دەروێشەکانی دێر زەمان - لە ئەرشیفی کۆنەوە - کوردوپیدیا

زیکر لە خۆڵەمێشی دیموکراسییەتدا، سیاسەتی خەڵک وەک ئەڵتەرناتیڤ


Loading

شەهلا نەجمەدین

زیکر لە خۆڵەمێشی دیموکراسییەتدا، سیاسەتی خەڵک وەک ئەڵتەرناتیڤ

شەهلا نەجمەدین

 

 

 

 تەریقەت لە دیوەخانی حزبدا

بۆ تێگەیشتن لە ماناکانی حزب، ڕەنگە بەر لە هەر شتێک پێویستمان بە گەڕانەوەیەکی ژینالۆژی بێت بۆ دەستنیشانکردنی فۆڕمەکانی بەڕێوەبردن لە کۆمەڵگەی کوردیدا. بۆ ئەوەی بتوانین ئەم کارەش بکەین، پێویستمان بە تێڕامان و ڕوانینێکی گشتی تر هەیە بۆ کۆی دیاردەی حزبایەتی لە ئاستی جیهانیدا، تا بتوانین لە ئاستە لۆکاڵ و ناوچەیەییەکەدا کراوەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەین و بۆ ڕیشەکانی دروستبوونی مۆدێلی سیاسەتکردن و پراکسیسی سیاسی بگەڕێین و ئەنتاگۆنیزم و چوونییەکی ناو ستراکتۆر و پێکهاتەکانی دیاگنۆس و شیکار بکەین.

ئەگەر سەدەی نۆزدە وەک بنەما لەبەرچاو بگرین تا کۆتایی کۆمۆنەی پاریس لە ١٨٧١دا، ئایدیای سیاسەت بریتی بوو لە ڕاپەڕین و هەستانەوە، لە کاتێکدا ئایدیای سیاسەت لە سەدەی بیستدا لەسەر خواستی حزبی و داواکردنی حزبایەتی چڕ بووبۆوە. بە مانایەک، سیاسەت لە سەدەی بیستدا دژ بە لێدان لە فۆڕمی کۆمۆنەیی و سیاسەتی نا حکومی پەرەی بە خۆیدا؛ بە هەردوو شێوازە تاک حزبی و فرەحزبییە-پەرلەمانییەکەیەوە. لێرەشەوە ئەوەی هەژموونی خۆی سەپاند پرسە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی کۆمەڵگە نەبوو، بەڵکو ئایدۆلۆژیای حزبی بوو کە دەبووە ئەجێندای کار و جێبەجێ دەکرا. لەم نێوانەدا (لینین) دیاترین فیگەرە داڕشتنەوەی ناوەرۆکێکی نوێ بۆ حزب دەکات تا لەگەڵ خەبات دژ بە ئیمپریالیزمدا بگونجێت و ستالین ئایدۆلۆژیای حزبی سۆڤییەتی دادەڕێژێت و مۆسۆلۆنی حزبی فاشیستی و هیتلەریش پرۆگرامی حزبی نازی. هەموو ئەمانەش پێکڕا ئەو وەرچارخانە سیاسییە مانیفێست دەکەن کە سەدەی بیست بە گژ سیاسەتی سەدەی نۆزدەدا دەکاتەوە. بەڵام کارەساتەکانی فاشیزم و کۆمۆنیزم و نازیزم، زەرورەتێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی دەخوڵقێنێت تێیدا گەڕانەوە بۆ فۆڕمێکی جیاواز لە سیاسەت سەرهەڵدەدات کە خواستی خەڵک بۆ ژیانێکی شایستە نەکاتە قوربانی ئایدۆلۆژیای حزبی، کە ئەویش سیاسەتی خەڵکە[1].

 

 

كۆمۆنه‌كانی پاریس دوای گوله‌بارانكردنیان له‌ تابوتدا ١٨٧١
Erschossene Kommunarden vom 28. Mai 1871 in Särgen

 

 

ئەمە چاو پێداخشانێکی سادەبوو بە مۆدێلی حزبایەتی لە ئاستە جیهانییەکەیدا لە سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمدا. هەرچی پەیوەندی بە ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، دامەزراندنی حزبی سیاسی هەلومەرجێکی جیاوازی هەیە و ئاکامێکی جیاوازیش دەخاتەوە، چونکە حزب لە ڕۆژهەڵات وەک دەرئەنجام لە پێکدادانی خۆرهەڵاتەوە بە خۆرئاوادا بە نێوانگیریی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروستدەبێت، کە هەڵگری سیاسەتێکی (پان – ئیسلامیستی) بوو دژ بە گوتار و هێزی کۆلۆنیالیستی ڕۆژئاوایی. لەم نێوانەشدا میرنشینە کوردییەکان لەژێر کاریگەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدان، وەکچۆن عوسمانییەکانیش سەرباری دژایەتییان بۆ خۆرئاوا دەکەونە ژێر کاریگەریشیانەوە. ئەم پەڕینەوەیەی مۆدێلی حزبایەتی بۆ ڕۆژهەڵات دواتر لەناو بونیاد و ستراکتۆرە کۆمەڵایەتییەکەیدا خەسڵەتە خۆرئاواییەکانی لێدادەماڵرێت، کە خۆیان لە ڕێکخراوێتی خەڵک و بەدیهاتنی کۆمەڵگای مەدەنیدا دەبیننەوە و کاتێکیش دێتە ناو میرنشینە کوردییەکانەوە شوناس و مۆرکی قەبیلەیی پێدەبەخشرێت. ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک، حزبی سیاسی لە جیاتی ئەوەی ببێتە ڕێکخراوێکی خاوەن پڕۆژە و ستراتیژی سیاسی و کۆمەڵایەتی، وەک ماشینێکی تۆخکردنەوەی پەیوەندییە خێڵەکییەکان درێژە بەخۆی بدات. ئاشکراشە کە خواستی خێڵەکی هەمیشە لە قەڵەمڕەوی خۆیی و پاراستنی ڕەمزییەتی خۆیدا ئیشدەکات و ئامادەشە لەم پێناوەدا هەموو شتێک بکاتە قوربانی؛ بە خودی خاک و خەڵکیشەوە. هەربۆیە کاتێک لەم قۆناغەدا بە هۆی ململانێی ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی و عوسمانییەوە، میرنشینە کوردییەکان لاواز دەبن و فەراغی سیاسی دروست دەبێت، سەرۆک عەشیرەت و شێخەکان دەبنە بکەری سیاسی و جێگای میرەکان دەگرنەوە. مێژووی ئەم بەشداریی و داخڵبوونە ڕیشەیەکی دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دوای سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی، بەڵام وەک شکڵگرتن و ڕێکخراوبوونی لە فۆڕمی کیانی سیاسییدا، مێژووەکەی دەگڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم.

 

تەریقەتی قادری کە دامەزرێنەرەکەی شێخ عبدالقادری گەیلانییە، لە سەدەی نۆزدەوە گەیشتۆتە ناو سنووری دەسەڵاتی میرنشینی بابان و شێخ مارفی نۆدێیی ڕێبەر و مورشیدی بووە. تەریقەتی نەقشبەندیش مێژووی سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردەیەمی زایینی و لەسەر دەستی شێخ محمەدی بوخارایی پەرەی سەندووە و مەولانا خالیدی نەقشبەندی (١٧٧٩-١٨٢٦)، کە سەر بە تیرەی میکاییلی جافە، دوای گەڕانەوەی لە هندستان ئەم ڕێبازەی نوێکردۆتەوە و لەناو خەڵکی کوردستاندا بڵاویکردووەتەوە. هەرچی تەریقەتی قادرییە شوێنکەوتەکانیان دەروێشە و ناوەندی ئیرشادیان تەکییەیە، بەڵام شوێنکەوتوانی تەریقەتی نەقشبەندی پێیان دەوترێت سۆفی و ناوەندی ئیرشادیان خانەقایە.

لەو دەمەدا  دوو بنەماڵەی شێخەکان باڵادەستبوون کە هەردووکیان سەر بە تەریقەتی قادری بوون؛ ئەوانیش  بەرزنجەییەکان لە بەرزنجە و ساداتی نەهری بوون لە هەکاری. بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی تەریقەتی نەقشبەندی لەسەر دەستی مەولانا خالید، لایەنگرانێکی زۆر بۆ نەقشبەندییەکان زیاد دەبێت و ئەمەش وا دەکات ناکۆکییەکی گەورە لە نێوان شێخ مارفی نۆدێیی ڕێبەری تەریقەتی قادرییەکان و مەولانا خالیدی ڕێبەری نەقشبەندییەکاندا ڕووبدات. چونکە قادرییەکان پەرەسەندنی نەقشبەندیەکان وەک هەڕەشەیەکی گەورە دەبینن بۆ سەر دەسەڵات و هەژموونی خۆیان. لێرەوە ڕوونە کە فەراغی سیاسی دەسەڵاتی میرە کوردییەکان زەمینە بۆ دەرکەوتنی تەریقەتەکان دەرەخسێنێت، تەریقەت و سۆفیزم لە دیاردەیەکی فەردی و زوهدییەوە دەپەڕێتەوە بۆ کایەی سیاسی و دیوەخانی ماڵەمیران.

هەڵبەت لەمەدا ئایدۆلۆژیای دینی بە ڕادەیەک ڕۆڵ دەگێڕێت لەناو بونیادی سایکۆلۆژیی و کۆمەڵایەتی ئینسانی کورددا، دۆخەکە وەک دۆخێکی دیتێرمینیستی دەردەکەوێت و لە مێژووی کوردیشدا وەک شانازییەکی نەتەوەیی باسدەکرێت. لە کاتێکدا ئەوە شکستی سیاسەت و کورتهێنان و نەبوونی پڕۆژەیەکی سیاسی جدییە لە لایەن میرنشینەکانەوە، کە ڕێگا بۆ داخڵبوونی تەریقەتەکان دەکاتەوە. نەک وەک ئەوەی هەندێک لە ڕۆشنبیران لەمڕۆشدا هەمان دیاردە و دەرکەوتنەوەی تەریقەتەکان و پێشوازی لێکردنیان لە لایەن حزبی کوردییەوە بە شتێکی ئاسایی و مێژوویی دەبینن. هەموو ئەمانە تا ئێرە بۆ ڕونکردنەوەی خاڵێک گوتران کە پەیوەستە بە دۆخی حزب لە ئێستادا و دەرکەوتنی دیاردەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانییەوە لەم بۆشاییە سیاسییەی کە کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، کە تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی هەمان ئەو فەراغە سیاسییەیە کە لە لاوازبوونی میرنیشەنەکاندا دەرفەتی بە داخڵبوونی تەریقەتەکان دەدا بۆناو کایەی سیاسی و پانتایی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا[2].

 

بەیعەت دان بە شێخ نەهرۆی کەسنەزانی – تەکیەی قادری سلێمانی -ئاوگوستی ٢٠٢٠

سیاسەت لە مەیزەکانی حزبدا

لە دوای ڕاپەڕینەوە، شکستی حزبە کوردییەکان؛ هەر لە شەڕی ناوخۆ و سی و یەکی ئاب و ڕادەستکردنەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانەوە، تا دەگات بە گەمەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و حەڤدەی شوبات و شانزەی ئۆکتۆبەر و شکستی ڕیفراندۆم و کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و دواجاریش قەیرانەکانی دیکەی وەک کێشەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و قەیرانی دارایی و بڕینی موچەی فەرمانبەران و …هتد. دەتوانین دۆخی سیاسەتکردن و حکومڕانی لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا وەک گەمەی مەیز و ڕێکردن بەناو پێچەڵپێچدا وێنا بکەین. ئەوەی لە گەمەی مەیزدا ڕوودەدات، ونکردنی ئاڕاستە و گەیشتنە بە خاڵی کۆتایی و نەدۆزینەوەی دەریچەی ڕزگارییە لە سەرگێژبوون و خولخواردن. کەسی براوە؛ کەسێکە کە دەتوانێت لەناو ئەم پێچە ڕێونکەرانەوە ڕێگای دروست بدۆزێتەوە. بەڵام ئەوەی بەسەر سیاسەتدا هاتووە وەک  ئامڕازی حکومڕانی لە دونیای ئێمەدا، ئەوەیە کە خودی حزبە کوردییەکان خۆیان بوون بە مەیز و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەم وڵاتەیان بە بنبەست گەیاندووە. بە دەربڕینێکی تر؛ حزبە کوردییەکان مەیزێکن کە سەرانی حکومڕان لەوە کەوتوون تێیدا بکەری گەمەکە بن و بە هەموو مانایەک شەرعیەت و متمانەی ئەوەیان لە دەست داوە، کە بتوانن کەناڵی گەیشتن بە دەرەوەی ئەم هەزارلۆغانەیە بدۆزنەوە. ئەمەش دۆخێکی دروستکردووە کە تاکەکانی ئەم وڵاتە نەک هەر لە سیاسەتی حزبەکان بێزار ببن، بەڵکو بە هەموو مانایەک لە خودی سیاسەتیش نائومێد ببن و ئیمکانی بەرەنگاریی و ئەکتی ڕادیکاڵانە لەناویاندا تا ڕادەی نەمان و پوکانەوە بڕوات. گەر لە نیگای ئاگامبێنەوە لە چەمکی “خەڵک” بڕوانین، دەتوانین بە وردی لەم سیاسەتی لە خەڵکخستنە تێبگەین. “خەڵک” لای ئاگامبێن ئەو چەمکەیە کە هەمیشە هەبووە و هەردەشبێت و بەردەوامیش لە خۆبەدیهێناندایە. خەڵک سەرچاوەی ڕووتی هەموو شوناسێکە و پۆتانشیەڵێکە لەگەڵ بەدیهاتنیدا پێویستە بە دژەکەی خۆی نەفی بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەدیهاتنی بەردەوامدا بێت[3].

گەر لەم گۆشە نیگایەوە “خەڵک”ی کورد شرۆڤە بکەین، هیچ کاتێک خەڵکی ئێمە نەیتوانیوە لەم مانا فیکریی و سیاسییەدا وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی جەستەی سیاسی خۆی ئەزموون بکات. هۆکاری ئەمەش بەرئەنجامی هەژاریی کولتوریی و ئەو فەزا سیاسییە خنکێنەرەیە کە دەسەڵاتی کوردی بەرهەمیهێناوە. ئەوەی لە مێژووی خەباتی بەناو ڕزگاریخوازی گەلی کوردەوە بەدەستهاتووە، بەسەرێک بارگاوی بوونی خودی هێزە کوردییەکان بووە بە ئەدگار و خەسڵەتی هێزە فاشی و ستەمکارەکان، بەسەرێکی دیکەش دابەشکردنی خەڵکبووە بەسەر شوناسی بچوک بچوکی حزبی و کوشتنی ئیمکانەکانی بەرەنگاری بووە لەناو جەستەی خەڵکدا وەک هەبوویەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی. خەڵکی کورد هەرگیز وەک هاوڵاتی و هاونیشتیمانی وڵاتێک جێگای ڕێز نەبووە، بەڵکو وەک ئەندامی پارتی و یەکێتی و مرۆڤی ئیماندار و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن خوێندراوەتەوە. قەتیسکردنی خەڵک بەم شوناسانەوە وایکردووە هێزی خەڵک وەک جەستەیەکی ئاگایی گشتی و ڕادیکاڵ هەمیشە لە دونیای ئێمەدا ونبێت. ئەم پیوار و نادیارییەش بووە بە پێش زەمینەیەکی لەبار بۆ دەسەڵاتی کوردی وەک نوێنەری خەڵک درێژە بە فەساد و گەندەڵییەکانی خۆی بدات و تەنیا کار بۆ ئەوانە بکات کە ئاڵاهەڵگر و ستایشکارانی خۆیانن.

لە ئێستاشدا بەهۆی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمەوە، کەلێنێکی گەورە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروستبووە و تا دێت هەلومەرجی ژیانکردن بەرەو خراپتربوون دەڕوات. حزبەکان چیتر ئەو سەنگەی پێشووتریان نەماوە لە ئاستی سیاسیدا و لە ئاستی ڕەمزی و کەسێتی کاریزمییشەوە سەرکردە کاریزمییەکانیان لەدەستداوە، بۆیە زۆر بێباکانە زیکر لەناو خۆڵەمێشی دیموکراسییەتە ساختەکەیاندا دەکەن و هانا بۆ هەر کەس و تیرە و عەشیرەتێکی کۆمەڵایەتی و دینی خاوەن جەماوەر دەبەن تا بیکەنە ئامڕاز و خۆیانی پێ ڕزگار بکەن. هەرچی خەڵکیشە لەناو گێژاوێکی دەروونی-کۆمەڵایەتیدا دەژین و ئەزموونی میسیانیزم و مەهدیگەرایی دەکەن و بەردەوام لە چاوەڕوانی فریادڕەسێکدان بێت و لەم دۆخە ناهەموارە ڕزگاریان بکات، بێئاگا لەوەی خودی خۆیانن کە دەتوانن ببنە فریادڕەس و سیاسەتێکی ڕزگاریدەر سەرپێبخەن.

 

د، بەرهەم ساڵح، سەرۆکی ئێراق لەسەر لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی شێخ نەهرۆی شێخ محەمەد کەسنەزانی دەکات – دێسمبەری ٢٠٢٠

 بەم دواییانە بینیمان چۆن حزبێکی وەک یەکێتی کە خۆی بە سۆشیال دیموکرات دەزانێت و هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە لافی مودێرن بوون و سێکیولاریزم و دژە بنەماڵەیی لێدەدات، چۆن ئیدیعای چەندین ساڵەی خۆی پشتگوێ دەخات و هانا بۆ تەکیەی تەریقەت و شێخ نەهرۆ دەبات وەک واریسی تەریقەتی قادریی و بنەماڵەی کەسنەزانییەکان. هەڵبەت ئەمە لە دوای ئەوەوە دێت کە شێخ نەهرۆ لە سەروەختی کۆچی دوایی باوکیدا، ژمارەیەکی بێشومار دەروێشی سەر بە تەریقەتەکەی ڕوویان تێکردوو و سنورە نێودەوڵەتییەکانیان بەزاند بۆ ئەوەی بەشداربن لە مەڕاسیمی ناشتنی ڕوفاتی جەنابی شێخدا. دوای نیشاندانی هێزی بنەماڵەیی و هەژموونی ئایینی خۆیان، شێخ نەهرۆ بەم دواییانە کۆشکێکی ١٥ پانزە ملیۆن دۆلاری لە شاری هەولێر کڕی و ویستی بارەگاکەی لە سلێمانییەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوێ. ئەم کۆچ و بارە بە دیوە سیاسییەکەیدا مانای بردنی هەموو شوێنکەوتووانی تەریقەتەکەی بوو بۆ ژێر دەسەڵاتی پارتی. بۆیە بەرپرسە دیارەکانی یەکێتی ترسیان لێنیشت و جێگری سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاریان ڕاسپارد، تا دانوستان لەگەڵ جەنابی شێخدا بکات و پێشنیاری ئەوە بکات شاری سلێمانی بەهۆی مەزاری باوکیانەوە بگۆڕن بۆ زیارەتگای شوێنکەوتوانی شێخی گەورە و هاو شێوەی نەجەف و کەربەلا، ببێتە شوێنی زیارەتکەرانی دینی و وەک سەرچاوەیەکی داهاتی ئابوریی و سەپۆرتێکی سیاسیش سودی لێ ببینرێت.

دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز بەوەوە ناوەستن کە لەناوجەرگەی سلێمانیدا کە گوایە پایتەختی ڕۆشنبیرییە، زەوییەکی چەند هەزار دۆنمییان بۆ تەکییەی شێخەکان تەرخان کردووە، ئێستا دەیانەوێت شوناسێکی دەروێشانە و دینیش بە شارەکە ببەخشن. هەڵبەت ئەم گەمەیەی دەسەڵات تەواو ڕوونە و گەر کەمێک دەرونشیکاریانە لەم یارییە بڕوانین هەر زوو نەخشەکانی پشتەوەی دەبینین. لەم کات و ساتەدا یەکێتی لەناوخۆیدا پارچە پارچە بووە و هێندەی باڵی هەیە نیو هێندەی ئەوە جەستەیەکی نییە بۆ پێوە لکاندنی ئەم باڵانە، جگەلەوەش هەموو باوکە کاریزمی و ڕەمزییەکانی لەدەست داوە و لە دۆخی بێباوکیدا دەژیی. بەوەشدا مۆدێلی حزبایەتی لەم ناوچانە هێشتا ئەو بونیادە کۆنانەی لەدەست نەداوە کە پێشتر ئاماژەم پێدان و لە سەدەی نۆزدەیەمدا باڵادەست بوون، هەمیشە خواستێکی بەردەوام بۆ ئامادەیی باوک چ وەک چەقی دەسەڵات و چ وەک دەسەڵاتی ڕەمزیش لە ئارادایە. بە دیوەکەی دیکەشدا ئینسانی ئێمە بەوەدا کە هەر لە بونیادی کۆمەڵایەتی و خێزانییەوە دەروونی ڕادەهێنرێت بە حزوری باوک چ لە ناو خێزان و چ لە قوتابخانە و چ لە ئاستی سیاسیدا، سایکۆلۆژیایەکی لەبار و ئامادەی هەیە بۆ قبوڵکردنی هەر جۆرە باوکێک، بەو مەرجەی ئەم باوکە بتوانێت دەستی شکۆ و نەوازش بەسەریاندا بهێنێت.

لە ئێستاشدا کە باردۆخی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی بە بنبەست گەیشتوون، یەکێتی دەیەوێت لە ڕێگای هیممەتی شێخی کەسنەزانەوە باوکێکی نوێ دروست بکات، ئەگەرچی لە ڕووی بیر و بۆچوونەوە باوکێکی زڕیشە، بەڵام بۆ ڕزگارکردنی خۆی لەم دۆخی نغرۆبوونەدا عەسای سیحری دەداتە دەستی شێخ و دەیخاتە پێش خۆیەوە، تا بتوانێت لە ڕێگایەوە پێگەی خۆیی و بەرژەوەندییە حزبییەکانی دەرباز بکات و لە خنکان ڕزگاریان بکات. ئەم بۆ شاییە سیاسییەی ئەم گەمەیەی تێدا ئەنجام دەدرێت، بە ڕوونی ئەوەی لێوە دەبینرێت کە چۆن لەسەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا شێخەکان دەبوونە ڕابەری نەتەوەیی، لەمڕۆشدا هەمان جەوهەرە خۆی دووبارە دەکاتەوە بەڵام لە کۆنتێکست و هەلومەرجێکی نوێدا.

 

ئەوەی پێویستە لەم چرکەساتەدا دژ بەم سیناریۆ کۆمیدییە برەوی پێبدرێت، ئەوەیە هەوڵ بۆ داهێنانی سیاسەتێکی نوێ بدرێت لە ناو ئەم فەراغە سیاسییەوە کە لە واقیعەکەدا دەگوزەرێت، سیاسەتێک کە تێیدا باوک و سەرکردە و ڕابەر و پێشەوا و فریادڕەسەکان ئەولەویەت نەبن و نەکرێنە مەرجەع، بەڵکو هەڵقوڵاوی خودی خەڵک خۆی بێت و لە خەڵکەوە بۆ خەڵک دەست پێبکات و هەر بە خەڵکیش کۆتایی پێبێت.

 

 

لە بەیعەتی حزبەوە بۆ سیاسەتی خەڵک

مەترسی ئەم گەڕانەوەیە بۆ باوەشی مەرجەعیەت و تەریقەت و عەشیرەتگەرایی، بە تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە پرۆژەی حکومڕانیکردن و سێکیولاریزم و حزبی سیاسی وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی فەشەل دەهێنێت، چونکە دەمێکە دەسەڵاتی کوردی ئەم شکست و تێکشکانەی ڕاگەیاندووە. خاڵی مەترسیداری ئەم کورتهێنانە سیاسییە لەوەدایە کە دەستکاری کۆی ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە ئینسانی و کولتورییەکانمان دەکات. ئەوەی کە حزبێکی وەک یەکێتی لەبەر بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی ئامادەیە ببێتە حزبێکی پۆپۆلیست و خۆی بکاتە مورید و بەیعەت لە تەریقەت وەربگرێت، ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە ئەم حزبە هیچ پڕۆژە و ئەجێندایەکی سیاسی و کولتوری و ڕۆشنبیری بۆ ئەم شار و وڵاتە پێ نییە و ئەوەیشی لە پێشتردا ئیدیعای دەکرد نەک هەر نەیتوانی لانی کەمی جێبەجێبکات، بەڵکو خۆی ڕێگرە لەبەردەم هەر هەوڵێکی جدیی تاکە کەسی و گروپیدا بۆ باشترکردنی ژیانی ئینسان لە دونیای ئێمەدا.

شەرعییەت وەرگرتن لە موقەدەس و مەرجەعیەتی دینییەوە، واتە ڕێگا خۆشکردن بۆ کردنەوەی تەکییە و مزگەوت و مەرقەد و سەکۆی بانگخوازی و پەخشکردنەوەی ئایدۆلۆژیای دینی، واتە دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر ڕووبەری حەرام و حەڵاڵی دینیدا و کورتکردنەوەی پەیوەندییە ئینسانییەکان بۆ ئەخلاقی و نا ئەخلاقی و کوشتنی هەمەڕەنگی و فرەپۆشی بۆ یەک ڕەنگی و حیجاب و مانتۆ، واتە کردنی ژن بە کەنیزەک و ڕێگەدان بە فرەژنی و زەوتکردنی دونیا و کوشتنی خەونی منداڵان و پڕکردنی دەروونیان بە ئەفسانەی دینی و ترس و خۆفی دۆزەخ و ڕەتکردنەوەی ژیان بە شێوەیەکی ماسۆشیانە. واتە کوشتنی وزە و ئینێرژی کچ و کوڕە گەنجەکانمان و حەرامکردنی شانۆ و هونەر و موزیک و سەما و داخستنی هۆڵی سینەماکان. بە کورتی ڕۆشتنە ژێرباری ئایدۆلۆژیای دینییەوە، واتە پڕکردنی کۆمەڵگە بە دوالیزمی دینی و کوشتنی ئازادی و پلورالیزم و فرەیی و پێکەوە ژیانی شارستانیانە. چونکە لە بەرامبەر هەر حوکم و دامەزراوەیەکی دینیدا، ڕووبەر و گوتاری دامەزراوە کولتوریی و ڕۆشنبیریی و هونەرییەکان بەرتەسک دەکرێتەوە.

 

ئەوەی پێویستە لە ئێستادا بکرێت، ئەوەیە کە دەنگی ناڕەزایی سنووری ڕەخنە تێپەڕێنێت و وەک فاکت و زەرورەتێکی کۆمەڵایەتی بە ڕووی سیاسەتی چەوتی حزب و دژ بە کەربەلاکردنی سلێمانی و هەر شارێکی دیکەی کوردستان و ناوچەکەدا، وەک هێزێکی کۆمەڵاتی خۆی مانیفێست بکات و سیاسەتی کەرنەڤاڵی و کولتوریی پەرە پێبدات. سیاسەتێک، داماڵراو بێت لە هەر شوناسێکی پێشوەختە پێدراو لە لایەن حزب و ئۆپۆزسیۆن و هێزە سیاسییەکانی دیکەی ناو کوردستانەوە. سیاسەتێکی بێ شوناس، کە بتوانێت لەناو بەرەنگاریی و نواندنی ئەکتی ڕادیکاڵدا خۆی فۆرمیولە بکات و ببێتە هێزی سیاسی، نەک ئەوەی بە پڕۆگرام و ئایدۆلۆژیای پێشوەختەوە کۆمەڵێک ڕەمز و ئایکۆن دروست بکات و دواتر کۆی پۆتێنشیەڵی خەڵک و هاوڵاتیان بکاتە خزمەتی ئەم ڕەمز و ئایکۆنانەوە.

دۆخی دونیای ئێمە دۆخێکە پێویستی بە مۆدێلێکی نوێی سیاسەتکردن و بەرەنگاری هەیە، نەک گەڕانەوە بۆ ناو باوەشی حزبی تەقلیدی و تەریقەت و دروستکردنی مەرجەعیەت و زیندووکردنەوەی نەریتی ڕیش سپی و سەرۆک خێڵ و گەڕانەوە بۆ دوو سەدە بەر لە ئێستا بە بیانووی پڕۆژەی گەشتیاریی دینیی و چارەسەرکردنی قەیرانەوە. واتە دەبێت جۆرێک لە ڕادیکاڵیزم و بەرەنگاریی پشوودرێژانە سەرپێ بخرێت کە فۆڕمی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەش تێپەڕێنێت، چونکە ناکرێت هەموو جارێک خەڵک بێنە سەرجادە و خوێنی خۆپیشاندەران بەهەدەر بڕوات و وەرچەرخانێکی بونیادی بەدوای خۆیدا نەهێنێت. ئەوەی دەتوانێت دونیای ئێمە ڕزگار بکات، گەڕانەوەیەکی نۆستالیژی نییە بۆ دەستگرتن بە مۆدێلکی خەباتەوە کە لە سەدەی نۆزدەدا میرنشین و شێخ و تەریقەتەکان لە خراپترین فۆڕمدا دروستیان کردووە. بەڵکو کرانەوەیە بەسەر تازەگەریی و فڕێدانی کاژی خێڵەکیانەدا، خۆ ئامادەکردنە بۆ ئەکت و بەرەنگاریی لە فۆڕمێکی نوێ و داهێنراودا، کە بە کۆنتێکست و هەلومەرجی بابەتیانەی ژیانی ئینسانی ئێمە بخوات. تا لە میانەیەوە بتوانین سەرلەنوێ کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکانمان و فەزای سیاسی و کولتوریمان هەموار بکەینەوە و مانایەکی دیکە بۆ سیاسەت و حکومڕانی و  بەرێوەبردنی وڵات بگەڕێنینەوە.

 

 

سەرچاوەکان 

 

[1]. Lazarus, Sylvain. “Lenin and the Party, 1902-1917.” Lenin Reloaded: Toward a Politics of Truth. Eds. Sebastian Budgen:

http://left.by/wp-content/uploads/2016/09/Sebastian_Budgen_Stathis_Kouvelakis_Slavoj_ZizeBookZZ.org_.pdf

 

[2]. د. جەعفەر عەلی ڕەسوڵ، (سۆفیزم و کاریگەریی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی گەلی کورددا ١٨٨٠

-١٩٢٥) مەڵبەندی کوردۆلۆجی/ سلێمانی ٢٠٠٨ لا: ٤٢- ٥١

[3]. Means without End, Notes on Politics, Agamben, Giorgio, Theory out of bounds-vol. 20, (p:29 2000) University of Minneapolis Press-US. https://monoskop.org/images/3/3c/Agamben_Giorgio_Means_without_end_notes_on_politics_2000.pdf

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌