌ڕكه‌ر له‌گه‌ڵ دنیا خۆم كوشت، له‌گه‌ڵ مانگی قه‌ره‌ج دوای ئه‌وه‌ی لاشه‌ی لۆركا له‌سه‌ر ته‌ڕایی نیوه‌شه‌و سارد ده‌بێته‌وه.
من ئاوه‌ها خۆم كوشت، دوای ئه‌وه‌ی دیكتاتۆره‌كان و خانمه‌كه‌م خه‌ویان لێده‌كه‌وێت، دوای ئه‌وه‌ی دوا مایل ده‌نێرم، دوا وشه له‌قه‌سیده‌یه‌كی غه‌مبار، دوا وشه له‌گوتارێكی شه‌ڕانی ده‌نوسم. دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك ڕه‌نگی خۆی ونده‌كات من خۆم ده‌كوژم. له‌قاتی پێنجه‌می ژووری نوسینمهوه خۆم هه‌ڵده‌ده‌مه خوارێ، تاكه ئه‌غز پێش دواترپهم جه‌سته‌م به‌ر ئه‌سفه‌لتی شه‌قامه‌كه بكه‌وێت و ببم بهپهڵهیهك خوێن و ئێسكه‌كانم وورد بێت، ئهغزی غه‌مباری پیره‌دایكم دێت كه‌ده‌مرێت و نازانێت من خۆم كوشتووه و به‌چاوی كوێر و گوێچكه‌ی گرانتر لهدنیاوه چاوه‌ڕێمه...
ئهغزی كوڕه بچكۆله‌م لێدێت كه‌نه‌یتوانی له‌گه‌ڵمدا گه‌وره بێت وخه‌یاڵی باوكی بناسێت.. ئهغزی كوڕه گه‌وره‌كه‌م دوای چه‌نده‌ها ساڵ له‌وانه‌یه له دێڕی ڕۆمانوسهكی تردا لاشه‌ی من بدۆزێته‌وه، ئهغزی هه‌مووان.. هه‌موو ئه‌و مێینانه‌ی، به‌درێژایی كیشوه‌ر و زمانه‌كان پێكه‌وه خه‌وتووین و ئێستاش له‌وبه‌ر كه‌ناره‌وه، پێش ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م تێكبشكێت به‌ده‌سته‌سڕی سپیه‌وه ماڵ‌ئاوایم لێده‌كه‌ن.
ئهغزم لێدێت كه‌كاتی دوا ده‌ستهه‌ڵبڕین نه‌ماوه، تازه من خۆم كوشت ئازیزان، من بووم بهپهڵهیهك خوێن به‌سه‌ر ژیانه‌وه، تازه من له‌نێو به‌تاڵایی دنیادا پێمهلهمه، له‌نێو بهرهبایندا به‌ر ئه‌سفه‌لتی جاده‌كه كه‌وتم و خۆشبه‌ختم بهلهدایكبوونهوهم له‌نێو خه‌یاڵی قه‌سیده، خۆشبه‌ختم وه‌ك ته‌نهاترین و زبرترین پیاو به‌باخچه‌كانی عه‌ده‌ندا تێپه‌ڕی بێت، خۆشبه‌ختم به‌دۆزینه‌وه‌ی خۆم له‌نێو ڕه‌نگه نه‌بینراوه‌كانی خۆكوشتندا…
نورنبێرگ \ جولای ٢٠٠٩